کامۆ له ڕۆمانی تاعووندا (چاوه‌قووڵکه) دوو چه‌مکی بژارده‌ی “به‌رگریی” و “هه‌ڵاتن” به‌رجه‌سته ده‌کاته‌وه، دوو بابه‌تی به‌رگری و ته‌سلیمبوون زه‌ق ده‌کاته‌وه‌و به‌مه‌ش ناوه‌رۆکی ڕۆمانه‌که‌ی توندوتۆڵ گرێ ده‌دات به پرسی ئه‌خلاقه‌وه، بێگومان لێره‌دا ئه‌خلاق جه‌وهه‌ر و کرۆکێکی گشتگیر و ده‌سته‌جه‌معیی هه‌یه‌و کارکردیشی به زه‌قی له کات و ساته دانسقه‌و تایبه‌ته‌کاندا ده‌رده‌که‌وێت، ئه‌گینا هیچ کۆمه‌ڵگه و پێکهاته‌یه‌کی گرووپی به بێ دیسیپلین و چوارچێوه‌یه‌کی ڕێکخه‌ر و ڕاگری ئه‌خلاقی هه‌ڵناکات.
له ڕۆمانی تاعووندا ڕووداوه‌کان له شارێکی وڵاتی جه‌زائیر به ناوی ئووران بۆمان ده‌گێڕدرێته‌وه‌و له زمانی یه‌که‌می گێڕه‌ره‌وه که ناوی دوکتور “ڕیڤه” ڕووداوه‌کان ده‌بیستین، ڕه‌نگه هه‌ڵبژاردنی گێڕه‌ره‌وه‌یه‌ک له پله‌ی دوکتۆر بۆ کاره‌ساتێکی وه‌کوو نه‌خۆشی و په‌تایه‌کی ته‌شه‌نه‌سێن هه‌ڵگری مانا و ده‌لاله‌تێک له به‌رپرسیارێتی ئه‌خلاقی بێت و جۆرێک له نرخاندن و پێناسه‌کردنی مرۆڤ بێت به تواناییه‌کی ڕزگارکه‌رو یاریده‌ر بۆ کۆمه‌ڵگاو شارێکی دیار و ڕه‌مزی.
له شاری ئووران به‌هۆی زیادبوونی ڕێژه‌ی مشکه‌کان خه‌ڵک به‌ره‌به‌ره تووشی مه‌رگ ده‌بن و ده‌مرن. ئاغای میشێل خزمه‌تکاری ماڵی دوکتۆر ڕیڤ به‌هۆی ئه‌م په‌تایه‌وه که نیشانه‌کانی دوومه‌ڵ و تلۆق و ئاوڵگه‌ن ده‌مرێت و مردنی چه‌ندین که‌سی دیکه هه‌ر به‌م هۆکاره‌وه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی که دوکتۆر ڕیڤ هۆکاری مه‌رگ به په‌تایه‌کی ته‌شه‌نه‌سێن (چاوه‌قووڵکه) بزانێت. به‌هۆی که‌مته‌رخه‌میی به‌رپرسان و ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و وڵاته په‌تاکه به‌شێوه‌یه‌کی خێرا ته‌شه‌نه ده‌سێنێت و دوای ماوه‌یه‌ک که‌ره‌نتینه ڕاده‌گه‌یه‌نرێت. به ڕاگه‌یاندنی که‌ره‌نتینه ئه‌ندامانی زۆر بنه‌ماڵه له‌یه‌ک جوێ ده‌بنه‌وه و زۆر بنه‌ماڵه و که‌سیش هه‌وڵ ده‌ده‌ن هه‌ڵبێن و تاقمێکیش تا ئه‌و جێگایه‌ی توانییان له‌گه‌ڵ په‌تاکه به‌ره‌وڕوو بوونه‌وه. ژان تارۆ یه‌کێک له‌و موسافیرانه بوو که له‌گه‌ڵ دوکتۆر ڕیڤ ده‌ستیان دایه دامه‌زراندنی ڕێکخراوێکی ته‌ندرووستی خۆبه‌خش بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ په‌تاکه.
قه‌شه‌ی شار واته باوه پانێلۆ به خیتابه و لێدوانێک بۆ خه‌ڵکی شار سه‌ره‌تا چاوه‌قووڵکه (تاعوون)و ده‌ستی بکوژی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ ئاست و ڕێژه‌ی به‌رینی گوناهی خه‌ڵک و تۆبه‌نه‌کردن و پاشگه‌زنه‌بوونیان له گوناهه‌کانیان و ده‌ڵێت ئه‌مانه هۆکاری ئه‌وه‌ن که ئاوه‌ها کاره‌ساتێکی گه‌وره که‌وتۆته‌وه. بۆیه باوه پانێلۆ چاوه‌قووڵکه به عه‌له‌وکه‌ر و ڕێکخه‌ری نه‌زم و ته‌بایی ده‌زانێت و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵی به بێ ئاکام و بێ سوود له قه‌ڵه‌م ده‌دا و داوا له خه‌ڵک ده‌کات ئارامیی خۆیان بپارێزن چوونکه ئه‌مه خواست و ئیراده‌ی خودایه و که‌س ناتوانێت دژبه‌ری بێت و له هه‌مبه‌ریدا بوه‌ستێته‌وه.
رامبێر، گه‌نجێکی ڕۆژنامه‌نووسه که به ڕاگه‌یاندنی دۆخی که‌ره‌نتینه چه‌ندین جار هه‌وڵی دا بگه‌ڕێته‌وه بۆ لای یار و دڵبه‌ره‌که‌ی و هه‌ڵبێت به‌ڵام کاتێک دۆخ بۆ به‌رگریی تۆزێک له‌بار بوو و کاتێک زانی که دوکتۆر ڕیڤیش هاوسه‌ر و خۆشه‌ویسته‌که‌ی که تووشی نه‌خۆشی بووه و له شارێکی دیکه به‌جێی هێشتووه بڕیاره‌که‌ی ده‌گۆڕێت و دێته ڕیزی گرووپی رزگارکه‌رانه‌ی ته‌ندرووستییه‌وه.
ئه‌گه‌رچی له‌دواجاریشدا قه‌شه پانێلۆ په‌یوه‌ست ده‌بێ به‌م ڕیزه‌وه به‌ڵام په‌یوه‌ستبوونی زیاتر له هاوده‌نگییه‌کی تۆپزانه و ناچارییانه ده‌چێت تاکوو ڕه‌زامه‌ندیی و ده‌نگهه‌ڵبڕینێکی ڕچه‌شکێنانه و چالاکانه.
له‌م ڕۆمانه‌دا کارئه‌کتێره‌کانی ڕیڤ، رامبێر، تارۆ و ته‌نانه‌ت قه‌شه پانێلۆش له دۆخێکی هه‌ڵبژاردنی ئه‌خلاقیدا ژیاون؛ یان ده‌بێ به ڕیسک و مه‌ترسیی مردنه‌وه له هه‌مبه‌ر په‌تاکه‌دا بجه‌نگن یان ده‌بێ هه‌ڵبێن و بگه‌ڕێنه‌وه بۆ لای ئه‌و شته‌ی که ئاره‌زوویان بۆی هه‌یه واته یار، هاوسه‌ر، ئارامیی، ژیانی سرووشتی و…و دواتر له‌گه‌ڵ ویژدانی خۆیان له هه‌مبه‌ر بژارده‌کردنی کرده‌یه‌ک و هۆکار و بۆچییه‌که‌ی بدوێن و دیالۆگ بکه‌ن که ئه‌مه‌ش هه‌ر دۆخێکی ئه‌خلاقییه له حاڵه‌ته ئینزاعی و ده‌رهه‌ست و ناپراکسیسه‌که‌ی.
به‌ڵام له ئاستی پراکسیسدا لێره‌دا ئه‌خلاق واتای به‌رگریی له تووشبووان به په‌تایه‌کی کوشنده یان وه‌کوو کامۆ به ده‌ربڕینێکی خوازه‌یی و میتافۆریک ده‌ڵێت: “به‌رگریی له نه‌فره‌تلێکراوه‌کانه” که بێگومان ته‌نها نه‌خۆشه‌کانیش ناگرێته‌وه. ئه‌خلاق له دۆخی مردنی گشتیدا ئاوه‌ها ده‌لاله‌تێک وه‌رده‌گرێت و هه‌میشه به‌رگریی له مرۆڤ وه‌کوو جه‌سته و ته‌نانه‌ت زه‌ینییه‌ت و ئایدیاش جه‌وهه‌ری هه‌رجۆره ئه‌خلاقێکی ناسیاسی و ئایدۆلۆژیک پێکدێنێت. له‌م ڕۆمانه‌دا یه‌گه‌رچی خه‌ڵکێکی زۆر ده‌مرن و له‌ناوده‌چن به‌ڵام وێنه‌ی به‌رگریی گرووپێکی ئینسانی بۆ پاراستنی ئینسان و ژیان و ژینگه هاتۆته ناو زه‌مان و زمان و گێڕانه‌وه‌وه و هه‌ر کام له‌و کارئه‌کته‌رانه‌ی باسم کردن نوێنه‌ری بژارده‌یه‌کی ئه‌خلاقین له دۆخی دانسقه و تایبه‌تدا که به‌رگریی و بوێری له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانیانن. جه‌نگکردن له‌گه‌ڵ مه‌رگ بۆ پاراستنی بوون و ژیان، ئه‌مه جۆرێک له بوونه که له ڕێگه‌ی ململانێ و ده‌سته‌ویه‌خه‌بوون له‌گه‌ڵ مه‌رگه‌وه مانای دیکه په‌یدا ده‌کات و ئاسۆی دیکه به‌ڕوودا ده‌کرێته‌وه.دۆخێکه که وه‌کوو هایدیگه‌ر ده‌ڵێت: دازاین بۆ “چرکه‌ساتێکی” که‌میش بێت مه‌رگ له بووندا ئه‌زموون ده‌کات و ئاره‌زووی به‌ره‌ومه‌رگ چوونی دازاین ده‌که‌وێته ناو تاقیگه‌ی بوونه‌وه. لێره‌دایه که ئه‌خلاق و بوون پێکه‌وه په‌یوه‌ست ده‌بن و لێک ده‌ئاڵێن.
بۆیه ده‌بینین له کاتی جه‌نگه گه‌وره‌کان، جه‌نگ به چه‌کی کیمیایی، مردن و قڕبوون به‌هۆی خه‌سار و زیانه‌کانی سرووشت وه‌کوو لافاو و بوومه‌له‌رزه و…، په‌تا و نه‌خۆشییه ئیپیدمیک و گشتگیره‌کان و…پرسی ئه‌خلاقی و پرسیاری من چیم له ده‌ست دێ؟ یان مرۆڤ بۆ وای به سه‌ر دێ؟ یان بۆ ده‌بێ وابێ؟ له زه‌ینی گشتیی‌دا به شێوه‌یه‌کی ڕێژه‌یی زه‌ق ده‌بێته‌وه.
وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هه‌ر تێڕوانین و گۆشه‌نیگایه‌ک که تاکه‌کان پێڕه‌وه‌ی لێده‌که‌ن بۆ ئه‌و پرسیارانه‌ی سه‌ره‌وه و ده‌یان پرسیاریتری هاوشیوه تێگه و باوه‌ڕی ئه‌خلاقیی مرۆڤه‌کان دیاری ده‌که‌ن. به‌ڵام بێگومان وه‌ڵامی مامۆستایه‌کی ئایینی یان قه‌شه‌یه‌ک وه‌کوو پانێلۆ له ڕۆمانی چاوه‌قووڵکه‌دا له‌گه‌ڵ به‌رپرسێکی حکوومی یان مامۆستایه‌کی زانکۆ و پزیشکێک(دوکتۆر ڕیڤ) له گه‌ڵ ڕۆژنامه‌نووسێک(ڕامبێر) و کرێکارێک و…جیاوازی تایبه‌تیی خۆیان هه‌یه و پێده‌چی به‌پێی هه‌لومه‌رج و فامیان بۆ واقیعی په‌یوه‌ندیدار به کێشه‌که و هه‌وڵێک که بۆ په‌یداکردنی وه‌ڵامه‌که‌یان ده‌یده‌ن له گۆڕانی دۆخی قه‌یراناوی یاریده‌ر بێت یان نا، به‌ڵام له دواجاردا هه‌موو وه‌ڵامه‌کان به جۆرێک له ناو ئه‌خلاق و جیهانبینییه‌کی ئه‌خلاقیدا ده‌ژین. ئه‌خلاق به‌و واتایه‌ی که له سه‌ره‌وه باسم کرد.
پرسیار لێره‌دایه چ شتێک یان چ هاوکێشه‌یه‌ک کاره‌ساته‌کان له بازنه‌یه‌کی ئه‌خلاقی ده‌ردێنێت و سیما و ڕوخساری دیکه‌ی پێده‌به‌خشێت؟ چ شتێک ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی که مردن و مه‌رگی مرۆڤ به هۆی کاره‌سات و په‌تایه‌کی وه‌کوو کڕۆنا بخاته ژێر په‌رده و وه‌کوو شتێکی ئاسایی و تێپه‌ڕ له قه‌ڵه‌می بدات؟ چ شتێک ده‌توانێت چاره‌سه‌ر بێت و هێزێک ڕێگری لێده‌کات؟ بێگومان وه‌ڵامه‌که به وردبوونه‌وه له دوو ڕووبه‌ر و چه‌مکی “ده‌سه‌ڵات” و “ئایدۆلۆژیا”دا خۆی ده‌بینێته‌وه که هه‌ردووی ئه‌م دوو ڕووبه‌ره به ماتۆڕ و ڕۆحییه‌تێک به ناوی “بازاڕ”دا ده‌سووڕێن و جیهان مانیفێست ده‌که‌ن و “میدیا”ش شوێنی لێدوان و مانیفێستدانیانن و هێزی سه‌ربازیی و ئه‌منی و ئایدۆلۆژی و مه‌عنه‌ویشیان له‌ناو هاوکێشه‌ی بازاڕ و ئایدۆلۆژیادا خۆی پێناسه ده‌کات و بیچم ده‌گرێت.
ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ینه ورده‌کارییه‌کانی سه‌رهه‌ڵدانی کڕۆنا (هۆشداریدان له 30 دێسه‌مبه‌ری 2019 له ڕێگه‌ی دوکتۆر لی ڤێن لیانگ که کپ کرا و خۆیشی به‌هۆی کڕۆنا له 7ی20 فێڤرییه‌ی 2020 گیانی له ده‌ست دا و شاردنه‌وه‌ی به هۆکاری سیاسییه‌وه له لایه‌ن حکوومه‌تی چین و دواتر ئاشکرابوونی گشتی له 20ی ژانڤییه‌ی 2020 له شاریی ووهان) چه‌ند گریمانه و ئه‌گه‌رمان له به‌رده‌مدا زه‌ق ده‌بێته‌وه. یه‌که‌م ئه‌وه‌ی که ئه‌م ڤایرۆسه ئایا به‌شێکه له جه‌نگێکی بایۆلۆژیی و پیلانێکه له دژی چین بۆ ته‌گه‌ره‌خستنه به‌رده‌می گه‌شه‌ی ئابووری له هه‌مبه‌ر جه‌مسه‌رێکی ئه‌مریکا؟ ئایا ئامریکا ده‌یه‌وێت به لێدانێکی ئاوایی له چین دۆخی تاک جه‌مسه‌ریی بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ خۆی و هه‌ژمۆنی و هه‌یمه‌نه‌ی خۆی زیاتر بسه‌پێنێت؟
ئایا ئه‌م ڤایرۆسه یه‌کێکه له فێڵه دڕنده و تاقیکردنه‌وه زانستییه نائه‌خلاقییه‌کانی ده‌سه‌ڵات و زلهێزه‌کان؟ ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی که فۆکۆ گوته‌نی کاتێک هه‌ستیان به وزه و جه‌وهه‌ری خۆیان کرد زانستیش بوو به به‌شێک له‌وان تا شوێنێک زانست به بێ ده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵات به بێ زانست بوونی ناپۆڕێت، ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی که له هه‌ر قۆناغێکی نوێ‌دا دونیا و بوونه‌وه‌رانیان به شوێنی تاقیکردنه‌وه و تاقیگه‌ی خۆیان زانیوه! ئایا ده‌سه‌ڵات له‌خۆته‌ن و خۆی له خۆیدا حه‌ز به ئاوه‌ها قڕانکردنێک ده‌کات یان به‌رژه‌وه‌ندییه‌ک له ئارا دایه؟
بێگومان دوو به‌رژه‌وه‌ندی به زه‌قی هه‌میشه له گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا له ئارادا بوون و هه‌ن. بازاڕ، و هه‌یمه‌نه و ده‌سه‌ڵاتی زیاتر. لێره‌دایه و له دۆخێکی ئاوه‌هادایه که کڕۆنا هێشتا بۆ ڕای جیهان و خه‌ڵکی ئاسایی و ژێر هه‌یمه‌نه‌ی ده‌سه‌ڵات سه‌رچاوه‌یه‌کی ڕوون و دڵنیاکه‌ری نییه و چه‌ند گێڕانه‌وه هه‌ن: یه‌کیان ده‌ڵێت له ڕێگه‌ی شه‌مشه‌مه کوێره‌وه گوازراوه‌ته بۆ مێرووله‌خۆره و له‌وێشه‌وه بۆ مرۆڤ! یه‌کی دی ده‌ڵێت له ڕێگه‌ی ماره‌وه گوازراوه‌ته بۆ مرۆڤ! یه‌کی دیکه ده‌ڵێت نا له ڕێگه‌ی تاقیگه‌یه‌کی ئاژه‌ڵانی چین که به‌سه‌ر ئاژه‌ڵان تاقیکردنه‌وه‌یان ئه‌نجام داوه و دواتر ئاژه‌ڵه‌کانیان له بازاڕێکی کڕین و فرۆشتنی گۆشتی شاری ڤووهاندا فرۆشتووه، ئه‌م په‌تایه بڵاو بۆته‌وه!
هه‌موو ئه‌م گێڕانه‌وانه ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێن که حه‌قیقه‌تی ڕووداوه‌که قه‌ت نادرکێت بۆیه ئێمه ده‌بێت پێ‌داگر بین له سه‌ر تیۆری پیلانگێڕیی! و گومانکردن له ده‌سه‌ڵات! و کایه‌کانی! تاقیکردنه‌وه و تاقیگه‌کانی! ده‌سه‌ڵاتێک که چاوبه‌ستکردن له ڕێگه‌ی میدیا و درووست‌کردنی ترۆما و تۆقاندن ده‌کات به ڕایه‌ڵه و تۆڕ‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆی له بازاڕ. ئه‌مه ئه‌و دۆخه‌یه که مرۆڤ تێیدا کاڵایه‌کی بێ بایه‌خه و ته‌نانه‌ت ده‌کرێ بڵێین له هه‌ندێ حاڵه‌تدا کاڵایه‌کی زیاده‌یه و ده‌بێ له‌ناو ببرێت، مرۆڤێک که فۆکۆ وه‌کوو باسی ده‌کات خۆی به‌شێکه له ده‌سه‌ڵات و له ژێر هه‌یمه‌نه‌ی خودی ده‌سه‌ڵاتدایه له ڕێگه‌ی به‌شداریی خۆی له کایه و ته‌ڵه و داوه‌کانی ناو ده‌سه‌ڵات، ڕه‌نگه هه‌ر ئه‌مه بێت که دوو واتای جیاواز و ته‌نانه‌ت دژبه‌یه‌کی له چه‌مکی سووژه لای فۆکۆ درووست کردبێت سووژه‌یه‌ک که واتای بکه‌ری هه‌یه‌و بکه‌رییه‌که‌ی سنووردار‌و بێ واتایه‌و سووژه‌یه‌ک که واتای به‌رکاری هه‌یه و له ناو تۆڕێکی مه‌زن له کایه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدا به‌شداره و خۆی بووه به به‌شێک له ده‌سه‌ڵات.
لێره‌دا وه‌کوو فۆکۆ ده‌ڵێت له هه‌ر کوێدا ده‌سه‌ڵات و کایه‌کانی هه‌بن به‌رگرییه‌کیش هه‌یه. کڕۆنا جیا له‌وه‌ی نه‌خۆشی و په‌تایه‌کی گه‌شه‌سێن و نه‌ناسراوه که جیهانی زانست و ته‌کنۆلۆژیا و دیجیتاڵ و پزیشکیی ئه‌مڕۆیی ده‌ڵێن “جارێک” ده‌ره‌قه‌تی نایه‌ین کایه‌یه‌کی مه‌زنی ڕایه‌ڵه‌یه‌کی جیهانیی ده‌سه‌ڵات و ڕۆحی هه‌ژموونیخواز و هه‌یمه‌نه په‌رستیشێتی بۆ خه‌ساندنی زیاتری مرۆڤ و له‌قاودانی ئه‌کت و خه‌یاڵ و به‌رگریکانیان. بۆ نموونه له ده‌سه‌ڵاتێکی ئایدۆلۆژیکی وه‌کوو ئێران کڕۆنا وه‌کوو جیهانبینی قه‌شه پانێلۆ ده‌خوێنرێته‌وه و به تاقیکردنه‌وه‌ی خودای ده‌زانن، هێشتا کۆبوونه‌وه ئایینیه‌کان له شارێک که یه‌که‌مجار کڕۆنای لێ ده‌رکه‌وتووه واته قوم به‌رده‌وامه و بڕیاره که‌ره‌نتینه‌یه‌کی ئه‌وتۆش له ئارادا نه‌بێت، ئه‌مه له کاتێکدایه به‌هۆی میدیای جیهانیی و ده‌سه‌ڵاتی ئاماده له ناو میدیادا دۆخێکی ترسناک و تۆقێنه‌ر و ترۆماتیک به ناو هه‌موو خه‌ڵکدا بڵاو بۆته‌وه.
شاره‌کان وه‌کوو شاری ڕۆحلێکه‌وتووانیان لێهاتووه، پێوه‌ندیی جه‌سته‌یی ته‌واو به‌ره‌و کزبوون ده‌چێت، پێوه‌ندی به سرووشت و ئاسمان و زه‌وینه‌وه خه‌ریکه ده‌چێته حاڵه‌تێکی نائاسایی و نادیاره‌وه و مرۆڤ به‌ره‌و دۆخێک له له‌خۆنامۆبوون و خه‌مۆکیی وه‌ها ده‌چێت که وه‌کوو نیچه ده‌ڵێت توانای بیرکردنه‌وه‌یان لێ زه‌وت ده‌بێت چوون سووژه‌ی خه‌مۆک ناتوانێ بیر بکاته‌وه. لێره‌دا ئۆبژه له‌دایک ده‌بێت و ئه‌و شته‌ی که ده‌سه‌ڵات پێویستێتی، ئۆبژه‌یه‌ک که ناوی دیکه‌ی ده‌بێته کاڵا و له بازاڕدا به هه‌ر جۆره مه‌کیاج و ده‌سکارییه‌ک ئاڕاسته ده‌کرێت، یان ده‌که‌وێته خزمه‌ت تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی دیکه‌ی زانست و ده‌سه‌ڵات خۆی پێ ڕه‌گوڕیشه‌دارتر ده‌کات؟ ئایا چاره‌نووسی مرۆڤ له‌م کایه سامناکه پرسێکی ئه‌خلاقی نییه؟ ئایا پرسیارکردن له شێوه‌ی مان و مه‌رگی مرۆڤ به منداڵ و گه‌نج و پیر و … ئه‌و ئه‌کته نییه که ده‌بێ بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی حورمه‌ت بۆ ئینسان و مانابه‌خشین به ژیانی ڕۆژانه‌ی و بوونی بیخه‌ینه ڕوو؟
سه‌رچاوه‌کان:
1-ێ‌لبر کامو، طاعون، ترجمة رضا سید حسینی، انتشارات نیلوفر
2-احمد خالقی دامغانی، قدرت، زبان، زندگی روزمره در گفتمان فلسفی-سیاسی معاصر، تهران: گام ن‌و، 1382.