“پێشەکی”
ناتۆ، رێکخراوێکی سەربازیی-سیاسییە کە لە ساڵی ١٩٤٩ بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی یەکێتی سۆڤییەتی پێشوو لەلایەن بلۆکی سەرمایەدارییەوە دامەزرا و تا ئێستا ئەم رێکخراوە لە کارو چالاکییەکانی بەردەوامە و تەنانەت ئەرکەکانیشی فرەڕەهەند و فرەئامانج بونەتەوە. لە ئێستادا، ئەگەریی هەڵبژاردنەوەی “دۆناڵد ترەمپ” بە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە گەورەترین ئاڵنگاریی ناوخۆیی دادەنرێت لەبەرامبەر یەکێتی ئەم هاوپەیمانێتییە و لێکهەڵنەوەشانەوە. ناتۆ لە ئێستادا بە هاتنی ترەمپ نیگەرانە، چونکە ناتۆ ئەگەرچی سەرەتا رێکخراوێکی سەربازیی بوو، بەڵام دەکرێ بڵێین باڵی سەربازیی وڵاتانی رۆژئاواییە بۆ جێبەجێکردنی سیاسەت و ستراتیژییان لەئاستی نێودەوڵەتی.
“یەکەم؛ دۆناڵد ترەمپ و ناتۆ”
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، سێبەری خستۆتە سەر لوتکەی ئەم دواییەی ناتۆ لە واشنتۆن و نیگەرانییەکانی سەبارەت بە کاریگەرییە ئەگەرییەکانی سەرۆکایەتیی دووەمی ترەمپ لەسەر داهاتووی هاوپەیمانییەکە. نیگەرانیی ناتۆ ڕووی لە هەڵکشان کردووە بەهۆی وتارەکەی بایدن لە لوتکەی ناتۆ و دەربڕینی نیگەرانی خۆی لەسەر گومانەکانی ترەمپ بەرامبەر ئەم هاوپەییمانیە. لە ئێستادا هەوڵی بەردەوام لەلایەن ئەندامانی ناتۆوە هەیە سەبارەت بە نیگەرانییەکانیان بۆ بازنەی سیاسی ترەمپ و بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکان و کەمکردنەوەی هەر هەڕەشەیەکی هەستپێکراوە. تەنانەت گوتەبێژی کۆشکی سپی لە دوای پاشەکشەی “جۆ بایدن” وەک بەربژێری دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی رایگەیاند کە ترەمپ ببووە هۆی لاوازکردنی ناتۆ و نیگەرانی هاوپەیمانەکانی ئەمریکای زیادکردبوو. هەر بۆیە ڕۆڵی داهاتووی “مارک ڕوت” وەک سکرتێری گشتی ناتۆ و وەک کەسایەتییەکی چارەنووسساز لە پاراستنی یەکێتی هاوپەیمانییەکەدا سەیر دەکرێت، بەتایبەتی لە نێوان گۆڕانکارییە ئەگەرییەکانی سەرکردایەتی ئەمریکادا. پشتگیری بەهێزی ڕوت بۆ ئۆکرانیا و پابەندبوون بە بنەماکانی بەرگری بەکۆمەڵ لە ناتۆ ڕەنگە وەک هێزێکی سەقامگیرکەر بێت، بەتایبەتی ئەگەر “دۆناڵد ترەمپ” بگەڕێتەوە بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا. هاوکات سەرکردەکانی ناتۆ لە ئێستادا ئامادەکارییەکی زۆریان پێوە دیارە بەهۆی گۆڕانکارییە ئەگەرییەکان لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا.
“دووەم؛ سەرچاوەی نیگەرانییەکانی ناتۆ بەرامبەر دووبارە هەڵبژاردنەوەی ترەمپ وەک سەرۆکی ئەمریکا”
ناتۆ نیگەرانە لە گەڕانەوەی “دۆناڵد ترەمپ” بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا بەهۆی ڕەخنەکانی پێشووی ترەمپ لە هاوپەیمانییەکە و پشتگیرییە مەرجدارەکەی بۆ بەرگری بەکۆمەڵ. هەڵوێستی ئەو دەتوانێت یەکێتی ناتۆ و بنەمای بەرگری هاوبەش تێکبدات، بەتایبەت ئەگەر پرسەکانی تایبەت بە خەرجییەکانی بەرگریکردن لە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ لە پێشینەی هاوپەیمانییە ستراتیژییەکان دابنێت. رێبازی ترەمپ بۆ ناتۆ دەتوانێت کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ستراتیژی درێژخایەنی هاوپەیمانێتیەکە هەبێت بە دووبارە داڕێشتنەوەی چوارچێوەی کارکردن و میکانیزمەکانی پارەدان. لە سیناریۆی ئەگەریی دووبارە هەڵبژاردنەوەی ترەمپ، لەوانەیە دووبارە وەک خولی پێشووی سەرۆکایەتییەکەی داوای زیادکردنی خەرجییەکانی بەرگری ناتۆ لە هاوپەیمانانی ئەوروپایی بکات بەوەی کە ٢٪ لە کۆی گشتی بەرهەمی ناپوختەی نیشتیمانی (GDP) وڵاتەکەیان بۆ تێچووەکانی ناتۆ تەرخان بکەن، ئەمەش کاریگەری نەرێنی دەبێت بۆسەر ئەو وڵاتانەی کە ئەو بڕە خەرجیە نەتوانن دابین بکەن و توشی ئەگەری گەرەنتی کەمتری ئەمنی دەبن. ئەمەش دەتوانێت بنەمای سەرەکی بەرگری بەکۆمەڵ لە ناتۆدا بخاتە بەردەم ئالنگارییەکی جیدییەوە. جگە لەوەش، مەیلی ترەمپ بەرەو دانوستانە تاکلایەنەکانە، بە تایبەتی سەبارەت بە ململانێیەکانی وەک ئۆکرانیا. ئەم جۆرە گۆڕانکاریانە ڕەنگە ناتۆ کەمتر یەکگرتوو بکات و زۆرێک لە ئەندامانی ئامادە نەبن بۆ کردەوەی بەکۆمەڵ کە لە مادەی پێنجەم هاتووە. لە مادەی پێنجەمی پەیڕەوی ناتۆدا هاتووە کە: “لایەنەکانی سەر بە پەیماننامەی ناتۆ هاوڕان کە هێرشی چەکدارانە بۆ یەک یان چەند لایەنی ئەندامی ناتۆ لە ئەوروپا یاخود ئەمریکای باکور، بە هێرش لەسەر گشت ئەندامان هەژماردەکرێت”.
لەبەرامبەر ئەم ڕەفتارەی “دۆناڵد ترامپ”، مامەڵەی ناتۆش بۆ سیاسەتەکانی ترەمپ جیاوازییەکی بەرچاوی هەیە لەگەڵ مامەڵەی ئەم هاوپەیمانییە لەگەڵ بایدن بەهۆی ڕێبازە دژبەیەکەکانیان بۆ هاوپەیمانییەکە. جگە لەوەش، مەیلی ترەمپ بەرەو دانوستانە تاکلایەنەکان دەتوانێت ببێتە هۆی کەمبوونەوەی بەشداریکردنی ئەمریکا لە مەشقەکانی ناتۆ و گۆڕینی سەرچاوە سەربازییەکان لە ئەوروپا، سەرۆکایەتی ترەمپ پێدەچێت کاریگەری قووڵی لەسەر ناتۆ هەبێت، بە پلەی یەکەم بەهۆی گومانە مێژووییەکانی بەرامبەر بە هاوپەیمانییەکە. ترەمپ ئاماژەی بە کەمکردنەوەی بودجەی ئەمریکا کردووە و لەوانەیە پابەند نەبێت بە مادەی پێنجەم، کە گەرەنتی بەرگری هاوبەش دەکات. دەکرێ بڵێین کە نیگەرانییەکانی ئەندامانی ناتۆ لە جێی خۆیەتی؛ لە یەکێک لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن لە کارۆلینیای باشور ئاماژەی بەوەدا کە لە کۆبوونەوەیەکی نیوان سەرۆکی وڵاتان، سەرۆکی یەکێک لە وڵاتە گەورەکان و ئەندامێکی ناتۆ لێدەپرسێت ئەگەر پارە بە ناتۆ نەدەین و رووسیا هێرشمان بکاتەسەر ئایا ئێمە دەپارێزی؟ ترەمپ لە وەڵامدا دەڵێت ”نا، بەڵکو هانیشیان دەدەین هەر کارێک کە ویستیان بیکەن، دەبێ پارە بدەن”. ترەمپ ئەم قسانەی لە چاوپێکەوتنیک لەگەڵ رۆژنامەی تایم دووبارە کردەوە و ووتی ”ئەگەر ناتوانن پارە بدەن، کەواتە خۆتان و خۆتان دەمینێنەوە”. واتە ئەمریکا ناچار نییە بەرگریتان لێبکات. لە ڕاستیدا یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم هەڵوێستەی ترەمپ بۆ لایەنی جیۆپۆلیتیکی دەگەڕێتەوە. ترەمپ سەبارەت بە جەنگی ڕووسیا-ئۆکراینا و مەترسییەکانی ڕووسیا بۆ سەر یەکێتی ئەوروپا رایگەیاندووە کە ”ئێمە زەریایەکمان لە نێواندا هەیە بەڵام ئەوان هیچیان نییە”. واتە زەریایەک دەکەوێتە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ڕووسیا، بەڵام ئەوروپا و ڕووسیا دراوسێی یەکن بە واتایەکیتر، ڕووسیا بۆ ئەمریکا مەترسی نییە، بەڵکو مەترسییە بۆ سەر ئەوروپا.
لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا، ترەمپ چەندین رێکاری گرتەبەر کە ئێستا ناتۆ پێی نیگەرانە و بە کێشەی دەزانێت کە بریتیبوون لە:-
1. ترەمپ ئیدیعای کردووە کە وڵاتانی ناتۆ قەرزداری پارەی ئەمریکان: لە واقیعدا هیچ پابەندبوونێکی دارایی بۆ خودی ناتۆ نییە، بەڵام ئاماژە بە رێژەی 2%ە لە بەرهەمی ناپوختەی نیشتیمانی بۆ هەر دەوڵەتیكی ئەندام دراوە بۆ وەبەرهێنان لە توانا سەربازییەکانی ناتۆ و دابینکردنی خەرجییەکانی ئەم رێکخراوە. ترەمپ ئاماژەی بەوەداوە کە کە ئەمریکا نزیکی ١٠٠٪ی خەرجییەکانی ناتۆ دەکات. لە ساڵی ٢٠١٦، ئەمریکا ٧١٪ ی کۆی خەرجییەکانی بەرگری ناتۆی داوە، کە لە ساڵی ٢٠٢٣ واتە لەسەردەمی ئیدارەی جۆبایدن بۆ نزیکەی ٦٨٪کەمیکردووە. زیاد لەمەش لە ئێستادا ئەمریکا نزیکەی ١٦٪ یارمەتییە ڕاستەوخۆییەکانی ناتۆ دابیندەکات کە هاوتای ئەو بڕەیە کە ئەڵمانیا دابینی دەکات واتە ١٦٪. زیاد لەمەش لە حالی حازردا ئەمریکا، پێرسونێلی سەربازیی ئەمریکا لە ناتۆ نزیکەی یەک ملیۆن و ٣٥٠ هەزار سەربازە کەواتە ئەمریکا ناچارە پارەی زۆرتر بە ناتۆ بدات. ترەمپ ڕەخنەی لە سەرۆکەکانی پێشووی ئەمریکا گرتووە بە هۆی ئەوەی کە فشاریان نەخستۆتە سەر هاوپەیمانان بۆ زیادکردنی خەرجییەکان، بە تایبەت هەردوو ئۆباما و بۆش. ترەمپ داوا دەکات کە وڵاتانی ئەوروپی بڕی ٤٠٠ ملیار دۆلار ساڵانە بۆ ناتۆ دابینبکەن.
2. ترەمپ هەڕەشەی کشانەوەی ئەمریکای لە ناتۆ دەکات: و بڕیاری کەمکردنەوەی بودجەی داوە ئەگەر هاوپەیمانان بودجەی بەرگرییەکانیان بەرز نەکەنەوە. بەڵام سەختە ترەمپ بتوانێت ئەم قسەیە تا سەر ببات، چونکە نە ناتۆ دامەزراوەیەکی هێندە لاوازە کە بە بڕیارێک هەڵبوەشێتەوە، نە سەرۆکەکانی ئەمریکا ئەم دەسەڵاتە ڕەهایەیان هەیە کە لە ناتۆ دەربچن. چونکە دواجار ئەمە لە ئاستی نێودەوڵەتی بە زیانی خودی ئەمریکا و لە بەرژەوەندی وڵاتانی وەک چین و رووسیا دەشکێتەوە. جۆزپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە بەرپەرچدانەوەی قسەکانی ترەمپ ڕایگەیاند کە ”ناکرێ ناتۆ هاوپەیمانێتییەکی سەربازیی بێت کە بە ڕەفتارەکانی بەرمەبنای میزاجی سەرۆککۆماریی ئەمریکا بگۆڕدرێت”.
3. هەڕەشەکانی ترەمپ بۆ دەستبەردار بوون لە هاوپەیمانان: ترەمپ لە ماوەی سەرۆکایەتی جەختی کردە سەر ئەوەی کە بەرگری لە هاوپەیمانەکانی ناتۆ ناکات گەر سەرپێچی لە خەرجییەکانی بەرگریدا بکەن، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ڕەنگە ڕێگە بە وڵاتێکی وەک ڕووسیا بدات بە ئازادی دژی ئەو وڵاتانە مامەڵە بکات، ئەمەش بنەمای بەرگریی بەکۆمەڵیی ناتۆ تێکدەدات. خودی “شارل میشێل”، سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتی ئەوروپا بۆچوونەکانی ترەمپی بە زیانی ناتۆ و بە سوودی پوتین وەسفکردووە.
4. هێرشە سەر زارەکییەکانی ترەمپ: دۆناڵد ترەمپ زۆرجار ڕەخنەی لە ناتۆ گرتووە، بە باو نەماو و کۆن ناوی دەبات و جەختی لەسەر باری گرانی دارایی ئەم رێکخراوە لەسەر ئەمریکا کردۆتەوە، کە ئەم هەڵویستەش نیگەرانییەکانی وڵاتانی ئەوروپای ئەندام لە ناتۆ سەبارەت بە یەکگرتوویی هاوپەیمان وروژاندووە.
بەرپرسانی ناتۆ نیگەرانی خۆیان دەربڕییووە لەوەی کە ئەم جۆرە لێدوانانە دەتوانن نەیارانی وەک ڕووسیا بوێر بکەن و بنەمای بەرگریی بەکۆمەڵ لە هاوپەیمانییەکەدا تێکبدەن. ئەم کارانەی ئیدارەی ترەمپ بەشدارییان لە گرژییەکان لەناو ناتۆدا کردووە و ترسیان لەبارەی پابەندبوونی ئەمریکا بە هاوپەیمانییەکەوە وروژاندووە.
“سێیەم؛ سەرکردەکانی ناتۆ چاڵاکانە خۆیان بۆ سەرۆکایەتییەکی ئەگەری ترەمپ ئامادە دەکەن بە جێبەجێکردنی چەندین ستراتیژی”
سەرۆکایەتی ترەمپ پێدەچێت کاریگەری قووڵی لەسەر ناتۆ هەبێت، سەرەڕای ئەوە مەیلی ئەو بۆ لە پێشینەیی “ئەمریکا یەکەمە” دەتوانێت ببێتە هۆی کەمبوونەوەی بەشداریکردنی ئەمریکا لە ئۆپەراسیۆنەکانی ناتۆ و مەشقە هاوبەشەکاندا، کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە باری بەرگریکردن لە خودی ئەندامە ئەروپییەکانی ناتۆ دەگوازێتەوە سەر خودی ئەم وڵاتانە. ئەم سیناریۆیە دەتوانێت گرژییەکانی ئێستا لە ناو ئەوروپادا تووندتر بکات و تەحەدای چوارچێوەی ئاسایشی بەکۆمەڵیی ناتۆ بکات، ئەمەش وا لە دەوڵەتانی ئەوروپا دەکات کە توانا سەربازییەکانیان بە شێوەیەکی سەربەخۆ بەرز بکەنەوە دوور کەونەوە لە پشت بەستن بە ئەمریکا. هەر بۆیە ناتۆ بۆ ڕوبەرووبونەی ئەگەرەکانی دووبارە سەرۆکایەتی ئەمریکا هەوڵیداوە چەندین ڕێکار بگرێتەبەر:-
- زیادکردنی خەرجیی بەرگری: هاوپەیمانان هەوڵدەدەن بودجەی بەرگرییەکانیان بەرز کەنەوە بۆ ئەوەی پابەندبوونی بەرهەمی ناوخۆیی بە ڕێژەی 2% جێبەجێ بکەن.
- پشتگیریکردنی زیادتری ئۆکرانیا: ناتۆ سندوقێکی یارمەتی هاوبەش بۆ ئۆکرانیا دادەمەزرێنێت و یارمەتی سەربازی بەرز دەکاتەوە، دڵنیای دەدات لە پشتیوانی بەردەوام بەبێ گوێدانە گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئەمریکا. ئەمەش بە مەرجێک ئەگەر بێتوو لە ئەگەری هاتنی ترەمپ، جەنگی رووسیا-ئۆکرانیا نەوەستێت یاخود وڵاتانی ئەوروپی هەست بەوە بکەن کە لە دوای ئۆکرینا، ئەگەری هەیە رووسیا هێرشبکاتە سەر یەکێک لەو دەوڵەتانەی رۆژهەڵاتی ئەوروپا کە پێشتر سەر بە یەکێتی سۆڤیەت بوونە.
- دامەزراندنی میکانیزمەکانی پشتیوانی: گفتوگۆکان لە ئارادان بۆ دروستکردنی چوارچێوەی بەهێزتر بۆ یارمەتی سەربازی بۆ ئۆکرانیا، کەمکردنەوەی پشتبەستن بە بەشدارییەکانی ئەمریکا.
- بەهێزکردنی بەرگری ئەوروپا: دەوڵەتانی ئەوروپا خەریکی خۆ بەهێزکردنن بە هۆی مەترسی ئەتۆم و هەوڵی بەرزکردنەوەی ڕۆڵی خۆیان دەدەن لە توانا سەربازییەکانی ناتۆ، هەرەوەها گرنگترینیان کەمکردنەوەی پشتبەستنیانە بە بەشدارییەکانی ئەمریکا.
ئەم رەفتارانەی ئەندامە ئەوروپییەکانی ناتۆ ئامانجیان ئەوەیە کە ناتۆ خۆڕاگرییەکەی لە نێوان دۆخەکانی نادڵنیایی سەبارەت بە سەرکردایەتی ئەمریکا مسۆگەر بکات. هەروەها وڵاتانی ئەوروپا بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە وەڵامی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپیان داوەتەوە سەبارەت بە ناتۆ، وە نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بە ئاسایشی بەکۆمەڵ لەوانەش:-
1. ئەڵمانیا: سەرۆک وەزیرانی ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز لێدوانەکانی ترەمپی بە ’بێ بەرپرسیارەتی و مەترسیدار ناوبردووە کە جەختکردنەوەیە لەسەر بەرژەوەندییەکانی ڕووسیا و یەکێتی ناتۆ تێکدەدەن.
2. پۆڵەندا: دۆناڵد توسک، سەرۆکوەزیرانی پێشوو، داوای هاوپەیمانییەکی سەربازیی بەهێزی ئەوروپای کردووە، بەو پێیەی لێدوانەکانی ترەمپ تیشک دەخاتە سەر پێویستی زیادکردنی هاوکاری بەرگری.
3. یەکێتی ئەوروپا: جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، بیرۆکەی ناتۆی وەک هاوپەیمانییەکی هەڵبژێردراو ڕەتکردەوە، جەختی لەسەر گرنگی یەکهەڵوێستی ئەندامانی ناتۆ لە پرسەکانی تایبەت بە بەرگریی و ئاسایش کرد.
4. سەرکردایەتی ناتۆ: سکرتێری گشتی یێنس ستۆڵتنبێرگ، ڕایگەیاند کە هەر پێشنیارێک بۆ بەرگری نەکردن لە هاوپەیمانەکانی ناتۆ، ئاسایشی وڵاتانی ئەندام دەخاتە مەترسییەوە؛ دووپاتی پابەندبوونی ناتۆی کردەوە بۆ بەرگری بەکۆمەڵ لە گشت ئەندامانی ئەم رێکخراوە.
ئەم کاردانەوانە ڕەنگدانەوەی بەرزبوونەوەی نیگەرانی لە نێوان سەرکردەکانی ئەوروپادایە بۆ بەهێزکردنی تواناکانی بەرگریکردنیان لە نێوان نادڵنیاییەکانی پشتیوانییەکانی ئەمریکادا.
“چوارەم؛ دامەزراندنی مارک ڕوت وەک قەڵغانی ناتۆ بەرامبەر ترەمپ”
دامەزراندنی “مارک ڕوت” وەک سکرتێری گشتی داهاتووی ناتۆ لە کاتێکی گرنگدایە، بە تایبەت لەگەڵ ئەگەری گەڕانەوەی “دۆناڵد ترەمپ” بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا. ڕوت بەهۆی رێبازی پراگماتیک و تواناکانی لە دروستکردنی هاوپەیمانیدا ناسراوە، کە وەک پێویست دەبینرێت بۆ ڕووبەڕووبەنەوەی ئەو ئالنگارییانەی کە لێدوانەکانی ترەمپ بەرامبەر بە ناتۆ خستوویەتیەڕوو. ئامانجی سەرکردایەتیکردنی ڕوت پاراستنی یەکێتی ناتۆیە لە نێوان ٣٢ هاوپەیمانەکەدا بەتایبەتی لە بەرامبەر دەستدرێژیەکانی ڕووسیا و بەرزبوونەوەی رەوتی پۆپۆلیزم لە ئەوروپادا. بەریەککەوتنەکانی ڕابردووی ڕوت لەگەڵ ترەمپ پێشنیاری ئەوە دەکەن کە ئامادەیە بۆ جەختکردنەوە لەسەر بەرژەوەندییەکانی ناتۆ لە هەمان کاتدا بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی ترانس ئەتڵەسی، واتە لە ناو ئەو وڵاتانەی کە هاوپەیمانی ئەمریکا/ناتۆن لە ناوچەکانی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ڕۆڵی داهاتووی مارک ڕوت وەک سکرتێری گشتی ناتۆ و وەک کەسایەتییەکی چارەنووسساز لە پاراستنی یەکێتی هاوپەیمانییەکەدا سەیردەکرێت، بەتایبەتی لە نێوان گۆڕانکارییە ئەگەرییەکانی سەرکردایەتی ئەمریکادا. چاوەڕوان دەکرێت ئەزموونی کارامەیی دیپلۆماسی و بنیاتنانی کۆدەنگی ”ڕوت” هاوکاری لە نێوان وڵاتانی ئەندامدا بەرزبکاتەوە، کە باس لە ئاڵنگارییەکانی وەک خەرجییەکانی بەرگری و ئاسایشی ناوچەیی دەکات. سەرکردایەتیەکەی مارک رۆت دەتوانێت یارمەتی ناتۆ بدات لە دابەشکارییە ناوخۆییەکان و ئامانجە ستراتیژییەکانی لە قۆناغێکی گرنگدا بۆ ئاسایشی ئەوروپا بەهێز بکات. ناتۆ، مارک ڕوتی وەک سکرتێری گشتی داهاتوو دەستنیشان کردووە بۆ دەستەبەرکردنی سەرکردایەتییەکی بەهێز لە قۆناغێکی گرینگدا کە شەڕی ڕووسیا لە ئۆکرانیا و نادڵنیایی سەبارەت بە پشتیوانی ئەمریکا لە ئەگەریی دووبارە هەڵبژاردنەوەی ئەگەری ترەمپدا. ڕوت، داکۆکیکارێکی سەرسەختی ناتۆ و ئۆکرانیاییە، وەک کۆدەنگییەک سەیر دەکرێت کە توانای بەڕێوەبردنی بەرژەوەندییە جۆراوجۆرەکانی هاوپەیمانییەکەی هەیە. دامەزراندنی ئەو لەلایەن ئەندامانی سەرەکی ناتۆوە پشتگیری کراوە لەوانەش ئەمریکا، سەرەڕای ناڕەزایەتی سەرەتایی لە هەنگاریا و تورکیا.
“پوختە”
هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا کە لە مانگی تشرینی دووەم بەڕێوە دەچێت، بووهتە هۆی نیگەرانیەکی گەورە لە نێوان ئەکتەرە نێودەوڵەتیەکان لە ئەگەری دووبارە هەڵبژاردنی ترەمپ وەک سەرۆکی ئەمریکا، دووبارە هاتنەوە سەر دەسەڵاتی کۆمارییەکان کە لە ئێستادا دەنگی ڕەشپێستەکانیش لەگەڵ کۆمارییەکانە هەر بۆیە ئەگەرێکی زۆر هەیە بۆ بردنەوە لە هەڵبژاردن. هەموو ئەمانەش بوونەتە هۆی جێی نیگەرانی ناتۆ بە هۆی ئەوەی سیستەمێکی دوو-قات هەیە لە ناتۆدا کە پێ هاتووە لە دەوڵەتە گەورە و بەهێزەکان لەگەڵ دەوڵەتە بچووک و کەمتر بەهێزەکان. هەر بۆیە داوای ئەمریکا بە تایبەت لەلایەن ترەمپەوە بۆ زیادکردنی خەرجییەکانی بەرگری ئەوروپا بەرپرسیارێتی هێزی زەمینی زیادتر دەگوازێتەوە بۆ ئەوروپا و دەتوانێت کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر وڵاتانی ئەندامی بچووکتر هەبێت. هاوپەیمانانی بچووکتر لەوانەیە ڕووبەڕووی کەمبوونەوەی گەرەنتیەکانی ئاسایشی ئەمریکا ببنەوە ئەگەر نەتوانن ئەرکەکانی پارەدارکردنی ناتۆ بەدی بهێنن، ئەمەش بنەما سەرەکییەکانی بەرگری و هاودەنگی ناتۆ تێکدەدات. ئەو سیناریۆییە دەتوانێت گرژییەکانی ئێستا لە ناو ئەوروپادا توندتر بکات و تەحەدای چوارچێوەی ئاسایشی بەکۆمەڵیی ناتۆ بکات، ئەمەش وا لە دەوڵەتانی ئەوروپا دەکات کە توانا سەربازییەکانیان بە شێوەیەکی سەربەخۆ بەرز بکەنەوە.