“باڵۆنی وەهمەکانتان تەقیوە گەمە بە میزەڵدانەکانتان بکەن”
لە پەنجا ساڵیی ڕابردوودا، دنیای نووسین و ڕۆشنبیریی کوردیی، هەرگیز ڕۆشنبیرێکی بەخۆیەوە نەبینیوە هێندەی “پیرباڵ” بزێو و سەرنجڕاکێش بێت و هێندەی ئەو ختووکەی هەست و فیکری خوێنەر و کۆی گشتیی کۆمەڵگا بدات. هەمیشە بەشێوەیەکی مەیدانیی لەبارەی ڕووداوە ڕۆشنبیریی و سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکانەوە قسەی هەبووە. جیاواز لە کەناڵە فەرمی و ئەکادیمییەکانەوە و جوود،ا هاوڕێ و هاوجیلەکانی خۆی کە خاوەن فۆڕمێکی وەستاو و دوورەپەرێزن لە کاری نووسین و ڕۆشنبیرییدا، ئەو بەردەوام جۆرێک جووڵە و بزاوت و ئاکتی هەبووە کە بێگومان کردوویە بەم پیرباڵە.
بۆ ئەوەی لەم وێنەیە تێ بگەین، ماندووبوونی ناوێت، لەشکرێک نووسەر و ڕۆشنبیر کە بەتەواوی له پەراوێزی دنیای جڤاکی و کولتووریی ئێمەدان، خاوەن خەسڵەتگەلێکی پێغەمبەرئاسان و خەرێکی چێکردنی دنیایەکی ئایدیاڵین و بەردەوام سەریان کردووە بەناو یەکدا، بێئاگا لە پانتایی گشتی کە هیچ کات خوێندنەوەیەکی ڕاستەقینەیان بۆی نەبووە و بەڵکو زۆربەی جار بەهەڵە خوێندنەوە و گوتاری ئامادەکراو و هاوردەی ئەم جۆرە ڕۆشنبیرانە ڕۆڵی هەبووە لە شێواندن و ئاڵۆزاندنی ڕووداوە سیاسیی و ڕۆشنبیرییەکان، هەتا ئەو ڕووداوانەشی کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ژیانی کۆی نەتەوەیەکەوە هەبووە و هەیە، بەڵام لە بەرانبەردا دەنگی “پیرباڵ” ئامادەگی هەیه، دەنگێک بەهەموو کەم و کورتییەکەوە بە هەموو سەرنجێکی دەروونناسیی و ڕۆشنیرییەوە دانسقەیە و دەنگی خۆیەتی و بگرە تەنیاشە.
پیرباڵ نووسەرێکی نوێگەری دنیای ئێمەیە، بەتایبەت دنیای ئێمە لەپاش شەڕی ناوخۆ، هەم وەک نووسین هەم وەک فۆڕمی کەسێتیی و ڕۆشنبیریی. شارێک نییە لە باشووردا کۆڕ و کۆبوونەوەی ڕۆشنبیریی تێدا سازنەدابێت، سادە و سانا تێکەڵ بە گەنجان دەبوو، ڕووبەڕوو گفتوگۆی لەگەڵ دەکردن، جووڵە و فۆڕمی کەسێتییەکەی کاریگەریی بەرچاوی هەبوو بۆ هاتنە پێشەوەی زۆر کەسی تر، دەیوست هەرگیز گۆمەکە نەوەستێت، دەیویست ئەو وزە و مەعریفەی کە هەیبوو، لەگەڵ ئهوانی دی کە خوێنەران و هاووڵاتیانی کۆمەڵگاکەی بوون بەش بکات. ئەم نووسەرە پڕ بەرهەمە، جیاواز لە نووسین و کۆڕ و کۆبوونەوەکانی دێتە سەر شەقام و جادەکان هاوار دەکات، جارێک وەک مەزڵومێک، جارێک وەک زیندانییەکی ئازادبوو، جارێک وەک فەیلەسووفێک، دروشمی جۆراوجۆر و بگرە سەیریش دەڵێتەوە، ئەو نەک هەر بەنووسین و هاوارەکانی بەڵکو بە جەستەش خەریکی گوزارشتکردنە لە خۆی و باوەڕەکانی، ئەمە لەکاتێکدایە تابلۆ دەکێشێت و گۆرانیش دەبێژێ هاوکات لە ڕیگەی فیلم و سینەماشەوە هەر خەریکی گوزارشتکردن و خۆبەیانکردنە. ئێ ئەوە ئەوپەڕی ڕێزگرتنە لە دنیای خۆت، لە فیکریی خۆت، لە دنیابینی خۆت، کە لە چەندین گۆشە و کەلێن و کەناڵەوە هەوڵبدەیت مانیفێستی بکەیت. لەبەرانبەردا هاوجیلەکانی و دەروێشەکانیان خەریکی خۆموقەدەسکردن و ڕازاندنەوەی ئەو دنیا نموونییەی خۆیانبوون، لەڕابردوودا بینیمان کە نەک هەر توانای هاوار و ئاکتی ڕۆشنبیرانەیان نییە، بەڵکو کارمەندیان هەیە گووتاریان بۆ دەخوێندنەوە. هێندە لە دۆخێکی نەرجسیدان کارگوزاریان هەیە، پەیج و ئەکاونتیان لە سۆشیاڵ میدیادا بۆ بەڕێوەدەبرێت و توانای گفتوگۆیەکی ڕاستەوخۆیان نییە لەگەڵ خوێنەرەکانیان و هەتا موریدەکانیشیاندا. ئەم خەسڵەت و جووڵە و دیاردانە لە ڕووی دەرونییەوە شیکردنەوەی دەوێت و توێژینەوە و قسەی زۆر ڕاستەقینە هەڵدەگرێت، نەک ئاکت و جووڵەکانی پیرباڵ. ئەوان هێندە لە پەراوێز و دوورگەیەکی ئایدیاڵیی چۆڵدان کە جگە لە دەنگدانەوەی خۆیان و وەهمێکی جوان هیچی تری لێ بەرهەم نەهات، وەهمێک بووە هۆی لەدایکبوونی عەبەسێکی نەزۆک و زڕە ڕۆشنبیرییەک و هەژموونێکی ساختە و لەرزۆک کە بە ئێستاشەوە زۆڵی بۆ دەخەنەوە و نۆکەری بۆ دەگرن تا بەتەواوی نەکەوێت.
“ئوتێل ئەوروپا و ڕۆمانە ئاوساوەکان”
ئەدەبیاتی پیرباڵ هەم وەک شیعر هەم وەک ڕۆمان و چیرۆک، خاوەن خەسڵەت و تایبەتمەندیی خۆیانن و تاکە ئەدیبی کوردە کە بەرهەمەکانی لە ئاستی زمان و فیکر و جیهانبینی دا هێندە جوودان لەوانی دی کە دەکرێت بگووترێت ئەدەبیاتی “فەرهاد پیرباڵ” لەلایەک و ئەدەبیاتی هاوڕێ و هاوجیلەکانی لە لایەکی تر، ئەمە زێدەگۆیی نییە بەڵکو نیشاندانی وێنەکەیه نە زیاتر، خۆ گەر بمانەوێت لەبارەی زمانی شیعرەکانییەوە بدوێن، بەتەنیا زمانی شیعرەکانی، ئەوا پێویستمان بە توێژینەوەیکی تێر و تەسەلە. هەڵبەت ئەو کتێبانەشی کە ئەوپەڕی خەمخۆریی و دڵسووتاوییە بۆ نەتەوەوەکەی کە لەبارەی مێژوو و هونەر و ڕۆژنامەنووسیی و ساغکردنەوەی زۆر کاریی هونەریەوەیە نووسیونی، جێی دەستخۆشییە و ماندووبوون و وردبینی و خهمخۆری پیرباڵ نیشان دەدات، ئەمە جگە لە چیرۆک و ڕۆمانەکانی کە هیچیان کەمتر نییە لەو شتەی پێی دەگووترێت ئەدەبیاتیی جیهانیی، بەتایبەت ئوتێل ئەوروپا، شاکارێکە و جێی خۆیەتی هەموو کورد شانازی بە هەبوونییەوە بکات.
چونکە خاوەن ئاستێکی بەرزیی زمانەوانییە و گێڕانەوە تێیدا لە لوتکەدایە، هەم وەک چێژ هەم وەک هونەر.. ئوتێل ئەوروپا سەنترالیزەکردنی تاکی کوردە لەئاست دنیادا، دەرخەری خەم و ژانی مرۆڤی هاوچەرخە لە گۆشەنیگای بیرێکی یونیڤێرساڵەوە، یەکەم هەوڵی سەرکەوتووی کوردێکە بۆ چوونە ناو ئەدەبیاتی جیهانەوە، ئەمە لەبەر ئەوەنییە کە بەشێک لە ڕووداوەکان لە سەنتەری ئەوروپادا ڕوودەدەن، بەڵکو بوونی هاوسەنگیی و کارامەییە لە هونەریی ڕۆماننووسیندا، ئیشکردنێکی وردە لە درووستکردنی وێنەی کاراکتەرەکاندا و بە سەنتەربوونی مرۆڤە بەشێوەیەکی گشتی. گرنگییەکی تری ئەم بەرهەمە بوونی تیما و بابەتێکی گەردوونییە کە گوزارشت لە ناخ و تەنیایی مرۆڤی پۆست مۆدێرن دەکات، مرۆڤگەلێک لەنێو ئاڵەنگارییەکانی جیهانی سەرمایەدارییدا دەیانەوێت بەشوێن شوناسێکی تر و پانتاییەکی دیکەی شارستانییەتدا بگەڕێن، ئەم خۆدواندن و گەڕانە بەردەوامەی مرۆڤی پۆست مۆدێرن، نیشانەی ئەزموونی نووسەر و تێپەڕاندنی قۆناغە لۆکاڵییەکانی تاکی کوردە لە قۆژبنی شارە پەراوێخراوەکان و بەجێماوەکاندا.
جیاواز لە تێما و پەیامە فەلسەفییەکانی ئەم شاکارە هەبوونی جیاوازیی مۆسیقا و تۆنی دەنگی کارەکتەرانە کە بەئاسانی خوێنەر دەیانناسێتەوە، ئەمەش یەکێکە لە خەسڵەتەکانی ڕۆمانی نوێ کە هەموو دەنگێک گرنگی و بایەخی فەلسەفیی و دەروونی و بەهاداریی خۆی هەیە. دواتر بوونی تەکنیکێکی جادووییە کە هەرگیز وردەکاریی و لۆژیکی نێو چیرۆکەکانی پشتگوێ نەخستووە، بگرە لەڕێگەی مۆنتاژ و بە دارماکتیزەکردنی ڕووداو و گێڕانەوەکان تۆی خوێنەر هەست دەکەیت شوێن و کات و کۆی ڕووداوەکان لە فیلمێکی پێرفکتدا تەماشا دەکەیت. لەم ڕۆمانەدا زمان پایەیەکی گرنگە و پانتاییەکی ڕەونەقدار و ڕازاوەی پێ بەخشراوە کە جگە لە ڕێنووس و ڕستەسازیی، هەرگیز هەوڵی زێدەگۆیی و ڕستەی زیادەی تێدا نەدراوە. ئەدەبیاتی “پیرباڵ” خۆی قسەی خۆی کردووە و ئەوەی هۆشیارە بەو ئەدەبیاتە تێدەگات چ دەبێژین، ئێستا گرنگە ئەوە بڵێین: ڕۆماننووس و چیرۆکنووسەکانی تر کە ئیمپراتۆرەکەیان، هاوجیل و هاوڕێی پیرباڵ بووە، لەبەرانبەردا خەریکی چییە، چەندین ڕۆمانی زەبەلاح و ئاوساوی نووسیوە، کە تەواوی ڕۆمانەکانی بپشکنە کاراکتەرێکت پێ شک نایە بیناسیتەوە، ڕووخسارێکت بەبیرنایەتەوە کە جێی سەرنجدان بێت و لە یادگەتدا بمێنێتەوە.
تەواوی کاراکتەرەکانی نێو ڕۆمانەکانی واپێدەچێت هەموویان ماسکیان بەستبێت، یان پەچەیان کردبێت. هەڵبەت ئەوە لای هەمووان ئاشکرایە کە مۆسیقا و فۆڕمی گفتوگۆ لای هەموو کاراکتەرەکان یەک شێوە ئاخاوتنە و هەمووان وەک شاعیرێکی ناسکۆڵە دەپەیڤن. جیا لەمانەش خوێنەرێکم پێ بڵێین باسی شارێک، گوندێک، شەقامێک، باخچەیەک هیچ نەبێت ئەو چاخانانەی ناوی بردوون بۆمان بکات، شار لە ڕۆمانی ئەم ئیمپراتۆرەی ئێوەدا وێنا نەکراوە کارەکتەر بێ ڕووخسارە، شێوەی قسەکردن هەموو وەک یەکە، زمانی گێڕانەوە، هەندێجار دەبێتە گووتارێکی ئەدەبی یان پەخشانێکی بێسەروبەرە. ئیتر واز لە بیرۆکە و پەیام و مەرام بێنە کە چەند کڵۆڵە و بەردەوام لە هاودژییدایە تا ئەو ڕادەیەی بە لەشکرێک میدیا کە هاوڕێی دەرەجەداری ئەون و دنیایەک دەروێش و موریدەوە بۆتان پینە ناکرێت. ئەمانە شتانێک نین من بمەوێت کەشفیان بکەم بڵکو زۆنگاوێکە ئەوەی کەمێک لێی وردبێتەوە دەیبینێت، بەڵام بەڕاستی سەیرە بیماریی و دەرووننەخۆشیی بگاتە ئەو ئاستەی جنێو و سووکایەتیی بە نرخی گووتار دابێنن و پێتان وابێت “پیرباڵ” هەڵخلیسکاوە و نەخۆشە و ئیش لەسەر شکانی ڕۆشنبیردەکات، ئێ ئاساییە موقەدەستان دەشکێنێت، ئەو فۆڕمە لە ڕۆشنبیر هەڵدەوەشێنێتەوە کە ئێوە درووستتان کردووە. ئاساییە بڕوابکەن ئاساییە و درکتان دەکەین کە کاتی ڕشانەوەی نیو سەدە لە دڕدۆنگی و خۆپەراوێزی و خۆچەپاندنە، تێدەگەین ئازارتان زۆرە، تێدەگەین هەلپەرستن و دەتانەوێت پیرباڵ بسڕنەوە، بۆیە کاتی ئەوەیە باڵۆنی وەهمەکانتان بتەقێنن و گەمە بە میزەڵدانەکانتان بکەن.