“پێشەكی”
سوریا یەكێكە لە وڵاتانی كیشوەری ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەر لە دێرزەمانەوە بایەخێكی مێژوویی و شارستانی دیاری هەبووە، خاوەن پێگەی شارستانیەتێكی دێرینە و بەهۆی پێگە گرنگەكەیەوە زۆرترین جار رووبەرووی جەنگ و داگیركاری بووەتەوە. لە مێژوودا چەندین نەتەوە لە هەژموونیان بەسەر خاكی سوریای ئێستادا هەبووە و فەرمانرەواییان كرووە گرنگترینیان: (سۆمەریەكان، ئاشورییەكان، حیسیەكان(حیتیەكان)، ئامورییەكان، كەنعانییەكان(فینقییەكان)، ئارامییەكان، ڕۆمەكان، فارسەكان، موسڵمانەكان، بیزەنتینییەكان، مەمالیكەكان و ئەیوبییەكان…هتد). هەروەها لە مێژووی كۆندا سوریا بەشیك بووە لە (بیلادی شام)، مەبەست لە (شام)یش هەریەك لە وڵاتانی (سوریا، لوبنان، ئوردن، فەلەستین)ی ئێستا دەكات. خاوەن شارستانییەتی ئیبلا و یەكێك لە كۆنترین پایتەختەكانی جیهانە كە شاری (دیمەشق)ە. ماوەیەكیش شارەكە ناوەندێكی گرنگی دەسەڵاتی سیاسی و شارستانی و كەلتوری و ڕۆشنبیری و فەرمانڕەوایی ئەمەوییەكان بووە.
“یەكەم؛ گەڕان بەدوای ناو و نازناوی سوریا”
ناوی وڵات كۆماری سوریای عەرەبی، بە عەرەبی (سوریة) و بە ئینگلیزی (Syria) و بە كوردی (سوریا)، پایتەختەكەی (دیمەشق)ە، سوریا وشەیەكە بۆ ئەو هاووڵاتیانە بەكاردەهێنرێت كە بە دانیشتووی سوریا ناودەبرێن(1) سەبارەت بە بەكارهێنانی ناوی سوریا و وشەكە بیروڕای جیاوازی لەسەرە، هەندێك ناوەكە دەبەنەوە بۆ سەردەمی سەلجوقییەكان، ناوی (سوریا) لە سەردەمی دەسەڵاتی (سەلجوقی)یەكانەوە لە پێش زایین بەكارهاتووە و سەرچاوە مێژوویەكان باس لەوە دەكەن یەكەمجار ئەو وشەیە لە زمانی ئیمپراتۆرییەتی بێزەنتینەكان(هەرقل)ەوە بیستراوە. چەند سەرچاویەكی ئەدەبی كۆنیش باس لەوە دەكەن كە وشەی سوریا لەلایەن مێژوونوسی یۆنانی (هیرۆدۆت) و شاعیری یۆنانی و خاوەنی (ئیلیادە و ئۆدیسە)، (هۆمیرۆس)ەوە ناوبراوە(2). لە كۆندا وڵاتی شام، كە مەبەست لێی (سوریا، لوبنان، ئوردن، فەلەستین) و میزۆپۆتامیا(ئێراق)، شانۆیەکی بەردەوامی شارستانییەتە کۆنەکان بوون، لەو ناوچانە بوون کە هەر لە دێرزەمانەوە ئاوەدان بووە و مرۆڤی تێدا نیشتەجێ بووە و شارستانیەتی تێدا بوونیادنراوە. ئەگەرچی لەو کاتەدا ناوی هەرێمەکان تۆمار نەكرابوو، چونکە هیچ سنوورێک نەبوو کە لەیەكیان جیا بکاتەوە. بەڵکو ئەم شوێنانە و ناوەکانیان بە دۆزینەوەی هەندێک نووسراو و تۆمار کە لەسەر بەردەکان کێشراون دەناسرێنەوە. سەربارەت بە ناوی سوریا بیروڕای جیاواز لای مێژوونووسان و توێژەران گەڵاڵە بووە. بووەی کە ناوی سوریا لە چییەوە هاتووە و بۆ ئەم ناوەی لێنراوە؟. لە یەكێك لە كۆنترین سەرچاوەكاندا ئەوە هاتووە، كە ناوی سوریا ئاماژیە بۆ ئیمپراتۆریەتی ئاشووری(ئاسور-ئاسیریا) کە لە وڵاتی هیلالی بەپیتدا نیشتەجێ بووە و ئەم ئیمپراتۆریەتە توانی شارستانیەتێکی پێشکەوتوو و ئاوەدان بنیات بنێت، کە کاریگەرییەکانی تا ئەمڕۆش دیارە. سەرچاوەكان جەخت لەوە دەكەنەوە پیتی شین بە پیتی (س) گۆڕدرا و ئەمەش ڕووداوێکی باو لە زمانی سامیدا کە لە نێو گەلانیدا باو بوو(3).
هەندێکیان سەرچاوەی ناوەکە دەگەڕاننەوە بۆ ئاشووریەكان (ئاشور-Assyria)، هەندێکیان بۆ سریانی، هەندێکیشیان پێیان وایە ناوی سوریا سەرچاوەکەی لە وشەی شامەوە هاتووە، كە لە زمانی سانسکریتیدا بە واتای (خۆر) دێت. هەندێك سەرچاوەی تر ناوەكە دەگەڕاێننەوە بۆ ناوی شاری (صور) یاخود (سر). سەرچاوەش هەیە پێی وایە ناوەكە لە وشەی (هوری، خوری)، كە ئاماژەیە بۆ خورییەكان، پاشان پیتەکان لە زمانی بەكارهێناندا گۆڕانكاریان بەسەردا هاتووە و وشەی (خوری، هوری) بووە بە سوری. لەناو ڕۆمەکاندا ناوی (surus) بە واتای هەموو ئەو کەسانە دەهات کە بە زمانی سریانی قسەیان دەکرد. لەسەر بنەمای هەموو ئەمانە، بۆ یەکەمجار ناوی شام لەلایەن یۆنانییەكانەوە هاتووە و بە مانای سرووشتی دەوروبەری سوریایان وتووە، یاخود بە واتایەکی ئایینی لێكیانداوەتەوە، وەک ناوی خودایەک، یان سروشتی و ژینگەیی، یاخود سەربازی. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەو ناوانەی ناوی تایبەتی کەسییان هەڵگرتووە کە بە وڵاتان یان شارەکان دەدرێت، داهێنانێکی یۆنانی(سلوقیەكان)، وەک چۆن سلوقیەكان ناوی هەندێك لە شارەكانی سوریایان بە ناوی کەسەكانەوە بەستووەتەوە، وەک لاودیقیا/لازقیە، یان أفامیا، سلوقیا و هتد(4). هەندێكی تر لە سەرچاوەكان وشەی شام و سوریا دەبەستنەوە بە دەریای (سور)، وەك ئەوەی ناوی شام لە شارە دەریاییەكانی دەریای سورەوە هاتووە، ناوی شام هێما بووە بۆ شارە دەریاییە بەناوبانگەکانی کە دەریای سور. یۆنانیەکان خەڵکی دەوروبەرەكەیان دەناسی بەهۆی سەردانی و چالاكی بازرگانی وڵاتەکەیان لەگەڵ خەڵكی ئەو ناچانە، كە بە سوریا ناویان بردون. هەروەها وشەی (صار) لە زمانی فینیقیدا بە واتای بەرد یان دیوار دێت. ئەم ناوە لەسەر ئەو دراو(پارە) دێرینانە هەڵكۆڵراوە، کە لەم شارەدا دۆزراونەتەوە(5). هەندێكی تر لە مێژوونووسان بەرگێكی ئاینی بەسەردا دەكەن بەوەی ناوی سوریا بۆ (سامی كوڕی حەزرەتی نوح) دەگێڕنەوە، چونكە ناوی (سام) لە زمانی سریانی عیبریدا بە (شام) هاتووە(6).
“دووەم؛ سوریا لە مێژوودا”
زانایان وای بۆ دەچن کۆنترین پاشماوەی مرۆڤ کە لە سوریا دۆزرایەوە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی (٧٠٠) هەزار ساڵ پێش زایین. شوێنەوارناسان ئێسکەپەیکەر و ئێسکی مرۆڤی نیاندەرتاڵیان دۆزیوەتەوە کە لەم ماوەیەدا لەو ناوچەیەدا ژیاون. بۆ نموونە (ئیبلا)، شارێکە لە سوریا کە وا بیردەکرێتەوە کە لە دەوروبەری (٣٠٠٠پ. ز)، ژیان تێیدا بوونی هەبووە و یەکێکە لە کۆنترین شوێنە نیشتەجێبووەکان بووە کە مرۆڤی تێدا ژیاوە. هەروەها سوریا یەکێک بوو لە ناوەندە سەرەتاییەکانی کولتووری مرۆیی چاخی بەردینی نوێ (١٢ هەزار)ساڵ لەمەوبەر. پێشکەوتنی گرنگ لە بواری کشتوکاڵدا لەوێ سەری هەڵدا، وەک پەرەپێدان و چاندنی جۆرەکانی دانەوێڵە و ڕامکردنی ئاژەڵ و…هتد. ئەمە جگەلەوەی تا نزیکەی (٣٠٠٠ ساڵ پێش زایین)، دەوڵەت شاری (ئیبلا) كە سوریای ئێستا دەكات، پایتەختی ئیمپراتۆریەتێکی گەورەی سامی بوو کە پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ سۆمەر و ئەکاد و تەنانەت میسرییەكانیشدا هەبوو. بەڵام لەشکرکێشییەکانی گەلانی دەریایی ئەم شارستانییەتەیان لە هەزارەی دووەمی پێش زایین لەناوبرد(7).
لەگەڵ ئەوەشدا کەنعانییەکان لە هەزارەی سێیەمی پێش زایینەوە زاڵ بوون. بەسەر ناوچە کەناراوییەكان و ناوەڕاست و باشووری سوریا، پاشان لە دواتر لە هەزارەی دووەمی پێش زایین دەسەڵاتیان کەمبوونەوە. كەنعانییەكان لە ناوچە کەناراوەکاندا بە فینقییەکان ناسرابوون، یۆنانیەکان ئەم ناوەیان بۆ دانابوون(8). ماوەیەك سوریا لە ژێر دەسەڵاتی ئەسكەندەری مەكدۆنیدا بوو، دوای مردنی ئەسكەندەر سوریا بەر سلۆقسی یەكەم كەوت دواتر كەوتە دەست فارسەكان کاتێک ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی ڕووخا، سوریا بوو بە بەشێک لە ئیمپراتۆریەتی ڕۆژهەڵات یان بیزەنتینییەكان(9). لە ساڵی (٦٣٧ز)ی سوپای موسڵمانان ئیمپراتۆریەتی بیزەنتینیان تێکشکاند و سوریایان کۆنترۆڵکرد. ئایینی ئیسلام بە خێرایی لە سەرانسەری ناوچەکەدا بڵاوبوەوە، موسڵمانەكان دەسەڵاتی خۆیان لەناوچەكەدا چەسپاند. لە کۆتاییدا شاری (دیمەشق) بوو بە پایتەختی جیهانی ئیسلامی، بەڵام لە دەوروبەری ساڵی (٧٥٠)ی زایینیدا، كاتێك دەسەڵاتی ئەمەوییەكان هەرەسی هێنا لەسەردەمی عەباسییەكاندا پایتەختی جیهانی ئیسلامی گوازرایەوە بۆ بەغدا لە عێراق، ئەم گۆڕانکارییە بووە هۆی دابەزینی ئابووری لە سوریا و بۆ چەند سەدەی داهاتوو ناوچەکە ناسەقامگیر بوو و لەلایەن گروپە جیاوازەکانەوە حوکمڕانی دەکرا(10).
هەروەها لەدوای نەمانی دەسەڵاتی خەلافەتی ئیسلامی بیزەنتینییەکان(ڕۆمانی ڕۆژهەڵات) هەوڵیاندا سوریا کۆنترۆڵ بکەن، چەندین جار هێرشیان کردە سەری و هەتا وڵاتەكەیان خستە ژێر فەرمانڕەوایی خۆیانەوە. دواتر شارە گەورەکانی سوریایان لەدەستدا لە نێوان ساڵانی (٩٦٠ز بۆ ١٠٢٠ز)ی زایینی. ئاواتەکانی بیزەنتینییەكان کاڵ بووەوە کاتێک تورکە سەلجوقییەکان لە کۆتایی سەدەی (١١)دا هێرشیان کردە سەر بیزەنتین و هەروەها بەشێک لە خودی سوریایان داگیرکرد. بەڵام لە هەمان کاتدا خاچپەرستانی مەسیحی لە ئەوروپاوە دەستیان کرد بە دامەزراندنی دەوڵەتە خاچپەرستە بچووکەکان بەدرێژایی کەناراوەکانی سوریا. ئەوان لەلایەن جەنگاوەرانی دژە خاچپەرستانەوە دژایەتی کران لەوانە لەنێویاندا سەلاحەدینی ئەیوبی کە سوڵتانی سوریا و میسر بوو. هەردوو موسڵمانان و خاچپەرستان لە سوریا لە سەدەی (١٣)دا ڕووبەڕووی هەڕەشە و ئامادەسازی بوونەوە، لە شێوەی ئیمپراتۆریەتی مەغۆلەکان کە دەسەڵاتیان بە خێرایی فراوان بوو. مەغۆلەکان هێرشیان کردە سەر سوریا و ڕووبەڕووی بەرخۆدانی تووندی نەیارانیان بوونەوە لەلایەن سوپای مەمالیکەکانی میسر، کە لە شەڕی (عەین جەلوت) لە ساڵی (١٢٦٠ز)دا شکستیان بە مەغۆلەکان هێنا، هەتا ناوەڕاستی سەدەی (١4)، مەمالیکەکان دەسەڵاتیان بەسەر ناوچەکەدا چەسپاند. هەروەها لە ساڵی (١٥١٦ز) زلهێزێکی نوێ دەستی بەسەر سوریادا گرت. ئەویش ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بوو، هەتا ساڵی (١٩١٨ز) حوکمڕانی سوریا و باقی ناوچەكانی (شام)یان کرد.
سوڵتانی عوسمانی لە جەنگی جیهانی یەکەمدا ئەو هەڵەیەی کرد، کە هاوپەیمانی لەگەڵ میحوەری (ئەڵمانییەکان و نەمسا-مەجارستان)دا كرد. کاتێک لە شەڕەکەدا دۆڕان، ئیمپراتۆریەتی عوسمانی کە بە “پیاوە نەخۆشەکەی ئەوروپا” ناسرابوو، شكستی هێنا و هەڵوەشایەوە. خرایە ژێر چاودێری کۆمەڵەی گەلان، بەریتانیا و فەرەنسا، زەوییەکانی پێشووی عوسمانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نێوان خۆیاندا دابەش کرد. سوریا و لوبنان بوون بەر فەرەنسا كەوت. پاشان لە ساڵی (1925)، ڕاپەڕینی خەڵكی سوریا دژی کۆلۆنیالیزم بەرپا بوو پاشان لە جەنگی جیهانی دووەمدا، حکومەتی فەرەنسا ئازادی و سەربەخۆیی بە سوریا بەخشی و دوایین سەربازی فەرەنسا لە مانگی نیسانی ساڵی (١٩٤٦ز) خاكی سوریایان بەجێهێشت و وڵاتەکە تا سەربەخۆیی ڕاستەقینەی بەدەستهێنا(11). دواتر ناوچەكانی سوریا لەلایەن سورریەكان خۆیانەوە فەرمانڕەوایی دەكرا لە ژێرناوی كۆماری سوریای عەرەبی و ئینجا كۆماری سوریای یەكگرتوو، دیسانەوە كۆماری سوریای عەرەبی.
“مێژووی و جوگرافیای ئەو گەلانەی لە سەر خاكی شام و سوریادا فەرمانڕەواییان كردووە لە نێوان ماوەكانی (2000پ. ز- 2025ز)(12)“
گەلانی فەرمانڕەوایی سوریا ساڵ و ماوەی فەرمانڕەواییان شوێنی فەرمانڕەوایی كەنعانییەكان(فینقییەكان) 3000 پ.ز- 2000 پ.ز کەناراو و ناوەڕاست و باشوری سوریا حسییەكان هەزارەی دووەم و سێیەم باكور و ناوەڕاستی سوریا سۆمەرییەكان 3000 پ. ز- 5500 پ.ز باكوری سوریا ئەكەدییەكان 2130 پ. ز- 1250 پ. ز لە ڕۆژهەڵات و باكوری سوریا ئامورییەكان 2200 پ. ز- 1880 پ. ز باكوری سوریا بابلییەكان 2650 پ. ز- 3500 پ. ز لە ڕۆژهەڵاتی سوریا ئارامییەكان 795 پ. ز- 1800 پ. ز لە زۆربەی ناوچەكانی سوریا
|
(1). William Evans Smith, Syria a country study, the Amercan University, Washington D.C, Third Edition, American, 2016, p:xi
(2) . ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، سوریا، سایتی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، ڕیكەوتی: 20/12/2014، بڕوانە بەستەری سایتەكە:
https://www.sulcci.com/jmare-4352/
(3) . (براء الدویكات، لماذا سمیت سوریا بهذا الاسم، الموقع موضوع، بتاریخ: 10/ابریل 2016، الموقع الكتروني:
(4) . بشار خلیف، سوریا الحضارة والاسم، الموقع New Syrian.net، الموقع الكتروني:
(5) . هنری بدروس كیف، تعلیق تاریخی حول ما معنی (سوریة)، الموقع التنظیم الأرامي الدیمقراطي، الموقع الكتروني:
https://aramean-dem.org/Henri_Kifa/Aramean_Identity/55htm
(6) . ادیب فرحات، سوریا و لبنان (مطول)، الطبعة الرابعةو بیروت، 1929، ص78
(7). Kallie Szczepanski, Syria | Facts and History, Thought co., August 05, 2018, Link: https://www.thoughtco.com/syria-facts-and-history-195089
(8) . أبوالفرج العیش، آثارنا في الإقلیم السوري الجمهوریة العربیة المتحدة، الطبعة الاولی، المطبعة الجدیدة، دیمشق-سوریا، 1960، ص18
(9) . عوسمان عەبدلڕەحمان سمایل، كورد لە سوریا 1920-1946، لە بڵاوكراوەكانی دەزگای موكریان، چاپخانەی خانی، چاپی یەكەم، دهۆك، 2009، ل20
(10). Amanda Onion, Missy Sullivan, Matt Mullen and Christian Zapata, Syria, History, August 21, 2018, Link: https://www.history.com/topics/middle-east/the-history-of-syria
(11). Kallie Szczepanski, Syria | Facts and History, Thought co., August 05, 2018, Link: https://www.thoughtco.com/syria-facts-and-history-195089
(12). سەرچاوە: سفارة الجمهوریة العربیة السوریة في رومانیا، الجمهوریة العربیة السوریة لمحة تاریخیة، الموقع: سفارة الجمهوریة العربیة السوریة في رومانیا، الموقع الكتروني: