جووەكان چۆن بوونە خاوەنی زەوی لە فەلەستین و ئێمە چی دەكەین؟
لە سەد ساڵی رابروردوودا، جووەکان بە چەندین شێواز توانیویانە ببنە خاوەنى زەوى لە فەلەستیندا، ئەو هەوڵانەیان بە درێژایى ئەو سەد ساڵە چڕ کردووەتەوە. پرۆسەى بە خاوەنبوون و دەست بەسەراگرتنى خاک لاى جووەکان لەو سەردەمەى ئاوارەى وڵاتان بوون و تاوەکوو ئەو کاتەى دەوڵەتیان ڕاگەیاندووە و ساڵانى دواتریش، لە فەلەستین بەردەوام بووە.
پاشان کە جووەكان بوونەتە دەوڵەت، بە شێوازی دیكە لە کردەى سەربازى و سیاسیدا توانیویانە خاکى زیاتر کۆنترۆڵ بکەن. وەک هەڵگیرسانى جەنگى نێوان وڵاتانى عەرەبى و ئیسرائیل کە لاى عەرەبەکان بۆ (وەرگرتنەوەى قودس و خاکى فەلەستین)بووە، بەڵام ئەنجامى تێکڕاى جەنگەکانى ساڵانى (١٩٤٨، ١٩٦٧، ١٩٧٣)تاکوو ئێستا لە بەرژەوەندیى ئیسرائیلییەکان بووە. دواى هەموو جەنگەکانیش پێگەى دەوڵەتى ئیسرائیل لەسەر ئاستى وڵاتانى عەرەبى و ناوچەکە و جیهان بەهێزتر بووە.
بۆ زانیارى وەرگرتن و بەڵگەهێنانەوەى چۆنیەتى پرۆسەى بەخاوەنبوونی زەوى لەلایەن جووەکانەوە و لەدەستدانى زەوى لەلاى عەرەبەکان و لەبەر گرنگیى بابەتەکە، پێویستە هەڵوەستەى لەسەر بکەین. چۆن جووەکان توانیویان ببنە خاوەن موڵک، ئینجا لەو پرۆسەیەدا دەوڵەت پێکەوە بنێن؟ لێرەدا ئاماژە بەو ژمارە و داتایانەی خوارەوە ئەکەین، لەسەر چۆنیەتیى بەخاوەنبوونی خاك لەلایەن جووەكان و زیادبوونى رێژەى دانیشتوانى جوو لە فەلەستیندا.
لە ساڵى (١٦٥٠ز)دا ژمارەى جوو لە فەلەستین (١٥٠)کەس بووە، لە ساڵى (١٨٤٥ز)دا ژمارەی جوو گەیشتووەتە (١٢ هەزار)کەس، لە ساڵى (١٨٨٢ز)دا ژمارەیان گەیشتووەتە (٢٤ هەزار)کەس، لە ساڵى (١٨٩٠ز)دا ژمارەیان گەیشتووەتە (٤٧ هەزار) کەس. لە ساڵى (١٩١٤ز)دا ژمارەیان گەیشتووەتە (٨٥ هەزار)کەس، لە ساڵى (١٩١٦ تا ١٩١٨ز) ژمارەیان گەیشتووەتە (٩٥ هەزار)کەس، لە ساڵى (١٩٤٤ز)دا ژمارەی جوو لە فەلەستین گەیشتووەتە (٥٥٤ هەزار) کەس.
ڕووبەرى خاكى فەلەستین لە ساڵى (١٩٤٨ز) نزیکەى (٢٦) ملیۆن دۆنم بووە، بەخاوەنبوون و دەستبەسەراگرتنى زەویى فەلەستین لەلایەن جووەکانەوە بە پرۆسەیەکى جیاواز بووە و لە چەندین قۆناغدا ئەنجام دراوە، وەکوو ئەوەى لە سەردەمى دەوڵەتى عوسمانیدا جووەکان توانیویانە (٦٢٥)هەزار دۆنم زەوی لە کەسایەتییە لوبنانییەکان و تورکەکان لە چەندین شوێنى جیاوازى فەلەستین بکڕن، وەکوو لە (عەککا، توول کەرەم، جنین، بیسان، دۆڵى حەوارس و مەرجى کوڕى عامر). واتە توانییان لە سەردەمى دەوڵەتى عوسمانیدا ببنە خاوەنى (٦٥٠)هەزار دۆنم زەوى لە خاکى فەلەستین.
لە کاتى دەستبەسەراگرتنى فەلەستین لەلایەن بەریتانییەکانەوە لە جەنگى جیهانیدا، دەسەڵاتى ماندێتیى بەریتانیا (٥٠٠) هەزار دۆنم زەوى و موڵکى حکوومەتى عوسمانیى فرۆشت بە جووەکان. هەروەها جووەکان (٣٠٠) هەزار دۆنم زەوییان لە دەوڵەمەندە عەرەبە فەلەستینییەکان کڕییەوە، بەهۆی کارەساتى نەبوونى و هەژارى لە یەکەم جەنگى جیهانی و دواتردا لە ماوەى (٣٠)ساڵدا جووەکان توانییان (دوو ملیۆن و ٧٥ هەزار)دۆنم زەوی لە فەلەستیندا بکڕن. بەو شێوەیە جووەکان بوونە خاوەنى (٨%)ی زەویى فەلەستین، ئەوەى مەبەستمە بیڵێم، بەداخەوە ئێستا لەو ڕێژەیە زیاتر عەرەب هاتوونەتە کوردستان و بوونەتە خاوەن موڵک.
واتە پێش ئەوەى بەریتانیا فەلەستین بەجێ بهێڵێت و کۆتایى بە ئینتیداب بهێنێ لە (١٥ی٥ی١٩٤٨)دا، لە خاکى فەلەستین نزیکەى (سێ ملیۆن و نیو)دۆنم زەوى موڵکى جوو بووە و نزیکەى (٢٢ ملیۆن و نیو)دۆنم زەوییش موڵکى عەرەب بووە. کاتێک وڵاتانى عەرەب بانگەشەى پاراستنى فەلەستین و دەرکردنى جووەكانیان کردووە، جەنگیان دژى دەوڵەتى تازەى (ئیسرائیل)بەرپا کرد، جووەکان توانییان لە پرۆسەى جەنگدا دەست بەسەر بڕى (٥,١٧) ملیۆن دۆنم زەویدا بگرن، لە ئەنجامى ئەو جەنگەوە جووەکان بوونە خاوەنى (٢١) ملیۆن دۆنم زەوى لە فەلەستیندا. رێژەى موڵکى عەرەبەکانیش لەو پرۆسانەدا کەم بووەوە و بوون بە خاوەنى پێنج ملیۆن دۆنم زەوى. واتە ئەو پرۆسە هەڵەیەى عەرەب بەرپای کرد، لە هەڵگیرسانى جەنگى ساڵى (١٩٤٨ز)دا، بووە هۆی لەدەستدانى زەویى فەلەستین و فراوانبوونى زەویى جووەکان.
ئەوەى دەکرێت سوودی لێ وەربگرین ئەوەیە کە چۆن بتوانرێت لەسەر ئاستى کۆمەڵایەتى و نەتەوایەتى و بازرگانى و سیاسى و دەسەڵاتى دامەزراوەکانى حکوومەتى هەرێمی كوردستان، وا بکرێت خاکى کوردستان لەدەست نەدرێت، لەو شەپۆلە عەرەبەى کە بە چەندین شێوازى جیاواز و ناوى جیاوازەوە ڕوویان لە کوردستان کردووە و ڕووی لێ ئەکەن، ئاشکرایە، کە هەر عەرەبێک هاتە کوردستان نیشتەجێ بوو ناگەڕێتەوە، بە چەندین هۆکار، وەکوو ئەوەى خەڵکى کوردستان رێزى زیاد لە پێویستیان دەگرن، کە عەرەب بۆ کورد بەو شێوەیە نین، ژینگەى کوردستان خۆشترە، خزمەتگوزاریى پێویستیان لەبەردەستدایە و حکوومەت لە بەغدا هاوکاریانە.
وا بڕوات لە سەد ساڵى داهاتوودا، کورد ئەبێتە کەمینەیەک لە هەندێک لە شار و شارۆچکەى ئێستاى هەرێمى کوردستان.. دەستوورى ئێراقیش بە شێوەیەک ڕێگەى بەو نیشتەجێبوونە داوە، بەو مەرجەى گۆڕانکاریى دیمۆگرافى دروست نەبێت، راستە ئێستا دروست نابێت، بەڵام لە داهاتوویەکى نزیکدا دروست ئەبێت. بەداخەوە بازرگانەکان چاویان لە سوودى بازرگانى و مادى و دەستکەوتى کاتییە، هاووڵاتییان و دەسەڵاتیش ئەو بابەتەیان بە شێوەیەکی جدی و مەترسیدار وەرنەگرتووە. وەک بیرخستنەوەیەک؛ ئەوەى جێگەى مەترسییە بۆ ئێمەى کورد لە کوردستانى ئێراقدا ئەوەیە کە ژمارەى دانیشتوانى کورد بە بەراورد بە ژمارەی دانیشتوانى عەرەب لە ماوەى سەد ساڵدا کەمی کردووە.
خاکى کوردستان بە چەندین شێوازى جیاواز لەدەست دراوە، وەکوو پرۆسەى تەعریب لەلایەن حکوومەتەكانى ئێراق بەردەوام بووە، موڵکداریی و خاوەندارێتیى کورد و عەرەب لەسەر خاکى کوردستان، ناوچە سنوورییەکانى گرتووەتەوە و چەندین ساڵە کە ناو دەبرێت بە ناوچە کێشە لەسەرەکان، یاخود ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەى ئیدارەی هەرێم، وا دانرا لەدواى ساڵى (٢٠٠٣) لە مادەى (١٤٠)دا کورد بتوانێت ئەو ناوچانە وەربگرێتەوە. بەڵام نەکراوە و وردە وردە دەسەڵاتى کوردى تیادا لاواز بووە.
بە کورتى، لە ئەزموونى جووەکان و فەلەستینییەکانەوە دەڵێین، ئێستا مەترسیى گەورە بەڕێوەیە، بە شێوەى مامەڵەى کڕینى موڵک و زەویى ناو شارەکان و باخ و باخاتى ناوچە شاخاوییەکانیشى گرتووەتەوە، بە شێوەیەک، سەرەتاى سەرهەڵدانى نیشتەجێببوونى عەرەبە لە کوردستان. خەڵکى چاوچنۆکى پارە خۆشەویست، لەو شوێنەى عەرەب بیخوازن باخ و باڵەخانەیان پێ دەفرۆشن، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکى کوردستان بەدەست قەیرانى ئابوورییەوە تووشى نەبوونى و نەهامەتى بووەتەوە و تواناى کڕینیان لەدەست داوە، ئەوەش بووەتە دەرفەتێکى باش بۆ عەرەب، کە بێنە کوردستان، ئەمەش مەترسییە گەورەکەیە بۆ داهاتوویەکى نزیک.