“ئێمه سه‌ربه‌رزی و خۆشه‌ویستی فێری منداڵان ده‌که‌ین، به بێ ئه‌وه‌ی که له به‌رامبه‌ریدا شتێکمان بوێت. زۆربه‌ی ئه‌م منداڵانه ته‌نها کاتێک خۆشه‌ویستییان و میهریان پێ دراوه که نیاز و ئامانجێکی خراپی له پشته‌وه بووه، به‌ڵام ئێمه هیچ نیازێکی خراپمان نییه”. کاتدانان و سه‌رنجدان به تاک به تاکی منداڵان ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی که قۆناغ و خولی تیمارکردن له حه‌وته‌یه‌کدا کۆتایی پێ بێت و بگاته ئه‌نجام. سه‌رکه‌وتنی ئه‌م دامه‌زراوه‌یه له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ منداڵاندا، بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی که دامه‌زراوه‌کانی تریش بونیات بنرێن و له ئه‌نجامدا ئێسته پێنج دامه‌زراوه‌ی جیاواز له شوێنه جۆراوجۆره‌کان خه‌ریکی چالاکین. جارێك له خه‌سارێک که به‌ری که‌وتبوو، له‌و شته‌ی که بینی و له‌و وانانه‌ی وه‌ریگرتبوو که‌ڵکی وه‌رگرت تاکوو خۆی هیوادار بکات و گۆڕانێک دروست بکات. دواتر داوای له‌وانی تر کرد په‌یوه‌ست بن به‌وه‌وه و له‌ڕێگه‌ی هه‌ر شتێک که وه‌ریگرتبوو بوێری ئه‌وه‌ی په‌یدا کرد دامه‌زراوه‌ی کێڵگه‌ی کۆتره بێکه‌سه‌کان بهێنێته ئاراوه. ئه‌و ئێسته خه‌ریکه له‌گه‌ڵ گۆڕینی تاک به تاکی منداڵان، جیهانی خۆشی ده‌گۆڕێت. (کاتێک ڕابردوو، ده‌رد و ئازار و هۆگرییهکهت پێکه‌وه گرێ ده‌دات، خاڵی دره‌وشاوه‌ی ئامانجه‌که‌ت له ژیاندا ده‌دۆزییه‌وه).
ئێوه‌ش ده‌توانن خاڵی دره‌وشاوه‌ی ژیانی خۆتان بدۆزنه‌وه. ئێوه ده‌توانن ئه‌و گۆڕانه بن که دڵتان ده‌خوازێت له جیهاندا بیبینن. ئه‌م گۆڕانکارییه له گۆڕانی خودی ئێوه‌وه ده‌ست پێ ده‌کات، وه‌کوو هاوڕێکه‌مان؛ توونی ئیوانس ده‌ڵێت: “ئه‌گه‌ر شوێنێکی باشترتان ده‌وێت، جیهانێک له نه‌ته‌وه‌گه‌لی باشتر، دانیشتووانێک له ویلایهتگهلی باشتر، لێوان‌لێو له شاری زیاتر، دروستکراو له شاری باشتر، پێکهاتوو له گه‌ڕه‌کانی باشتر، ڕازاوه به کڵێسهگهلی باشتر و پڕ له بنه‌ماڵه‌ی باشتر، که‌واته ده‌بێت ده‌ست پێ بکه‌ن و ببن به که‌سێکی باشتر”. یه‌که‌مین هه‌نگاو له‌م پرۆسه‌یه‌دا ئه‌مه‌یه که هیواتان هه‌بێت ده‌توانن ئه‌م کاره ڕاپه‌ڕێنن و ئه‌نجامی بده‌ن.
- هیواتان به‌وانی دیکه هه‌بێ.
ئه‌و گۆڕانکارییانه‌ی که له ناوه‌وه‌ی خۆتاندا دروستی ده‌که‌ن متمانه به‌خۆبوون، ئیعتیبار و هیوا ده‌دات به ئێوه تاکوو بتوانن یارمه‌تی که‌سانی دیکه‌ش بکه‌ن. ئێوه ده‌توانن ببن به “یارمه‌تیده‌رێکی هیوادار”. که‌واته ده‌بێت ئه‌رێنی بن و فۆکۆستان بخه‌نه سه‌ر ئه‌و گۆڕانکارییه ئه‌رێنیانه‌ی که بڕیاره دروستی که‌ن، نه‌ک له‌سه‌ر ئه‌و دۆخه نه‌رێنییه‌ی که ده‌تانه‌وێت له‌ناو بچێت. هیواداربوون ده‌توانێت ئێمه به‌ره‌و شتانی باشتر هان بدات و ئێمه له ده‌وری خۆی خڕ کاته‌وه. یه‌کێک له میتۆده ئه‌رێنییه‌کان له دروستکردنی گۆڕانکاریدا، که زۆر لێی چێژ وه‌رده‌گرین، میتۆدێکه که دامه‌زراوه‌ی ناحکوومی و مرۆڤدۆستانه‌ی “چاندلێر” به‌کاری ده‌هێنێت. پاڵپشتیکه‌رانی ئه‌م دامه‌زراوه‌یه باوه‌ڕیان وایه که له‌باتی فۆکۆسکردن له‌سه‌ر له‌ناوبردنی هه‌ژاری، ده‌بێت له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنان و ڕه‌ونه‌قی سه‌روه‌ت و سامان فۆکۆس بکرێت. چۆن؟ ئه‌وان باوه‌ڕیان وایه گۆڕانکاری هه‌م له سه‌ره‌وه بۆ خوارێ دێته ئاراوه و هه‌میش له خواره‌وه بۆ سه‌ره‌وه، له سه‌ره‌وه ڕێبه‌ره‌کان ده‌بێت که‌سایه‌تی و زاتێکی باشیان هه‌بێت و بتوانن متمانه‌ی خه‌ڵک به‌ده‌ست بهێنن. وه‌کوو پاڵپیشتیکهرانی ئه‌م دامه‌زراوه‌یه ده‌ڵێن: “ئه‌و وڵاتانه‌ی که کولتوورێکی شایسته‌ی متمانه‌ی به‌رزیان هه‌یه، ئه‌و وڵاتانه‌ی وا یاسا و ڕێسکان تێیاندا به‌شێوه‌یه‌کی دادپه‌روه‌رانه جێبه‌جێ ده‌بێت و شوێنه‌کانی ئیش و کار ئارامیی و جێگیرییه‌کی ته‌واویان تێدایه و ڕێبه‌ره‌کانیان جێگه‌ی بڕوان، دارایی و سه‌رمایه ڕاده‌کێشن بۆ خۆیان و له‌م ڕێگه‌یه‌وه بووژانه‌وه‌ی ئابووری و ئیش و داهات به‌دیدێنن”. جووڵه له خواره‌وه‌ش بۆ سه‌ره‌وه ئاوایه که خه‌ونه‌کان، باوه‌ڕه‌کان، به‌ها سه‌ره‌کییه‌کان و توانایی و لێهاتووییه‌کانی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا هێزیان ده‌داتی تاکوو به سه‌ر په‌یژه‌ی بزووتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی کۆمه‌ڵگادا سه‌رکه‌ون و به‌ره‌و چینی ناوه‌ڕاست بجمێن، که پاڵپشتیکارانی دامه‌زراوه‌ی چاندلێر ئه‌م پێشکه‌وتنه‌یان به ژووری مه‌کینه(موتور) بۆ به‌ده‌ستهێنانی سه‌رمایه‌ی باشتر ناودێر کردووه.
کلیتۆن کریدتین سێن، ئوفوزا ئوجوموو و کارێن دهیلۆن له کتێبی “دژوازیی به‌خته‌وه‌ری”دا ده‌ڵێن: “ڕه‌نگه دوور له ئه‌قڵ بێته به‌رچاو، به‌ڵام بووژانه‌وه له زۆربه‌ی وڵاتاندا له‌ڕێگه‌ی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی هه‌ژاری به‌دینایه‌ت، به‌ڵکوو له‌ڕێگه‌ی سه‌رمایه‌گوزاری له بواری ئه‌و داهێنانه‌دا دێته ئاراوه که بازاڕه نوێکان له ناو وڵات‌دا دروست ده‌که‌ن”. کێشه نه‌رێنییه‌کان له ژیاندا، سه‌رنجی ئێمه به‌ره‌و لای خۆی ڕاده‌کێشێت و چاومان ده‌کاته‌وه تاکوو تێبگه‌ین ده‌بێت گۆڕانکارییه‌ک بێته ئاراوه، به‌ڵام ته‌نها به ئه‌رێنیبوون و یارمه‌تیدان بۆ داهێنان و ئافراندن و خستنه‌ڕووی ڕێگایه‌کی باشتره که ده‌توانین له جیهانماندا گۆڕانکارییه‌کی ئه‌رێنی دروست بکه‌ین. دروستکردنی گۆڕانکارییه ئه‌رێنییه‌کان له کۆمه‌ڵگاکاندا ڕێک وه‌کوو پێشکه‌وتنی مرۆڤه. ڕێبه‌ره باشه‌کان له‌سه‌ر خاڵه به‌هێزه‌کانی خه‌ڵک فۆکۆس ده‌که‌ن و ده‌گیرسێنه‌وه و یارمه‌تییان ده‌ده‌ن تاکوو خاڵه به‌هێزه‌کانیان به‌هێزتر بکه‌ن. ئه‌وان له‌سه‌ر خاڵه لاوازه‌کانی خه‌ڵک ناگیرسێنه‌وه و فۆکۆسیان ناخه‌نه سه‌ر، وه‌کوو حاڵه‌تێکی هاوشێوه ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێت یارمه‌تی ئه‌وانی دیکه بده‌ن تا ژیانێکی باشتریان هه‌بێت، نابێت له‌سه‌ر کێشه‌کانیان فۆکۆس بکه‌ن و ورد ببنه‌وه. ئێوه فۆکۆستان بخه‌نه سه‌ر ڕێگه‌چاره ئه‌رێنییه‌کان که شێوازێکی باشتر بۆ ژیانی ئه‌وانی دیکه ده‌خاته ڕوو.
- به هه‌بوونی داهاتوویه‌کی باشتر هیوادار بن.
لیندا ئێلێربی ڕۆژنامه‌نووس ده‌ڵێت: “ئه‌وه‌ی وا له‌باره‌ی گۆڕان زیاتر له هه‌ر شتێک حه‌زم لێیه‌تی، ئه‌مه‌یه که گۆڕان هاوواتای وشه‌ی هیوایه”. کاتێک ڕیسک ده‌که‌ن و مه‌ترسی ئه‌مه ڕووبه‌ڕوو خۆتان ده‌که‌نه‌وه، له واقیعدا خه‌ریکن ده‌ڵێن: “باوه‌ڕم وایه که سبه‌ینێیه‌ک هه‌یه و منیش به‌شێک له‌و سبه‌ینێیه ده‌بم”. ئه‌مه هه‌مان ئیشه که ڕۆسلان مالیتا له ئۆکراینا پێی هه‌ستا. به‌و هۆیه‌ی که ڕۆسلان به ئینگلیزی قسه‌ی ده‌کرد، داوای لێ‌کرا تاکوو بۆ خێزانێکی ئه‌مه‌ریکی که هاتبوون بۆ کییێڤی ئۆکراینا بۆ ئه‌وه‌ی منداڵێک وه‌کوو منداڵی خۆیان وه‌رگرن، ڕۆڵی وه‌رگێڕ بگێڕێت. کاتێک کاروباری پێدان و هه‌ڵگرتنی منداڵه‌که ته‌واو بوو، ڕوسلان شایه‌تی چێژبینینی ئه‌م خێزانه بوو که له‌گه‌ڵ کچه نوێکه‌یان په‌یوه‌ندییان وه‌رگرتبووه. ڕوسلان ده‌ڵێت: “تامه‌زرۆیی ئه‌وان به شێوه‌یه‌ک بوو که ده‌توت پێشتر هی یه‌کدی بوون و به‌ختیان پێکه‌وه گرێ دراوه. ئه‌وان پێکه‌وه ته‌با و گونجاو بوون؛ ده‌توت پێشتر شتێکیان ون کردووه و ئێستا بینیویانه‌ته‌وه”. ئه‌م ئه‌زموونه کاریگه‌رییه‌کی ده‌روونی قووڵی له‌سه‌ر دانا. دیل کارینگی ده‌ڵێت: “زۆربه‌ی ئه‌و ده‌سکه‌وتانه‌ی که له جیهاندا ده‌یبینن له لایه‌ن که‌سانێکه‌وه دێنه ئاراوه که ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر باش تێبینی بکه‌ن هیچ هیوایه‌ک له به‌رده‌م خۆیاندا نه‌بیننه‌وه، به‌ڵام درێژه به ڕێگاکه‌ی خۆیان ده‌ده‌ن”. ئه‌مه هه‌مان دۆخ و حاڵه‌ته که له ئۆکراینا ڕووی دا. به ئه‌گه‌ری زۆره‌وه سه‌دان هه‌زار هه‌تیو له‌م وڵاته‌دا هه‌بوون که زۆربه‌یان له‌سه‌ر شه‌قامه‌کان ده‌ژیان. ڕوسلان ده‌ستی کرد به هاوکاری له‌گه‌ڵ یه‌کێک له ڕێکخراوه‌کانی پاڵپشتیکاری منداڵان. ئه‌وان ئه‌و منداڵانه‌یان ڕزگار ده‌کرد که یان خراپ به‌کاریان هێنابوون یان بنه‌ماڵه‌کانیان به‌جێیان هێشتبوون یان پشتگوێ خرابوون. به‌و هۆیه‌ی که به بینینی ئه‌و هه‌تیوانه دڵی داچڵه‌کابوو ده‌ستی کرد به په‌یداکردنی خانوو و خێزان بۆ هه‌تیوه‌کان و خه‌ونی هه‌بوونی داهاتوویه‌کی باشتر بۆ ئه‌وان و بۆ ولاته‌که‌ی له ده‌رووندا ئاو دا و گه‌وره‌ی کرد. ئه‌و له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌یگوت: “بریا ئۆکراینا ده‌بوو به وڵاتێک که ئیتر هیچ هه‌تیوێکی تێدا نه‌ده‌بوو”.
ڕوسلان له‌گه‌ڵ ده‌سته‌یه‌ک له هاوڕێیانی ده‌ستی کرد به هاوکاری تاکوو داهاتوویه‌کی باشتر بخولقێنێت؛ داهاتوویه‌ک که هیوای پێی هه‌بوو. کاتێک کاره‌که‌یان به‌ره‌به‌ره به‌ره‌و سه‌رکه‌وتن ڕۆیشت خه‌ڵکی وڵاتانی دیکه‌ش ڕاوێژیان لێیان وه‌رده‌گرت و ڕوانگه‌ی ئه‌و به‌ره‌به‌ره به‌ربڵاوتر بوو. هه‌ر ئه‌م په‌ره‌سه‌ندنه بوو به هۆی ئه‌وه‌ی که حه‌ز بکات هه‌م یارمه‌تی به هه‌تیوه‌کانی ئۆکرایان بگه‌یه‌نێت و هه‌م هه‌تیوه‌کانی سه‌رانسه‌ری جیهان پاڵپشتی بکات. وا خه‌مڵێنراوه که هه‌نووکه 2 بۆ 8 ملیۆن منداڵی هه‌تیو له هه‌تیوخانه‌کانی سه‌رانسه‌ری دونیادا بوونیان هه‌یه. حه‌ز و ئاره‌زووی ڕوسلان بۆ گۆڕینی دونیاکه‌ی و هه‌روه‌ها هیوای بۆ دروستکردنی داهاتوویه‌کی باشتر بووه هۆی ئه‌وه‌ی تاکوو دامه‌زراوه‌ی “جیهان به بێ هه‌تیو” بوونیاد بنێت؛ تۆڕێک که مرۆڤه‌کان له‌گه‌ڵ یه‌ک هاوکاری ده‌که‌ن تاکوو هه‌تیوه‌کان له‌باتی ئه‌وه‌ی ببرێن بۆ هه‌تیوخانه له ناو بنه‌ماڵه‌کاندا جێیان بکه‌نه‌وه و خێزانیان بۆ بدۆزنه‌وه. ڕوسلان ده‌ڵێت: “ڕوانگه‌ی من ئه‌مه‌یه که هه‌ر منداڵێک ده‌بێت له خێزانێکی ئه‌مین، خۆشه‌ویست و میهره‌باندا گه‌وره ببێت”. له ئێستادا ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه له 38 وڵات‌دا دامه‌زراوه‌گه‌لێکی دروست کردووه و بڕیاره له داهاتووشدا 47 وڵاتی دیکه بێنه ناو بازنهکهیانهوه. ئه‌وان هیوایان به داهاتوویه‌کی باشتر هه‌یه و هه‌ر ئه‌م هیوایه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی تاکوو درێژه به‌ڕێگای خۆیان بده‌ن و گۆڕانێک دروست بکه‌ن.
- هیوا هه‌ستی داخوازی دهبووژێنێت.
کاتێک هه‌ستی به‌هێزی هیواداری بخه‌نه گه‌ڕ، ده‌توانن له‌ڕێگه‌وه چ کارانێک ئه‌نجام بده‌ن؟ زۆربه‌ی کات ته‌نانه‌ت کاتێک باوه‌ڕمان وایه که ده‌بێت ئه‌م کاره ئه‌نجام بده‌ین و ئه‌نجامی ناده‌ین و ئاواش نییه بڵێین: “هه‌رگیز ئه‌م کاره ئه‌نجام ناده‌م”. به‌ڵکوو به خۆمان ده‌ڵێین: ((سبه‌ینێ ئه‌نجامی ده‌ده‌م.)) به‌ڵام هێنده سه‌رمان قاڵ ده‌بێت یان ده‌شڵه‌ژێین ئیتر بیرمان ده‌چێت ئه‌نجامی بده‌ین و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ریش به بیرمان بێته‌وه، له به‌ر خۆمانه‌وه ده‌ڵێین: “ئه‌ی داد!، ئه‌مڕۆ ئیتر کاتی پێویستم نییه. سبه‌ینێ ئه‌نجامی ده‌ده‌م”. و دیسان ده‌رفه‌ت له‌کیس ده‌ده‌ین. چۆن ده‌توانین ئه‌م کێشه‌یه چاره‌سه‌ر که‌ین؟ ده‌بێ هیواکه‌مان له‌گه‌ڵ هه‌ستێک له داخوازی و حه‌وجێ تێکه‌ڵ که‌ین. ئه‌گه‌ر بیر له ده‌ربڕینی “ناتوانم چاوه‌ڕوانی گۆڕانکاریی بم” بکه‌نه‌وه تێده‌گه‌ن ده‌کرێت دوو هه‌ڵگۆسته له‌م ده‌ربڕینه بکرێت: یه‌که‌م مانا یان که لێی هه‌ڵده‌هێنجرێت ئه‌مه‌یه که نابێت پاشه‌کشێ بکه‌ین و چاوه‌ڕوانی که‌سێکی دیکه بین تاکوو گۆڕانکارییه به‌رمه‌به‌ست و دڵخۆازهکهمان ئه‌نجام بدات؛ به‌ڵام مانایه‌کی دیکه‌ی ئه‌م ده‌ربڕینه ئه‌مه‌یه که هه‌ستی حه‌وجێ و داخوازی و تامه‌زرۆیی و چاوهنۆڕییه؛ ڕێک وه‌کوو ئه‌و منداڵه‌ی که پێمان ده‌ڵێت: “ناتوانم له چاوه‌ڕوانی کریسمه‌سدا بمێنمه‌وه!” ئێمه ده‌بێت مانای دووه‌م به کار بهێنین و تاک به تاکمان پێویسته ئه‌م حه‌وجێ و پێداویستییه تاکه‌که‌سی بکه‌ینه‌وه و گوزاره‌ی “ئێمه ناتوانین چاوه‌ڕوانی گۆڕانکاریی بکه‌ین” بگۆڕینه سه‌ر “من ناتوانم چاوه‌ڕوانی گۆڕانکاریی بم” و ئاراسته‌که‌مان بگۆڕین. هه‌ست به داخوزی و حه‌وجێ ده‌توانێت ئێمه به‌ره‌و کردار هان بدات. لێره‌دا چاوێک ده‌خشێنین به هه‌ندێک له‌و بینراوانه‌ی له‌باره‌ی ئه‌مه‌ی که چۆن هه‌ستی داخوازی و پێویستبوون و حه‌وجێ کاریگه‌ره و چ کارێک بۆ ئێمه ئه‌نجام ده‌دات.
- هه‌ستکردن به حه‌وجێ و پێداویستی له ده‌روونه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت.
ئه‌گه‌ر ئه‌و مرۆڤانه‌ی وا له هه‌مبه‌ر گۆڕانکاریدا ده‌وه‌ستنه‌وه ئاوازێکی تایبه‌تیان هه‌با، به ئه‌گه‌ری زۆره‌وه ده‌بێت ئه‌م گۆرانییه‌یان بگوتبایه: “من نامه‌وێت، من نامه‌وێ بجووڵێمه‌وه”. به‌ڵام ئه‌و که‌سانه‌ی وا ده‌یانه‌وێت جیهانی خۆیان بگۆڕن به ئه‌گه‌ری زۆره‌وه ئه‌م گۆرانییه‌یان ده‌گوته‌وه: “نامه‌وێت بوه‌ستم” ڕاب لوولین؛ ڕاوێژکاری ئیش و کار ده‌ڵێت: “ئایا سه‌رنجی ئه‌وه‌تان داوه که هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی وا ده‌بنه هۆی گۆڕانکاری له‌م جیهانه‌دا هه‌ستپێکردنێکی هاوبه‌شیان له داخوازی و حه‌وجێ و پێویستی تێدایه و گرینگییه‌کی زۆری پێ ده‌ده‌ن؟” گرینگ نییه مرۆڤه‌کان به دوای چ ئامانجێکهوهن، چ له وه‌رزش، چ له ئیش و کار یان بابه‌ته‌کانی دیکه، گرینگ ئه‌مه‌یه ئه‌و که‌سانه‌ی که ڕێگای خۆیان له که‌سانی دیکه جوێ کردووه‌ته‌وه هه‌مان ئه‌و که‌سانه‌ن که هه‌ستی داخوازی و حه‌وجێیان له خۆیاندا زیندوو ڕاگرتووه تاکوو به‌پێی لوان و پۆڕان باشترین بن. ئه‌وان بڕیاریان داوه که له ئامانجه‌که‌ی خۆیان دوور نه‌که‌ونه‌وه و به‌رده‌وام به دوایه‌وه بن، به بێ ئه‌وه‌ی گوێ بده‌نه قسه و باس و شێوازی بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌وانی دیکه، چونکه ئه‌م هه‌ستکردن به داخوازی و حه‌وجێیه به‌شێکی دانه‌بڕاوه‌یه له بوونیان. به گشتی گۆڕان له ناوه‌وه و ده‌روونمانه‌وه ده‌ست پێ ده‌کات. ئێمه ده‌بێت له ئاره‌زوو و خواستی خۆمان بۆ دروستکردنی گۆڕان که‌ڵک وه‌ربگرین و بتوانین ئه‌م ئاره‌زوو و خواسته بکه‌ین به هه‌ستی داخوازی و حه‌وجێ و به‌هێزی که‌ین. ئه‌وکات ده‌بێت هه‌ستی داخوازی و حه‌وجێ له خۆماندا هه‌ڵگرین. ڕالف ماریستۆن نووسه‌ری کتێبی “بزوێنه‌ری ڕۆژانه” ده‌ڵێت: “سه‌رکه‌وتنیش هه‌م پێویستی به پشوودرێژی هه‌یه و هه‌میش به هه‌ستپێکردن به داخوازی و حه‌وجێ، شێلگیرانه هه‌وڵ بده‌ن و بۆ بینینی ئه‌نجامی کاره‌کانتان پشوودرێژ بن.”
- هه‌ستکردن به داخوازی و حه‌وجێ ئاره‌زووی ئێمه ده‌جووڵێنێت.
کاتێک هیوا به‌کار بێنن و له هه‌ستکردن به داخوازی و حه‌وجێ و پێویستبوونی گۆڕان ئه‌وپه‌ڕی که‌ڵک وه‌ربگرن، ئه‌و کاته‌یه که ئاره‌زووتان بۆ بینینی گۆڕانێک وا بڕیاره ئه‌نجامی بده‌ن، زیاتر ده‌بێت. ده‌کرێت ناوی ئه‌مه بنێین جۆرێک ناڕه‌زایه‌تیی ته‌ندرووست و ئه‌رێنی، به‌ڵام به بێ هه‌ستی داخوازی و حه‌وجێ، هێزی جووڵه و وزه‌ی خۆتان له کیس ده‌ده‌ن. ئێمه له‌گه‌ڵ جیم ڕان لێدوانده‌ری بواری هاندان هاوڕاین که ده‌ڵێت: “به بێ هه‌ستکردن به داخوازی و حه‌وجێ، ئاره‌زوومان بۆ ئه‌نجامی کار بایه‌خ و به‌های خۆی له کیس ده‌دات.” ڕالف ماریستۆن ده‌ڵێت: “سه‌رکه‌وتن هه‌م پێویستی به پشوودرێژیی هه‌یه و هه‌میش به هه‌ستکردن به داخوازی و پێویستی. شێلگیرانه هه‌وڵ بده‌ن و بۆ بینینی ئه‌نجامی کاره‌کانتان پشوودرێژ بن”. ماوه‌یه‌ک ده‌بێت وا چیرۆکێک له فه‌زای تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا به شێوازی جۆراوجۆر و ته‌نانه‌ت به شێوه‌ی شیعریش بڵاو بووه‌ته‌وه. بنه‌ڕه‌تی ئه‌م چیرۆکه حیکایه‌تێکی ڕاسته‌قینه‌یه له زمانی “لورێن ئایزلی” له کتێبی “جیهانی چاوه‌ڕواننه‌کراو”دا، کورته‌ی چیرۆکه‌که ئه‌مه‌یه که: ڕۆژێک به‌یانیی زوو، تۆفان هه‌زاران ئه‌ستێره‌ی ده‌ریایی له‌گه‌ڵ خۆی دێنێته که‌ناراو و له قوڕدا ده‌چه‌قن. هه‌ر ئه‌و ڕۆژه پیاوێک له که‌ناردا پیاسه‌ی کردووه. هه‌روا که پیاسه‌ی کردووه له دووره‌وه‌ڕا کوڕێک له مه‌ودایه‌کی دوور ده‌بینێت که دانه‌ویوه‌ته‌وه و خه‌ریکی کارێکه. کاتێک پیاوه له کوڕه نێزیک ده‌بێته‌وه ده‌بینێت که ئه‌و کوڕه خه‌ریکه دانه به دانه ئه‌ستێره ده‌ریاییه‌کان له سه‌ر زه‌وی هه‌ڵده‌گرێت و فڕێی ده‌داته‌وه ناو ده‌ریاوه، پیاوه له‌م کاره‌ی کوڕه سه‌ری سووڕ ده‌مێنێت و پێی ده‌ڵێت: “تا چاو بڕ ده‌کات هه‌زاران ئه‌ستێره‌ی ده‌ریایی له قوڕ نیشتوون، ئه‌م کاره‌ی تۆ چ سوودێکی هه‌یه؟” کوڕه ئه‌ستێره‌یه‌کی ده‌ریایی دیکه هه‌ڵده‌گرێت و هه‌روا که له ده‌ستیدایه بۆ ساتێک لێی ڕاده‌مێنیت و دواتر فڕێی ده‌داته ناو ده‌ریاکه‌وه و ده‌ڵێت: “بۆ ئه‌م ئه‌ستێره ده‌ریاییه سوودی هه‌یه”.
کاتێک به هاوڕێکه‌م؛ تره‌یسی مارۆم وت که بڕیاره چیرۆکی ئه‌ستێره ده‌ریاییه‌کان له نووسینێکمدا به‌کار بهێنم پێمی گوت که ئه‌م چیرۆکه کاریگه‌رییه‌کی قووڵی له‌سه‌ر داناوه. تره‌یسی وتی له کاتێکه‌وه که گه‌نج بووه ده‌یزانی که ده‌یه‌وێت منداڵیک وه‌کوو منداڵی خۆی قبووڵ بکات و به‌ر له هاوسه‌رگیریی له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌که‌ی واته که‌یسی له‌باره‌ی هه‌ڵگرتن و وه‌رگرتنی منداڵێک قسه ده‌که‌ن و ڕێک ده‌که‌ون کاتێک کاتی شیاوی خۆی گه‌یشت ئه‌م کاره ئه‌نجام بده‌ن. تره‌یسی پاش هاوسه‌رگیری، له ماوه‌ی پێنج ساڵدا چوار منداڵ دێنێته دونیاوه. هه‌ر بۆیه ژیانیان زۆر قه‌ره‌باڵغ ده‌بێت، به‌ڵام کاتێک که کوڕه گه‌وره‌که‌یان ده‌بێت به سیانزه ساڵ له‌گه‌ڵ خۆیان کۆ ده‌بنه‌وه و ده‌ڵێن ئیتر کاتی گه‌یشتووه. ئه‌وان ده‌یانه‌ویست دوو کوڕ له وڵاتی ئیتیۆپی وه‌کوو منداڵی خۆیان هه‌ڵگرن و وه‌کوو کوڕی خۆیان قبووڵیان که‌ن؛ به‌لام کاتێک که‌وتنه ناو پرۆسه‌ی کاره‌که‌وه تێگه‌یشتن که 5/4 ملیۆن منداڵی هه‌تیو له‌و وڵاته‌دا هه‌یه. ئه‌م زانیارییانه به‌ڕاده‌یه‌ک تێکی دان و په‌شێوی کردن که له‌به‌ر خۆیانه‌وه وتیان ئایا باشتر نییه منداڵانێکی زیاتر وه‌کوو منداڵی خۆیان قبووڵ بکه‌ن؟ ئایا وه‌رگرتنی دوو منداڵ هیچ له قووڵایی کاره‌ساته‌که ده‌گۆڕێت؟ به‌ڵام ئه‌و که‌سانه‌ی که دونیا ده‌گۆڕن ئه‌و که‌سانه‌ن که ده‌یانه‌وێت و چاوه‌ڕوانی هیچ شتێک نابن.
ئه‌وان په‌شۆکا بوون و نه‌یانده‌زانی چ بکه‌ن، به‌ڵام یه‌کێک له هاوڕێکانیان چیرۆکی ئه‌ستێره ده‌ریاییه‌کانی بۆ گێڕانه‌وه و ئه‌مه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی بیرکردنه‌وه‌یان گۆڕانی به‌سه‌ردا بێت، تره‌یسی ده‌ڵێت: “چیرۆکی ئه‌ستێره ده‌ریاییه‌کان یارمه‌تی ئێمه‌ی دا تاکوو له‌گه‌ڵ ئه‌م واقیعه ڕووبه‌ڕوو ببینه‌وه که بڕیار نییه قه‌یرانی هه‌تیوه‌کان له ئیتیوپیدا که‌م که‌ینه‌وه، به‌ڵام کاره‌که‌ی ئێمه به دڵنیاییه‌وه له‌سه‌ر ژیانی ئه‌م دوو منداڵه کاریگه‌ریی ده‌بێت”. و به منی وت: “ئێسته ئێمه دوو ئه‌ستێره‌ی ده‌ریاییمان له ماڵه‌وه هه‌یه که بیرمان ده‌خه‌نه‌وه هه‌ر کارێک به ئێمه بکرێت گرینگیی خۆی هه‌یه”. من و ڕاب، تره‌یسی و هه‌موو ئه‌و مرۆڤانه‌ی هاوشێوه‌ی ئه‌و که هه‌وڵ ده‌ده‌ن بۆ دروستکردنی گۆڕانێک هه‌نگاوێک هه‌ڵگرن ستایش ده‌که‌ین، هه‌ر چه‌نده هه‌ست بکه‌ن هه‌وڵه‌که‌یان له‌و ساته‌دا زۆر که‌م و کورت و بچووکه. ئه‌و که‌سانه‌ی که جیهان ده‌گۆڕن هه‌ر ئه‌وانه‌ن که ده‌یانه‌وێت جیهان بگۆڕن و ده‌سته‌وئه‌ژنۆ چاوه‌ڕوان نابن. ڕالف ڤاڵدۆ ئیمیرسۆن ده‌ڵێت: “هه‌رچی زۆرتر له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی کارێک پێ‌داگر و سوور بین ئه‌نجامدانی بۆ ئێمه ساده‌تر ده‌بێت، نه به‌هۆی ئه‌وه‌ی که چییه‌تی و ماهییه‌تی کاره‌که گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه، به‌ڵکوو هێزی ئێمه بۆ ئه‌نجامدانی چووه‌ته سه‌ره‌وه”.
- هه‌ستکردن به داخوازی و حه‌وجێ ده‌بێته هۆی بوێری.
دوێنێ ئیتر له ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئێمه‌دا نییه که بمانه‌وێت چاکی بکه‌ین، به‌ڵام سبه‌ینێ هی ئێمه‌یه و ده‌توانین بیبه‌ینه‌وه یان بیدۆڕێین. بوێریی زۆری ده‌وێت که باوه‌ڕ که‌ین هێشتا باشترینه‌کان دادێن و به‌ڕێوه‌ن. ئیمانی بوێرانه یارمه‌تیی ئێمه ده‌دات تاکوو براوه‌ی سبه‌ینێ بین، به‌ڵام ته‌نها کاتێک له‌م بابه‌ته تێده‌گه‌ین که بواری ئه‌وه بده‌ین به خۆمان که هه‌ر ئێستا و ئه‌مڕۆ هه‌ست به داخوازی و حه‌وجێ درک بکه‌ین. بێرنیه براون پاش قسه‌کردن له‌گه‌ڵ گرووپی گه‌وره و جیاوازی ڕێبه‌رانی باڵا، شتێکی سه‌رنجڕاکێشی دۆزیوه‌ته‌وه و له کتێبی “ڕێبه‌ریی دلێرانه”دا هێناویه‌تی: ئێمه وتووێژه‌که‌مان له‌گه‌ڵ ڕێبه‌رانی باڵا به پرسیارێکه‌وه ده‌ست پێ کردووه: له شێوازی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئێستای مرۆڤه‌کاندا چ شتێک ده‌بێت گۆڕانی به‌سه‌ردا بێت تاکوو ڕێبه‌ره‌کان بتوانن له دۆخ و شوێنێکی ئاڵۆز و بزۆز، که ئێمه تێیدا له‌گه‌ڵ ئالنگاریی هه‌میشه‌یی و پێویستیی به‌رده‌وام به داهێنان ده‌سته‌ویه‌خه‌ین، سه‌رکه‌وتوو بن؟ وه‌ڵامێک له کۆی وتووێژه‌که‌دا هاوبه‌ش بوو: ئێمه پێویستمان به ڕێبه‌رانێکی دلێرتر و کولتوورانێکی بوێرتر و ئازاتر هه‌یه. ڕێبه‌رایه‌تی مانایه‌کی دیکه‌ی جگه له کاریگه‌ریدانان نییه. که‌واته ئه‌گه‌ر ئێوه له سه‌ر یه‌ک که‌س کاریگه‌ریی دابنێن که‌واته ڕێبه‌رن. کاتێک بوێریی زیاد بکه‌نه سه‌ر ڕێبهرایهتییهکهتان ئه‌و کاته‌یه که ده‌رفه‌ته‌کانی گۆڕان دروست ده‌بن و ده‌خولقێن و له ئه‌نجامدا که‌لتوور گۆڕانی به‌سه‌ردا دیت.
- هه‌ستکردن به داخوازی و حه‌وجێ ده‌بێته هۆی کردار.
مالکوم گلۆدێل له لێدوانێکدا له‌باره‌ی کتێبه‌که‌ی له ژێر ناوی “داوود و جالووت”دا ده‌ڵێت: “سه‌رکه‌وتووترین داهێنه‌رانی بواری کار و هه‌لی کار نه‌ک ته‌نها بوێریی و توانستی خه‌یاڵکردنیان هه‌یه، ته‌نانه‌ت هه‌ست به داخوازی و حهوجێش ده‌که‌ن. ئه‌وان ئاره‌زوویه‌کیان بۆ پشوودرێژیی نییه. داهێنه‌رانی بواری کار ئاره‌زوویه‌کی تووند و تۆڵیان بۆ ئه‌نجامدانی کاره‌کان هه‌یه.” ئه‌وه‌ی وا گلۆدێل له‌باره‌ی داهێنه‌رانی بواری کار و هه‌لی کار و ئیش و کار ده‌یڵێت له‌باره‌ی ئه‌و که‌سانه‌ش که گۆڕانکارییه‌کی بنه‌مایی دروست ده‌که‌ن هه‌ر ڕاسته. ئه‌وان نایانه‌وێت چاوه‌ڕوان بن. ئه‌وان ده‌یانه‌وێت کارێک ئه‌نجام بدرێت. هه‌ست به داخوازی و حه‌وجێ و پێویستێتی ئه‌وان هان ده‌دات بۆ به‌کردار کردنی بڕیاره‌کانیان و له کاتی “هه‌ر ئێستا”دا! ماوه‌یه‌ک پێش ئێستا له قوتابخانه‌ی یه‌کێک له هاوڕێیانم له‌گه‌ڵ که‌یسی کارفۆرد؛ داهێنه‌ری بواری کار دیدارم کرد. ئه‌و قوتابخانه‌که‌ی له کۆمه‌ڵه‌یه‌کی پڕ له مه‌ترسیدا بونیات نابوو. کاتێک له‌وێ بووم ده‌سته‌یه‌ک له قوتابییانی ساڵی سێیه‌می قۆناغی دواناوه‌ندیم بینی و کوڕێک به ناوی ئیتان لێمی پرسی: “ئایا له ناخی دڵته‌وه( ئاماژه‌ی به دڵی دا) هه‌ست ده‌که‌ی که به‌ڕاستی ده‌ته‌وێت یارمه‌تی ئه‌وانی دیکه بده‌یت و گۆڕانکاری دروست بکه‌ی؟” باوه‌ڕم نه‌ده‌کرد، له هاوگرووپهکانم پرسی که ڕه‌نگه که‌سێک هانی دابێت بۆ ئه‌وه‌ی که ئه‌م پرسیاره بکات، به‌ڵام تێگه‌یشتم که پرسیاره‌که‌ی به نیازێکی پاک و له ناخی دڵه‌وه بووه. وه‌ڵامم دایه‌وه: “ئیتان!، ڕێک هه‌ر ئه‌و هه‌سته‌م هه‌یه. هه‌ر ڕۆژ له ناخی دڵه‌وه ده‌مه‌وێت گۆڕانێک دروست بکه‌م.” دواتر ئیتانم له ئامێز گرت و وتم: “تۆ دونیای خۆت ده‌گۆڕی”. گرینگ نییه له چ ته‌مه‌نێکدان. گرینگ نییه تاکوو ئێسته چ کارێکتان کردووه یان چ کارێکتان نه‌کردووه. هیچ کات بۆ ئه‌نجامدانی کارێک که جیهانتان ده‌گۆڕێت دره‌نگ نییه.
ئایا ئێوه‌ش هه‌ستێکی وه‌کوو ئیتانتان هه‌یه؟ ئایا له ناخی دڵتانه‌وه هه‌ست ده‌که‌ن که ده‌تانه‌وێت جیاوازی و گۆڕانکاریی ئه‌رێنی له ژیانی که‌سانی دیکه‌دا دروست بکه‌ن؟ گرینگ نییه له چ ته‌مه‌نێکدان. گرینگ نییه تاکوو ئێستا چ کارێکتان کردووه یان چ کارێکتان نه‌کردووه، هه‌رگیز بۆ ئه‌نجامدانی کارێک که جیهانتان ده‌گۆڕێت دره‌نگ نییه. قسه‌یه‌کی نه‌سته‌قی چینی هه‌یه که ده‌ڵێت: “گرینگ نییه ڕێگاکه‌ت تا کوێ به‌هه‌ڵه بڕیوه، بگه‌ڕێوه.” ئێوه ده‌توانن هه‌ر ئێستا به ئاراسته‌یه‌کی دیکه‌دا پێچ که‌نه‌وه یان کارێک ئه‌نجام بده‌ن که جیهانتان بگۆڕێت.
- لایه‌نی ڕاستی هه‌ڵه.
ماوه‌یه‌ک پێش ئێستا، ڕێک ئه‌و کاته‌ی که ڕاب خه‌ریکی لێخوڕین به‌ره‌و نووسینگه‌که‌ی له پومپانوبیچ له ویلایه‌تی کالیفۆرنیادا بوو، به ئاراسته‌یه‌کی نوێ‌دا لای دایه‌وه و هه‌ستێکی تۆخ له داخوازی و حه‌وجێ بۆ گۆڕینی به‌شێک له ژیان دایگرت. وه‌کوو هه‌میشه له پشت لایته سووره‌که که ته‌نها چه‌ند بینا له‌گه‌ڵ شوێنی ئیشه‌که‌ی مه‌ودای هه‌بوو، وه‌ستابوو. ڕاب به زۆری به‌ره‌و لای چه‌پ بای ده‌دایه‌وه تا بڕوات بۆ شوێنی کاره‌که‌ی، به‌ڵام به‌هۆکارگه‌لێک ئه‌و ڕۆژه هه‌ستی کرد ده‌بێت به‌ره‌و ڕاست با بداته‌وه و به ئاڕاسته‌یه‌کدا بڕوات که هه‌رگیز پێشتر پێیدا نه‌ڕۆشتووه. ئه‌م ئاراسته‌یه ئه‌وی به‌ره‌و گه‌ڕه‌کێکی شارنشینی بچووک به ناوی ئهڤهندیل برد. کاتێک خه‌ریکی لێخوڕین بوو شتانێکی بینی که سه‌رنجی ڕاکێشا: بازرگانیی به ماده‌ی هۆشبه‌ر؛ ژنێکی سه‌رشه‌قام که له ناوه‌ڕاستی ڕۆژدا موشته‌رییه‌کانی فریو ده‌دا؛ ئاژاوه‌گێڕیی گرووپێک له خوێڕی و بهرهڵلاکان له‌گه‌ڵ چه‌ند منداڵی قوتابخانه که ده‌بوو له‌باتی ئه‌وه‌ی که له‌سه‌ر شه‌قام بن له وانه‌ی پۆله‌کاندا بایان و هه‌روه‌ها ئه‌و دایکانه‌ی به‌پێی فه‌زای زاڵ و په‌شێوییان بێ باک و بێ سه‌رنج چاویان له ده‌سته‌یه‌ک منداڵ ده‌کرد که به ده‌وریاندا له سه‌ر چیمه‌نه‌کان ده‌سووڕانه‌وه. ئه‌وه‌ی وا ڕاب له مه‌ودایه‌کی چه‌ند مه‌تریی شوێنی کاره‌که‌ی-ڕێک له‌وبه‌ری ئه‌و شه‌قامه‌ی که نووسینگه‌که‌ی له‌وێ بوو-بینی هه‌مان دۆخێکی پیشان ده‌دا که له هه‌ندێک له گه‌ڕه‌که هه‌ژارنشین و پڕ مه‌ترسییه‌کان بینیبووی؛ وه‌کوو داراوی له شاری بهمبهیی، پایته‌ختی هیندستان؛ کوماس له لیما، پایته‌ختی پیرۆ؛ و کیبرا له نایرووبی پایته‌ختی وڵاتی کینیا.
ڕاب ده‌ڵێت: “به ته‌واوه‌تی تێکچوو بووم. له دۆخی کۆمه‌ڵگا تووڕه بووم. ڕێک له‌وبه‌ری شه‌قامه‌که‌ی شوێنی ئیشه‌که‌م که‌سانێک ئازاریان ده‌چه‌شت، و له داوی دۆخی ده‌وروبه‌ریان گیریان خواردبوو. ئازاری ئه‌و باوکانه‌م هه‌ست پێ ده‌کرد که نه‌یانده‌توانی خۆراکێک بۆ منداڵه‌کانیان دابین بکه‌ن. له به‌فیڕۆچوونی تواناییه مرۆییه‌کان تووڕه بووم چون ده‌مزانی ئه‌م منداڵانه، منداڵانی بێ گوناهن و له داوی زیندانی کۆمه‌ڵایه‌تیی هه‌ژاری، غه‌فڵه‌ت و خراپ به‌کارهێنان گیریان خواردبوو؛ به‌ڵام له ده‌ستی خۆشم تووڕه بووم، تووڕه له‌وه‌ی که چۆن تاکوو ئێستا، ئه‌وه‌ی وا له به‌رامبه‌رمدا ڕووی ده‌دا، نه‌مبینیبوو. زۆر سه‌رکۆنه‌ی خۆمم ده‌کرد ئه‌گه‌رچی یارمه‌تی منداڵانم له سه‌رانسه‌ری دونیادا ده‌دا به‌ڵام نه‌متوانیبوو منداڵانێکی بێ جێگه و ڕێگه ببینم که ڕێک له دراوسێتی خۆمدا ده‌ژیان. “ڕاب هه‌ر ئه‌و ساته ماشێنه‌که‌ی له قه‌راغ جاده‌که ڕاده‌گرێت و به‌کوڵ ده‌گرێت.” فرمێسک به چاوانمدا خوڕه‌ی به‌ستبوو به‌لام له ناخی دڵمه‌وه بوێرییه‌ک گڕی گرتبوو که ئاگری له تووڕه‌ییه‌کم به‌ردا و به‌سه‌ریدا زاڵ بووم. توانیم ئه‌گه‌ره‌کان بهێنمه پێش چاوم و ببینم چ گۆڕانکاریگه‌لێکی به‌رهه‌ست، بنه‌مایی و جێگیر ده‌شێت له ئوندیل، واته گه‌ڕه‌که‌که‌ی من، بێته ئاراوه.”
ڕاب لێ‌بڕابوو کارێک ئه‌نجام بدات. چۆن ئه‌و وه‌کوو ڕێبه‌ری دامه‌زراوه‌ی وان هۆوپ نه‌یتوانیبوو یارمه‌تیی دراوسێ ڕاسته‌قینه‌کانی بدات، له حاڵێکدا ڕێبه‌ری ڕێکخراوێکه که یارمه‌تی منداڵان له سه‌رانسه‌ری دونیادا ده‌دات و هیواداربوونی پێشکه‌شی بیلۆنان منداڵ کردووه، منداڵانێک که زۆربه‌یان بێ جێگه و ڕێگه‌ن و له شوێنه ناخۆش و سه‌خته‌کان له‌سه‌رانسه‌ری گۆی زه‌وی ده‌ژین. ئه‌و ژماره‌یه‌کی زۆر له مرۆڤی له ده‌وری یه‌ک خڕ کردووه‌ته‌وه، تاکوو به یارمه‌تیی یه‌کدی ڕێژه‌ی هه‌ژاری دابه‌زێنن، پێش به نادادپه‌روه‌ری بگرن و پێش له دووگیانکردنی مێرمنداڵان، خۆکوژی و ماده‌ی هۆشبه‌ر له سه‌رانسه‌ری دونیادا بگرن. ئه‌و ده‌یزانی ده‌بێت کارێک ئه‌نجام بدات تاکوو کێشه‌یه‌ک که به چاوی خۆی بینیبووی چاره‌سه‌ر بکات و هه‌ستی تووڕه‌یی و سه‌رکۆنه بوو به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ستی داخوازی و حه‌وجێ بجووڵێته‌وه و بکه‌وێته گه‌ڕ. ڕاب له ئوندیل ده‌رچوو، ئان‌وسات که هاته ناو نووسینگه‌که‌یه‌وه، ئه‌وه‌ی وا ئه‌و به‌یانییه بینیبووی بۆ گرووپه‌که‌ی گێڕایه‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که گه‌یاندنی خزمه‌تگوزاری به منداڵان و میرمنداڵان له ئه‌رکه سه‌ره‌کییه‌کانی دامه‌زراوه‌ی وان هۆوپه، ئه‌م پێویستی و ئاتاجییه سه‌ره‌کییه به خێرایی له لایه‌ن هه‌موو ئه‌ندامانی گرووپه‌که‌وه وه‌رگیرا. ئه‌وان لێکۆڵینه‌وه‌کانیان له‌باره‌ی ئوندیل ده‌ست پێ کرد، له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌سانه‌ی که ده‌یانتوانی یارمه‌تییه‌ک بگه‌یه‌نن په‌یوه‌ندییان کرد و گهلاڵهیهکیان داڕشت تاکوو هه‌ندێ گؤڕانکاریی ئه‌رێنی دروست بکه‌ن. گۆڕانکارییه‌کانیان ده‌ریان خست ئه‌م کۆمه‌ڵه‌یه له نزیکه‌ی سێ هه‌زار مرۆڤی نیشته‌جێ له نۆسه‌د نیشتنگه پێکهاتووه، به‌پێی قسه‌ی ئیداره‌ی ئاماری ئه‌مریکا ده‌کرێت ناوی ئه‌م ناوچه‌یه بنێین “شارێک به کێشه‌ی جۆراوجۆره‌وه”. ئه‌و که‌سانه‌ی که له ئوندیل ده‌ژیان زۆرتر سه‌ر به بنه‌ماڵه لێکهه‌ڵوه‌شاوه‌کان بوون که ته‌نها یه‌ک که‌س سهرپهرشتییانی ده‌کرد و له هه‌ژاریدا ده‌ژیان. قوتابخانه حکوومییه‌کانی ئه‌و ناوچه‌یه پله‌یه‌کی زۆر نزمیان به‌ده‌ست هێنابوو. تاوانه‌کان زۆر زیاتر له ڕاده‌ی خۆیان بوون. له ڕاستیدا ئوندیل به یه‌ک له سه‌دی هه‌بوونی ئاسایش له وڵاتی ئه‌مریکا، له خوارترین پله‌ی لیستی ئه‌منی و ئاسایش‌دا بوو، به 776 تاوان له ساڵێکدا له هه‌ر 1500 مه‌تری چوارگۆشه‌دا، به به‌راورد له‌گه‌ڵ ناوچه‌کانی دیکه‌ی فلۆریدا که تێکڕای 91 تاوان له هه‌ر 1500 مه‌تری چوارگۆشه ڕووی ده‌دا و ئه‌مریکا به شێوه‌ی تێکڕا به 50 تاوان له هه‌ر 1500 مه‌تری چوارگۆشه، له هه‌ر 45 که‌س له ئوندیل که‌سێک له به‌رده‌م مه‌ترسییه‌کانی قوربانیبوونی تاوان بوو و 15 له سه‌د ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌بوو که ببێت به قوربانیی تاوانه توندئاژۆکان که ئه‌م ڕه‌قه‌مه هه‌شت ئه‌وه‌نده‌ی تێکڕای ڕه‌قه‌می نیشتیمانییه! هه‌روه‌ها کێبڕکێ و ململانێی ئاژاوه‌گێڕه‌کان، کێشه و هه‌رای زۆری له‌م ناوچه‌یه دروست کردبوو.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌م مه‌ترسییانه‌دا گرووپی ڕاب ڕۆشتنه به‌ر ده‌رکه‌ی ماڵی دانه به دانه‌ی ئه‌وانه‌وه و له‌گه‌ڵ دانیشتووانی ئوندیل قسه‌یان کرد و پرسیاریان له‌باره‌ی ژیانیان کرد و گوێیان بۆ په‌رۆشی و نیگه‌رانییه‌کانیان گرت و داخوازی و ئاتاجییهکانیان دۆزییه‌وه. یه‌که‌مین وه‌ڵامێک که دانیشتووان به پرسیاره‌کانیان ده‌دایه‌وه نه‌بوونی ئیش و کار، نه‌بوونی سه‌رنموونه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی بۆ منداڵه‌کانیان و هه‌روه‌ها نه‌بوونی وانه‌کانی زمان بوو. ڕاب ده‌یزانی بۆ پچڕاندنی زنجیری هه‌ژاری له‌م بنه‌ماڵانه‌دا ده‌بێت بڕواته سۆراخی نه‌وه‌ی نوێ و گه‌نجه‌کان. سه‌رکه‌وتنی داهاتووی خه‌ڵکی هه‌ژار گرێدراوه به فێرکاریی قوتابیانی قۆناغی دواناوه‌ندییه‌وه، به‌ڵام ناکرێت به فۆکۆسکردنه سه‌ر یارمه‌تیدانی دواناوه‌ندییه‌کان گۆڕان ده‌ست پێ بکرێت. کاتێک ئه‌وان گه‌نجترن ده‌بێت ئه‌م گۆڕانکارییه بێته ئاراوه. یه‌که‌مین هۆکاری یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی منداڵان بۆ ده‌رچوون و ته‌واوکردنی دواناوه‌ندی چییه؟ خوێنه‌واری و زانستی ساڵی سێیه‌م. له پاڵ هه‌وڵه‌کانی دیکه‌دا، گرینگ‌ترین و به‌هێزترین میتۆد بۆ دروستکردنی گۆڕانکارییه‌کان له ناو به‌ره‌کاندا له‌م کۆمه‌ڵگایه‌دا، په‌روه‌رده‌ی دروسته؛ به‌تایبه‌تی فێرکاریی و په‌روه‌رده له‌ڕێگه‌ی خوێندن بۆ مندالان.
ڕاب و گرووپه‌که‌ی به‌رپرسیارێتی ئه‌وه‌یان خرایه ئه‌ستۆ تاکوو خزمه‌ت به خه‌ڵکی ئوندیل بکه‌ن. ئه‌م خزمه‌تگوزارییه هه‌ڵگری کۆمه‌ڵێک ئه‌رکی دژوار له لایه‌ن خۆیان و هه‌روه‌ها که‌ڵکوه‌رگرتن له ڕێکخراوه ده‌وڵه‌تییه‌کانه. ڕاب ده‌ڵێت: “ئوندیل بوو به‌هۆی گۆڕانکارییه‌کی به‌رچاو له ڕێکخراوه‌که‌ی ئێمه‌دا. دامه‌زراوه‌ی هیواداری به‌ڕاده‌یه‌ک له یارمه‌تیدانی ئه‌م خه‌ڵکه گیانفیدایی کرد که به‌شێک له فه‌زای پڕ قازانجی بیناکه‌ی چۆڵ کرد و دای به قوتابخانه‌یه‌کی ناحکوومی و ئاکادیمیی که‌رتی تایبه‌ت بۆ بنه‌ماڵه‌کانی ئوندیل و کۆمه‌ڵه‌کانی ده‌وروبه‌ری ئه‌وێ.” هه‌موو ئه‌و منداڵانه‌ی وا له ژێر هێڵی هه‌ژاریدا بوون له قوتابخانه به‌شدار بوون، جگه له 7%، به‌ڵام ئه‌م منداڵانه له ناو دیواره‌کانی قوتابخانه‌دا توانییان هیوا و ئه‌وین بدۆزنه‌وه و ئێسته‌ش خه‌ریکی وه‌رگرتنی باشترین و به‌رزترین په‌روه‌رده و فێرکارین. ڕێکخراوی وان هۆوپیش قوتابخانه‌ی بۆ منداڵان بونیات ناوه و به‌رنامه‌کانی خوێندنه‌وه‌ی کتێبی پاش قوتابخانه‌ی تایبه‌ت کردووه‌ته‌وه بۆیان و هه‌روه‌ها یارمه‌تی گه‌وره‌کانیشی داوه، ئه‌وان وانه‌کانی زمانی ئینگلیزییان وه‌کوو زمانی دووهه‌م ڕێک خستووه، کۆمه‌ڵێک ئه‌نجوومه‌نی خێرخوازیی ته‌ندرووستییان دامه‌زراندووه، به‌و که‌سانه‌ی که پێویستیان به ئیش هه‌یه شاره‌زاییه‌کانی وتووێژ بۆ وه‌رگرتنی ئیش و کاریان فێر کردووه، یارمه‌تیی بنه‌ماڵه موحتاج و ئاتاجهکانیان داوه و خۆراکیان پێ گه‌یاندوون و بۆ گه‌شه‌ی مرۆیی کۆمه‌ڵێک ڕاهێنه‌ریان هێناوه.
هه‌وڵه پێکه‌وه‌یی و کۆییهکانیان ئاوه‌ها کاریگه‌رییه‌کی ئه‌رێنییان هه‌بووه که تاوان له 776 حاڵه‌ته‌وه له هه‌ر 1500مه‌تری چوارگۆشه بۆ 200 حاڵه‌ت دابه‌زیوه. په‌یوه‌ندیی نێوان دانیشتووان زیاتر بووه و خه‌ڵکی ئوندیل هیوایان به داهاتوویه‌کی باشتره. نه‌ک ته‌نها گۆڕانکاری له‌و گه‌ڕه‌که‌دا په‌ره‌ی سه‌ندووه به‌ڵکوو ته‌نانه‌ت یه‌کێک له قوتابییه‌کانی ئێمه به‌ناوی هایلی توانی هیوا و باشبوونه‌وه له دۆخێکی بێهیواکهردا ببینێته‌وه. ئه‌و له لایه‌ن دایه گه‌وره‌یه‌وه به‌خێو کرابوو، چون دایکی ئالووده‌ی ماده‌ی هۆشبه‌ر بوو و باوکیشی له زیندان بوو. دایه گه‌وره‌ی هایلی چه‌ند ئیشی جۆراوجۆری هه‌بوو و هه‌وڵی ده‌دا تا ده‌توانێت باشترینه‌کان بۆ نه‌وه‌که‌ی دابین بکات. هه‌ر بۆیه له قوتابخانه نوێکه‌ی ئێمه ناونووسی کرد. ئه‌م قوتابخانه‌یه بوو به شوێنیکی ئه‌مین و دڵنیاکه‌ر بۆ هایلی و ئیسته ئه‌و له حاڵی گه‌شه و پێشکه‌وتندایه، به‌ڵام ساڵی ڕابردوو دایه گه‌وره‌ی په‌یوه‌ندییه‌کی پێوه کرا و هه‌واڵی پێدرا که دایکی هایلی به‌هۆی به‌کارهێنانی زۆری ماده‌ی هۆشبه‌ر مردووه. هه‌واڵی مه‌رگی بابه و دایه بۆ هه‌ر منداڵێک شۆکێکی گه‌وره‌یه و کاتێک باوک و دایک ئالووده‌ی ماده‌ی هۆشبه‌ر بووبێتن ئه‌م قه‌یرانه قووڵتر ده‌بێته‌وه؛ به‌ڵام هایلی حاڵی باشه چون ئێسته له شوێنیکی پڕ له خۆشه‌ویستی و پشتگیریدا به‌سه‌ر ده‌بات.
یه‌کێک له هاوڕێیانی ئێمه که به‌شێوه‌ی خۆبه‌خش له‌گه‌ڵ منداڵه ئاتاج و موحتاجه‌کان ڕاوێژ ده‌دات، کۆمه‌ڵیک دانیشتنی ڕاوێژکاریی پاش پرسه‌ی بۆ دانا. کاتێک هایلی به ڕاوێژکاره‌که‌ی وت که حه‌ز ده‌کات کیسه‌یه‌کی بۆکس و جووتێک ده‌سکێشی هه‌بێت تاکوو بتوانێت هه‌سته‌کانی به‌تاڵ کاته‌وه و فڕێی داته ده‌ره‌وه، که‌سێک به شێوه‌یه‌کی خۆبه‌خش هاته پێشه‌وه تاکوو کیسه‌یه‌کی بۆکس و ده‌سکێش بۆ هایلی دابین کات. هه‌روه‌ها کاتێک هه‌واڵی مردنی دایکی هایلی بڵاو بوویه‌وه، خێرخوازانێک که به ته‌واوه‌تیش بێگانه و نه‌ناسراو بوون ڕێژه‌یه‌ک پاره‌یان کۆ کرده‌وه و دایان به دایه‌گه‌وره‌ی هایلی تا بتوانێت پاریزگاری له نه‌وه‌که‌ی بکات. ڕاسته پاره ناتوانێت هه‌موو کێشه‌کانیان چاره‌سه‌ر بکات، به‌ڵام ده‌توانێت له ئاستی سترێس و دڵه‌ڕاوکێیان له‌م کاته‌ی شیوه‌ن و شینگێڕیدا که‌م بکاته‌وه. ڕاب ده‌ڵێت: کاتێک بیر له هایلی ده‌که‌مه‌وه یان چاو له ڕوخساری ده‌که‌م خه‌یاڵم ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ڕۆژێک له به‌یانییه‌کی زوو له چه‌ند ساڵی ڕابردوودا. ناتوانم پێش به‌م بیرکردنه‌وه‌یه بگرم، به‌ڵام له‌گه‌ڵ خۆمدا ده‌ڵێم نه‌کوو هایلی یه‌کێک له‌و منداڵانه‌یه که چه‌ند ساڵ پێش ئێستا له شه‌قامدا بینیبێم. ئه‌گه‌ر من ئه‌و ئاراسته ڕێکهم با نهدهدایهتهوه چ به‌ڵایه‌ک به‌سه‌ر ئه‌م منداڵانه‌دا ده‌هات؟”
یان ئه‌گه‌ر بڕیاری بدا هیچ کارێک نه‌کات چۆن ده‌بوو؟ ئه‌گه‌ر هیچ کارێکی ئه‌نجام نه‌دابا، چ چاره‌نووسێکی ڕه‌ش بۆ خه‌ڵکی ئه‌وێ ده‌هاته ئاراوه؟ ئایا نه‌خوێنده‌واری، هه‌ژاری و نائومێدی له‌وێدا زاڵ نه‌ده‌بوو؟ له‌باتی ئه‌وه ئه‌و ڕۆژه، ڕاب کچێکی گه‌نجی بینی که ئه‌گه‌رچی له ململانێکانی ژیانی ڕاسته‌قینه‌دا که له هه‌مبه‌ر ئه‌و و دایه‌گه‌وره‌یدا بوون، ده‌رباز نه‌بوو بوو به‌ڵام برووسکه‌یه‌ک له چاونیدا دره‌وشانه‌وه. ئێسته ئه‌و هیوادار و دڵنیایه و متمانه‌به‌خۆبوونی هه‌یه و هه‌موو ئه‌مانه‌ش له عه‌شق و سه‌رمایه‌گوزارییه گۆڕانسازهکانهوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، ئه‌وه‌ش له لایه‌ن که‌سانێکه‌وه که گرینگی به‌م بابه‌ته ده‌ده‌ن و باوه‌ڕیان وایه که گۆڕان ده‌پۆڕێت و ده‌لوێت. ڕاب ده‌ڵێت: “ئه‌و ڕۆژه‌ی که له ئوندیل ماشێنم لێ ده‌خوڕی ژیانم گۆڕانی به‌سه‌ردا هات. نه‌مده‌توانی ئه‌وه‌ی به چاوه‌کانم ده‌یبینم نکووڵی لێ بکه‌م و هیچ بیانوو و پاساوێک نه‌یده‌توانی ڕازیم بکات تاکوو شاد و به‌خته‌وه‌ر درێژه به ڕێگاکه‌م بده‌م. یه‌که‌م شتێک که به مێشکمدا هات ئه‌مه بوو که ده‌بێت بۆ یارمه‌تیدانی که‌سانی دیکه کارێک بکه‌م! هه‌ر زوو تێگه‌یشتم که هه‌ر ئه‌و گۆڕانکارییه‌ی وا حه‌زم ده‌کرد بۆ ئه‌و که‌سانه بێته ئاراوه خودی منی گۆڕیبوو. من فێر بووم که یارمه‌تیدانی که‌سانی دیکه یارمه‌تی خودی خۆم ده‌دات”
- به ئاراسته‌ی دروستدا با بده‌وه.
هه‌روا که چیرۆکی ڕابتان خوێنده‌وه ڕه‌نگه به خۆتانتان گوتبێت، دڵنیا نیم بتوانم ئاوه‌ها کارێک ئه‌نجام بده‌م. یان به‌ڕای من ناکرێت ئاوا بارێک هه‌ڵگرین. یان ده‌بێت له کوێوه ده‌ست پێ بکه‌م؟ ده‌بێت چ کارێک ئه‌نجام بده‌م؟ من ته‌نها یه‌ک که‌سم. ئایا به‌ڕاستی ده‌توانم جیهان بگۆڕم؟ من و ڕاب لێره‌ین تا له ناخی دڵه‌وه پێتان بڵێین: “به‌ڵێ، ده‌توانن” ئێوه ده‌توانن گۆڕانکارییه‌کی ئه‌رێنی دروست بکه‌ن. به‌هۆی ئه‌وه‌ی که ده‌تانه‌وێت گۆڕانێکی ئه‌رێنی دروست بکه‌ن و ده‌تانه‌وێت له جیهانێکی باشتردا بژین، که‌واته ده‌توانن کاریگه‌ر بن. هه‌موو مرۆڤه‌کان هۆکاری زۆریان هه‌یه تاکوو بۆ کێشه‌یه‌ک وا ڕووبه‌ڕوویان ده‌بێته‌وه هیچ کارێک ئه‌نجام نه‌ده‌ن. به‌م هۆکارانه ده‌ڵێین بڕ و بیانوو. جارێک ڕاهێنه‌رێکی ژیر به منی گوت: “بڕ و بیانووه‌کان وه‌کوو بۆنی بنی باڵ وان. هه‌موو بنباڵمان هه‌یه و هی هه‌مووش بۆنی لێ دێت.” ڕاستییه‌که‌ی ئه‌مه‌یه که یان ده‌بێت بڕ و بیانوو بهێنینه‌وه یان گۆڕانکارییه‌ک دروست بکه‌ین، به‌ڵام ناتوانین هه‌ر دووکیان پێکه‌وه ئه‌نجام بده‌ین. کاتێک منداڵ بووم هه‌میشه کارتۆنی “مه‌له‌وانی فره‌زانم” ده‌بینی. کارئه‌کته‌ری سه‌ره‌کی؛ پاپای، جلێکی مه‌له‌وانی له‌به‌ردا بوو، باسکێکی زۆر گه‌وره‌ی هه‌بوو و له‌سه‌ر باسکه‌کانی وێنه‌ی له‌نگه‌ر وه‌کوو خاڵ کوترابوو. پاپای که که‌سایه‌تییه‌کی هێوری هه‌بوو، هه‌میشه هه‌وڵی ده‌دا پێش به که‌سایه‌تیی بولوتۆی ئاژاوه‌گێڕ و زۆرکار بگرێت تاکوو نه‌یه‌ت و هاوسه‌ره‌که‌ی واته ئالیڤ ئوڤیل بدزێت. له هه‌موو ئه‌م به‌شانه‌دا پاپای ده‌گه‌یشت به ئاستێک له تووڕه‌یی که ده‌یوت: “ئیتر سه‌برم ته‌واو بوو، ئیتر ناتوانم له‌مه زیاتر به‌رگه بگرم.” ئه‌و قتوویه‌کی ئیسپهناجی ده‌کرده‌وه، هه‌مووی هه‌ڵمه‌قووت ده‌کرد تا هێزێکی ئه‌فسوونای و بان سرووشتی به‌ده‌ست ده‌هێنا، دواتر تێهه‌ڵدانی بولوتۆی ده‌کرد و هاوسه‌ره‌که‌ی ڕزگار ده‌کرد.
یان ده‌بێت بڕوبیانوو بهێنینه‌وه یان گۆڕانێک دروست بکه‌ین، به‌ڵام ناتوانین هه‌ر دووکیان پێکه‌وه ئه‌نجام بده‌ین، ڕێگه‌چاره خواردنی قتوویه‌ک ئه‌سپه‌ناج بوو. ڕێگه چاره‌ی ئێمه ئه‌وه‌یه که بۆ گۆڕان به‌رپرسیارێتی قبووڵ بکه‌ین. ئایا له ده‌وروبه‌ری خۆتان پێویستییه‌ک بۆ گۆڕان ده‌بینن؟ ئایا حه‌ز ده‌که‌ن به‌ها باشه‌کان فێر ببن و به‌گوێره‌ی ئه‌وانه بژین؟ ئایا ده‌تانه‌وێت به‌هایه‌ک بده‌ن به مرۆڤایه‌تی و مرۆڤ؟ ئایا ده‌تانه‌وێت یارمه‌تی که‌سانی دیکه بده‌ن، به‌رز بیاننرخێنن، داوه‌تیان لێ بکه‌ن تاکوو کاریگه‌رییه ئه‌رێنییه‌کانی به‌ها باشه‌کان و هه‌ڵبژاردنه باشه‌کان ئه‌زموون و تاقی بکه‌نه‌وه؟ ئه‌گه‌ر وه‌ڵامتان به‌م پرسیاره سادانه ئه‌رێنییه که‌واته ده‌توانن جیهانی خۆتان بگۆڕن، هیوا زۆر له ئێوه‌ش دوور نییه. گۆڕان له ناو ده‌سته‌کانتان دایه. بوار مه‌ده‌ن هیچ شتێک دڵساردتان بکاته‌وه. ئێوه ده‌توانن ببن به هۆکارێک بۆ گۆڕان.
نووسه‌ران: جان سی. مه‌کسول و ڕاب هاسکینز
پێشه‌کی و وه‌رگێڕان: موحسین عه‌لیڕه‌زایی