حەفتا و هەشت ساڵ لەمەوبەر و لە رۆژى (16/تەمموز/1945)دا، ئەمەریکا یەکەم تاقیکردنەوەى بۆمبى ئەتۆمى لە بیابانی ئەلامۆگۆردۆ لە نیو مەکسیکۆ ئەنجامدا، بەپێى ئامارێکى نەتەوە یەکگرتوەکان لەو کاتەوە تائێستا زیاتر لە (٢٠٠٠) تاقیکردنەوەی ئەتۆمی لە سەرانسەری جیهاندا ئەنجامدراوە. نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیەنێت تاقیکردنەوە ئەتۆمیەکان لە هەموو جۆرە ژینگەیەکدا ئەنجامدراون: لەسەر ڕووی زەوی، لە ژێر زەوی و ژێر ئاو، لەسەر ڕووی ئاو و ژێر ئاو تا قووڵایی (٦٠٠) مەتر، لەژێر زەویدا تا قووڵایی زیاتر لە (٢٤٠٠) مەتر. هەروەها لە ڕێگەی فڕۆکەو لە ڕێگەی مووشەکەوە تا (٢٠٠) میل بۆ بەرگەهەوا هەڵدراون.
لەسەر داواى کازاخستان و بە ئامانجی یادکردنەوەی داخستنی شوێنی تاقیکردنەوەی ئەتۆمی سێمیپالاتینسک لە (٢٩/ئابی/١٩٩١)دا، کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە (64)ەمین دانیشتنی خۆیدا لە (2/کانوونی دووەم/٢٠٠٩)، بە کۆی دەنگ رۆژى (29/ئاب)ى هەموو ساڵێکى وەک ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان دیاریکرد.
“ئەمەریکا، لانکەى ئەتۆم”
لەگەڵ ناو هێنانى چەکى ئەتۆمیدا، جیهان کارەساتى هێرۆشیما و ناکازاکى بیر دەکەوێتەوە، ئەو دوو شارەى ژاپۆن کە لەلایەن فڕۆکەکانى ئەمەریکاوە لە (6/ئاب/1945) بە چەکى ئەتۆمى خاپورکران، بەهۆیەوە زیاتر لە (220) هەزار کەس کوژران. بەگوێرەى ئامارێکى نەتەوە یەکگرتووەکان لەدواى یەکەم تاقیکردنەوەى ئەتۆمى ئەمەریکا لە نیو مەکسیکۆ لە (1945)، تا ساتى واژۆکردنی پەیماننامەی قەدەغەکردنی گشتگیری تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان لە ساڵی (١٩٩٦)، لە سەرانسەرى جیهاندا زیاتر لە (٢٠٠٠) تاقیکردنەوەی ئەتۆمی ئەنجامدراوە، بەم شێوەیە:
- ئەمەریکا: لەنێوان ساڵانی (١٩٤٥ بۆ ١٩٩٢): (١٠٣٢) تاقیکردنەوەی ئەنجامداوە.
- یەکێتی سۆڤیەت: لەنێوان ساڵانی (١٩٤٩) بۆ (١٩٩٠): (٧١٥) تاقیکردنەوەی ئەنجامداوە.
- شانشینی یەکگرتوو: لەنێوان ساڵانی (١٩٥٢ و ١٩٩١)دا (٤٥) تاقیکردنەوەی ئەنجامداوە.
- فەرەنسا: لەنێوان ساڵانی (١٩٦٠ بۆ ١٩٩٦): (٢١٠) تاقیکردنەوەی ئەنجامداوە.
- چین: لەنێوان ساڵانی (١٩٦٤) بۆ (١٩٩٦): (٤٥) تاقیکردنەوەی ئەنجامداوە.
لەدواى واژوکردنى پەیماننامەی قەدەغەکردنی گشتگیری تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان لە ئەیلوولی (١٩٩٦)، نزیکەی شەش تاقیکردنەوەی ئەتۆمی دیکە ئەنجامدراوە، بەجۆرێک دوو تاقیکردنەوە لە هندستان لە (1998)، تاقیکردنەوەیەک لە پاکستان لە (1998)، زنجیرەیەک تاقیکردنەوە لە کۆریا لە ماوەى ساڵانى (2006 – 2017).
لە سۆنگەى باوەڕبوون بەوەی کە داماڵینی چەکی ئەتۆمی و نەهێشتنی تەواوەتی چەکی ئەتۆمی تاکە گەرەنتی ڕەهایە لە دژی بەکارهێنان یان هەڕەشەی چەکی ئەتۆمی، ئەنجومەنی گشتی رێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان، رۆژى (٢٥/ئەیلوول)ی وەک ڕۆژی جیهانی بۆ نەهێشتنی یەکجاری چەکی ئەتۆمی دیاریکرد.
“فەرەنسا: تاقیکردنەوە لە بیابان”
لە ئۆکتۆبەرى (1945)، تەنها دواى دوو مانگ لە کارەساتى هێرۆشیما، ژەنەراڵ شارل دیگۆل کە دواتر بووە سەرۆکى فەرەنسا، فەرمانیکرد فەرەنسا بۆ سەلماندنى خۆى دەست بکات بە دروستکردنى بۆمبى ئەتۆمى. دواى زیاتر لە دە ساڵ کارکردن، فەرەنسیەکان یەکەم بۆمبى ئەتۆمیان دروستکرد، بۆ تاقیکردنەوەى بۆمبەکەش بیابانەکانى جەزائیریان هەڵبژارد، چونکە لەوکاتەدا جەزائیر داگیرکەیەکى فەرەنسى بوو. سوپای فەرەنسا لە (١٣/شوبات/١٩٦٠) یەکەم بۆمبی ئەتۆمی تەقاندەوە، کە چوار هێندەی ئەو بۆمبە بەهێزتر بوو کە ئەمەریکا بۆردومانى هیرۆشیمای پێکرد. بۆ گۆڕەپانى تاقیکردنەوەکانى ڕووبەری (١٠٨) هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشەی لە بیابانەکانى جەزائیر بە دوورى چل کیلۆمەتر لە شاری ڕیگان تەرخانکرد.
هەرچەندە جەزائیر لە (1962) سەربەخۆیى بەدەستهێنا و کۆتایى بە داگیرکارى فەرەنسا هات، بەڵام بەگوێرەى ڕێککەوتننامەی ئێڤیان فەرەنسا دەیتوانى لە (پێنج تا بیست) ساڵى دواتر، تاقیکردنەوە ئەتۆمیەکانى لە بیابانەکانى جەزائیر ئەنجامبدات. تا کشانەوەى تەواوەتى سوپاى فەرەنسا لە جەزائیر لە حوزەیرانى (1966)، فەرەنسا کۆى گشتى (57) تاقیکردنەوەى ئەتۆمى ئەنجامدا. هەرچەندە فەرەنسیەکان بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە تاقیکردنەوەکانیان سەلامەتن و هیچ شوێنەوارێکی تەندروستی و ژینگەیى و فرەچەشنی ئیکۆلۆژی بەجێناهێڵن و ئەو زەوییانەی بەکاریدەهێنن لە کاریگەرییە ئەتۆمییەکان پاکیدەکەنەوە، بەڵام دۆخى ژینگەیى و تەندروستى ئەو ناوچانە و پشنکینە تاقیکارییەکان، پێچەوانەى ئەو وتانەیان سەلماند.
بەهۆى کاریگەرى ئەو تاقیکردنەوانەوە، دەیان ساڵە جەزائیرییەکان لە ئەنجامی تیشکدانەوە و ماددە ئەتۆمییە مەترسیدار و پیسکراوەکانەوە، گرفتارى نەخۆشیەکانى شێرپەنجەی سییەکان، شێواوی بۆماوەیی و زگماکی بوونەتەوە. چالاکوانانى جەزائیر دەڵێن بەهۆى ئەو تاقیکردنەوە ئەتۆمیانەی کە بۆ ماوەی سی ساڵ لە وڵاتەکەیان ئەنجامدراوە، زیاتر لە (١١٠) هەزار کەس بەدەست نەخۆشیی شێرپەنجەی جۆراوجۆرەوە دەناڵێنن.
کۆمەڵەی جەزائیر بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ ژمارەی ئەو کەسانەی کە بەهۆی تیشکدانەوەوە تووشی کێشە بوون، بە نزیکەی (٢٤) هەزار کەس خەمڵاندووە، هەندێک سەرچاوەکانی دیکەى جەزائیر ڕایانگەیاندووە کە ژمارەی قوربانییەکان بەلایەنی کەمەوە گەیشتووەتە سى هەزار کەس. بەڵام عەبد کازم ئەلعەبودی، مامۆستای فیزیای ئەتۆمی لە زانکۆی ئۆران کە لە ساڵی (٢٠٢١) کۆچی دوایی کردووە، دەڵێت: لەنێوان (٢٧ بۆ ٦٠) هەزار هاوڵاتى جەزائیری تووشی ئاستی بەرزی تیشکدانەوە بوون.
“لە بیابانەوە بۆ زەریاکان”
دواى ئەوەى فەرەنسا لەژێر فشارى ناوخۆیى و دەرەکیدا، دەستبەردارى بیابانەکانى جەزائیر بوو، ئەمجارە روویکردە ناو جەرگەى زەریاکان و دوورگەکانی پۆلینیزیاى لە باشووری زەریای هێمن هەڵبژارد، لێرەش دەیان تاقیکردنەوەی ئەتۆمی ئەنجامدا، لەنێویاندا یەکەم بۆمبی ئەتۆمی هایدرۆجینی فەرەنسی، کە هێزەکەی نزیکەی (١٧٠) هێندەى بۆمبەکەی هیرۆشیما بوو. ناوچەی پۆلینیزیا لە پێنج کۆمەڵە دوورگە پێکدێت، لە باشووری زەریای هێمنە لە ڕۆژهەڵاتی ئوسترالیا، (١١٨) دوورگە لەخۆدەگرێت و ڕووبەرەکەی بە (4167) کیلۆمەتری چوارگۆشە مەزەندە دەکرێت کە (٧٦) کیلۆمەتر چوارگۆشەیان مرۆڤى تێدا نیشتەجێیە، ئەم ناوچەیە دراوى یۆرۆ بەکارناهێنێت و ئەندامی یەکێتی ئەوروپا نییە، بەڵام لەڕووی کارگێڕییەوە سەر بە فەرەنسایە.
سەرەتاى داگیرکارى فەرەنسى بۆ ئەم دوورگانە دەگەڕێتەوە بۆ چلەکانی سەدەی نۆزدەهەم، کاتێک لە مانگی ئایاری ساڵی (١٨٤٢) دەستیکرد بە لکاندنی دوورگەکانی مارکیزاس، پاشان تاهیتی، ئەوەش بە بیانووی دامەزراندنی ئازادی ئایینی بۆ میسیۆنە کاسۆلیکییەکان. لە ساڵی (١٩٤٦) ڕەگەزنامەی فەرەنسی بە پۆلینیزییەکان درا، لە ساڵی (١٩٥٧) ناوەکەى بۆ پۆلینیزیای فەرەنسی گۆڕدرا. یەکەم تاقیکردنەوەى ئەتۆمى لە پۆلینیزیا لە (٢/حوزەیران/١٩٦٦) ئەنجامدرا، هێزی بۆمبەکە گەیشتە نزیکەی دوو سەد تۆن، کە دە هێندە لە بۆمبەکانی هیرۆشیما و ناگازاکی زیاتر بوو. لەنێوان ساڵانی (١٩٦٦ بۆ ١٩٩٦)، پاریس لەسەر ئەو دوو دوورگەیە (١٩٣) تاقیکردنەوەی ئەتۆمی ئەنجامدا.
بەهێزترین تاقیکردنەوەی ئەتۆمی فەرەنسا لە (٢٤/ئاب/١٩٦٨) ئەنجامدرا، کاتێک پاریس تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمی فیوژنی ئەنجامدا، کە بە “بۆمبی H” ناسراوە، ئەوە سیەم تاقیکردنەوەى ئەتۆمی فەرەنسا بوو لەسەر دوورگەى مەرجانى ڤانگاتۆڤا، لە پۆلینیزیای فەرەنسی. کێشى بۆمبەکە نزیکەی سێ تۆن دەبوو، بە باڵۆنێکی گەورەوە هەڵواسرابوو کە ناوی “کانۆپوس” بوو، پڕ بوو لە هایدرۆجین، پاشان لە بەرزی (550) مەترەوە تەقیەوە و (2.6) مێگاتۆن ترینیترۆتۆلۆین (TNT)ی هەڵگرتبوو، بەوەش دەبووە بەهێزترین تاقیکردنەوەی ئەتۆمی کە فەرەنسا ئەنجامی دابێت، تەقینەوەکە بە سەرکەوتوویى ئەنجامدرا، بەوەش فەرەنسا بووە پێنجەم دەوڵەتی گەرمە ئەتۆمی، دوای ئەمەریکا و یەکێتی سۆڤیەت و بەریتانیا و چین.
تەنها لە ماوەی هەشت ساڵدا، فەرەنسا (101,258,02) کیلۆتۆن ماددەى تی ئێن تی لەم ناوچەیەی زەریای هێمن بەرداوەتەوە، کە هاوتای چوار بۆمبی کانۆپە، ئەوەش بەبێ ڕەزامەندی خەڵکی دوورگەکان و بەبێ ئاگادارکردنەوەیان لەو مەترسیانەى کە دوچاریان دەبێت.
“کۆمەڵکوژى لە زەریاکاندا”
هەرچەندە فەرەنسا هەمیشە دەڵێت تاقیکردنەوە ئەتۆمیەکانى پاکن و هیچ دەرئەنجامێکی نەرێنییان نییە، بەڵام ڕۆلاند ئۆلدهام سەرۆکی مێژوویی کۆمەڵەی قوربانیانی پۆلینیزیا دەڵێت:- ئەوە درۆیەکی گەورەیە. لەکاتى تاقیکردنەوەکاندا دەسەڵاتدارانی فەرەنسا دوورگەکانیان چۆڵ نەکرد، دانیشتووانیان لە مەترسییەکان ئاگادارنەکردەوە، بۆیە زیانێکى زۆرى بە ژینگە و مرۆڤ لەو دورگانە گەیاند، باشترین بەڵگەش زیادبوونى ژمارەى لەدایکبوونى منداڵى شێواوە لەو ناوچانە. پاشان تووشبوونە بە جۆرەکانى نەخۆشى شێرپەنجە، بەجۆرێک لە ساڵی (٢٠١٧)دا (٤٦٧) حاڵەتى تووشبوون بە نەخۆشى شێرپەنجە تۆمارکراوە، لەکاتێکدا لە ساڵی (١٩٩٢) تەنها (٩٣) حاڵەت تۆمارکراوە.
هەندێک لە لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن لەو دوورگانە نزیکەی (١٥٠) هەزار کەس بەر تیشکی بۆمبی ئەتۆمی فەرەنسا کەوتوون. چونکە ئاوی خواردنەوە شەش هێندە تیشکدەرتر بووە، نمونەی خاک پەنجا هێندەی ئاسایی تیشکدەرتر بووە. نزیکەی سێ مانگ دوای یەکەم تاقیکردنەوەی ئەتۆمی، لێکۆڵینەوەیەک دەریخستووە کە ئاستى تیشکدانەوە لە ئاوی باراناودا گەیشتووەتە ئاستێکی سەرسوڕهێنەر، کە (11) ملیۆن جار لە بارى ئاسایی زیاترە.
لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی (٢٠١٨)، ئۆسکار تیمارو، سیاسەتمەداری ئۆپۆزسیۆن لە پۆلینیزیای فەرەنسی، لە کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک ڕایگەیاند، بەناوی هەموو ئەو کەسانەی کە بەهۆی دەرئەنجامەکانی کۆلۆنیالیزمی ئەتۆمیەوە گیانیان لەدەستداوە، لە دادگای تاوانى نێودەوڵەتی بەهۆی ئەنجامدانى “تاوانی دژی مرۆڤایەتی”یەوە، سکاڵایەک لەدژى فەرەنسا تۆماردەکات.
لە ساڵی (٢٠١٠) پارلەمانى فەرەنسا یاسای مۆرینى پەسەندکرد، کە تیایدا دان بە بەرپرسیارێتی فەرەنسادا دەنێت و ڕێگەیەک بۆ قەرەبووکردنەوە دەکاتەوە، بەڵام قوربانییەکان لەپۆلینیزیا یاساکەیان بە بێمانا زانی، چونکە لە ساڵی (٢٠١٦)دا لە کۆی هەزار دۆسیە تەنها بیست دۆسیە پەسەندکرا، واتە (٩٨%) دۆسیەکان ڕەتکرانەوە.
سەرچاوەکان:
- ماڵپەڕى فەرمى نەتەوە یەکگرتوەکان.
- ماڵپەڕى کەناڵى ئەلجەزیرە.
- ماڵپەڕى بى بى سى عەرەبى.
- ماڵپەڕى تەرەتە عەرەبى.
- ماڵپەڕى المیادین.
- ماڵپەڕى نون بوست.