“پێشه‌کی”
بابه‌تی شه‌ڕ یان خراپه له زمانی ئینگلیزی‌دا هاوتای (Evil) دێت که به شێوه‌یه‌کی سه‌یر و سه‌رنجڕاکێش هاوشێوه‌ی وشه‌ی (Devil) یان هه‌مان ئه‌هریمه‌ن یان شه‌یتانه. ئه‌گه‌ر ڕوونتر و وردتر بیڵێین شه‌یتان یان ئه‌هریمه‌ن له زمانی ئینگلیزی‌دا یه‌ک پیت واته (D)یی له وشه‌ی شه‌ڕ زیاتره. دیاره به هه‌ر بارێک‌دا لێکی ده‌ینه‌وه له کولتووری هه‌موو مرۆڤایه‌تیی هێزی تاریک و شه‌ڕ هه‌بووه و تا ئێسته‌ش به شێوه‌ی جۆراوجۆر و له شکڵ و قه‌لافه‌تی جۆراوجۆر و جیاواز له ژیانی شارستانیی هه‌نووکه و ژیاری مرۆڤدا هه‌ر به‌رهه‌م هاتووه‌ته‌وه.
ڕه‌نگه ئه‌م تێڕوانینه بۆ بابه‌تی شه‌ڕ و په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ جیهانی ئه‌هریمه‌ن به‌هۆی پێشکه‌وتنه زانستی و، ته‌کنه‌لۆژییه‌کان هه‌ر له سه‌رده‌می شۆڕشی پیشه‌سازیی و ڕینیسانسه‌وه تا ئێسته په‌راوێز خرابێتن و، دیاریکردنی شه‌ڕ وه‌کوو ماک و دیارده‌یه‌کی مادیی ئه‌هریمه‌نیی که له ده‌ره‌وه‌ی جیهانی فانتازیا و ترس و وه‌همه‌کانی مرۆڤ هه‌بێت و واقیعی بێت، ئیتر وه‌کوو هه‌وڵێکی نه‌زۆک و خورافیی ده‌رکه‌وتبێت، به‌ڵام له هه‌ر حاڵه‌تێکدا به‌شێک له ژیان و ژیاری مرۆڤ له گه‌ڵ بابه‌تی شه‌ڕ(جه‌نگ) و خراپه(شه‌ڕ) ده‌سته‌ویه‌خه بووه و تا ئێسته‌ش به‌رده‌وامه و هه‌رچی بابه‌تێک که په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ به‌زاندنی تابۆ و سنووره‌کانی ژیان و ژیاری مرۆڤ هه‌بێت وه‌کوو بابه‌تێکی دژهخێر و دژه چاکه له کو‌لتووریی مرۆیی‌دا بینراوه، ئه‌م یاسا نووسراو یان نه‌نووسراوه گشتییه‌ی ژیاره جۆراوجۆره‌کانی سه‌ر گۆی زه‌وی تا کاتێک فراوانبوون و جیهانگیریی خۆی پاراست که بابه‌ته‌که نه‌کرا به مایه‌ی شه‌ڕی میتافیزیکی و ئوستووره‌یی نێوان ئایین و مه‌زه‌و و کولتووره‌کان، کاتێک بابه‌ته‌که به‌ره‌و ئه‌م ئاراسته‌یه هات هه‌ر کو‌لتوور “ئایین، مه‌زه‌و، ژیار و…هتد” خۆی به ناوه‌ندی پیرۆزیی و قودسییه‌تی جیهان ناساند و بۆ سه‌لماندنی ئه‌مه‌ش قۆڵی هه‌ڵکرد بۆ ڕشتنی خوێنی هه‌ر که‌سێک که نکۆڵیی له‌م ڕاستییه‌ی باوه‌ڕ و بنه‌مای کولتووره پیرۆزه‌کانی ئه‌وان بکات.
بۆیه شه‌ڕه‌کانی ئێسته وه‌کوو جیهانی کۆن شه‌ڕی نێوان خێر و شه‌ڕ یان چاکه و خراپه نین و شه‌ڕی دوو به‌ره‌یه که هه‌ردووکیان خۆیان به چاکه و خێر ده‌زانن به‌ڵام له ژیر پۆستاڵه‌کانی هه‌ر دوولا خوێنی بێتاوانان و منداڵان و خه‌ڵکانی بێ دیفاعی مه‌ده‌نی چۆراوگه‌ی به‌ستووه! و ته‌نانه‌ت به‌م دیمه‌نه‌شه‌وه هه‌ر به‌ره‌یه‌ک له‌سه‌ر به‌رهه‌قبوونی کرده و خوێنڕستنهکانی خۆی زیاتر و زیاتر مکوڕ ده‌بێت و گوڕێکی دیکه بۆ خوێنڕشتن و درێژه‌دان به شه‌ڕ وه‌رده‌گرێت! به‌داخه‌وه ئیسته‌ی شه‌ڕ و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه نه‌رم و ڕه‌قه‌کانی جیهانی ئێمه ئاوایه و پێده‌چێت ئه‌گه‌ر هه‌ر به‌م ئاقاره‌دا بڕوات ئاسۆیه‌کی تاریک و لێڵ بۆ کۆی شارستانییه‌تی مرۆڤ و ژیان له گۆی زه‌ویدا ببینینه‌وه. لێره‌دا من به شێوه‌یه‌کی کورت و سه‌رپێیی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی حه‌ماس و ئیسرائیل له‌م ڕوانگه‌یه‌وه هه‌ڵده‌سه‌نگێنم و به‌رگرییه‌کی ئینسانیی بچووک له خوێنی ئه‌و قوربانیانه ده‌که‌م که نه له سیاسه‌ت تێده‌گه‌م و نه له مه‌زه‌و! به‌ڵکوو ته‌نها ده‌یانویست پڕ به گه‌روو و سییه‌کانیان هه‌وای زه‌وی هه‌ڵمژن و دڵه غهمبارهکانیان دڵته‌نگانه به کێشی ژیان لێ بدات.
“فه‌له‌ستین و ئیسرائیل؛ ئایدۆلۆژیا و جه‌نگی پیرۆز”
له حاڵێکدا هێرشه‌که‌ی حه‌ماس بۆ سه‌ر ئیسرائیل و هاوکات وه‌ڵامدانه‌وه و هێرشی چروپڕی ئیسرائیل بۆ غه‌ززه و هه‌رێمه‌کانی فه‌له‌ستین و له‌وێشه‌وه بۆ باشووری لوبنان و لێدان له حیزبوڵلا، خه‌ریکه نزیک ساڵێک ده‌که‌وێته‌وه و دۆخی جه‌نگی و حاڵه‌تی نائاسایی بۆ خه‌ڵکی مه‌ده‌نی گه‌یشتووه‌ته کاره‌ساتاویترین ئاستی خۆی و هه‌ر ڕۆژه‌و ڕووی قێزه‌ونی شه‌ڕه‌که زیاتر ده‌رده‌که‌وێت، زۆر گرووپ و هێز و لایه‌نی ئایدۆلۆژیی جیهانی ئیسلامی و ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌باتی قۆڵ هه‌ڵماڵین بۆ وه‌ستاندنی شه‌ڕه‌که و پێشیگرتن له‌و کاره‌ساتانه‌ی که ئیسرائیل به‌سه‌ری منداڵ و ژن و په‌ککه‌وته‌ی خه‌ڵکی غه‌ززه‌دا ده‌یهێنێت به فووکردنی له ئاگری شه‌ڕی مه‌زه‌وی، شه‌قامی ئایدۆلۆژیک و دهرمارگرژ زیاتر ده‌ورووژێنن و ئه‌مه‌ش نه‌ک ته‌نها هیچ سوودێکی بۆ هێزێکی وه‌کوو حه‌ماس و ڕه‌وته به ناو ئیسلامییه‌کانی فه‌له‌ستین نییه، به‌ڵکوو له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی و میدیاییدا کڵپه‌ی شه‌ڕه‌که زیاتر و زیاتر فراون ده‌کات و هه‌روه‌ها بیانووی زیاتر ده‌دات به سوپا و ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل تاکوو ناوه‌نده نێوده‌وڵه‌تییه‌کانی پێ قانیع بکه‌ن که له‌گه‌ڵ چ هێزێکی تیرۆریست و دڕنده‌دا ڕووبه‌ڕوون، ئه‌مه‌ش جگه له ڕێگه‌خۆشکردن بۆ مه‌رگی زیاتری خه‌ڵکی مه‌ده‌نیی فه‌له‌ستین و ئیسرائیل هیچ ئه‌نجامێکی دیکه‌ی نابێت.
ڕاستییه‌کی تاڵ هه‌یه و ئه‌ویش ئه‌مه‌یه که ته‌نانه‌ت پێش سه‌رهه‌ڵدانی داعه‌ش تێڕوانینی تووندئاژۆی ئیسلامیی له‌ڕێگه‌ی گرووپه ڕێکخراو و نیمچهڕێکخراوهکانی (پێشتر له‌وانه ئایدۆلۆژیای وههابییهتهوه) گه‌یشتبووه گوێ و زه‌ینی ڕۆژئاوا و پاش سه‌رهه‌ڵدانی داعه‌ش و بینینی ئه‌و هه‌موو تووندوتیژییه ڕێکخراو و دژه مرۆڤانه‌یه ته‌نانه‌ت به‌شێک له موسوڵمانانیش لێی هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه و ئه‌مه له ڕووی ئایدیۆلۆژیی و هاوسۆزی و هاودڵی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه و له سۆنگه‌ی سایکۆلۆژیی جه‌ماوه‌ره‌وه شکست و له‌ناوچوونی داعه‌شی به‌دوای خۆیدا هێنا، با بگه‌ڕێینه‌وه بۆ مێژوو و چاوێک له دوو ڕه‌وتی توندئاژۆی ئیسلامی واته بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی و سه‌ربه‌خۆیخوازیی چیچان و داعه‌ش بکه‌ین و له‌وێشه‌وه به‌راوردی بکه‌ین له‌گه‌ڵ حه‌ماس و کرده‌وه‌کانی پاش هێرشکردنه‌که‌ی و به‌دواداهات و لێکه‌وته کوشنده و ماڵوێرانکه‌ره‌کانی بۆ خه‌ڵکی بێ‌تاوان و مه‌ده‌نیی غه‌زه و فه‌له‌ستین.
بیست ساڵ پێش ئێستا ژماره‌یه‌ک له ئه‌ندامانی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی و سه‌ربه‌خۆییخوازی چیچان له ئۆپه‌راسیۆنێکی بارمته‌گرتنی سامناک و تۆقێنه‌ردا هه‌زار منداڵی قوتابی و دایک و باوکانیان له شاری بێسلان له باشووری ڕووسیا وه‌کوو بارمته گرت. داواکاریی ئه‌م گرووپه پاشه‌کشێ و چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا و هێزه سه‌ربازییه‌کانی له خاکی چیچان بوو. ئه‌وان به دڵڕه‌قییه‌کی زۆره‌وه ده‌یان منداڵی قوتابییان به‌شێوه‌یه‌کی دڕنده کوشت. ئه‌م بارمته‌گرتنه دڕندانه‌یه له ڕوانگه‌ی زۆربه‌ی پسپۆڕان و شاره‌زایانه‌وه خاڵی کۆتایی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی چیچان بوو؛ بزووتنه‌وه‌یه‌ک که لانیکه‌م بۆ ماوه‌ی پانزه ساڵ دژی حکوومه‌تی ڕووسیا ده‌جه‌نگا. له ڕاستیدا دڕنده‌یی و دڵڕه‌قی بارمته‌گیران به‌ڕاده‌یه‌ک بوو که جه‌وهه‌ری ئامانجی چیچانییه‌کانی بۆ هه‌بوونی ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ له‌گۆڕ ناو و نوقمه‌ساری کرد. هه‌ر ئه‌و کاته یه‌کێک له ڕێبه‌رانی بزووتنه‌وه‌که ڕایگه‌یاند: “هیچ ڕووداوێک به ڕاده‌ی ئه‌م بارمته‌گرتن و کوشتنه‌ی بارمته‌کان نه‌یده‌توانی خه‌سار به‌ر ئێمه بخات و به‌ره‌و خهرهندمان به‌رێت. پاش ڕووداوه‌که‌ی بێسلان خه‌ڵکی دونیا وا ده‌زانن که مادام چیچانییه‌کان ده‌توانن ئاوا منداڵ و ژنان بکوژن و ئه‌نجن ئه‌نجنیان بکه‌ن، ده‌ی که‌واته ئه‌وان کۆمه‌ڵێک خێو و گیانله‌به‌ری دڕنده و ده‌شته‌کین”.
به ده‌ربڕینێکی دیکه قه‌تڵوعامکردنی منداڵان له بێسلان به‌شێوه‌یه‌ک کاره‌ساتاوی بوو که خاڵێکی کۆتایی بۆ چالاکیی و جمووجووڵه‌کانی شامیل باسایۆف؛ ڕێبه‌ری بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی چیچان دانا و هه‌موو ڕه‌وایی و هه‌قبوونی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ی له‌ناو برد. له ئه‌نجامی ئه‌م کاره‌ی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی چیچان و وه‌کوو وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ک “ڤیلادیمیر پووتین” به هه‌موو توانا و هێزی سه‌ربازییه‌وه شاری گرۆزنی پایته‌ختی چیچانی بۆردومان و خاپوور کرد. توندوتیژی و دڵڕه‌قیی پووتین هه‌ر وه‌کوو ئه‌وه‌ی باسایۆف بوو، به‌ڵام چونکه له چوارچێوه‌ی شه‌ڕی کلاسیکی سه‌ربازیدا بوو به به‌راورد له‌گه‌ل دڵڕه‌قی و کارهستاویبوونی کرده‌وه‌ی باسایۆف و بزووتنه‌وه‌که‌ی، که‌متر جێگه‌ی لۆمه بوو. نموونه‌یه‌کی دیکه‌ی ئه‌م دڵڕه‌قی و تووندوتیژییه‌ی شه‌ڕ ئه‌و بازنه دڵڕه‌قانه و توندئاژۆیانه بوو که زۆرێک له بزووتنه‌وه ئیسلامییه‌کان که‌وتنه ناوییه‌وه و ناوی داعه‌ش بوو. ئێمه ئاگادار بووین که داعه‌ش پاش سه‌رهه‌ڵدانی، زۆرێک له ڕه‌وت و بزاڤه ئیسلامییه شۆڕشگێڕانه‌کانی به‌ره‌و خۆی ڕاکێشا بوو، به‌ڵام ئه‌نجامدانی کاری تووندتیژانه واته سه‌ربڕینی خه‌ڵکی به بارمته‌گیراو و ده‌سدرێژیکردنه سه‌ر ژنان و کچان و به تایبه‌تی کاره‌ساتی شه‌نگال و کۆمه‌ڵکوژیی کوردانی ئێزیدی و بهغهنیمهگرتنی ژنانیان و، له کرده‌وه‌دا بوو به‌هۆی نه‌فره‌ت و بێزلێهاتنه‌وه له داعش له ئاستێکی جیهانی و ته‌نانه‌ت ئیسلامیشدا و ئه‌مه سه‌ره‌تایه‌ک بوو بۆ ئاوابوونی ئه‌و هێزه ڕه‌ش و تاریکپه‌رسته.
ئه‌گه‌ر تۆزێک له‌و نموونه مێژووییانه ورد بینه‌وه و چاو له کرده‌وه‌کانی حه‌ماس بکه‌ین که له ژێر ناوی “تۆفانی الاقصی” ئه‌نجامی دا تێده‌گه‌ین که ئه‌وانیش له ژێر هه‌ر ناو یان پاساوێکه‌وه له‌وانه شه‌ڕی ئه‌رزی پیرۆز، شه‌ڕی به‌رگری، شه‌ڕی ئایینی یان هه‌ر شتێکی دیکه بوونه‌ته هۆی ڕهشۆداماڵینی هێزی سه‌ربازی و سوپای ئیسرائیل و کۆمه‌ڵیک تاوان دژ به خه‌ڵکی مه‌ده‌نی ئه‌نجام دراون، که بکهرهکهیان ئیسرائیل و ههڵخڕێنهرهکهی حه‌ماس و وڵاتانی پشتگیر و چه‌پڵه‌لێده‌ری به‌شێوه‌ی بوێرانه و ئاشکرا یان ترسنۆک و ژێره‌وانکێی بوون. بێگومان ئیسرائیل ناتوانێت له ژێر باری هه‌ر کرده‌یه‌کی تاوانبارانه خۆی بدزێته‌وه و هه‌م له ڕای گشتیدا و هه‌م له ناو مێژوودا کرده‌وه‌کانی تۆمار ده‌کرێن، به‌ڵام له‌و لاشه‌وه پێگه‌ی حه‌ماس له زه‌ینی خه‌ڵکی دونیا و ته‌نانه‌ت له زه‌ینی وڵاتانی موسڵمانیشدا هه‌ڵخڕێنه‌ر و ئاشۆدانهرانهیه، ڕه‌نگه به‌شێکی زۆر له موسوڵمانان له ئێسته‌دا به‌هۆی ئایدیۆلۆژیی و لۆژیکی “قودسی پیرۆز” و قیبله‌ی یه‌که‌می موسڵمانان هه‌ر چاو و مێشکیان به‌سه‌ر ئه‌مه داخرا بێت که حه‌ماس به‌ر له‌وه‌ی هێزێکی ئایینی بێت هێزێکی سیاسیی و میلیشیا و بازرگانه، به‌ڵام له‌و لاوه‌ش ئه‌گه‌ر دونیا حه‌ماس وه‌کوو به‌رپرسێکی سه‌ره‌کیی ئه‌م شه‌ڕه نه‌زانێت ئه‌وا وه‌کوو لایه‌نێکی کاریگه‌ری ئه‌م هاتنهئارایهی کاره‌سات و ئاواره‌یی و کوشتنانه ده‌بینێت.
بۆیه هه‌موو ئه‌و هێز و لایه‌نه ئایدۆلۆژیک و بهرچاوناڕوونانهی پشتگیری ئیسرائیل یان حه‌ماس ده‌که‌ن، ده‌بێت به‌ر له‌وه‌ی که‌فوکوڵی خاو و خلیچکی خۆیان ده‌رببڕن و له تریبۆنه پیرۆزه‌کانه‌وه خه‌ڵکی بۆ شه‌ڕ و کوشتن هان بده‌ن، ده‌بێ به خۆیاندا بچنه‌وه و بزانن گاڵته‌کردن به عه‌قڵی خه‌ڵک و خۆڵکردنهوه چاویان باییه‌که‌ی کوشتن و له‌ناوچوونی گیان و ماڵ و حاڵی خه‌ڵکی بێ‌تاوان له وڵاتانی دوورده‌ستی وه‌کوو فه‌له‌ستینه.