نەنکێکی زۆر میهرەبانم هەبوو، لە ناوەڕاستی مانگی نۆى 2005 کۆچی دوایی کرد. زۆرم خۆش دەویست. ئەو یەکەمین مامۆستای من بوو کە لە ژیانمدا زۆر شتی باشى لێوە فێربووم، گرنگترینیان ئیشق بوو. لە کۆتایی تەمەنیدا بەهۆی بەساڵاچوونەوە، دووچارى هەندێ کێشەی جەستەیی بووبوو، یەکێک لەو نەخۆشیانە بە گوتەی پزیشکان: (ئارترۆز) یان (جمگەهەوکردن) بوو. ڕۆژێک لێی پرسیم: “مەحموود گیان، ئەوە چ نەخۆشییەکە دەرمان و چارەسەری نییە؟” منیش بۆ ئەوەی بتوانم وەڵامێکی بۆ پەیدا بکەم، لەسەر نەخۆشییەکەی دەستم کرد بە لێکۆڵینەوە، بۆ ئەوەی زانیاریی پێویستى بدەمێ. بە کورتییەکەى ئەمە بوو: ئارترۆز نەخۆشییەکە دووچارى جومگەکان دەبێت و نەخۆشەکە ئیتر ناتوانێت جومگەکانی بە ئاسانی بجووڵێنێت. بۆ نموونە کاتێک دەیەوێت جومگەکانی دەست و مل و قاچ و مەچەکی و …هتد بجوڵێنێت، ژان دەکات. (ئارترۆز نەخۆشییەکە تووشی هەر جومگەیەک ببێت، لە چالاکی پەکی دەخات.)
من کارم بەسەر باسی پزیشکییەوە نییە، هۆی سەرهەڵدانی چییە، ئاخۆ چارەسەری هەیە یان نا، بەڵام ئەوەی لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی نەخۆشییەکەی نەنکم لەسەر ئارترۆز دەستم کەوت، چەند خاڵێکە دەمەوێت لەگەڵ ئێوەی خۆشەویست بیانخەمە ڕوو: ئارترۆز، بە زۆری تووشی کەسانی بەتەمەن دەبێت، کەمتر تووشی گەنجان دەبێت، بەڵام نەخۆشییەکی مەترسیدارتر هەیە کە من دەمەوێت لەم بابەتەدا قسەی لەسەر بکەم، دەکرێت ئەم نەخۆشییە هەموو مرۆڤێک، لە هەر تەمەن و ڕەگەزێک، لە هەر شوێنێکدا گرفتار بکات. ئەم نەخۆشییە من ناوم لێ ناوە (ئارترۆزی بیرکردنەوە)، هیوادارم ئەم بابەتە سەرنجی هەموولایەکمان ڕابکێشێت و هزر و بیرمان بکاتەوە، بە تایبەت بەرپرسان و کەسانێک کە لە بواری پەروەردەدان. ببێتە مایەی ئەوەی سەرلەنوێ چاوێک بەسەر بیروباوەڕ و ڕەفتارەکانماندا بخشێنینەوە. لە زانستی پزیشکیدا شتێک بە ناوی ئارترۆزی بیرکردنەوە بوونى نییە. ئەمەش نازناوێکە من بۆ ڕوونکردنەوەی هەندێک کێشەی گرنگی ژیانمان هەڵمبژاردووە. کاتێک ئەم بابەتەم بۆ ڕوونکردنەوە، دەبینن کە چۆن ئەم نەخۆشییە بێدەنگ و مەترسیدارە، سێبەری بەسەر زۆربەمانەوەیە و دووچاری چەقبەستوویی کردووین.
هەروەک دەزانن، مێشکی مرۆڤ لەو بەشەی ڕەگەزی مرۆڤ لە ئاژەڵان و بوونەوەرەکانی دیکە جیا دەکاتەوە ئەرکێکی دیاریکراوی هەیە؛ بیرکردنەوە، داهێنان، دۆزینەوەی ڕێگەچارە بۆ کێشەکان، فێربوون و هاوشێوەی ئەمانە. ئارترۆزی بیرکردنەوە، نەخۆشییەکە مێشک لەو کارەی بۆی دروست کراوە، ئیفلیج دەکات. دەپرسن “چۆن؟” وەڵامەکەیشی ئەوەیە:- واتە من حەزم لە بیر کردنەوە نییە، پێم خۆشە وەکوو تووتی و بە ڕۆتینی کارەکان ئەنجام بدەم. ئارترۆزی بیرکردنەوە، نەخۆشییەکە کە تووشی مرۆڤ دەبێت، کەسەکە هێزی داهێنانی لەدەست دەدات، ناتوانێت نوێگەری بکات، هەمیشە گرفتارە و ناتوانێت ڕێگەچارەی تازە بۆ کێشەکانی پەیدا بکات. مێشک هێشتا توانستەکانی ماوە، بەڵام لەبەر ئەوەی تووشی ئارترۆز بووە، توانای بیرکرنەوە و داهێنانی لەدەست داوە و ناتوانێت هەموو تواناکانی خۆی بەکار بهێنێت. کەسی تووشبوو بە نەخۆشیی ئارترۆز، لەهەر تەمەن و ڕەگەزێک بێت، بیرکردنەوە و داهێنان بۆ ئەو، کارێکی سەختە. ناتوانێت کتێب بخوێنێتەوە، ناتوانێت بەرنامەى پەروەردەیی تەماشا بکات، ناتوانێت لەوانی دیکەوە شت فێر ببێت. کەسى تووشبوو بەم نەخۆشییە، پێی خۆشە لە هەمان دۆخدا بمێنێتەوە و خۆی لەهەر جۆرە چالاکییەک بەدوور بگرێت. ئەم نەخۆشییە مەترسیدارە، بەداخەوە ساڵ و تەمەن ناناسێت و لەوانەیە مرۆڤەکان لە تەمەنى 5 – 6 ساڵییەوە تووشی ببن. نموونەیان زۆرە ئەو کەسانەی کە ئاستی زانیارییەکانیان هەر لە تەمەنی10–12ساڵیدایە و زیادی نەکردووە، واتە لەدواى ئەو تەمەنەوە شتێکی نوێ فێر نەبوون. کارەکان وەکوو تووتی ئەنجام دەدەن و دواجار لە “تەڵەی ڕۆتینی ڕۆژانە”دا گرفتار دەبن، بەڵام لەبری ئەوەی هەوڵ بدەن لەم تەڵەیە ڕزگاریان بێت و ژیانی ڕاستەقینە ئەزموون بکەن، دیسان لە هەمان تەڵەدا بەردەوامی بە هەوڵە نەزۆکەکانیان دەدەن!
بە ئینگلیزی بەم دۆخە دەوترێت rat race یان “هەوڵی نەزۆک”. ئەم واتایە، لە بنەڕەتدا، نیشاندەری ئەو بازنەیەیە کە دەخولێتەوە، مشکێک یان سەگێک دەخەنە ناویەوە و هەر دەخولێتەوە، ئەویش بۆ ئەوەى نەکەوێت هێندە پەلەکوتێ دەکات تا دڵی دەوەستێت و دەمرێت. لەوانەیە لە دڵەوە پێکەنیمان بە ڕەفتاری ئەو مشکە بێت، لە کاتێکدا چیرۆکی ژیانی زۆربەمان بەم شێوەیەیە، بەبێ بیرکردنەوە کار دەکەین و دەژین و تەمەن و دەرفەتەکانمان بە فیڕۆ دەدەین! هەر بۆیە ژیانی زۆربەمان سەرتاپا خەم و بێ هیوایی دایگرتووە. تەنیا ڕێگەی ڕزگاربوون لەو دۆخە، ئەوەیە کە:- ئۆقرە بگرین، بووەستین، تا بەردەبینەوە و لە شەڕی ئەم بازنە پووچ و هەوڵە بێ ئاکامە ڕزگارمان دەبێت، بە مەرجێک لەم کەوتنە کاتییە نەترسین. سەرەتا پێویستە بزانین چۆن ئێمەی مرۆڤ تووشی ئارترۆز دەبین؟ لێکۆڵینەوەکان لە ئەمریکان دەریانخستووە، ئەگەر ڕێژەى زیرەکی و داهێنان و نوێگەریی منداڵان لە سەرەتای لەدایکبوونیانەوە بەرانبەر بە 100 هەژمار بکەین، لەتەمەنی شەش ساڵیدا ئەم ڕێژەیە بۆ نزیکی 5 یان 6 دادەبەزێت، هۆکاری ئەم دابەزینە بەرچاوە، جگە لە ڕەفتاری دایکان و باوکان و سیستەمی پەروەردە و کولتوور و کۆمەڵگە، هیچی دیکە نییە. واتە لەژێر ناوی (پەروەردە) لە سەدا 95%ى داهێنان و نوێگەریی منداڵەکانمان دەکوژین.
“بابزانین ئەمە چۆن ڕوو دەدات؟”
بۆ نموونە: منداڵێک دەیەوێت خەت بە دیوارێکدا بهێنێت، دایک و باوکی خێرا پێی دەڵێن “نا، نا، نا! شتی وانەکەی! دیوارەکە پیس بکەی تەمێت دەکەم”. دەیەوێت قاپێک سەرەونخوون دابنێت، گەورەکان پێی دەڵێن “نا،نا،نا! دەستکاری مەکە! وا نابێت، ئەم قاپە دەبێت هەمیشە ئاوا بێت!”. دەیەوێت لە ڕێگەیەکی ترەوە بچێە سەر جێگەکەى. یان لە تەنیشت سیسەمی خەوەکەیەوەبە پێچەوانەی شەوانی ڕابردووی بنوێت. پێی دەڵێن: ” نا، نا، نا! هەمیشە دەبێت لەم ڕێگەوە بڕۆیت و هەمیشە ئاوا بخەویت!”. هەروا بە سادەیی، بەم ڕەفتارانە کە لە ڕواڵەتدا نییەتمان خێرە، داهێنانی منداڵەکانمان دەکوژین. ئێمەی گەورەکان هەمیشە پێمان وایە هەمووشتێک دەزانین، هەر بۆیە هەمیشە خەریکی کۆنترۆڵکردنی منداڵەکانمان و ئەوانی دیکەین. لەجیاتی ئەوەی منداڵەکانمان فێر بکەین “بیر” بکەنەوە، فێریان دەکەین چۆن “بیر” بکەنەوە و چۆن “ڕەفتار” بکەن، لە هەمووی خراپتر، فێریان دەکەین چۆن هەست بکەن.
– ئەگەر کەسێک ئەم قسەی بۆ کردی پێ بکەنە!
– ئەگەر وەهای گوت، خۆت بێتاقەت نیشان بدە!
واتە ئەو مافە سادەشیان پێ ڕەوا نابیبین و ئازادیان ناکەین لە ڕووی غەریزەییەوە کاردانەوەیەکی سرووشتی نیشان بدەن، چونکە بیرمان چووە کە خۆیشمان، قوربانیی پەروەردەی قوربانیانێکی دیکەین و بە شێوەیەکی نادروست و هەڵە پەروەردە کراوین، لەسەر ئەم بنەمایە، پێمان وایە ڕەفتاری ئێمە دروستە و ئەوانی دیکە نەزانن. من رۆژانە چەندین نامەم لەلایەن ئێوەى خۆشەویستەوە پێ دەگات، بۆ نموونە: ئەو کچانەی کە باوکیان تووندوتیژ و شەڕەنگێزەن، ژیانی خێزانەکانیان تاڵە، لەو جۆرە خێزانانە، باوکەکە پێی وایە هەمیشە ئەو لەسەر هەقە، هەرچییەک ئەو دەیڵێت دروستە و هەمووان دەبێت پەیڕەویی لێ بکەن، ئەو کچەی لە خێزانێکى لەم شێوەیەدا گەورە بووە، ئەو هەمووە چەوساوەتەوە، ئەو هەموو ئازار و تاڵییەى چەشتووە لەو ژینگە نا تەندروستەدا، کاتێک دەیەوێت هاوسەرگیری بکات، دەکەوێتەوە هەمان تەڵە و لەگەڵ پیاوێک هاوشێوەی باوکی هاوسەرگیری دەکات، کە وەک باوکى ستەمکار و تووندوتیژە! بۆچى؟ چونکە مێشکی ئەو وێنەیەى کە بۆ پیاو یان هاوسەر وەریگرتووە، وێنەیەکە هاوشێوەی باوکیەتی یان شێوەى مامەى، یان براکەى، ئەمەش تەڵەیەکە دەبێتە هۆی ئەوەی بەدبەختەکان، بەدبەختتر بن، چونکە مێشکیان جگە لەم بەدبەختییانە زیاتر، هیچی دیکە فێر نەبووە.
بۆیە کاتێک دەمانەوێت شتێک فێری منداڵەکانمان بکەین، باشترە کەمێک بیر بکەینەوە لە خۆمان بپرسین: ئایا ئەم شتەی دەمەوێت فێری منداڵەکەمی بکەم، بە ڕاستی دەیزانم؟ ئایا ڕێگەکەم دروستە؟ ئایا بڕیارێکی دروستم داوە؟ ئایا خۆم لە ژیانم ڕازیم و لە دۆخێکی وەهادام چاوەڕوان بم منداڵەکەم پەیڕەوی لێ بکات؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە، زۆر سادەیە. ئەگەر خۆشحاڵیت، ژیانت خۆشە، زەردەخەنە لەسەر لێوەکانتە و سەرکەوتوویت، درێژە بە ڕێگەکەت بدە، کێشە نییە و زۆریش باشە! بەڵام ئەگەر لە ژیانت ناڕازیت و دەناڵێنیت، دەبێت بزانیت خەریکیت ئەم دەرد و ڕەنجانەت وەکوو “ڕاستی-حەقیقەتی ژیان” بۆ منداڵەکانت دەگوازیتەوە و بەسەر یاندا دەسەپێنیت. لە کاتێکدا ئەمانە نەک هەر ڕاستی و حەقیقەت نین، بەڵکوو تەنیا تێگەیشتن و لێکدانەوە و ئەنجامی هەڵبژاردنى هەڵە و پەروەردەى سەقەتى ژیانمانن. ئەو پەروەردە قاڵبییانەی، زیاتر بە شێوەی ڕۆتین و بێ بیرکردنەوە، لە دایک و باوک و دەوروبەرەوە بۆمان ماونەتەوە و فێریان بووین. پێوستە ئاگامان لە مێشکمان بێت، نەهێڵین وشک بێت و بپووکێتەوە.
منداڵەکان لە یەکساڵیدا ئەگەر تواناى داهێنانیان لەسەدا 100% بێت، لەشەش ساڵیدا ئێمە بە هۆی پەروەردەوفێرکردنی نادروستەوە دەیگەیەنین بە نزیکەى لە سەدا 5 تا 6 هەموو، تواناکانیان لە نێو دەبەین. دەبنە منداڵانێکی گوێڕایەڵ و لەقاڵب دەدرێن. ئەم منداڵە لە قاڵبدراوانە ژیانێکى لە قاڵبدراویان دەبێت. لە ژیاندا قاڵبییانە مامەڵەدەکەن. وەک ئەوەى چوارچێوەیەک دروست بکەین و بڵێین: “ژیان واتە ئەمە!” بە زۆر هەوڵ بدەین ژیان لە چوارچێوەی ئەو قاڵبەدا بگونجێنین، ئاشکرایە جێگەی نابێتەوە! هیچ کەس ژیانى لە چوارچێوەی قاڵبێکدا جێگەی نابێتەوە! سروشت و ژیانى مرۆڤ بە جۆرێکە لەگەڵ شێوە و مامەڵەی قاڵبی ناگونجێن. خانمێک نامەیەکی بۆ نوسیووم و دەڵێ: “من لە بانكێک کار دەکەم شوێنى کارەکەم شوێنێکى خراپە هەموو هاوکارەکانم خراپن، دووڕوون، ڕیاکارن، درۆزنن. بەڕێوەبەرەکەمان نەخۆشیی دەروونیی هەیە”. من ناڵێم قسەکانی ئەو خانمە ڕاست نین، بەڵام لە شتێک دڵنیام: ئەو خانمە قاڵبێکی هەڵبژاردووە، تێیدا جێگەی ئەو مرۆڤانە نابێتەوە! پێویستە ئێمە بتوانین مرۆڤەکان بەو جۆرەی کە هەن، پەسەند بکەین.
هەر یەک لە ئێمە پێویستە بتوانین سەرەتا سیستەمەکە قبووڵ بکەین، پاشان بۆ گۆڕینى هەوڵ بدەین. بەڵام بەداخەوە زۆربەمان ئەم نوێگەریی و توانای فێربوونەمان نییە. بەو شێوەیە سەیر دەکەین کە فێر کراوین، دنیابینیمان لەمنداڵییەوە بە جۆرێکی تایبەت بەرنامەڕێژی کراوە، بەبێ ئەوەی دەربارەی ڕاستی و دروستییان بیر بکەینەوە. با پێکەوە ئەم یارییە بکەین، بۆ ئەوەى بزانین چۆن شێوازى باوەڕ و بیرکردنەوە و دنیابینیی زۆربەمان، پێشتر بەرنامەڕێژی کراوە. تکایە بۆ ماوەی 30 چرکە سەیرى چواردەورت بکە و هەرچی ڕەنگی سەوزە لە چواردەورت باش سەیریان بکەن و بەیادیان بسپێرە. جوان سەیریان بکە، ئێستا چاوەکانت بنوقێنە و هەرچى ڕەنگى شینە بە یادى خۆتى بهێنەرەوە. دەڵێىت کاکە نابێت! تۆ وتت: سەوز، منیش سەیرى سەوزم کرد. سوپاست دەکەم چاوەکانت بکەرەوە. بینیت چەند کارێکى سەختە؟ ئێستا سەیری چواردەورت بکە، سەیر بکە چەند ڕەنگی شین هەیە، زۆر هەیە بەڵام نەوتوانى بەیادیان بهێنیت! بۆچى؟ چونکە لە سەرەتاى یارییەکەدا، من داوام لێ کردى سەوزەکان هەڵبژێرە. مێشکى تۆیش کامێرا نییە، هەموو سەوزەکانى هەڵژارد و کاتێک داوامان لێ کرد شینەکان بەیاد بهێنەرەوە، نەیتوانی، بۆچ؟ چونکە شینى نەدیبوو لە دنیادا ئێمە ئەو شتانە دەبینین کە خۆمان دەمانەوێت و لە مێشکماندا ناسێنراون و پێناسەمان کردوون. لە دنیادا هەم خۆشی و هەم ناخۆشی، هەم چاکە و هەم خراپە هەیە، هەم ناشیرینی و هەم جوان، هەمووشتێک هەیە. بەڵام تۆ مێشکت ڕاهێناوە لە نێوانیاندا کامیان هەڵبژێرێت؟
بە هۆی ئارترۆزى بیرکردنەوە، واتە بە هۆی وشکبوونى مێشکمان زۆربەی جار بەو شێوەیەی لەمنداڵیدا فێریان کردووین، هەڵدەبژێرین. ئاگاداربە: کوڕە متمانە بە مرۆڤەکان نەکەیت، خەسووەکان هیچکات بووکەکانیان خۆش ناوێت، ئاگات لە ئاوەڵزاواکەت بێت فێڵت لێ نەکات، ئاگاداری خۆت بە هاوڕێکانت قۆڵت نەبڕن، کوڕم لە دنیا دوو کەسی باش پەیدا ناکەیت، متمانە بە کەس مەکە، ئاگات لە خۆت بێت، دەست بە کڵاوەکەتەوە بگرە با نەیبات بەقەد بەڕەکەی خۆت پێت ڕابکێشە… هەموو ئەم قسانە دەکەین بە مێشکى منداڵەکانماندا، ئەوسا کولتوورێک بنیاد دەنێین کە میلەتێکى قوربانی بەرهەم دەهێنێت، بۆچی گۆڕانی کولتوور و گۆڕینی ڕەفتارە نادروستەکانی کۆمەڵگە هێندە سەختە؟ چونکە گۆڕانی کولتوور، پێویستە لە مێشکى من و تۆوە ڕوو بدات، نەک لەدەرەوە، بە هاتنی ئۆتۆمبێلى مۆدێل بەرز، ئۆتۆماتیکى کولتوور ناگۆڕێت. “لە مێشکەوە دەبێت من و تۆ بگۆڕێن”. مێشکی ئێمەش کاتێک دەتوانێت بگۆڕێت، لە دۆخی سرووشتیدا بێت و وشک و بیرکۆڵ نەبووبێت! بەڵام بەداخەوە بەهۆی پەروەردە و فێرکردنی نادروستەوە، مێشکی منداڵەکانمان لەمنداڵییەوە وشک دەکەین و لە قاڵبیان دەدەین. دامەزرێنەری کۆمپانیای سۆنی، وتەیەکی هەیە، پەنجا ساڵ لەمەوبەر خوێندمەوە، بەبڕوای من هێشتا هەر نوێیە و بۆ ئەم سەردەمەی ئێمە دەبێت، لەکۆتایی چاوپێکەوتنێکدا ڕۆژنامەنووسێک لێی دەپرسێت: ” پەیامت چییە بۆ خەڵکی دنیا؟” لە وەڵامدا دەڵێ: “من تەنیا یەک پەیامم هەیە ئەویش بۆ سیستەمى پەروەردە و فێرکردنی جیهانە”. (لەم کەوانەیەدا پێویستە بڵێم کە مەبەست لە پەروەردە و فێرکردن، تەنیا فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە و فێرکردن نییە، بەڵکوو دایکان و باوکان، من و تۆ و ڕێکخراوەکانیشە).
پەیامى دامەزرینەرى کۆمپانیاى سۆنى ئەمە بوو:- گەورەترین هەڵەى سیستەمى پەروەردە و فێرکرنی دنیا ئەوەیە، فێرمان دەکات ئەو شتانە فێرى منداڵەکانمان و مرۆڤەکان بکەین دەیانزانین. ڕۆژنامەنووسەکە بە سەرسوڕمانەوە لێى دەپرسێت: “ئەى کەواتە دەبێت چی بکەین؟ ئایا جگە لەو شتانەی کە دەیانزانین، مەگەر دەکرێت شتێکى دیکەیان فێر بکەین؟” وەڵامەکەی بەمجۆرە بوو: “بەڵێ! پێویستە منداڵەکانمان ئەو شتانە فێر ببن کە ئێمە نایانزانین، ئینجا دنیا پێش دەکەوێت”. دەتوانن ڕاستی و دروستیی ئەم وتەیە لە ژیانی خۆتاندا تاقی بکەنەوە. ئەگەر تۆ لە دایک و باوکت و پێشینانت سەرکەوتووتریت، هى ئەوەیە شتێکی زیاتر و باشتر لەوان دەزانیت و ئەنجامی دەدەیت. کۆمەڵگەیەک سەرکەوتووە کە لە پێشینانیان زیاتر دەزانن و باشتر ئەنجامی دەدەن. هەر کەس بتوانێت شتێکی نوێ فێر ببێت، بە هەمان ئەندازە دەتوانێت سەرکەوتوو بێت! تۆیش دەتوانیت بەردەوامى بە ڕێچکەی فێربوون بدەیت و هەمیشە باشتر و سەرکەوتووتر بیت! گرنگ ئەوەیە ئێمە دەتوانین هەمیشە فێر ببین.
بەڵام بە داخەوە، بەشی فێربوونی مێشکى زۆربەمان وشک و ڕەق بووە و بووە بە بەرد! ئێمە دەبێت مێشکمان نەرم و ئامادەى فێربوون بکەین. ئەوەتا لە بیرکردنەوە، داهێنان، فێربوونی شتى نوێ بێزارین، لە کاتێکدا مێشک بۆ ئەم شتانە دروست کراوە. بەڵام نەک هەر خۆشحاڵ نین، بەڵکوو ئازار دەچێژێن و دووچاری پەشێوی دەبین. ئەمە لە کاتێکدایە لە جیهاندا دنیایەک بابەتی نوێ هەیە، فێریان نابین. تا ئێستا پەرتووکت خوێندووەتەوە؟ بێگومان دەڵێیت: “بەڵێ” لەوانەیە پێشت ناخۆش بێت پرسیارێکی وات لێ بکەن، بە خۆتان دەڵێن: “ئەم موعەزەمییە بە چاوێکی کەم سەیرمان دەکات” بەڵام لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێزم بۆتان، دەمەوێت ڕاستییەک بڵێم کە لەوانەیە زۆربەمان بگرێتەوە و هیواخوازم لەمەبەدوا وا نەبێت. من زۆر لەو ژن و پیاوانەم دیوە، خەریکی خوێندنەوە بوون و لە پڕ وەک شتێکی گەورەیان کەشف کردبێت، خێزانەکەى بانگ کردووە و بە دەنگێکی پڕ لە غروور و هەستی سەرکەوتن ڕووی تێکردووە و گوتوویەتى “وەرە، وەرە بۆ ئێرە! ئەها ئەوەتا، هەمان ئەو قسانەى من ساڵانێکە بە تۆی دەڵێم، ئەوەتا لەم پەرتووکەدا نووسراوە” زۆربەی خەڵک بۆ ئەوە پەرتووک ناخوێننەوە کە شتی نوێ فێر ببن، بەڵکوو پەرتووک دەخوێننەوە بۆ ئەوەی بیسەلمێنن “من لەسەر هەقم”. لە ڕاستیدا ئەوان لە شوێن ئەوە دەگەڕێن باوەڕەکانیان بسەلمێنن، وەک لەوەى شتێکی نوێ فێر ببن. ئەمەش مایەى نا ئومێدییە. پێویستە کاتێک کتێبێک، بابەتێک دەخووێنینەوە یان فیلمێک دەبینین …تاد. وا بزانین هیچ نازانین، هیچ شتێک! ئەوجا دەتوانیت شتێکی نوێ فێر ببین. ئەگەر بابەتەکانی سوودبەخش بوون دەتوانین لە مێشکماندا هەڵیان بگرین، ئەگەر بێ سوود بوون، فێڕێیان بدەین. بە واتایەکی دیکە. کاتێک بابەتێک دەخوێنینەوە پێویستە بەتەواویی بوونمانەوە ئامادەی وەرگرتنی بابەتی نوێ بین.
بەڵام زۆربەمان بە پێچەوانەوە، زۆرشتمان وەک (باوەڕی دروست) پەسەند کردووە، لە مێشکماندا تۆمارمان کردوون و کردوونمان بە سەنگی مەحەک، هەموو شتێک بەو بیر و باوەڕانە دەپێوین، بەو باوەڕانەوە کتێب دەخوێنینەوە، فیلم تەماشا دەکەین، ئەوانی دیکەى پێ هەڵدەسەنگێنین و… تاد. ئاشکرایە ئەم قاڵبە سەرکەوتوومان ناکات، چونکە جێگەی زۆر شتی تێدا نابێتەوە، بۆیە سەرەنجام شکست دەخۆین و بەدبەخت دەبین. ئارترۆزى بیرکردنەوە (دووبارە دەیڵێمەوە ئەمە نازناوێکە من دروستم کردووە بۆ نیشاندانی سستیی لایەنى پەروەردەییمان، سبەینێ نەچی بۆلای پزیشک بڵێی نەخۆشیی ئارترۆزم گرتووە داوای چارەسەری لێ بکەیت) ئێمە دەبێت مێشکمان بە جۆرێک پەروەردە بکەین فێربوونی شتە نوێکان نەک بۆی سەخت نەبێت، بەڵکوو چێژ لە داهێنان و نوێگەریش وەربگرێت. هەروەک چۆن ئارترۆز، جومگەکان لە چالاکى دەخات، ئارترۆزی بیرکردنەوەیش وا لە کەسەکە دەکات کاتێک دەیەوێت بیربکاتەوە، ئازار دەچێژێت، کاتێک دەیەوێت داهێنان بکات دووچاری ناڕەحەتی دەبێت، لە گۆڕانکارییەکان هەڵدێت، لە دۆزینەوەی ڕێگەچارەى نوێ لاوازە. ئەو کەسانەی تووشی ئارترۆزى بیرکردنەوە بوون، کاتێک کە پێویست دەکات لە شوێن شتێکی نوێ بڕۆن، بگۆڕێن یان ڕێگەیەکی تازە بدۆزنەوە، بە حاڵەتێکی بێمەیلی دەڵێن: “گرنگ نییە، ئەو کارەی پێشووم دەکەم لە هەمووی باشترە “زۆرن ئەو کەسانەی ئێستاش دەیانەوێت بە پلایسێک هەموو کارێک ئەنجام بدەن، “لایان وایە زۆر داهێنەرن”. کاتێک ئەو هەموو ئامراز و ڕێگەچارە هەیە، هەڵەیە بمانەوێت هەموو کارەکانمان بە یەک ئامێر و بە یەک شێوە ئەنجام بدەین.
لە بیرمان نەچێت ئێمە لەوەی بەسەرماندا هاتووە، تاوانمان نییە، بەڵام لە ئێستابەدواوە (کە لە باوەڕ و ڕەوشتی نادروست بە ئاگا بووین)، سەبارەت بە خۆمان، بە منداڵەکانمان و کۆمەڵگە و دنیا، بەرپرسین و پێویستە بەرپرسیارەتی لە ئەستۆ بگرین. دەمەوێت دیسان پێکەوە یارییەکی دیکە بکەین، خۆم زۆر ئەم یارییە ئەنجام دەدەم، داوایش لە ئێوە دەکەم هەر کات هەستتانکرد مێشکتان دووچارى ئارترۆز بووە، ئەم یارییە ئەنجام بدەن: وا هەست بکەن زنجیرێک بە دەوری سەرتاندایە، ئێستا ئەو زنجیرە بکەنەوە. دەتوانن بەشی سەرەوەی کاسەی سەرتان بکەنەوە و دەریبێنن. زۆر باشە، مێشکتان لە نێو لەپی دەستان دابنێن! بەهەردوو دەستتان بە تەواوی بیشێلن و بهێڵن مێشکتان بە تەواوی نەرم ببێت، کە بەتەواوی نەرم بوو، وەکو تۆپی بالە بیدەن بە زەویدا! مێشکتان پێویستە هێندە نەرم و ئامادەی فێربوون بێت، وەک تۆپێکی پڕ لە هەوا بە ئاسانى دوای ئەوەی هەڵی دەدەن، بگەڕێتەوە بۆ لاتان. کاتێک دڵنیا بوون مێشکتان بە تەواوی نەرم و ئامادە بووەە، لە جێگەی خۆی دایبنێنەوە تا کاتێکی دیکە!
بڕوا بکەن جگە لەمە ڕەفتار بکەن ناتوان هیچ شتێ فێر ببن. تووشی وەهم دەبن و دەڵێن “من لەسەر هەقم”. ئەوکات هەرکەس لەگەڵتان هاوڕا بوو، بەشێکە لە هەقیقەت، هەرکەسێکیش ناتەبا بوو، ناهەقە، بەڵام بەم کارە تەنیا خۆتان فریو دەدەن. چونکە بەقەد ژمارەی مرۆڤەکان بیرکردنەوەى جیاواز هەیە، هێندەی ژمارەی مرۆڤەکان سەلیقەی جیاواز هەیە، منیش یەکێکم لەوان، تۆیش یەکێکیت لەوان. زۆربەی کێشە و گرفتەکانمان چ کەسی، خێزانی، کۆمەڵایەتی و کولتووری، بەهۆی ئەوەوەیە مێشکمان ناتوانێت ئەرکەکانی خۆی ئەنجام بدات. پێشتر گوتمان کاری مێشک چییە: بیرکردنەوە، داهێنان، نوێگەری، دۆزینەوەی ڕێگەچارە، مێشک کاری ئەوەیە ڕێگەی خۆشبەختی و شادومانیمان نیشان بدات، بۆ ئەوەی بۆ خۆمان و بۆ ئەوانی دیکەش سوودمەند بین. ئەگەر مێشکمان بەمجۆرە بێت، ئەوکات بڕیاری ژیانمان لە دەستی خۆماندا دەبێت. ئیتر چاوەڕوان نابین کەسێکی دیکە بۆ باشترکردنی ژیانمان کارێک بکات. ئەوکات ئیتر دەست لە بۆڵەبۆڵ و ئەم قسانە هەڵدەگرین: ئەگەر بەختم هەبێت، ئەگەر حکومەت مووچەکەم زیاد بکات، ئەگەر هاوسەرکەم واى لێ بێت، ئەگەر بارودۆخ بگۆڕێ… تاد. ئەم هەموو ئەگەر و مەگەرانە بۆ چییە؟ بۆ ئەوەیە کە نەگۆڕێین، هەر ئەوەبین کە هەین، کەچى چاوەڕوانیش بین دنیا باشتر بێت، ئەمەش کارێکی نەکردەیە و تەمەن بەفیڕۆدانە.
پێویستە بزانین ژیانمان بەرهەمی بیرکردنەوەو باوەڕ و ڕەفتارەکانمانە، بە واتایەکی تر “ئێمە بەرهەمی بیر و ڕەفتارەکانی خۆمانین.” ئەگەر مێشکێک وشک بووبێت، یەک بەرهەم زیاتری نابێت، لەوانەیە ڕۆژێک سوودێکی هەبووبێت و کێشەیەکی چارەسەر کردبێت، بەڵام ئێستا ئیتر بێ سوودە.
نووسین: مەحموود موعەزەمی
وەرگێڕان: شاهۆ لەتیف