ئێمەی کورد بەدرێژایی زیاتر لە ١٢٠٠٠ ساڵی مێژوو بەناو سەردەمی جیاوازدا ڕۆشتووین، بەھۆی ئەوەی نەتەوەیەکی زۆر کۆن بووین و زۆربەی ڕووداوەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستمان بەرکەوتووە وەکو نەتەوەی کورد، واتا (ھەم دامەزراندنی دەوڵەت و شارستانییمان بینیوە، ھەمیش نسکۆی شۆڕشەکان و جینۆساید). خاوەن و دامەزرێنەری کولتوور و شارستانییەتەکانی میزۆپۆتامیاین و دەتوانم بڵێم: سەرچاوەی شارستانیین بۆ ھەموو جیھان. ئەمە بە تەنھا ڕاوبۆچوونی من نییە بەڵکوو لە کتێبەکەی ” سۆران حەمە ڕەش” بە ناوی “مێژووی بزر و نەگێڕدراوهی کورد” لە بە شێکیدا باس لە “سێگۆشەی شارستانییەتی مرۆڤایەتی” دەکات کە تێیدا تەواوی شارستانییەتی جیھان لەو سێگۆشەیەوە بنیادنراوە، سێگۆشەکەش دەکەوێتە ناوەندی کوردستانی گەورە کە پێکدێت لە چیای جودی، شاری ئورفە و گرێی میرازان، کە شوێنەواری پەرستگەیەکی ١٢٠٠٠ ساڵی تێدایە و (وەشوکانی کە پایتەختی میتانی/ ھورییەکان بووە ) ( شیرناخ شاری نوح بووە ) و ( قەرەجەداغ شوێنی ماڵیکردنی گەنمبووە) ( لالش پیرۆزترین شوێنی ئێزیدییەکانە ) و “خاکی کاردا ئەو شوێنەی کە خەڵکەکەی گۆردی (کوردی)لە لایەن یۆنانییەکانەوە بە ئەفسانەی لە دایکبوونی کشتوکاڵ ناسراوە”و شنار (شنگال/سنجار) ئەو شوێنەی بە پێی تەورات و سۆمەرییەکان زمانەکانی تێدا جیابووەتەوە، ئەمە یەکێکە لەو بەڵگانەی کە بوونی ئێمە وەک ڕەسەنترین مرۆڤی جیھان دەسەلمێنێت، بەڵام بۆچی بە درێژای ئەم ھەموو ساڵە توانیومانە دەسەڵاتداری ناوچەکە ببین و ئیمپڕاتۆریەت دابمەزرێنین، کەچی لە پەیماننامەی لۆزان بەدواوە تا ئێستا نەمانتوانیوە؟
“لێرەدا باسی ئەوە دەکەم کە چۆن توانیومانە ئیمپراتۆریەت دابمەزرێنین؟”
دامەزراندی ئیمپراتۆرییەت جگە لە ھێزی جەستە، ھزرێکی تیژی پێویستە لەگەڵ دەروونێکی باڵا، بۆ دەستکەوتنی ئەمانە دەبێ ئایین و کولتورێکی کاریگەر ھەبن کە مرۆڤانێکی سەرسەخت دروستبکەن، کولتوور و ئایین کاریگەرییەکی زۆر لەسەر پێکهاتەی مرۆڤ دادەنێن، تەنانەت کاریگەری ھەیە لەسەر (تەندروستی و دەروونی) دەتوانێت دەستبگرێت بەسەر ھەڵسوکەوت و ڕەفتار و ئامانجەکانی مرۆڤ، بەتایبەت کولتوور و ئایینە کۆنەکانی کورد وەکوو (زەردەشت، ئێزیدی، یارسانی، مانی و گاوری…هتد) کە توانیویانە دەرگای شارستانییەت بۆ جیھان بکەنەوە، جگە لەمانە ئایین و بیروباوەڕی میترایی کە تا ئێستا زانیاری زۆر کەم لەسەر ئەم بیروباوەڕە ھەیە، بۆیە ناتوانین بە وردی قسەی لەسەر بکەین، بەڵام بە پێی ھەندێک سەرچاوە کۆنترین ئایینی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستە و ھەڵقوڵاوی سرووشتی ناوچەکەیە کە جەژنی ھێڵکە ڕەنگینە، پیرۆزی ماری ڕەش، شەوی یەڵدا و چەندین جەژن و بۆنەی جیاواز لە خۆ دەگرێت کە تا ئێستا ئەم جەژنانە لە جیھاندا ساڵانە دەگێڕدرێت دوور لە سەرچاوە زۆر کۆنەکەی دەناسرێت، ھەر بۆیە کولتوور و ئایین ھێزێکی باڵای بە مرۆڤەکانی ئەو سەردەمانە داوە و وای لێکردوون ھەستی خاوەنداریەتیییان بۆ ئایین و کولتوورەکانیان ھەبێت .
با بیھێنینە پێشچاومان، مرۆڤ لەسەر خاکی خۆیدا بژی و ئایینەکەی موڵکی خۆی بێت و خۆیشی دامەزرێنەری کولتورەکەی بێت، ھەموو ئەمانە بەپێی ژینگەی شوێنەکە داڕێژرابێت، دەسەڵاتداری نیشتیمانەکەی خۆی بێت، چۆن جیاواز نابێت لە کەسێک نیشتیمانەکەی داگیرکرا بێت، ئایینی سرووشتێکی جیاواز و دەیان کولتووری جیاواز ڕووی تێ بکات؟ ئایا ئەم دوو مرۆڤە وەکوو یەک دەبن؟ بە دڵنیاییەوە نەخێر، ئەو مرۆڤەی کە خاوەنداری نیشتیمانەکەیەتی لە ھەستێکی باڵابووندا ژیان دەکات، ناتوانێت ژێر دەستەی قبوڵ بکات و ھەمیشە لە جەنگدایە بۆ لێ نەسەندنەوەی ئەو باڵاییەی، کاتێک ھەستێکی باڵای دەبێت کولتوورێکی خۆڕسکی باڵایی و ئایینێکی باڵایی دروست دەبێت کە بە شێوەی سووڕ ئەو باڵاییە لە باوان و بۆ نەوەکان دەگوازرێتەوە، کولتوور و ئایین دەبنە گەیەنەری ئەم باڵاییە، لەوانەشەوە ژیان و دەسەلاتێکی باڵا دێتە بوون. بۆیە مرۆڤ ئەوەی لە ھۆشیدا دەپشکوێت دەتوانێت لە ڕاستیدا بەدیبێنێت. بۆ نمونە شا “کیاکسار” (کەیخوسرەو) نەوەی شا “دیاکۆی” دامەزرێنەری دەوڵەتی میدیا کە توانی لەسەردەمەکەی خۆیدا ئیمپراتۆرییەتێک بوونیاد بنێت، پێم وایە گەر ژینگە و ئایین و کولتوور و پەروەردەکەی وەک ئێستای گەنجەکان بووبا، ھەرگیز نەیدەتوانی بگات بەو ڕاستییەی کە ھەموو کوردێک تا ئێستاش شانازی پێوەدەکات.
با ئەم جارەیان جگە لە نەتەوەی کورد نموونەیەک باس بکەین کە تەنھا بەھۆی ئەوەی ویستی ئەوەیان ھەبووە دەست بەسەر دونیادا بگرن توانیویانە چەندین وڵات و نەتەوە بکەنە ژێر رکێفی خۆیان؛ ئینگلیزەکان (بەریتانییەکان) کاتێک بیر لەوە دەکەنەوە دونیا داگیر بکەن، داگیری دەکەن، بەڵام ئایا ئەم ویستە لە خۆوە دروست بووە؟ بەدڵنیایەوە نەخێر، دوای ساڵانێکی زۆر لە دەسهڵاتداری و ھەستکردن بەوەی کە ئەوان دەیانەوێ وەک کەسی یەکەمی جیھان دەسەڵاتداری بەسەر جیھاندا بکەن و، بۆ زیاتر لە سەد ساڵ (سەدەیەک) یەکەم ھێزی جیھانیی بوو. لە ساڵی ١٩١٣ نزیکەی ٤١٢ ملیۆن کەس لەژێر دەسەڵاتیدا بوون، کە دەکاتە نزیکەی ٢٣٪ی دانیشتوانی جیھان لەو کاتەدا و، لە ساڵی ١٩٢٠دا ڕووبەرەکەی ٣٥،٥٠٠،٠٠٠ کم٢ (١٣،٧٠٠،٠٠٠ میل چوارگۆشە) بوو، یان نزیکەی ٢٤٪ی ڕووبەری زەوی، واتا توانییان چەندان دەسەڵات و ھێز بکەنە ژێر ڕکێفی خۆیان و داگیری بکەن، بەمەش نەوەستان لەگەڵ ھەر داگیرکارییەک زمان و کولتوورەکەیان لەو وڵاتەی داگیریان کردووە بەجێ دەما و دەبووە دووەم زمان و کولتووری ئەو وڵاتە، بۆ نموونە وڵاتی ھیندستان کە بەریتانیا توانی چەند سەد ساڵێک داگیری بکات بە یەکێک لەو وڵاتانە دادەندرێت کە تا ئێستا کاریگەری ئەو داگیرکارییەی لەسەر ماوە. بەریتانیا تا ئێستاش لە ڕێگەی زمانەکەیەوە کە بووە بە یەکەم زمانی جیھانی توانیویەتی زمانەکانی جیھان بخاتە خوار زمانەکەی خۆیەوە، تاکوو ئەگەر زمانێک هەبێت ئاستی لە زمانی ئەوانیش باشتر بێت نەتوانێت وەکوو زمانی ئینگلیزی بێت.
بۆیە من وای بۆ دەچم گەر تاکی کورد پێی وابێت زمانەکەی دەوڵەمەندە و دەتوانێ یەکێک بێت لە زمانە زۆر دەوڵەمەندەکانی جیھان بە دڵنیایەوە وای لێدێت، بەڵام ئەگەر ویستی ئەوەی نەبێ ئەوا لە باتی خزمەت کردنی زمانەکەی خۆی پەنا بۆ فێربوونی زمانەکانیتر دەبات! ئەمە واتای ئەوە نییە شارەزابوونی زمان کارێکی باش نەبێت، بگرە زۆر باشیشە، بەڵام کورد ئەو زمانە دەوڵەمەند و کاریگەر و ڕەسەنەی ھەیە ھێشتا نەیتوانیوە خزمەتی بکات کەچی پەنا دەبات بۆ فێربوونی زمانی تر، کەمەش ڕاکردنە لەو بەرپرسیارییەتییەی بۆ زمانەکەی ھەیەتی. کەواتە تاکێکی بەریتانی ویستێکی جیاوازی ھەیە لەڕووی کولتوور و زمانەکەیەوە لەچاو تاکێکی کوردی، بۆیە بەرھەمی کار و ژیان و دەسەڵات و سیاسەتیشیان جیاوازە.
“بۆچی کورد دەوڵەتی نیە؟”
ئایە کوردی ھیچ کات ھەلی ئەوەی بۆ نەڕەخساوە دەوڵەت دروست بکات یان ویستی نەبووە؟ لە دوای پەیماننامەی لۆزان کورد بە تەواوی لە بوونی دەوڵەتداری بێ بەشکرا، ھەموو مافێکی دەسەڵاتداری لێسەندرایەوە، لەکاتێکدا خۆی نەوەی ڕەسەن و لە مێژینەی خاکەکەیەتی، بەڵام ئەمە واتای ئەوە نییە کە پێش لۆزان و دوای لۆزان ھەلی دەوڵەتداری پێ نەدرابێت، زۆر ئاشکرا دیارە کە پەیماننامەی سیڤەر بۆ ئەوە داڕێژرا کورد ببێتە خاوەنی خاکەکەی خۆی ئەوەش بەھۆی ئەوەی نەوەی ڕەسەنی ئەو ناوچەیەیە. بەڵام ئایا کورد کاتێک ئەم ھەلەی پێدرا ھیچی کرد؟ من پێم وایە دەوڵەت بە یەک کەس دانانرێت، بە سەرکردەیەکی دڵسۆزیش دانانرێت، دەوڵەت دەستکەوتێکی تاکەکەسی نییە تا کەسێک بەتەنیا بتوانێ دروستی بکات، بەڵکوو دەستکەوتێکی گشتییە، دەبێت نەتەوەیەک پێکەوە ئەو ویستەی لە ھزردا ھەبێت تا بتواندرێت بکرێت بە ئەمری واقع، کەواتە نەبوونی ویستی نەتەوەیەک بۆ دەوڵەت “سیڤەری کرد بە لۆزان” بیرنەکردنەوەی تاکی کورد لە بەرژەوەندییە تاکە کەسییەکان ھۆکار بووە بۆ ئەمە، چونکە ھەر کات مرۆڤێک بەرژەوەندی خۆی خستە پێش بەرژەوەندی گشتییەوە ئەوە کاریگەری لەسەر دەوروبەرەکەی دەبێت بە خراپی، جا چ بگات بەوەی نەتەوەیەک ھەمووی بەمشێوەیە بیربکاتەوە، ئەوا دژایەتی خۆخۆری دەست پێدەکات ئیدی ئەو میللەتە وەکوو کرمی ناودار خۆی دەخواتەوەو لە گەشە کردن دەوەستێت و دوژمن دەتوانێ بەئاسانی بیکات بە چوار پارچەوە. کاتێک بووین بە چوار پارچە سەرکردەی دڵسۆزمان ھەبوو و خاکێکی بە پیت و کولتوورێکی ڕەسەنمان ھەبوو
زمانێکی دەوڵەمەندیش کە ئەو ھێزەی بوو بە خاوەنی ئێمە لە گرینگی زمانەکەمان ترسی ھەبووە و ھەیە، بەڵام ویستی خەڵکەکە ئەوە نەبوو کە وڵاتێکی بە ھێز دروست بکات، بۆیە کورد شکستی ھێنا و سەد ساڵە لە خەونی دەوڵەت بووندا خۆی دەخواتەوە وە لە ھەموو باڵاییەک داماڵدراوە و ئێستا نازانین چۆن باسی تاکێکی کورد بکەین کە ھیچی نییە، ویستی ھیچ شتێکی نییە و لە ھەموو شکۆیەک داڕماوە، کەواتە ” ئەوەی نەمانەوێت ھیچ کات نایەتە بوون”.