لە زمانی کوردیی دێرین وشەی [ڕەخنە] واتە درز و کونوکەلێن، بابای [ڕەخنە+گر]یش ئەو کەسەیە، کە درز و کونەکان دەگرێت و پڕیان دەکاتەوە. لە کوردیی نوودا وشەی ڕەخنە بووە بە زاراوە و چەمک، لەبەرانبەر [نَقد ـ Kritik] جێگیر کراوە، کە لەجێدانانێکی زۆر بەجێیە. وشەی ڕەخنە ئەگەرچی لە زەینی زمانی ڕەمەکی وێنەیەکی نەرێنی و بێزارکەری هەیە، بەڵام وەک چەمک ڕەخنە زانست و هونەرێکی سەنگینە، کە گریکەکان بۆ پەرەپێدان و پوختکردنی ژیانی مەدەنیی جڤاکی مرۆیی (بە هەموو کایە جوداوازەکانی ناوییەوە) بناخەیان داڕشت.
لە دیوی زاراوە ڕەخنە واتە دۆزینەوەی کون و دەرەزەکان، ڕەخنەگریش واتە پڕکەرەوە و بگیری درز و کەلێنەکان. لە چەمکیش ڕەخنە واتە شیکردنەوە و شیتەڵکاری ـ نەک هێرش و سەرکۆنەکاری. بریتییە لە لێکجیاکردنەوەی دیوی لاواز و دیوی پتەوی دەق و ڕووداو و تێز و بارودۆخ و بیردۆزەکان. ڕەخنە بریتییە لە خوردکردنەوە و هەڵوەشاندنەوە و بژارکردنی هەر دەقێک (جا ئەدەبی بێت یان دینی و فەلسەفەیی) یان هەر ڕووداوێک، بەمەبەستی دیتنی ئەودیوی دەق و ڕووداو، دۆزینەوەی درزەکانی و گرتن و پڕکردنەوەشیان.
ڕەخنە لەسەر بنەوا و مەرج بنیاتنراوە، لە مەرجە بنەڕەتییەکان بریتین لە: بەئاگایی لە بابەتی ڕەخنەلێگیراو، توانای دۆزینەوەی بەڵگە/ئەرگیۆمێنتەکان و دۆزینەوەی دژەئەرگیۆمێنت، توانای بەراوردکاری و شیتەڵکاری ژیربێژی/لۆگیک، لەگەڵ زمان و کەرستە لاوەکییەکانی تری ڕەخنە. ئەوەی ئەمڕۆژ لە ئاقاری فەرهەنگی و جڤاکیی کۆمەڵگەی کوردی دەبینرێت، زۆرینەی وەبەر سێبەری ڕەخنە ناکەون و دەمەتەقێییەکی ڕووت و بەبێ ئامانجن، بۆیەش دوای ماوەیەکی درێژ هیچ بەر و بەرهەمێکی نوو نابەخشن و هەرەوەزیی نەبڕانەوەی ژاوەژاوی فەرهەنگی دەکەن. شەڕی ئایدۆلۆگی و شەڕی خۆییانە و شەڕیی دەروونی بەسەر دەق و ڕووداو و کاراکتەر و بارودۆخ و تێزەکان دەسەپێنن و دەمەتەقێیەکی بۆش بە ناوی ڕەخنە بە ئاپۆرای خەڵک دەفرۆشنەوە.
بە کاتبەندیی/chronicaی ژیانی مەدەنیانەی مرۆڤ، چەمکی ڕەخنە و شێواز و بنەواکانی گۆڕانی بەسەردا هاتووە، بەڵام ئێستەشی دەگەڵدا بێت شێواز یان تەکنیکی ڕەخنەگرتنی ئەڵمانیانە، یەکێکە لە شێوازە پەسەند و بابەتییەکان بۆ ڕەخنەی ڕۆژیان. ڕێسای ڕەخنەگرتنەکەش بەو شێوەیە داڕێژراوە:
کۆ + کەم + کۆ +/-/+
Plus+Minus+Plus
پۆزەتیڤ+نێگەتیڤ+پۆزەتیڤ
واتە لە ڕەخنەگرتنی هەر بابەت، دەق و ڕووداو و کەسێک دەستپێک دیوە پتەوەکە ڕابنوێنرێت، پاشان لەنێوەڕۆکدا کەلێن و دزر و دیوە لاوازەکەی نیشان بدرێت، ئینجا دووبارە بەخاڵێکی ئەرێنی ڕەخنە بەکۆتا بگەیەنرێت. پتەویی ڕەخنە لەوەشدایە، کە خۆی بەرئەگەری ڕەخنەی تێدایە و دەتوانرێت ڕەخنە بەرڕەخنە بدرێت و ئەودیوڕەخنە Meta-Criticism بسازێنرێت. لە دونیای کلاسیکیی ئێمەشدا، حاشیەیان لەسەر شەرح نووسیوە، شەرح شیتەڵکاری و ڕەخنەی دەق بووە، حاشیە و تەقریریش سەرنجدان و شەرحی شەرح بوونە، واتە ڕەخنەی ڕەخنە بوون.
ئێستە کە بەندە ڕەخنە لە دۆخی ڕەخنەی کوردی دەگرم، هاوکات هەر خوێنەر یان کەسێک دەتوانێت ڕەخنە لەو ڕەخنەگرتنەی من بگرێت و بەرڕەخنەی بدات. ڕێی ڕێکاری ڕەخنە بەکۆتا ناگات و پرۆسەیەکی تا هەتاییە. نووسەر و ڕۆژنامەنووسانێک “ڕەخنە+کردن” لەجێی “ڕەخنە+گرتن” بەکاردەهێنن، بەڵام بەو شێوەیە هەڵەیە و پێچەوانەی ئەو مانایە دەبەخشێت، کە ئەوان مەبەستیانە. ڕێزمانیش، ڕێ بە تێکدانی دۆستایەتیی زمانیی نێوان [ڕەخنە] و [گرتن] نادات.
لە کوردی ڕەخنەگرتن درووستە نەک ڕەخنەکردن. سەرباری ئەم هەڵەبەکاربردنە، دەتوانین سوود لە هەردووک وشەش بە دوو واتای دژەوانە وەربگرین.
ڕەخنەگرتن: بە واتای شیکردنەوە و شیتەڵکاری.
ڕەخنەکردن: بە واتای هەڵمەت و سەرکۆنەکاری.
ڕەخنەگرتن واتە پڕکردنەوەی درز و کەلێن، ڕەخنەکردنیش واتە درزتێخستن و کونکردن. دەتوانین ئەو دۆخە نالەبارەی نێو ئاقاری ڕووناکبیریی لەمەڕ خۆمان بە “ڕەخنەکاری” ناو ببەین نەک ڕەخنەگری، کە هیچ درزێک پڕ ناکەتەوە و بگرە کەلێنی نووش چێ دەکات. [بێباکی] بەرۆکی جڤاکی گرتووە، خەڵکێک نەزان نادان بە ڕەخنەکاری ئەدەب، جڤاک، دین، سیاسەت و وەرزش…تاد جێگیر دەکرێن، بە پاڵەوان و چاوساخی بابەتەکان دادەنرێن، کە خۆشیان دەزانن لەو بارەیەوە هیچیان لەبار نییە، بەڵام ئاپۆڕاڕەوی خۆیانیان لەبیر دەباتەوە.
ڕەخنەگری بە زمانی چایەخانەی ڕۆشنبیران ناکرێت، بەڵکە زمانێکی پێویستە، کە سەودای بە ژیربێژی و کولتووری زمان، سەروکاری دەگەڵ چەمک و هزر هەبێ. زمانی ڕەخنە زمانێک بێ، کە دۆخی نووی فەرهەنگی بسازێنێ، مێنتەلێتی و جیهانبینی نوو شی بکاتەوە یان بسازێنێ. نەک سەبارەت بە هەڵەی ڕووکەشیانەی ڕێنووس و نووسین، زمانی فیکر و نووسین بەلاڕێ ببرێت. یاخوود بە زمان و نەوای بۆق، شیتەڵکاری بۆ زمان و نەوای کەو بکرێت. بێنو لەجێی ناوک، سەری خەڵک بە قەپێلک قاڵ و چەواشە بکەن. دەستەڵاتە سەپێنەرەکان، هەردەم زرڕەخنە و فەریکەڕەخنەکاران بە ڕاستینەی ڕەخنە و گەوهەری ڕەخنەگری نیشان دەدەن و داوی دەدەنێ. وەڵات دەکەن بە وەڵاتی فەریکە-ستان.
پێشینانی مەش دەڵێن: گۆزە هەر ئەوەی لێ دەچۆڕێ، کە تێیدایە.
[ڕەخنەگرتن/ڕەخنەگری] ژیانی مەدەنی و دۆخی فەرهەنگی و مۆرکی ژیانی جڤاکیانەی ئادەمزاد پوخت و لەبارتر دەکات، گەوهەری شراوە و بەهاداری وجوودی مرۆڤ دەر دەخات، گەرهاتوو مەرج و بنەواکانی چەمکی ڕەخنەگرتن لەخۆ بگرێت.