لە روونکردنەوەی زمانی فیلم، تیۆرستەکانی بواری فیلم پێیان وایە لە فیلمدا ئامڕازی دەربڕین کە بەراورد دەکرێت بە زمان، وێنەیە. واتە لە فیلمدا زمانی وشە بوونی نییە، بەڵکو زمانی وێنە بوونی هەیە، دیالۆگ وەک تەواوکەری کردارە نەوتراوەکان بەکاردەهێنرێت و بەشێکی دانەبڕاوە لە فیلمە بیستراوەکاندا، بەڵام کامێرا کە دەرخەری زمانی وێنەیە لە ڕێگەی جەندین ئامراز و تەکنیکەوە هەناسەیەکی ژیان دەبەخشێتە وێنەکان و وەک چاوی بینەر کاردەکات و هەستەکان دەگەیەنێت، بینەران لە دیدگا و بیری دەرهێنەردا نوقم دەکەن، ئامانجی فیلم واقعی بوونە، واتە دروستکردنی وێنەیەکی واقعی کە کاریگەری لەسەر دەروونی بینەر دروست بکات، سینەماکاریش کۆمەڵێک ڕێگەی هەیە بۆ چۆنییەتی بەکارهێنانی کامیرا و، تاکوو لە رێگەیەوە گوزارشت لە چیرۆکیک و کردارێک بکات و واقعییەت بە بینەر بگەیەنێت،
هەریەک لەم تەکنیکانەی کامێرا کاریگەریان لەسەر تۆن و موودی فیلمەکە هەیە و ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە گەشەپێدانی کارەکتەر ڕێگە بە بینەر دەدات لە هەست و گێژاوی کارەکتەرکان تێبگەن، گرنگیدانی کامێرا لەسەر ڕووخساری کارەکتەر و زمانی جەستەو چاوەکانی کارەکتەر وا دەکات دەروونی کارەکتەرەکە نیشان بدەن، هەروەها یەکێک لە هۆکارەکانی دیکەی بەکارهێنانیان وا دەکات زمانێکی سینەمایی دروست بکرێت تایبەت بە دەرهێنەرەکە لەلایەک و، لە لایەکی دیکەوە دەتوانن ببنە دەرخەری کات و زەمەن و رووداوە مێژووییەکان و شوێن و سەردەمە جیاوازەکان و جۆر و ستایل و ژانرە جیاوازەکان لە ڕێگەی بەکارهێنانی شیوازی جولەی کامێراوە کە شڵەژانێک بە بینەر ببەخشێت، هەموو ئەمانە وا دەکەن بینەران بە درێژای فیلمەکە بە شیوەیەکی نا ئاگایی بۆ فیلمەکە ڕێنوێنیان بکەن، سینەماکاران بە لێهاتووییەوە کامیراکانیان بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی خەیاڵمان ئاگر بکەنەوە و بمانگوازنەوە، لێرەدا پیویستە جەخت لەسەر ئەو چەند تەکنیکە کامێرایانە بکەینەوە کە چۆن ناسنامەیەکی سینەمایی بۆ وێنەکان درووست دەکەن، ئەوانیش:-
١-چوارچێوە یان فرەیم:- واتە بە وردی هەڵبژاردنی ئەوەی چی دەخرێتە ناو چوارچێوەیەک و چ شتێک ناخرێت، بێگوومان بە پێی مەبەستی کرداری ناو وێنە و دیمەنەکە، سەرنجی بینەر ئاراستەی ئەو شتانە بکات کە گرنگن و مانا و هێزی تایبەتی پێبدات
٢- کامێرا شۆت سایز SHOT SIZE:- واتە سایزەکانی وێنە، کە بەردەوام لە سینەمادا لە وێنەیەکەوە بۆ وێنەیەکی دیکە دەگۆڕێت، هەریەکێک لە سایزەکان وەک جەختکردنەوە بۆ مەبەستیک بەکار دەهێنرێت، ئەوانیش چەند جۆرێکی هەیە:- Establishing shot، واتە وێنەیەکی دوور لە سەرەتای دیمەنێک یان فیلمێک کاتێک بە گرتەیەکی دوور جوگرافیای شوێنێک پیشآن دەدرێت زۆرجار وێنەیەکی ئاسمانییە، مەبەست لێی ناساندنی شوێن و کات و زەمەنی رووداوەکەیە. وەک یەکەم دیمەنی فیلمی “ستیزن کەین ١٩٤١” كاتێک تەنها کۆشکەکە پیشان دەدرێت.
WIDE SHOT واید شۆت:- واتە وێنەیەکی فراوان لەگەل توخمێک کە بەراورد بە جوگرافیا زۆر بچووک دیارە، بۆ نموونە کاتێک کچێک لە بیابانێکدا زۆر بە بچووکی دەردەکەوێت ئەمە هەستی تەنیای و دابران و نامۆبوونی کچەکە بۆ ئێمە دەگەیەنێت.
FUL SHOT فول شۆت:- بریتییە لە وێنەیەکی فیلم کە ڕێگە بە بابەت دەدات چوارچێوەکە پر بکاتەوە لە سەری تا پێی لە هەمان کاتیشدا تایبهتمەندی دیکەی تێدا دەردەکەوێت، وەک جوڵە و شیواز و تایبەتمەندی کارەکتەر و واتە ئەم سایزە سەرنجی لەسەر کارەکتەر دەبێت.
MIDEUM LONG SHOT میدییەم لۆنگ شۆت:- گرتەیەکی درێژی مامناوەندە لە ئەژنۆوە بەرەو سەری کارەکتەر
MIDEUM SHOT میدییەم شۆت:- واتە وێنەی مامناوەند، یەکێکە لە شیوازە باوەکانی کامێرا لە کەمەرەوە بەرە و سەری کارەکتەر دەخرێتە ناو چوارچێوەوە، بۆ جەختکردنەوە لەسەر بابەت بەکار دەهێنرێت.
MEDIUM CLOSE UP میدیەم کلۆس ئەپ:- واتە لە سینگ بەرە و سەرەوەی کارەکتەر و جەختکردنەوە لە رووخساری کارەکتەر.
CLOSE UP کلۆس ئەپ:- واتە لە شان بەرەو سەرەوەی کارەکتەر کە بۆ نیشآندانی کردارێکی تایبەت بەکار دەهێنرێت و بۆ تیشک خستنە سەر تایبەتمەندییەکی کارەکتەر.
EXTEREM CLOSE UP ئێکستریم کڵۆس ئەپ:- واتە بەشێک لە رووخساری کارەکتەر کە چوارچێوەکە پردەکات بۆ جەختکردنەوە لە وردەکارییەکی کارەکتەر.
٣-جوڵەی کامێرا CAMERA MOVEMENT:-
STATIC ستاتیک: وێنەی ستاتیک بە هیچ شێوەیەک جوڵەی نییە، بە قفڵکردنی کامێرا بۆ شوێنێکی جێگیر باسدەکرێت، گرنگی بەکارهێنانی بۆ دیالۆگی وێنەگرتن – وێنەی دوور – یاخوود نمایشکردنی شیوازێکی تایبەت لە ئەدای کارەکتەرێک.
PAN پان:- واتە جوڵاندنی کامێرا لە چەپەوە بۆ راست، بۆ نیشاندانی زانیاری نوێ بەکاردەهێنرێت، یاخوود کەشفکردنی شتێک، دەتوانرێت بۆ پەیوەندی نیوان دوو کارەکتەر بەکاربهێنرێت.
TILT تیڵت:- واتا جووڵەی کامێرا لە سەرەوە بەرەو خوارەوە، دەتوانرێت بۆ نیشاندانی باڵادەستی کارەکتەرێک و نیشاندانی زانیاری نوێ بەکار بهێنرێت.
ZOOM زووم:- هەرچەندە زووم لە ڕووی تەکنیکییەوە جووڵەی کامێرا نییە، بەڵام جووڵە لەناو وێنەدا دروست دەکەن، کە کرداری گەورەکردن و بچووکردنەوەی گرتەکە ئەنجام دەدەن، لە فیلمە ترسانکەکاندا بەکار دەهێنرێ، لەبەر ئەوەی هەستێکی دەستکردن و ناسرووشتی دەگەیەنن
DOLLY ZOOM دۆڵی زووم:- بریتییە لە ڕۆشتنی کامیرا لەسەر دۆڵی بەرە و کارەکتەر یان دوورکەوتنەوە لە کارەکتەر، جیاوازە لە زووم، کاتێک هەستی سرووشتی و واقعی بوون نیشان دەدات، بە شێوەیەکی باو بۆ نیشاندانی ململانێی ناو خودی کارەکتەرێک بەکار دەهێنرێت.
TRACKING SHOT تراکینگ شۆت:- بریتییە لە جووڵەی کامێرا هاوتای جوڵەی کرداری کارەکتەرەکان بۆ نیشاندانی سرووشتی دیمەن و کردارەکان، هەروەها دەستگرتن بەسەر سۆزی بینەر و شڵەژانی دەروونی کارەکتەر.
ARC SHOT ئارک شۆت:- وێنەی کەوانە کاتێک کامێرا بە پلەی ٣٦٠ بە دەوری بابەتێک دەسوورێتەوە لەم کاتەدا بابەت وەستاوە بۆ تێپەراندنی زەمەنێک بەکار دەهێنرێت.
٤-گۆشە یان Angle:-گۆشەکانی کامێرا، پلەی گۆشەکان دەتوانن ماناو گوزارشتی وێنەیەک بە تەواوی بگۆڕن و چەن جۆرێکی هەیە، کە هەر یەکێکیان ماناو گوزارشتی تایبەتی هەیە، ئەوانیش:-
Eye level shot :- واتا ئەو گۆشەیەی کە له ئاستی چاو دایە، دەتوانێت دیدێکی بێلایەن بخولقێنێت، جەوێکی ئاسایی وەک چاوی سرووشتی مرۆڤ دروست بکات، بەوەش نزیک دەبێتەوە لە ژیانی راستەقینە.
Low angle shot:- کاتێک کامێرا لە خوارەوەی بابەتەکە دادەنرێت و بەمەش وادەکات هەستی باڵایی بخولقێنێت بۆ کارەکتەرێک یان بابەتێک.
High angle shot:- لێرەدا پیجەوانەی گۆشەی نزم کامیرا لە سەروو بابەت یان کارەکتەر دادەنرێت بۆ ئەوەی هەستی لاوازی بۆ کارەکتەرێک دروست بکات، وا دەکات هێزی کارەکتەر لاواز نیشان بدرێت.
Dutch angle shot:- کاتێک کامێرا بە شێوەیەکی لار وێنەدەگرێت، لێرەدا سەر لیشێواوی و بارودۆخی شڵەژاوی دەروونی درووست دەکات.
Bird eye shot:- کاتێک بە پلەی ٩٠ پلە لە سەرەوە وێنەی بابەتێک بۆ خوارەوە دەگیرێت هاوشێوەی چاوی باڵندە، دەتوانرێت هاوتای چاوی خودا بۆ مرۆڤەکان گوزارشتی لێ بکرێت.
Depth of field هەستی قووڵی:- قووڵی مەیدان بەشێکی دانەبڕاوە لە وشەسازی فیلم و ئامڕازێکە بۆ سینەماکاران، بۆ ئاراستەکردنی سەرنجی بینەر بۆ بابەتێک، کە چاو بەرەو قوڵییەک ڕادەکیشێت، هەروەها زۆر کات قووڵی بۆ ئاشکراکردنی دۆخێکی سۆزداری تایبەتی کارەکەرێک بەکاردەهێنرێت وەک فیلمی “هاوولاتی کەین ١٩٤١”ی “ئۆرسن وێڵز” کاتێک منداڵەکە لە دەرەوەی پەنجەرەکە یاری دەکات و دایک و باوکی مناقەشە دەکەن.
٧-بەکارهێنانی لێنز:- لێنزیش لە دروستکردنی هەستی واقعی بوون و پەیوەست بوونی بینەر بە فیلمەکەوە کاریگەری هەیە، بۆ نموونە کاتێک لە فیلمێکدا کەسێک چاودیری کەسێک دەکات لەسەر شەقامێک لێنسی زووم یان تێلێ بەکار دەهێنرێ، لەبەر ئەوەی مەودای بینین کەم دەکاتەوە، لێنسی وایدیش بۆ دەرخستنی جوگرافی شوێنێک یاخوود تەعبیرکردن لە تەنیایی کەسێک بەکاردەهێنرێت.
٨-کۆمپزشن:- واتە شێوازی ڕێکخستنی توخمە بینراوەکان لەناو چوارچێوەیەکدا چەند جۆرێک هەیە:
The rule of third:- یەکێکە لە تەکنیکە باوەکانی چوارچیوەی کامێرا کە لە فیلمدا بەکاردەهێنرێت، پەیوەندی بە جێگیرکردنی کارەکتەرەکەوە هەیە لەگەڵ توخمەکانی دیکەی دیمەنەکە، ئەویش بە کیشانی سێ خەتی وەهمی بۆ کارەکتەرەکە و کارەکتهرەکە دەبێت لە یەکێک لە لایەکانی هێڵە یەکتر برەکان دابنرێت. چەند جۆرێکی دیکەش هەیە وەک:- SYMMETRY – LEADING LINE -FRAME IN FRAME. هەر یەکێکیان شێواز و مەبەستی تایبەتی لەخۆ دەگرێت.
٩- ماوەی وێنە:- واتا درێژی و کورتی ماوەی وێنە بۆ دەرخستنی شێوازی جیاوازی ژانری فیلمێک یاخوود کارگەرییە سۆزداری و دەروونییەکان، بۆ نموونە لە فیلمە ئەکشنەکان گرتەی خیرا و ماوە کەم بەکار دەهێنرێت، بۆ نیشاندانی شڵەژانێکی دەروونی بە پێچەوانەی ژانرە درامی و ڕۆمانسییەکان، کە گرتەی ماوە درێژ و خاو بەکاردەهێنرێت بۆ دەرخستنی و نیشاندانی ئارامی کارەکتەر. ستایڵی دەرهێنەر و ژانری فیلم و شێوازی چیرۆک و کارەکتەرکان دەتوانن ببنە هۆکاری بەکارهێنانی هەریەک لەم تەکنیکانە.
سەرچاوەکان؛
https://www.britannica.com/art/motion-picture/The-script
https://www.psaroloco.org/camera-shots-size-explained
https://www.studiobinder.com/blog/different-types-of-camera-movements-in-film/
ئامادەکردنی؛ هێشوو فاتێح