لە سعودییە لەدایکبووە، لە دیمەشق خوێندنى زانکۆى تەواونەکردووە، لە ئێراق دەستیکردووە بە خەباتى چەکدارى و ماوەى پێنج ساڵ لە گرتووخانەکانى ئێراق، زیندانى کراوە. لەگەڵ ئەبوبەکر بەغدادى یەکیان بینیوە و پێکەوە نەگونجاون. پەیوەندى لەگەڵ ئەیمەن زەواهیرى هەبووە. کاتێک جیهادى دژى ئەسەد راگەیاند تەنها شەش کەسى لەگەڵدا بوو. بڕواى بە هەناردەکردنى جیهاد و بە تەکفیرکردنى کۆمەڵگا نییە. زیاتر سەرنجی لەسەر پرسە ناوخۆییەکان و نیگەرانییەکانی ڕۆژانەی دانیشتووانە. خۆی وەک بەشێک لە هاووڵاتیان نەوەکو سەرکردەیەک پیشاندەدات، ئەمە دیارترین قۆناغەکانى ئەحمەد شەرعى تەمەن (43) ساڵە کە ماوەى مانگێک زیاترە بووەتە دەسەڵاتدارى یەکەمى سوریا و رۆڵى سەرۆکى وڵات دەگێڕێت. ئەحمەد شەرع بە کەسایەتییەکی ناوازە لە بزووتنەوەی جیهادی دادەنرێت. چونکە لە سەردەمی شۆڕشی سوریادا، لە بنیاتنانی بەهێزترین و درێژخایەنترین و کاریگەرترین بزووتنەوەی جیهادیدا سەرکەوتوو بوو. سەرکەوتنەکەشى دەرئەنجامی ساڵانێک لە خەبات و خۆگونجاندن لەگەڵ ئاڵەنگارییەکاندا هات، کە لەلایەنی شەرعیەوە دەستى پێکرد تا گەیشت بە تاکتیکی سیاسی و جیهادی.
“بنەچەى ئەحمەد شەرع”
ریشەى ئەحمەد شەرع دەگەڕێتەوە بۆ بنەماڵەیەکى عەرەبى کە سەر بە هۆزەکانی “گوندی جێبین”ە لەناوچەى جۆلانی سوریا کە ماوەى ساڵانێکى زۆرە لەلایەن ئیسرائیلەوە داگیرکراوە. لە سەرەتای سەدەی بیست و لە شۆڕشی دژ بە داگیرکارى فەرەنسادا، خانەوادەکەى ڕۆڵێکی دیار و بەرچاویان هەبووە، بەو هۆیەوە دوچارى لەسێدارەدان و ئاوارەبوون و دەربەدەرى هاتوون و ماڵ و سامانیان دەستى بەسەردا گیراوە. دوای یەک ساڵ لە سەربەخۆیی سوریا، حوسێن شەرع باوکی ئەحمەد شەرع لە شارۆچکەی فەیق لەدایکبووە کە دەکەوێتە گۆشەی حوران لە باشووری جۆلان، بەڵام بەهۆى داگیرکردنى ناوچەکەیان لەلایەن ئیسرائیلەوە لە ساڵی (١٩٦٧)، بە ناچارى زێدى خۆیان بەجێهێشتوە و لە گەڕەکی مەززە لە دیمەشقی پایتەخت نیشتەجێ بوون. باوکی شەرع دەرچووى کۆلێژی ئابووری و زانستە سیاسییەکانە لە زانکۆی بەغداد، لەبەرئەوەى چالاکوانى سیاسى بووە و لەگەڵ ڕژێمی سوریادا هەڵینەکردوە، لەژێر فشاردا وڵاتەکەى بەجێهیشتوە و رویکردۆتە ریازى پایتەختى سعودییە و لەوێ وەک توێژەرێکی ئابووری کاریکردوە.
ئەحمەد شەرع لە ساڵی (١٩٨٢) لە ڕیاز لەدایکبووە، کە دواتر بە ئەبو محەمەد جۆلانی ناسرا، هەر لەو ساڵەدا قەتڵوعامى شارى حەمما روویدا، کە یەکێکە لە خوێناویترین رووداوەکانى مێژووى هاوچەرخى سوریا. بنەماڵەی شەرع دواى باشبوونى بارى داراییان، لە ساڵی (١٩٨٩) گەڕانەوە بۆ دیمەشق، باوکی شەرع بزنسێکی بچووکی دامەزراند و بەهۆیەوە خێزانەکەی توانییان لە گەڕەکی گرانبەهاى مەززە لە دیمەشق نیشتەجێ ببن.
“مزگەوتى شافیعى؛ وێستگەى یەکەم”
باوکى شەرع کەسێکى ناسیۆنالیست بووە و ویستویەتى کوڕەکەى لەسەر هەمان رێباز پەروەردە بکات، بەڵام کوڕەکەى رێبازى دیندارى دەگرێتەبەر و لێرەوە ناکۆکییەکانى لەگەڵ باوکیدا دەست پێدەکات. ئەحمەد شەرع زۆربەی خوێندنی لە گەڕەکی مەززە تەواو کردووە، بەڵام خوێندنی فەرمی کاریگەرییەکی ئەوتۆى لەسەر بەجێنەهێشتووە. دیارترین شوێن کە کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر پێکهاتنی کەسایەتی هەبووە، مزگەوتى شافیعی بووە کە نزیکى ماڵیان بووە. لەم مزگەوتەدا بەدەر لە خوێندنى ئایینى، بە چەندین کەسایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی فەلەستین ئاشنا بووە، بەتایبەتى ئەندامانی بزوتنەوەى حەماس کە بە بەردەوامى روویان لەو مزگەوتە کردووە. شەرع پەیوەندییەکی نزیکى لەگەڵ مەلاى مزگەوتی شافیعى هەبووە، هەروەکو ئەو مەلایە ئاماژەی بۆ دەکات شەرع لەو مزگەوتەدا گەورە بووە و پێگەیشتوە، بەڵام بۆ فێربوونی زانستە شەرعیەکان، سەردانى چەندین مزگەوتى دیکەشى کردوە، لێرەوە هۆشیارییەکی قووڵی ئایینی بەدەستهێناوە. دواى هەڵاتنى ئەسەد و روخانى رژێمەکەى لە (8/دیسەمبەر/2024)، یەکیک لەو شوێنانەى شەرع هەرزوو سەردانى کرد، مزگەوتی شافیعی بوو. ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ قووڵایی پەیوەندییەکەی لەگەڵ ئەو ژینگە ئاینییەی کە بەشێکی گەورەی لە کەسایەتی و دیدگاکانی پێکهێناوە.
“ئاشنابوون بە قاعیدە”
لەبارەى پەیدابوونى مەیلى بۆ سیاسەت و خەباتى چەکدارى، شەرع دەڵێت:- راپەڕینى دووەمی فەلەستین، کاریگەرییەکی قووڵی لەسەرم هەبوو، هەرچەندە لەو کاتەدا تەمەنم تەنها هەژدە ساڵ بوو”. رۆژى (11/ئەیلول/2001)، دوو فڕۆکە تاوەرەکانى ناوەندى بازرگانى ئەمەریکایان خاپورکرد. لەبارەى ئەم رووداوەوە، شەرع دەڵێت: لەدوای هێرشەکانی (11/ئەیلول)، ڕوانگەیەکی ئەرێنیم بۆ قاعیدە هەبوو، بە تاکە نەیارم دەزانین کە لە ناوچەکەدا بەرەنگارى هەژموونی ئەمەریکایان دەکرد”. شەرع بۆ خوێندنى میدیا روودەکاتە زانکۆى دیمەشق، بەڵام دواى دوو ساڵ واز لە خوێندنەکەى دەهێنێت و زانکۆ بەجێدەهێڵێت و ڕوو دەکاتە ئێراق. لەو دەمەدا سوریا وەک ڕێڕەوێک وابوو بۆ ئەو چەکدارانەى روویان لە ئێراق دەکرد تاوەکو بەرەنگارى هێزەکانى ئەمەریکا ببنەوە. شەرعیش سوود لەم دەرفەتە دەبینێت و خۆى دەگەیەنێتە ئێراق.
“ئێراق، چارەنووس یان بیرکردنەوە؟”
دوو هەفتە پێش دەستپێکردنی لەشکرکێشی ئەمەریکا، شەرع گەیشتە ئێراق. لێرەوە ژیانی پیشەیی لە گۆڕەپانەکانی جیهاددا دەستی پێکرد، بەڵام بیروباوەڕەکانی بە تەواوی لەگەڵ قاعیدە لە ئێراقدا نەدەگونجا، چونکە بەڕادەی پێویست ئاگاداری جیاوازییە ئایدۆلۆژییەکانی نێوان لقەکانی گرووپە جیهادییەکان نەبوو. شەرع لەسەر بنەمای بەرگریکردن لە گەلی ئێراق، پەیوەندی بە قاعیدەوە کرد، بەم شێوەیە گەشتەکەی لە بەغداوە دەستپێکرد، ماوەیەکی کەم پێش دەستپێکردنی شەڕەکە، ڕووی لە شاری ڕومادی کرد. لەکۆتایى ساڵى (2003)دا شەرع دەگەڕێتەوە بۆ سوریا، بەڵام لەلایەن هەواڵگرى وڵاتەکەیەوە بە تۆمەتی گەشتی نایاسایی بۆ ئێراق لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت و دواتر ئازاد دەکرێت. چونکە شەرع رەتیدەکاتەوە پەیوەندی بە هیچ لایەنێکی سیاسی یان ڕێکخراوێکی ئایینی توندڕەوەوە هەبێت. لە ساڵى (2004)، جارێکى دیکە شەرع روودەکاتەوە ئێراق و لە شاری موسڵ نیشتەجێ دەبێت و بەشدارى چەند شەڕێک دەکات. لەم ماوەیەدا پەیوەندی بە ڕیزەکانی گرووپێکی بچووکی جیهادییەوە لە موسڵ دەکات، لەگەڵ ژمارەیەک تاقمدا بەیعەت بە ئەبو موسعەب زەرقاوى دەدەن، بەڵام رووبەڕوو چاوى بە زەرقاوى ناکەوێت.
لەکۆتایى ساڵى (2004)دا، شەرع لەگەڵ ژمارەیەک چەکدارى دیکە لەلایەن هێزەکانى ئەمەریکاوە دەستگیر دەکرێت و رەوانەى زیندانی ئەبوغرێب دەکرێت. لەوێ وەک ئێراقییەک زیندانی دەکرێت، چونکە هەواڵگری ئێراق بە ناسنامەی ڕاستەقینەی نازانن. پاشان رەوانەى زیندانەکانی بوکا و کرۆپەر لە فڕۆکەخانەی بەغدا دەکرێت، دواتر هێزەکانی ئەمەریکا ڕادەستی ئێراقییەکانى دەکەنەوە، ئەوانیش دەیگوازنەوە بۆ زیندانی تاجی، لە ساڵی (2010) دواى نزیکەى پێنج ساڵ زیندانیکردن، شەرع ئازاد کرا. ئەزموونی زیندان کاریگەرییەکی زۆری لەسەر شەرع هەبوو، چونکە چەندین کەسایەتی ئیسلامی و بزووتنەوە جیهادییەکانی ناسی، هەروەها پەیوەندی لەگەڵ سەرکردە جیهادیەکانی ئێراقدا دامەزراند، لێرەوە ژیانی فیکرى بەشێوەیەکی روون دەستی پێکرد، سەریشی سوڕما لەو ئایدۆلۆژیا توندڕەوەی کە لە زیندانەکانی ئێراقدا سەریهەڵدا. بۆیە ناڕەزایی خۆی بەرامبەر بە فەلسەفەی زەرقاوی و زۆرێک لە ڕەفتار و بیرۆکەکانی داعش دەربڕی، چونکە دژی تەقاندنەوەى بازاڕەکان و حوسێنییەکان بوو ، بەڵام بە ئاشکرا ئەمەی دەرنەبڕى. دوای ئازادبوونی لە زیندان، شەرع لە باکووری ئێراق مایەوە، لەناو ڕیزەکانی قاعیدەدا پلە بە پلە بەرزبوویەوە، بەڵام سوریای لەبیر نەکرد، وەک دواتر وتی:- جەستەمان لە ئێراق بوو، دڵیشمان لەلاى خاکى شام بوو”. بەوتەی ئەبو عەبدوڵڵا شامی، یەکێک لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی ئەحرار شام، بیرکردنەوەی شەرع بۆ کارکردن لە سوریا، پێش چوونی بۆ ئێراق هەبووە، چوونى بۆ ئێراق تەنها بۆ بەدەستهێنانی شارەزایی و ئەزموون بووە، تاوەکو دواتر بۆ کارکردن بگەڕێتەوە بۆ شام.
“دامەزراندنى بەرەى نوسرە”
ڕاستەوخۆ دوای ئازادبوونی لە زیندان، شەرع چاوى بە یەکێک لە سەرکردەکانی داعش دەکەوێت کە لە زیندانی بوکا هاوەڵی بووە و باسى پڕۆژەکەى لە شام بۆ دەکات، ئەویش ئامۆژگارى دەکات وازنەهێنێت و لە پڕۆژەکەى بەردەوام بێت. ئەو هاوڕێیەى داوای لێدەکات پڕۆژەکەی بنووسێت، تاوەکو خۆی بۆ بەغدادی بنێرێت. بەگوێرەی گێڕانەوەی شەرع، توێژینەوەیەکی شیکاریی بەناونیشانی “بەرەی نوسرە بۆ گەلی شام” نووسیوە کە نزیکەی پەنجا لاپەڕە بووە، تیایدا ئەزموونی عێراقی لەبەرچاو گرتووە و جیاوازییە بنەڕەتییەکانی نێوان ئێراق و سوریای ڕوونکردووەتەوە، باسى تایبەتمەندییەکانى سوریاى کردوە بە بەراورد بە گۆڕەپانەکانى دیکەى جیهاد، هەروەها جەختی لەسەر دووبارەنەکردنەوەی هەڵەکانی جیهاد لە ئێراق کردۆتەوە. کاتێک ئەبو موسلیم پڕۆژەکەی شەرع بۆ بەغدادی دەبات، بەغدادى پلان و ستراتیژییەکانی شەرع پەسەند دەکات و دەڵێت: نووسەری ئەم پڕۆژەیە، هیچ بوارێکی بۆ ڕەخنە لە پڕۆژەکەیدا نەهێشتۆتەوە”. دواى سەرهەڵدانى شۆڕشى گەلانى سوریا، شەرع دەچێت بۆ دیدارى بەغدادى، پێکەوە رێکدەکەون لەسەر ئەوەى شەرع “بەرەی نوسرە” دابمەزرێنێت و ببێتە لقێکی قاعیدە لە شام. پاشان شەرع داوای سەد پیاو لە بەغدادی دەکات، تاوەکو لە سوریا لەگەڵیدا بن، بەڵام لەبەرئەوەى سەرکردەکانی دەوروبەری بەغدادی پێشوازی لە بیرۆکەکەی شەرع ناکەن، تەنها شەش کەس دواى شەرع دەکەون، کە لەنێویاندا سوری و ئێراقی هەبووە. بە گوێرەى رێکەوتنى نێوان بەغدادى و شەرع، بەغدادى بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بڕى (50 – 60) هەزار دۆلار دەداتە شەرع. لە مانگی ئابی ساڵی (2011)، واتە دواى نزیکەی پێنج مانگ لە سەرهەڵدانی شۆڕشى سوریا، شەرع و تیمەکەی دەگەڕێنەوە بۆ سوریا.
“شێخ فاتیح”
بەمەبەستى ئەنجامدانى جیهاد لەدژى ئەسەد، شەرع بە شەش کەسەوە پەڕییەوە بۆ ناو سوریا، کەوتە هەوڵى کۆکردنەوەى چەکدار و دروستکردنى تۆڕى رێکخراوەکەى لە سەرتاسەری پارێزگاکانی سوریادا. لە ماوەی یەکەم ساڵی ژیانیدا لە سوریا، توانی نزیکەی پێنج هەزار کەس کۆبکاتەوە. لە مانگی یەکی ساڵی (٢٠١٢) پێکهێنانی بەرەی نوسرە ڕاگەیەندرا، ڕێکخراوەکە دەستیکرد بە ئامانجگرتنی دەزگا ئەمنییەکان لە دیمەشق، حەلەب، دەرعا، ئیدلب و حەما. شەرعیش بۆ شاردنەوەى ناسنامەکەى، تۆمارە دەنگییەکانى بەناوى “فاتح” بڵاودەکردەوە، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەى کە ئامانجى رزگارکردن “فەتحکردن”ى سوريايە. هەر لە سەرەتای دامەزراندنی بەرەى نوسرەوە، شەرع بە شێوەیەکى جیاواز رەفتارى دەکرد. بۆ نموونە لە بەردەم خەڵکدا لەبرى ئەمیر نازناوی بەرپرسی گشتیی بەکاردەهێنا. هەروەها هەوڵیدا هاوکاری لەگەڵ گروپەکانی دیکەدا بکات کە دژی ڕژێمەکەی ئەسەد دەجەنگین، لە ساڵانی سەرەتای شۆڕشدا خۆی لە سەپاندنی هەژموونى یان بە ئامانجگرتنی سەرپێچیکاران بەدوور گرت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سور بوو لەسەر ئەوەى پاڵپشتى جەماوەر بەدەستبهێنێت.
لە مانگی کانوونی دووەمی (٢٠١٢)، کاتێک ئەمەریکا رێکخراوى بەرەى نوسرەى خستە لیستى تیرۆرەوە، زۆربەی گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆن پشتگیریان لە نوسرە کرد و رەخنەیان لە بڕیارەکەى ئەمەریکا گرت، تەنانەت هەندێکیان لەژێر دروشمی “هەموومان جەبهەت نوسرەین”، داوای خۆپیشاندانیان دەکرد.
“ناکۆکییەکانى شەرع و بەغدادى”
دۆستایەتى شەرع و بەغدادى زۆرى نەخایاند، چونکە بەغدادى داواى لە شەرع کرد لەناو تورکیادا چالاکى ئەنجام بدات و سەرکردەى هەندێک لە گروپەکانی سوریا تیرۆر بکات، بەڵام شەرع داواکەى رەتکردەوە. نەک هەر ئەوەندە، بگرە شەرع رەتیکردەوە دان بە داعشدا بنێت و بەیعەت بە خەلافەتى ئەبوبەکر بەغدادى بدات، لێرەوە ناکۆکییەکانى ئەم دوو کەسە سەریانهەڵدا. لە هەوڵێکدا بۆ کۆتایهێنان بە “یاخیبوونى شەرع”، بەغدادی لە مانگی نیسانی (٢٠١٣) یەکگرتنەوەی ڕێکخراوەکەی لەگەڵ بەرەى نوسرە لەژێر ناوی “دەوڵەتی ئیسلامی لە ئێراق و شام” ڕاگەیاند، لەئاکامدا ژمارەیەک چەکداری بەرەی نوسرە وازیانهێنا و پەیوەندییان بە داعشەوە کرد، بەڵام شەرع ئامادە نەبوو خۆى تەسلیمی بەغدادی بکات، چونکە جیاوازی ئایدیۆلۆژی لەگەڵ خۆی و شێوازەکەیدا هەبوو. هەرچەندە لەو قۆناغەدا هێشتا لە جیهانی جیهادییەکاندا کەسایەتییەکی بچووک بوو، هەروەها لەلای ئەیمەن زەواهیری سەرۆکى رێکخراوى قاعیدەش نەناسراو بوو. بۆ دوورخستنەوەى خۆی و ڕێکخراوەکەی لە داعش، شەرع بەیعەتەکەی بۆ زەواهیری نوێکردەوە، ئەم هەنگاوەش زۆر کەسی تووشی سەرسوڕمان کرد، بەڵام بەگوتەی حوسام جەزماتی توێژەری سوری، شەرع لە ناچاریدا پەناى بردە بەر قاعیدە، چونکە دەیویست لەم رێگەیەوە لە بەرەنگاربوونەوەى داعشدا، شەرعیەت بەدەست بهێنێت.
دوای ئەوەی شەرع بەیعەتی بۆ زەواهیری نوێکردەوە و دژایەتی بۆ بەغدادی ڕاگەیاند، زەواهیری لە بەرژەوەندى شەرع بڕیاریدا و سنوورى نێوان هەردوو دەوڵەتەکەى راگەیاند، بەڵام داعش زەواهیرى بە دنەدەرى شەرع دەزانى بۆ جیابوونەوە، داعش هەر بەوەندە وازى نەهێنا، بەڵکو ئەبو خالید سوری تیرۆرکرد، کە نێردراوى زەواهیری بوو بۆ چارەسەرکردنى ناکۆکییەکانى نێوان شەرع و بەغدادى. لێرەوە پەیوەندییەکانى نێوانیان پچڕا. دوو ڕۆژ دوای تیرۆرکردنی ئەبو خالید، شەرع بەیاننامەیەکی بەرەی نوسرەى بڵاوکردەوە و ڕێبازی جیاوازی خۆی لە داعش ڕوونکردەوە، ناکۆکییەکە گەیشتە ئەو ئاستەی کە داعشى بە (خەواریج) تۆمەتبار کرد، لەهەمانکاتدا داعش هەریەکە لە قاعیدە و بەرەی نوسرەی بە دڵسۆز و هاوپەیمان لەگەڵ هەڵگەڕاوەکان تۆمەتبار کرد. لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەکانیشدا، شەڕ لەنێوان داعش و گروپەکانى سوریا لەنێویاندا بەرەی نوسرە دەستیپێکرد.
“سەرەتاى گۆڕانکارییەکان”
دواى ئەوەى ئەمەریکا بەرەى نوسرەى خستە لیستى تیرۆرەوە، تورکیاش هاوکارى چەندین گرووپى ئۆپۆزسیۆنى سوریاى دەکرد، مملانێکانى نوسرە و داعشیش لە هەڵکشاندا بوو. شەرع هەستى بەوەکرد کرد کە لە هەموو لایەکەوە گەمارۆدراوە، بۆیە لە پاییزی (٢٠١٤)دا، قۆناغێکى نوێى کارکردنى دەستپێکرد. لەم قۆناغەدا شەرع هەوڵیدا هەندێک لە گرووپەکانى سوریا بەلاى خۆیدا رابکێشێت یان بیانخاتە ناو بەرەى نوسرەوە. لە ئاکامدا لە ئۆکتۆبەری (٢٠١٤) بەرەی شۆڕشگێڕانی سوریا هەڵوەشانەوەى خۆى راگەیاند، هەروەها لە مانگی ئازاری (٢٠١٥) بزووتنەوەی حەزم کە لەلایەن “دۆستانی سوریا”ەوە سەرپەرشتی دەکرا، بەهەمان شێوە هەڵوەشانەوەى خۆى راگەیاند. ئەمەش سەرەتای سیاسەتێک بوو کە شەرع دواتر زیاتر پەیڕەوی کرد. شەرع لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئەحمەد مەنسوور لە کەناڵی جەزیرە لە (٢٧/ ئایار/ ٢٠١٥)، ئاماژەی بەوەدا کە تاکە ئەرکی ئەو بەرەنگاربوونەوەی ڕژێم و میلیشیاکانی ئێرانە. هەر لەبەر ئەوەش داواکارییەکانى قاعیدەى بۆ هەناردەکردنی پڕۆژە جیهادییەکەی و ئەنجامدانى هێرشى نێودەوڵەتیى رەتکردۆتەوە، لێرەوە جیاوازییەکانى لەگەڵ قاعیدە دەرکەوت.
“جیابوونەوە لە قاعیدە”
دواى ئەوەى داعش کۆنترۆڵی ناوچەیەکی فراوانی لە سوریا کرد، کە پێشتر لەژێر کۆنترۆڵی گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکاندا بوو، بەهۆى رەفتارى تووندڕەوانەی داعشەوە زۆرێک لە جیهادیەکان هەوڵیاندا ڕێبازى خۆیان لە داعش جیا بکەنەوە، لەنێویاندا ئەبو محەمەد جۆلانی. جۆلانى ئەوکات و شەرعى ئێستا، لە کۆتایی مانگی ئازاری (2015)، ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشى لەگەڵ ژمارەیەک گرووپى ئیسلامی پێکهێنا. لەو کاتەوە بیرۆکەى دامەزراندنی ئیدارەیەکی سەربازی و سیاسی یەکگرتوو هاتە ئاراوە، بەڵام پەیوەندی بەرەی نوسرە بە ڕێکخراوی قاعیدەوە، بەربەستی سەرەکی بەردەم هەوڵەکانی ئەو یەکگرتنەکە بوو. بەبۆچوونى شەرع، پەیوەندی ڕێکخراوەکەی لەگەڵ قاعیدە ڕووبەڕووی فشاری زیاترى دەکاتەوە، ئەمە جگەلەوەی مەترسی گۆشەگیری کۆمەڵایەتی و سیاسی و سەربازیی لێدەکرێت. لەنێوان ڕژێمی ئەسەد و داعشدا ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورەى دەکاتەوە، جگەلەوەی مەترسى بە ئامانجگرتنى لەلایەن فڕۆکە ئەمەریکی و ڕووسیەکانەوە هەبوو، بەمەش دەکەوتە هەمان سەبەتەی داعشەوە. هەروەها ترسی ئەوەی هەبوو وڵاتانی دەرەوە هەندێک گرووپ لەدژی بەکاربهێنن.
لەدواى لێکدانەوەى ئەو کۆمەڵە مەترسیە و پاش زنجیرەیەک گفتوگۆ لەپشت دەرگا داخراوەکانەوە، شەرع بڕیاریدا بەبێ ئەوەی ڕاوێژ بە زەواهیری بکات، پەیوەندییە ڕێکخراوەییەکانی لەگەڵ قاعیدەدا بپچڕێنێت. لە هەنگاوێکی سەرسوڕهێنەردا، هەڵوەشاندنەوەی بەرەى نوسرەی ڕاگەیاند، جەختیکردەوە تەنها بایەخ بە سوریا دەدات. وەک بەشێک لەم قۆناغە نوێیە، ناوی بەرەى نوسرە گۆڕدرا بۆ بەرەى رزگارى شام، پێش ئەوەی دواجار بگۆڕدرێت بۆ دەستەى رزگارى شام (هیئە تحریر الشام). لەلایەن خۆیەوە ئەیمەن زەواهیرى جیابوونەوەکەى ڕەتکردەوە. بەڵام رووداوەکان هێندە بەخێرایى دەهاتن و کاریگەرى زەواهیریش لە کەمبوونەوەدا بوو، بۆیە شەرع گوێى بە وتار و داواکانى زەواهیرى نەدا. دواى بڕیارى جیابوونەوە لە قاعیدە، زۆرێک لە جیهادییە دێرینەکانی ناو بەرەى نوسرە پچڕاندنى پەیوەندییەکانیان ڕەتکردەوە و ئەو کارەیان بە “بەیعەت شکاندن” دەزانی، بۆیە ئەو کەسانە بڕیاریاندا لقێکی نوێی قاعیدە بەناوی “پارێزەرانی ئایین” دابمەزرێنن، کە بۆ یەکەمجار لە شوباتی (٢٠١٨)دا دەرکەوتن.
شەرع لە کۆتاییهێنان بە زنجیرەی دابەشبوون و یەکگرتنەوەکانی نێوان نەیارەکانی، وردە وردە سەرکەوتنى بەدەستدەهێنا. بەنمونە: لقی سوریای قاعیدە “پاسەوانانی ئایین”ی لەناوبرد، لەرێگەى پێشکەشکردنی هەندێک پشتیوانیەوە بۆیان، توانى چەند گرووپێک بەلای خۆیدا ڕابکێشێت، هەروەها کاریگەریی چەکدارانی بیانی کەمکردەوە و گرووپى دیکەشی هەڵوەشاندەوە، هەندێکجار ڕێوشوێنی توندی بەرامبەر ڕکابەرەکانی دەگرتەبەر، بە پاساوى ئەوەى ئامانجى رێگرتنە لە شەڕ و خراپەکارى. لە کۆتاییدا شەرع توانی ڕووبەڕووی ئەو ئاڵەنگارییانە ببێتەوە کە شەشگۆشەکە سەپاندبوویان: تورکیا، ئێران، ڕووسیا، ئەمەریکا، ڕژێمی سوریا و گروپە جیهادییەکان، هاوتەریب لەگەڵ هەژموونی سەربازیدا، لەڕێگەی ڕێکخراوە نوێیەکەیەوە “دەستەى رزگارى شام” دەسەڵاتی مەدەنی خۆی بەسەر ئیدلبدا سەپاند. ڕۆژی (26/ حوزەیران/ 2020)، “دەستەى رزگارى شام” قەدەغەکردنی دامەزراندنی هەر گرووپێکی نوێ یان ژووری نوێی ئۆپەراسیۆنی سەربازی ڕاگەیاند، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە هەوڵى سەربازیی تەنها لە ڕێگەی ژووری ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تایبەت بەخۆیەوە دەبێت کە ناوى “فەتحول موبین” بوو. بەمجۆرە دوای ئەوەی شەرع بەسەر کوتلە جیاوازەکاندا زاڵ بوو، ڕێگری لە دامەزراندنی گروپى جێگرەوەش کرد، هەروەها سەرکەوتوو بوو لە لاوازکردنی ئەو مەترسییە فیکرییەی کە قاعیدە و داعش دروستیانکردبوو، ئەمەش دەرگای قۆناغی سێیەمی لە ڕێبازە سیاسی و فیکرییەکانیدا کردەوە.
“قۆناغى حکومڕانى لە ئیدلب”
کاتێک شەرع لە ئیدلب سەقامگیر بوو، دەستیکرد بە پلاندانان بۆ بزووتنەوەیەکی جیهادی سەرکەوتوو کە توانای ئازادکردنی باقی خاکی سوریای هەبێت، بە لەبەرچاو گرتنى ئەو ئاڵەنگارییانەى کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، هەروەها دەستبەرداربوون لەو شێوازانەی کە زۆرێک لە گروپە جیهادیەکان پەیڕەویان دەکرد. بۆ جێبەجێکردنى پلانەکەى، بڕیاریدا بناغەیەکی نوێ و هەمەلایەنەی ڕێکخراوەیی و ستراتیجی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕژیم دابمەزرێنێت، هەروەها وردە وردە وازی لە ڕێبازی توندی سەلەفیی هێنا، بەکردەیش دەسەڵاتى بەشێکى زۆر لە “شەرعزانەکان”ى ناو “دەستەى رزگارى شام”ى کەمکردەوە. شەرع لە ئاستی دەرەوەدا دەستیکرد بە نیشاندانی ئارەزووی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا، هەرچەندە پێشتر خۆی لە پەیوەندیگرتن لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە بەدووردەگرت. بۆ ئەو مەبەستەش نووسینگەیەکی سیاسی بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ وڵاتاندا دامەزراند.
لەرێگەى ئەو نووسینگە سیاسیەوە شەرع ویستى ئەو پەیامە بگەیەنێت کە ئامانجى تەنها کۆتایهێنانە بە مەینەتى هاوڵاتیانى سوریا، نەوەکو دروستکردنى هەڕەشەیەکی نێودەوڵەتی یان ناوچەیی، هەروەها نووسینگەکە کاریکرد بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕێکخراوە مرۆییەکان و دەزگاکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکاندا. لە چوارچێوەى هەنگاوە کردەییەکاندا، شەرع پەیوەندى لەگەڵ تورکیا دروستکرد، هەروەها ناڕاستەوخۆ دانوستانەکانی (ئاستانە و سوچى)ی قبوڵکرد. بەو هۆیەوە لە (٩/9/2019)، ئەبو عەبد کە یەکێک بوو لە سەرکردە دیارەکانی “دەستەى رزگارى شام”، جیابوونەوەى خۆى لە دەستەکە راگەیاند. ئەم کار و هەنگاوانەى شەرع جێگەى رەزامەندى هەمووان نەبوو، بەڵکو نەیارەکانى بەوە تۆمەتبارى دەکەن کە تەماحێکى زۆرى بۆ دەسەڵات هەیە و تاکڕەوانە مامەڵە دەکات و دەیەوێت هەموو کارەکان لەژێر کۆنترۆڵى خۆیدا بن، تەنانەت بەوەش تۆمەتبارى دەکەن کە دەیەوێت ڕژێمێکی نیمچە دەسەڵاتخوازی هاوشێوەی ڕژێمە عەرەبییەکان دابمەزرێنێت. بەڵام شەرع پاساو بۆ کارەکانى دەهێنێتەوە و دەڵێت: هەنگاوەکانمان بۆ یەکخستنی ڕیزەکان و بنیاتنانی دەسەڵاتێکی ناوەندی، بە ئامانجی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی شۆڕش، پێویست بوون.
“ئەزمونى حکومڕانى شەرع”
لە قۆناغى حکومڕانى لە ئیدلب، شەرع گرنگی بە باشترکردنی ئیدارەی ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى دەدا، بۆیە کەوتە دروستکردنی دامەزراوە مەدەنییەکان و دامەزراندنی ژێرخانی دامەزراوەیی کە توانای پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری باشترى بۆ دانیشتووان هەبێت. لە چوارچێوەى هەوڵەکانیدا بۆ بنیاتنانی شەرعیەتێکی بەهێز، حەزی دەکرد لە ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتیدا، بەرکەوتنى ڕاستەوخۆى لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا هەبێت، ستراتیژەکەشی زیاتر جەختى لە نزیکبوونەوە لەگەڵ دانیشتوانی ناوچەکە دەکرد، بۆیە هەوڵیدا بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرۆک خێڵەکان، کەسایەتییە دیارەکان و هەروەها کەمینەکاندا، چونکە بۆ بەهێزکردنی بنکە جەماوەرییەکەى ئەم پەیوەندییانەى بە گرنگ دەزانى. بۆ زیاتر تێکەڵاو بوون لەگەڵ جەماوەردا، شەرع سەردانی برینداری شەڕەکانى دەکرد، لە مەراسیمەکاندا دیاری بەسەر منداڵی شەهیداندا دابەشدەکرد، پێشبڕکێى بۆ لەبەرکارانی قورئان سازدەکرد، بەشدارى ئاهەنگى دەرچوونى خوێندکارانى زانکۆى دەکرد و خەڵاتى دەبەخشیە یەکەمەکان. بەنێو شەقامەکانی ئیدلبدا دەگەڕا و سەردانى بازاڕ و دوکانەکانى دەکرد و لەگەڵ خەڵکیدا وێنەى دەگرت. لەگەڵ بەرپرسەکاندا سەبارەت بە پرسە ئابوورییە زەقەکانی وەک قەیرانی لیرەی تورکی و بەرزبوونەوەی نرخی نان کۆدەبوویەوە. سەردانى کەمپى ئاوارەکانى دەکرد، لەم رێگەیەوە دەیویست وەک سەرکردەیەک دەربکەوێت کە زۆر گرنگی بە بارودۆخی کۆمەڵایەتی و مرۆیی دانیشتوانی ناوچەکە دەدات. ئەمەش وێنەیەکى تەواو جیاواز بوو لە سەرکردە تەقلیدییە جیهادییەکان، کە تەنها بایەخیان بە شەڕ و لایەنى سەربازی دەدا.
شەرع لە وتارەکانیدا بۆ جەماوەر، خۆى لە پرسە ئایدۆلۆژى و جیهادییەکان بەدوور دەگرت، بەڵکو زیاتر سەرنجی لەسەر پرسە ناوخۆییەکان و نیگەرانییەکانی ڕۆژانەی دانیشتووان بوو، بۆیە دەستەواژەکانی وەک “ئێمە لەگەڵ گەلەکەمان، لەگەڵ خەڵکى خۆمان یەکدەگرین” بەکاردەهێنا، لەم رێگەیەوە هەوڵیدا خۆی وەک بەشێک لە کۆمەڵگا نیشانبدات، نەک وەک سەرکردەیەک لە دوورەوە. شەرع لەماوەى ساڵانى (2012 – 2016) بانگەشەى بۆ گوتارێک دەکرد کە ئامانجى دامەزراندنی حکومەتێکی ئەقڵانی ئیسلامی بوو کە دروشمەکانى ئیسلام بە تەواوی جێبەجێ بکات، بە شێوەیەکى گەورە جەختیدەکردە سەر (دەسەڵاتى شەرعى) و دووبارە دامەزراندنەوەی دەسەڵاتی خودا لەسەر زەوی. بەڵام کاتێک لە ئیدلب بووە دەسەڵاتدار گۆڕانکارى بەسەر گوتارەکانیدا هات. شەرع لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرپرسانی ئایینی و ناوخۆیی کە لە (٢٧/نیسان/٢٠٢٢) لە ڕێگەی دامەزراوەی (ئەمجاد)ەوە بڵاوکرایەوە، جەختی لە جیاکاری لەنێوان دەسەڵاتی خودا و دەسەڵاتی واقیع کردەوە، جەختی لە گرنگی ڕەچاوکردنی داب و نەریتی ناوخۆیی کردەوە، هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە تەنها خودا دەسەڵاتى حەرامکردنى هەیە.
ئەم ڕێبازە نوێیەى شەرع لەلایەن هەموو جیهادییەکانەوە پەسەند نەکرا، بەنمووونە ئەبو محەمەد ئەلمەقدیسی کە یەکێکە لە تیۆریزانەکانی بزووتنەوەی سەلەفی – جیهادی، رەخنەى لە شەرع گرت و گوتى دەبێت عەقیدەی سەلەفی لەپێشەوەى هەموو پراگماتیزمێکی سیاسی بێت. لە بەرانبەردا، دەستەى رزگارى شام، نووسینەکانى ئەلمەقدیسی قەدەغەکرد و بەفەرمى بێبەریبوونى خۆیان لە خۆى و رێبازەکەى راگەیاند.
“ئایندەی ئەحمەد شەرع”
لەئێستادا کە ئەحمەد شەرع بووەتە دەسەڵاتدارى یەکەمى تەواوى سوریا، لەبەردەم کۆمەڵێک پرسیار و سیناریۆ و ئەگەردایە. وەکو ئەوەى ئایا گۆڕانکارییەکانى پێشووى تەنها هەڵوێستێکی ڕووکەش یان تاکتیکی بووە، یاخود قەناعەتێکی قووڵە و لە ئەزموونێکی پراکتیکییەوە سەرچاوەی گرتووە؟ شەرع ئیسلام بە باشترین مۆدێل بۆ ڕێکخستنی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەبینێت، بەڵام ئایا چۆن ئەم دیدگایەى بەکردەیى جێبەجێ دەکات؟ لە ساڵانى رابردوودا سوریا گۆڕەپانێکى کراوە بوو بۆ دەستێوەردانى دەرەکى و نێودەوڵەتى، ئایا شەرع تاچەند دەتوانێت ئەو دەستێوەردانانە سنوردار بکات؟ ئایا دەتوانێت هاوپەیمانیەکى هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا دروست بکات؟ لەسەر ئاستى گۆڕەپانى جیهادى جیهانیش پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا ئەزموونی شەرع دەبێتە مۆدێلێک تاوەکو بزووتنەوە جیهادییەکانی دیکە چاوى لێ بکەن؟ ئایا یەکەم ئەزموونی جیهادی ناوخۆیی سەرکەوتوو دەبێت؟ ئایا لەئێستا بەدواوە چەند هاوشێوەیەکی دیکەى دەستەى رزگارى شام و دەرکەوتنى کەسانی وەک ئەبو محەمەد جۆلانی یان ئەحمەد شەرع دەبینین یان نا؟
سەرچاوە: زانیارییەکانى نێو ئەم راپۆرتە لە بەدواداچونێکى (احمد سیف النصر) وەرگیراوە کە لە رۆژى (6/1/2025) لە ماڵپەڕى (نون بوست) بەناونیشانى: من الجولاني إلى أحمد الشرع: رحلة تحولات زعيم سوريا الجديد، بڵاوکراوەتەوە.
ئا: بارام سوبحى