“لەگێڕانەوەکانی هێرۆدۆتسدا”
میدییەکان و ماگوشەکان وەک دوو هێز و دوو ناوی سەرەکی سەردەمی دارای یەکەمی ئەخمینی باس دەکرێن، پێگەی گرنگیان هەبووە لەیەکلاکردنەوەی شەڕ و کێشەکانی سەردەمی ئەخمینی و یۆنانیەکاندا. هەرچەندە دوای شکستی شۆڕشەکەیان، میدییەکان و موگەکانیش لەریزی سوپای داریۆس و خێرخیسی کوڕیدا دژی لیدیا و یۆنان لەشەڕدابوون، بەڵام بەشێک لەمیدییەکان بەردەوام دژی دەسەڵاتی فارس و ئەخمینی بوون. لەروانگەی گێڕانەوەکانی هێرۆدۆتسدا ئەوبابەتە روون دەبێتەوە کە چۆن ماگوشەکان هەوڵی گرنگی خۆیان داوە بۆ گەڕانەوەی شکۆی دەسەڵاتی ئیمپراتۆری میدیا و دەسەڵاتی ئەستیاگی پاشای گەورەی میدیا. هەروەها رۆڵ و کاریگەری مەگوشەکان لە ڕووداو و لەشکرکێشییەکانی ئەو سەردەمەدا چۆن باس دەکات. هێرۆدۆتس باس لەوەش ئەکات دوای شکستی ماگوشەکان لەسەر دەستی داریوسی فارس، چۆن ماگوشەکان هاوکاری سوپای فارس بوون لەداگیرکردنی دوورگەکانی یۆنان و زۆربەی شەڕەکانی داریۆس و خێرخیسی کوڕیدا دژی گەلانی رۆژئاوا.
هەربۆیە هیرۆدۆتس دەڵێت:- دوای ئەوەی داریۆس توانی سەربکەوێت بەسەر شۆڕشگێڕانی ماگوشدا، باجی سەپاند بەسەر گەلانی ناوچەکەدا. بۆنمونە لەبابل و ئاشورەوە (١٠٠٠) هەزار تاڵێنت لەسلڤەر و (٥٠٠)کوڕی گەنج وەک کۆیلە. هەروەها لە هەمەدان و هەندێ ناوچەی تری وڵاتی میدیاشەوە(٤٥٠) تاڵێنت پارەیان بۆهێناوە کە ژمارەیان (١٠) ساتراب(هەرێم) بووە.(١) هەروەها دوای ئەوەی “داریۆس” زیاتر فراوانخوازی ئەنجامداوە بەرە و وڵاتی لیدیا رۆیشت، لەوێ ماگوشەکان داوای یارمەتی دەکەن دژی فارسەکان و دوو پیاوی لیدی داوادەکەن بەهیچ شێوەیەک هاوکاری دارا نەبن، بەوەش دارا زۆر توڕە دەبێت و دەڵێت: “بەزیندووی یان مردووی ئەو دوو کەسەم دەوێت”، هەربۆیە دارا (١٠٠٠) هەزار سوارەی تایبەتی فارس وەک گاردی تایبەتی دەنێرێتە سەریان لەوڵاتی لیدیا لەناوچەی (ئایۆنیا-Ionia) و لەساردیس.(٢) لەگەڵ ئەوانەشدا دوای سەرکەوتنە یەک لەدوای یەکەکانی لە بابل، پاشان بەرەو ئەسکیسیەکان چوو لەئاسیا کە خاوەن هێز و گەنجینە بوون و لەسەردەمی میدییەکانەوە ناوبانگیان هەبوو. دارا توانی ئەمانیش بخاتە ژێردەستی خۆیەوە، لەکاتێکدا ئەمانە بۆماوەیەکی زۆر وڵاتی میدیا و ئاسیای سەرویان داگیرکردبوو بەهاوکاری سمیرییەکان دەستیان بەسەر ئیمپراتۆری میدییەکاندا گرتبوو بۆ ماوەی ٢٨ساڵ. ئەم گەلە بەردەوام کێشەیان هەبوو لەگەڵ میدییەکان، بەڵام لەدژایەتی دارادا هاوکاریان بوون، هەرچەند دارا توانی گەنجینەکەیان بگرێت و ژنەکانیانیشی کردبە کۆیلە و هێنایانی بۆخزمەتکردنی سوپا بۆ ئامادەکردنی شیر و خۆراک و چەک و دەرمان، بەڵام کاتێک مناڵەکانی ئەم ژنە کۆیلانە گەورەبوون چوونە سوپاوە بوونە نەیار و دوژمنی دەوڵەت و گەڕانەوە بۆ وڵاتی میدیا، یەکەم کاریان بچڕاندنی رێگاکانی وڵات بوو کە دەگەیشتنە وڵاتی ئەسکیس-سکاییەکان و دروستکردنی چاڵی قوڵ لەبناری چیاکان لەنزیک روباری (مایۆتیس-Maeotis)، بەوەش هەوڵی دروستکردنی سوپایەکی سەربەخۆیاندا و هەڵگەڕانەوە لە دارا و کۆمەڵێ شەڕ روویدا لەگەڵیاندا، ئەم ئەسکیسییانە هەوڵی سەربەخۆی خۆیانیاندا و ئەیانویست ببنەوە سەرداری هەموو ئاسیا، ئەوکارەشیان بەهاوکاری و پاڵپشتی ماگوشە میدییەکان بووە لەوڵاتەکەیاندا. ئەوکارەش دارای یەکجار توڕەکرد و کەوتە دڵەراوکێەوە، بۆیە کەوتەکۆکردنەوەی سوپاکەی.(٣) هەروەها ئەسکیسی و سیمیریەکان دەیانویست لەوڵاتی میدیا زیاتر خۆیان جێگیر بکەن، بەتایبەتی لەناوچەکانی میدیای سەروو، بەوەش بەشێکی زۆریان لە خاکی وڵاتی میدیا خستە ژێردەسەڵاتی خۆیانەوە.(٤) هەرچەندە داریوس داگیری کردن، لەوسەردەمەدا وڵاتی فارس گەیشتە دەریای سوور لەباشورەوە، لەباکورەوە وڵاتی میدیا بووە کە کردیانە بەشێک لەدەوڵەتەکەیان تا دەریای باکوور، بەوەش فارس(ئەخمینی) سنوورێکی یەکجارگەورەی دەستکەوت لەدەریاوە بۆدەریا.
بێگومان ئەمەش سنووری میدیا و فارس بوو کە لەباشوورەوە دەریای سوور، لە باکوورەوە دەریای قەزوین و رووباری ئاراس بوو، لەرۆژهەڵاتەوە هەتا هیند، لەرۆژئاواشەوە بەردەوام گۆڕاوە. هەندێ جار لیبیا و میسر و بەشێک لەئەوروپا بووە.(٥) دارا دواجار بڕیاری دا سوپاکەی کۆبکاتەوە و بچێتەوه سەر ئەسکیسیەکان، لەم هێرشەداخۆی سەرپەرشتی دەکرد و لەسوسەوە کەوتەڕێ. ئەوە بوو دارا بەسوپایەکی (٦٠٠،٠٠٠بۆ٧٠٠،٠٠٠) هەزاری رووی کردە ئەسکیسیەکان، لەم کاتەدا پاشای ئەسکیسییەکان هەڵهات لەترسی سوپاکەی دارا، پاشای فارس لەشکرکێشییەکانی بەردەوام بوو تا توانی زۆربەی ئاسیا و یۆنان و میسر داگیربکات، پاشان گەڕایەوە وڵاتی فارس.(٦) لێرەدا هێرۆدۆتس باسی ماگوشەمیدیەکان دەکاتەوە دەڵێت: سامیەکان لەرێگەی وڵاتی میدیاوە هەڵهاتن و رۆیشتن بەبێ کێشەوگرفت و چوونە شاری (زانکل) و (مێسسیا) ئەوەش بە هاوکاری میدییەکان بووە. (٧) لێرەوە میدییەکان لەزۆربەی هێرشەکانی فارس بۆسەر دوورگەکانی یۆنان بەشداربوون، چەندین سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە لەبەرەی سوپای میدییەوە.
ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە هێرۆدۆتس ناوی میدییەکان ئەهێنێت لەزۆربەی هێرشەکانی فارس بۆسەر دوورگەکانی یۆنان و باسی چەند سەرکەوتنێک دەکات لەبەرەی سوپای میدیەوە، هەروەها باسی ئەوەش دەکات سوپای فارس لەسەردەمی دارادا فراوانخوازی کردووە و سوپای ناردۆتە سەر یۆنان و باسی دوو سەرکردەی یۆنانی دەکات لەو ناوچانە کە دژی میدییەکان شەڕیان کردوە وەک (دیماراتئس) و (کلیمۆنیس)(٨) هەروەها باسی بارباری و ئەسینیەکان دەکات کە چۆن لەگەڵ سوپای میدیادا شەڕیان کردووە، ئەوەش یەکەم جاربووە ئەسینیەکان چاویان بە پیاوی میدیەکان کەوتووە، لەم شەڕانەدا هەردوو سوپا کە بۆ ماوەیەکی زۆر دژی یەک جەنگان لە (ماراسۆن)، دواتر بارباریەکان شکان و بەرە و گریک رۆشتن. لەم کاتەدا بوو ئەسینیا و ناوچەکانی دەوروبەری کەوتنە مەترسییەوە، هەربۆیە سوپایەکی بەهێزی تر لەناوچەکانی (ئەتیکا) و (ئەسپارتە)وە هاتن بۆهاوکاری و پشتیوانی هێزەکانی تری ئەسینا، بۆ نمونە سەرکردەیەک بەناوی (لاسێدامۆنانس) بە (٢٠٠٠ )هەزار سەربازەوە بەرە و ئەسینا هات بۆ شەڕکردن دژی میدییەکان.(٩) دوای ئەوەی سوپای هەردوولا لەماراسۆن بەیەک گەیشتنەوە شەڕ دەستی پێکردەوە، لەم کاتەدا سوپای فارس بەسەرکردایەتی خودی دارا خۆی بوو کە زۆر توڕەبوو لە ئەسینییەکان و هەوڵی ئەدا رووبەرووی هەموو گریکەکان ببێتەوە.(١٠) لەکۆتایی دەسەڵاتی داریۆسدا میسرییەکان هەڵگەڕانەوە، لەم کاتەدا بوو سەرکردایەتی سوپای فارسی دابە کوڕەکەی بەناوی (خێرخیس)، زۆری نەبرد داریۆس خۆی مرد و کوڕەکەی بوو بە پاشای وڵاتی فارس، پاشان لەشکرێکی گەورەی کۆکردەوە و هێرشی کردە سەرمیسر.(١١) پاشان خۆی ئامادەکرد بۆ هێرش کردن بۆ سەر ئەسینا، لەم کاتەدا وتارێک پێشکەش ئەکات بۆ پیاوەکانی و دەڵێت: “ئەی فارسەکان من دەمەوێت دوای ئەوە بکەوم کە باو و باپیرانم کردوویانە هەرلەسەردەمی کۆرش کە توانی بەسەر(ئەستیاگ)دا سەربکەوێت و فارسەکان لەچنگی میدییەکان رزگار بکات کە لەوپەڕی خراپی دابوون، ئێستا بۆ هەموو ئەمانە خودا پشتیوانیمان دەکات و ئێمەش جێ بەجێیان دەکەین چی پێوست بکات دەیکەین.
دەمەوێت پێتان بڵێم کۆرش و قەمبیز و دارای باوکم چەند نەتەوە و وڵاتیان خستۆتە ژێر دەستی خۆیانەوە و کردویانەتە سەردەوڵەتەکەی خۆیان، ئێوە دەزانن چیاین بەدەست هێناوە؟ من دەمەوێت ئەوەتان پێبڵێم لە ئەمڕۆوە ئەوەی جێی شانازی و هاندان بێت، هێز و توانای فارس بەرزکاتەوە هەروەک ئەوان کردیان، من دەمەوێت پردێکی وادروست بکەم هەموو ئەورووپا داگیربکەم و سوپا دژی گریک ئامادە بکەم، باوکم هەرئەوەی دەویست، بەڵام مردن رێگای نەدا.(١٢) لەوکاتەدا کە خێرخیس دەیوست سوپا بنێرێتە سەر دورگەکانی یۆنان، ماگوشەکان وەک راوێژکار هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەی ئەو کارەیان بۆکرد، پێیان راگەیاند دەتوانێت سەرکەوتن بەدەست بهێنێت و تەواوی ئەوروپا و جیهان داگیر بکات بەتایبەتی دوای ئەوەی لێکدانەوەیان بۆ خەون بینینی خیرخیس کرد، کە لەخەونیدا تاجێک لەسەرسەری بووە لە لقی دار زەیتون، ئەودارەش هەموو جیهانی گرتۆتەوە. دوای ئەوەی ماگوشەکان ئەمەیان پێ راگەیاند هەموو فارسەکان و نوێنەری حکومەتەکانی ئیمپراتۆریەت هاتن بۆ پاڵپشتی پاشای فارس و ئامادەی خۆیان دەربڕی بەڵێنیان پێدا هاوکاری بن، بەڵام لەم کاتەدا کێشەی ئەسکیسیەکان سەری هەڵدایەوە کەپێشتر باوکی شەڕی لەگەڵ کردبوون لەوڵاتی میدیا.(١٣) دواجار خێرخیس بریاری دا جارێکی تر هێرش بکاتەوەسەر یۆنان، کاتێک سوپاکەی بەرە و دوورگەکانی (پانگاوین) کەپێی دەڵێن (فیلیس) و رووباری(ئانگیستیس)، دوایی بەرەو (ستریمۆن) ڕۆی بەخۆی و کەشتیەگەلەکەیەوە توشی گەردەلولی دەریابوون بۆپارێزگاری پاشاو سوپاکەی، ماگوشەکان قوربانیان کرد کە ئەسپی سپی بوون.
بۆدورخستنەوەی ئەوبەڵایە کە رووبەروویان بۆتەوە. کاتێک لەم کێشەیە رزگاریان بوو، ماگوشەکان جارێکی ترکەوتنەوە نوێژکردن ورێورەسمی ئایینی تایبەت بەخۆیان ئەنجام دا، دواتر گەیشتنە دوورگەی ستریمۆن ودورگەکانی تر.(١٤) لەلایەکی ترەوە سوپای میدیا روبەرووی سپارتەکان بۆتەوەوهەڕەشەی مردن لەخێرخیسی پاشای فارس کراوە لەلایەن سپارتەکانەوە.(١٥) هەروەها دواتر کەشتی گەلی زۆرتر گەیشتنە نزیک گریک کەهی میدیەکان بوون و بەشێک نەبوون لەجەنگەکە تەنها لەگەڵ سوپای فارس هاتبوون و هیچ جەنگێکیان دژی یۆنانیەکان ئەنجام نەدا، لێرەدا گریکەکان کەوتنە بەردەم دوو هەڵبژاردە یان گەلێکی ئازاد یان ژێردەستی فارس.(١٦)
لەو ماوانەدا سوپای میدیا و گریک رووبەروو وەستان، بەڵام جەنگ رووی نەدا لەنێوانیاندا. هەرچەندە پێشڕەوی میدییەکان مانای شەڕبوو، بەڵام تیسلۆنیەکان ئامادەنەبوون دژی میدیاکان شەڕبکەن، هەربۆیە میدییەکان و فارس نوێنەر دەنێرن بۆ گفتوگۆ لەگەڵ یۆنانیەکان، دواجار ئەو گەلانە رازی بوون بە پەڕینەوەی میدییەکان، ئەوەش گەورەترین سەرکەوتن بوو بۆ میدییەکان بەتایبەتی بۆ فارسەکان و خێرخیس.(١٧) لەوکاتەدا بەشێکی زۆری سوپای خێرخیس لەفارس و میدی و ئەسکیسی پێکهاتبوو، کەشتییە سەربازییەکانی (١٢٠٧)کەشتی بوون، هەر کەشتییەکیش دوو سەت تا چوارسەت (٢٠٠تا ٤٠٠) جەنگاوەری تێدابووە، کە هەموو ئەمانە لەنەتەوە جیاجیاکان پێکهاتبوون، کە زیاتر لەسێ زمان بەکارهاتووە لە نێوانیاندا و ئاخافتنیان پێکردووە، بەم شێوەیە ژمارەی سەربازەکانی خێرخیس لە دەریادا گەیشتە دووسەت و چل (٢٤٠٠٠٠)هەزار سەرباز، هەموویان خەڵکی ناوچەکانی ئاسیابوون. هەروەها کۆی هەموو سەربازەکانی گەیشتە زیاتر لە نیوملوێن (٥٧٧٦١٠) هەزار کەس کە هەشتا(٨٠)هەزاری لەخەڵکی عارەب بوون.(١٨) ئەمەش لە مێژوودا سوپایەکی بێ وێنەبووە، هەروەها کاتێک لە دەریادا بوون جارێکی تر گەردەلوول دەستی پێکردەوە بۆ رۆژی سێیەم.
سەرکردەکان زۆر دەترسان لەناو بچن و لەناکاو هێرش بکرێتە سەریان بەتایبەتی لەلایەن (سیسلۆنەکانەوە) وەک هێزێکی نزیکیان، هەر بۆیە جارێکی تر ماگوشەکان کەوتنەوە قوربانی کردن و داواکردنی یارمەتی بۆ پاراستن و رزگاربوونیان لە مەترسییەکانی گەردەلوول و رەشەباکە.(١٩) هەروەها کاتێک سوپای فارس لە یۆنانیەکان نزیک بوونەوە، یۆنایەکان خۆیان ئامادەکرد بۆ شەڕکردن، لەلایەکی ترەوە دژی میدییەکان وەستانەوە، هەر بۆیە لەچەند پەلامارێکدا دژی میدییەکان سوپای میدییەکان لەلایەن گریکەکانەوە چەندین کەسی میدی دەگرن و میدییەکانیش بەو کارە گریکەکانیان تاوانبارکرد.(٢٠) لەم کاتەدا یۆنانییەکان دژی سوپای فارس تا توانیان شەڕیان کرد، پاشان سوپای فارسەکان پاشەکشەیان کرد بۆ دەربەندەکان کە بەسەرکردایەتی دووبرای خێرخیس بوو، سەرکردەی یۆنانیەکانیش بەناوی (لاسیدامیۆنس)، بەڵام دواتر لەم شەڕەدا هەموو سەربازە یۆنانییەکان کوژران.
هەروەها پیاوێکی تر وەک قسەکەری سپارتەکان هات بەناوی (پێنیسیس)باسی ئەو شەڕانەی دەکردو دەی ووت:- پێش ئەوەی میدییەکان و گریک شەڕ بکەن هەردوولا وەک یەک بوون و پارسەنگی هێز وەکو یەک بوو، بەتایبەتی لەلای بارباریەکانەوە، بەڵام لەناکاو بەری ئاسمان و خۆرگیرا بە تیرباران و تاریکی داهات، ئەوەش زۆرترسناک بوو لە دنیادا شتی وانەبووە. هەروەها لەلایەن میدییەکانەوە رووناکی و ئاگر زۆر هەڵکرا، وتمان ئەگەر میدییەکانیش بەری خۆر و ئاسمان بگرن شەڕیان لەگەڵ دەکەین لە ژێر سێبەری تیردا.(٢١) بەپێی قسەکانی هێرۆدۆتس بێت؛ سوپای میدی و فارس زۆربەی ناوچەکان و دوورگەکانی یۆنانیان داگیرکردووە جگە لەسپارتە، کە لەم کاتەشدا سپارتەش خۆی ئامادەکردبوو بۆ شەڕ. وەکو دەڵێت:- ئەوانیش کەوتنە شەڕەوە، لەو شەڕانەدا زۆربەی سەربازەکانیان کوژراو تەنها سێ سەت(٣٠٠)سەرباز دەربازبوون، گەڕانەوە. یەکێک لەوانە ناوی(پانتیتیس) بوو کە لەلایەن (لیۆننیداس)ەوە وەکو نوێنەر نێردرابوو بۆ (سێسالی)، دواتر گەڕایەوە سپارتە. لەلایەکی ترەوە سەرکردەیەکی تری سپارتە بەناوی (سێبانس) لەگەڵ سوپای گریگ مایەوە بۆشەڕکردن دژی بارباری و میدییەکان، ئەوانەی لەمێژەوە داوای خاک و ئاویان لەپاشا دەکرد و سوپایەکی زۆریان هێنابووە ناوچەکە، بەتایبەتی ناوچەی (سێرمۆپیلە)، دواتر بەفەرمانی خێرخیس شەڕیان دژی گریکەکان هەڵگیرسانەوە.(٢٢) چونکە لەوکاتەدا خێرخیس پاشای فارس زۆر رقی لەسەرکردەکانیان بوو بەتایبەتی (لیۆننیداس) کەنەیتوانی بوو بیکوژێت.
هەروەها لەم کاتەدا هەندێک لەیۆنانیەکان داوای ئاشتییان دەکرد لە میدییەکان بەتایبەتی سەرکردەیەک بەناوی (ئاریستۆن کوڕی دیمارتۆس).(٢٣) سەرەڕای ئەمەش ئەوەی جێی سەرنجە هەندێ لەدانیشتوانی دورگەکانی تریش داوای ریکكەوتن و ئاشتیان لەمیدییەکان کردووە، هەروەها هەوڵیان داوە پەیوەندییان پێوە بکەن، بەڵام دواتر بەهۆی هەندێ سەرکردەوە چوونە پاڵ گریک-یۆنانیەکان وەک بەشێک لەدەسەڵاتی دیمۆکراسیەتییان. (٢٤) هەروەها رۆژێک (دیکاوس)کوڕی (سیوسیادیس) لە ئەسینا بەراپۆرتێک باسی سوپا میدی و فارسی کرد، کە زانیاری زۆر وردی تیا خستەروو، بەتایبەتی ئەوەی کە ووتی سوپای فارس بەنیازە هێرش بکاتە سەر (ئەسینا و ئەتیکا)، هەروەها چاوی بەسەرکردەکانی وەکو (دیماراتۆس) کەوتووە بە وردی باسی نەخشەی شەڕی یان کرد و و سی (٣٠٠٠٠) هەزار سەربازیان ئامادەکرد بۆشەڕ.(٢٥) سەرەڕای ئەو هەموو لەشکر و شەڕانەش هەندێ خەڵکی دوورگەکانی یۆنان لەگەڵ ئاشتی و ئازادی بوون و شەڕیان نەدەویست، دواتر هەندێکیان بەناچاری لەگەڵ میدییەکان کەوتنە شەڕەوە لەشەڕی فارس و یۆناندا.(٢٦) ئەوەی لێردا سەیرە لەهەموو شەڕو پێکدادانەکاندا لەنێوان فارس و یۆناندا لای هێرۆدۆتس ناوی میدییەکانیش هاتووە بە هاوپەیمانی نێوان میدیا و فارس ناویان دەبات بۆ لەشکرکێشی سەر یۆنان لەسەردەمی داریوس و کوڕەکەیدا، هەروەها وەکو دوژمن و هێزێکی گەورە دژی یۆنان باسیان دەکات، هەروەک لەدرێژەی بابەتەکەیدا دەڵێت: (ئەو بوو سوپای دەریایان ئامادەکرد و پەڕینەوە تا (سەلامیس) بۆداگیرکردنی ئەسینا).(٢٧) هەروەها هێرۆدۆتس باس لەدرێژەی شەڕەکانی خێرخیس دەکات، دەڵێت:- لەشەڕی دەریای و وشکانیدا سوپای فارس پێشڕەوی دەکرد وەک ئەوەی بە یەک هەزار(١٠٠٠) هەزارئەسپ یان میدی و سکاییەکان و باختریاکان و هندییەکان بەئەسپ و خۆراکی زۆرەوە ئامادەی شەڕبوون، هەمووهێزی ئەم نەتەوە جیاوازانەش لەچوارچێوەی هاوپەیمانیتیەکدا بوون بەناوی (چەند پیاوێ)، لەم سوپایەدا فارسەکان بەرێژەی یەکەم و میدییەکان بەڕێژەی دووەم بوون و ژمارەیان سێ سەت(٣٠٠٠٠٠) هەزار پیاو بوون. لەم کاتەدا کە خیرخیس بەردەوام بوو لە(سێسالی) نامەیەکی لەپیاوانی(دیلفیک)ەوە پێگەیشت کە هەوڵی کوشتنی(لیونداس)ی تیابوو، ئینجا وردەوردە گەلانی ناوچەکە ناچار بوون بێنە ژێر دەستی (خێرخیس)ەوە کەپاشای وڵاتی میدیابوو.(٢٨) هەروەها لەباسی کەسایەتی (ماردۆنیۆس)دا باسی ئەوە دەکات کە سەرەڕای مەترسی و داگیرکارییەکانی فارس، ئەم سەرکردەیە کەسوپاکەی لەشاری (بیوتا) بوو زۆربەی خەڵکی گریکی دوای خۆی خست، وەکو هاوڕێ و نزیک لەمیدییەکان کاری کردووە و هەوڵیداوە پەیوەندییان پێوە بکات، بۆ ئەو مەبەستە نوێنەری ناردووە بۆلای میدییەکان و داواکارییان کردووە شەڕنەکەن، کە سەربازگەکەیان لەتەنیشت میدییەکانەوە خست و کەوتنە گفتوگۆ لەگەڵ میدییەکان، زۆری نەبرد سوپای فارس گەیشتە(سێباس).(٢٩)
هەرچەندە ئەم سەرکردەیە (ماردۆنیۆس)رۆڵی سەرەکی گێڕاوە لەنزیک بوونەوە لەگەڵ میدیەکاندا،بەڵام لەکۆتایدا کەوتە دژایەتی و شەڕەوە لەگەڵ میدییەکاندا لەناوچەی (ستینیلیکرۆس)کە سێ سەت(٣٠٠)پیاوی لەگەڵ بوو. لەدوایدا میدییەکان پێشڕوهی یان کرد و شاری (سێبانس)یان کەوتە ژێردەستەوە لەگەڵ ئەوەشدا سێ سەت(٣٠٠) پیاوەکەی (ماردۆنیۆس) بەوپەڕی ئازایەتیەوە شەڕیان کرد.(٣٠) دوای ئەم شەڕانەش میدییەکان و سامییەکان سەربازگەی خۆیان دامەزراند لەناوچەکانی گریک، وەک ئامادەکارییەک بۆ جەنگ، بەو شێوەیە ماوەیەکی زۆر میدییەکان و گریکەکان بەرامبەر بەیەک وەستان لەدژی یەکتری.(٣١) هەروەها تەنانەت هیرۆدۆتس لەدوا لاپەڕەی پەرتووکی ژمارە(٩)دا کەمێژووی هێرۆدۆتس ناسراوە جارێکی تر دێتەوە سەر باسی میدییەکان، جارێکی تر باسی ئاستیاگیس دەکاتەوە، هەربۆیە دەڵێت: (دوای سەرکەوتنەکانی خێرخیس پاشای فارس لەداگیرکردنی گریک-یۆنان بە زێڕ و زیوێکی زۆرەوە گەڕایەوە وڵاتی خۆی کە لەپەرستگاکانی گریک تاڵانی کردبوون، (ئارتایکتس) پێشنیار بۆ سەرکردەی فارسەکان دەکات کەباسی کۆرش بکات لەلای خواوەند زیوس، کە ئەم کۆرشە پاشایەتی لە ئەستیاگەوە بۆ ماوەتەوە، هەرکۆرشیش دەسەڵاتی بۆ فارسەکان فەراهەم کردووە.(٣٢)
بەو شێوەیە میدییەکان و ماگوشەمیدیەکان کەپێشتر دژی ئەخمینییەکان شەڕیان کردو و لەسەر دەستی داریۆس کۆتای بە شۆڕشەکهیان هات، ناچاربوون وەک هێزێکی شەڕکەر لەگەڵ سوپای داریۆس خێرخیسی کوڕیدا دژی یۆنانییەکان شەڕبکەن. وەک لەپەرتووکەکەی هێرۆدۆتسدا باسکراوە؛ ئەمەش رۆڵ و کاریگەری و گرنگی میدەکان و ماگوشە میدییەکان دەردەخات لەوکاتەدا. واتە ماگوشەکان و میدییەکان لەدوای رووخانی ئیمپراتۆری میدیاوە رۆڵی خۆیان هەبووە لەهەموو سەردەماکانی وەک سەردەمی ئەخمینی و ئەسکەندەری مەکدۆنی و سلوکی و ئەشکانی و دواتر تا لەسەردەمی ساسانیەکانیشدا وەک راوێژکار و نزیک لە پاساکان و پیاوی ئایینی و بەرپرسی ئایینی زەردەشتی ئاتەشگەداکان خاوەن پێگە و و ناو و ناوبانگ بوون، وەک لەبابەتی شۆڕشی ماگوشە میدییەکاندا ئەم بابەتە باسکراوە و رۆڵی ماگوشەکان روون کراوەتەوە.
سەرچاوەوپەراوێزەکان:
Herodotus; The Persian Wars, Translated By ,George Rawlinson, (1)
The Modern Library, New York,1942, Book 3 , p257-259.
, p2720-273.، Herodotus; The Persian Wars, Book 3(2)
Herodotus; The Persian Wars, Book 4 , p290-291. (3)
Herodotus; The Persian Wars, Book 4 , p295.(4)
.Herodotus; The Persian Wars, , Book 4 , p354-356(5)
Herodotus; The Persian Wars, Book 4 , p234)(6)
Herodotus; The Persian Wars, , Book 6 , p440.(7)
Herodotus; The Persian Wars, Book 6 , p257.(8)
Herodotus; The Persian Wars, , New York,1942, Book 6 , p480-482.(9)
. Herodotus; The Persian Wars, , New York,1942, Book 7 , p497.(10)
Herodotus; The Persian Wars York,1942, Book 7 , p294-295.(11)
Herodotus; The Persian Wars, New York,1942, Book 7 , p296-297.(12)
Herodotus; The Persian Wars, New York,1942, Book 7 , p506.(13)
Herodotus; The Persian Wars, , New York,1942, Book 7 , p539.(14)
Herodotus; The Persian Wars York,1942, Book 7 , p546.(15)
Herodotus; The Persian Wars, New York,1942, Book 7 , p549.(16)
Herodotus; The Persian Wars, Translated By ,George Rawlinson, (17)
The Modern Library, New York,1942, Book 7 , p566-567.
Herodotus; The Persian Wars, , New York,1942, Book 7 , p571.(18)
Herodotus; The Persian Wars, , New York,1942, Book 7 , p574.(19)
Herodotus; The Persian Wars, New York,1942, Book 7 , p580-581.(20)
Herodotus; The Persian Wars, New York,1942, Book 7 , p588.(21)
Herodotus; The Persian Wars, New York,1942, Book 7 , p590-591.(22)
Herodotus; The Persian Wars, New York,1942, Book 7 , p593.(23)
Herodotus; The Persian Wars, New York,1942, Book 8 , p612.(24)
Herodotus; The Persian Wars, New York,1942, Book 8 , p618.(25)
Herodotus; The Persian Wars, New York,1942, Book 8 , p623.(26)
Herodotus; The Persian Wars, New York,1942, Book 8 , p623-629.(27)
Herodotus; The Persian Wars, New York,1942, Book 8 , p642.(28)
Herodotus; The Persian Wars, New York,1942, Book 9 , p665.(29)
Herodotus; The Persian Wars, New York,1942, Book 9 , p688-689.(30)
Herodotus; The Persian Wars, New York,1942, Book 9 , p706-707.(31)
Herodotus; The Persian Wars, New York,1942, Book 9 , p714.(32)