لە ڕۆژی (١٤ – کانونی دووەمی – ٢٠٢٥) سەرۆک وەزیرای ئێراق (محمد شیاع سودانی)و سەرۆک وەزیرانی حکومەتی بەریتانی (کیسر ستارمەر) لە شاری لەندەن پایتەختی وڵاتی بەریتانیا، ڕێکەوتنێکی ستراتیژی، ئابووری، هاریکاری و گەشەپێدانی ژینگەی ئیمزاکرد کە بەهای ڕێکەوتنەکە (١٢،٣) ملیار پاوەندی بەریتانیە، کە بە نزیکەی دەاتە (١٥) ملیار دۆلار بە گەورەترین ڕێکەوتنی وەبەرهێنان دادەنرێت لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ناوەڕۆکی ڕێکەوتنەکە بریتییە لە وەی کە دووبارە کۆمپانیای (بریتش پترۆڵیۆم BP) لە بوارەکانی خزمەتگوزاری دەرهێنان و دۆزینەوەی نەوت، هەروەها هەناردەکردنی ڕۆڵێکی گەورە و کاریگەر دەبینێت لە ناوچەکانی بابەگوڕگوڕ، بای حەسەن، هاڤانا و ناوچەکە، لە بەرامبەردا بەریتانیا هاوبەشێکی گرنگی ئێراق دەبێت لە گەشەپێدان و هاوکاری کردنی ئێراق لەهەریەکە لە بوارکانی ئابووری، ئەمنی، ژینگەیی، کە ئەم سێکتەرانە لە خۆ دەگرێت:
پەرەپێدانی پڕۆژەکانی ئاو و ئاوەڕۆ، دابین کردنی ئاوی خاوێن و سیستەمی ئاودێری پێشکەوتوو بۆ کشتوکاڵ، سیستەمی کارەبایی پێشکەوتووی زیرەک و دابینکردنی تەکنەلۆجیای خێرای بواری ئینتەرنێت، لە بواری ئاسایشیش دا گرنگیدان بە پاراستنی سنورەکان و ڕوبەڕوبونەوەی مەترسیەکانی تیرۆر، بازرگانی کردن بە ماددەی هۆشبەر و بازرگانی کردن بەمرۆڤ هەروەها لێکتێگەشتنێکی تەواوەتی لە نێوانیان، لە بواری ناردنەوەی پەنابەرانی ئێراقی کەمافی مانوەی یاساییان نیە کە ژمارەیەکی گەورە پێکدەهێنن، هەروەها ڕێگری کردن لە کۆچکردنی گەنجانی ئێراق، هەروەها ڕەخساندنی هەلیکار لە ناوخۆ بۆ ڕێگری کردن لە و کۆچە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەدەی ڕابردوو لە دوای ساڵەکانی جەنگی جیهانی یەکەم ئێراق ئنتیدابی حکومەتی بەریتانی بووە بۆ ساڵانێکی زۆر هەرلەوکاتەشدا بووە کە حکومەتی بەریتانیا هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ گەڕان و دۆزینەوە و دەرهێنانی نەوت و وەبەرهێنانی لە کەرتی وزەدا و هەناردەکردنی بۆ بازاڕەکانی جیهان، دەبێت ئەوە بزانین کە بەریتانیا هەمیشە کارێکتەرێکی بەهێزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکەدابووە بە تایبەتیش لە ئێراقدا لە سەدەی ڕابردوودا، ئەوەی ئێستا جێی سەرنج و تێڕامانە حکومەتی بەریتانیا لە ڕێگەی ئەم ڕێکەوتنە ئابووری و ستراتیژیەوە شتێکیترمان پێدەڵێت کە دیوێکی تاریک و ناڕون و پشتی ڕوداوەکانە.
ئاشکرایە کە شەپۆلی ململانێ و گۆڕانکاریە ئیقلیمی و ناوچەیی و جیهانیەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە شێوەیەکی بەرچاو دەبینرێت، وڵاتی بەریتانیاش دەیەوێت دوبارە بە بەهێزی دەربکەوێت لەسەر شانۆی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی لە ئێراقدا، کە هەمیشە هەوڵدەدات بۆ گەڕانەوەی شکۆ و شانازی و لە ڕێگای ئەوەی ئەم وڵاتە خۆی بە باوکی سیاسەتی جیهانی دەزاندرێت و ڕۆڵی گەورە و کاریگەری هەیە لە ململانێ و داڕشتنەوەی سیاسەتی ناوچەکە، کە هەمیشە دەوترێت بەریتانیا ئەو ئیمپڕاتۆرەیە کە خۆری لێ ئاوانابێت، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ دوای ساڵانی (٢٠٠٣) لە ئێراقدا بەهۆی پڕۆسەی ئازادکردنی ئێراق و سەرکردایەتی کردنی لە لایەن ئەمەریکاوە ڕۆڵی بەریتانیا بەرەو پاشەکشەچووە، ئەوەی لە ئێستاشدا ڕوون و ئاشکرایە لە گۆڕانکاریەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە هەریەکە لە وڵاتەکانی سوریا کە بە کەوتنی ڕژێمی ئەسەد کۆتایی هات، لە لوبنان بەلاواز کردن و کوژرانی سەرکردەکانی حیزبوڵای (حەسەن نەسروڵا)و هاتنە ئارای بارودۆخ و گۆڕانکاری تازە کۆتای هات، هەروەها شکستی گەورەی بزوتنەوەی حەماس لە غەززە و لاوازکردنی حوسنیەکانی یەمەن دیوێکیتری گۆڕانکاریەکانە، هەروەها ئەو مەترسیە گەورەیەی لەسەر ئێراق هەیە کە داوا دەکرێت حەشدی شەعبی هەڵوەشێتەوە، بنکە و بارەگاکانیان لە ژێر مەترسیدایە.
ئێمە دەزانین کە ئێران ڕاستەوخۆ سەرکردایەتی بەرەی مقاوەمە و هیلالی شیعی دەکرد لە ناوچەکە و تا ڕادەیەک کۆنترۆڵی کردبوو لە ڕابردوودا، ئاشکرایە دەرئەنجامی ئەم گۆڕانکاریانە لە ئەنجامی سیاسەتی ئەمەریکا – ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانیانە لە ناوچەکەدا، ئەمەش وای لە بەریتانیا کرد کە دوبارە هەوڵی هاوبەشیکردن و ڕۆڵگێڕان بکات لە ڕێگای هاوپەیمانێتیکردن لەگەڵ ئێراقدا، بۆ دوبارە گەڕاندنەوەی نفوس و هەیمەنەی خۆی، ئێراق بە ناچاری بۆ ڕزگارکردنی خۆی ڕێکەوتنامەیەکی نا هاوسەنگ ئیمزا کرد، ڕاستە ئێراق دەوڵەتێکی لاواز و نەخۆشە، بەڵام لە ڕوانگەی واقعی دەولی و دانپێدانانی دەولی، ئێراق هێشتا دەوڵەتە مافی یاسایی و سیاسی هەیە، لەم ڕێگەیەوە بەریتانیا گەورەترین ئۆفەری وەبەرهێنانی دەستکەوت لە ئێراقدا، هەموومان ئەزانین گۆڕانکاریە خێرا و ئاڵۆزەکان کاریگەری گەورە و ڕاستەوخۆیان هەیە لەسەر ئێراق، ئەم ڕێکەوتنە ئەمەمان پێدەڵێت بەریتانیا دەیەوێت جارێکیتر ئێراق بپارێزێت و ڕۆڵی گەورە ببینێت لە مانەوە و بەهێزکردنەوە، کە ئەمە خۆی دەبینێتەوە لە سفر کردنەوەی کێشەکانی ئێراق و دەرهێنانی لە بەرەی مقاوەمەی ئێران و ڕزگارکردنی لەو ترسە گەورەیەی لە ئەگەری کێشەی نائاسایشی و ئەمنی لە داهاتووی ئێراقدا.
ئێراق زیرەکانە توانی بەرژەوەندی سیاسی و ئابووری زیاتر بۆ بەریتانیا دروست بکات هەروەها خۆ دورخستنەوە و کۆتایی هێنان بە ڕۆڵی گەورەی وڵاتانی ڕوسیا، سین، لە ڕووی بەرهەمهێنان و گەشەپێدانی بازرگانی بە تایبەتی لە بواری وزە، کە ئەمەش دەستکەوتێکیترە بۆ هەردوولا، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ساڵەکانی (١٩٢٠)لە ئێراقدا دوای بەستنی پەیمانی سیڤەر، بەریتانیا بۆ ڕازیکردنی تورکیا و ئێران و ئێراق بەهێزی ئاسمانی و زەمینی ڕووبەڕووی کورد بویەوە، هەروەها لە دوای ڕێکەوتنامەی لۆزانیش (١٩٢٣) بەریتانیا بەشێوەیەکی توند ڕووبەڕووی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بویەوە، ئەمە ئەوەمان بیردەخاتەوە کە بەریتانیا بە درێژایی مێژوو وە لە ئێستاشدا هەمیشە هۆکارێکی گەورە بووە بۆ دژایەتیکردن و لاوازکردنی ڕۆڵی کورد لە ناوچەکە و نەهێشتنی دروستبوونی کیانی کوردی و گەیشتن بە مافەکانی، لە پێناو پاراستنی هاوسەنگی و پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆی لەسەر حسابی کورد، بە ئەگەرێکی زۆرەوە گومان دەکرێت بەشێکی زۆری ئەم ڕێکەوتنە بۆ لاوازکردنی ڕۆڵ و پێگەی کورد – کوردستان بێت لە زۆربەی پارچەکانی کوردستاندا کە کورد هیوای ئەوەیە لە گۆڕانکاریەکاندا بەرەو ئەوە بڕوات کە کیان و دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست بکەن، لە ڕاستیدا ئەم ڕێکەوتنەی ئێراق بەریتانیا لەم کاتەدا جۆرێکە لە گەمەیەکی ترسناک دژی کورد هەروەکو پێشتر، سەرەڕای ئەوەی ڕێکەوتنەکە ناهاوسەنگی زۆری تێدایە.
پاڵنەرێکی سەرەکی بۆ دروستبوونی ڕێکەوتنەکە ڕوداوەکانی ناوچەکە و جیهان بووە، کە پاڵی بە حکومەتی ئێراقیەوە ناوە هەستێت بە ئەنجامدانی ئەو کارە، هەرچەندە بە پێی دەستوری فیدراڵی ئێراق ئەم ڕێکەوتنە پێویستی بەوەبوو کە حکومەتی بەغداد و هەرێم بە ڕاوێژ و لێکتێگەیشتن ئەو کارە بکەن بە تایبەتی کە ئەو ناوچانەی ڕێکەوتنەکەی لەسەر کراوە بە ناوچەی جێناکۆک لە دەستوری حکومەرتی ئێراق ناسراون، ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوون و بەرچاوە کە حکومەتی ئێراق تاکلایەنە بڕیاری داوە بەبێ ئەوەی هیچ خوێندنەوەیەک و پرس و ڕاوێژ و هەماهەنگیەک بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات، کە ئەمەش دوبارە پێشێلکردنی یاسا و دەستوری وڵاتە لە لایەن حکومەتی ئێراقەوە، بە تێگەیشتن لە ڕوداوەکانی ئەم هەفتەیە لە ناوخۆی وڵاتدا بە ئاسانی دەتوانین ئەوە بەدی بکەین کە حکومەت ئێراق – ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمان پاشگەزبوونەوە لە هەموارکردنی یاسای بودجەی ئێراق لە ماددەی (١١٢) ئەو بڕگەیەی کە وادەکات هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دوبارە دەست پێبکاتەوە کە پێشتر ڕێکەوتنی لەسەر کرابوو، ئەمەش یەکێکە لەو لێکەوتە نەرێنیانەی ئەو ڕێکەوتنە کە حکومەتی ئێراق کردوویەتی لەگەڵ حکومەتی بەریتایا، ئەوەی زیاتر مەترسی ئەم ڕێکەوتنەی زیاتر کردووە سود بینینە لە ناکۆکی ناوخۆییەی کە ڕێکەوتنەکەی ئاسان کردووە، چونکە ئێمە دەزانین ڕێکەوتنە لەسەر ناوچە ئاڵتونیەکانی نەوتە کە بە ناوچەی جێناکۆک ناسراوە، لە کۆتایدا ماوەتەوە بڵێین کە بە درێژایی مێژوو کورد دەبێتە قوربانی ململانێی هەرێمی و ناوچەیی و دەوڵەتان و بەرژەوەندیەکانیان کە قەت پەند لە مێژوو وەرناگرێت.
دەرکردنی بەیانامەی ناڕەزایی و هاتووهاوار هیچی لێ سەوز نابێت، بۆیە کاتی ئەوەیە کورد یەکگرتوو بێت لە ناوخۆی کوردستان و هەوڵی پەیوەندیەکی باش و بەهێز بدات لەگەڵ کوردی ناوچەکانی تردا، وتەیەکی جوان هەیە کە دەڵێت (خودا یارمەتی کەسانێک دەدات کە یارماتی خۆیان بدەن)، کەواتە دەبێت ئێمە پشت بە خۆمان ببەستین و یارمەتی خۆمان بدەین واز لە تاوانبارکردنی بەرامبەرەکانمان بهێنین، ڕیالیستانە کێشە و مەترسیەکان ببینین تا لەوە زیاتر لاواز و بێتوانا نەبین بەرامبەر نەیار و دوژمنەکانمان، خەریکی خۆ ڕێکخستن و خۆ بەهێزکردن بین، چیتر ڕێگە نەدەین هەرێمی کوردستان لاواز بکرێت لەلایەن مەرکەز کە هیچ ڕێز و سەنگێک بۆ یاسا و دەستوورەکەی و سیستەمە یاسایی سیاسیە فیدراڵیەکەی خۆی دانانێت.