“پێشه‌کی”
له‌م ڕۆژانه‌دا کۆمه‌ڵێک باس لێره و له‌وێ له کۆڕ و چاوپێکه‌وتنه‌کاندا له‌باره‌ی زمان و پێویستی سه‌رەکی و ئه‌وله‌وییه‌تی زمانی دایک(کوردی) له پرۆسه‌ی فێرکاری هه‌ر له باخچه‌ی ساوایانه‌وه تاکوو زانکۆ بوو به ڕۆژه‌ڤ و پێم وایه ئه‌مه ڕووداوێکی خێر و باشه که ئێمه له‌سه‌ر یه‌کێک له‌و توخم و ڕه‌گه‌زه پێکهێنه‌رانه‌ی شوناسی مرۆیی و نه‌ته‌وه‌یی خۆمان زیاتر هه‌ڵوێسته بکه‌ین و ئه‌و که‌م و کورتی و بهرچاولێڵییهی که له سیسته‌می په‌روه‌رده چ له ئاستی کۆمه‌ڵایه‌تی و خێزانی‌دا و چ له ئاستی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و حکومی‌دا هه‌یه دیاری بکه‌ین. یه‌کێک له‌و خه‌سارانه‌ی که ده‌بێت هه‌ڵوێسته‌ی له‌سه‌ر بکه‌ین و هه‌م له هۆکاره‌کانی بکۆڵینه‌وه و هه‌میش لێکه‌وته و به‌دواداهاته‌کانی شی بکه‌ینه‌وه، په‌راوێزخستن یان کاڵکردنی زمان له قوتابخانه ئه‌هلییه‌کان و سهرەکیدانانی زمانی ئینگلیزییه.
گومانێک له‌وه‌دا نییه زمان بۆ ئێمه‌ی کورد ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین له قۆناغی ئێسته‌دا تاقانه سەنگەری به‌رگری و پاراستنی شوناس و کیانی سهربهخۆمانه له نه‌ته‌وه و پێکهاته کولتووری و ته‌نانه‌ت سیاسییه‌کانی دیکه، ده‌توانین بڵێین یه‌کێکه له گرنگترین سهنگەرەکانی ئه‌م به‌رگری و پاراستنه‌ی شوناسه. ئه‌مه‌ش ته‌نها لایه‌نی کولتووری و کۆمه‌ڵایه‌تیی هاوکێشه‌که‌یه، و له درێژه‌دا به گوێره‌ی پێویست تیشک ده‌خه‌مه سه‌ر لایه‌نه‌کانی دیکه‌ش. به‌ڵام ده‌شێت بپرسین زمان له چ حاڵه‌تێکدا له‌م ململانێ کولتووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌دا سه‌ربڵند و سه‌رکه‌توو دێته ده‌ره‌وه؟ زمان چۆنچۆنی خۆی له هه‌مبه‌ر زمانه‌کانی دیکه و پێکهاته کولتوورییه‌کانی دیکه‌دا پڕچه‌ک و ته‌یار ده‌کات؟ یان ئه‌گه‌ر ڕوونتر بپرسم ده‌ڵێم زمان له چ حاڵه‌تێکدا هێنده به‌هێزه که وه‌کوو مه‌کینه و قه‌لغانێکی به‌رگری و ته‌نانه‌ت ههژموونساز له هاوکێشه کولتووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌کاندا له دۆزێکی دانسقه‌دا ڕۆڵ ده‌گێڕێت؟ سه‌ره‌تا ده‌بێت له سه‌ر سێ وێستگه بوه‌ستین، ئه‌وکات ده‌گه‌ین به‌م ئه‌نجامه که بۆچی زمان بۆ کورد بناغه‌ی شوناس به هه‌موو ڕه‌هه‌نده کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و کولتوورییهکانێتی و ڕۆڵ و به‌رپرسیارێتی ئێمه له‌م ئاڕاسته و ئاقاره‌دا چه‌ند گرنگ ده‌بێت.
“وێستگه‌ی یه‌که‌م: زمانی دایک وه‌کو کۆڵه‌که‌ی په‌روه‌رده”
زمان له هه‌موو کۆمه‌ڵگاکاندا شوێنگه‌ی هه‌ست و نه‌ست و بیرکردنه‌وه و به‌پێی ئه‌وه‌ش پردی په‌یوه‌ندییه، له‌سه‌ر پێناسه و ڕۆڵ و کاریگه‌رییه‌کانی زمان ده‌یان و بگره سه‌دان تیۆره له لایه‌ن بیرمه‌ندان و زمانه‌وانان و ته‌نانه‌ت کۆمه‌ڵناسانه‌وه خراوه‌ته ڕوو و ئاڵۆزیی و فره‌ڕه‌هه‌ندیی زمان به ڕاده‌یه‌که هیچ کام له‌و پێناسانه وه‌کوو پێناسه‌ی ڕه‌ها و ته‌واو وه‌رنه‌گیراون و ناگیرێن! ئه‌وه‌ی هه‌یه هه‌ر پێناسه‌یه‌ک بۆ دۆخێکی زمانی و ڕه‌هه‌ندێک له ڕه‌هه‌نده‌کانی زمان به‌ڕاست ده‌گه‌ڕێت واته زمان وه‌کوو ئاسکێکی سرکه له جیهانی مرۆڤ و پانتای وجووددا و به ئاسانی که‌وی ناکرێت و نابێت به داوه‌وه. جیا له‌وه‌ی زمان له‌م شكڵ و فۆرمه‌دا خانه‌ی وجوودی مرۆڤن به هه‌موو ورده‌کاری و ئاڵۆزییه‌کانییه‌وه، هه‌رێمی پته‌و و گه‌وره‌ی شوناسی مرۆڤ به مۆرک و تایبه‌تمه‌ندییه کولتوورییه‌کانی خۆشیه‌تی. بۆ نموونه زمانی ئەڵمانی ڕاسته له ڕووی فه‌لسه‌فی و زانستییه‌وه زمانێکی جیهانی و ده‌وڵه‌مه‌نده و بۆ زمانه‌کانی دیکه‌ش سه‌رچاوه‌که‌ی مه‌عریفی به‌هێز و گرنگه به‌ڵام زمانی نه‌ته‌وه‌ی ئەڵمانیشه، زمانێکه که هه‌م هیتله‌ر قسه‌ی پێی کردووه و هه‌م کانت و هه‌م هایدیگه‌ر، ئه‌مه به‌و مانایه‌یه زمان هه‌ڵگری توخمه سه‌ره‌کییه‌کانی کو‌لتوور و شوناسی سیاسی و مه‌عریفیی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌کیشه.
ئه‌گه‌رچی زمانی ئەڵمانی، ئینگلیزی و فه‌ره‌نسی سێ زمانی گه‌وره و گرنگی ئاسته‌کانی زانست، فه‌لسه‌فه، ئه‌ده‌ب، ته‌کنه‌لۆژیا و مێژوون، به‌ڵام به‌و مانایه‌ش نییه که وڵاتی ئەڵمان، زمانی ئینگلیزیی په‌راوێز ده‌خات یان وڵاتی ئینگلیزی ئەڵمانی و فه‌ره‌نسی یان وڵاتی فه‌ره‌نسه ئه‌و دوو زمانه پشت گوێ ده‌خات و وه‌لاوه ده‌نێت له سیسته‌می په‌روه‌رده‌یدا، نه‌خێر، به‌ڵکوو ئه‌م زمانانه له په‌یوه‌ندییه‌کی بزۆز و به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ توانست و ژێرخانه‌کانی یه‌کدیدان جیا له‌وه‌ش که وه‌کوو ڕه‌گ و ڕه‌چه‌ڵه‌کی زمان ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ سه‌رچاوه‌یه‌کی هاوبه‌ش. به‌ڵام به هه‌موو ئه‌مانه‌شه‌وه له هه‌ر کام له‌و وڵاتانه‌دا زمانی سه‌ره‌کیی په‌روه‌رده و ژیان و بیرکردنه‌وه و… زمانی دایکه، ئه‌گه‌ر له ئینگلیز زمانی ئەڵمانی بکرێت به زمانی په‌روه‌رده و خوێندن ده‌بێته به گه‌وره‌ترین مه‌هزه‌له و گاڵته‌جاڕی و لێکه‌وته‌ی گه‌وره‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیی ده‌بێت هه‌روا بۆ ئه‌و دوو وڵاته‌ی دیکه‌ش هه‌ر ئه‌مه ڕاسته! ئه‌مه نه‌ک ته‌نها بۆ ئه‌و وڵاته ڕۆژئاواییانه به‌ڵکوو بۆ وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵات و بۆ نموونه وڵاتانی عه‌ره‌بی و ته‌نانه‌ت ئێرانیش ڕاسته، هیچ کام له وڵاته عه‌ره‌بییه‌کان و ئێران ناچن زمانی ئینگلیزی یان زمانێک جگه له زمانی دانیشتووانه‌که‌ی بکه‌ن به پێوه‌ر و کۆڵه‌که بۆ فێرکاری و په‌روه‌رده. ئێسته به‌هۆی جیهانگیریی و په‌ره‌سه‌ندنی ڕێکخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان له وڵاتانی دونیادا زمانی ئینگلیزیی هه‌ژموونییه‌کی زیاتری په‌یدا کردووه به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هیچ وڵاتێک نایه‌ت زمانی ئینگلیزی بکات به جێگره‌وه‌ی زمانی دایک و به‌م شێوه‌یه بکه‌وێته گیانی ڕه‌گ و ڕیشه و شوناسی خۆی.
ئێسته ئاساییه که له کوردستان زمانی ئینگلیزی وه‌کوو زمانێکی کارا و گشتگیری جیهانی به‌های پێ بدرێت هه‌م له قوتابخانه و خوێندنگاکان و هه‌میش له په‌روه‌رده‌ی خێزاندا به‌ڵام ده‌بێ فێربوونی زمانی ئینگلیزی له ڕێگه‌ی زمانی یه‌که‌م واته زمانی دایک بێت، لێکۆڵینه‌وه‌کان ده‌ریان خستووه فێربوونی زمانی دایک فێربوونی زمانی دووه‌م یان سێیه‌م ئاسانتر و له هه‌مان کاتدا قووڵتر ده‌کاته‌وه، ئه‌م دۆخه‌ی له به‌شێک له پێکهاته‌کانی خوێندنگا و خێزاندا که زمانی ئینگلیزی وه‌کوو ههژموونیییهک له خشته‌ی بردوون مه‌ترسییه‌کی گه‌وره‌یه و ده‌بێت وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده پلانی جدی و یه‌کلاکه‌ره‌وه و بڕیاری لێبڕاوانه‌ی له‌سه‌ر بدات ئه‌گینا زمان وه‌کوو یه‌کێك له تاقانه‌ترین سەنگەرەکانی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی ئێمه و هاوکات خانه‌ی وجوودیی مرۆیی ئێمه، ورده‌ورده به‌ره‌و کاڵبوونه‌وه و فه‌رامۆشی و له‌ناوچوون ده‌چێت.
“وێستگەی دووه‌م: دۆزی کورد و زمانی به‌سیاسیکراو”
له وێستگه‌ی دووه‌مدا گرنگیی وێستگه‌ی یه‌که‌م و تێپه‌ڕین له گوتاری مانه‌وه بۆ گوتاری ڕزگاری ده‌نه‌خشێنم. ڕه‌نگه ئه‌و وته‌یه‌ی ڕووناکبیر و نووسه‌ری ناوداری باکووری کوردستان؛ مو‌سا عه‌نته‌ر ته‌واو بێت که له دانیشتنی دادگایکردنه‌که‌یدا وتی ئه‌گه‌ر زمانی من بونیاد و پێکهاته‌ی ده‌وڵه‌ته‌که‌ی تۆ بهێنێته له‌رزه ئه‌وا واتای ئه‌وه‌یه که تۆ ده‌وڵه‌ته‌که‌ت له‌سه‌ر خاکی من دروست کردووه، باشترین ده‌ربڕین بێت بۆ ئه‌وه‌ی تێبگه‌ین که زمانی کوردی و دۆزی کورد چه‌نده پێکه‌وه گرێدراون، ئه‌و دۆخه‌ی که به سه‌ر زمانی کوردی‌دا له باکوور هات له ئاست و فۆرمی جیا و جۆراوجۆردا له له باشوور و ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاواش پیاده بووه. ئه‌مه‌ش گرێدراویتی زمان و شوناسی سیاسی یان زمان و دۆزی کورد زیاتر ده‌رده‌خات بۆمان. ڕاسته له وڵاتێکی وه‌کوو ئێراق زمانی کوردی وه‌کوو ئه‌وه‌ی له تورکیادا و له یاسا و بڕگه‌کانیدا دژی زمانی کورد کرا، نه‌کرا به‌ڵام ته‌نها له ئه‌نفاله بهدناوهکهدا سه‌ره‌ڕای ئه‌و کۆمه‌ڵکوژییه دڕندانه‌یه که هه‌موومان ده‌یزانین سه‌دان و ده‌یان هه‌زار کتێب و ده‌ستنووس و نوسخه‌ی خه‌تی له ئاگردا سووتێنران، ئه‌گه‌ر ته‌مه‌نمان بڕ بکات یاخود له زاری نه‌وه‌ی پێش ڕاپه‌ڕین و ئه‌نفال بیستبێتمان ده‌یان دیمه‌ن و وێنه‌ی خه‌مناک و ناخهه‌ژێنی سووتانی کتێبخانه کۆن و ناوازه‌کان له پرۆسه‌ی ئه‌نفالدا هاتووه‌ته ئاراوه، کێ ده‌توانێت بڵێت ده‌یان ده‌ستنووس و سه‌دان نوسخه‌ی خه‌تی له شاعیرانێکی گه‌وره که کۆڵه‌که و بنه‌مای زمانی ئێمه‌یان ده‌گه‌شانده‌وه له‌ناو نه‌چووبێتن؟
ئه‌مه ئه‌و ڕه‌هه‌نده‌ی دیکه‌ی ئه‌نفاله که ده‌شێت زیاتر لێی بکۆڵینه‌وه و کاری له‌سه‌ر بکه‌ین. بێگومان به‌عس به وشیاری و پلانه‌وه ئه‌مه‌ی کردووه، مه‌گه‌ر گونده‌کان له پێکهاته‌ی جوگرافی و کولتووری هه‌موو دونیادا وه‌کوو کۆڵه‌که و سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کیی و ڕه‌سه‌نی هه‌ر کو‌لتوور و ناوه‌ندی هه‌ڵقوڵانی زمانه‌کانی ئه‌و وڵاته نین، خاپوورکردنی ئه‌و هه‌موو گوندانه‌ی باشوور و کوێرکردنی ئه‌و هه‌موو کانیانه هه‌مان کوشتن و له‌سێداره‌دانی زمانی کوردی و بریندارکردنی بوون! ئه‌نفالکردنی زمان له کوێره‌ڕێ و لارهڕێی دیکه‌دا هاته ئاراوه، و ئه‌مه په‌یوه‌ستبوونی زمان و دۆزی کورد به یه‌کدی و گرێدراویی ئه‌م دووه له پرۆسه‌ی شوناسسازی یان شوناسکوژیدا ده‌رده‌خه‌ن، بۆیه له ڕابوون و هه‌ستانه‌وه‌ی زمانی‌دا به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ئه‌م دۆزه ئهنفالییه ده‌بینرێت، په‌روه‌رده به زمانی دایک تێپه‌ڕێن له دۆخی ئه‌نفالی و هه‌نگاونان به‌ره‌و ڕابوون و هه‌ستان و دروستکردنی ئاسۆی هیوا و ڕزگارییه.
“وێستگه‌ی سێیه‌م: جیهانگیریی و پلانی زمانی”
ئه‌مڕۆ ڕوون و ئاشکرایه به‌هۆی جیهانگیرییه‌وه کولتووری مرۆیی له ئاستێکی به‌رفراواندا به‌ره‌و یه‌ک ده‌ستبوون ده‌چێت و ئه‌م حاڵه‌ته‌ش به‌ر له‌وه‌ی قازانجی بۆ نه‌ته‌وه‌کانی ژێرده‌ست و نه‌ته‌وه‌یه‌کی وه‌کوو کورد بێت زیاتر زیانی هه‌یه و به پله‌ی یه‌که‌م زیانه‌که‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی که ئێمه چ وه‌کوو پێکهاتی کولتووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و چ وه‌کوو کیان و قه‌واره و به گشتی دۆزی سیاسی ئاماده‌ی وه‌ها ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌کمان له‌گه‌ڵ جیهانگیریی و دیارده ئاڵۆز و زۆر و زه‌به‌نده و لهناکاوهکانیدا نه‌بووه و ئێسته‌ش پێم وایه نییه ئاماده‌یی ئه‌وه‌مان هه‌بێت، چونکە ئێمه هه‌م له ڕووی کولتوورییه‌وه هه‌نگاومان بۆ دروستکردنی پێکهاته‌یه‌کی کو‌لتووریی یه‌کده‌ست و یه‌کانگیر به مانا گشتییه‌که‌ی هه‌ڵنه‌گرتووه و هه‌میش له ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێ له به سه‌ر چه‌ند وردهپێکهاتدا دابه‌ش بووین، دۆخی دوالیزمی سیاسی و حیزبایه‌تییش زیاتر دۆخه‌که‌ی ئاڵۆز کردووه‌ته‌وه و په‌ره به‌م جۆره پاشاگه‌ردانی و بشێوییه ده‌دات، ئه‌گه‌رچی له پلانی کابینه جیاوازه‌کانی حکومه‌تدا هه‌وڵ هه‌بووه و هه‌یه که ئه‌م پێکهاته یه‌کده‌سته شوناسمه‌ندانه دروست بکرێت و کۆڵه‌که‌کانی شوناس و ئایدێنتیتی ئێمه پته‌وتر بێت و له به‌رده‌م ڕه‌شه‌بای جیهانگیرییدا ئاسیوی به‌ر نه‌که‌وێت، به‌ڵام بێگومان به‌ڕاده‌ی پێویست نییه و هه‌وڵی فره لایه‌نی ده‌وێ که نه‌ک ته‌نها حکومه‌ت به‌ڵکوو ده‌بێت ڕۆشنبیران و دامه‌زراوه کۆمه‌ڵایه‌تی و ناحکومییه‌کان و ڕۆشنبیران و چالاکانی کولتووری و ژنان و هه‌ر تاکێکی کورد که ئه‌م خه‌سار و مه‌ترسییانه هه‌ست پێ ده‌کات له‌م پرۆسه‌یه‌دا به‌شدار بن.
وه‌کوو له سه‌ره‌وه تیشکم خسته سه‌ری ڕۆڵی زمان له یه‌کخستنه‌وه و یه‌کانگیری نێوماڵی کورد له ئاسته شوناسمهندانهکهیدا ڕۆڵێکی بنه‌ڕه‌تی و بنه‌ماییه، بۆیه به‌سه‌ر یهکهوهنانی جومگه دابڕاو و قڵشتێکهوتووهکانی کۆمه‌ڵگای کوردی چ له ڕووه سیاسییه‌که‌ی و به‌هۆی داگیرکاریی مێژوویی و ده‌ستێوه‌ردانی سیاسییه‌وه و چ له ڕووه کولتوورییه‌که‌ی و له ئاستی ته‌کنه‌لۆژیا و کولتوورسازیی جیهانی له‌م ڕێگه‌یه‌وه ده‌پۆڕێت و بۆ ئه‌مه‌ش دانانی پلانی زمانی ڕێگه‌ی ده‌ربازبوون له‌و دۆخه و هه‌نگاوهه‌ڵێنان بۆ دۆخی سه‌رکه‌وتوو و ئه‌مینه.
پلانی زمانی له‌خۆگری زۆر ئاست ده‌بێت که وه‌کو له وێستگه‌کانی پێشوودا باسم کرد په‌روه‌رده و فێرکاری له خۆ ده‌گرێت تا وشه سازیی و وشه‌دانان، به‌ڕۆژکردنه‌وه‌ی ڕێنووس و ڕێزمان له‌گه‌ڵ پێشکه‌وتنه‌کانی جیهانی ته‌کنه‌لۆژیا و زانست و مه‌عریفه و به گشتی پێویستییه‌کانی سه‌رده‌م، پێناسه‌کردنی تاکتیک و ستراتیژ بۆ زمان له تۆڕێکی گه‌وره‌ی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ زمانانی دیکه‌ی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی، نزیککردنه‌وه‌ی زاراوه کوردییه‌کان و بهخزمهتگرتنیان بۆ زیاتر ستانداردکردنی زمانی کوردی و پێکهێنانی زمانێکی یه‌کگرتووی سه‌رانسه‌ری له ئاسۆیه‌کی زه‌مه‌نیی درێژماوه‌دا و هتد. بێگومان خاڵی ده‌ستپێکی هه‌موو ئه‌م بڕگه و ئامانجانه که له هه‌ناوی پلاندانێکی زمانیی تۆکمه‌دا دێته ده‌ره‌وه به بنه‌ما و به ئهولهویهتدانانی زمانی دایکه و کاتێک له‌م خاڵه لا بده‌ین ئه‌وا هیچ کام له‌م وێستگانه ده‌ست پێ ناکه‌ن و ناتوانین ئه‌و ئاقاره شوناسمهندانهیهی که زمان کۆڵه‌که و دره‌خته له مێژینهکهیه ببڕین و بگره مه‌ترسیی جدی و قه‌ره‌بووهه‌ڵنه‌گر ڕووبه‌ڕووی شوناس و کیانمان ده‌بێته‌وه.