بیر کردنەوەی رەخنەیی چەندین پێناسەی جۆراوجۆری هەیە، هەندێك وای پێناسە دەكەن كە بیرکردنەوەی رەخنەیی: بریتیە لە بەکارهێنانی ئەقڵ وگەڕانەوە بۆ ئەقلانیەت لە بیركردنەوە وتێڕاماندا، لەگەڵ هەڵسەنگاندنی بەڵگەکان و پرسیارکردن لەبارەیانەوە ودورکەوتنەوە لە لایەنگیری وحوکمدانی پێشوەختە وکوێرانە دەربارەی هەر شتێك. هەروەها هەندێکی تر دەڵێن بیركردنەوەی ڕەخنەیی بریتیە لە سەرلەنوێ بیرکردنەوە لەو بیر وباوەڕانەی کە پێشووتر چەسپیون وکەسانی پێش ئێمە بیریان لێکردونەتەوە. کەواتا بیرکردنەوەی رەخنەیی یەکێکە لە هەرە فاکتەرە گرنگەکانی زانست ومەعریفە، کە بەشێوەیەکی گشتی ئەمانە لە خۆ دەگرێت: (ژیری ، ژیربێژی، گومان کاری). لە بیرکردنەوەی رەخنەییدا دەبێت توانای پشکنین وهەڵسەنگاندن وبریاردانت هەبێت، جا مرۆڤ لە هەر ئاست و قۆناغێکدابێت، مرۆڤ بیری لێدەکاتەوە زانایان توانیویانە بەرامبەر بیرکردنەوەی باو یاخود بیرکردنەوەی نارەخنەیی بوەستن و تێزی بیری باو لەسەر خودی مرۆڤ وەدەر بخەن.
گرنگی بیرکردنەوەی رەخنەیی بۆ کۆمەڵگە یان تاک بریتیە لە توانای هەڵسەنگاندنی هەمەلایەنەی مرۆڤ بۆ هەر شتێک لە کۆمەڵگەدا کە ئێمە ناتوانین لە دژی بوەستینەوە، بیرکردنەوەی رەخنەیی ئەمە ڕەت دەکاتەوە كە شتێك هەبێت لەسەرو ڕەخنەوەبێت، بەڵكو پێویستە دوبارە هەڵسەنگاندن و پێداچونەوە وگەڕان بكرێت بەدوای بەڵگەی زانستیدا وئینجا دواتر بریار لەسەر بابەتەكە یان شتەكە بدرێت. بنەماکانی بیرکردنەوەی رە خنەیی لە چەند خاڵێکدا خۆی دەبینێتەوە: پێویستە بۆ هەر رەخنەیەک شتەکان بەش بەش هەڵ سەنگێندرێت، واتا پێویست ناكات و نابێت بەشێوەی گشتی و ڕەهایی هەڵسەنگاندن بکرێت، بەڵکو لایەنی ئەرێنیەكانی بەیەكەوە بخرێنەڕوو و باس بكرێن. ئازاد بوون بنەمایەكی گرنگی بیركردنەوەی ڕەخنەیی یە، چونکە دەبێت تاک ئازاد بێت وە نابێت ئاین یان ئایدۆلۆژیایەكی سیاسی یان بیرێكی سیاسی دیاریكراو وای لێبكات لەژێر كاریگەریی ئەودا هەڵسەنگاندن بكات، بەڵكو دەبێت لەسەر بنەمای واقیعی وزانستی هەڵی سەنگاندن بكات بەشێوەیەكی ئازادانە و داڕنراو لەگشت كاریگەرییەكی خودیی و بابەتیی.
پەروەردە یەکێکی ترە لە ئامرازە گرنگەكان بۆ دروست بوون وبەرهەمهێنانی بیرکردنەوەی رەخنەیی، لەبەر ئەوەی بیری رەخنەیی پشت بە بنەما ومیتۆدی زانستی دە بەستێت کە پەیوەندی لەنێوان مرۆڤ وزانستدا دێنێتە كایەوە لەسەر بنەمای پرسیاركردن، واتا پەروەردە پێویستە مرۆڤی پرسیاركەر دروست بكات، پرسیاری گومانکەر، بەشێوەیەك كە ئەو مرۆڤە پاڵبنێت بۆ هزرێكی گشتی وسەلمێنراو، نەک ئەوەی کە نەریت وکولتوور سەپاندونی و پرسیاركردن لەبارەیانەوە قەدەغەیە. ئایین کاریگەریەکی زۆری هەیە لە سەر بیرکردنەوەی رەخنەیی، لەئایندا كەمتر ڕێگەی پرسیاركردن هەیە، زیاتر فەرمان ونەهی هەیە، بەتایبەتی ئەو ئاینانەی زیاتر توندن وئاینەکانی تر ڕەتدەکەنەوە ڕێگە نادەن بە وروژاندنی پرسیار لەبارەی چەسپاوە ئاینیەكانەوە وزۆر جار تەنانەت ڕێگە نادەن بە بڕوادارەكانیان تێکەڵاوی ئاینەکانی تریش بكەن.
لایەن ودۆخی ئابووری یەکێکە لە خاڵە بەهێزەکانی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی، ئابوری ئازاد وسەربەخۆ، وادەكات سەربەستی بۆ تاک بەدی بێت، لەبەر ئەوەی كاتێك لایەنی دارایی مرۆڤ مسۆگەر كرا بەشێوەیەكی سەربەخۆ، ئیتر تاك بژێوی ژیانی خۆی نابەستێت بە هیچ ئایدیایەكی سیاسی وئاینی لەبیركردنەوەدا، ئیتر تاک دەتوانێ ئازادانە بیربکاتەوە، مرۆڤ بۆ ئەوەی ئازادانە رەخنە وسەرنجی خۆی دەرببڕێت پێویستی بەوەیە ئابووریەكی سەربەخۆ و داراییەكی مسۆگەری هەبێت كە ژیانی دابین بكات وبەرهەمی بیركردنەكانی نەبنە هۆی لەدەستدا بژێویەكەی مەترسی بۆ سەر ژیانی دروست نەكەن، بەمەش دەتوانێت بیری قوڵتر بخاتەگەر لە بیرکردنەوەی رەخنەییدا قوڵ ببێتەوە.