پێشکەوتن بۆ دوو قۆناغی دەوڵەتداری گرنگن، یەکێکیان قۆناغی دروستبوونە ئەوی دووەمیشیان لەکاتی هەبوونی خودی دەوڵەتەکەیە، پێشکەوتن زۆر گرنگە بەجۆرێک كه دەوڵەت لەنەبوونەوە دێنێتە بوون و بەنەبوونیشی دەوڵەت دەپووکێتەوە، نموونەی ئەمەریکا و یۆنان، تەنها بوونیش بەس نیە، بەڵکو پێویسته بەردەوام بێت و هەمیشه ئەم پێشکەوتنە لەبرهودا بێت و خۆی لەگەڵ بەرەو پێشچوونی سەردەمدا بگونجێنێت, لهوهش زياتر پێويسته هەمیشه له سهرووى پێشکەوتنەکانی سەردەمیشهوه بێت.
ئەو میللەتانەی لەسەردەمی پێشکەوتنی زانست و مەعریفەدا بەجێماون ئهوا لهسهر ئاستى هاوكێشه نێودهوڵهتيهكان له ڕوانگهى ماف و داواكارى و سكاڵاكانيان فهرامۆش و پشتگوێ دهخرێن و وەکو نەبوو مامەڵیان لەگەڵ دەکرێت هەروەکو مامۆستا (گۆران) دەڵێت :- (سەردەمی هەڵسان هەر کەسێ نووست مرد). پێشکەوتنی دەوڵەت دوو کاردانەوەی هەرە ئەرێنی دروست دەکات لەسەر دوو ئاست، یەکێکیان زیاتر هۆگربوونی هاوڵاتیانیەتی بە خاکەکە چونکە دەیانگەیەنێت بەتەواوی مافەکانیان، خاڵى دووهميش ئهوهيه سەبارەت بە دونیای دەرەوەشی دەوڵەتێکی بەهێز دروست دەکات كه بتوانێت ڕووبەڕووی نەیارانی ببێتەوە.
ئەو دەوڵەتانەی لەڕووی زانستی و ڕۆشنبیریەوە پێشکەوتن توانیان دەوڵەتی بەهێز بونیاد بنێن، نموونەی (کۆریای باشوور)، هەروەها (سەنگافورا)کە (لی کوان یو) لە کتێبی :- (لەجیهانی سێیەمەوە بۆ یەکەم) ئاماژە بە گرنگی دان بە بواری فێرکردن و ڕۆشنبیری دەدات له ووڵاتي سهنگافورا، نموونەی (کۆریای باشوور) یش بەهەمان شێوە کە لەسەردەمی هەڵسانەوەیان گرنگیان بە کەرتی فێرکردندا .
ئێستا ئەم دوو ووڵاتە بەشێکن لە جیهانی پێشکەوتوو . سەبارەت بە (جوو)ەکانیش (تیۆدۆر هەرتزل)ی خاوەنی بیرۆکەی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە کتێبی (دهوڵهتي يههودى) دەڵێت :- ((زۆرینەی خاوەن کارەکانی جوو بایەخێكى پله يهك بە فێرکردنی منداڵەکانیان دەدەن …)) هەروەها (داود بنگۆریۆن)ی یەکەم سەرۆک وەزیرانیان دەڵێت :- (لەشەقامێکی تەلئەبیبدا سەدو دوانزە ژمارەی دوکانی کتێبفرۆشیم بینی کە ژمارەیان زیاتر بوو لە ژمارەی چێشتخانه و ئارایشگاکان).
ڕۆشنبیرانی ئێمەی کوردیش بەهیچ شێوەیەک کەمترخەمیان نەکردووە لە هاندان وئامۆژگاریکردنى نهتهوهى خۆيان و پێشاندانی ڕێگای ڕاستی پێشكهوتن، بۆ نموونە (حاجی قادری کۆیی) دەڵێت :- هەر کوردە لەبەینی کوللی میللەت بێ بەهرە لە خوێندن و کیتابەت یاخود دەڵێت :- (بە شیر و خامە دەوڵەت پایەدارە) واتە بەسەربازی و فێرکردن . هەروەها دەڵێت :- میللەتی بێ کتێب و بێ نووسین غەیری کوردان نی یە لەڕووی زەمین.
دوای (حاجی قادری کۆیى) ش زۆرێک لەشاعیرانی ترمان بەهەمان شێوە بە گیانێکی ڕیفۆڕمخوازانە بەخامە جوانەکانیان بەردەوام بوونە لە ئامۆژگاری کردن، بۆ نموونە : (ئەحمەد موختار بەگی جاف) دەڵێت :- لەخەو هەڵسن درەنگە میللەتی کورد خەو زەرەرتانە هەموو تەئریخی عالەم شاهیدی فەزل و هونەرتانە بخوێنن, چونکە خوێندن بۆ دیفاعی تیغی دوژمنتان هەموو ئان و زەمانێ عەینی قەڵغان وسوپرتانە (فایەق بێ کەس) دەڵێت :- میللەتی بێ عیلم و سەنعەت باوەڕت بێ دائیما وا لەژێر پێی ئەجنەبی دا ناوی هەر بێ قیمەتە یاخود دەڵێت :- ڕێی نەزانی بەربدە و ڕێگەی مەعاریف بگرە بەر نیشتمانت زۆر کەساسە و ژینی هەر خەمبارییە قەومی کورد شێرانی میللەت فیکری وەحشەت لا بدەن وەختی تیکۆشینە ئەمڕۆ ، ڕۆژی عیلم و سەنعەتە.
(مەلای گەورەی کۆیە)ش دەڵێت :- لەعیلم و مەعریفەت دوورن بەکوللی خیاڵی خاوە لایان فیکری میللی هەروەها دەڵێت :- فەقیر و جاهیل و نەخوێندەوارن لەلای نەوعی بەشەر بێ قەدر و خوارن (عەونی ) شاعیریش دەڵێت :- نەخوێندەوارو کەم هەست و پەستین دژی خوێندن و زانست و هەستین پێوستمان بە زیاد کردنی ژمارەی قوتابخانە و زانکۆکان و کتێبخانەکان و سەنتەرە ڕۆشنبیریەکان و دەزگا چاپەمەنیەکان و باشتر کردنی کوالێتیانە, واته ڕيفۆڕمێكى پهروهردهيى و ڕۆشنبيرى له ڕووى چهندايهتى و چۆنايهتيهوه بهشێوهيهك كه له گهڵ سهردهمي تازهى پێشكهوتوودا بگونجێت, بهڵكو ههوڵ بدرێت داهێنانه خۆماڵيهكان قۆناغى هاوتا بوون لهگهڵ پێشكهوتنه جيهانيهكان ببڕن و بگهنه قۆناغێكى پڕ له داهێناني خۆماڵيانهي لهوهش ئاست بهرزتر كه داهێنانهكان مۆركي ووڵاتى خۆمانى پێوه دياربێت , واته قۆناغى لاساييكردنهوه وهكو بهكار بهر ببڕين و ببين به ووڵاتێكى بهرههمهێنهر به ئامرازو تهكنهلۆژياى خۆماڵى سهردهميانه.