“به‌رکوڵ”
پێویست به گوتن ناکات که ئه‌ده‌ب وه‌کوو یه‌کێک له باڵه هه‌ر گرینگه‌کانی هونه‌ر خۆی دابه‌شی چه‌ندین لق و پۆپی جیاواز و تایبه‌تمه‌ند ده‌بێت، شیعر، ڕۆمان، کورته چیرۆک، په‌خشان، شانۆنامه و…هتد هه‌ر کام له‌م جانێر و شێوازه ئه‌ده‌بییانه‌ش به ناو مێژوویه‌کی کو‌لتووریی به‌رفراوان و فره‌ڕه‌هه‌نددا هاتوون و تایبه‌تمه‌ندی و خه‌سڵه‌ته جیاوازه‌کانی خۆیان ده‌سته‌به‌ر کردووه، بۆیه ئێمه ئێسته هه‌مان ڕۆمان ناخوێنینه‌وه که له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌یه‌مدا به‌رهه‌م ده‌هات و ده‌نووسرا و به‌دڵنیاییشه‌وه هه‌مان شێوازی ڕۆماننووسی و هۆنینه‌وه‌ی شیعر ڕه‌چاو ناکه‌ین، که له سه‌رده‌مانی پێش ئێمه‌دا زاڵ و باو بووه.
ڕه‌نگه له‌م قۆناغه‌ی ئێمه‌دا که پارادایمی زاڵبوونی فره‌ڕه‌هه‌ندی و فره‌گه‌رێتییه له جه‌مسه‌ره جیاوازه‌کانی بوون و مه‌عریفه‌ی مرۆیی‌دا له توخمێک له توخمه‌کانی پێکهاته‌ی ڕۆمانێکی وه‌کوو “دۆنکیشۆتی سێرڤانتێس” یان تایبه‌تمه‌ندییه‌ک له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ڕۆمانی “تاوان و سزا”ی دۆستۆفسکی یان چه‌ند وێنه و ئیماژێکی شیعری گارسیا لۆرکا و…هتد. که‌ڵک وه‌ربگرین، به‌ڵام له دواجارادا ئێمه له سه‌رده‌می تایبه‌ت به خۆماندا ده‌ژین، له پارادایمێکی دیکه‌دا و به خه‌ون و هیوا و خه‌می جیاواز و جۆراوجۆری دیکه‌وه واته وه‌کوو ره‌خنه‌گرانی ئه‌ده‌ب ده‌ڵێن ئێمه له دۆخێکی ئۆنتۆلۆژی و بوونناسانه‌ی دیکه‌دا هه‌ناسه ده‌کێشین و زۆر ئاساییه تمووح و چاوه‌ڕوانییه‌کانمان له دونیا و دیارده‌کانی فه‌رق و تۆفیری زۆری هه‌بێت له‌وانه‌ی پێش ئێمه، وه‌کوو ئه‌و ڕسته باوه‌ی که ده‌ڵێت گه‌وره نووسه‌رانی ئێسته له سه‌ر شانی ئه‌وانه‌ی پێشووی خۆیان هه‌ڵنیشتوون بۆیه گه‌وره ده‌رکه‌وتوون، ده‌توانین بگه‌ین به‌م قه‌ناعه‌ته که ئه‌ده‌ب یان هه‌ر دیارده‌یه‌کی مێژوویی زنجیره‌یێکی هه‌ڵپێکراو و نه‌پساوه‌ی دوور و درێژه که له دواجاردا و له ئاسۆ مێژووییه‌که‌یدا یه‌ک په‌یکه‌ره‌ی درێژکۆله‌ی ناکۆتایه، به‌ڵام ئه‌و ئاڵقانه‌ی که ئێمه ده‌ستمانی لێ گیر ده‌بێت شوێنگه‌ی زه‌مه‌نی و دۆخی شوێن-کات یان هه‌مان پله‌ی ئۆنتۆلۆژیی ئێمه دیاری ده‌کات.
بۆیه ده‌توانین بگه‌ین به‌م ئامانجه که ئه‌ده‌ب هاوکات که په‌یکه‌ره‌یه‌کی هاوبه‌ش و یه‌کانگیره، هه‌یکه‌لێکی بزۆز و پڕجووڵه و ده‌مامکه که پێناسه‌ی هیچ سه‌رده‌مێک ناتوانێت زه‌مینگیری کات و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی هیچ قۆناغێک ناتوانێت یه‌خانگیر و ملکه‌چی مه‌ندی و وه‌ستاوی بکات، کۆی ئه‌م باسه ئه‌ده‌بی کردووه به شتێکی که‌وینه‌کراو و تیۆریزه‌هه‌ڵنه‌گر و هه‌ر وه‌کوو دوو بیرمه‌ندی وه‌کوو فیلیکس گاتاری و جیل دیلۆز له کتێبی “ورده ئه‌ده‌ب”دا ده‌یڵێن (ئه‌ده‌ب بوونناسییه‌کی بێ مه‌عریفه‌ناسییه) واته ئه‌ده‌ب به هه‌موو ئه‌و ماڵه گه‌وره و کۆشکه مه‌زنه‌ی بۆ بوونی مرۆڤ له فۆرمی زمان و کایه‌کانیدا پێکی دێنێت، به‌ڵام له چوارچێوه‌یه‌کی دیاریکراوی مه‌عریفیدا ناگیرسێته‌وه و قه‌تیس ناکرێته‌وه و هه‌ر ڕه‌وتێکی ڕه‌خنه‌گرانه‌ش و هه‌ر ڕه‌خنه‌گرێکی لێهاتووش ئه‌گه‌ر له سۆنگه‌یه‌کی ئایدۆلۆژی و سیاسییه‌وه هه‌وڵی دابێت ئه‌ده‌ب پێمل و که‌وی بکات، ئه‌وا شکستی هێناوه و دواتر کاڵه‌کی به ئه‌ژنۆی خۆی شکاندووه. ئه‌م گێڕانه‌وه‌یه پێمان ده‌ڵێت؛ ئه‌ده‌ب له پله‌ی ئۆنتۆلۆژی و بوونناسانه‌که‌یدا خۆی ئامانجه نه‌ک ئامراز و وه‌سیله، واته ئه‌ده‌ب شوێنگه‌ی ده‌ربازبوون و ده‌ربازکردنی مرۆڤه له هه‌موو دا‌و و ته‌ڵزگه وجوددیه‌کانی بوون و گه‌ردوون، ئیراده و هه‌وڵی مرۆڤه بۆ سه‌فه‌رکردن بۆ ناکۆتا، سه‌فه‌رێک که بڕانه‌وه‌ی بۆ نییه و شوێنێک که ئێمه هه‌رگیز نایگه‌ینێ، ئه‌ده‌ب خودی ئه‌م سه‌فه‌ریه نه‌ک خاڵی کۆتایی و وێستگه‌ی نیشته‌جێبوونێکی دیاریکراو، ئه‌مه زیاتر له هه‌ر شتێک ڕه‌نگه له ڕۆمانی “دادگایی”ی کافکادا ڕه‌نگی دابێته‌وه و به شێوه‌ی ڕه‌مزی دنیایه‌کی هه‌زار توێ و لابێرنیتی ده‌خاته به‌رده‌م پیاوێک به ناوی “ک” که به تۆمه‌تێکی نادیار ده‌گیرێت.
به بێ هیچ ڕوونکردنه‌وه‌یه‌ک له لایه‌ن ئه‌فسه‌رانی به‌رپرس و بگری وه‌کوو تاوانبارێک مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت، هه‌موو ته‌مه‌نی ئه‌م فه‌رمانبه‌ره بێگه‌رد و پارێزکاره‌ش له دنیایه‌کی بچووکی دوور له ئاژاوه و هه‌ڵه به‌سه‌ر براوه، به‌ڵام ئه‌و ڕێگایه‌ی ده‌خرێته به‌رده‌می بۆ ڕوونبوونه‌وه‌ی دۆخه‌که‌ی ته‌نها لابێرنێتی و هه‌زارتوێیه‌کی حه‌شرئاسایه که نه‌ک ته‌نها وه‌ڵامی پرسیاره‌کانی بۆ ڕوون ناکه‌نه‌وه، به‌ڵکوو ده‌رگای پرسیاری دیکه‌ی به‌سه‌ردا ده‌که‌نه‌وه و بوون و دنیایه‌کی دیکه ده‌بینێت که مرۆڤ تێیدا به تاوانی نادیار چاوه‌ڕوانی موحاکه‌مه و دادوه‌رییه‌کی نادیاره! ئه‌م دۆخه‌ی که کافکا گێڕاویه‌تییه‌وه ڕه‌نگه وه‌کوو ڕه‌خنه‌گران باسی ده‌که‌ن نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی جیهانی سه‌یر و نامۆی کافکا بێت، به‌ڵام له ڕاستیدا له ڕوویه‌کی دیکه‌دا نواندنه‌وه‌ی دۆخێکی ئۆنتۆلۆژیی ڕه‌مزیشه که ته‌نها به مرۆڤ وه‌کوو سووژه و ناسکاره‌وه گرێ نادرێت به‌ڵکوو هه‌ڵده‌پێکرێت به‌کۆی ئه‌و داڵغه و کرده‌وه و ده‌رکه‌وتانه‌ی که لێیوه ده‌وه‌شێته‌وه یان بڕیاره لێی بووه‌شێته‌وه، له‌م کۆنتێکست و سیاقه‌دا ئه‌ده‌بیش یه‌کێک له ده‌رکه‌وته هه‌ره به‌رز و دره‌وشاوه‌کانی ئه‌م سووژه ناسکار و بوونناسه‌یه که نه جیهان به‌م شێوه‌یه‌ی که دیاریکراو و یه‌ک توێیه قبووڵ ده‌کات و نه به‌و شێوه کافکاییه‌ش که هه‌زار توێ و لابێرنێتییه په‌سندی ده‌کات.
له‌م سۆنگه‌یه‌وه ده‌توانین بڵێین ئه‌ده‌ب ئامانجه چونکه ناکۆتاییمان بۆ ده‌نه‌خشێنێت، ئه‌ده‌ب ئامراز نییه چونکه ئامراز ئامانج و مه‌به‌ستێکی کورت و دیاریکراوی هه‌یه و پێده‌چێت له قۆناغێک له قۆناغه‌کاندا مه‌به‌سته‌که‌ی بپێکێت و کۆتایی پێ بێت و مه‌رگی خۆی به ساده‌یی ڕاگه‌یه‌نێت. ده‌توانین نموونه‌ی ئه‌و ئه‌ده‌به‌ی که ئاندرێ ژدانۆف؛(1896-1948ز) سیاسه‌تمه‌دار و تیۆریداڕێژی بواری کو‌لتوور و کۆمه‌ڵگا بهێنینه پێش چاوی خۆمان هه‌روه‌ها ئه‌و به‌ناو جوانیناسیی سه‌پێنراوه‌ی سه‌رده‌می ستالین بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌کرد و سه‌رمایه و کات و هێزێکی زۆریشیان بۆ ته‌رخان کرد که ئێسته نه وه‌کوو ئه‌ده‌ب و جوانیناسیی وه‌کوو جه‌وهه‌ر باسی لێوه ده‌کرێت و نه که‌سیش به‌و شێوه‌یه ئاوڕ له تایبه‌تمه‌ندییه نه‌سری و ئه‌ده‌بییه‌کانیان ده‌داته‌وه، ئه‌وه‌ی هه‌یه له مێژووی ئه‌ده‌بدا وه‌کوو قۆناغیک له ئه‌ده‌بی سۆسیالیستیی سه‌رده‌می ئیستالین پێناسه ده‌کرێت که تێیدا پشیله‌کان هه‌موو ده‌بوو سوور بایان و ئه‌ستێره‌کانیش سوور گه‌شه‌یان بهاتبایا، تاکوو ئامانج که کۆمه‌ڵگایه‌کی سۆسیالیستییه به‌دی بێت له ڕیگه‌ی ئامرازێک به ناوی ئه‌ده‌به‌وه. لێره‌دا ده‌توانین بگه‌ین به‌م ئه‌نجامه که ئامانجبوونی ئه‌ده‌ب ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه جه‌وهه‌رییه‌یه که له مێژوودا هیج هێزێک نه‌یتوانیوه لێی وه‌رگرێت و هه‌رواش ده‌مێنیته‌وه، له هه‌ر قۆناغێکیشدا هێز و لایه‌نێکی ئایدۆلۆژی ویستبێتی ئه‌ده‌ب گه‌مارۆ بدات و ملکه‌چی کات خودی ئه‌ده‌ب و گێڕانه‌وه‌کانی به هێز و پوتانشێلی دیکه گه‌ڕاونه‌ته‌وه و ده‌سه‌ڵاتیان له دواجاردا ملکه‌چ و ته‌سلیمی دنیایه‌کی ناکۆتا و نه‌گیراو کردووه. ڕۆمانه‌کانی میلان کۆندێرا به تایبه‌تی ڕۆمانی (شۆخی) و (ژیان له شوێنێکی دیکه‌یه) شایه‌تحاڵی ئه‌و یاخیبوونه‌ی ئه‌ده‌ب دژی نۆرم و چوارچێوه‌کانی ڕه‌وتی چه‌پی رادیکاڵ له چیکسلۆڤاکی و جیهاندان.
“ئه‌ده‌بی کوردی و خه‌ونی سیاسی”
ئه‌ده‌بی کوردی هه‌ر له سه‌رده‌می ئه‌حمه‌دی خانییه‌وه خولیایه‌کی سیاسی له هه‌ناوی خۆیدا هه‌ڵگرتووه و تا سه‌رده‌می ئیسته‌شمان به‌رده‌وام بووه، ڕه‌نگه له ڕووی ناوه‌رۆکه‌وه ئه‌مه یه‌کێک له بابه‌ته سه‌یر و سه‌مه‌ره‌کانی مێژووی نه‌ته‌وه‌کان بێت که به درێژایی چه‌ندین سه‌ده خه‌ونی کیان و قه‌واره‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ به شێوه‌ی جۆراوجۆر دووپات ده‌بێته‌وه. خاڵی جێی سه‌رنج له‌م تایبه‌تمه‌ندییه سه‌یر و وسه‌مه‌ره‌یه‌دا ئه‌وه‌یه ئه‌م خه‌ونه له زۆربه‌ی قۆناغه‌کاندا نه‌بووه‌ته هۆی ئایدۆلۆژیککردنی ئه‌ده‌ب و ده‌سته‌مۆکردنی ئیراده و خواستی ئه‌ده‌ب وه ئه‌مه‌ش دوو هۆکاری گرینگی هه‌یه، یه‌که‌میان؛ ماهییه‌ت و جه‌وهه‌ری خودی ئه‌ده‌ب که هه‌ر وه‌کوو له سه‌ره‌وه باسم کرد ناکۆتاویستی و ئاواره‌یی ئه‌به‌دیی و چوارچێوه‌هه‌ڵنه‌گریی ڕۆحی ئه‌ده‌ب مانیفێست ده‌که‌ن و له هه‌موو سه‌رده‌مه‌کان ئه‌ده‌ب به چاوبه‌ستێکی ستایشئامێز و جلوبه‌رگێکی نوێوه له شاری خه‌ونه به‌رته‌سکه‌کانی ئایدۆلۆژیاکان ده‌رده‌چێت و فڕینی دیکه بۆ هه‌رێمی دیکه ئه‌زموون ده‌کات، هۆکاری دووه‌م؛ خودی ماهییه‌تی شۆڕش له کوردستان له زۆربه‌ی زۆری سه‌رده‌مه‌کاندا بووه، ڕاسته شۆڕش وه‌کوو ڕێکخراو و دامه‌زراوه و شانه و مه‌ڵبه‌ند و به‌تالیۆن و…هتد خه‌سله‌تی ئایدۆلۆژیی خۆی مانیفیست کردووه، به‌ڵام وێنه و وێنایه‌ک که له زه‌ینی ئه‌دیب و خوێنه‌ری کورد هه‌بووه هیچ کات ئه‌و چوارچێوانه نه‌بووه و نییه، به‌ڵکوو هێنده‌ی چه‌مکی شۆڕش فره‌ڕه‌هه‌ند و فره‌مانا ده‌رکه‌وتووه له‌و سیاقه سیاسی و سه‌ربازییه دیاریکراوه‌دا نه‌خوێنراوه‌ته‌وه، هه‌ر بۆیه دواتر له ده‌قی ڕه‌خنه‌گران و نووسه‌رانی ئێمه‌دا شۆڕش ڕه‌هه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری، کو‌لتووری و ئه‌ده‌بیش له‌خۆ ده‌گرێت و دوو مانیفێست و ڕه‌وتی (ڕوانگه) و (کفری) شاهیدیده‌ری ئه‌مه‌ن.
بوونی ئه‌م دوو هۆکاره تا ڕاده‌یه‌کی زۆر ته‌ڵه و داوه‌کانی ئایدۆلۆژیکردنی ئه‌ده‌بی کوردی پووچه‌ڵ کردووه‌ته‌وه به‌ڵام بێگومان ئه‌مه به‌و مانایه نییه ئه‌م ئه‌ده‌به له قۆناغه‌کانی گه‌شه و دره‌وشانه‌وه‌ی خۆیدا تووشی ئایدۆلۆژیزه‌ده‌یی و دروشمگوتنه‌وه و هوتافی سیاسی ڕووت نه‌بووه‌ته‌وه، خه‌ونی سیاسی له سه‌رده‌می خانییه‌وه تاکوو شۆڕشی ئارارات و شێخ مه‌حموود و ئه‌یلوول و قازی و …هتد تا قۆناغی ڕزگاری باشوور کوردستان له 91 سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له لایه‌ن هێز و حیزبی دیاریکراو و به ئایدۆلۆژی دیاریکراوه‌وه ئاڕاسته کراوه، سه‌رێکی به‌ند بووه به مانایه‌کی ئۆنتۆلۆژی و بوونخوازانه‌وه، پێده‌چێت درککردنی ئێمه له‌م بابه‌ته وشیارانه یان ناوشیارانه بێت و ڕه‌نگیشه له هه‌مبه‌ری بوه‌ستینه‌وه، به‌ڵام ده‌بێت بزانین هه‌موو جووڵه و ڕووداوێکی کۆمه‌ڵایه‌تی ته‌نها ئه‌و ڕواڵه‌ته نین ده‌رده‌که‌ون، واته ڕه‌هه‌ندی شاراوه و ناوشیاریشی هه‌یه و ئێمه ده‌بێت ئه‌وانه بخه‌ینه ژێر لێکۆڵینه‌وه و وردبوونه‌وه‌وه.
بۆیه خه‌ونی سیاسی هێنده‌ی هه‌ڵگری له‌هه‌مبه‌روه‌ستانه‌وه دژی دونیایه‌کی داگیرکه‌ر و ئه‌ویدییه‌کی سته‌مگه‌ر بووه هێنده دیاریکردنی چوارچێوه‌یه‌کی نڤیساری و گوتارمه‌ندانه نه‌بووه، بێگومان له‌م پرۆسه‌یه‌دا داگیرکه‌ر ده‌توانێت چه‌ق و دالێکی گه‌وره بێت، به‌ڵام ئه‌ده‌بی کوردی توانایی ئه‌وه‌ی له خۆی پیشان داوه ئه‌و چه‌ق و داله‌ش تێپه‌ڕێنێت و فره‌دالی و فره‌چه‌قی دروست بکات، خۆی ببێته دال و چه‌قێکی مانایی و هاوکات ببێت به مه‌دلوولیش بۆیه ناکرێت به‌شیوه‌ی ڕه‌ها بڵێین به‌ر ئایدۆلۆژیا نه‌که‌وتووین، به‌ڵام به‌و دوو هۆکاره‌ی سه‌ره‌وه که باسم کرد به‌شیوه‌یه‌کی ڕیژه‌یی به‌باشی قۆناغه‌کانی بڕیوه و ده‌بێت ئه‌مه‌ش قبووڵ که‌ین که ئایدۆلۆژیزه‌ده‌بوونیشی به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه، به‌ڵام به‌و حاڵه‌شه‌وه توانیویه‌تی ئایدۆلۆژیی بهێنێته ژێر سێبه‌ری ئیستاتیکا و جوانیناسییه‌وه، ڕۆمانی (ژانی گه‌ل)ی مامۆستا برایم ئه‌حمه‌د له سه‌روبه‌ندی شۆڕشی نوێی باشوور و دوای نسکۆی ئه‌یلوول له عه‌ینی ئه‌وه‌ی که گێڕه‌ره‌وه‌ی دۆخی شۆڕش و گوتاری کوردایه‌تییه گێڕه‌ره‌وه‌ی خۆشه‌ویستی زه‌مینی مرۆڤ بۆ مرۆڤ و ژن بۆ پیاو و سه‌ودای مانه‌وه و وه‌چه‌خستنه‌وه‌یه که ئه‌مه‌ش به شیوه‌ی ڕه‌مزی خه‌ونی نه‌مری و بوونی کورد باس ده‌کات ته‌نانه‌ت زۆر پێشتر له‌م ڕۆمانه مۆدێڕنه‌مان ئێمه کۆمه‌ڵه چیرۆکی “پێکه‌نینی گه‌دا”ی مامۆستا حه‌سه‌نی قزڵجیمان هه‌یه که له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له ناو فه‌زا و گوتاری شیوعیه‌ت و کۆمۆنیسمدا ده‌وره درابوو به‌ڵام باسی هه‌ژاری و بێ‌ماڵ و حاڵی مرۆڤه ده‌ستنه‌ڕۆیشتوو و وه‌رزێر و کۆمه‌ڵگا به شێوه‌یه‌ک ده‌کات که تایبه‌تی کۆمه‌ڵگای کوردی و فه‌زای فیۆداڵیزمی ئه‌و سه‌رده‌مه و پێش له‌وه‌شه.
ئه‌مانه هه‌مووی خاڵه دره‌وشاوه‌کانی ئه‌ده‌بی کوردین؛ به‌ڵام ده‌بێت به ته‌ئکید و پێداگرییه‌وه هه‌ڵوێسته بکه‌ین و له خۆمان و ڕه‌خنه‌گران و ئه‌دیبانمان بپرسین که ئایا ئه‌ده‌بێک که خۆی به‌شێوه‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تی و بێڕه‌حمانه ڕه‌خنه نه‌کات ده‌توانێت دواڕۆژێکی باش و ئاسۆیه‌کی ڕۆشنی هه‌بێت؟ پرۆژه و پلانی ناوه‌نده ڕۆشنبیری و ئه‌کا‌دیمییه‌کانی ئێمه بۆ ئه‌م بابه‌ته چییه؟ چونکه ئه‌ده‌ب به ڕه‌خنه‌وه باڵا ده‌کات و ئێساته لیره‌دا من ئاماژه‌م به هه‌ندێ قۆناغ و تایبه‌تمه‌ندی و به‌رهه‌می دره‌وشاوه و سه‌رکه‌وتووی ئه‌ده‌به‌که‌مان کردووه، به‌ڵام بێگومان له‌و گۆشه و په‌نا و په‌سیو‌انه‌ش و له‌م ساڵانه‌ی دواییدا زۆر به‌رهه‌می نائه‌ده‌بی و دژه‌ئه‌ده‌ب به ناوی ئه‌ده‌به‌وه خراونه‌ته کتێبخانه‌ی کوردییه‌وه و میزاج و میزاقی ئه‌ده‌بی و جوانیناسانه‌ی کۆمه‌ڵگایشی خستووه‌ته ژێر کاریگه‌رییه‌وه، ئه‌مانه زه‌نگی مه‌ترسی و هۆشدارن و ده‌بێت له‌سه‌ریان قسه بکه‌ین و بیر بکه‌ینه‌وه.