“ڕەهەندی ئەخلاقی دینی، ڕەهەندی ئەخلاقی عیرفانی ڕەهەندی ئەخلاقی ئەقڵی”
دین هەموو شتێكی تێدایە، لەبەر ئەوەی پەیامێكی گشتییە بۆ هەموو مرۆڤەكان دەشێت. بەڵام دین هەتا ڕادەیەك ئیشقی تێدا نییە. چونكە كاری پەیامبەران ئەوەیە كە مرۆڤ بێدار بكەنەوە و موژدەی پێ بدەن و بیترسێنن. جا لەبەر ئەوەی پەیامبەران ئەشقیان نەكردووە بە ئەرك بۆ مرۆڤایەتی. چونكە ئەشق دژوارە و هەموو كەس ناتوانێت ببێتە خاوەنی جگە لە عاریفان و پەیامبەران. دین و ئەخلاق دەبنە تەواوكەری یەكدی. بەڵام ئێمە هەم ئەخلاقی دینیمان هەیە هەمیش ئەخلاقی عیرفانی هەمدیسان ئەخلاقی ئەقڵی. دەبێت ئەمانە شرۆڤە بكەین هەتاكوو بگەین بە ئەنجام و مافی یەك دانەشیان پێشێل نەكەین. ناكرێت تاكڕەهەند بیت.
ئەخلاقی دینی لایەنی خوداناسییەكەی بریتییە لە ترس و پاداشت. بەڵام لایەنی مەعریفەی دینی بریتییە لە دادپەروەریی و ڕاستگۆبوون كە ئەم دوو زاراوەیە «دادپەروەریی و ڕاستگۆیی» لە هەمان ئەخلاقی ئەقڵیشدا بوونیان هەیە. ئەخلاقی عیرفانیش هەیە، تۆ لەبەر ئەو ئیشقەی كە هەتە بۆ بوونەوەران ئیدی چ مرۆڤ بێت یاخود بوونەوەری دیكە، ئەوە لەسەر بنەمای عیشق بونیادی دەنێیت. واتە ئەخلاقی عیرفانی زیاتر بنەماكەی ئیشقە. ئەوەی دینداری ڕاستەقینە بێت و ئەخلاقمەدار بێت، ئەوە دیارە بنەماكەی مەعریفەی پاكیزەیە. ئەگەر نا دین بەبێ مەعریفەت تاڕادەیك ناتوانێت كەسایەتی دیندار بگات بە خاوەن ئەخلاق. عیرفان كرۆكی دینە. مرۆڤ ئەگەر بێ عیرفان بژی ئەی چۆن دەتوانێت لە گەوهەری دین تێبگات؟ عاریفان و پەیامبەران گشتیان خاوەنی ئیشق و عیرفان بوون. ئەگەر نا چۆن دەتوانن لەگەڵ خەڵكی میهرەبان بن بەتایبەت حەزرەتی “موحەمەد”.
هیچ پەیامبەرێك ئەوەندی “موحەمەد”ی ئازیز بەدەست بەرامبەرەكەی ئازاری نەچێشتووە. ئەگەر ئەم سەبرەی كە ئەو هەیەتی هیی عیرفان نییە ئەی هیی چییە؟ كەوابوو بەم شێوەیە عیرفان گەوهەری دینە. بۆیە مرۆڤ دەبێت هەر سێ ڕەهەند لەبەرچاو بگرێت كە بریتین لە: ئەخلاقی ئەقڵی، ئەخلاقی عيرفانى، ئەخلاقی دينی. بەم شێوەیە دینداری كامڵ دەردەچێت. ئەخلاقی دینيی و ئەخلاقی عیرفانیی و ئەخلاقی ئەقڵی زۆربەی كات لەگەل یەكتر ئاوێتەن. ئەخلاقی ئەقڵی ئەوەیە كە: ئەوەی بۆ خۆم پێم پەسەندی ناكەم ئەوە بۆ تۆش پەسەندی نەكەم. ئەمەش لە هەمان ئەخلاقی دینیدا هەیە، لە ئەخلاقی عیرفانیشدا هەیە. ئەنجا پەیامبەری ئـازیـز بـە ئەقڵ و ئیشق گەییشتووە بـەم پێگەیەی كـە ئێستا هەیە و هەر دەشمێنێت. بەڵام ئەو ئەقڵ و ئیشقەی بۆ من و تۆی پەیڕەوكار بەیان نەكردووە. چونكە وەك ئەو ئازیزە بەرگەی ناگرین و پیاوی ئیشق نین. جا ئەو پەیامەی ئەو هێناویەتی پڕیەتی لە خەیر و چاكە و ئەخلاق و ئەوەی بڵێی باشە تیایەتی. بەڵام ئەگەر كەسێك بگات بە پێگەی ئەقڵ و ئیشقی پاكیزە، ئەوە هەتا ڕادەیەك لە ئەخلاقی دینیدا نامێنێتەوە. بەڵكوو بەرەو باڵاتر دەڕوات. هەر لە بنەڕەتدا پێگەی مرۆڤ ئەوەیە كە بە كەم ڕازی نەبێت. مەولانا دەڵێت: ئەو كەسەی كە لە پێگەی عيشقدا قەناعەت دەكات، ئەوە قوڕ بەسەر ئەو ڕازیبوونەی. چونكە ئیشق كۆتایی نییە.
بەڵێ مرۆڤ دەتوانێت دەست بگرێت بە قورئانەوە كە ئەوەش بۆ خۆی خەیر و بەرەكەتە. بەڵام دەبێت بە هەر سێ ڕەهەندەكەوە كە بریتی بوون لە: ئەخلاقی ئەقڵیی و ئەخلاقی عیرفانیی و ئەخلاقی دینی. بەم شێوەیە مرۆڤ دەتوانێت ڕوو بە پلەی كەماڵ بڕوات. بۆ ئەخلاقی دینیش كە ڕێپێدراوە چوار هاوسەر هەبێت كێشەی نییە با هەبێت. بەڵام لێرەدا مرۆڤ ئەوەندە ناتوانێت دادپەروەریی و ئەخلاق لەبەرچاو بگرێت ئەگەر مەعریفەیەكی كامڵی نەبێت. ئەم سەردەمەش بۆخۆت دەزانی چۆنە. لێرەدا دەڵێم ئەخلاق بەبێ دين چ مانایەكی هەیە؟
مرۆڤ ئەگەر بیەوێت مرۆڤبوونی خۆی بسەلمێنێت، ئەوە دەبێت هەر سێ ئەخلاق لەبەرچاو بگرێت. بەڵام خۆ دەشكرێت و كراویشە لەم جیهانی بوونەدا كە مرۆڤ هەیە ئەخلاقمەدارە بەڵام دینداری تەواو نییە. هەیشە ئاقڵە بەڵام دیندار نییە. هەموو ئەمانە هەن و دەكرێت دۆخی خاوەنەكەیان لەبەرچاو بگریت و بە یەك چاو بۆیان بڕوانیت، چونكە ئەوانیش خوڵقێنراوی خودان. دین دەتوانێت وزە ببەخشێت بە ئەخلاق. ئەخلاقیش یارمەتی دین دەدات. هەموو ئەوەی كە هەیە بەڕاستی ناز و نیعمەتێكە بۆ ئێمەی مرۆڤ هەتاكوو بتوانین مرۆڤبوونی خۆمان بسەلمێنين. ئەم مرۆڤبوونەیش ئەوكاتە دێتە ئاراوە كە دەمارگرژ نەبین بەڵكوو خاكەڕا و میهرەبان بین.