دەزگا هەواڵگرییەکانى ئەمەریکا لە راپۆرتێکدا؛ هەریەکە لە چین و ڕووسیا و ئێران و کۆریاى باکوور، بە دیارترین ئەو وڵاتە دادەنێن کە هەڕەشە لە ئاسایشى ئەمەریکا دەکەن. هەروەها بابەتى کۆچ و شەڕى ئەلیکترۆنى و تیرۆر و ماددە هۆشبەرەکانیش بە هەڕەشەیەکى جیهانى ناودەبەن. دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا وەکو نەریتێکى ساڵانە، لەڕێگەى ئاژانسى هەواڵگرى ناوەندى (CIA)یەوە، ڕاپۆرتی هەڵسەنگاندنى ساڵانەی خۆیان ئامادە دەکەن و لەکۆبوونەوەى لیژنەی هەواڵگری ئەنجومەنى پیراندا تاوتوێى دەکەن. راپۆرتەکە هەڵسەنگاندن بۆ ئەو مەترسییانە دەکات کە ڕووبەڕووی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا دەبێتەوە.
راپۆرتەکە لە دوو بەش پێکدێت، بەشى یەکەم باس لە دیارترین ئەو دەوڵەتانە دەکات کە هەڕەشەن لەسەر ئاسایشى نەتەوەیى ئەمەریکا، بەشى دووەمیش هەڕەشە ناتەقلیدی و سنووربەزێنەکان لەخۆدەگرێت کە بریتین لە: تەکنەلۆژیا، کۆچکردن، بازرگانیکردن بە مرۆڤ، تیرۆر، مەترسییە تەندروستییەکان و کێشەکانى دیکە.
“چین؛ ئەتۆمى و ئابوورى”
لە بەشى یەکەمى راپۆرتەکەدا باس لە چین دەکات و دەڵێت: چین لەرێگەى ئامادەکارییەکى پێشوەختە بۆ ئاڵنگارییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی هەژموونی ئەمەریکاوە، ئامانجی ئەوەیە ببێتە زلهێزێکی باڵادەستی جیهانی. بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی پارتی کۆمۆنیستی چین، لێهاتووانە هێزی ئابووری و هێزی سەربازی و باڵادەستی تەکنەلۆژی تێکەڵ دەکەن (…) دەستپێشخەرییەکانی وەک دەستپێشخەری پشتێن و ڕێگا، لەگەڵ پەیوەندییە ستراتیژییەکانى لەگەڵ وڵاتانی وەک ڕووسیادا، تواناکانی بەهێزتر دەکەن.
لەبارەى تواناى سەربازى چینەوە، لە راپۆرتەکەدا هاتووە؛ چین چالاکانە لە هەوڵی دامەزراندنی هێزێکی بەرگری نیشتمانی و سەربازی مۆدێرندایە، لەوانەش مۆدێرنکردنی هێزی ئەتۆمی خۆی، کە دەبێتە هۆی زیادبوونی متمانەی بە تواناکانی. سەربارى ئاماژەدان بە خاڵە بەهێزەکانى چین، راپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر خاڵە لاوازەکانى چین و دەڵێت: چین ڕووبەڕووی ئاستەنگی ناوخۆیی دەبێتەوە، وەکو: خاوبوونەوەی گەشەی ئابووری و ناڕازیبوونی جەماوەر لە سیاسەتە توندەکانى حکومەت، کە ڕەنگە ڕێگری لە خواستەکانی بکات. هەروەها ڕووبەڕووی ئاڵنگارى دابەزینی ڕێژەی لەدایکبوون و دابەزینی ڕێژەی هاوسەرگیری دەبێتەوە”.
“شەڕى ئۆکرانیا و بەرژەوەندییەکانى ڕووسیا”
لە راپۆرتى ساڵى (2023)دا، بەشێکى تایبەتى بۆ شەڕى ئۆکرانیا و ڕووسیا تەرخانکرابوو، بە تایبەتی کاریگەرییە ئابوورییەکانی. بەڵام لە راپۆرتى ئەمساڵدا پرسی شەڕی ڕوسیا و ئۆکرانیای لە چوارچێوەی بەشی ڕوسیادا یەکخستووە، ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ کەمبوونەوەى بایەخ و کاریگەرى ئەو شەڕە لەلاى ئەمەریکیەکان، بەجۆرێک بووەتە بابەتێکى ئاسایى پەیوەست بە مەترسییەکانی ڕوسیاوە. دەربارەى شەڕى ڕوسیا و ئۆکرانیا، لە راپۆرتەکەدا هاتووە؛ ڕووسیا بە شەڕی شەڕانگێزانەی لە دژی ئۆکرانیا زیانێکی زۆری گەیاندووە، چ لە ئاستی ناوخۆ و چ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا؛ ئەمەش بووەتە هۆی تێکچوونی ناوبانگی نێودەوڵەتی مۆسکۆ و زیانی سەربازیی قورسی لێکەوتۆتەوە. هەروەها وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەقینەش بۆ ڕۆژئاوا ماوەتەوە.
راپۆرتەکە گریمانەى بەردەوامبوونى شەڕەکە بۆ ماوەیەکى درێژ دەکات و رایدەگەیەنێت؛ سەرەڕای زیانە گەورەکانی ڕووسیا لە شەڕی لەگەڵ ئۆکرانیادا، بەڵام دۆخی ئێستا لە بەرژەوەندی مۆسکۆدایە، بەتایبەتی کە بەردەوامە لە پەرەپێدانی توانا دوورمەودا و تەقەمەنیەکانی، ئەمەش ڕێگەى دەدات بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ توانای بەردەوامبوونی لە شەڕکردن هەبێت.
لە راپۆرتەکەدا مەترسیەکانى ڕووسیا لە چەند ئاستێکدا خراوەتەڕوو کە بریتین لە:- رووسیا بە پتەوکردنی پەیوەندییەکانى لەگەڵ چین و ئێران و کۆریای باکوور، هەوڵدەدات بەرژەوەندییەکانی خۆی دەربخات و لە ئاستی جیهانیدا بەرگری لێبکات و ئاڵنگارییەکى گەورە بۆ ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا دروست بکات. هەروەها مۆسکۆ زیاتر پشت بە تواناکانی بەرپەرچدانەوەی ستراتیژی ئەتۆمی و بۆشایی ئاسمان دەبەستێت، لەهەمانکاتدا کار بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی هێزی وشکانی دەکات و بەردەوام توانا سیخوڕییەکەی باشتر دەکات. جگەلەوانەش ڕووسیا مەترسییەکی بەردەوامی ئەلیکترۆنی دروست دەکات، چونکە بۆ فشار خستنە سەر بڕیارى دەوڵەتانی دیکە، پچڕانی ئەلیکترۆنی وەک ئامرازێکی سیاسەتی دەرەوە بەکاردەهێنێت.
“خاڵە بەهێز و لاوازەکانى ئێران”
راپۆرتەکەى ئەمەریکا سەرەتا تیشکدەخاتە سەر خاڵە ئەرێنیەکانى ئێران و دەڵێت: ئێران هەوڵدەدات پێگەی خۆی وەک زلهێزێکی ناوچەیی بچەسپێنێت، لەهەمانکاتدا مەترسی لەسەر بەرژەوەندی و هەژمونی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست بکات، هەروەها بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی، سوود لە سەرکەوتنە سەربازییەکان و پشتیوانیکردنی بریکارەکانى و فراوانکردنی هەژمونی دیپلۆماسی دەبینێت. وەکو راپۆرتەکە روونیدەکاتەوە ئێران لەسەر دوو ئاست مەترسى دروستدەکات، یەکەمیان لەسەر ئاستى ئەتۆمیە، چونکە “ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو بەرنامە ئەتۆمیەکەی فراوانتر کردووە؛ لەدۆخێکدایە ئەگەر بیەوێت ئەوا دەتوانێت ئامێرێکی ئەتۆمی بەرهەمبهێنێت”. ئاستى دووەمیان ڕێبازی شەڕی تێکەڵاوە کە ئێران پەیڕەوى دەکات و توانای نەریتى و نانەریتى تێکەڵ دەکات، لەوانەش بریکارە چەکدارەکانى، لەو ڕێگەیەوە هەڕەشەیەکی بەردەوام بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا دروستدەکات.
سەبارەت بە تواناى چەک و تەقەمەنى ئێران، ئەمەریکیەکان دەڵێن: ئێران خاوەنی گەورەترین کۆگای مووشەکی بالیستیکییە لە ناوچەکەدا، سەرنجی لەسەر باشترکردنی وردبینی و کوشندەیی و متمانەپێکراوییەتى. توانای مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و بەرگری ئاسمانی و دەریایی ئێران؛ مەترسی لەسەر سامانی بازرگانی و سەربازی ئەمەریکا و هاوبەشەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروستدەکات. ئەمەریکیەکان خاڵە لاوازەکانى ئێرانیش دەخەنەڕوو کە بریتین لە ئاستەنگى ناوخۆیى و دەرەکى، لەوبارەیەوە لە راپۆرتەکەدا هاتووە: ئێران بەرەوڕووی ئاستەنگی ناوخۆیی دەبێتەوە وەک: لاوازی ئەدای ئابووری، هەڵکشانى ڕێژەى هەڵاوسان، ناڕەزایی کۆمەڵایەتی، پشتبەستنی زۆری ئێران بە داهاتی هەناردەکردنی نەوت بۆ چین، لەکاتێکدا کە گەشەی چین بەرەو دابەزین دەڕوات، ئەمە جگەلە پرسی جێنشینی خامنەیى، کە ئێستا تەمەنی زیاتر لە هەشتا ساڵە.
“مەترسییەکانى کیم جۆنگ ئون”
بەشێکى دیکەى راپۆرتەکە تایبەتە بە کۆریاى باکوور، لێرەدا بە پێچەوانەى وڵاتانى دیکەوە ئاماژە بەناوى سەرۆکى وڵاتەکە دەکات و دەڵێت: کیم جۆنگ ئونى سەرۆکی کۆریای باکوور بەردەوامە لە پەرەپێدانی توانا سەربازییە ئەتۆمییەکان و ئاساییەکان کە هەڕەشە لە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی دەکات، ئامانجیشی ئەوەیە کە ژینگەی ئەمنی ناوچەکە لە بەرژەوەندی خۆیدا دابڕێژێتەوە. کیم بەتوندی پابەندە بە فراوانکردنی جبەخانەی چەکی ئەتۆمی کۆریای باکوور؛ فەرمانیداوە بە زیادکردنی کۆگای چەکی ئەتۆمی و بەرهەمهێنانی ئەو ماددە ئەتۆمیانەی کە لە دروستکردنی چەکدا بەکاردەهێنرێن.
ئەمەریکیەکان پەیوەندییە دەرەکییەکانى کۆریاى باکوور بە مەترسى دەزانن و دەڵێن: بۆ بەدەستهێنانی قازانجی دارایی و پاڵپشتی دیپلۆماسی و هاوکاری بەرگری، کۆریای باکوور هەوڵدەدات پەیوەندییەکی بەهێزتر لەگەڵ چین و ڕووسیا دروست بکات، هەروەها سەرقاڵی هەڵدانی مووشەک دەبێت بۆ ئەوەی تیشک بخاتە سەر ئەو مەترسییەی کە لەشکری وڵاتەکەی دروستی دەکات، بەتایبەتی لە وەڵامی هاوکاری سێ قۆڵی نێوان ئەمەریکا و ژاپۆن و کۆریای باشووردا.
بەلێکدانەوەى ئەمەریکیەکان، بەرنامە ئەلیکترۆنییەکانى کۆریاى باکور هەڕەشەیەکى مەترسیدارە و لەوبارەیەوە دەڵێن: لەڕووی سیخوڕی و تاوانی ئەلیکترۆنی و هێرشی تایبەتەوە، بەرنامەی ئەلیکترۆنی کۆریای باکوور هەڕەشەیەکی ئاڵۆز و چالاکە. لەگەڵ پێگەیشتنی هێزی ئەلیکترۆنی و توانای گەیشتن بە ئامانجە ستراتیژییەکانی لە بەرامبەر ئامانجە جۆراوجۆرەکاندا، لەوانە ئەمەریکا و کۆریای باشوور، کۆریای باکوور بەردەوامە لە هەڵمەتە ئەلیکترۆنییەکانی، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر دزینى دراوە کۆدکراوەکان و سپیکردنەوەی پارە و هێشتنەوەی کرێکارانی بوارى تەکنەلۆژیاى زانیارى لە دەرەوەی وڵات، تاوەکو پارەی زیاتر بەدەستبهێنن.
“مەترسیەکانى حەماس و تاڵیبان”
ڕاپۆرتەکەی ئەمەریکا جەخت لەوەدەکاتەوە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ئۆکتۆبەری (٢٠٢٣) و وەڵامدانەوەی سەربازیی ئیسرائیل لە غەززە، بووەتە هۆی زیادبوونی گرژییەکان لە ناوچەکەدا؛ چونکە لەلایەک بریکارەکان و هاوبەشەکانی ئێران ئۆپەراسیۆنی دژە ئەمەریکی ئەنجام دەدەن و پشتیوانی لە هێرشەکانی دژی ئیسرائیل دەکەن. لەلایەکى دیکەوە تێکچوونی باری مرۆیی له غەززه گوشاری نێودەوڵەتی بەسەر ئیسرائیلدا دەسەپێنێت، جگەلەوەى “ئەو هێرشانەی به پاڵپشتی ئێران دەکرێن، دەبنە هەڕەشه بۆ سەقامگیری لوبنان، عێراق، کەنداو و دەریای سوور”. بەڵام “بەدڵنیاییەوە ئێران و ئیسرائیل نایانەوێت ڕاستەوخۆ ململانێی یەکتر بکەن”. ئەمەریکیەکان وادەڵێن. لەبارەى ئەزمونى حکومڕانى بزوتنەوەى تاڵیبان لە ئەفغانستان، ئەمەریکیەکان دەڵێن: ڕژێمی تاڵیبان خەریکى چەسپاندنى دەسەڵاتی خۆیەتى، دەسەڵاتێکی سیۆکراتی دەسەپێنێت، ئازادییەکان بەرتەسک دەکاتەوە و لە چارەسەرکردنی پرسە مرۆیی و ئابوورییەکاندا شکستى هێناوە. زلهێزەکانی ناوچەکە بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ تاڵیباندا دەکەن، لەهەمانکاتدا سەرنجیان لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی کێشەکانە لە ناوخۆی ئەفغانستاندا.
“شەڕى ئەلیکترۆنى”
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بە کۆمەڵێک مەترسی ناتەقلیدی سنووربەزێن کردووە، کە گرنگترینیان زیرەکی دەستکرد و بایۆتەکنەلۆژیایە؛ چونکە سەربارى مەترسیەکانى بۆ سەر ئاسایش، دەبێتە سەرچاوەیەک بۆ بڵاوکردنەوەى ڤایرۆس و ڤیدیۆیی ساختە. جگەلەوەى دەوڵەتان بۆ سەرکوتکردنی ڕەخنەگران و کۆمەڵگەى ڕەوەندەکان لە دەرەوەی وڵات و سنووردارکردنى کاریگەرییان، ئامرازی دیجیتاڵی و فیزیکی بەکاردەهێنن. بەبڕواى ئەمەریکیەکان ئەو هێرشە ئەلیکترۆنیانەى خزمەتگوزارییەکان و ژێرخانە گرنگەکان دەکاتە ئامانج، لەگەڵ ئەوەی بەرگری ئەلیکترۆنی لە وڵاتانی کەم داهاتدا تا دێت لاوازتر دەبێت، بە تاوانی ئەلیکترۆنی دادەنرێت. ڕاپۆرتەکە کەرتى تەندروستى گشتى فەرامۆش نەکردووە ئاماژەی بەدیارترین کێشەکان کردوە، کە بریتین لە نەبوونی متمانەی گشتی و بڵاوبوونەوەى زانیارییە پزیشکییە چەواشەکارەکان، هەروەها راپۆرتەکە پێشبینی ئەوە دەکات تا ساڵی (٢٠٣٠) کەمیی کارمەندانی کەرتی تەندروستی بگاتە دە ملیۆن کارمەند، ئەم کورتهێنانەش بە شێوەیەکی سەرەکی لە وڵاتانی کەم داهات و مامناوەنددا چڕدەبێتەوە.
“چەک و تیرۆر”
راپۆرتەکە مەترسى خۆى لە بڵاووبونەوەى چەکە کوشندەکان دەخاتەڕوو، سەربارى ئەو هەوڵانەى بۆ سنوردارکردنى ئەو چەکانە دەدرێن. لەوبارەیەشەوە نمونەى بەکارهێنانى چەکى کیمیایى لە ململانێ ناوخۆییەکانى سوریادا بە نمونە دەهێنێتەوە. لە راپۆرتەکەدا هەرچەندە جەخت لە کارایى گروپەکانى وەکو ئەلقاعیدە و داعش دەکاتەوە، بەڵام دەڵێت: ئێستا سروشتی هەڕەشە تیرۆریستیەکان گۆڕاوە؛ خانە بچووکەکان یان تاکەکان کە ئیلهامیان لە ڕێکخراوە تیرۆریستییە بیانییەکان وەرگرتووە، جێگای نیگەرانین”. راپۆرتەکە کۆمپانیا سەربازى و ئەمنیە تایبەتەکان کە پەیوەندییان بە نەیارانی ئەمەریکاوە هەیە بە مەترسى ناودەبات و دەڵێت: ئەو کۆمپانیایانە بە زیادکردنی تووندوتیژی لە ناوچە ناسەقامگیرەکاندا مەترسی لەسەر ئاسایشی جیهانی دروست دەکەن؛ چونکە ئەم کۆمپانیایانە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییە مۆدێرنەکاندا بوونەتە هێزێکی بنەڕەتی. هەریەکە لە چین و ڕووسیا و تورکیا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان لە دەرەوەی وڵات، ئەو کۆمپانیایانە بە فاکتەرێکی ئەرێنی دەزانن.
“کۆچ و ماددەى هۆشبەر”
بەهۆى نائارامی و ئاڵنگارییە ئابوورییەکان لە ئەفریقا و ئەمەریکای لاتین و وڵاتانى دەریاى کاریبی، راپۆرتەکەدا پێشبینى زیادبوونى کۆچکردن بۆ وڵاتانى دەوڵەمەند دەکات، جگەلەوەى ململانێ، توندوتیژی، ناسەقامگیری سیاسی، خراپی بارودۆخی ئابووری و کارەساتی سروشتی بە هۆکارەکانى دیکەى ئاوارەبوون و کۆچکردن لەناو سنوورە نیشتمانییەکان و لەودیو سنوورە نیشتمانییەکانەوە ناودەبات. راپۆرتەکە ئاشکراى دەکات گروپەکانى تاوانی ڕێکخراو کە دەکەونە نیوەگۆی ڕۆژئاوا، بازرگانی بە ماددە هۆشبەرە نایاساییەکانەوە دەکەن، ئەوەش ملیۆنان کەس دەخاتە مەترسییەوە و دەبێتە هۆى زیادبوونی خواستی جیهانی لەسەر ماددە هۆشبەرەکان. پاشان مەکسیک بە دابینکەری سەرەکی ماددە هۆشبەرەکان بۆ ئەمەریکا ناودەبات.
تێبینى؛ ئەم راپۆرتە تەنها هێڵە گشتییەکانى راپۆرتەکەیە، تاوەکو زانیارییەک ببەخشن کە دامەزراوە هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا چی وەک مەترسی و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەیان دەزانن، بەڵام دەق و ناوەڕۆکى تەواوەتى راپۆرتەکە هەر بە نهێنى دەمێنێتەوە و بڵاوناکرێتەوە.
سەرچاوە:
احمد الهاشمى: رؤية استخباراتية: كيف تفكر الولايات المتحدة في مهددات أمنها القومي؟، مرکز المستقبل للابحاث و الدراسات المتقدمە، (17/مارس/2024).
ئامادەکردن: بارام سوبحى