یه‌ک ساڵ و شتێک به‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی ژینا له ئێران تێپه‌ڕی، ژینایه‌ک کورد و کوردستانی بوو و خه‌ڵکی کوردستان به پاشخانێکی پته‌و و قاییم له وشیاریی نه‌ته‌وه‌یی و شوناسه‌وه خاوه‌ندارێتییان کرد له مه‌رگی غه‌ریبانه‌ی ڕۆڵه‌که‌یان له پایته‌ختی مه‌رگ و سێداره؛ تاران له ماوه‌ی ئه‌م یه‌ک ساڵه‌دا سه‌ره‌ڕای هه‌موو ترس و تۆقاندن و ئه‌شکه‌نجه و سه‌رکوتکردنه‌کانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر شتی دیکه له په‌یوه‌ندیی و به‌ره‌به‌ندیی لایه‌ن و ڕه‌وت و گوتاره سیاسی و کولتووری و شوناسمهندانهکان ده‌رکه‌وتن. گومانێک له‌وه‌دا نییه هه‌ر له کاتی شۆڕشی گه‌لانی ئێرانه‌وه له ساڵی 1979 و ڕیفراندۆمه‌که‌ی خومه‌ینی، کوردستان به ده‌نگی به‌رز و له سۆنگه‌ی وشیاریی سیاسییه‌وه وه‌ڵامی نه‌خێری به‌و ڕیفراندۆمه به‌رته‌سک و سهپێنهرانهیه دا که له چوارچیوه‌ی “به‌ڵێ/نه‌خێر” بۆ “کۆماری ئیسلامی”دا دیاری کرابوو.
له ماوه‌ی چوار ده‌یه خه‌باتی سیاسیی و مه‌ده‌نی له کوردستان کۆمه‌ڵی غه‌یری کورد به‌تایبه‌تی فارس و گیله‌ک و مازه‌نی که‌مترین تێچوویان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی بنه‌ڕه‌تی له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی دا و به‌ره‌ی قاییم و فیداکاری ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ سیسته‌مێکی تۆتالیتا‌ر و فاشی هه‌ر کوردستان بوو، به چاوخشاندنێک به ماهییه‌تی هه‌ڵوێست و گوتاری سیاسیی لایه‌نه‌کانی ئۆپۆزیسیۆن له‌م یه‌ک ساڵه‌دا ئه‌مه‌مان بۆ ده‌رده‌که‌وێت که ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی له ژێرناوی سه‌ڵته‌نه‌تخواز یان پاشایه‌تیخواز هیچ کێشه‌یه‌کی جه‌وهه‌رییان له‌گه‌ڵ ماهییه‌تی سیسته‌می سیاسی ئێسته‌ی ئێران‌دا نییه و ئه‌وه‌ی هه‌یه و لای ئه‌وان ئامانجه گۆڕینی حکومه‌ته له ئیسلامی شیعییه‌وه بۆ پاشایه‌تی ئێرانیی فارسگه‌را، واته له هه‌ر دوو حکومه‌ته‌که‌دا یه‌ک ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی، یه‌ک زمان و یه‌ک نه‌ته‌وه چه‌ق و ته‌وه‌ره، ئه‌وانی دیکه ژیرده‌سته و په‌راوێز. ئه‌وان نه کێشه‌یان له‌گه‌ڵ سوپای پاسداران هه‌یه و نه به ڕوانگه‌یه‌کی جیاواز له کۆماری ئیسلامیشه‌وه ده‌ڕواننه ماف و داخوازیی گه‌لانی دیکه‌ی غه‌یری فارس.
پێم وایه به‌ره‌به‌ندیی ئه‌م یه‌کساڵه ده‌ریخست که ڕه‌وتی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی واته سه‌ڵته‌نه‌تخواز و به‌گشتی ڕاستڕه‌وه‌کانیان، به نیسبه‌ت کورد و چه‌په‌کان و هه‌ر ده‌نگێکی دیکه زۆر خراپتر له کۆماری ئیسلامیی ده‌جووڵێنه‌وه، ئه‌گه‌ر کۆماری ئیسلامیی قوم و مه‌شهه‌د قیبلهگا و ڕووگه‌ی بێت و له خوێنڕژانهکهی که‌ربه‌لا و نه‌جه‌فه‌وه ڕێچکه‌یان دیاری ده‌کرێت ئه‌وا ئه‌مان پاسارگاد و گۆڕی کوروشی هه‌خامه‌نشی پیرۆزگهیانه و هیچ جیاوازییه‌ک له نێوانیاندا له ناوه‌رۆکدا نییه، له فۆرمدا یه‌کێک عه‌مامه ده‌پۆشێت ئه‌وی دیکه بۆینباخ له مل ده‌کات! ئه‌م مه‌هزه‌له و گاڵته‌جاڕییه له مێژووی ڕۆژهه‌ڵاتی ناویندا به‌داخه‌وه شتێکی ئاساییه چونکه پاشخانی کو‌لتووریی و کۆمه‌ڵایه‌تیی ئه‌م هێزانه له قۆناغێکی پێش مۆدێڕن و خێڵه‌کیدا ماونه‌ته‌وه و ئه‌وه‌ی هه‌یه له ڕووی فۆرم و ڕواڵه‌ته‌وه شه‌پۆلێکی مۆدێڕنیزم به‌ریان که‌وتووه و ئه‌و چه‌ک و چه‌مک و ئامرازانه‌ی که سوود ده‌گه‌یه‌نێت به خه‌یاڵ و ڕوئیاکانیان وه‌رگرتووه و باقیان بنپێ ناوه و له ژێره‌وه‌ی ههنبانهکهدا دایانناوه تاکوو بزانن که‌ی پێویستیان پێی ده‌بێت و ده‌ستی پیا که‌ن و بیهێننه ده‌ره‌وه، پێم وایه ئه‌م لایه‌نه بۆ به‌شێک له کوردان که به وه‌سواس و گومانه‌وه له ئه‌ویدییان ڕوانیوه هه‌ر وه‌کوو ئه‌گه‌رێکی ڕوون له درێژه‌ی ئه‌م ساڵانه‌دا دیار بووه، به‌ڵام له‌م قۆناغه له ئه‌گه‌ر ده‌رچوو و وه‌کو شانۆگه‌رییه‌کی وردی فاشییانه و ئه‌ندازیاری بۆ کراو که چوارچێوه‌ی بڕیار و مانیفێستدا خۆی نومایش کرد و لایه‌نێکی کوردیش هه‌رچی هه‌وڵیدا هاوسه‌نگییه‌ک بدۆزێته‌وه له ڕێکكه‌وتن له‌گه‌ڵیاندا پێی نه‌کرا و له دواجاردا ئه‌و جۆره ڕێکه‌وتنه هه‌ڵوه‌شایه‌وه.
هۆکاری هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌م جۆره ڕێکه‌وتنه پێشوه‌خته ئه‌مه بوو که هه‌ر به‌ڕاستی ئه‌وان بچووکترین مافی کوردیان به ته‌جزیه‌ته‌له‌بی(جوداییخوازی) ده‌زانی، باسکردن له هه‌ر جۆره داواکاریی نه‌ته‌وه‌کانی دیکه جگه له فارسیان به خیانه‌ت و دژایه‌تیی یه‌کپارچه‌یی ئێران زانی و هه‌ر شتێک که کورد له ماوه‌ی ئه‌م چل و چه‌ند ساڵه له‌گه‌ڵ خومه‌ینی و کۆماره‌که‌ی گه‌ڵاڵه‌ی کردبوو، چۆن له‌وان وه‌ڵامی وه‌رگرتبوو له‌مانه‌ش هه‌ر به‌م شێوه‌یه، بۆیه ئه‌م قۆناغه بۆ کورد خاڵێکێ یه‌کلاکه‌ره‌وه و کۆتاییهێنه‌ر بوو به‌و گومانخۆشی و خهیاڵپلاوییهی خۆی به نیسبه‌ت ئه‌ویدیی زاڵ که ده‌شێت تۆزێک ده‌ست بۆ کورد شل کات و مافه‌کانی بدات كه‌چی جگه له هیوایه‌کی بۆش هیچی دیکه نه‌بوو، بێگومان دیاریکردنی هۆکاره‌کان و گرێکوێره‌کانی ئه‌م فاشییه‌ت و دوگماتیزمهی ئێرانیزم کارێکی ئاسان نییه، هه‌ندێ جار ڕه‌نگه لای خۆمان وا بیر بکه‌ینه‌وه که بڵێی ئێمه هێنده ترسنۆک بووبین له ماوه‌ی ئه‌م هه‌موو ساڵه‌دا خه‌ون و ڕوئیا سیاسی و شوناسمهندانهکانی خۆمانمان نه‌دا بێت به گوێی ئه‌واندا؟ به‌ڵام له‌و لاوه‌ش که ورد تێده‌فکری تێده‌گه‌ی که وانییه و لانیکه‌م هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌ی که هه‌موو ئۆپۆزیسیۆنی ئێران یان له ناو کۆماری ئیسلامی‌دا توابوونه‌وه یان به به‌ڵێنه‌کانی خومه‌ینی فریویان خوارد بوو، ته‌نها هێزه کوردییه‌کان بوون دژی کۆماری ئیسلامیی شه‌ڕیان ده‌کرد و هه‌ر ئه‌و کاته گوتاری حیزبی دیموکرات “دیموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان” بوو، بۆیه ئه‌وان بێگومان باش ئاگاداری ئه‌م گوتاره بووگن، به‌ڵام دوای چوار ده‌یه خه‌باتی خوێناوی و ئاوانگاردی کورد له ئێران کوڕه‌زای ڕه‌زای میرپه‌نج ئه‌وه‌ش قبووڵ ناکات، ته‌نانه‌ت هه‌ر باسی خودموختاریی بکرێت. ده‌یخاته چوارچێوه‌ی تهجزیهتهڵهبییهوه و هه‌ر له‌و سه‌ره‌تایه‌دا که باسی زمانه‌کانی ناو جوگرافیای ئێران کرا و کورده‌کان باسی زمانی دایکییان کرد به ڕوونی وتی من هیچ تێگه‌یشتنێکم نییه بۆ زمانی دایک و نازانم مه‌به‌ست که زمانی دایک چییه.
ڕوانگه‌ی ئه‌و بۆ ئه‌م چه‌مکانه ڕێک وه‌کوو ڕوانگه‌ی سوپای قودسه و ڕه‌نگه خراپتر و بهرتهسکبینانهتریش، ئه‌م کابرایه که له ماوه‌ی ئه‌م چل ساڵه‌دا جگه هه‌ندێ هه‌ڵوێستی ماوه به ماوه که له ساڵێکدا ڕه‌نگه سێ چوار دانه بوو بێت، هیچ ئه‌کتێکی مه‌یدانی و سیاسیی له پانتاکهدا نه‌بووه به‌ڵام ئێسته له لایه‌ن لۆبی و جه‌ماعه‌تی پان ئێرانیستهوه به پاشای داهاتووی ئێران ناو ده‌برێت، له میدیاکانی وه‌کوو من و تۆ، ئێران ئه‌نته‌رنه‌شناڵ، ده‌نگی ئه‌مریکا، بی بی سی و ئیندیپێندێنتی فارسی و… به‌شێوه‌یه‌کی ورد و ناسک کاریگه‌ریی له‌سه‌ر ڕای گشتیی داده‌نێن و گوتاری پاشایه‌تیخوازی و ئیرانی یه‌کپارچه و که‌ونارا به هه‌موو توانایانه‌وه په‌ره پێ ده‌ده‌ن، شه‌قامی ئێرانی واته فارسگهراکان که بێگومان تورک و کورد و عه‌ره‌ب و گیله‌کی و…هتد تێدایه ئێسته ئیتر ئامانجی دیموکراسییه‌کی ته‌واو و چه‌ند ده‌نگ نییه هه‌ر وه‌کوو چۆن پێشتریش نه‌بووه، به‌ڵام ئێسته ئه‌م چه‌مکه یونیڤێرساڵ و جیهانگیرانه دال و شاچه‌مکی زار و زمانیان نییه و خۆ ده‌دزنه‌وه له به‌کارهێنانیان، به‌ڵکوو بۆ ئه‌وان دروستکردنی سیسته‌مێکی پاشایه‌تی له سه‌رووی هه‌موو شتێکه‌وه‌یه تاکوو له‌و ڕێگه‌یه‌وه به خه‌یاڵی خۆی بتوانێت وشه‌ی دیموکراسی مه‌کیاج بکات و ده‌مامکێکی ئێرانی بکاته به‌ر، ڕیک وه‌کوو ئه‌و شته‌ی له‌م دوو ده‌یه‌ی دوایی کۆماری ئیسلامی به سه‌ر چه‌مکه سیاسییه‌کانی وه‌کوو دیموکراسی و ئازادی‌دا هێنای، له گوتاری کۆماری ئیسلامیی ئێراند دیموکراسی به “مردم‌سالاری دینی” واته خهڵکتهوهری به‌پیی ئایین ته‌رجه‌مه و مانا کراوه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌مان ئه‌وه‌شیان نه‌کردووه و ده‌ڵێین: پێشمه‌رجی دیموکراسی وڵاتێکی یه‌کگرتوو و یه‌کانگیره که سنووره‌کانی پارێزراو بێت و دیاره به‌مه‌ش مه‌ترسیی خۆیان له سه‌ر تاقه هێزی کاریگه‌ری ڕاسته‌قینه واته کورده‌کان و دواتر به‌لووچه‌کان ده‌رده‌خه‌ن و فۆبیایان له مافی چاره‌ی خۆ نووسین و فیدراڵی به‌و شیوه‌یه به‌یان ده‌که‌ن.
په‌یوه‌ندی پاشایه‌تیخوازه‌کان له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی ناوه‌وه‌ی ئێران واته ڕه‌وتی سه‌ڵته‌نه‌تخوازی کولتوورگهرادا به‌هێزه و له ڕاستیشدا پێشینه و زه‌مینه‌ی ئه‌م شته له مێژووی ئێران‌دا هه‌بووه، ته‌نها لایه‌نی به‌رخۆده‌ر و دژبه‌ر، کورده‌کان و چه‌په‌کان و له هه‌ندێ قۆناغدا به‌لووچ و تورک و تورکمه‌ن بوون. ئێسته ئه‌مانه به میدیاکانیانه‌وه و به هه‌موو هێزیانه‌وه سیمای داوکارییه‌کان و گوتاری نه‌ته‌وه‌کانی دیکه ده‌شێوێنن و هه‌ر خواستێکی کورد ته‌نانه‌ت مافی خوێندن به زمانی کوردی که کۆماری ئیسلامیی کێشه‌ی جه‌وهه‌ریی له‌گه‌ڵدا نییه، ئه‌مان وه‌کوو مه‌ترسییه‌کی گه‌وره بۆ سه‌ر یه‌کپارچه‌یی خاکی ئیرانی ده‌بینن، ماوه‌یه‌ک پێش، به‌ڕێوه‌به‌ری ماڵپه‌ر و هه‌واڵده‌ریی ئیندیپێندێت پارسی پامێلا ئینتیخابی فه‌رد، ده‌یوست ئه‌و دروشمانه‌ی که دژی مه‌سیحی عه‌لینژاد و دژی بیرنارد هێنری لیڤی به‌هۆی دیداره‌که‌یان دراون بۆ بینه‌ران و خوێنه‌رانی ڕون بکاته‌وه و وتی: ئێوه بۆیه که تووڕه‌یی به‌رحه‌ق و دروستی ئه‌م دروشمه تووندانه تێناگه‌ن چونکه بێرنارد لیڤی ناناسن، ئه‌و که‌سێکه که کێشه‌ی نه‌بوو له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆبوونی هه‌رێمی کوردستاندا.
هه‌ر وه‌ک چۆن کۆماری ئیسلامیی به‌شیوه‌ی کۆ و له جوگرافیایه‌کی سه‌رتاسه‌ریی کوردستانی گه‌وره و به تێڕوانینێکی ئه‌منییه‌وه قه‌زیه‌ی کورد ده‌بینێت و وه‌کوو مه‌ترسییه‌ک بۆ سه‌ر یه‌کپارچه‌یی خاکه‌که‌ی خۆی ده‌یبینێت، سه‌ڵته‌نه‌تخواز و پاشهیهتیخوازهکانیش به هه‌مان شێوه و بگره له‌وان خراپتریش بابه‌ته‌که تیۆریزه ده‌که‌ن. ئه‌وان کورد به ئێرانی و ئێراقی ناوزه‌د ده‌که‌ن، به‌ڵام وه‌کوو مه‌ترسییه‌ک له وشه‌ی کوردستان و جوگرافیای کوردستان ده‌ڕوانن بۆیه له هه‌ر کام له پارچه‌کان وه‌کوو مه‌ترسی ده‌ڕوانن و به‌دڵنیاییه‌وه درۆنه‌کانی سوپای پاسداران دواتر ئه‌مان ده‌یگه‌ڕێنن! ئه‌م تێڕوانینه ڕه‌نگه بڕێک سهرپهڕگیرانه بێته پێش چاو به‌ڵام چاوخشاندنێک به گوتاری ئه‌ده‌بی و سیاسی و ڕۆشنبیریی ئێرانییه‌کان له‌م دوو ده‌یه‌ی کۆتاییدا و هه‌ڵکۆڵینی توخم و ره‌گه‌زه فیکری و تیۆرییه‌کانیان له مێژووی کۆنی ئێران ئه‌مه‌مان بۆ ده‌سه‌لمێنێت که ئه‌م فیگوره سیاسییه‌ی که ئێسته ده‌عیه‌ی خاوه‌ندارێتی شۆڕشی ژینا ده‌کات و له ڕاستیدا به‌هۆی هه‌بوونی میدیا و پاره تا ڕاده‌یه‌ک ده‌ستی به‌سه‌ر شۆڕشی ژینادا گرتووه و کردوویه به “شۆڕشی مه‌هسا” و له هه‌ندێ سه‌ما و قونبادانی ناو تاران و مازه‌نده‌ران و ئه‌سفه‌هان و…هتد کورتی کردووه‌ته‌وه.
هیچ کات نایه‌وێت دان بنێت به هه‌ر جۆره کیانێکی غه‌یری فارس به لانیکه‌می ده‌سه‌ڵاتی ئیداریشه‌وه چ بگات به سیاسی! زه‌مینه‌ی ئه‌مه‌ش له ناو خه‌ڵکی ئێران‌دا هه‌یه، به‌پێی لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک که بنکه‌یه‌کی ڕاپرسی جیهانیی کردوویه‌تی ئێرانییه‌کان واته ئێرانخوازهکان(فارسه‌کان) یه‌کێک له ڕه‌گه‌زپه‌رستترین نه‌ته‌وه‌کانن و ئه‌مه سه‌لمێنه‌ری ئه‌م ڕاستییه‌یه، ئه‌وان عه‌ره‌ب به پێ په‌تی و تورک به که‌ر و ڕۆژئاوا به بێ ئه‌خلاق و ئه‌فغانی به پیس و کورد به ژێرده‌سته ده‌زانن، هیچ دانپێدانانێکی ئه‌رێنی له‌واندا بۆ کو‌لتوورانی دیکه نابینینه‌وه، بۆ ئه‌مه با بڕۆین سه‌یری گوتاری ڕۆشنبیر و ئهدیبانیان به ئایینی و غه‌یری ئایینیانه‌وه بکه‌ین، قسه‌کانی چه‌ند ساڵ پێشی “د. شه‌فیعی” ده‌که‌نی که وتی من میز ده‌که‌م به زمانه محلییهکاندا، قسه‌کانی “د. عه‌بدولکه‌ریمی سرووش” له وانه‌ی مهولاناناسیدا که له لێکدانه‌وه‌ی شیعرێکی مه‌ولانای ڕۆمی له‌سه‌ر کورد، کوردی به گونده‌کی و به‌سته‌زمان و دواکه‌وتوو ناوبرد، ئێسته که‌سێکی وه‌کوو ئه‌میری تاهیری که هه‌ر له شۆڕشی ئه‌یلووله‌وه دژایه‌تی کورد ده‌کات و تا ئێسته‌ش وه‌کوو کهوله کۆن درێژه به‌و کاره‌ی ده‌دات، بووه به ده‌مڕاستی مه‌عنه‌ویی پاشیهتیخوازان.
شاهین نه‌جه‌فی و داریوش و گووگووش و مه‌هنازی ئه‌فشار و هه‌ر سیما و ڕوخسارێکی هونه‌ری و ئه‌ده‌بی و سیاسیی دیاری گرتووه‌ته خۆی و هاوکێشه‌یه‌ک که ده‌چوو ئاسۆی ڕوونی سیاسیی و شۆڕشگێران و گۆڕانخوازانه له‌ناوچه‌که‌دا بنهخشینێت و خه‌یاڵی پێوه ده‌کرد لێڵ و پێڵ کرد، بێگومان ئاشکرابوونی ئه‌مه زۆر باش بوو بۆ هه‌موو لایه‌نه‌کان. له ئه‌نجامدا به‌مه ده‌گه‌ین؛ که ژینا ڕه‌مزی شۆڕش دژی سته‌م و دیکتاتۆری و فاشیزم و ناعه‌داله‌تی و…هتد بوو، ئاخێزگه و لانکه‌که‌ی کوردستان بوو و مهرگستانکهشی تاران و عه‌جه‌مستان، بۆیه ده‌بێت باوه‌ڕی ته‌واومان هه‌بێت که ژینا ڕه‌مزی ئێمه‌یه، ڕه‌مزێکی مه‌عنه‌وی و مانابه‌خش که داهاتووی شۆڕشی سیاسی و کولتووری ئێمه ده‌دره‌وشێنێته‌وه.