“خه‌ڵاتی نۆبڵ: شێواز و پێشینه”
خه‌لاتی ئاشتی نۆبل یه‌کێک له‌و پێنج خه‌ڵاته‌ی نۆبڵه که له‌سه‌ر خواست و داواکاریی ئالفرێد نۆبڵ؛ پیشه‌کار، داهێنه‌ر و دروستکه‌ری چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نییه‌کان که له بنه‌ڕه‌تدا سویدییه له‌گه‌ڵ خه‌ڵاته‌کانی دیکه‌ی بواری کیمیایی، فیزیا، پزیشکی و ئه‌ده‌ب دامه‌زرێنراوه. به‌پێی ئه‌و پێوه‌رانه‌ی بۆ خه‌ڵاته‌که دیاری کراون ئه‌م خه‌ڵاته له مانگی مارسی ساڵی 1901 به‌م لاوه ساڵانه ده‌درێت به که‌سێکی دیاریکراو. فه‌رهه‌نگی وشه‌ی مێژووی هاوچه‌رخی ئاکسفۆرد وه‌کوو “به‌نرخترین خه‌ڵات له جیهاندا” باسی ده‌کات. به‌پێی وه‌سیه‌تی ئالفرێد نۆبڵ، وه‌رگری خه‌ڵاته‌که له لایه‌ن کۆمیته‌ی نۆبڵی نه‌رویجه‌وه هه‌ڵده‌بژیردرێت، که پێکهاتووه له کۆمیته‌یه‌کی پێنج که‌سیی که له لایه‌ن په‌ڕله‌مانی نه‌رویجه‌وه دیاری ده‌کرێت. له ساڵی 2020ه‌وه ئه‌م خه‌ڵاته له ئاتریۆمی زانکۆی ئۆسلۆ، ئه‌و شوێنه‌ی که خه‌ڵاته‌کان له ساڵی 1947ه‌وه تاکوو 1989ش له‌وێ پێشکه‌ش ده‌کران، پێشکه‌ش ده‌کرێت. هه‌روه‌ها خه‌ڵاتی ئابێڵیش هه‌ر له‌م بینایه‌دا پێشکه‌ش ده‌کرێت. ئه‌م خه‌ڵاته پێشتر له هۆڵی شاری ئۆسلۆ(19990-2019) له لایه‌ن دامه‌زراوه‌ی نۆبڵی نۆروێژی(1905-1946) و په‌ڕله‌مان(1901-1904) پێشکه‌ش کرابوو. شێوازی هه‌ڵسه‌نگاندن و لێکۆڵینه‌وه بۆ به‌خشینی خه‌ڵاته‌که ئاوایه که به‌ربژێره‌کان له لایه‌ن کۆمیته‌ی نۆبڵ له دانیشتنێکدا هه‌ڵده‌سه‌نگێندرێن که له‌وێ لیستێکی کورت له به‌ربژێره‌کان بۆ لێکدانه‌وه‌ی زیاتر دیاری ده‌کرێت.
ئه‌م لیست یان پێڕسته‌ی دوایی له لایه‌ن ڕاوێژکارانی هه‌میشه‌یی دامه‌زراوه‌ی نۆبڵ، که پێکهاتووه له به‌ڕێوه‌به‌ری دامه‌زراوه و به‌ڕێوه‌به‌ری لێکۆڵینه‌وه‌کان و ژماره‌یه‌کی که‌می ئاکادیمییه‌کانی زانکۆکانی نه‌رویج که شاره‌زایی و پسپۆڕییان له بواره جۆراوجۆره په‌یوه‌ندیداره‌کان له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌کانی خه‌ڵاته‌که‌وه هه‌یه، ده‌ستنیشان ده‌کرێت. ڕاوێژکاره‌کان به‌گشتیی چه‌ند مانگ ده‌رفه‌تیان هه‌یه تاکوو ڕاپۆرته‌کان ته‌واو بکه‌ن، تا دواتر له لایه‌ن کۆمیته‌وه بۆ هه‌ڵبژاردنی به‌ربژێری براوه لێکدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر بکرێت. کۆمیته‌که به شوێن گه‌یشتن به کۆده‌نگی و بڕیارێکی هاوده‌نگ و تاقانه‌یه به‌ڵام ئه‌مه هه‌میشه پۆڕاو و مومکین نییه.
کۆمیته‌ی نۆبڵ به زۆری له ناوه‌ڕاستی مانگی سێپته‌مبه‌ردا بڕیاره‌که‌ی خۆی ده‌رده‌کات به‌ڵام هه‌ندێ جار تاکوو کۆتایی بڕیاردان تا سه‌ره‌تای مانگی ئۆکتۆبه‌ر ده‌خایه‌نێت. ئه‌گه‌رچی ئه‌مه ڕه‌وته ئیداری و مێژووییه‌که‌ی هه‌ڵبژاردنی به‌ربژێری کۆتایی خه‌ڵاته‌که‌یه به‌ڵام ڕه‌وت و ڕۆتینێکی گشتییه و به‌ڕاستی ورده‌کارییه‌کانی وه‌کوو کتێبێکی ڕازاوی و په‌رده‌پۆشکراون. وه‌کوو له هه‌واڵه‌کاندا بینیمان خه‌ڵاتی ئه‌مساڵ دراوه به نه‌رگس موحه‌مه‌دی؛ چالاکی بواری مافی مرۆڤ و ژنان و زیندانی سیاسی. بیست ساڵ پێش ئێستا ئه‌م خه‌ڵاته دراوه به “شیرین عیبادیی” هاووڵاتی نه‌رگس و پاش ئه‌وه خاتوو شیرین تاکوو ئێسته وه‌کوو سه‌رۆکی گشتی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان ناوه ناوه ده‌رده‌که‌وێت و به‌هۆی ڕووداوهێکهوه داکۆکی له پاراستنی مافی مرۆڤ له ئه‌فریقا و سوودان و هه‌ندێ جار ئێران ده‌کاته‌وه! له حاڵێکدا ئه‌م خه‌ڵاته پێشکه‌ش به خاتوو نه‌رگس ده‌کرێت که خۆی له زیندانی ئیڤین دایه و خه‌ریکی تێپه‌ڕاندنی ماوه‌ی زیندانی 30 مانگه‌یه‌تی. هیچ گومانێک له‌وه‌دا نییه که ئه‌م خاتوونه ماندووبوونی زۆری بینیوه و بوێرییه‌کی زۆری له خۆی نیشان داوه له‌پێناوی مافی مرۆڤ و به‌رگری له زیندانییه سیاسییه‌کان بۆیه سه‌ره‌تا شایسته‌یه چاوێک بخشێنین به ژیان و چالاکییه‌کانیدا و دواتر بیێنهوه سه‌ر ئه‌م پرسیاره که ئایا خه‌ڵاتی نۆبڵ ئاڕاسته‌کراوه؟ ئه‌گه‌ر ئاڕاسته‌کراوه ئایا به شێوه‌یه‌کی راسته‌وخۆ و سیاسییانه‌یه یان به شێوه‌یه‌کی ناڕاسته‌خۆ و ناوشیار و پشتبه‌ستوو به ئایدۆلۆژیایه‌کی دیارکراوه؟
“نه‌رگس موحه‌مه‌دی کێیه؟”
نه‌رگس موحه‌مه‌دی له‌دایکبووی مانگی گوڵانی ساڵی 1351ی هه‌تاویی(1972 زاینی) له شاری زه‌نجانه که تاکوو ئێسته ڕووبه‌ڕووی چه‌ندین تۆمه‌تی وه‌کوو “چالاکیی میدیایی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ده‌ستێکه‌ڵکردن و هاوکاریی بۆ تێکدانی ئاسایشی وڵاتی ئێران، دامه‌زراندن و ئه‌ندامێتی له گرووپه نایاساییه‌کان و…هتد” بووه‌ته‌وه. ئه‌و له ساڵی 2008 له‌گه‌ڵ ته‌قی ڕه‌حمانی چالاکیی میلی-مه‌زهه‌بی (واته ئه‌و ڕه‌وت و لایه‌نه‌ی که له یه‌ککاتدا هه‌م ئایینییه و هه‌میش نه‌ته‌وه‌یی و له سه‌ره‌تای شۆڕشی گه‌لانی ئێرانه‌وه تا سه‌رده‌می سه‌رۆک کۆامریی محه‌مه‌د خاته‌میش حیزبیان هه‌بوو و دواتر سڕ کرا و هه‌ڵوه‌شایه‌وه له کرده‌وه‌دا”، هاوسه‌رگیریی کرد و دوانه‌یه‌کیان هه‌یه که ئێسته له‌گه‌ڵ باوکیان له ده‌ره‌وه‌ی وڵات‌دا ده‌ژین! سزاکانی نه‌رگس موحه‌مه‌دی زۆرن به‌ڵام بۆ هه‌موویان تووشی زیندان نه‌بووه‌ته‌وه و بۆ به‌شێکیشیان ڕووبه‌ڕووی زیندان و ئه‌زیه‌ت و چه‌رمه‌سه‌ریی بووه‌ته‌وه. له هه‌ندێک له سه‌رچاوه‌کاندا هاتووه ئه‌و یه‌که‌مین جار له ساڵی 1991 ز جارێک ده‌ستبه‌سه‌رکراوه، به‌ڵام به زووترین کات ئازاد کراوه و دواتر له ڕووداوه‌کانی ساڵی 2009 دیسان دهسبهسهرکراوهتهوه و ئه‌مجاره خه‌ست و خۆڵتر تووش بووه و به‌پێی بریاری دادگای پێداچوونه‌وه له به‌شی 54ی دادگادا به 6 ساڵ به‌ندکران سزا دراوه. ئه‌م بڕیاره له ساڵی 2012 چووه بواری جێبه‌جێکردنه‌وه. ئه‌گه‌رچی له مانگی پووشپه‌ڕی هه‌مان ساڵدا به‌پێی بڕیار و ڕای پزیشکه‌کان سزاکه‌ی بوو به سزای هه‌ڵنه‌گیراو و له زیندان ئازاد کرا.
محه‌مه‌دی هه‌روه‌ها له ساڵی 2014دا ده‌ستبه‌سه‌ر کرا و له مانگی ڕه‌زبه‌ری ساڵی 2016دا له لایه‌ن به‌شی 36ی دادگای پێداچوونه‌وه‌ی پارێزگای تاران، سزای 16 ساڵ زیندانی به‌سه‌ردا پشتڕاست کرایه‌وه. ئه‌و له 17ی ڕه‌زبه‌ری ساڵی 2020 له زیندان ئازاد کرا و دووباره له دووه‌می خه‌رمانانی ساڵی 2021به 30 مانگ زیندانی پاساوهه‌ڵگر سزا درا و ئێسته‌ش له زیندانی ئێڤێن دایه.
هه‌واڵنێریی فارس که تریبۆنی سوپای پاسداران و ده‌وڵه‌تی کۆماری ئیسلامیی ئێرانه، چه‌ند ڕۆژ پێش له ڕاگه‌یاندنی خه‌لاتی نۆبڵ له مانشێتێکدا له ژێر ناوی “نه‌رگس محه‌مه‌دی و سه‌ودای خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتی له‌باره‌یه‌وه” نووسی: له‌م ڕۆژانه‌ی دواییدا و له 21ی خه‌رماناندا له سه‌ر هه‌ژمارێکی ئینسته‌گرام که گوایه هی نه‌رگسی محه‌مه‌دییه به بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌تێک ئه‌م بانگه‌شه‌یه کراوه که ئه‌م که‌سه له به‌شی پزیشکی و ته‌ندروستییه‌کانی زیندان تووشی لێدان و ئه‌شکه‌نجه بووه‌ته‌وه، تاکوو ئه‌م بابه‌ته بکات به خۆراکی میدیا دژبه‌ره بیانییه‌کان. پاش ئه‌م بابه‌ته؛ ئیداره‌ی په‌یوه‌ندییه گشتییه‌کانی زیندانه‌کان هه‌ر جۆره بانگه‌شه و ده‌عیه‌یه‌کی نه‌رگس له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که گوایه درابێته به‌ر ئازار و ئه‌شکه‌نجه ڕه‌ت کرده‌وه و وتوویه‌تی ئه‌م بانگه‌شانه هیچ ڕاستییه‌کیان تێدا نییه.
له هه‌ندێ نموونه‌ی دیکه ده‌کرێت ئاماژه به هه‌ڵسوکه‌وته زێده‌ڕۆییه‌کانی نه‌رگس بدرێت. به‌شێوه‌یه‌ک که ئه‌و له درێژه‌ی حه‌وت مانگی ڕابردوودا له مافی مواجه و مه‌ره‌خه‌سی یاسایی خۆی له زیندان که‌ڵکی وه‌رنه‌گرتووه و داوای له بنه‌ماڵه و پارێزه‌رانیشی کردووه بۆ ده‌رچوون له زیندان نه‌بن به زامن و گه‌ره‌نتیکه‌ری. به‌پێی زانیارییه‌کانی سه‌رچاوه‌یه‌کی ئاگادار، نه‌رگس هه‌روه‌ها له ده‌رفه‌ته‌کانی ناوه‌وه‌ی زیندان بۆ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری که‌ڵک وه‌رناگرێت، به‌شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام خه‌ریکی دانانی پیلان و نه‌خشه‌یه به‌پێچه‌وانه‌ی یاساکانی زیندان ئه‌وه‌ش به مه‌به‌ستی تێکدانی دۆخی زیندان و ئارامیی زیندانییه‌کانی دیکه‌یه و هه‌روه‌ها ده‌ستی کردووه به کۆمه‌ڵێک کرده‌ی بانگه‌شه‌ئامێز و پڕوپاگه‌نده‌ی به‌ربڵاو که له‌خۆگری کۆمه‌ڵیک درۆن له‌وانه هه‌ڕه‌شه‌ی گیانی بۆ سه‌ر ئه‌و له زیندان و هه‌ندێ بابه‌تی هاوشێوه.
بێگومان ئه‌م هه‌ڵوێستانه‌ی کۆماری ئیسلامی و ئه‌م ڕاگه‌یاندنه نیشان له جیدیبوون و کاریگه‌ربوونی نه‌رگسه و بۆ هه‌مووانیش ڕوون و ئاشکرایه که کۆماری ئیسلامی له گوتنی ڕاستییه‌کاندا به ته‌واوه‌تی پێشینه‌یه‌کی خراپ و متمانه‌پێنه‌کراوی هه‌یه، جیا له‌وه‌ش وه‌کوو ڕژێمێکی سیاسیی ئایدۆلۆژیک هیچ کات له شێواندنی دۆخ و دۆسییه‌ی زیندانییه‌کانی قسووری نه‌کردووه. دیاره ئه‌مه بوێری و خۆڕاگریی ئه‌و ژنه تێکۆشه‌ره له هه‌مبه‌ر سیسته‌مێکی سیاسیی سته‌مکار و دهستوهشین ده‌سه‌لمێنێت، زۆر ئاساییه که کۆماری ئیسلامیش پێشوه‌خته له ڕێگه‌ی ڕاگه‌یاندن و که‌ناڵه دیپلۆماتیکه‌کان و لۆبییه‌کانی خۆی له ده‌ره‌وه هه‌موو جۆره له‌مپه‌ر و شێواندن و ده‌ستێوه‌ردانێک دروست بکات، به‌ڵام به هه‌موو ئه‌مانه‌وه و پاش ئه‌م گێڕانه‌وه‌یه خێرایه له ژیانی سیاسیی و چالاکیی نه‌رگس و چۆنێتی هه‌ڵسوکه‌وتی ده‌سه‌ڵات له‌گه‌ڵیدا، دێمه‌وه سه‌ر ئه‌و پرسیاره‌ی سه‌ره‌وه ئایا به ڕاستیی خه‌ڵاتیی ئاشتیی نۆبڵ له چوارچێوه‌ی یاسا و هاوکێشه سیاسییه‌کانه‌وه ده‌درێت واته ئاڕاسته کراوه یان به‌پێی هه‌ندێ پێودانگ و پێوه‌ری مرۆیی؟
“ئاشتی نۆبڵ و دۆزی کورد”
وه‌کوو له‌سه‌ره‌وه‌ش باسم کرد “نه‌رگس” محه‌مه‌دی به‌ش به حاڵی خۆی تێکۆشاوه و خه‌باتی کردووه و ئێسته‌ش که ئه‌م خه‌ڵاته‌ی وه‌رگرتووه له زیندانی ئێڤین دایه، به‌ڵام ئه‌م پرسیاره‌ش ڕه‌وایه که نه‌رگس له‌و هه‌موو به‌رگری و ڕؤشنگهرییهی به نیسبه‌ت مافی مرۆڤه‌وه له ئێران کردی به نیسبه‌ت کورد و دۆزی کورد و زیندانییه سیاسییه‌کانی کوردستانه‌وه وای کردووه که ئێمه به دڵێکی بێگه‌رده‌وه ئه‌و خه‌ڵاته به شیاوی ئه‌و بزانین؟ یان دیسان ده‌بێت پرسیارێک بکه‌ین که گرێ ده‌درێت به هه‌مان پرسیار له سه‌ر ماهییه‌تی هه‌ڵبژاردن و هه‌ڵوێسته‌کانی کۆمیته‌ی نۆبڵه‌وه و ئه‌ویش ئه‌مه‌یه ئایا چالاکییه‌کانی مافی مرۆڤ له ئێران چوارچێوه‌یه‌کی دیاریکراویان نییه له زه‌ینی چالاکڤاناندا؟ بۆچی زیندانیانی سیاسیی له کوردستان هێنده‌ی زیندانییه‌کی تارانی قورب و به‌های نییه؟ ئایا ئایدۆلۆژیایه‌کی دیاریکراو ئه‌م زه‌ینییه‌ته ئاڕاسته ناکات؟
بۆچی زه‌ینه‌ب جه‌لالییان له زیندانی یه‌زددا و له ماوه‌ی 16 ساڵ زیندانیکردنیدا یه‌ک جاریش مواجه و بینینی نه‌بووه، به‌ڵام ناوی له ژێر دونیایه‌ک ڕاگه‌یاندنی لێڵ و ئاڕاسته‌کراوی فارسانی ناوه‌ندگه‌را “به کۆماریخوازه‌کانی ئسیلامییه‌وه تاکوو پاشایه‌تیخوازه‌کانه‌وه و ته‌نانه‌ت چالاکانی به‌ناو سه‌ربه‌خۆ و ئازادی مافی مرۆڤ و ڕؤژنامه‌نووسان و ئاکادیمیهکانیشهوه” ون بووه و وه‌کوو هه‌واڵێکی ئاسایی ڕۆژانه هه‌ر ماوه‌ی جارێک باسی ده‌که‌ن و دواتر وازی لێ دێنن تاکوو ماوه و کاتێکی پێویست و بهرژهوهندپیکی دیکه دادێت! ئه‌مه ته‌نها بۆ زه‌ینه‌ب نییه، به‌ڵکوو “ژینا موده‌ڕیس گورجی و مووژگان کاڤووسی” و سه‌دان خانمی کورد له ماوه‌ی یه‌کساڵه‌ی شۆڕشی ژینادا گیران و هه‌موو جۆر ئازار و ئه‌شکه‌نجه‌یه‌کیان ڕووبه‌ڕوو کرایه‌وه، به‌ڵام له لایه‌ن میدیا زه‌به‌لاحه‌کانی ئێرانی فارسگهراوه و لۆبییه‌کانیان له ده‌ره‌وه و ته‌نانه‌ت وڵاتانی ڕۆژئاواشه‌وه پشتگوێ ده‌خرێن یان به ڕاده‌ی پێویست ئاوڕیان لێ نادرێته‌وه.
ئایا دۆزی کورد ئیجماع و ڕێکه‌وتنێکی ژێربه‌ژێری جیهانیی له‌سه‌ره که به‌م شێوه‌یه پشتگوێ بخرێت و نه‌بێت به مژارێکی جیدی و کردار ساز؟ ئایا به شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆیه یان ناڕاسته‌وخۆ؟ بۆچی هێزه ئه‌وروپی و ڕؤژئاواییه‌کان ناتوانن دۆزی کورد له دۆزی ئێرانی‌بوون جوێ بکه‌نه‌وه؟ ئایا وه‌ڵامه‌که جگه له‌مه‌یه که خۆیان له ڕاستیی و حه‌قیقه‌ت ده‌دزنه‌وه؟ ئایا بۆ ئه‌وه نییه نایانه‌وێت بابه‌ته‌که سیاسیی بێته‌وه و وڵاتانی دیکه قسه‌ی تێدا بکه‌ن؟ ئه‌ی ئایا به پشتگوێ خستنی کورد خودی بابه‌ته‌که‌یان سیاسیی نه‌کردۆته‌وه و ئه‌م هه‌ڵوێسته و هه‌ڵبژاردنه ڕێک سیاسه‌ت و زۆڵێتی نییه؟ ئایا ئه‌مه ده‌رخه‌ری ئه‌وه نییه که ڕێکخراوه‌کانی مافی مرۆڤی ڕۆژئاوا له ناو بازنه‌یه‌کی سیاسیی ڕاسته‌قینه‌دا ده‌سووڕێنه‌وه و ئێمه‌ی خه‌یاڵپڵاوی ڕۆژهه‌ڵاتی له‌ژێر کاریگه‌ریی میدیاکانیاندا واده‌زانین ئه‌وان به پێوه‌ره به‌رز و باڵاکانی هیومانیزم و مرۆڤدۆستی بڕیار له سه‌ر ڕووداوه‌کانی جیهان ده‌ده‌ن؟ ئایا ئه‌م دۆخه پرۆژه‌یه‌ک و میتۆدێکی دیکه‌ی کۆلۆنیالیزم نییه که به سه‌رمایه و به‌ناو پلانی مه‌ده‌نی و که‌لتووری و شارستانییه‌وه ده‌ستێوه‌ردانی سیاسیی له هاوکێشه سیاسییه‌کان و ئاڕاسته کۆمه‌لایه‌تییه‌کان ده‌که‌ن و نه‌ته‌وه‌گه‌لێکی بێده‌سه‌ڵات و بێ میدیای به‌هێز و بێ پاڵپشتی وه‌کوو کوردیش ته‌نها وه‌کوو قوربانییه‌کی ده‌م به هاوار ده‌مێنێته‌وه و دواتریش ته‌نها هاوارهکهمان ده‌بێت به مانێشتی میدیا جۆراوجۆر و زه‌به‌لاحه‌کانیان؟
پێم وایه ئه‌م پرسیارانه ده‌رخه‌ری ماهییه‌تی هه‌ڵوێست و کاریگه‌ری و کایه‌ی کۆمیته‌ی نۆبڵ و سیسته‌می هه‌ڵبژاردنیانه و به‌م شێوه‌یه‌ش ده‌توانین وه‌ڵامی پرسیاره‌کانی سه‌ره‌تامان له‌باره‌ی ئاڕاسته‌کراوی یان ئاڕاستهنهکراویی ئه‌م خه‌ڵاته (ئیتر له هه‌ر سۆنگه و به هه‌ر هۆکارێکه‌وه بێت) بدۆزینه‌وه.