لێره قسه له‌سه‌ر پایته‌ختی رۆشنبیری ناكه‌م، به‌ڵام گه‌ر بپرسین ئه‌رێ ره‌نگدانه‌وه‌ی پایتەختبوون له‌سه‌ر داموده‌زگاكانی حكومی و ئه‌هلی وه‌كو كتێبخانه‌و چاپخانه و خانه‌ی بڵاوكراوه و بواری بزنس و پیشه و به‌رهه‌می كتێب و ئاستی خوێنه‌ر و پرۆژه‌ی نوسه‌ران و به‌رهه‌می هونه‌ری و داهێنان و ئه‌فراندن گه‌شتۆته كوێ؟ چه‌ند پێشانگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كتێب كراوه‌ته‌وه؟ ئاستی كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ی ڕووناكبیری له‌م شاره‌دا چۆنه؟ دانیشتوانی پایته‌خت به‌رێژه‌ی چه‌ند به‌شدارن له چالاكییه ڕووناكبیرییهكان؟ له پایته‌خت ئه‌و بوارانه گه‌شه‌یانكردووه له دوای ئه‌و بڕیاره‌وه یاخود نا؟.
بۆ رۆژی جیهانی كتێب دێمه‌وه سه‌ر ئه‌وه‌ی بڵێم؛ به‌نده یه‌كێك بوو له‌وكه‌سانه‌ی بۆ یه‌كه‌مجار له‌سه‌ر ئاستی كوردستان و سلێمانی شه‌ره‌فی ئه‌وه‌م پێبه‌خشرا كه به‌شداربووم له به‌رزراگرتنی یادی رۆژی جیهانی كتێب له سلێمانی، له‌سه‌ره‌تای ساڵانی دوو هه‌زاره‌وه تاكو ئێستا ساڵانه به‌چه‌ندین چالاكی جیاواز و جۆراوجۆر ئه‌و یاده‌مان به‌رز نرخاند و ناساندمان به‌و رێگه‌یه‌ی پێویست و گونجابێت.
یه‌كێك له‌و چالاكییانه‌ی كه له‌وساڵه‌وه تاكو ئێستا به‌رده‌وامبووه، كردنه‌وه‌ی پێشانگه‌ی كتێب بووه. ئه‌م كاره له‌سه‌ره‌تادا به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كتێبخانه گشتییه‌كان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی چاپ و بڵاوكردنه‌وه، به به‌شداری خانه‌ی بڵاوكراوه‌ی تری كوردی و ئێرانی و عه‌ره‌بی…هتد، ساز ده‌كرا له ئیداره‌ی سلیمانی.
زۆرجار پیشانگه‌ی كتێب كراوه‌ته‌وه لهسهرخهرجی به‌ڕیوه‌به‌رایه‌تی گشتی كتێبخانه گشتییه‌كان. له‌كاتێكدا قه‌یرانی دارایی به‌رۆكی گرتین له‌كتێبخانه‌ی گشتی سلێمانی له ساڵی 2013 له‌به‌ر دابین نه‌كردنی خه‌رجی بۆ ئه‌م چالاكییه، بۆ یه‌كه‌مجار له‌كتێبخانه‌ی گشتی هه‌وڵی هه‌مئاهه‌نگی و هاوكاری و به‌شداربوونی داموده‌زگای ئههلیماندا، لەو ساڵە بەدواوە بەو شێوەیە بووە.
گه‌ر بێینه‌وه سه‌ر كتێبخانه‌كان؛ ئه‌وا ده‌بینین له‌ساڵی 1944 وه تاكو ئێستا یه‌ك كتێبخانه‌ی گشتی هه‌یه، ئه‌ی بۆچی ئه‌مجۆره كتێبخانه‌یه گه‌شه‌ی نه‌كردووه؟ ئه‌ی بۆچی ئه‌م كتێبخانه‌یه له‌ناو شاردا تاكو ئێستا كتێبخانه‌ی لاوه‌كی نیه؟ له ڕووی پێكهاته‌وه ئه‌م كتێبخانه‌یه له‌م پایته‌خته بێ نازه چه‌ند ساڵه كتێب و گۆڤار‌و سه‌رچاوه‌ی تازه‌ی بۆ نه‌كڕاوه، له‌م بارودۆخهیدا چۆن ئه‌توانێت ئه‌رشیفی و پێكهاته‌یه‌كی باشی هه‌بێت؟.
له‌به‌رئه‌وه‌ی هۆبه‌ی كتێبخانه‌ی گشتی سلێمانی له په‌یكه‌ری رێكخستنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كتێبخانه گشتییه‌كان لابرا له كۆتای ساڵی 2014. له‌و كاته‌وه كتێبخانه‌ی گشتی سلێمانی ته‌نها ناوی ماوه بهتهلارهكهوه، به‌لام له‌پارێزگاكانی تر ئه‌م ئاڵوگۆڕه به‌وشێوه‌یه نه‌كرا به‌سه‌ر هه‌یكه‌لی ریكخستنی كتێبخانه‌كان، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ئیداره‌ی گه‌رمیان كتێبخانه‌ی كه‌لار و به‌رێوه‌به‌رایه‌تی كتێبخانه‌كانی گه‌رمیان هه‌ر بهشیوهكهی خۆی ماوه‌ته‌وه؟ كه‌چی له پایته‌خته‌كه ئه‌و هۆبه‌یه “كتێبخانه‌ی گشتی سلێمانی” لابرا. ئه‌و بڕیاره مێژووی كتیبخانه‌ی گشتی سلێمانی و ئه‌م شاره‌ی ره‌چاو نه‌كرد.
بۆیه ئیتر جێگه‌ی خۆیه‌تی ئه‌م كتێبخانه‌یه زیندوو بكرێته‌وه كه تاكو ئیستاش له‌سه‌ر زاری نوسهرانوخوێنهران هه‌ر زیندووه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی قه‌یرانی دارایی بهرهوكهم بونهوهونهمان ده‌چێت.ئه‌م كتێبخانهیهش به‌به‌راورد بهداموو ده‌زگایی تر خه‌رجی زۆری نیه.
پێویسته له‌م پایته‌خته‌دا په‌یوه‌ندی نێوان كتێب و نووسه‌ر و خوێنه‌ر و كتێبخانه به شێوه‌یه‌كی باش ره‌چاوبكرێت. لێکۆڵینەوەو تویژینەوەی لەسەر بکرێت، ئایا له‌بواری كتێبخانه‌كاندا “گشتییه‌كان، كتێبخانه‌ی قوتابخانه و خوێندنگه‌كان، زانكۆ و په‌یمانگه و…هتد” بارودۆخه‌كه چۆنه؟ واته گه‌ر بڵێین ئایا كتێبخانه‌كانمان له‌گه‌ڵ پێوه‌ر و مواسفاته جیهانییه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه گونجاون؟ له هه‌موو بواره‌كانیه‌وه ئه‌وا به دڵنیایه‌وه ده‌ڵێین؛ نه‌خێر.
له‌و ساڵانه‌دا ئه‌و پێشانگایانه‌ی كتێب ده‌كرانه‌وه له سلێمانی، تا ئاستێكی باش خانه‌ی بلاوكراوه‌ی عه‌ره‌بی و فارسی و كوردی كۆده‌كرده‌وه به‌ئه‌ندازه‌ی ئه‌وكاته. به‌ڵام ئێستا و پێش چه‌ند ساڵیكی پێش پایته‌ختی رۆشنبیری ئه‌و خانانه روومان لێناكه‌ن و ناهێنرێنه ئه‌م پایته‌خته. به‌ڵكو ئه‌گه‌ر بانگێشتیش كرێن له‌م بارودۆخه‌ی تێیكه‌وتین و به‌م ژماره‌یه‌ی ئێستا خانه‌ی بلاوكراوه له (هه‌رێم و ئێراق) و وڵاتانی ناوچه‌كه هه‌یه، ئه‌و تۆڕه په‌یوه‌ندییه فراوانه‌ی ئێستا هه‌یه ڕوومان لێكهن، ئه‌وا له‌م پایته‌خته جێگه‌ی تایبه‌تمان نیه بۆ ئه‌و ئامانجه رۆشنبییریه.
چه‌ندین ساڵه داوا ده‌كه‌ین و ده‌نوسین و ده‌ڵێین پێویستمان به‌هۆڵی تایبه‌ت و شوێنی پێوسته بۆ پێشانگه‌ی كتێب و كردنه‌وه‌ی كتێبخانه‌ی تر، به‌ڵام بێ هوده و بێ ئه‌نجامبوو. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته شوێنی كارگه‌ی جگه‌ره باشترین شوێنه. به‌ڵام ئێمه و خه‌ڵكانی تر هه‌ر هه‌وڵئه‌ده‌ین چالاكی جۆرا و جۆر بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین به‌رده‌وام بین و خزمه‌ت به‌شاره‌كه‌مان بكه‌ین، ئه‌م شاره پایته‌خت بێت یان نا ئه‌مه روانگه‌یه‌كی حكومه‌ت و حیزبه. ئه‌مه سیاسه‌تی حیزب و حكومه‌ته و ململانێكانیان واده‌كات كایه‌ی رووناكبیری و چالاكی رۆشنبیری به‌ره‌و چ ئاقار‌و ئاستێك به‌رن.
كاتێك كتێب و كتێبخانه‌ی كوردی له قه‌یراندا بێت، ئاخۆ ئه‌بێت نووسه‌ر و دانه‌ری كتێبی كوردی و خوێنه‌ری كورد له چی بارودۆخێكدابن، ئایا حكومه‌تی هه‌رێم كاتێك ده‌ڵێت سلێمانی پایته‌ختی رۆشنبیرییه و ره‌زامه‌نده رهنوس و زمانی نووسینی ئه‌م شاره كه له خۆیدا بنه‌ما و بوونی ستاندارتی زمانی كوردی تیادایه، بیكاته زمانی ستاندا‌رت بۆ نوسه‌ران و حكومه‌ته‌كه‌ی له‌چوارچێوه‌ی ناوچه‌گه‌ری و حیزبایه‌تی ده‌رچێت.
وه‌ك له مێژووی ئه‌م شاره‌دا ئه‌وه چه‌سپاوه كه هه‌وڵی نووسین به كوردی و دانانی رێزمانی كوردی له‌سه‌ره‌تای هاتنی ده‌سه‌ڵاتی ئینگلیز و دامه‌زارندنی حكومه‌تی ئێراقی بناغه‌ی زمانی كوردی لێره‌وه دانراوه و كاری له‌سه‌ركراوه، وه‌ك ده‌زانین كتێبی كوردی له نووسین و رهنووسدا له ئێستادا كێشه‌ی خۆی هه‌یه. بەداخەوە خەریکن زمان و رەنووسی سەد ساڵەمان ئەشێوێنن. هه‌روه‌ها بۆ ئه‌م رۆژه ده‌ڵێین؛ له رووكاری بازرگانی و بزنسه‌وه كتێبی كوردی پێگه‌ی چۆنه؟ ئایا ده‌توانێت به‌شداری پێشانگه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و وڵاتانی ناوچه‌كه بكات؟ ئایا كه‌ی كتێبی كوردی ده‌توانێت له‌بازنه‌ی شارچێتی ده‌رچێت و ململانێ و كێبڕكێ بكات بۆ خه‌ڵاتی ناوچهییو جیهانی.
له رووكاری هونه‌ری چاپ و شێوازی چاپی كتێب و كوالیتی كاغه‌ز و ماوه‌ی ته‌مه‌نی كتێب چۆنه؟ هه‌روه‌ها كاری چاكسازی و چاره‌سه‌ركردنی چۆنی بۆ ده‌كرێت، ئایا ته‌مه‌نی به‌ساڵاچووی رووی تێكرد یاخود بووه كتێبی ده‌گمه‌ن له ئه‌رشیفدا چۆن ده‌پارێزرێت؟ له‌كوێ هه‌ڵده‌گیرێت چی به‌سه‌ردێت؟ ده‌بێته خۆراكی كێ؟ ئایا كتێبه‌كان له‌سه‌ربنه‌مای زانستی كتێبخانه و زانیاری له‌چاپخانه و خانه‌ی بڵاوكراوه و كتێبخانه‌كاندا مامه‌ڵه‌ی زانستیانه و پیشه‌ییانه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت؟ ئایا لەچاپکردنی کتێب‌دا تیراژی كتێبه‌كان گونجاوه به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو خاوه‌ن بروانامه و خوێنهوارهی له‌مڕۆدا هه‌یه، تیراژهكان دێنه‌وه له‌گه‌ڵ ژماره‌ی ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی هه‌یه له‌كۆمه‌ڵه و رێكخراو و سه‌ندیكاكانی وه‌كو “هونه‌رمه‌ندان، نوسه‌ران، مامۆستایان، خوێندكاران، فه‌رمانبه‌ران، رۆژنامه نووسان، ژنان”.
ئاخۆ له‌م پایته‌خته‌دا كه‌سێك چه‌ند كتێبی به‌رده‌كه‌وێت یان چه‌ند كتێب به‌ر كه‌سێك ده‌كه‌وێت؟ هه‌ركه‌سه‌ی چه‌ند دهخوێنێتهتهوه له سالێكدا له مانگێكدا؟ كاتێك قسه له‌سه‌ر كتێبی ئه‌لكترۆنی ده‌كرێت، چی پلان و به‌رنامه‌ی ئاشكرا‌و ڕوونی حكومه‌ت و دامودهزاگاكانی تر هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌م پرۆسه گرنگه، ئایا كتێبی ئه‌لكترۆنی و كتێبخانه‌ی ئه‌لكترۆنی له چی ئاست و پێوهرێكدان؟ ئایا بارودۆخی نووسه‌رو دانه‌ری كتێب چۆنه؟ مایه‌ی ره‌نج و ماندوبوونی بۆ كێیه و چی به‌سه‌ردێت له نێوان كاری چاپكردن و بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كه‌ی؟
رێزلێنان له نووسه‌ران بۆ چاپكردنی به‌رهه‌مه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه؛ له‌بودجه‌ی پایته‌ختی رۆشنبیری هاوكاری نووسه‌ران بكرێت بۆ چاپكردنی به‌رهه‌مه‌كه‌ی به دیاریكردنی برێكی كه‌م له تێچووی نرخی چاپكردنه‌كه‌ی به‌نێ و له رووی مادییه‌وه قه‌رزارباری كه‌ن لای چاپخانه‌كان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌هاوكاری و ریزلێنانی ناوببرێت، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ماندوبوون و هه‌وڵ و كۆششی چه‌ند ساڵه‌ی، ئایا له‌و وڵاتانه‌ی رۆژی 23/4 ئاهه‌نگ ده‌گێڕن ئاوا له‌گه‌ڵ به‌رهه‌می نووسین و كتێب و رێژه‌ی خوێنه‌ر مامه‌ڵه ده‌كرێت.
گه‌ر له‌م رۆژه‌دا بپرسین؛ ئاست و خواستی خوێنه‌ر و فێرخواز به‌ره‌و كوێ ده‌چێت؟ ڕێژه‌ی خوێنه‌ر چه‌نده له هه‌موو كتێبخانه حكومی و ئه‌هلییه‌كانی ئه‌م پایته‌خته؟ هه‌روه‌ها ناوه‌ڕۆكی ئه‌وه‌ی ده‌خوێنرێته‌وه چییه؟ پۆلین به‌ندی خوێندنه‌وه‌كه چیه؟ خواستی تاكه‌كه‌سی و دامه‌زراوه‌ی كتێبخانه‌كان له‌چی ئاستێكدا یهكانگیردهبێتهوه، هه‌روه‌ها له ڕووكاری كاریگه‌ری خزمه‌تگوزاری كتێبخانه‌یی له‌سه‌ر هه‌ریه‌كه له‌سه‌ر ئاستی په‌روه‌رده‌یی و فێربوون و كایه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌ته‌وه‌یی و رۆشنبیری و زانستی چه‌نده؟
كه‌واته كاتێك ده‌ڵێن؛ كتێب كۆمه‌لێك ره‌هه‌ند ده‌گرێته‌وه، واته ره‌چاوكردنی هه‌ریه‌ك له ”كه‌سی دانه‌رو خاوه‌نی به‌رهه‌م، كه‌سی سوودمه‌ندی مادی، چاپخانه و خانه‌ی بلاوكراوه، واته كاری بازرگانی، كه‌سی سوودمه‌ندی هزری و رۆحیخوێنهر و فێرخواز” واته به‌كارهێنه‌ری كتێب، شوێنی پاراستن و هه‌ڵگرتن و ده‌ستخستن و به‌رده‌وامی له‌به‌رهه‌می كتێب ئه‌ویش لهكتێبخانهدایه. كه‌واته پێكه‌وه كه‌سی (دانه‌ر و خوێنه‌ر و كتێب و كتێبخانه) له‌گه‌ڵ دانیشتوانی ئه‌م شاره‌دا چۆنه و له‌چی بارودۆخ و ئاستیكدان، گه‌ر به‌راوردی پێوه‌ره نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی بكه‌ین؟ ئه‌نجام چۆنه؟ كارمه‌ندانی كتێبخانه‌كان تاكو ئێستا خولی زانستی و پیشه‌یی و هونه‌ریان نه‌دیووه له‌سه‌ر ئاستی سه‌ره‌تا و ناوهندو به‌رز. نه‌توانراوه سه‌ردانی كتێبخانه و پێشانگه‌ی ده‌ره‌وه‌ی شار بكه‌ن نه‌ك وڵاتانی پێشكه‌وتوو؟
چه‌ندین خول و كۆنفرانس و كۆنگره‌ی زانستی و پیشه‌یی له‌بواری كتێبخانه و زانیاری به‌ستراوه له‌سه‌ر ئاستی وڵاتانی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی و ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی له‌خوارو ناوه‌ڕاستی ئێراق و ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ی له هه‌ولێریش ده‌به‌سترێت، به‌ڵام له‌م شاره‌دا تاكو ئێستا هیچ كارمه‌ندێكی كتێبخانه‌كان به‌شدارنه‌بوون؟ سه‌یر له‌وه‌دایه له‌سه‌ر ئاستی تاكه‌كه‌سیش گه‌ر ده‌ره‌فه‌ت بڕه‌خسێت رێگری زۆرتر هه‌بووه تاوه‌كو هاوكاری و پشتگیری.
چه‌ندین ساڵه به‌نوێنه‌ری ئه‌م حكومه‌ته چه‌ندین كه‌س به‌شداربوون له‌پێشانگه‌ی كتێبی فرانكفۆرت، گه‌ر بپرسین چیان بۆ ئه‌م كتێبخانانه كردووه ده‌سكه‌وتیان بۆ كتێب و نووسه‌ری كوردی و پایته‌ختی رۆشنبیری چی بووه؟ ئه‌مه به‌شێكی ئه‌و بارودۆخه‌یه هه‌مانه‌و گه‌ر پرسیار و شیكار بكرێت ده‌زانرێت قه‌یرانه یان پێشكه‌وتنه؟ پایته‌خت پایته‌خته یان ناولێنانهو دڵ نه‌وای كردنه؟ كه‌واته لێره‌وه پێویستمان به‌وه‌یه به شه‌فافانه بزانرێت سایاسهت وفه‌لسه‌فه و ئامانج بۆ كایه‌ی رۆشنبیری و به‌تایبه‌تی بۆ كتێب و كتێبخانه‌و خانه‌ی چاپ و بڵاوكردنه‌وه و كایه‌ی په‌روه‌رده‌و فێربوون و له‌سه‌ر چی بنه‌مایه‌كه.
به‌داخه‌وه به‌رز ڕاگرتنی رۆژی جیهانی كتێب وایلێهاتووه هه‌ر بۆ یادكردنه‌وه بێت، نه‌ك تێگه‌یشتن و لێكۆڵینه‌وه له كه‌موكوڕییه‌كان و هه‌وڵدان بۆ چاره‌سه‌ركردنیان و به‌شێوه‌یه‌ی گشتی باشتركردنی بارودۆخی خوێندنه‌وه و كتێب و كایه‌ی ڕووناكبیری بێت.