سنوورە گونجاوەکانی ئازادیی ئایینی چین؟ ماریان تیمێ، سەرۆکی پارتی مافەکانی ئاژەڵانی هۆڵەندا، ئەم وەڵامە پێشکەش دەکات «ئازادیی ئایینی لەو شوێنەدا کۆتایی دێت کە ئازاری مرۆڤ یان ئاژەڵ دەست پێ دەکات.»
پارتی داکۆکیکردن لە مافەکانی ئاژەڵان کە تاکە پارتی مافەکانی ئاژەڵە لە پەرلەمانی نیشتمانیدا، یاسایەکی پێشنیاز کردووە، بەگوێرەی یاساکە، هەموو ئاژەڵان بەر لە سەربڕینیان، پێویستە کاس بکرێن. ئەم پێشنیازە سەرکردە ئیسلامی و جوولەکەکانی بۆ بەرگریکردن لەوەی ئەوان بە هەڕەشە بۆ سەر ئازادیی ئایینیی دادەنێن، یەک خست، چونکە هەردوو ئایینەکە خواردنی گۆشتی ئەو ئاژەڵانەی لە کاتی کوشتنیاندا بێهۆش دەکرێن، قەدەغە دەکەن.
پەرلەمانی هۆڵەندا ماوەی ساڵێکی بۆ سەرکردەکان دیاری کرد تا بیسەلمێنن ئەو شێوازانەی لە پەیوەندیدا بە سەربڕینی ئاژەڵانەوە لە ئایینەکانیاندا دیاری کراون، ئازاری لە کاسکردن بەر لە سەربڕین زیاتر نییە، ئەگەر نەیانتوانی بیسەلمێنن، ئەوا مەرجی کاسکردنی پێش سەربڕین جێبەجێ دەکرێت.
هاوکات، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمهریکا، قەشە کاسۆلیکەکان بانگەشەی ئەوەیان کرد سەرۆک باراک ئۆباما ئازادیی ئایینیی ئەوان پێشێل دەکات، ئەمیش بەوەی هەموو خاوەنکارە گەورەکان بە نەخۆشخانە و زانکۆ کاسۆلیکییەکانەوە، بە دابینکردنی بیمەی تەندروستی بۆ کارمەندەکانیان کە پێکارەکانی ڕێگریکردن لە دووگیانییش دەگرێتەوە، پێبەند دەکات. هەروەتر لە ئیسرائیل، ئەو توندئاژۆیانەی وا شەریعەتی جووەکان لێک دەدەنەوە کە نابێت پیاوان دەست بدەن لەو ژنانەی خزمیان نین یان هاوسەرگیرییان لەتەکدا نەکردوون، داوای شوێنی دانیشتنی جیاواز بۆ ژنان و پیاوان لە نێو پاسەکاندا دەکەن، هەروەتر داوای وەستاندنی پلانی حکومەت بۆ کۆتاییهێنان بە لێخۆشبوونی سەربازی بۆ ئەو خوێندکارانەی خۆیان بۆ ئایین تەرخان کردووە (لە ساڵی ٢٠١٠دا ژمارەیان ٦٣٠٠٠ کەس بووە)، دەکەن.
کاتێک ڕێگری لە خەڵکی دەکرێت پەیڕەوی له ئایینەکەیان بکەن –بۆ نموونە، بە یاسا پەرستن بە هەندێک شێواز قەدەغە دەکرێت– گومان لەوەدا نییە ئازادیی ئایینییان پێشێل کراوە. چەوساندنەوەی ئایینی لە سەدەکانی پێشوودا باو بووە، تا ئێستاش لە هەندێک وڵاتدا هەر ماوە.
وەلێ قەدەغەکردنی ڕێوڕهسمی سەربڕینی ئاژەڵان ڕێگری لە جوولەکەکان یان موسڵمانان ناکات لەوەی پەیڕەوی له ئایینەکەیان بکەن. لەمیانەی ئەو گفتوگۆیانەی لەسەر پێشنیازەکەی پارتی داکۆکیکردن لە مافەکانی ئاژەڵان کران، حاخام بینۆمین جاکۆبس (Rabbi Binyomin Jacobs)، حاخامی مەزنی هۆڵەندا، بە ئەندامانی پەرلەمانی ڕاگەیاند «ئەگەر چیتر کەسانێکمان نەبن بتوانن لە هۆڵەندا ڕێوڕەسمی سەربڕین بهجێ بهێنن، ئەوا واز لە خواردنی گۆشت دێنین.» بێگومان ئەوەش کتومت ئەوەیە کە مرۆڤ پێویستە بیکات، وەختێ پێبەندی ئایینێکە کە داوا دەکات ئاژەڵان بە شێوەیەکی کەمتر مرۆڤانە بەراورد بەوەی بە تەکنیکە مۆدێرنەکان بە دهست دەهێنرێت، سەرببڕرێن.
نە لە ئیسلام و نە لە یەهوودییەتدا دەقێک نییە پەیڕەوکارانی ناچار بە گۆشتخواردن بکات. داوای شتێکی زیاتر لەوەی خۆم بە هۆکاری ئیتیکییەوە زیاتر لە ٤٠ ساڵە پابەندیم، لە مسوڵمان و جووەکان ناکەم.
دەستنیشانکردنی بەرگریی ڕەوا لە ئازادیی ئایینی بە ڕەتکردنەوەی ئەو پێشنیازانەی ڕێگری دەکەن لەوەی خەڵکی پەیڕەوی له ئایینەکەیان بکەن، وا دەکات زۆرێک لەو ناکۆکییانەی تێیاندا بانگەشەی ئەوە دەکرێت ئازادیی ئایینی لە مەترسیدایە، چارەسەر بکەین. بۆ نموونە، ڕێگەدان بە دانیشتنی ژنان و پیاوان لە هەر بەشێکی پاسدا، ئازادیی ئایینیی جووە ئەرسۆدۆکسەکان پێشێل ناکات، چونکە شەریعەتی یەهوودی مرۆڤ ناچار ناکات پێکارەکانی گواستنەوەی گشتی بەکار بهێنێ، بەڵکو تەنها ئاسانکارییەکە و دەتوانن دەستبەرداری ببن – جوولەکە ئۆرتۆدۆکسەکانیش بە زەحمەت دەتوانن باوەڕ بەوە بهێنن ئەو یاسایانەی پێیانەوە پابەندن، چاو لەوە دەبڕن تا ئەوپەڕی ژیان ئاسان بکەن.
بە هەمان شێوە، مەرجی ئیدارەی ئۆباما بە دابینکردنی بیمەیەکی تەندروستی کە پێکارەکانی خۆلادان لە دووگیانبوون بگرێتەوە، ڕێگری لە کاسۆلیکەکان ناکات لەوەی پەیڕەوی له ئایینەکەیان بکەن.
بێگومان کڵێسای کاسۆلیکی دەستبەرداری نەخۆشخانە و زانکۆکانی نابێت. پێشبینیی من ئەوەیە بەر لەوەی ئەو کارە بکەن، دێنە سەر ئەو بڕوایەی دابینکردنی بیمەی تەندروستی بە پێکارەکانی ڕێگریکردن لە دووگیانبوونەوە، لەتەک فێرکارییە ئایینییەکانیاندا کۆک و تەبایە. بەڵام ئەگەر کڵێسا بڕیاری پێچەوانە بدات و نەخۆشخانە و زانکۆکانی ڕادەستی ئەو دەزگایانە بکات كه ئامادەی دابینکردنی پێکارەکانی ڕێگرین لە دووگیانبوون، کاسۆلیکەکان هەر ئازاد دەبن لە پەرستن و پەیڕەوکردنی فێرکارییە ئایینییەکانیان.
بەخشین لە خزمەتی سەربازی بە هۆکاری ئایینی، بابەتێکی کەمێک ئاڵۆزترە، چونکە هەندێک ئایین خەڵکی فێری ئاشتیخوازی دەکەن. چارەسەری ئەم کێشەیە بە پێشکەشکردنی خزمەتێکی دیکە دەبێت کە لە خزمەتە سەربازییەکە ئاسانتر نییە (بە جۆرێک، ئەم ئایینانە تەنها لەبەر ئەم هۆیە، لایەنگر بۆ خۆیان کەمەندکێش نەکەن)، بەڵام شەڕ و کوشتن لە خۆ ناگرێت.
ئایینی یەهوودی ئایینێکی ئاشتیخواز نییە، بۆیە جارێکی دیکە، هیچ مەترسییەکی ڕاستەقینە لەسەر ئازادیی ئایینی لە گۆڕێدا نییە. ئەرسۆدۆکسە توندئاژۆکان دەیانەوێ ئەو کەسانەی کاتەکانیان بە خوێندنەوەی تەورات بەسەر دەبەن، لە خزمەتی سەربازی ببەخشرێن، بەو پاساوەی خوێندنی تەورات هێندەی خزمەتی سەربازی بۆ خۆشگوزەرانیی ئیسرائیل گرنگە. بەم شێوەیە، فەراهەمکردنی بژاردەی خزمەتی نیشتمانیی ناسەربازی، ئەگەر خوێندنی تەورات نەبێت، ئەم کێشەیە چارەسەر ناکات. بەڵام هۆیەک نییە وا لە زۆرینەی سیکیولاری ئیسرائیل بکات باوەڕ بهێنن بەوەی هەبوونی دەیان هەزار ئۆرسۆدۆکسی توندئاژۆی تەوراتخوێن، سوودێکی بۆ نەتەوەکە هەیە، بە دڵنیاییەوە بەقەد خزمەتی سەربازییش سەخت نییە.
هەموو ناکۆکییەکانی نێوان ئایین و دەوڵەت بە ئاسانی چارەسەر ناکرێن. بەڵام ئەو ڕاستییەی ئەم سێ پرسە کە پەیوەندییان بە ئازادیی ئایینییەوە نییە و هەریەکەیان مشتومڕی لە وڵاتێکدا هێناوهته ئارا، دەری دەخات پەنابردن بۆ ئازادیی ئایینی خراپ بەکار دەهێنرێت.
سەرچاوە
https://www.project-syndicate.org/
نووسینی: پیتەر سینگەر
وەرگێڕانی: دڵشاد حامید دەروێش