“ئاشنابوون به كیجی نیشیتانی”
بە شێوەیەكی گشتی هەست بە دوو جۆر فەیلەسووف دەكەم؛ ئەوانیش ئەو فەیلەسووفانەی كە هەمیشە پرسیار دەكەن لەگەڵ ئەو فەیلەسووفانەدا كە بەردەوام وەها دەردەكەون كە نائومێدن. فەیلەسووفی یابانی-كيجى نيشيتانى (1900-1990) لە جۆری یەكەمی فەیلەسووفەكانە، ئەو بە درێژایی ژیانی خۆی، هەوڵی دەدا لە ڕێگەی پرسیاركردنەوە لە ژیان تێ بگات.
لە كڕۆكی فەلسەفەكەیدا كێشەی نهیلیزم یاخود ئەوەی پێی دەگوترێت “نەبوون” دەر دەكەوێت كە بە مانای ئەوە دێت هیچ پەیوەندییەكی مانادار لە نێوان مرۆڤ و ئەو جیهانەدا كە فڕێ دراوەتە ناوییەوە بوونی نییە. سەرباری ئەمەیش ئەوە بە تەنها كێشەی تایبەتی نيشيتانى نییە. نيشيتانى بە وردی ئاگاداری ئەو گۆڕانكارییە خێرایانە بوو كە لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا لە یابان و تەواوی جیهاندا ڕوویان دا، هەروەها هەوڵی دەدا لە ئاڕاستەی “لەدەستدانی مرۆڤ” لە جیهانی پۆست-پیشەسازی و پۆست-مۆدێرنە تێ بگات. لەبری ئەوەدا قووڵای بابەتەكان فەرامۆش بكات، هەوڵی دەدا زیاتر لەو بابەتانەدا قووڵ ببێتەوە. وەك ئەوەی كە جارێك خۆی گووتی: “زۆر بە سادەیی گرفتی بنچینەیی ژیانی من ئەوەیە كە هەوڵ دەدەم لە ڕێگەی نهیلیزمەوە بەسەر نهیلیزمدا سەر بكەوم”.
كاتێك نیشیتانی گەنج بوو، هەر چەندە بە دەست نەخۆشییەكی زۆرەوە دەیناڵاند، بەڵام لە قۆناغەكانی چاكبوونەوەیدا، خۆشەویستی خۆی بۆ خوێندنەوە دۆزییەوە، بەم شێوەیە یەكەم ئەزموونی فەلسەفەكەی لەگەڵ ئەو نهیلیزمییەدا پێكهێنا. كاتێكیش لە خوێندنگای ئامادەیی دەیخوێند، چانسێكی زیاتری دەست كەوت هەتاوەكوو لەناو كتێبەكاندا ئارامییەك بدۆزێتەوە. بەڵام دواتر، دەستبەرداری وانەكانی خوێندنگا بوو، لە ناو خوێندنەوەی كتێبەكانی دیستۆڤسكی، ناتسومی سوسیكی، ڕافڵ واڵدو ئیمرسۆن و سۆفیگەری مەسیحییدا ونن بوو-بەڵام لە پێش هەموویانەوە لە ناو كتێبەكانی نیچەدا ون بوو. كاتێكیش چووە زانكۆ، هەرچەندە ئیمزای لەسەر خوێندنی یاسا كردبوو و هیچ ئەڵتەرناتیڤێكی دیكەی لەبەردەستدا نەبوو و بژاردەكانیشی هیچ گرنگییەكیان نەبوو، بەڵام خوێندنی یاسایی ڕەت كردەوە. دواتر دەستی بە پرسیاركردن كرد لە بڕیارەكانی ژیانی خۆی، ئەم پرسیارانەی ڕەنگدانەوەی لەسەر بڕیارە گەورەكانی ژیانی و جیهانیش هەبوو. گومانە بچووكەكانی گۆڕان بۆ گومانی گەورە. دواتر لە كتێبە بەناو بانگەكەیدا “ئاین و نهیلیزم” ئەو بارودۆخە ناجێگیرەی ڕوون دەكاتەوە و دەڵێت: “بۆشاییەك لەم جیهانەدا دەردەكەوێت كە هیچ هێزێك نییە توانای پڕكردنەوەی هەبێت، ئەو بۆشاییە لەژێر ئەو زەویەدا دەردەكەوێت كە مرۆڤی لەسەر وەستاوە. لە بەرامبەر ئەو بۆشاییەدا، هیچ شتێك نییە بتوانرێت بدۆزرێتەوە و سوودی هەبێت”. زۆرینەمان ئاگاداری ئەم هەستەین و ئەو پەرچەكردارە كۆمەڵایەتییە دەبینین كە لەگەڵیدایە.
لەم دۆخەدا نیشیتانی دەنووسێت: “مرۆڤ یان خۆی دەكوژێت یاخود بەردەوام دەبێت لە ژیانكردن، ئەگەر لە ژیان بەردەوام بێت ئەوا یان سەرگەردان دەبێت یاخود دەبێتە شاعیر و دەستبەرداری كاری كۆمەڵایەتی و پارە كۆكردنەوە دەبێت”. هەندێك جار ئێمە لە بەرامبەر ئەو پرسیارانەدا كە وەڵامیان نییە، یاخود لە بەرامبەر ئەو گرفتانەدا كە چارەسەریان نییە، تووشی ناسەقامگیری و دوودڵی دەبین و بە شێوەیەكی ئاسایش لە ژیانكردن بەردەوام دەبین. لەگەڵ ئەوەیشدا، نیشیتانی ڕێگە بە تێپەڕبوونی هیچ پرسیارێك نادات بەبێ وەڵام و دەنووسێت: “ئەو ئاسۆیەی خوارەوەی پەیوەندییەكان ڕوون دەبێتەوە كە وەها لە ژیان دەكات بەردەوام بێت، وەك شتێكی هێواش و لە بەردەماندا دەوەستێت”.
لە ساڵانی بیستەكانی سەدەی بیستەمدا، نیشیتانی لە زانكۆی كیوتو خەریكی خوێندنی فەلسەفە بوو و “قووڵی نهیلیزمی” كرد بە بەردی بناغەی فەلسەفەكەی، دواتریش لە قوتابخانەی كیوتوی فەلسەفی بوو بە ئەندام. بە تێروتەسەلی نیشیتانی لێكۆڵینەوەی لەسەر مەزهەبی ماهایانی بووزی و زەن كردووە و گرنگییەكی تایبەتیشی بە فەلسەفەی ڕۆژئاوا داوە. بەردەوامیش لە باكووری كویتوو، سەردانی پەرستگای شوكوجی دەكرد بۆ ئەوەی مومارەسەی “تێڕامانی زەن” بكات، بە درێژایی ماوەی جەنگی جیهانی دووەم، ئەو مومارەسەیەی بەردەوام بوو، بەڵام دوای جەنگ، هێزە داگیركارە ئەمركییەكان ناچاریان كرد دەستبەرداری پۆستەكەی بێت وەكوو ئەندامی قوتابخانەی كیوتوی فەلسەفی. دوای ئەوەیش بانگێشتنامەیەك گەیشتە دەستی نیشیتانی بۆ ئەوەی بچێت بۆ فرایبۆگ و لەگەڵ مارتن هادیگەردا توێژینەوە بكات.
نیشیتانی لەوێ دەستی دایە كاركردن لە میتۆدی پێكەوە-گونجاندن، هەموو بنەما فەلسەفییەكانی مەزهەبی ماهایانای بووزی، فەلسەفەی غنوسی (الغنوصیة) [بیروباوەڕێکى ئایینى و فەلسەفی هەندێک لە مەسحییە کۆنەکانە]، فەلسەفەی لاهووتی ئەڵمانی میستر ئاكهرت و نووسراوەكانی زەن و نیچەی پێكەوە كۆكردەوە. ئەو شێوازە گونجاندنەی فەلسەفەی نیشیتانی بە ڕێگەیەكی بێوێنە پێشكەوت كە بە تەنها پشتی نەبەستبوو بە “نهیلیزم”، هەروەها فەلسەفەكەیش بە تەنها بەشێك نەبوو لەو فەلسەفە بوونگەراییەی كە لەو سەردەمەدا بڵاو بوو، سەرباری ئەوەیش نهیلیزم بۆ نیشیتانی سەرەتایەك بوو، سەرەتایەك بوو بۆی هەتاوەكوو لەو ڕوانگەیەوە تەماشای مرۆڤ بكات كە داماڵراوە بە هۆی زانستەوە و بەهۆی تەكنۆلۆژیاوە درووست كراوە… پاشان لە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكاندا نامۆمان دەكات و دەمان كات بە بوونەوەرێكی ناگرنگی سەر ئەم هەسارەیە، مرۆڤ دەكات بە شتێكی گشتێنراو و لە هەموو شوێنێكدا بوونی هەیە، بەڵام بوونەكەی هیچ جیاوازییەكی نییە لەگەڵ بوونەكانی دیكەدا.
وەكوو زۆرینەی بیرمەندەكانی قوتابخانەی كیوتو، نیشیتانیش توێژینەوەی لەسەر چەمكی سونیاتا كردووە [ئەمە چەمکێکە بە زمانی سەنسکریتی، بە شێوەیەکی وشەیی بە «نەبوون» یان «بۆشایی» وەردەگێڕڕێت]، ئەویش وەك هۆكارێك بۆ تێگەیشتن لە ڕەهەندە ناڕوون و ناتایبەتییەكانی جیهان، بەڵام هێشتا ئەم چەمكە وەك ئەوەی كە باوە، چەمكی نهلیزم نییە و ئەو نەبوونە خاڵی نییە بەڵكوو پڕە. چەمكی سونیاتا شتێك نییە لە خۆیدا و كاسەیەكی خاڵیش نییە، بەڵكوو پڕە لە شت و بەردەوامیشە.. و پارادۆكسێكە “ئەو خاڵەی كە تێیدا دەردەكەوێت هەموو شتەكانی چواردەورمانی تێدایە.
ئەوەی سەبارەت بە مرۆڤ دەمێنێتەوە، داماڵرانی تەواوەتییە لە جەوهەر، سیما و بەهاكان، ئەمەیش ئەو شتەیە كە نیشیتانی ناویناوە “ناكەسێتی”. بە شێوەیەكی ڕیشەیی ئێمە لە جێگایەكدا خۆمان دەدۆزینەوە كە جیهانێكی نامرۆییە: “ئاسمانێكی گەردوونییە كە زەوی، مرۆڤ و ناوچە بێكۆتاییەكان دەگرێتەوە، ناوچە بێشوومارەكانی ئەستێرەكان كە دەجووڵێن دەگرێتەوە و هەر یەكەیان بوونی خۆیان لەناو خۆیاندا هەیە”. نیشیتانی لە ناو مێژووی فەلسەفەی یاباندا پێگەیەكی تایبەتی هەیە، پاشان “نهلیزمی” خستە ناو فەلسەفەی داهاتووی یابانەوە. سەبارەت بە ئەو، نهیلیزم بە تەنها چەمكێكی ئەبستراكت نییە بەڵكوو ئەزموونێكی تایبەتی قووڵە كە لەگەڵ كرانەوەی بوارێكی ناكەسیدا دەر دەكەوێت-كەشوهەوا و زەوی و لەگەڵ هەموو ئەو شتانەدا دەر دەكەوێت كە نامرۆیین و بۆ پێداویستی و ئارەزووەكانمان گرنگ نین، ئەو دیدگا نهلیزیمییە بە بەردەوامی -بە شێوەیەكی ڕۆشنبیری، كۆمەڵایەتی و مێژووی دووبارە دەبێتەوە-وەك بەڵگەیەك لەسەر پێویستی تێگەیشتن لە جیهان لە ڕوانگەیەكی نامرۆییەوە، هەروەها بۆ تێگەیشتن لە دۆخە مرۆییەكان و لە كۆتاییشدا لە هەردوو كاتیگۆری شكست و نادڵنیاییدا دەر دەكەوێت.
بە درێژایی ئەو ڕێگەیە، نیشیتانی بەسەر ململانێ كۆنەكەی نێوان بێئومێدی و پرسیاركردندا سەردەكەوێت، ئەویش لە ڕێگەی وەرگرتنی هەڵوێستێكەوەیە كە لە هەمان كاتدا و بە شێوەیەكی نامۆ، هەردووكیان كۆ دەكاتەوە… هەروەك ئەوەی كە لە كتێبی “ئاین و نهلیزم”دا، لە بارەی بۆشایی سونیاتاوە نووسیوویەتی: “بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ ئاماژەیە بۆ بەركەوتن لەگەڵ هەموو ئەو شتانەدا كە هەن”.
سەرچاوە: آفاق فلسفية
نووسینی: یوجین ساكر
وەرگێڕانی بۆ عەرەبی: كەریم سەعید
وەرگێڕانی بۆ كوردی: ئەیوب حەسەن