سەرەتا دەبێ بزانین ئەو کوردانەی کە بە “مەنگوڕ، مامەش، ڕەوەندە، پیران، برادۆست، زەرزا، گەورک، مەلکیشی، مەلەکشاهی، چمزی، چەمشگەزی، گورزەدین، ڕۆژەکی، سن، کاخدری، عوسمان ئاغایی، ئاکۆیی، ڕەمک/ڕەموک، شکاک و …هتد. ناسراون و لەهەموو بەشەکانی کوردستان بوونیان هەیە، جا هەر لە باکور و باشور و ڕۆژئاواو ڕۆژهەڵاتەوە بگرە تا کوردانی خۆراسانی باکور و ناوچەی کوردستانی سوور(ئازەربایجان)دەژین بنەچەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەر فیدڕاسیۆنی بڵباس. بڵباسیش دەچێتەوە سەر هەزەبانی و ئەویش دەچێتەوە سەر کوردانی هۆری/خۆری. وە دوو هۆزی گەورە کە ئەو تیرانە پێک دێنن بریتین لە (ڕۆژەکی و مەلکیشی) کە لە ئێران و ڕۆژهەڵات بە مەلکیشی دەڵێن مەلەکشاهی یا مەلیکشاهی. جا بەشێک پێیان وایە ڕۆژەکی و مەلکیشی بەشێکن لە بڵباس و منشعبی بلباسەکانن و هێندێکیش پێیان وایە نەخێر بلباس لە ڕۆژەکی دابڕاون و منشعب بوونە! لە کۆتایی دا ئەوەی دیارە ئەوەیە کە کوردانی ناوچەی موکریان و ئورمیە لەگەڵ کوردانی مەلکیشی ڕۆژئاواو ڕۆژهەڵات و چەمشگەزەکی باکور هەموویان سەرەتا یەک هۆز یا یەک قەوم بوونه.
میر شەرەفخانی بتلیسی باس لە هۆزی بڵباس دەکات و دەڵێت هۆزی ڕۆژەکی، رۆژێک ٢٤ تیرەی کورد، لە شوێنێک بەناوی (تاب/طاب) سەر بە مەڵبەندی “خویت” بە پێی لێکدانەوەکان ڕەنگە مەبەستی شاری خۆی یا خوێ/کەلا خوێ لە پارێزگای ئورمیه بێت کۆبوونەوە، کە بوون بە دوو بەشەوە ، ١٢ تیرەیان چوونە ڕیزی بڵباس و ١٢ی دیکەیان چوونە سەر ریزی قەوالیس کە بەم ناوە ناسراون و هەروەها بڵباس و قەوالیس ناوی دوو گوندن لە ناوچەی جۆلەمێرگ(هەکاری،ئەکاری،حەکاری ناوەکە لە ئاشوری وەرگیراوە کە تورکیش هەروا دەڵێن) لە باکوری کوردستان. وە بڵباس لەو تیرەو هۆزانە پێک هاتووە کە ئێستا لە کوردستانی گەورەدا دەژین وەکوو(پیران، ڕەمک،مامەش،مەنگوڕ،هۆرمزیار،کاخدری،گەورک،سوێسن عوسمان ئاغايی،کابایز،سن،قاق، بەرازان، زەرزا ، شکاک،زودی،باڵەکی وهتد…) کە هەمووی ئەوانە ڕۆژەکین.
ئێستا با بزانین مەلکیشی کێ بوونە کە لە ڕۆژهەڵات پێیان دەڵێن مەلیکشاهی. مەلکیشی لە ( سەدەی ١٠ تا ١٦٦٣) میرنشینێکی سەربەخۆی کوردی بووە کە لە سەدەی ۱۰ی زایینەوە دامەزراوە لە لایەن پاشا مەلکیشی هەزەبانی نەوەی پاشا ئەبوو هیجا موسەک کوڕی چەکۆی هەزبانی بووە. بەپێی شەرەفنامە، فەرمانڕەواکانی سەدەی ١٢–١٣ی میرنشینەکە لە نەوەی میر مەلکیش ناوێک بوون و هەمیشە فەرمانڕەوای خۆماڵیان هەبووە و بە وڵاتەکیان دەڵێن کوردستان. مەلکیشییەکان بە بڵباسیش ناسراون لە کوردانی هەزەبانی دێرینن، میر بەهائەدین خەلیل کوڕی محەمەد کوڕی مەلکیشۆ فەرمانڕەوای سوپای ئەیووبی بووە و فەرمانڕەوای شاری دیمەشق و قاهیرە بووە، هەروەها میر فەخرەدین محەمەد و میر ئەسعەد و عیزەدین مەلکیشی لە سەرکردەکانی ئەیووبی بوون، هەروەها میر وەهسودان مەلکیشی لە سەرکردە دیارەکانی سوڵتان سەڵاحەدین بووە. هەروەها لە پەرتوکی “جوگرافیای ئێراندا”لە نووسیی دوکتور رەحیم هووەیدا” ئو لە زانستنامە جیهانی ئیسلام دا مەلکیشی یا مەلیکشاهی بە وەچەی چەمشگزەک ناسراون کە نێوی خۆیان لە “ئەمیر کورد مەلیکشا چمشگزەک” وەرگرتووە. هەروەها بە پێی نووسینەکانی ئەولیا چەلەبی ڕەچەڵەکی خانەدان و گەورە پیاوانی مەلکیشی چەمشگزەک(چمزی) بە جەمشید شای ئوستورەی کوردستان دەبەستێتەوە کە جەمشید گەنزەک بووەو پاشان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووەو بووە بە چمشگزەک و چمگزی و چمزی.
هەروەها دوکتور عەلیڕەزا ئەسەدی لەبارەی بنەچەو زێدی هۆزی مەلیکشاهی چەمزی دەڵێت: هۆزەکانی گورزەدین وەند بەشێکی گرینگن لە تیرەی مەلیکشاهی چەمزی/چەمشگزەک کە ئەوانیش بنەچەیان دەگەڕێتەوە سەر کوردانی کورمانجی باکوری کوردستان و باپیرەی ئەوان ئەمیر خاوەنشکۆ شا میر و ڕۆستەم بەیگی چەمشگزەک کە ئەوانیش نەوەی ئەمیر کوردی مەلیکشی چەمشگزەک-ن کە لە فەرمانڕەوایانی باکوری کوردستانن لە ناوچەی درسیم، کە بە پێی ڕێکەوتەکان و بەریەک کەوتن و شەڕ و فراوانکردنی دەسەڵاتی خۆیان لە ناوچەی ئیلامی ڕۆژهەڵات نیشتەجێ بوونە. لە مێژوودا بە پێی گێڕانەوەی شەڕەفخانی بدلیسیش جوامێرترین و شەڕکەرترین و بەهێزترین هۆزی کوردی هۆزی چەمشگزەک بوونە کە هیچکات بە زۆر تەسلیم نەبوونە تەنانەت لەکاتی ئاوارەییش دا. هەروەها دەبێ بزانین کە کوردانی خۆراسانی باکور کە پێک هاتوون لە تیرو تایفەی “قارەمانی، زەنگەنە، کاوانی، سێویدی، پازۆکی، زەفەری، ئاماری، چەمشگەزەک، تۆپی، حەیدەری، شادی، شامی، جەلالی، کەلهۆڕی و هید.. لەهەمان وەچەی کوردانی ڕۆژەکی و چەمشگەزەک و مەلکیشی و بڵباسین.
کەوابوو ئەو بڵاوبوونەوەیە لەهەموو کوردستان بەدی دەکرێت ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە کوردستان دەسەڵات و پاشایەتی فراوان زۆر بوونەو بەردەوام لەهاتوو چۆو و گۆڕینی شوێنی نیشتەجێ بوون دابوونە هەروەها دەکرێ بڵێین لە ئاکامی داگیرکاری کوردستانیش لە سەردەمە جیاوازەکاندا دوژمنانی ئێمە ئەو ئاڵوگۆڕانەیان بە خەڵکەکەی کردووه.کەوابوو پێت سەیر نەبیت لقێکی هۆزو عەشیرەتی تۆ لەو پەڕی کوردستانەوە سەر دەربێنێت وە دەبێ حەول بدەین نیزێکایەتی زۆرتر بێت و لەیەکتری کۆبینەوە، بە تایبەتی دەبێ گرینگییەکی ئێجگار زۆر به کوردانی لوڕ بدەین، دەبێ لێرەدا ئەوەش بەبیر بێنینەوە کە هۆزەکانی ڕەوادی/ڕەوەندی و شەدادیش لە تیرەی هەزەبانین کە سەدان ساڵ حاکمی هەموو ئازەربایجانات بوونەو تەنانەت هێندێک جار دەسەڵاتیان تا جۆرجیاش ڕۆیشتووەو هەژمۆنی سیاسیان بەسەر دانان و دیاریکردنی حاکمانی دراوسێکانیشیاندا هەبووە. هەزەبانییەکانیش حاکمی دەسەڵاتداری هەولێری بوونە کە پێش زایین ناویان هاتووە تا چەند سەد ساڵ لەمەوبەر و سنووری دەسەڵاتیان لە کوردستانەوه تا ئیسڕائیل و فەلەستین ڕۆیشتووە.
من لێرەدا مەبەستم ئەوە بوو بە کورتی ئاوڕدانەوەیەک بکەم لە بەشێکی زۆر بچوک لە مێژووی خەڵکەکەمان و هیوادارم زیاترو زیاتر لە مێژووی وڵات و گەلی خۆمان تێبگەین و بزانین کە کورد بەهەموو ڕەنگ و تیرو تایفەیەوە جوانەو هەموومان لەیەک گرێدراوین. ئەوەتا کوردێکی مەلیکشاهی ئیلامی بنەماڵەی هەمان کوردی باکورو ڕۆژئاوایە، یا ئەوەتا کوردێکی موکوریانی بنەماڵەی هەمان کوردی ئیلامی و هتد… ئامانجی من ئەوەیە یەکتریمان خۆش بوێت و لەیەک تێبگەین و یەکگرتووبین و ئەو ڕاستییە بزانین کە بوون و مان و نەمانمان بەیەکەوە بەستراوەتەوەو جیاوازی نییە لەنێوان کوردێکی ڕۆژهەڵاتی و باشوری یاخود باکوری و ڕۆژئاوایی و پێچەوانە.