“له یادی 126 ساڵه‌ی ده‌رچوونی یه‌که‌مین ڕۆژنامه‌ی کوردی له قاهیره”
“پێشه‌کی”
بێگومان له‌و کاته‌وه که یه‌که‌مین ڕۆژنامه‌ی کوردی به ناوی “کردستان” له ساڵی 1898 و به سه‌رنووسه‌ریی میقداد مه‌دحه‌ت به‌درخان ده‌رچووه (که ته‌نها 31ی ژماره‌ی له ماوه‌یه‌کی زه‌مه‌نیی چوار ساڵه‌دا لی بڵاو بوویه‌وه) هه‌م مانای ڕۆژنامه‌نووسیی وه‌کوو چه‌مکێکی بواری میدیا گۆڕانی زۆری به‌سه‌ردا هاتووه و هه‌میش پیشه‌ی ڕۆژنامه‌نووسیی فۆرم و ئاقاری نوێ و جیاوازی بۆ پێناسه کراوه. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا هیچ کات پیشه‌ی ڕۆژنامه‌نووسیی له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌کانی حه‌قبێژی و ڕه‌خنه‌کردنی ده‌سه‌ڵات و په‌رده‌لادان له سه‌ر که‌موکووڕیی و خواروخێچی و گه‌نده‌ڵییه‌کانی ده‌سه‌ڵات و کۆمه‌ڵگا دابڕاو نه‌بووه، بۆیه به هه‌موو گۆڕانکارییه‌کانی سه‌رده‌می دیجیتاڵیزم و هۆشی ده‌سکرده‌وه، هیچ کات ناتوانین بڵێین ڕۆژنامه‌نووسان له مه‌ترسی و خه‌می تایبه‌ت به پیشه‌که‌یان ڕزگاریان بووه. به تایبه‌تی ئه‌م بابه‌ته بۆ ڕۆژنامه‌نووسانی کورد چه‌ند قات زیاتر ده‌بێت.
بۆ نموونه ئه‌گه‌ر ڕۆژنامه‌نووسیی به مانا گشتی و عامه‌که‌ی پێناسه بکه‌ین؛ ئه‌وا ده‌بینین ڕۆژنامه‌نووسانی ئێرانیی فارس له ده‌ره‌وه لۆبی و ڕایه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌یان له په‌یوه‌ندی و پشتگیریی مادی و مه‌عنه‌وی و سیاسیی و ئابووری بۆ خۆیان دروست کردووه، که هه‌م له ڕووی ئه‌منییه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه و هه‌م له ڕووی پشتگیری داراییه‌وه که‌مترین نیگه‌رانییان به نیسبه‌ت ڕۆژنامه‌نووسانی کورده‌وه هه‌یه، ئه‌مه له حاڵێکدایه ڕۆژنامه‌نووسانی کورد له هه‌موو ڕووداوه‌کانی ئێران‌دا پێشه‌نگی حه‌قبێژی و به‌رهه‌ڵستکاریی دژی ده‌سه‌ڵاتێکی سته‌مکار و نادادپه‌روه‌ر بوونه. به‌ڵام به هه‌موو ئه‌م تێچووانه‌شه‌وه که ڕۆژنامه‌نووسی کورد له ڕؤژهه‌ڵات و ئێران داویه‌تی میدیای زه‌به‌لاحی ئێرانیی له ده‌ره‌وه به گومان و دڕدۆنگییه‌وه چاو له ڕۆژنامه‌نووس و میدیاکاری کورد ده‌کات و وه‌کوو مه‌رج و ڕیکه‌وتنێکی نه‌نووسراو میدیاکار و ڕۆژنامه‌نووسی کورد پێویست هه‌ر له سه‌ره‌تاوه سوێندی پیرۆزی پابه‌ندبوونی به وڵاتی ئێرانی دایک و پشتکردنه خه‌ونی نه‌ته‌وه‌خوازیی بکات.
بێگومان ئه‌مه ته‌نها یه‌کێک له‌و باسانه‌یه که کورد له ئاستی ڕؤژنامه‌نووسی و میدیاییدا وه‌کوو پیشه‌ی ڕووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه. ئه‌زموونی کارکردنی ده‌یان ڕۆژنامه‌نووسی کورد له‌گه‌ڵ ئه‌و میدیا و که‌ناڵ و ماڵپه‌ڕه فارسییانه‌ی ده‌ره‌وه به ڕوونی ده‌یان حیکایه‌تی ئاڵۆز و خه‌مناکمان له دۆخی کوردبوون بۆ ده‌گێڕنه‌وه. به سه‌رنجدان به‌م هاوکێشه پڕقه‌یران و مه‌ترسیداره بۆ ڕۆژنامه‌نووسانی کورد ده‌بێت ئێمه هه‌م له ئاستی داموده‌زگایی (چ له ناوخۆ و چ له ده‌ره‌وه) و هه‌م له ئاستی لۆبی و ڕایه‌ڵه‌ی په‌یوه‌ندی و په‌روه‌رده‌کردنی ڕۆژنامه‌نووسیی کوردی ئازاد و نه‌ته‌وه‌خواز پلان و ستراتیژمان هه‌بێت. کاتێک ئه‌مه ده‌ڵێم مه‌به‌ستم له ناوخۆ ئه‌و پارچه‌یه له کوردستانه که نیمچه سه‌ربه‌خۆیی و ئازادییه‌کی هه‌یه. بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێت باشووری کوردستان وه‌کوو شوێنی به‌دیهاتنی به‌شێک له خه‌ونی حه‌فتا بۆ هه‌شتا ملیۆن کورد چاوێکی زۆری پشتگیریی و پشتیوانی کوردانی هه‌موو جیهانی له سه‌ره‌وه. به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌م پشتگیری و پشتیوانییه هه‌م له ئاستی ناوخۆیی باشووری کوردستان و هه‌میش له ده‌ره‌وه ده‌توانێت کاریگه‌ر و چاره‌نووسساز بێت. ئه‌زموونی حوکمڕانیی له باشووری کوردستان تا ئێره به نیسبه‌ت بێسنوورکردنی گوتاری ڕؤژنامه‌نووسی کوردی و په‌ره‌پێدانی له ئاستێکی به‌ربڵاوی ده‌ره‌وه‌ی باشووری کوردستان ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین دره‌وشاوه ئه‌وا جێگه‌ی به‌رگری و ده‌سخۆشییه، ئه‌مه خزمه‌ت به دۆزی ڕه‌وای کورد و پاراستنی گوتاری یه‌کشوناسی و نه‌ته‌وه‌سازیی ده‌کات، به‌ڵام به‌و حاڵه‌ش کۆمه‌لیک له‌مپه‌ر و خه‌سارمان له‌به‌رده‌مه که من له درێژه‌دا تیشک ده‌خه‌مه سه‌ر هه‌ندێکیان.
“ڕۆژنامه‌نووسان له نێوان زه‌ختی ده‌سه‌ڵاته‌کان و خواستی حه‌قبێژیدا”
ڕۆژنامه‌نووسیی پێشه‌یه‌کی پیرۆز و هاوکات پڕ له مه‌ترسی بووه له هه‌موو سه‌رده‌مه‌کاندا، له بنه‌ڕه‌تدا پیشه‌ی ڕۆژنامه‌نووسی هاوشانی پێشکه‌وتنی ژیار و شارستانییه‌تی نوێ په‌یوه‌ندییه‌کی ئاڵۆز و له هه‌مانکاتدا نه‌پساوه‌ی له‌گه‌ڵ ڕاستیی و حه‌قیقه‌تدا هه‌بووه، بێگومان به باره پێچه‌وانه‌که‌شیدا ده‌شێت ڕاست بێت و نموونه‌ی ڕۆژنامه‌نووس ببینینه‌وه که ئه‌رکی ڕاسپێردراوی شێواندنی حه‌قیقه‌ت و ڕاستییه‌کان و سازدانی درۆ و ساخته‌کاری بێت. به‌ڵام ئه‌مه بابه‌تێک نییه که ڕۆژنامه‌نووس به‌شێوه‌یه‌کی بکه‌رانه ده‌ستی بۆ ببات و بیه‌وێت ئاسایشی کۆمه‌ڵگا تێک بدات و یاریی به ڕای جه‌ماوه‌ر بکات، به‌ڵکوو له هه‌موو سه‌رده‌مه‌کاندا ده‌سه‌ڵات و هێزه کۆن و نوێکان به شێوه‌ی جۆراوجۆری تۆقاندن و کڕین و چه‌واشه‌کردن و فریودان و ده‌یان فێڵ و تاکتیکی دیکه‌وه هه‌وڵیان داوه ڕۆژنامه‌نووسان بگرنه خزمه‌تی خۆیان و به ئاڕاسته‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆیاندا (که له زرۆبه‌ی کاته‌کانیشدا هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی به ڕاستبێژی و حه‌ق و حه‌قیقه‌ته‌وه نییه) به‌کاریان بهێنن. ئه‌مه له حاڵێکدایه که ڕۆژنامه‌نووس له زۆربه‌ی وڵاتاندا و به تایبه‌تی له وڵاته پێشنه‌که‌وتووه‌کاندا ته‌نها پشت و په‌نای خۆیه‌تی و سێبه‌ره‌که‌ی، خۆی و کامێرا یان قه‌ڵه‌م و مۆبایل و ئه‌و ئامێره سه‌ره‌تاییه‌یه‌ی که به شێوه‌ی وێنه یان نووسین ده‌یه‌وێت ڕاستییه‌کان بگوازێته‌وه بۆ خه‌ڵک، به‌ڵام ته‌نانه‌ت سه‌ربازێکی چه‌ک به ده‌ستی ئاسایی ده‌توانێت پیلانگێڕیی بۆ بکات و ته‌نانه‌ت لێی بدات و ئامراز و که‌لوپه‌له‌کانی لێ وه‌رگرێت.
له‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێستاماندا که میدیا و کامێرا جۆراوجۆره گشتگیره‌کان به شێوه‌یه‌کی سه‌رسووڕهێنه‌ر په‌ره‌یان سه‌ندووه، پیشه‌ی ڕۆژنامه‌نووسیی هێشتا له فۆرمی نوێ و به کاژخستنێکه‌وه هه‌ر له هه‌وڵی گواستنه‌وه‌ی ڕاستییه‌کان و ده‌رچوونه له‌و تۆڕ و داوانه‌ی که ده‌سه‌ڵات و جاڵجاڵۆکه‌ی هێز بۆی ته‌نیوه، دۆخی ڕۆژنامه‌نووسان هیچ کات له که‌شێکی ئه‌مین و ئاشتییانه‌دا نه‌بووه، ته‌نانه‌ت له‌و ڕۆژگارانه‌ش که شه‌ڕ و گرژیی نێوان وڵاتان له ئارادا نییه، ڕۆژنامه‌نووس پێشه‌نگی هه‌ڵدانه‌وه‌ی ئه‌و ڕاز و نهێنیانه‌یه که ده‌سه‌ڵاته‌کان یان کارئه‌که‌ته‌ره گه‌نده‌ڵه‌کانیان شاردوویانه‌ته‌وه. وه‌کوو له جیهاندا باوه میدیا و ڕۆژنامه‌نووسیی ئازاد کۆڵه‌که‌ی چواره‌می دیموکراسییه.
به‌ڵام ئایا له وڵاتانی پێشنه‌که‌وتوو کۆڵه‌که‌ی یه‌که‌م و دووه‌م و سێیه‌می دیموکراسی هه‌نه تاکوو هی چواره‌میش هه‌بێت و ڕۆژنامه‌نووسان سینگی خۆیان بکه‌ن به قه‌لغان بۆ به‌رگریی له مافی خه‌ڵک و خزمه‌تکردن به حه‌قیقه‌ت! بۆیه له ڕاستیدا ئه‌م گوزاره سواو و چه‌ندپاته‌کییه‌ی که له وڵاتانی پێشنه‌که‌وتوودا ده‌وترێت “میدیا و ڕۆژنامه‌نووسیی ئازاد کۆڵه‌که‌ی چواره‌می دیموکراسییه” و به شیوه‌یه‌ک ده‌ریده‌بڕن وه‌کوو بڵێین له ڕێگه‌ی کۆڵه‌که‌ی چواره‌مه‌وه به ئاسانی کۆڵه‌که پێشینییه‌کانی دیکه‌ش له سه‌ر خاکێکی ئه‌مین و پته‌و ڕۆده‌چن و کۆشکی ئازادی و دادپه‌روه‌ری و دیموکراسی له سه‌ر پێکانی خۆی ڕاده‌وه‌ستێت، نه‌خێر ئه‌مه ته‌نها ئه‌و گوزاره وه‌همبه‌خشه جوانکیلانه‌یه که ته‌نها له خه‌ونه‌کانماندا حه‌زمان ده‌کرد ئێمه‌ش دۆخێکی وامان هه‌بێت، حه‌زمان ده‌کرد به ڕاستیی هێنده به‌ها بۆ مرۆڤبوون و هه‌وڵه‌کانمان له پێناوی ڕاستبێژی و حه‌قیقه‌ت و پووچه‌ڵکردنه‌وه‌ی نادادپه‌ره‌وه‌ری و گه‌نده‌ڵی هه‌بایه که ئه‌گه‌ریش تووشی مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه بینه‌وه خۆمانی لێ با نه‌ده‌ینه‌وه و که‌یفمان پێی بێت که ئێمه‌ی مرۆڤ به تاقی ته‌نیا وه‌کوو ڕۆژنامه‌نووس دڵی زاڵم و ستمه‌کار و سه‌رده‌ممان داخورپاندووه و په‌یوه‌ندییه‌کمان له‌م گه‌ردوونه‌دا له‌گه‌ڵ چه‌مکی ڕێژه‌یی حه‌قیقه‌ت و ڕاستبێژی هه‌یه!
له ئاوه‌ها دۆخێک‌دا ڕۆژنامه‌نووس جگه له بێ ده‌سه‌ڵاتی و مه‌زڵوومییه‌ت چ پێناسه‌یه‌کی دیکه‌ی به باڵادا ده‌بڕێت؟ سه‌رباری ئه‌وه‌ش ڕۆژنامه‌نووسان له زۆر وڵاتی ناوچه‌که‌دا له بچووکترین پێداویستییه‌کان کار و ژیان بێبه‌شن، سه‌یر له‌وه‌دایه هه‌ر ئه‌م ڕۆژنامه‌نووسانه‌ش ده‌بن به قه‌لغانی به‌رگریی له دژی ده‌سه‌ڵاته خونکاره‌کاندا و باجه‌که‌شی به سامناکترین شێوه ده‌ده‌ن. له پله‌ی یه‌که‌مدا بۆ کورد ڕۆژنامه‌نووسی له ژێر ده‌سه‌ڵاتی داگیرکه‌راندا چه‌ند قات سه‌ختتر و کوشنده‌تر ده‌بێته‌وه، چه‌ند قات دڵه‌ڕاوکێ و مه‌ترسییه‌کانی زیاتر ده‌بێته‌وه، هه‌ر زوو به زوو له بابه‌تێکی ئه‌خلاقی و مۆراڵی ئینسانییه‌وه ده‌یگوازنه‌وه بۆ بابه‌تێکی ئه‌منی و پاساو و قه‌فه‌سه ئاسنینه ئایدۆلۆژییه‌که بۆ ئه‌شکه‌نجه و زیندان و کوشتنیان ته‌یار ده‌که‌ن!. پێم وایه سه‌رجه‌می ئه‌م دۆخانه و دۆزی گشتیی کورد که چوارچێوه‌یه‌کی پڕ له ته‌نگه‌ژه و سامناکی بۆ ڕۆژنامه‌نووسان و پیشه‌ی ڕۆژنامه‌نووسیی که هه‌موو کوردستان به‌گشتیی هێناوه‌ته ئاراوه بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی که کورد له ئاسته گشتییه‌که‌یدا و ده‌سه‌ڵاتی کوردی چ له سه‌رده‌می شاخ و چ پاش دامه‌زراندنی حوکمڕانیی کوردی به شێوه‌یه‌کی نه‌رم و نیانتر چاو له ڕؤژنامه‌نووسان و ئازادی ڕاده‌ربڕین بکات، بێگومان به نیسبه‌تی وڵاتانی دراوسێوه چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی کتێب و، ڕۆژنامه و توانایی پرسیار و وه‌ڵام و قسه و،نووسینی ڕۆژنامه‌نووسان له کوردستان له ئاستێکی باشتر و پێشه‌نگتردا بووه، به‌ڵام ئه‌مه به‌و واتایه نییه گۆڕانه نه‌رێنییه‌کانیش نه‌بینین و چاو به سه‌ر ئه‌م ڕاستییه‌دا داخه‌ین که ڕۆژنامه‌نووسان و پیشه‌که‌یان له نێوان ململانێی سیاسی و حیزبی و ته‌نانه‌ت که‌وانه‌ی بازرگانی و مافیا هێزداره‌کانه‌وه گیریان خواردووه.
ئێمه له ساڵانی ڕابردووه‌وه ده‌یان گرته‌ی ده‌نگی و ڤیدیۆییمان بیستووه و بینیوه که به‌رپرسێکی حیزبی هه‌ڕه‌شه‌ی له ڕۆژنامه‌نووسێک کردووه، ئێسته و له کاتێکدا که من خه‌ریکم ئه‌م دێڕانه ده‌نووسم چه‌ندین ڕۆژنامه‌نووسی کچ له ئێران و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌هۆی ڕووماڵکردنی ڕووداوه‌کانی سه‌رده‌می شۆڕشی ژینا و ئه‌و ڕووداوانه‌ی په‌یوه‌ستن به پیشه‌ی ڕۆژنامه‌نووسی و ره‌خنه‌کردنی ده‌سه‌ڵات حوکم و بڕیاری قورسیان به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه و هه‌موو دونیاش هاوار بکات هیچ تۆفیرێک بۆ دۆخی ئه‌وان ناکات، بێگومان له‌گه‌ڵ ئازادییه‌کی ڕیژه‌یی و دیاری پیشه‌ی ڕۆژنامه‌نووسی له باشووری کوردستان هه‌مدیس ته‌نگژه و ئاریشه‌ی تایبه‌ت به ڕۆژنامه‌نووسان له‌ئارادیه، که ئه‌مه خۆی خه‌م و دڵه‌خورپه‌ی ڕۆژنامه‌نووسان له کوردستان زیاد ده‌کات، ڕه‌نگه گرتنی ڕۆژنامه‌نووسان به‌پێی یاسا و له ژێر لێکۆڵینه‌وه‌ی تایبه‌ت به ئاسایشی نیشتمانی ئاسایی بێت به‌ڵام ئه‌وانه‌ی که گیراون جگه له‌وه‌ی که له ناو که‌وانه و به‌رداشی ململانێی حیزبی‌دا گیریان خواردووه و بوونه‌ته قوربانی هیچ مانا و خوێندنه‌وه‌یه‌کی دیکه‌ی بۆ گیرانیان ناکرێت.