دەمەوێت چەند پرسیارێك گەڵاڵە بكەم و وەڵامیان بدەمەوە. بلوغی ئەقڵانی چییە؟ ئایا مرۆڤ کەی دەگاتە بلوغی ئەقڵانی؟ ئایا کێشەی بۆ دێتە سەر ڕێگای؟
“بوون چییە؟ هەبوون چییە؟”
چەندە پرسیاری بەشەكی جوان و باشت گەڵاڵە كردن. دەتوانم بە دوو شێواز بلوغی ئەقڵانیت بۆ بەیان بكەم. شێوازی یەكەم ئەوەیە كە: مرۆڤ هەر بە سرووشتی ئەقڵی پێ بەخشراوە. تاكە دادپەروەرییەك هەبێت بەخشینی ئەو ئەقڵەیە بە مرۆڤ. ئیدی ئەوەی دەمێنێتەوە هەمووی ویست و هەڵبژاردن و بەكارهێنانی ئەقڵییەتی. شێوازی دووەم من وەهای بۆ دەچم كە هەم بەكارهێنانی ئەقڵە هەمیش تێپەڕكردنی تەمەنی مرۆڤە هەتا بگاتە سی تا چل ساڵ بلوغی ئەقڵانییەتی دەردەكەوێت. لە تەمەنی سی ساڵیدا مرۆڤ ئەقڵی كارا دەبێت. ئەمە بۆچوونی من و دەكرێت كەسانی تر بۆچوونی جیاوازیان هەبێت. مەبەستم لە تەمەن ژمارە نییە بەڵكوو ئەزموونییەتی. واتە دەتوانین لە تەمەنی سی ساڵیدا ئەزموونی ئەقڵانی باشمان هەبێت. ئەگەر نا منداڵی وەها هەیە كە نە تەمەنی هەیە نە ئەزموون كەچی باشترین ئەقڵانییەتی هەیە. جـا لـەبـەر ئـەوەی من وەك ئـەزموونی خـۆم، مرۆڤـ دەتوانێت لە تەمەنی سی ساڵیدا بگاتە بلووغی ئەقڵانی. بوونی مرۆڤ بە ئەقڵ و نەفسەوە هەمیشە لەمپەڕ دێتە سەر ڕێگای. واتە ڕێگا هەمیشە دڕكاوییە. ئەگەر بتەوێ بگەیت بە گوڵی ویساڵ، ئەوە دەبێت دڕكوداڵی ڕێگا قەبووڵ بكەیت. بوون و هەبوون چین؟ لە ڕاستیدا دژوارترین پرسی بنەڕەتی فەلسەفی بوونـە. بوون و هەبوون تەواوی فەلسەفەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوایان داگیر كردووە. لە بابەتێكدا بەناوی “بوون و هەقیقەت” ڕوونكردنەوەم داوە. بوون وەك عیرفان خودایە و وەك فەلسەفە گەردوونە. گەردوون و خودا چین؟ وەها پرسیارێك وەڵامی نییە، چونكە بوون و خودا هەتا بڵێن ئەوەیە، ئەوە ئەوان باڵاتر دەبنەوە. هەتا لەسەر زاتی خودا قسە بكەین ئەوە هەر سیفەتمان گوتووە. هەتا لەسەر بوون قسە بكەین ئەوە لەسەر بوونەوەر دواوین.
بوون و خودا وێناكراوی ئەقڵ و ئاگایی مرۆڤ نین. بە هیچ شێوازێك نە دەزانین چییە نە دەتوانین پێناسەشیان بكەین. چونكە ڕەها و تاقانەن. بوون و خودا ڕوون و ئاشكرا و بەڵگەنەویستن. جگە لە بوون و خودا هیچ شتێكی دیكە بوون نییە و هەرچی هەیە بوونەوەرە. تاكە پرسی بنەڕەتی ئەقڵانیی مرۆڤ “بوون و هەبوون”ە. ئا لێرەدایە كە بوون و هەبوون بە مەعریفەی مرۆڤ قسەیان لەسەر دەكرێت. مەعریفەتناسی مرۆڤ كاری ناسینی “بوون و هەبوون”ـە. ئایا بوون مەعریفەت دەناسێت یان مەعریفەت بوون دەناسێت؟ ئەمەیش زۆر دژوارە. خودی بوون كە بەڵگەنەویستە ئەوە ناسێنەرە یاخود ناسكارە. تەنانەت ناسكاری هەموو شتێكە. دووبارە ئەوەش دێتەوە مەیدان كە بوون هەم لێرەدا كە گەردوونە ئەوە دەشكرێت ئەقڵی گشت بێت. بوون ڕووناكە و ئاشكرایە. دەمەوێت لەسەر بوونەوەر بدوێم هەتا بگەم بە سیفەتی بوون كە لایەنی كەم بوونەوەرەكانن. هەر چی بوونەوەر هەیە بە گوتەی دینانی: لە ناوەندان. بۆیە نە سەرەتایان هەیە نە كۆتایی. هەموو شت لە ناوەنددا لە دۆخی جووڵەدایە. ئەمە وەك فەلسەفە. بەڵام وەك دەقی دینی شتەكان لە ئەزەلەوە خوڵقێنراون. مەبەستم ئەوەیە كە هەرچی بوونەوەر هەیە لە ناوەنددا هەیە. بەڵام بوون نە سەرەتای هەیە نە كۆتایی. بوون و هەبوون ئاوێتەی یەكدین كە بابەتی: “وحدت الوجود، یەكبوونی بوون، یەكێتی بوون” پێك دەهێنێت. كەواتە بوون “گەردوون” جگە بوون هیچی دیكە نییە و سات بە سات بوونە و نوێ. هەبوون “خودا” هەر هەبوونە و سات بە سات نوێ و پێگەی نوێی هەیە.
ئایا مەعریفەت خودی بوونە یان بوون مەعریفەی بنەڕەتییە؟ هەتا ئەم ئاستەیش كە «14» ساڵ ئەزموونی عیرفانیی و فەلسەفیی و دینیی و ئەخلاقیم هەمە، ئەوە تاكە شتێك مێشكمی گیرۆدەی بیركردنەوە كردووە بوون و هەبوون و ئەقڵە. جا لەبەر ئەوەی ئێمە چۆن بوون ڕاڤە بكەین؟ بۆیە بوون تەنیا ڕاڤە دەكرێت و بەس. ئێمە تەنیا بە مەعریفەت دەتوانین بوونناسی ئەنجام بدەین. زانست ناتوانێت بوون بناسێت. بەڵكوو بە گوتەی ئیبراهیم دینانی: بوونەوەر دەناسێت. بۆیە بوونناسی كاری ئەقڵ و فەلسەفەیە. دووبارە بوون دەبێت بە دوو جۆری دیكە ڕاڤە بكەین كە بریتین لە: زەین و عەین. یان كردەیی و هێزەكی. بوون تەنیا لە زەینی ئێمەدا هەیە یاخود ئەسڵەن بوون بۆ خۆی كردەییی و عەینییە؟ ئەمەیش توێژینەوەی زۆری دەوێت. ئایا بوون لە زەینی مرۆڤدایە یان زەینی مرۆڤ لە بووندایە؟ ئایا بوون تەنیا وەك زەین دەتوانین پەی پێ ببەین یان دەزانین و دەناسین كە چییە؟ ئەمەیش پرسیاری دژوارە كە من ناچمە ناو وەڵامەكانییەوە. بەڵام بوون وەك ڕەسەنییەت و بنەما هەم دەرەكییە هەم زەینی. ئەمە وەك بنەما و زەین بوون هەیە. بەڵام وەك چییەتیی و پێناسە تەنیا لە زەینی مرۆڤدا هەیە. چونكە مادام بوون كە بوونە و تاقانەیە ئەوە نە ماهییەتی هەیە نە پێناسە. بۆیە بوون هەم لە زەیندا هەیە هەم لە دەرەوەش هەیە. جا لەبەر ئەوەی بوون وەك زەین پلەبەندی هەیە، بەڵام بوون وەك عەینیی و دەرەكی پلەبەندی نییە.
بەڵێ، ئەمەیش جۆرێكە لە ڕاڤەكاری مەعریفی مرۆڤ بۆ بوون. من بەپێی هەندێك بۆچوون باس لە بوون دەكەمەوە. وجوود لە “وجد”ـەوە هاتووە بە مانای دۆزینەوە دێت. بوون شتێكی بەڵگەنەویستە و بێ نیازە لە پێناسە كردن. من پێم وایە بوون تەنیا یەك مانای هەیە. ئەویش واتایەكی تاقانەیە. چەمكی بوون واتایەكی فەلسەفییە و ئەقڵیش پەی بەوە نابات و تەنیا دەزانێت بوون وەك نەبوون ڕەت ناكرێتەوە. بوون تاكە شتێكە پێویستی بە سەلماندن نییە. وەك ئەوەی كە گوتم بەڵگەنەویستە. بوون ڕۆشنترین و ئاشكراترینە و هیچ شتێكیش وەك بوون ڕووناك نییە. هەڵبەت دەتوانین بوون هەم خودا هەمیش گەردوون مانای بكەین. ئەوەی كە بوون پێناسەی نییە هەتا بزانین چییە، ئەوە بۆ خۆی دژوارە مەگەر ئەوەی كە: هەر مرۆڤێك بۆ خۆی بە ئەزموون و شهوود دەركی بكات و ئەو دەركەیش ناتوانرێت بگوێزرێتەوە. ئەمەیە هەقیقەتی بوون كە شاراوەیە و بۆ مرۆڤ بەدیار ناكەوێت هەتا بزانێت چییە. زۆربەی كاتیش بوون تەنیا لە زەینی مرۆڤدایە و هەڵەكەیش لێرەدایە كە: ئەو بوونەی لە زەینی مرۆڤدایە بەراوردی دەكات بە بوونی دەرەكیی و عەینی. هەڵبەت بوون و خودا بوون دەبەخشێت بە شتەكان. واتە بوون مانابەخشی بوونەوەرەكانی گەردوونە. بێ هۆكار نییە كە بوونیان بە نوور لێكچواندووە، چونكە نوور بەر هەر شتێك بكەوێت ڕووناكی دەكاتەوە.
ئـەم بـابـەتـە زیـاتر فـەیلەسوفانی ئیسلامی جەختی زۆریـان لەسەر كردووەتەوە. وەك ئیبن سینا و سورەوەردیی و مەلا سەدرای شیرازی. ژیلسۆن دەڵێت: “لە مێژووی فەلسەفەدا هیچ پرسیارێك بە پێوەری بوون چییە؟ دژوار نەبووە”. بەڕاستی بوون و خودا چییە؟ لە فەلسەفەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا هەموو فەیلەسوفانی گیرۆدەی خۆی كردووە. چونكە بوون و خودا كە شتێكی تاقانەن ئەوە نە پێناسە دەكرێن نە دەزانرێن كە چین و چی نین.
كاتێك كە دەڵێم بوون ڕووناك و ئاشكرایە، ئەوە مەبەستم ئەوە نییە كە پێناسە بكرێت و بزانین چییە، نەخێر بەڵكوو مەبەستم ئـەوەیە كـە: بـوونـە كە مانابەخشی بوونەوەرانە و پێویست بە سەلماندن ناكات كە هەیە یان نییە. بـوون ئاشكراترین بـوونـە. ئێمە دەبێت شتێك پێناسە بكەین كە تەمومژاوییە یان ناڕوونە بەڵام بوون كە ڕوون و ئاشكرایە چۆن پێناسەی بكەین؟ كەواتە شتێك نادۆزینەوە كە بوون پێناسە بكات. مەگەر ئەوەی كە هەبوویەك «خـودا» هەبێت و لـە بوون ڕووناكتر بێت هەتا پێناسەی بكات. لە جیهاندا جگە لە بـوون شتێكی دیكە شك نابەین هەتا بوون ڕووناكتر بكاتەوە. خودا كە بێ شوێنە و بێ كات، ئەوە چۆن بیدۆزینەوە هەتا بوونمان بۆ ڕوون بكاتەوە؟ بێگومان خودا بوونبەخشە و مانابەخشی جیهانی بـوونـە. دەتوانین بڵێن خودا هەرەمی بوونە. جگە لـە خـودا هیچ شتێك نییە.
دەمەوێت بوونی مرۆڤ و بــوون ئاوێتە بكەم. من هەم بۆیە دەشزانم بوون هەیە. ئەگەر من بوونم نەبێت ئەوە ناشزانم بوون هەیە. بۆیە بوونی مرۆڤ و بــوون وەك بابەتێكی فەلسەفی شتێكی نایابە كە ئاوێتە بە یەكدی بكەین. چونكە بوونی مرۆڤە كە مانا دەدات بە بوون و بوونیش مانا دەات بە مرۆڤ. ئەگەر مرۆڤ نەبێت ئەوە بـوون چۆن ڕاڤەكاری بۆ دەكرێت؟ بێگومان بوونی مرۆڤ گرنگە كە بە ئەقڵی مانا دەبەخشێت بە شتەكان. بەڵام بیرمان نەچێت بوونی مرۆڤ هەڵڕەخساوە و بوونی گەردوونی پێویستییە. واتە بوونی مرۆڤ دەكرێت هەبێت و ڕۆژێك نەمێنێت. بەڵام بوون ناكرێت نەبێت. وەك خودا كە ئەركە هەبێت. بـەڵام ڕەسەنییەتی بــوون نازانین خودا كەی گەردوون تێكوپێك دەكات، ئەوە دەڕواتە بەرەی پێویستییەوە ئەگەر نا بوونیش وەك هەڵڕەخساندن وایە كە دەكرێت ڕۆژێك هەبێت و دەكرێت ڕۆژێك خودا بیخاتە نەبوونەوە. بەڵام بوونی خودا ئەركە و پێویستییە. جا لەبەر ئەوەی منی مرۆڤ بـوونـەوەرم و لـە بووندا دەژیـم و مـانابەخشی بوونم وەك هەڵڕەخسانی بـوون. هەتا ئەو كاتەی بوونم هەیە دەبمە مانابەخشی بوون و ئەو كاتەیش نەمام ئەوە بــوون لە مانای خۆی ناكەوێت. ئێستا كە بــوون دەبینین، ئەوا وەك پێویستیی و ئەركە هەبێت. دەشكرێت پێچەوانە مامەڵە بكەین كە: بوونی مرۆڤ بەبێ بوون مانای نییە. بوونی مرۆڤ بەبێ خودا و بــوون مانای نییە. بۆیە مرۆڤ هەتا تەمەنی هەیە ئەوە لە دۆخی بووندایە. جا لەبەر ئەوەی بوون بە زاراوە مانا ناكرێت. هەر چەندە مانا و زاراوە بەكار بهێنین، ئەوە لە بـوون تێناگەین و ناتوانین پێناسەی بكەین. چونكە بوون بەدەرە لە چەمك و واتاش.
پێناسە و زانین پێویستی بە زاراوە و چەمك هەیە. بەڵام بوون چەمك هەڵناگرێت. هەر شتێك بهێنین ناتوانین پێناسەی بوون بكەین. بوون بە خۆی پێناسە دەكرێت. واتە بوون مانابەخشی بوونییەتی خۆیەتی. بونییەت مەبەستم ئەوە نییە بوون دابەش بكەم. تاقانەیی دابەش ناكرێت. بۆیە جگە بوون هیچ شتێكی دیكە نییە هەتا بتوانێت بوون پێناسە بكاتەوە. بوون و خودا خۆیان بە مرۆڤ دەناسێنن. چونكە ئێمە ناتوانین ئەوان “بوون و خودا” بە پێناسە كردن بناسین. هەر بۆیە كاتێك كە بوون و خودا هەیە، ئەوە تێگەیشتنی مرۆڤیش وەك ئەقڵانییەت دێتە ئاراوە. شتێكی دیكەیش كە تێگەییشتنی ئێمە فراوان دەكات سەبارەت بە بوون خودی سیستەمی بوونە. بوون سیستەمی هەیە كە ئەقڵی گەردوونی یان ئەقڵی خوداییە. ئەگەر بوون سیستەمی نەبێت، ئەوە دژوارتر دەبوو كە هەر نەماندەزانی ئایا بوون هەیە یان نییە. یان هیچ لە هیچ دەبوو. بۆیە بوون كە سیستەمی هەیە ئەوە وێنای ئەقڵانی خۆمان بەیان دەكەین.





































































