ڕەخنەگری کۆنزەرڤاتیڤ Dinesh D’Souza ئەرکی دیبەیتکردن لەتەک خودا ناباوەڕەکانی لەبارەی بوونی خوداوە لە ئەستۆ گرتووە، ئەو ئاڵهنگاریی هەر کەسێکی دیار دەکات کە دەستی پێی دەگات، دیبەیتی لەتەک هەریەکە لە دانیاڵ دینێت (Daniel Dennett)، کریستۆڤەر هیچنز (Christopher Hitchens) و مایکڵ شارمەر (Michael Schermer)دا کردووە. منیش بانگهێشتەکەیم قبووڵ کرد، دیبەیتەکە لە زانکۆی بیۆلا (Biola) بە ڕێوە چوو کە کورتکراوەی (دامەزراوەی پەرتووکی پیرۆزی لۆس ئەنجلس – Bible Institute of Los Angeles)ـە، ئەمەش پێمان دەڵێت ئاڕاستەی زاڵی ئایینیی ئامادەبوان چی بووە.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی دیبەیتم لەتەک کەسێکی بەئەزموون و زیرەکدا دەکرد، ویستم پێیەکانی هەڵوێستم لە زەمینەیەکی پتەودا داکوتم، بۆیە بانگەشەی ئەوەم کرد کە هەرچەندە ناتوانم نکۆڵی لە بوونی هەموو جۆرە خودایەک بکەم، بەڵام دەتوانین دڵنیا بین لەوەی لە دونیایەکدا ناژین خودایەکی توانامەندی ڕەها و زانای ڕەها و چاکەخوازی ڕەها ئافراندبێتی، بێگومان کریستییانەکان لەو بڕوایەدان لە جیهانێکی لەم چەشنەدا دەژین، بەڵام هۆیەکی بەهێز بۆ گومانکردن لەم بابەتە ڕۆژانە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە: جیهان بڕێکی لهڕادهبهدهر ئازار و دەردەسەری لە خۆ دەگرێت. ئەگەر خودا زانای ڕەهایە، دەزانێت چەندە دەردەسەری هەیە. ئەگەر توانامەندی ڕەهاش بێت، دەیتوانی جیهانێک بئافرێنێت کە هێندە دەردەسەریی تێدا نەبێت. ئەگەر چاکەخوازی ڕەهاش بێت، بە دڵنیاییەوە جیهانێکی دەئافراند کە هێندە دەردەسەریی تێدا نەبێت.
کریستیانەکان زۆر جاران بەوە بەرسڤ دەدەنەوە کە خودا ویستی ئازادی پێ بەخشیوین، بۆیە خودا لە خراپەکارییەکانی ئێمە بەرپرس نییە. ئەم وەڵامە لە پەیوەندیدا بەو بەڵایەی کە تووشی ئەوانە دەبن کە لە لافاوەکاندا دەخنکێن، یان بە زیندوویی لە نێو ئەو ئاگرانەدا دەسووتێن کە بە هۆی هەورەبرووسکەوە لە دارستانەکاندا دەکەونەوە، یانژی بە هۆی وشکەساڵییەوە لە برساندا یان لە تینواندا دەمرن، شکست دەهێنێت. هەندێک جار کریستیانەکان دەکۆشن ئەم دەرد و بەڵایانە بەوە ڕوون بکەنەوە کە هەموان سووچبارن، بۆیە شایستەی چارەنووسی خۆیانن، هەرچەندە سامناکیش بێت.
بەڵام کۆرپە و زارۆکانیش بە هەمان شێوەی گەورەکان ئەگەری ئازار و مردنیان لە کارەساتە سروشتییەکاندا هەیە، ئهستەمیشە بڵێین شایستەی ئازار و مەرگ بن، دیسان بەگوێرەی بیروباوەڕی نەریتی کریستیانی، مادام لە حەواوە داکەوتوون، گوناهی یەکەمیان لە دایکیانەوە بە میرات وەرگرتووە، دایکێک بە خواردن لە درەختی زانین، سەرپێچیی فەرمانی خودای کرد.
ئەمە بیرۆکەیەکە لە سێ ڕووەوە ڕەت دەکرێتەوە، چونکە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئەوە دەگەیەنێت، یەکەم زانین شتێکی خراپە، دووەم سەرپێچیکردنی فەرمانەکانی خودا مەزنترین تاوانە، سێیەمیش منداڵان هەڵەی پێشینانیان بە میرات بۆ دەمێنێتەوە و سزادانیان بە هۆی گوناهی باوانیانەوە بە کارێکی ڕەوا دادەنێ.
بەڵام ئەگەر هەموو ئەمانەشمان قبووڵ بێت، هێشتا کێشەكە بە چارەسەرنەکراوی دەمێنێتەوە، چونکە مرۆڤەکان تاکە قوربانیی لافاو و ئاگر و وشکەساڵییەکان نین، ئاژەڵانیش بەم کارەساتانە تووشی ئازار و مەرگ دەبن، بەو پێیەشی لە نەوەی ئادەم و حەوا نین، گوناهی یەکەمیان بە میرات بۆ نەماوەتەوە. پێشتر کە گوناهی یەکەم بە شێوەیەکی گشتی لە ئێستا زیاتر بە هەند وەردەگیرا، دەرد و بەڵای ئاژەڵان، بۆ کریستیانە بیریارەکان، گرفتێکی گەورە بوو. فەیلەسووفی سەدەی حەڤدەیهمی فەڕەنسی، ڕێنێ دیکارت (René Descartes) بە فێڵێکی دڵڕەقانە ئەم گرفتەی چارەسەر کرد، بەوەی نکۆڵیی لەوە کرد ئاژەڵان ئازار بچێژن؛ بە بۆچوونی وی، ئاژەڵان تەنها ئامێرگەلێکی ناوازەن، نابێت هاوار و بەرەنگارییەکانیان وەک نیشانەی ئازار تێ بگەین، وەک چلۆن زەنگی ئاگادارکردنەوەی کاتژمێرەکان وەک نیشانەیەکی بوونی هۆشیاری وەرناگرین. ئەم بانگەشەیە بۆ ئەوانەی لەتەک سەگ یان پشیلەیەکدا دەژین، قایلکەر نییە. ئەوەی مایەی سەرسووڕمان بوو، سەرەڕای ئەزموونێکی زۆری دیبەیتکردن لەتەک خوداناباوەڕاندا، کەچی دیسۆزا هەوڵی دا وەڵامێکی قایلکەر بۆ ئەم گرفتە بدۆزێتەوە.
سەرەتا وتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی مرۆڤەکان دەتوانن بۆ هەتاهەتایە لە بەهەشتدا بژین، ئازارەکانی ئەم جیهانە گرنگییەکی ئەوتۆی نییە، بەراورد بەوەی ئەگەر هاتبا ئەم ژیانەمان تاکە ژیانمان بوایە. بەڵام ئەمە لە لێکدانەوەی ئەوەدا شکست دەهێنێت کە بۆچی خودایەکی توانامەندی ڕەها و خێرخوازی ڕەها ڕێگەی لێ ناگرێت. تەنانەت ئەگەر له ڕوانگەی ژیانی هەتاهەتاییەوە کەمبایەخ بێت، هێشتا بڕێکی زۆر بەڵا و دەردەسەری هەن و بە نەبوونیان جیهان باشتر دەبوو، لایهنی کەم بە نەبوونی زۆربەیان. (هەندێک دەبێژن بۆ ئەوەی بەختەوەری بنرخێنین، پێویستمان بە کەمێ ئازار و دهردەسەری هەیە، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئاتاجی ئەو بڕە زۆرە نین). دواتر دیسۆزا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە مادام خودا ژیانی پێ بەخشیوین، بۆمان نییە گلەیی و گازەندەی ئەوەمان هەبێت کە بۆچی ژیانمان تەواوکۆ (Perfect) نییە، نموونەی لەدایکبوونی بە کەمئەندامی هێنایەوە. بە قەولی وی، مادام خودی ژیان بەخششێکە، ئەوا ستەممان لێ نەکراوە ئەگەر لەوەی دەمانەوێت کەمترمان پێ بەخشرا. بۆ بەرسڤی ئەوە، ئاماژەم بۆ ئەوە کرد کە ئێمە لۆمەی ئەو دایکانە دەکەین کە لە سکپڕیدا بە خواردنەوەی کهول یانژی بە بەکارهێنانی کۆکاین زیان بە منداڵەکانیان دەگەیەنن، وەلێ بە قسەی دیسۆزا بێت، مادام ژیانیان بە منداڵەکان بەخشیوە، خەوش لە کارەکانیاندا نییە.
لە کۆتاییدا دیسۆزا، وەک هەر کریستیانێکی دیکە، وەختێ كهوته ژێر فشارەوە، پاشەکشەی کرد، بەوەی بانگەشەی ئەوەی کرد کە نابێت چاوەڕێی ئەوە بین هۆیەکانی خودا بۆ ئافراندنی جیهان بەم چەشنەی هەیە، تێ بگەین. ئەمە وەک هەوڵی مێروولەیەکە بۆ تێگەیشتن لە بڕیارەکانی ئێمەی مرۆڤ، لەبەر ئەوە، زیرەکیی ئێمە بەراورد بە دانایی ڕەهای خودا، زۆر کەمە. (ئەم وەڵامە لە فۆرمێکی شاعیرانەتردا لە کتێبی ئەیوبدا هەیە). وەلێ ئەگەر بەم چەشنە دەستمان لە توانا ئاوەزییەکانمان بەردا، ئیتر دەتوانین بڕوا بە هەموو شتێک بکەین.
لە لایەکی دیکەوە، پێداگیری لەسەر ئەوەی ژیریی ئێمە بەراورد بە هیی خوداوەند، زۆر کەموکورتە، بە شێوەیەکی ژێرەوانکێ گریمانەی ئەو خاڵە دەکات کە دیبەیتی لەبارەوە دەکەین – بوونی خودایەکی زانای ڕەها و توانامەند و خێرخوازی ڕەها. بەڵگە بەرچاوەکان باوەڕبوون بەوەی جیهان لە لایەن خودایەکەوە نەئافرێنراوە، دەکەن بە شتێکی ئاوەزپەسەند، وەلێ لەتەک ئەوەشدا ئەگەر مکووڕ بووین لەسەر ئەفراندنی یەزدانی، ناشێت ئەو خودایەی جیهانی ئافراندووە، زانا و خێرخوازی ڕەها بێت. خودایەکی لەم چەشنە، خراپەکارە، یانژی شکستخواردوو.
سەرچاوە:
Ethics in the Real World: 90 Essays on Things That Matter – A Fully Updated and Expanded Edition
نووسینی: پیتەر سینگەر
وەرگێڕانی: دڵشاد حامید دەروێش