گەلێ جار وڵاتانی تازەپێگەیشتوو بۆ ئەوەی بگەن بە ئاستی وڵاتە پێشکەوتووەکان و لە ماوەیەکی کورتدا خۆیان لە بازنەی هەژاری ڕزگار بکەن، پەنا دەبەنە بەر میکانزمی قەرزكردن، بەڵام ئەم ڕزگاربوونە تەنیا بۆ ماوەیەکی کورتخایەن سوودی دەبێت، چونكە ئەو قەرزانە بە تێپەڕبوونی کات بارگرانیی زیاتر لەسەر دەوڵەت دروست دەکەن، بە جۆرێک، سوودی سەر قەرزەکان هەندێک ڕێژەکەی زۆر زیاتر دەبێتەوە لە ڕێژەی ئەو قەرزەی کە دەوڵەت وەریگرتووە.
لەمبارەیەوە، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێشتر هۆشداریی دابوو لەوەی کە نیوەی مرۆڤایەتی لەو وڵاتانەدا دەژین، کە ناچارن خەرجیی زیاتر بۆ خزمەتکردنی قەرزەکان دابین بکەن، نەوەک خزمەتگوزارییەکانی بواری تەندروستی و پەروەردە، ئەمەش بەو مانایە دێت، کە نیوەی جیهان “خراوەتە ناو کارەساتێکی گەشەپێدانەوە”، بەم جۆرە نزیکەی 3 ملیار و 300 ملیۆن کەس لە جیهاندا بەدەست ئەم دۆخەوە دەناڵێنن .گۆتێرێس لە درێژەی هۆشدارییەکەیدا ئاماژەی بەوەش کرد، 52 وڵات، کە یەکسانە بە 40%ی وڵاتانی تازەپێگەیشتووی جیهان، بەدەست کێشەیەکی گەورەی قەرزەوە دەناڵێنن.
ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: ئاستی کارەساتبارانەی قەرزی گشتی لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوودا شکستێکی سیستماتیکە، کە لە ئەنجامی نایەکسانییەکەوە سەرچاوەی گرتووە، کە لە سەردەمی کۆلۆنیالیزمەوە بۆی ماوەتەوە .ئاماژەی بەوەش دا، تێچووی قەرزکردن بۆ وڵاتانی ئەفریقا چوار هێندە زیاترە لە ئەمریکا، هەروەها هەشت هێندە زیاترە لە ئابووریی وڵاتە دەوڵەتمەندەکانی کیشوەری ئەورووپا.
بۆ نموونە؛ مانگی ڕابردوو سندووقی دراوی نێودەوڵەتی هۆشداریی دا لەوەی کە کۆبوونەوەی قەرزەکانی هیندستان تا کۆتایی ئەم دەیەیە لە قەبارەی ئابووریی وڵاتەکەی تێدەپەڕێنێت، چونکە ساڵانە بە ملیاران دۆلار بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کارەساتە سروشتییەکان خەرج دەکات، ئەمەش بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەسەر حیسابی خزمەتگوزاریی کەرتە گشتییەکانە.
هەفتەی ڕابردوو، پەیمانگای دارایی نێودەوڵەتی لە واشنتۆن ئاشکرای کردووە، کۆی قەرزە جیهانییەکان لە ماوەی چارەکی یەکەمی ساڵی 2024دا گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی نوێ، کە بڕی 315 تریلیۆن دۆلار بووە. ئەم ڕێژە زۆرەی قەرزی جیهانی لە ماوەی چارەکی یەکەمی ساڵی 2024دا بە بەراورد بە ئامارەکانی چارەکی کۆتایی ساڵی ڕابردوو بە بڕی 1.3 تریلیۆن دۆلار زیادی کردووە. ڕاپۆرتەكە جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، کە هۆکاری سەرەکی لە زیادبوونی بەرچاوی ڕێژەی قەرز، پەیوەندیی بە بازاڕە تازە پێگەیشتووەکانەوە هەیە.
بانکی نێودەوڵەتی پێشتر ڕایگەیاندبوو، وڵاتانی تازەپێگەیشتووی جیهان لە ساڵی 2022دا نزیکەی نیو تریلیۆن دۆلاریان بۆ دابینکردنی قەرزە دەرەکییەکانیان خەرج کردووە، بەمەش تەرخانکردنەکانیان بۆ تەندروستی و پەروەردە و بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا کەم کردووەتەوە. لە کاتێکدا ژمارەیەک لەو وڵاتانە لە ئێستاوە بەرنامەی چاکسازی ئامادە دەکەن، کە شایستەی داراییان لە سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و ئاسۆی باش بۆ گەشەی ئابووری دابین دەکات، بەڵام ئەمە بۆ زۆرێکیان وا نییە، چونكە قەیرانی قەرز بەتەواوی ڕووی تێکردوون.
زۆر جار ڕێژەی ئیمزاکردن بۆ ئاستێکی زۆر بەرز دەبێتەوە، کاتێک قەرزدەرەکان قەرزە نەدراوەکانی قەرزوەرگرەکان دوا دەخەن، یان قەرزی نوێ بە ڕێژەی سوودی بەرزبوونەوەی بەردەوام پێشکەش دەکەن. ئاسان نییە دیاری بکرێت، کە ئەو قەرزانە کەی لە توانای هەڵگرتنی وڵاتێک زیاترە، زۆر جار شیکاران ڕێژەی قەرز بەرامبەر بە بەرهەمی ناوخۆیی بەکار دەهێنن، بەڵام ڕێژەی سوود کاریگەریی لەسەر ئەم ڕێژەیە هەیە. لەوانەیە لە وڵاتانی کەمداهاتدا کەمتر بێت، کە سوودی ئیمتیازاتیان هەیە، بەپێچەوانەی وڵاتانی ئابووریی تازەپێگەیشتوو، کە بە ڕێژەی سوودی بەرزتر قەرز دەکەن.
هەروەها پێکهاتەی پێگەیشتنی قەرزەکان توخمێکی گرنگە، کاتێک باس لەو قەرزانە دەکرێت، کە زۆربەیان بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا پێ بگەن، پێویستی درێژکردنەوەی ماوەی پێگەیشتن زۆر زیاتر دەبێت لەچاو ئەو قەرزانەی، کە ماوەی پێگەیشتنیان درێژترە.
قەرزکردن لەلایەن وڵاتانی هەژارەوە ڕەوایە، ئەگەر قەرزەکان ئەو چالاکییانە دارایی بکەن، کە سوودێکی بەرچاویان بە قەرزوەرگر دەبێت، کە سەرچاوەکانی خۆی لە ئێستاوە چالاکییە بەنرخەکان دابین دەکات. لە سیناریۆیەکی لەو جۆرەدا، خزمەتگوزاریی قەرز دەتوانێت خۆپاراستن بێت، بەڵام کێشەکە لەوەدایە، کە زۆربەی ئەو قەرزە سەروەرییانەی، کە زۆر لە وڵاتان وەریدەگرن، بۆ دابینکردنی خەرجییەکانە. وڵاتە هەژارەکان زیاتر پشت بە قەرزدەرەکانی تایبەت دەبەستن، کە ڕێژەی سوودی زۆر بەرز وەردەگرن.