“به بۆنه‌ی جه‌ژنی سه‌ری ساڵی ئێزیدییه‌کان”
“پێشه‌کی”
کورد له ئاسته گه‌وره و به‌رینه‌که‌یدا واتا له هه‌موو جوگرافیای کوردستانی گه‌وره‌دا نه‌ته‌وه‌یه‌کی فره‌ئایین و، فره‌زاره و ده‌توانین بڵێین پێکهاتێکی هێنده نیگارین و نه‌خشێنراوی هه‌یه، که باشترین ماتریاڵ و ماکه‌کانی نه‌ته‌وه‌سازیی و دره‌وشانه‌وه‌ی به‌ها مرۆییه‌کانی له گه‌ڵ خۆیدا هه‌ڵگرتووه. ئه‌گه‌رچی وه‌کوو له درێژه‌دا دێمه سه‌ری ئه‌م فره‌ڕه‌نگی و فره‌ده‌نگییه که به تایبه‌تی له ئایین و زاردا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه ده‌توانێت هه‌م هه‌ڕه‌شه بێت وههمیش هه‌ل و ده‌رفه‌تێک و، ئه‌مه‌ی که ئێمه له دواجاردا ڕووبه‌ڕووی کامیان ببینه‌وه ده‌گه‌ڕیته‌وه بۆ پلان و به‌رنامه‌ی بیرمه‌ندانی نه‌ته‌وه‌یی ئێمه و کهلتوورسازان و ڕؤشنبیرانمان. به‌ڵام من وه‌کوو تاکێکی کورد هه‌میشه ئه‌مه‌م به‌لاوه جێگه‌ی سه‌رنج بووه که ئه‌م فره‌ده‌نگی و فره‌ڕه‌نگییه‌ی کوردستان وه‌کوو هه‌لپه‌ڕکێی نه‌ورۆزی کورده‌واریی وایه که هه‌زاران ڕه‌نگ به‌ناو یه‌کدا دێن و ده‌چن و هیچیان تۆخایی ئه‌وی دیکه‌یان کاڵ ناکاته‌وه و له ته‌نیشت یه‌که‌وه و به سه‌ما و ههڵپهڕینهوه له سه‌رچۆپی تا گاوانی ئاوازی وڵات و نه‌ته‌وه‌یه‌کی که‌ونینه و ئههوارییمان به گوێدا ده‌ده‌نه‌وه.
بۆ من ئه‌م فره‌ده‌نگی و فره‌ڕه‌نگییه جیا نییه له‌و دیمه‌نه هه‌مه‌ڕه‌نگ و هه‌مه‌چه‌شنه‌ی که پێکه‌وه هه‌ڵده‌که‌ن و ئاوازی جیاوازییه‌کی یه‌کگرتوو ده‌هۆننه‌وه، ئه‌م دیمه‌نه ته‌واو له‌گه‌ڵ ڕۆحی دیموکراسیانه و پلۆرالیزمی سه‌رده‌مدا گونجا و ته‌بایه، واته به‌ر له‌وه‌ی ئێمه له هه‌مبه‌ر جیاوازییه‌کانی یه‌کدییه‌وه بخاته وێزه و سه‌نگه‌ره‌وه ئێمه ده‌خاته سۆنگه‌ی تێڕامان و لێوردبوونه‌وه‌وه، واته وه‌کوو یه‌که‌م هه‌ڵوێست و هه‌ڵوه‌سته‌کردن ده‌شێت منی موسڵمان له باوه‌ڕی ئه‌وی ئیزێدی و له دونیابینی ئه‌وه‌ی مهسیحۆی وردببمه‌وه و چه‌نده خۆس و چێژبه‌خشیشه که ده‌توانن جیهان و بۆنه و باوه‌ڕه‌کان له دیدگای ئه‌وانیشه‌وه ببینم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که ده‌توانم دونیابینیی ئایینی و مه‌عنه‌وه‌یی خۆشمی پێ ده‌وڵه‌مه‌ند بکه‌م. جیاوازیی ئایینی و فرهدهنگیی له کوردستان ته‌نها ئه‌وه نییه که ده‌رکه‌وته‌یه‌کی له هه‌ل و دیموکراسیی ده‌نگ و ڕه‌نگه‌کان بۆ تێرامان و زه‌مینه‌سازیی پێکه‌وه هه‌ڵکردنێکی سه‌رده‌مییانه هه‌بێت به‌ڵکوو هه‌ر کامن له‌م ئایینانه بۆ خۆیان ورده کولتوورێکن له ناو کولتووری مه‌زنی وڵاتی دایک که ئه‌ویش کوردستانه.
هه‌ر کام له‌م ورده کولتوورانه دابونه‌ریت و ڕیوڕه‌سم و به‌ها و به‌رزییه‌کانی خۆی هه‌یه، ته‌نانه‌ت هه‌ر کامه‌یان بۆنه‌ی خۆش و ناخۆش و یادکرنه‌وه‌ی شیرین و تاڵ و کۆست و کاره‌ساتی خۆیان هه‌یه و هه‌موو ئه‌ومانه ده‌توانن ده‌روازه و ده‌رگایه‌کی هاتنه‌ژووره‌وه‌ی ئه‌م ده‌نگ و نه‌وا کۆن و کهونینانهی کوردستان بێت بۆ دروستکردنی سه‌مفۆنیی نه‌مریی نه‌ته‌وه‌یه‌کی دابه‌شکراو و بێده‌وڵه‌ت، به‌ڵام زیندوو و زه‌نگین له ڕۆح و مانا و مه‌عنه‌وییه‌ت دا، هه‌ر ئه‌وه‌ی که شێخی ئێزیدییه‌کان دووعا بۆ کۆتاییهاتن به شه‌ری نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا ده‌کات ئاماژه‌یه‌کی گرنگ و ڕوونه بۆ هه‌ستی ژیاندۆستی و ئاشتیخوازیی له ناخی کو‌لتووریی ئایینی ئێمه‌دا و ده‌شێت ئێمه به که‌ڵکوه‌رگرتن له‌م پوتانشێل و وزه هێزه‌کییانه فه‌لسه‌فه‌ی پێکه‌وه ژیان زیاتر په‌ره پی بده‌ین و تا ئێسته‌ش ئه‌م فه‌لسه‌فه‌یه له باشووری کوردستان تا ئاستێکی باش وه‌ڵامده‌ره‌وه بووه و ئه‌مه بۆ داهاتووی پارچه‌کانی دیکه‌ش ده‌شێت ئه‌زموونێکی باش و پشتپێبه‌ستوو بێت.
“کورد و مێژووی ڕه‌نگاڵه‌یی”
وه‌کوو له سه‌ره‌وه‌ش تیشکم خسته سه‌ری یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی کۆمه‌ڵگای کوردی هه‌ر له دێرزه‌مانه‌وه تاکوو ئێسته فره‌ڕه‌نگی و جۆراوجۆریی ئایین و زاراوه و بنزاراوه‌کان بووه. له ڕاستیدا ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه که پێده‌چێت له‌ناو کورددا زۆر زه‌ق و زۆر و به‌رچاو بێت، ده‌توانێت هه‌م مه‌ترسی بێت و هه‌م هه‌ل و ده‌رفه‌تیش. هه‌میشه له کۆمه‌ڵگا فره‌ڕه‌نگه‌کاندا ترسی زاڵبوونی ئایدۆلۆژیایه‌کی یه‌ک به‌هاییانه‌ی بهرتهسکبین ده‌بێته زه‌مینه‌خۆشکه‌ری مه‌ترسییه‌ک (جا چ له ناوخۆوه بێت چ له ده‌ره‌وه) که ده‌نگ ڕه‌نگه‌کانی دیکه سه‌رکوت بکات و هه‌موو جومگه و هێزه‌کانی دیکه له به‌رژه‌وه‌ندیی ئایدۆلۆژیی خۆی مۆنۆپۆل و قۆرخ بکات و به‌م شێوه‌یه کۆمه‌ڵگا به‌ره‌و جۆرێک له تاکره‌هه‌ندی و دیکتاتۆرییه‌ت به‌رێت. بۆیه باشترین پوتانشێل و شیمانه هه‌ر ئه‌م فره‌ده‌نگی و فرهڕهنگییهیهی که ده‌بێت له هه‌ره‌شه‌وه بیکه‌ن به هه‌ل و ده‌رفه‌ت. واته ئه‌گه‌ر بۆ نموونه له ناو نوسه‌ران و ڕۆشنبیران و چالاکانی ژن و خه‌ڵکی کۆمه‌ڵگا به گشتی و له وانه‌ی خوێندنگه و زانکۆکان‌دا ئه‌م ڕه‌نگاوڕه‌نگی و ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌ی کولتووری کورد له هه‌موو پارچه‌کاندا فێرکاریی بۆ نه‌کرێت و وه‌کوو بڕه‌ند و مۆرکێکی جیاواز و تۆکمه‌ی نه‌ته‌وه‌یی نه‌خوێنرێته‌وه، ئه‌وا بێگومان ئه‌م ورده کو‌لتوور و وردهپێکهاته جیاوازانه له ناو پێکهاتێکی یه‌کانگیر که کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان بێت ناگونجێن و ده‌توانن دژ به یه‌ک خوتبه و خیتاب بده‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه وه‌کوو هه‌ل نه‌بینین ئه‌وا ده‌بێت به هه‌ڕه‌شه، لێره من لایه‌نه ناوخۆییهکهیم باسکرد به‌ڵام لایه‌نه ده‌ره‌کییه‌که‌ی له ڕاستیدا ههڕهشههی گه‌وره‌تر دروست ده‌کات، له دێرزه‌مانه‌وه به‌هۆی پێکهاتی خانخانی و خێڵه‌کییانه‌ی کۆمه‌ڵگای کوردی، زۆربه‌ی کات ڕه‌وت و بزاڤه کوردییه‌کان له لایه‌ن داگیرکه‌رانه‌وه فۆرمووله و دایاگنۆستیک کراون واته دووبه‌ره‌کیی و ناکۆکی له نێوان خێڵێکی سه‌روه‌ر و ده‌سه‌ڵاتدار و، دژه‌که‌ی یان له ڕۆژگاری مۆدێڕن‌دا له نێوان لایه‌نێکی حوکمڕان و لایه‌نی دژبه‌ر دروست کراوه و زۆربه‌ی هه‌ره زۆریش له‌م تایبه‌تمه‌ندییه له لایه‌ن داگیرکه‌رانه‌وه که‌ڵک وه‌رگیراوه.
پرسیاری سه‌ره‌کیی ئه‌مه‌یه چۆن ئه‌م هه‌ڕه‌شه مومکین و هێزه‌کییانه بکه‌ین به هه‌لی زێڕین و بیقۆزینه‌وه؟ بێگومان وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره له نیگای یه‌که‌مدا ساده ده‌نوێنیت به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی چ وه‌ڵامێکی بۆ ده‌بینینه‌وه، ده‌بێت بیر له پلاندانان و په‌ره‌پێدانی ئه‌و ئایدیا و فیکره‌یه‌ش بکرێت که له وه‌ڵامه‌که‌دا ده‌گونجێت. گۆڕینی ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ هه‌ل و ده‌رفه‌ت به‌ر له هه‌ر شت وشیارییه‌کی نه‌ته‌وه‌یی گشتیی ده‌وێت، ئه‌وه‌ش هه‌ر وه‌کوو تیشکم خسته سه‌ری نه‌ک ته‌نها له ئاستی باشووری کوردستان به‌ڵکوو له ئاستی هه‌ر چوار پارچه‌دا، له بیرمان نه‌چێت ئێمه له سه‌رده‌می گوندی جیهانیدا ده‌ژین و ئێسته که که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندنی له باشوور و ده‌ره‌وه‌ی وڵات ڕووماڵی هه‌موو بۆنه و ڕێوڕه‌سمه جیاوازه‌کانی ورده پێکهات و وردهکولتوورانی وه‌کوو ئێزیدی، مه‌سیحی و موسڵمانانی پێکهاته‌ی تاقانه و وڵاتی دایک واته کوردستان ده‌که‌ن، به‌شێکی زۆری ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و پارچه‌کانی دیکه‌ش بینه‌ری ده‌بن و ده‌یکه‌ن به نموونه و سه‌رچه‌شنێک بۆ هه‌ڵسوکه‌وتکردن له‌گه‌ڵ ورده کو‌لتوور و کهمهئاینییهکانی هه‌بوو له کوردستاندا.
بۆ نموونه له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ئایین‌زاکانی قه‌ڵخانی، شیعه و سوننه‌مان هه‌یه و ئه‌گه‌ر واقیعبینانه چاوی لێ بکه‌ین به‌هۆی سیاسه‌تی دینی و کهلاتووری و پلانی ئه‌منیی کۆماری ئیسلامییه‌وه، ڕوانگه‌ی هیچ کامه‌یان بۆ ئه‌ویدی تا ئه‌م ساڵانه‌ی دوایی باش نه‌بووه، ئه‌گه‌رچی شیعه و سونه‌کان به‌هۆی ئه‌وه‌ی که له ئه‌نجامدا خۆیان وه‌کوو یه‌ک سه‌رچاوه زانیوه باشتر پێکه‌وه هه‌ڵیان کردووه، به‌ڵام قه‌ڵخانییه‌کان له ڕۆژهه‌ڵات به‌هۆی ئه‌وه‌ی که باسم کرد وه‌کوو نه‌فره‌تکراو و غه‌واره و نامۆ بینراون و به‌داخه‌وه ئه‌م پلانه تا ساڵانێک له‌مه‌و پێش هه‌ر سه‌رکه‌وتوو بووه و دواتر ورده‌ورده به‌هۆی په‌ره‌سه‌ندنی میدیا گشتییه‌کان و بڵاوبوونه‌وه‌ی زانیاری و فراوانبوونی په‌یوه‌ندییه‌کان و موماره‌سه‌ی پێکه‌وه‌ژیانیان ئه‌و تێڕوانینه دۆگماییه کاڵ بووه‌ته‌وه و ئێسته وه‌کوو پارچه‌یه‌کی مه‌عنه‌وی و ڕۆحی و قهواهرهیهک له کوردستان چاو له‌یه‌کدی ده‌که‌ن و لانیکه‌م ئه‌م ئایین ئه‌وی دیکه‌یان ناداته به‌ر هێرش و سووکایه‌تی. له باشووری کوردستان به‌هۆی ئه‌و که‌شه ئازاده‌ی له پاش 91ه‌وه هاته ئاراوه ژیانی پێکه‌وه هه‌ڵکردن و سه‌قامگیریی سه‌ربورده و پێشینه‌یه‌کی دوور و درێژتری هه‌یه و به‌روبوومه‌که‌ی دیاره، هه‌ر بۆیه‌شه ده‌ڵێم باشوور سه‌رچه‌شن و نموونه‌یه بۆ ڕای گشتی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و پارچه‌کانی دیکه‌ش.
به دیوێکی دیکه‌شدا هه‌بوونی ئێزیدی، مه‌سیحی و جووله‌که و موسڵمان(شیعه و سوننه) له ناو کورددا ده‌توانێت له پله‌ی نوسین و گێڕانه‌وه و به گشتی بیرکردنه‌وه‌ی کورد وه‌کوو مرۆڤ، ڕه‌نگاڵه‌یی زیاتر و مانادارتر دروست بکات، بۆ نموونه بوونی جووله‌که‌کان له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و باشوور کاتی خۆی مایه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندکردن و ڕه‌نگاڵه‌تربوونی کولتووری زاره‌کی و زمانی کوردی بووه، ته‌نانه‌ت له ڕووی شوێنپێیان له‌سه‌ر ڕوخساری شار و بازاڕ و کۆی سیسته‌می ئابووری جێگه‌ی سه‌رنج و بایه‌خ بوون، ئێسته‌ش له ڕۆژهه‌ڵات بازاڕی مووساییه‌کان یان جووله‌که‌کان له شارێکی وه‌کوو سنه گه‌شتیاری تایبه‌تی خۆی هه‌یه و هێنده سه‌رنجڕاکێش و تایبه‌ته که چاو بیره‌وه‌رییه کۆنه کوردییه‌کان له بنمیچهکانیاندا به هێزی خه‌یاڵ و نۆستالۆژیا هه‌ڵده‌کڕێنێت، ئه‌مه بۆ ئێزیدییه‌کان که یه‌کێک له ئایینه کۆنه‌کانی نه‌ک ته‌نها کورد به‌ڵکوو جیهان و ناوچه‌که‌شه ته‌وا ڕاسته و مه‌عبه‌دی لاله‌ش و هێماکانی خۆی سه‌رچاوه‌یه‌کی ئیلهامبه‌خش و جوانن بۆ مه‌عنه‌وییه‌ت و ماناخوازیی دیدگا ئایینییه‌کانی دیکه‌ش. خودی ئه‌م فره‌ئایینی و فره‌ڕه‌نگییه هه‌ڵبژارده‌یه‌کی دره‌وشاوه و شاز ده‌خاته به‌رده‌می ئێمه، ئه‌ویش باوه‌ڕ به چه‌ندده‌نگی و فه‌زای پلۆڕاڵ و به گشتی که‌شێکی دیموکراسییه.
پێم وایه ئێمه وه‌کوو هه‌ل و ده‌رفه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتووری و ئایینی و زمانییه‌کان ماده‌ی خاو و هه‌وێنی ئاماده‌ی وڵات و پێکهاتێکی دیموکراتیکمان ده‌بێت له داهاتوودا، ئه‌ویش له‌ڕێگه‌ی په‌ره‌پێدانی کولتووری قبووڵکردنی یه‌کتر و په‌سندکردنی فره‌ڕه‌نگی و جۆراوجۆربوونی ئایینی، که ژیانێکی پێکه‌وه‌یی و پڕ له سینگفراوانیمان بۆ به‌دیاری دێنیت، هه‌ر بۆیه له‌سه‌رمانه ڕێکخراو و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کان (چ باڵه حکوومییه‌کان و چ ناحکوومییه‌کان) و به تایبه‌تیش پێشه‌وایانی ئایینه جۆراوجۆره‌کانی کوردستان له‌سه‌ر ئه‌م ته‌وه‌ره ئیش بکه‌ن و مانۆڕ بده‌ن و به‌تایبه‌تی مه‌لاکانی ئێمه به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئایینه‌کانی دیکه‌ی جگه له ئیسلام له کوردستاندا که‌مینه‌ن به خیتابێکی تووندڕه‌وانه و ڕادیکاڵه‌وه جه‌ماوه‌ری موسڵمان له‌هه‌مبه‌ر و دژ به ئێزیدی، مه‌سیحی و جووله‌که ئاڕاسته نه‌که‌ن تا هه‌موومان پێکه‌وه به هێمنی و له ئاسایش‌دا بژین، ئه‌گه‌ر باوه‌ڕمان به‌م تێڕوانینه هه‌بێت ئه‌وا ده‌بێ موسڵمانانیش به دڵێکی پاک و بێگه‌رده‌وه پیرۆزبایی ئه‌م ڕۆژه له برا و خوشکه مه‌سیحییه‌کانیان بکه‌ن و ڕێز بۆ ڕێوڕه‌سم و به‌ها ئایینییه‌کانیان دانێن.
خۆشبه‌ختانه له باشووری کوردستان له ژێر چه‌تری فه‌لسه‌فه‌ی پێکه‌وه‌ژیان ئه‌م که‌شه تا ڕاده‌یه‌کی زۆر به تایبه‌تی له هه‌ولێر و دهۆک و زاخۆ که که‌مینه‌ی ئایینی زۆرتره، سه‌رکه‌وتووتر بووه. من وه‌کوو کوردێک پیرۆزبایی ئه‌م ڕۆژه له هه‌موو برا و خوشکه ئێزیدییه‌کان ده‌که‌م و هیوادارم ئه‌م ڕۆژه ببێت به هه‌وێنی ده‌ره‌وه‌ستبوونی زیاتری هه‌موومان به ئه‌رکه‌کانمان له هه‌مبه‌ر مرۆڤایه‌تی به گشتی و کورد وکوردستان به‌تایبه‌تی.