دوو خەڵاتى تایبەت بە شیعرى وەرگرتوە، چوار ساڵ سەرۆکى وڵاتەکەى بوو، سیازدە ساڵ خۆى شاردەوە، دواى چوار ساڵ لە دادگایکردن بە چل ساڵ زیندانى سزادرا، کاتێک تانەى لە بڕیارى دادگا گرت، سزاکەى بۆ کرایە زیندانى هەتاهەتایى، ئێستا لە یەکێک لە زیندانەکانى بەریتانیادایە، ئەمە سەربردەى سەرۆک و شاعیر و پزیشکى دەروونى “رادۆڤان کارازیچە”. دواى ئەوەى سربەکان لە مانگی نیسانی ساڵی (١٩٩٢)، دامەزراندنی کۆماری سربیایان لە بۆسنە و هەرزەگۆڤینا ڕاگەیاند، کارازیچ لە هەمان ساڵدا کۆمارى سربى بۆسنەى راگەیاند کە پایتەختەکەى سەرایڤۆ بوو، خۆشى بووە سەرۆکى وڵات. ئەو بە درێژایی ماوەی ساڵانی (١٩٩٢ تا ١٩٩5) هەڵمەتێکی بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی بەشێک لە بۆسنە و پاککردنەوەی ناوچەکان لە گەلانی غەیرە سربی ئەنجامدا، کە بە شەڕی بۆسنە ناسراوە و تیایدا زیاتر لە (200) هەزار موسڵمان کوژران، کارازیچ بە بەرپرسى یەکەمى ئەو کۆمەڵکوژییە دادەنرێت.
“شاعیر و پزیشکی دەروونی”
ڕادۆڤان کارازیچ لە (١٩ی حوزەیرانی ١٩٤٥)، لە شاری پێتنجیکا لە مۆنتینیگرۆ لە یوگۆسلاڤیای پێشوو لەدایکبووە. لە تەمەنی پانزە ساڵیدا ڕوویکردۆتە شاری سەرایڤۆ، لەوێ لە ساڵی (١٩٦٠) پەیوەندی بە کۆلێژى پزیشکی زانکۆی سەرایڤۆ کردووە، تاوەکو لە بەشی پزیشکى دەروونی بخوێنێت. لە ساڵی (١٩٧٥) بۆ ماوەی ساڵێک لە زانکۆی کۆڵۆمبیا لە نیویۆرک وەک پزیشک کاری کردووە، پاشان گەڕاوەتەوە بۆ یوگۆسلاڤیا، لەوێ لە نەخۆشخانەیەکی کۆسۆڤۆ وەک پزیشکی دەروونی کاری کردووە، بەڵام شەیدای نووسەری سربیی دۆبریکا چۆسیچ بووە، بەڕادەیەک هێندە کاریگەر بووە پێى بەشێوەیەکى نیمچە کۆتایى بواری پزیشکی بەجێهێشتوە و روویکردۆتە دونیاى سیاسەت. بەدەر لە سیاسەت و پزیشکى، کارازیچ خولیاى نووسینى شیعریشى هەبووە، لەو بوارەدا هێندە کارامە بووە لە ساڵى (1969) خەڵاتى دۆڤان ئۆتیچى بۆ شیعر وەرگرتوە. پاشان لە ساڵى (1994) بەهاوکارى یەکێتى نووسەرانى رووس، خەڵاتى ئەدەبى شۆڵۆخۆفى وەرگرتوە.
“سەرۆکێکى جەلاد”
کارازیچ لە ساڵی (1989) بەشداری لە دامەزراندنی پارتی دیموکراتی سربیا (Srpska Demokratska Stranka) لە بۆسنە و هەرزەگۆڤینا کرد، کە لە لیستی ئامانجەکانیدا کۆکردنەوەی کۆماری سربی بۆسنە و پاککردنەوەی وڵات لە موسڵمانانی بۆسنە کە بە “بۆشناقەکەکان” ناسرابوون هەبوو. لە ساڵى (1992) کە بووە سەرۆکى وڵات ئەو دیدە رەگەزپەرستانەیەى خستە بوارى جێبەجێکردنەوە.
لەماوەى چوار ساڵى سەرۆکایەتیەکەیدا، پرۆسەی پاکتاوی نەتەوەیی ئەنجامدا و بەهۆیەوە دەیان هەزار کرواتی راگوێزران، پاشان دەستیکرد بە کۆمەڵکوژکردنى موسڵمانەکان. لەو شەڕەدا نزیکەی سەد هەزار کەس کوژران و بووە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە دوو ملیۆن کەس. شەڕەکە لە کۆتاییەکانی ساڵی (١٩٩٥)دا کۆتایی هات.
لە مانگی تەمموزی ساڵی (١٩٩٥)، بۆسنە یەکێک لە دڕندانەترین تاوانە مرۆییەکانى لەدوای جەنگی جیهانییەوە بەخۆیەوەبینى، کە ناوی “سرێبرینیکا”ی هەڵگرتبوو، ئەو کۆمەڵکوژییەی کە لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا نزیکەی هەشت هەزار موسڵمانی تێدا کوژرا. کاتێک هێزەکانی سربیا، بە فەرمانی ڕاستەوخۆی ئەندامانی ئەرکانی سەرەکی سوپا و سەرکردە سیاسیەکانى کۆماری سربیا، ئۆپەراسیۆنێکی پاکتاوکردنی نەتەوەییان بە شێوەیەکی سیستماتیک لەدژی موسڵمانان ئەنجامدا، بە بەرچاوى فیرقەیەکى هۆڵەندی سەر بە هێزە ئاشتی پارێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، بەبێ ئەوەی بۆ ڕزگارکردنی هاووڵاتیانی مەدەنی هیچ کارێک بکەن.
هێزەکانی سربیا داوایان لە موسڵمانانی بۆسنە کردبوو کە چەکەکانیان ڕادەست بکەن، پاشان خۆیان و شارۆچکەکەیان رادەست بکەن، بەڵام ئەوان ئەو داواکارییانەیان ڕەتکردەوە، بۆیە هێزە چەکدارەکانی سوپاى سربیا پەلاماریان دان. لە سەرەتاى پەلامارەکەدا دەستیانکرد بە کۆمەڵکوژکردنى هەموو نێرینەیەکى تەمەن (7 بۆ 7٠) ساڵ، پاشان بەشێوەیەکى بەرنامەڕێژ دەستدرێژی سێکسیان کردە سەر ژنان. تائێستا تەرمى (٦٧٢١) کەس لە قوربانیانى سرێبرینیکا لە گۆڕستانی پۆتۆکاری لە رۆژهەڵاتى بۆسنە بەخاک سپێردراوە.
هەریەکە لە کارازیچ و ژەنەڕاڵ ڕاتکۆ میلاتیچ کە سەرکردایەتی میلیشیای سربیای دەکرد، هەروەها زۆرێک لە سەرکردە سیاسی و سەربازی و نیمچە سەربازییەکان، بەرپرسیارێتی ئەو جینۆسایدەیان دەکەوێتە ئەستۆ، سەربارى بەدواداچونى زۆربەی دەزگا نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان تاوەکو ئەو کەیسە بەپەلە بخرێنە بەردەم دادگا، بەڵام زۆری نەخایاند زۆرینەى تۆمەتبارەکان هەڵاتن.
لە تۆمارێکی دەنگیدا کە دادگای لاهای گوێى لێگرت، کارازیچ هەڕەشە لە موسڵمانانی بۆسنە دەکات و دەڵێت “دەبێت ئەم کەسانە لەسەر ڕووی زەوی نەمێنن… دەبێت درک بەوە بکەن کە بیست هەزار سربی چەکدار لە دەوروبەری سەرایڤۆ هەن، دۆخێک دروستدەکەن کە سێ سەد هەزار موسڵمان تێیدا دەمرن”. دواى (27) ساڵ لە روودانى کۆمەڵکوژیی سرێبرینیکا، لە رۆژى (11/تەمموز/2022) حکومەتى هۆڵەندا لەسەر زارى کاجسا ئۆلۆنگرێن وەزیری بەرگرییەوە داوای لێبوردنی لە کەسوکاری قوربانیانی جینۆسایدەکەی بۆسنە و هەرزەگۆڤینا کرد، دانی بە شکستی هێزەکانى وڵاتەکەیدا نا لە ڕێگریکردن لەو کۆمەڵکوژییەى کە ڕوویدا.
” 13 ساڵ خۆشاردنەوە”
کارازیچ بۆ ماوەی (13) ساڵ خۆى شاردەوە، واتە لە ساڵی (1995)ەوە کە کۆمەڵکوژییەکەی ئەنجامدا، لەکاتێکدا حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پاداشتێکی پێنج ملیۆن دۆلاری تەرخانکردبوو بۆ هەر کەسێک کە زانیاری بدات و ببێتە هۆی دەستگیرکردنی کارازیچ و ڕاتکۆ میلاتیچى هاوکاری. بەدرێژایى ئەو ماوەیە کارازیچ لە گەڕەکێکی نوێی بەلگراد لە شوقەیەکی دوو ژووریدا ژیاوە. ناوى خۆى گۆڕیوە بۆ دراگان بابیچ و قژێکى سپی هەبووە و ڕیشێکی درێژى بەرداوەتەوە، بانگەشەى ئەوەى کردووە کە پیاوێکی غەیرە سربیە و لە بواری چارەسەرى سرووشتیدا کاردەکات و کلینیکێکى تایبەت بە چارەسەری سرووستى کردۆتەوە. بەدەر لە کارى پزیشکى، بەو ناوە ساختەیەوە چەندین وتارى بۆ رۆژنامەکان نووسیوە.
دواجار لە رۆژى (٢١ی تەمموزی ٢٠٠٨) لەناو پاسێکدا لە پایتەختی سربیا بە کاغەز و ناسنامەیەکی ساختەوە دەستگیرکرا. لەسەرەتای ساڵی (2009)دا، کارازیچ لەلایەن دادوەرێکی سربییەوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کرا، دادگاییکردنەکەی نزیکەی سێ ساڵى خایاند، بەڵام دواتر لە ساڵی (2012) شوێنی دادگاییکردنەکەى گواسترایەوە بۆ دادگای تاوانى نێودەوڵەتی لە لاهای.
“دوایین بڕیارى دادگا”
کارازیچ لە (١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٢) لەبەردەم دادگای تاوانەکانی جەنگ لە لاهای ئامادەبوو، دادگاییکردنەکەی بە تۆمەتی تاوانی دژە مرۆڤایەتی بوو کە لە کاتی شەڕی بۆسنەدا ئەنجامدرابوو، ڕووبەڕووی چواردە تۆمەتی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی کرایەوە کە لە کاتی شەڕی بۆسنەدا ئەنجامی دابوو؛ لەنێویاندا کۆمەڵکوژی بەناوبانگی سرێبرینیکا، کە تێیدا هەزاران موسڵمانی بۆسنی کوژران، هەروەها راگواستنى دەیان هەزار کرواتی لە چوارچێوەى پرۆسەی پاکتاوی نەتەوەییدا بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سربی لە بۆسنە.
سەرەڕای ئەو تاوانانەی کە ئەنجامی دابوو، بەڵام کارازیچ لە کاتی دادگایکردنیدا متمانەی بە خۆی هەبوو، چاوەڕێی ئەوە بوو لە جینۆساید و هەموو تۆمەتەکانی دیکە بێتاوان دەربچێت، پرۆسەى دادگاییکردنی لەسەر تاوانەکانی جەنگ چوار ساڵى خایاند. لەکۆتایدا دادوەرەکان دوایین بڕیارى خۆیان لەدژى ناوبراو خوێندەوە. لە (٢٤ی ئازاری ٢٠١٦)، دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان سزای چل ساڵ زیندانی بەسەر کارازیچدا سەپاند. دادگاکە تاوانباری کرد بە بەرپرسیارێتی ڕاستەوخۆ لە قێزەونترین تاوانەکانی جەنگی بۆسنە کە بە خراپترین تاوان وەسف کران کە لە ئەوروپا لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە ئەنجامدراون.
پرۆسەى دادگایکردنى کارازیچ، لەدوای دادگاییکردنی نورنبێرگ لە دژی سەرکردە باڵاکانی نازییەکان لە ساڵی (١٩٤٥)، بە گەورەترین دادگاییکردنی تاوانەکانی جەنگ لە ئەوروپا دادەنرێت. کارازیچ لە (٢٢ی تەمموزی ٢٠١٦) تانەی لە بڕیارى کۆتایى دادگا دا. بەڵام لە (٢٠ی ئازاری ٢٠١٩)دا تانەکەى ڕەتکرایەوە و سزاکەى بۆ کرایە زیندانی هەتاهەتایی. دواى دوو ساڵ لەو بڕیارە، لە مانگی ئایاری ساڵی (٢٠٢١)دا بۆ زیندانێکی بەریتانیا گوازرایەوە. لەئێستادا رۆژەکانى تەمەنى لە زیندانێکى بەریتانیادا بەسەردەبات.
سەرچاوەکان:
- عماد عنان: کارادیتش.. الشاعر و الطبیب النفسى الژى قتل 8 الاف مسلما فى أیام. موقع نون بوست، فى (21/3/2019).
- ماڵپەڕى الجزیرە
- ماڵپەرى بى بى سى عەرەبى
- ماڵپەڕى دۆیچەڤیلەى عەرەبى.
- ماڵپەڕى نەتەوە یەکگرتوەکان.
- ماڵپەڕى ویکیپیدیا.