“شیکردنه‌وه‌ی ڕه‌فتاری ده‌نگدان له ڕوانگه‌ی ئاڕاسته‌ی ئه‌قڵانییه‌ت و ئاڕاسته‌ی سایکۆلۆجی”
“پێشه‌کی”
له دونیای ئه‌مڕۆدا؛ سیسته‌می دیموکراسی بووه‌ته داواکاری و خواستی زۆربه‌ی گه‌لانی جیهان، کڕۆکی سیسته‌می دیموکراسیش خۆی له به‌شداری سیاسی تاک و گرووپه جیاوازه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگا ده‌بینێته‌وه له حکومڕانی و دارشتنی سیاسه‌ته گشتییه‌کان. بۆ ئه‌مه‌ش، ده‌نگدانی ئازاد یه‌کێکه له گرینگ‌ترین ئامرازه‌کانی ئه‌و به‌شدارییه سیاسییه که تیایدا تاکه‌کان نوێنه‌ره‌کانی خۆیان بۆ نێو دامه‌زراوه سیاسییه گرینگه‌کانی وڵات هه‌ڵده‌بژێرن تاوه‌کو سیاسه‌ته‌کان دابرێژن و جێبه‌جێیان بکه‌ن و وڵات به‌ڕێوه ببه‌ن. بۆیه لێره‌دا شیکردنه‌وه‌ی ڕه‌فتاری ئه‌و که‌سانه‌ی که ده‌نگده‌ده‌ن و ئه‌و فاکته‌رانه‌ی که کاریگه‌ری له‌سه‌ریان هه‌یه و ئاراسته‌یان ده‌کات پڕ بایه‌خه، له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ش دوو فێرگه و ئاراسته‌ی زۆر گرنگ هه‌ن له کایه‌ی زانستی ڕه‌فتاری ده‌نگدان، وه‌ک ئاراسته‌ی ئه‌قڵانییه‌ت و ئاراسته‌ی سایکۆلۆجی که رۆڵێکی به‌رچاویان هه‌یه له شیکردنی ره‌فتاری ده‌نگده‌ر که هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش له‌م گوتارەدا جه‌ختیان له‌سه‌ر ده‌که‌ینه‌وه و به‌راوردیان ده‌که‌ین به‌یه‌کتر.
“ئه‌قڵانییه‌تی ڕه‌فتاری ده‌نگدان”
ئه‌قڵانییه‌تی ڕه‌فتاری ده‌نگده‌ر له خوێندنه‌وه و شیکردنه‌وه‌کانی ڕه‌فتاری ده‌نگدان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ تیۆری بژارکردنی ئه‌قڵانی. ڕه‌گوڕیشه‌ی تیۆری بژارکردنی ئه‌قڵانیش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئابووری سوودگه‌رایی که ئه‌قڵانییه‌ت له ڕوانگه‌ی سوودگه‌راییه‌وه به ده‌ستهێنانی ئه‌وپه‌ڕی سوود و قازانجه
[i] نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌نده به‌ڵکو ئه‌خلاقیش به سوود و قازانج و خۆشگوزه‌رانییه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، هه‌روه‌ک جۆن ستیوارت میل (1806 – 1873) که یه‌کێکه له بیرمه‌ندانی سوودگه‌رایی جه‌خت له‌سه‌ر زۆرترین خۆشگوزه‌رانی ده‌کاته‌وه وه‌ک بنچینه‌ی ئه‌خلاق، به‌و پێیه‌ی که کرده‌وه‌ی دادپه‌روه‌ر ئه‌و کرده‌وه‌یه که زۆرترین خۆشگوزه‌رانی ده‌هێنێت، کرده‌وه‌ی سته‌مکارانه‌ش به پێچه‌وانه‌وه‌یه، مه‌به‌ستیش له خۆشگوزه‌رانی به ده‌ستهێنانی چێژ و نه‌بوونی ئازاره. به‌ومانایه‌ی که مرۆڤه‌کان له‌سه‌ر بنه‌مای چێژ و سوودی که‌سی کرده ئه‌نجامده‌ده‌ن[ii] به‌م شێوه‌یه له بواری ئابووری سیاسییه‌وه دواتر له ڕێگه‌ی کاره‌کانی چه‌ند بیرمه‌ندێکه‌وه هاته نێو بواری کۆمه‌ڵناسی و شیکردنه‌وه‌ی ڕه‌فتاره کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی تاک له نێویشیدا ڕه‌فتاری ده‌نگدان.[iii]
تیۆری بژارکردنی ئه‌قڵانی پێیوایه که ده‌نگده‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای لێکدانه‌وه و به‌راوردکردنی تێچوون و سووده‌کان ده‌نگی خۆیده‌دات، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌نگده‌ر هه‌وڵده‌دات زۆرترین زانیاری کۆبکاته‌وه له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی حیزبه‌کان و به‌راوردیان بکات که به‌رنامه‌ی کامه حیزب ده‌توانێت زۆرترین سوود به ئه‌و بگه‌ێنێت له ئاینده‌دا، تا ده‌نگ به‌و حیزب و لایه‌نه بدات.[iv] به‌مه‌ش ئه‌م تیۆره پێیوایه که ده‌نگده‌ر وابه‌سته‌یی و شوناسبهندییهکی به‌هێزی نیه له‌گه‌ڵ حیزبه‌کان و به‌ته‌واوه‌تی هاوشوناس نه‌بووه و نهچووتهپاڵ حزبێک و به ته‌واوه‌تی تیایدا نه‌تواوه‌ته‌وه به‌ڵکو ده‌نگده‌ر له‌سه‌ر کۆمه‌ڵێک فاکته‌ریتر ده‌نگده‌دات، وه‌ک کارنامه‌ی هه‌ڵبژاردن و سه‌رکرده‌ی حیزبه‌کان و گوتار و به‌رنامه‌ی حیزب و یاریکه‌ره سه‌ره‌کیه‌کانی حیزب له کاتی هه‌ڵبژاردن چه‌ند فاکته‌رێکیتری په‌یوه‌ست به به‌رژه‌وه‌ندی هه‌نووکه‌یی که‌سی، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه که فاکته‌ره‌کانی تری وه‌ک چینه‌کانی کۆمه‌ڵگا و توخم و ڕه‌گه‌ز و ته‌مه‌ن و ئیتیک و ناوچه و جوگرافیا…تاد کاریگه‌رییان له‌سه‌ر ڕه‌فتاری ده‌نگدان نابێت، به‌مانایه‌کیتر به‌رژه‌وه‌ندی که‌سی و ڕاسته‌وخۆکان زیاتر کاریگه‌رن نه‌ک گرووپی و ناڕاسته‌وخۆکان. لێره‌دا پرس و بابه‌ته جیاوازه‌کان له‌لایه‌ن خه‌ڵکانێکی جیاوازه‌وه گرنگیان پێده‌درێت له کاته جیاوازه‌کانی ژیانیان و له هه‌ڵبژاردنه جیاوازه‌کان، ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ی که له هه‌ر هه‌ڵبژاردنێک چه‌ند پرسێکی جیاواز و نوێ سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن له کاتی بانگه‌شه‌دا به‌مه‌ش ڕه‌نگه ئه‌و پرسه‌ی له‌م هه‌ڵبژاردنه به‌لای تۆوه گرینگ بێت له هه‌ڵبژاردنێکی تر پرسێکی تر له‌لات گرینگ بێت، بۆیه تۆ وه‌ک ده‌نگده‌ر به‌پێی گرنگیدانت به پرسه‌کان ده‌نگ ده‌ده‌یت له ئه‌نجامدا ئه‌وه پرسه‌که‌یه که لایه‌نه‌که بۆ تۆ هه‌ڵده‌بژێرێت نه‌ک وابه‌سته‌بوونت به لایه‌نه‌که.[v] بۆنموونه ڕه‌نگه ده‌نگده‌رێک گرنگی به سیاسه‌تی په‌روه‌رده‌کردن بدات له خولێکی هه‌ڵبژاردن، به‌ڵام بۆ خولێکی تر ڕه‌نگه گرنگی به سیاسه‌ت و کایه‌ی ته‌ندروستی بدات، ئه‌مه‌ش وا ده‌کات به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئه‌م ده‌نگده‌ره به‌رده‌وام له گۆڕان دابێت و به هیچ حیزبێکه‌وه نه‌لکێت، به‌مه‌ش پارته‌کان ناچارده‌بن باشترین ئه‌لته‌رناتیڤه‌کان پێشکه‌ش بکه‌ن له کارنامه‌کانیان تاوه‌کو زۆرترین ده‌نگ به ده‌ستبهێنن.[vi]
ئه‌مانه‌ش له‌سه‌ر بنه‌مای کاره‌کانی ئه‌نتۆنی داونز بوو له کتێبی بیردۆزی ئابووری له دیموکراسیه‌تدا. که پێیوابوو لێکدانه‌وه ئه‌قڵییه‌کانی تاک که له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژوه‌ندییه خودیهکانه وا ده‌کات تاک به شێوه‌یه‌کی ئه‌قڵانی ده‌نگبدات، بۆ ئه‌مه‌ش پێیوابوو هه‌مان ئه‌و ڕێسا ئابوورییانه‌ی که په‌یوه‌ندی نێوان ڕه‌فتاری به‌رهه‌مهێنه‌ر و به‌کاربه‌ر ڕێکده‌خات، به‌هه‌مان شێوه جێبه‌جێ ده‌بێت به‌سه‌ر په‌یوه‌ندی نێوان حیزبه‌کان و ڕه‌فتاری ده‌نگده‌ری ئه‌قڵانی. هه‌روه‌ک چۆن به‌رهه‌مهێنه‌ره‌کان ئه‌و جۆره کاڵایه به‌رهه‌مدێنن که به‌لای کڕیاره‌کانه‌وه گرینگه و پێداویستیه‌کانیان پڕده‌کاته‌وه تاوه‌کو لێیان بکڕن به‌هه‌مان شێوه حیزبه سیاسیه‌کانیش ئه‌وجۆره به‌رنامانه ده‌خه‌نه‌ڕوو که به‌لای ده‌نگده‌رانه‌وه گرینگ و بایه‌خداره تاوه‌کو ده‌نگده‌ران سوودی خۆیان تێدا ببیننه‌وه هه‌روه‌ها حیزبه‌کانیش بتوانن ده‌نگه‌کانیان لێ به ده‌ستبهێنن.[vii]
به شێوه‌یه‌کی بنچینه‌یی تیۆری بژارکردنی ئه‌قڵانی وه‌کو ئه‌کته‌رێکی ئابووری ئه‌قڵانی سه‌یری ده‌نگده‌ر ده‌کات که هاوشێوه‌ی کڕیاره له بازار، چۆن کڕیار له بازاڕدا ده‌گه‌ڕێ تاوه‌کو باشترین کاڵای ده‌ستبکه‌وێت به که‌مترین تێچوون، به‌هه‌مان شێوه‌ش ده‌نگده‌ر له نێوان به‌رنامه‌ی حیزبه‌کاندا باشترینیان بژاردهکات که زۆرترین سوودی بۆ ئه‌و تێدابێت. به‌م پێیه‌ش له ڕوانگه‌ی تیۆری بژارکردنی ئه‌قڵانی ده‌نگدان وه‌ک ئامێرێک سه‌یر ده‌کرێت نه‌ک وه‌ک کرده‌یه‌کی خوویی. به‌مانایه‌کی تر لێره‌دا ده‌نگدان بۆ ده‌نگده‌ر ئامرازێکه بۆ گه‌یشت به ئامانجێکی خوودی نه‌ک له خودی خۆیدا ئامانج بێت.[viii] به شێوه‌یه‌کی گشتی ئه‌نتۆنی داونز ده‌ڵێت: تاکی ئه‌قلانی له بڕیارداندا شوێن ئه‌م هه‌نگاوانه ده‌که‌وێت:-[ix]
- تاک ده‌توانێت بڕیارێک وه‌ربگرێت کاتێک ڕووبه‌ڕووی بژارده‌گه‌لێکی جێگره‌وه (a range of alternatives) ده‌بێته‌وه.
- تاک هه‌موو ئه‌لته‌رناتیڤ و جێگره‌وه‌کان پله‌به‌ند ده‌کات له پێناو دیاریکردنی باشترینیان.
- ئه‌لته‌رناتیڤه‌کان و جێگره‌وه‌کان ڕیز ده‌کات له باشترینه‌وه بۆ خراپترین.
- تاک هه‌میشه له نێوان ئه‌لته‌رناتیڤه‌کان باشترینیان هه‌ڵده‌بژێرێت.
- تاک هه‌میشه هه‌مان بڕیار وه‌رده‌گرێت کاتێک ڕووبه‌ڕووی هه‌مان ئه‌لته‌رناتیڤه‌کان ده‌بێته‌وه.
هه‌روه‌ها له ئاراسته و فێرگه‌ی بژارکردنی ئه‌قڵانی جیاوازی ده‌کرێت له نێوان دوو شێوازی ده‌نگدانی ئه‌قڵانی. یه‌که‌میان ده‌نگدانه له‌سه‌ر ڕابردوو، ده‌نگدانی ڕابردووبین (retrosoective) دووه‌میان ده‌نگدانه له‌سه‌ر ئاینده، ده‌نگدانی ئاینده‌بین (prospective). له یه‌که‌میاندا ده‌نگده‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای چۆنیه‌تی به‌جێهێنانی کاره‌کانی ڕابردوو له‌لایه‌ن حیزبه‌کان و کاندیده‌کان ده‌نگده‌دات، به‌و مانایه‌ی ده‌نگده‌ر سه‌یرده‌کات بزانێت ئایا له رابردوودا ئه‌م حیزبه یاخود ئه‌و کاندیده تا چه‌ند راستگۆ بووه و به‌ڵێنه‌کانی به‌جێهێناوه، چ ده‌ستکه‌وتێکی هه‌بوو، چه‌ند خزمه‌تگوزاری پێشکه‌ش کردووه، چۆن و تا چه‌ند قه‌یرانه‌کانی چاره‌سه‌رکردووه، واته کار و به‌جێهێنان (آداء) حیزبه‌کان له ڕابردوودا به‌راورد ده‌کات ئینجا له‌سه‌ر ئه‌و لێکدانه‌وه‌یه ده‌نگده‌دات.[x] به‌ڵام له دووه‌میاندا ده‌نگده‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای پێشبینیکردنی کار و به‌جێهێنانه‌کانی حیزبه‌کان و کاندیده‌کان ده‌نگده‌دات بۆ ئه‌مه‌ش پێویستی به کۆکردنه‌وه‌ی زانیاری و هه‌ڵسه‌نگاندی سیاسه‌تی حیزبه‌کانه.[xi]
ده‌نگدانی ئاینده بین به به‌راوورد به ده‌نگدانی ڕابردووبین پێویستی به زانیاری زیاتره، به‌مه‌ش ده‌نگدانی ڕابردوو بین تێچوونی که‌متره، ته‌نها شتێک که زۆر گرینگه لێره‌دا به جێهێنانی ئابوورییه ئه‌گه‌ر ئاستی ئابووری گهشهکردبێت و به‌باشی به‌ڕێوه چووبێت ئه‌وا هه‌ر ده‌نگ به حیزبی حاکم ده‌ده‌نه‌وه. به‌م پێێه‌ش ده‌نگدانی ڕابردووبین ئه‌قڵانیتره به به‌راورد به ده‌نگدانی ئاینده‌بین، چونکه له‌لایه‌ک تێچوونی که‌متره و پرسه‌کانی ڕابردوو گه‌واهیده‌رن له‌سه‌ر ئاستی به‌جێهێنانی حیزبه‌کان به تایبه‌تی حاکم، له‌لایه‌کیتریش ئێمه ده‌زانین که سیاسیه‌کان به‌ڵێنه‌کانیان نابه‌نه سه‌ر که له‌کاتی هه‌ڵمه‌ته‌کانی هه‌ڵبژاردن ده‌یده‌ن بۆیه ده‌نگدان له‌سه‌ر کاره‌کانی ڕابردوویان سوودی زیاتر و ئه‌قڵانیتره.[xii]
“سایکۆلۆجیه‌تی ڕه‌فتاری ده‌نگدان”
زۆرێک له لق و به‌شه‌کانی ده‌روونناسی ڕۆڵ و کاریگه‌ریه‌کی به‌رچاویان هه‌بووه له‌سه‌ر شیکردنه‌وه‌ی ڕه‌فتاری ده‌نگدان به تایبه‌تی هه‌ردوو لقی “ده‌روونناسی کۆمه‌ڵایه‌تی، ده‌روونناسی زانین” یه‌که‌میان زیاتر جه‌خت له‌سه‌ر سایکۆلۆجییه‌تی کۆمه‌ڵ و کاریگه‌ری ئه‌و گرووپ و ژینگه و بارودۆخانه ده‌کاته‌وه که تاک تیایدا ده‌ژیت یاخود ئه‌ندامه تیایدا، دووه‌میشیان زیاتر جه‌خت له‌سه‌ر مه‌یل و هه‌ست و سۆز تاک و هه‌ڵچوون و دۆخه که‌سییه‌کانی تاک ده‌کاته‌وه. لێکۆڵینه‌وه‌کانی سه‌ره‌تا له‌م بواره زیاتر کاریگه‌ر بوو به ئاراسته‌ی یه‌که‌م واته ده‌روونناسی کۆمه‌ڵایه‌تی، به‌ڵام لێکۆڵینه‌وه‌کانی پاشتر و ئه‌م دواییانه زیاتر کاریگه‌ره به تیۆره‌کانی ده‌روونناسی زانین.[xiii]
هه‌رچی ئاراسته‌ی یه‌که‌مه په‌یوه‌سته به کاره‌کانی پۆڵ لازارفیڵد (Paul Lazarsfeld) هه‌روه‌ها به فێرگه‌ی کۆلۆمبیاش ده‌ناسرێت له شیکردنه‌وه‌ی هه‌ڵسوکه‌وتی ده‌نگده‌ر. هه‌رچه‌نده لازارفیڵد له‌سه‌ره‌تا زۆر جه‌ختی له‌سه‌ر کاریگه‌ری ئامرازه‌کانی ڕاگه‌یاندن و میدیای جه‌ماوه‌ری و پانێڵی و مشتومڕی نێوان سه‌رکرده‌کان ده‌کرده‌وه له تیڤی له‌سه‌ر بڕیاری ده‌نگده‌ر، به‌ڵام دواتر گه‌یشته سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ی که ئامرازه‌کانی ڕاگه‌یاندن کاریگه‌رییه‌کی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌یان نیه به‌ڵکو ئه‌و گرووپانه‌ی که تاک تیایدا ئه‌ندامه کاریگه‌ری یه‌کلاکه‌ره‌وه‌یان هه‌یه.[xiv] به‌مپێیه لازارفیڵد پێیوایه تاک به شێوه‌یه‌کی خودیانه و به ته‌نها بڕیار وه‌رناگرێت له‌کاتی ده‌نگدان به‌ڵکو له ڕێگه‌ی یاخود له ژێر کاریگه‌ری ئه‌و گرووپه‌ی که تیایه‌تی بڕیار وه‌رده‌گرێت سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که ده‌نگ به کێ و چ له‌لایه‌نێک بدات وه‌ک گرووپه‌کانی هاوڕێیه‌تی له کار و له خوێندنگه و گه‌ڕه‌ک، گرووپی ئایینی و خزمایه‌تی و ئیتنی و ڕه‌نگ و ره‌چه‌ڵه‌ک، هه‌روه‌ها بارودۆخی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئاستی ئابووری و چینه‌کانی کۆمه‌ڵگا و شوێنی نیشته‌جێبوون و ناوچه‌ی جوگرافی. ئه‌مانه هه‌موویان کاریگه‌ریان هه‌یه له‌سه‌ر ڕه‌فتاری ده‌نگده‌ر و ئاڕاسته‌کردنی.[xv]
ئه‌م ئاراسته‌یه هه‌رچه‌نده ڕه‌هه‌ندێکی سایکۆلۆجی تێدابوو که باسی له کاریگه‌ری ئه‌و فاکته‌رانه ده‌کرد که ڕۆڵیان هه‌یه له پێکهێنانی سایکۆلۆجیای تاکی ده‌نگده‌ر، به‌ڵام زۆر به وردی و قووڵی نه پڕژابووه سه‌ر بواری سایکۆلۆجییه‌تی تاک، تاوه‌کو له شه‌سته‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوو ڕێچکه‌ی هاوشوناسی حیزبی(party identification approach) سه‌ریهه‌ڵدا، که به فێرگه‌ی میشگنیش ده‌ناسرێت، ئانگوس کامبوڵ (Angus campbell) دیارترین بیریاری ئه‌م ڕێچکه‌یه‌یه. به‌پێی ئه‌م فێرگه‌یه تاک په‌یوه‌ستیه‌کی سایکۆلۆجی تووندی بۆ دروست ده‌بێت به یه‌کێک له حیزبه‌کان، ئه‌مه‌ش له ڕێگه‌ی به کۆمه‌ڵایه‌تیبوونه‌وه دروست ده‌بیت، دواتر رۆژ به ڕۆژ به هۆی ئه‌زموونی له‌گه‌ڵ ئه‌و حیزبه پهیوهستییهکهی تووندتر و پته‌وتر ده‌بێت هاوشێوه‌ی په‌یوه‌ستبوونی به گرووپه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی تر، ته‌نانه‌ت هه‌ندێک پێیانوایه هاوشێوه‌ی په‌یوه‌ستی تاکه به ئایینه‌که‌ی به‌ومانایه‌ی ئه‌م په‌یوه‌ستییه جۆرێک له ئایدۆلۆژیای تووند دروست ده‌کات و هاوشێوه‌ی ئایدۆلۆژیا ئایینییه‌کان، به‌مه‌ش تاک به قوڵی هه‌ست ده‌کات بووه‌ته به‌شێک له‌م حیزبه، ئیتر سه‌رکه‌وتن و شکستی حیزبه‌که‌ی به سه‌رکه‌وتنی و شکستی خۆی ده‌زانێت.[xvi]
ئه‌م ڕێچکه‌یه ئه‌وه‌ی ڕه‌تکرده‌وه که ڕه‌فتاری هه‌ڵبژاردن له ڕێگه‌ی فاکته‌ره کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌کانه‌وه دیاری بکرێت، به‌ڵکو جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌کاته‌وه که تاکه‌کان هه‌ر له ته‌مه‌نی تازه‌پێگه‌یشتن و هه‌رزه‌کارییه‌وه هه‌ر زوو وابه‌سته‌یی حیزبیان بۆ دروست ده‌بێت له ڕێگه‌ی دایک و باوک و درواسێ و هاوڕێکانی و ئه‌و ژینگه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی که تیایدا ده‌ژی، ئه‌مه‌ش کاریگه‌رییه‌کی دوور مه‌ودای ده‌بێت و ده‌بێته دروستکه‌ری ڕایه‌ڵه‌یه‌کی به‌هێزی نێوان ئه‌و تاکه و حیزبه دڵخوازه‌که‌ی بۆ ماوه‌یه‌کی دووروودرێژ که زۆر زه‌حمه‌ته ئه‌و وابه‌سته‌ییه‌ی بگۆڕێت و له‌و حیزبه دوور بکه‌وێته‌وه ته‌نها مه‌گه‌ر ڕووداوێکی زۆر دراماتیکی و کاریگه‌ر ڕووبدات، به‌مه‌ش ئه‌م هاوشوناس بوونه‌ی تاک به حیزبێکی دیاریکراو وای لێده‌کات به درێژایی ته‌مه‌نی ده‌نگی پێبدات. هه‌روه‌ها ئه‌م ڕێچکه‌یه پێیوایه که هاوشوناس بوون ڕۆژ به‌ڕۆژ تووندتر ده‌بێت تا وای لێدێت ئه‌و تاکه ناتوانێت ده‌ستبه‌رداری ئه‌م حیزبه بێت هه‌رچه‌نده گه‌ر ئه‌و حیزبه چه‌ند کارێکی نابه‌جێی ئه‌نجامدا یاخود چه‌ند سیاسه‌تێکی گرته به‌ر که له‌گه‌ڵ ئه‌و تاکه‌ش ناکۆک بێت، به‌ڵام هه‌ر ده‌نگی پێده‌دات چونکه حیزبی خۆیه‌تی. له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ش تاک ئه‌وه‌ی گرینگه به‌لای تاکه‌که‌وه خودی حیزبه‌که‌یه نه‌ک ئه‌و پرس و بابه‌تانه‌ی که له‌کاتی هه‌ڵبژاردن بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌که‌ن. به‌و مانایه‌ی ئه‌و ئه‌ندامه‌ی که هاوشوناسه له‌گه‌ڵ حیزبێک هه‌موو زانیارییه نابه‌جێیانه‌ی سه‌ر حیزبه‌که‌ی یاخود کاندیده‌کانی حیزبه‌که‌ی وه‌لاوه ده‌نێت و پشتگوێ‌یان ده‌خات تاوه‌کو هیچ دوودڵیه‌کی بۆ دروست نه‌بێت بۆ ده‌نگ پێدانی[xvii]
له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ش پاشان تیۆرسێنانی زانین سه‌ریان هه‌ڵدا، له‌سه‌ر ئه‌و گریمانه‌یه‌ی تاک دووچاری ناره‌حه‌تی و دژیه‌ک بوون ده‌بێته‌وه له ناخی خۆیدا کاتێک ڕه‌فتارێک ده‌گرێته به‌ر که له‌گه‌ڵ بیروباوه‌ڕه چه‌سپیوه‌کانی ناکۆک بێت. بۆیه خه‌لکی به گشتی حه‌زده‌که‌ن هه‌میشه ڕه‌فتارێک بگرنه‌به‌ر که ئاسووده‌یان بکات، به‌مه‌ش خۆیان له هه‌موو ئه‌و زانیاری و مقۆمۆیانه دوورده‌خه‌نه‌وه که له‌گه‌ڵ بیروباوه‌ریان ناگونجێت. لیۆن فیستینگه‌ر (leon festinger) ئه‌م حاڵه‌ته ناوده‌نێت به نه‌سازانی مه‌عریفی (cognitive dissonance). [xviii] پێش فیستینگهریش، فریتز هایده‌ر (fitz heider) تیۆرێکی تری هاوشێوه‌ی داهێنا به ناوی هاوسه‌نگی سازان (cognitive balance theory)، ئه‌م تیۆره پێی وایه تاک یاخود ئه‌ندام و لایه‌نگرانی پارتێک کاتێک دووچاری ئه‌و حاڵه‌ته دژیه‌کی و نا هه‌ماهه‌نگییانه ده‌بێته‌وه هه‌وڵده‌دات جارێکی تر هاوسه‌نگی و هه‌ماهه‌نگی بۆ هزری خۆی بهێنێته‌وه تاوه‌کو له‌م حاڵه‌ته دژیه‌کیه ڕزگاریان بێت و بچێته‌وه باری ئاسایی خۆی. بێگومان ئه‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی هاوسه‌نگییه‌ش له ڕێگای پاساو هێنانه‌وه ده‌بێت یاخود پشتگوێخستن و بهکهمبایهخ سه‌یریکردنی ئه‌و پرس و بابه‌ته نا به‌جێیانه‌ی که نا هاوسه‌نگیان بۆ دروستکردووه.[xix]
بۆنموونه ئه‌گه‌ر حیزبه‌که‌ی سیاسه‌تێک بگرێته به‌ر که تیایدا ماف و ئازادیه‌کانی تاک یاخود یاسا پێشێل بکات ئه‌و سه‌ره‌تا پێی ناره‌حه‌ت ده‌بێت، به‌ڵام دواتر له مێشکی خۆی پاساوی بۆ ده‌هێنێته‌وه ده‌ڵێ ئه‌وه له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و ئاسایشی وڵاته‌که‌مان کردوویه‌تی، حیزبه‌که‌م هه‌ر شتێک بکات بێگومان له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی وڵاته‌که‌مان ده‌یکات. به‌م شێوه‌یه هه‌موو ئه‌و ناره‌حه‌تی و نا هه‌ماهه‌نگییانه‌ی که له ئه‌نجامی کرده و سیاسه‌تێکی نابه‌جێی حیزبه‌که‌ی بۆی دروست بوو له‌سه‌ر خۆی لاده‌دات و پاساوێکی ڕه‌وای بۆ ده‌دۆزێته‌وه، سه‌رئه‌نجام هه‌ر ده‌نگ به حیزبه‌که‌ی خۆی ده‌داته‌وه. هۆکاری ئه‌و پاساو هێنانه‌وه‌ش ئه‌وه‌یه که پێشتر ئه‌و تاکه له‌گه‌ڵ ئه‌و حیزبه زۆر ده‌مێکه هاوشوناس بووه و بووه‌ته به‌شێک له بیروباوه‌ڕه چه‌سپیوه‌کانی، به‌مه‌ش ناتوانێت ده‌ستبه‌رداری بێت بۆیه هه‌میشه چاوپۆشی له که‌موکوڕی حیزبه‌که‌ی خۆی ده‌کات و به که‌مبایه‌خ سه‌یری هه‌ڵه‌کانی ده‌کات.
به‌شێوه‌یه‌کی گشتی به‌پێی ئه‌م ئاڕاسته‌یه که خوێندنه‌وه‌یه‌کی سایکۆلۆجی بۆ ڕه‌فتاری ده‌نگده‌ر ده‌کات، پێیوایه ده‌نگده‌ر به شیوه‌یه‌کی ئه‌قڵانی و له‌سه‌ر بنه‌مای بژارکردنی بژارده‌کان و به هه‌ند وه‌رگرتنی پرس و کارنامه‌ی حیزبه‌کان له کاتی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن ده‌نگ نادات به‌ڵکو له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی سایکۆلۆژی و نا ئه‌قڵانی و غه‌ریزه و سۆزداریه‌وه ده‌نگده‌دات به‌و مانایه‌ی تاک هه‌وڵنادات زۆرترین زانیاری له‌سه‌ر کاندیده‌کان و سیاسه‌تی حیزبه‌کان بزانێت به‌ڵکو ده‌نگده‌ر هه‌موو ئه‌و ئاڵۆزیانه‌ی به‌لاوه ده‌نێت (کورته ڕێگه) ده‌گرێته‌به‌ر و هه‌وڵده‌دات به که‌مترین زانیاری باوه‌ر به‌خۆی بهێنێت و ده‌نگ به حیزب و کاندیده دڵخوازه‌که‌ی بدات. بۆ ئه‌مه‌ش زیاتر له‌سه‌ر بنه‌مای سه‌رنجڕاکێشان و سه‌رسامبوونێکی رووکه‌شانه ده‌نگده‌دات وه‌ک ڕوخساری کاندیده‌کان یاخود هه‌ڵسوکه‌وت و گوتارێکی ڕوکه‌شانه ..تد[xx]
“جیاوازی نێوان هه‌ردوو ئاراسته‌که؛ ئه‌قڵانی و سایکۆلۆجی له شیکردنه‌وه‌ی ڕه‌فتاری ده‌نگدان”
ئاراسته‌ی ئه‌قڵانی | ئاراسته‌ی سایکۆلۆجی |
مرۆڤ وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی ئابووری ده‌بینێت. | مرۆڤ وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی سایکۆلۆجی ده‌بینێت. |
فاکته‌ره کۆمه‌ڵایه‌تی و جوگرافی و ژینگه‌یی و گرووپه‌کان کاریگه‌رییان له‌سه‌ر ڕه‌فتاری ده‌نگده‌ر نیه. | فاکته‌ره کۆمه‌ڵایه‌تی و جوگرافی و ژینگه‌یی و گرووپه‌کان کاریگه‌رییان له‌سه‌ر ڕه‌فتاری ده‌نگده‌ر هه‌یه. |
ده‌نگده‌ر ئه‌قڵانییه له‌سه‌ر بنه‌مای سوود و به‌رژه‌وه‌ندییه که‌سییه‌کانی و به‌راوردکردنی تێچوون و قازانجه‌کانی ده‌نگ ده‌دات. | ده‌نگده‌ر نا ئه‌قڵانییه، له ژێرکاریگه‌ری هه‌ست و سۆز و فاکته‌ره سایکۆلۆجییه‌کان ده‌نگده‌دات له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و حیزبه‌ی که هاوشوناسیهتی. |
تاکی ده‌نگده‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای زانیارییه‌کی زۆر ده‌نگده‌دات. | تاکی ده‌نگده‌ر گوێ به زانیاری نادات له کاتی ده‌نگدان. |
ده‌نگده‌ر دوای کۆکردنه‌وه‌ی زانیارییه‌کان و لێکدانه‌وه‌ی سوود و به‌رژوه‌ندییه خودیه‌کان بڕیار ده‌دات ده‌نگ به کێ بدات. | ده‌نگده‌ر پێشتر خۆی یه‌کلاکردووه‌ته‌وه که ده‌نگ به کێ بدات، مێشکی خۆی به‌و لێکدانه‌وانه ئاڵۆز ناکات. |
ده‌نگده‌ر له کاتی هه‌بوونی زانیاری نه‌رێنی له‌سه‌ر حیزبێک، ئاراسته‌ی ده‌نگه‌که‌ی ده‌گۆڕی له دژی. | ده‌نگده‌ر هاوشوناسه له‌گه‌ڵ حیزبه‌که‌ی، هه‌رچه‌نده زانیاری نه‌رێنیشی له‌سه‌ر هه‌بێت به‌ڵام پاساوی بۆ ده‌دۆزێته‌وه تاوه‌کو ده‌نگی پێبداته‌وه. |
له ڕوانگه‌ی ئاراسته‌ی ئه‌قڵانییه‌وه ده‌نگدان ئامرازێکی ئه‌قڵانییه له پێناو ئامانجێکی خودی. | له ڕوانگه‌ی ئاراسته‌ی سایکۆلۆجی ده‌نگدان خووه‌کی نا ئه‌قڵانیه. |
تاکی ده‌نگده‌ر چه‌ند بژارده‌یه‌کی له‌به‌ر ده‌مه، باشترین بژارده هه‌ڵده‌بژێرێت. | تاکی ده‌نگده‌ر “کورته ڕێگه” ده‌گرێته‌به‌ر و خۆی قایل ده‌کات. |
له ئه‌نجامدا؛ به‌وه گه‌یشتین که هه‌ردوو فێرگه‌ی ئه‌قڵانی و سایکۆلۆجی ڕۆڵێکی به‌رچاویان هه‌یه له شیکردنه‌وه‌ی ڕه‌فتاری ده‌نگده‌ر، هه‌روه‌ها به‌شدارییه‌کی به‌رچاویان هه‌بووه له هێنانه‌کایه‌ی زانستی ڕه‌فتاری هه‌ڵبژاردن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که دوو فێرگه و ئاڕاسته ته‌واو جیاواز و دژبه‌یه‌کن له خوێندنه‌وه و شیکارکردنیان بۆ هه‌ڵسوکه‌وتی ده‌نگده‌ر، به جۆرێک یه‌که‌میان “فێرگه‌ی ئه‌قلانی” ته‌نها جه‌خت له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی خودی و ڕه‌هه‌ندی ئابوورییانه ده‌کاته‌وه و ته‌واوی فاکته‌ره کۆمه‌ڵایه‌تی و سایکۆلۆجییه‌کان پشتگوێ ده‌خات. دووه‌میشیان “فێرگه‌ی سایکۆلۆجی” ته‌نها جه‌خت له‌سه‌ر فاکته‌ره نا ئه‌قلانی و ده‌روونی و سۆزدارییه‌کان ده‌کاته‌وه و به‌رژه‌وه‌ندی خودی و ئهقلانیهتی ئابووری ته‌واو پشتگوێ ده‌خات.
سەرچاوە و پەراوێزەکان؛
[i] محمد الحوراني، التفاعل الرمزي و نظریة الاختیار العقلاني المنطلقات المعرفیة لنموذج الرمزي في الاختیار العقلاني، جامعية الیرموک – قسم علم الاجتماع و الخدمة الاجتماعیة، اربد، الاردن، النشر، 21/6/2010 ص 2199
[ii] جون، ستیوارت مل، النفعیة، ترجمة. حیدر حاج اسماعیل، المنظمة العربیة للترجمة- بیروت-لبنان، 2012 ص21
[iii] محمد الحوراني، المصدر السابق، ص 2199
[iv] Pille Ivask, the effect of voting advice application on estonian
voters’ voting behavior, Master’s thesis, university of tartu- Faculty of Social Sciences, 2017 pp 13
[v] Paul Goldsmith, Rational Choice Model, politics, 9/3/2020, https://www.tutor2u.net/politics/reference/rational-choice-model
[vi] Richard boateng antwi, op,cit. pp 30
[vii] ولید بن نایف السدیري، العقلانية في سلوك التصويت الانتخابي، مركز الإمارات للدراسات والبحوث الاستراتيجية، أبوظبي −دولة الإماراتالعربية المتحدة، 2012 ص24
[viii] Richard boateng antwi, op,cit. pp28
[ix] Anthony downs, An Economic Theory of Democracy, harper & row publishers new york, 1957 pp 6
[x] James E. Campbell, Bryan J. Dettrey, Hongxing Yin, The Theory of Conditional Retrospective Voting: Does the Presidential Record Matter Less in Open-Seat Elections?, University at Buffalo, SUNY (research- availiable on this link) 10/3/2020, https://www.econ-jobs.com/research/45795-The-Conditional-Theory-of-Retrospective-Voting-Does-the-Record-Matter-Less-in-Open-Seat-Elections.pdf
[xi] ولید بن نایف السدیري، المصدر السافق، ص 45
[xii] داڤید پاتریک هۆتۆن، سایکۆلۆجیای سیاسی- هه‌ڵوێسته‌کان، تاکه‌کان، دۆخه‌کان، و. حه‌مه ڕه‌شید، چاپخانه‌ی سه‌رده‌م- سلێمانی 2018، ل 266-267
[xiii] هه‌مان سه‌رچاوه، ل 259
[xiv] Rui Antunes, Theoretical models of voting behavior,(research), Higher School of Education – Polytechnic Institute of Coimbra,2010, pp146-147
[xv] السلوك التصويتي، شبکة الاخبار العربیة (الدراسة من جانب- مركز الأهرام للدراسات السياسية والاستراتيجية)، 10/3/2020، http://www.anntv.tv/new/showsubject.aspx?id=120817
[xvi] Romain Lachat, The role of party identification in spatial models of voting choice, New York University, mail@romain-lachat.ch,( Paper prepared for the 2008 Annual Meeting of the International Society of Political Psychology, July 9–12, Paris.) pp4
[xvii] داڤید پاتریک هۆتۆن، سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 260-261
[xviii] رنا رفعت شوكت، التنافر المعرفي لدى طلبة كلیة التربیة الاساسیة الجامعة المستنصریة، الجامعة المستنصریه- كلیة التربیة الأساسیة، – المجلد ٢٢ -العدد ٩٣ -٢٠١٦، ل 833
[xix] داڤید پاتریک هۆتۆن، سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 195
[xx] Richard R. Lau, David P. Redlawsk, advantages and disadvantages of cognitive heuristics in political decision making,(research) American Journal of Political Science, May 15, 2001, pp2