ئەم پێناسەیە لە مێژوو بەردەوام دوو لایەنی تێدا ئامادە بووە، یەکێک مێژوو وەکوو ڕووداوەکان و ئەویتر مێژوو وەکوو گێڕانەوە و گوزارشت له ڕووداوەکان.
بۆیە وشەی مێژوو هەم بۆ زنجیرەیەکی پێکەوەگرێدراوی ڕووداوەکان لە ڕابردووە دوورەکان تا ئێستاکە بەکار دەچێت و هەم بۆ ئەندێشە و شیکاری و ڕاڤەی ئەم مێژوونووسانەی کە ڕووداوەکانیان بۆ داهاتوو تۆمار کردووە، هەندێک لە توێژەران بۆ پیشاندانی ئەم دووپاڵی و دوولایەنییەی واتای مێژوو لە زاراوەی مێژووی و مێژووی کەڵکیان وەرگرتووە.1
وادێتە پێش چاو کە “تاریخ” هاوکات هەڵگری دوو ڕووبەری بوونناسانە(ontologically) و مەعریفەتناسانە(epistemologically) یە. ڕووبەری یەکەم سەربەخۆیە لە زەینی مرۆڤ و لە جیهانی واقیعدا ڕوو دەدات، ئەم ڕووبەرە بە مێژوو (history)ناوبردە دەکرێت، بەڵام ڕووبەری دووهەم بە زانستی مێژوو (Science of history)ناوبردە کراوە، ڕاستییەکە ئەوەیە کە مێژوونووس ناتوانێت لە دۆخی شوێن-کاتییانەی خۆی بڕواتە دەرەوە و لەسەرووی دونیا و زەمانەوە چاو ببڕێتە ناو چاوی واقیع. ئەو زیندانیکراو و گەمارۆدراو لە ناو زەمان و شوێن و جیهانی دەوروپشتێتی و کاتێک واقیعی مێژوویی دێتە ناو زەینییەوە و لە پاڵاوگە و توونێلی تێڕامان و بیرکردنەوە و مەعریفەی ئەو تێدەپەڕێت، زانستی مێژوو شکڵ دەگرێت.
زانستی مێژوو واقیعی کۆمەڵگایە پاش ئامادەیی لە ناو زەینی مێژوونووس و هەڵسەنگاندن و راڤە و شرۆڤەیەتی.2
فەلسەفەی مێژوو(Philosophy of history): فام و تێگەیشتنە لە علیت(هۆکارێتیی) و دۆزینەوەی هۆکار یان بۆکاری ڕووداوەکان و پێناسەیانە لە بەستێنی بیردۆزی و یاسا مێژووییەکانی فەلسەفە، بەشێوەیەکی تایبەتیتر فەلسەفەی مێژوو لەخۆگری قووڵبوونەوەی فەلسەفی لەبارەی سەربوردەی ڕووداوە مێژووییەکان و چییەتی و میتۆدەکانی راڤە و شرۆڤە و لێکدانەوەیانە.
مێژوووێناندن(historiography): مێژوووێناندن، زیندووکردنەوەی ڕابردوو و وێناندنەوەی زمانیی فام و تێگەی دیرۆکییانەی هەر دیرۆکنووسێکە لە پهیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگا و جیهانێکە کە تێیدا دەژی.
بە دەربڕینێکیتر مێژوووێناندن پرۆسێسی مامەڵە و ئاڵووێری مێژووە وەکوو شتێکی سەربەخۆ و دەرەزەینی مێژوونووس، لەگەڵ ئەندێشە و زەین و مەعریفەی مێژوویی ئەو، واتە کاتێک مێژووی ڕابردوو وەکوو واقیعێکی سەربەخۆ لە زەینی مرۆڤ لە ڕێگەی مرۆڤگەلێک بە تێگەیشتن و زەینێکی شوێن-کاتییانەی تایبەت نووسراوە و لەگەڵ مرۆڤانی پاش خۆی(داهاتوو) دەکەوێتە قسە و دواندن، ئەوە کردەی مێژوووێناندن هاتۆتە ئاراوە.
لە مێژوووێناندن لە لایەن و رەهەندگەلی بوونناسانە، مرۆڤناسانە و چییەتی(ماهییەت)ی مێژوو لە ڕوانگەی مێژوونووسەوە قسە دەکرێت، لە ڕاستیدا مێژوووێناندن هەوڵ و کۆششێکە بۆ فام و تێگەیشتن لە ئەندێشە مێژووییەکانی مێژوونووس کە لە نووسراوە مێژوویەکانیدا، بە شێوازی ڕوون و بەرهەست یان لێڵ و نابەرهەست هاتوون.
لە لایەکیتریشەوە مێژوووێناندن هەڵگری پێوەرگەلی عەقڵانی و پاساوی ئاوەزمەندانەیە و لەسەودای خستنەڕووی شوناس، باوەڕ و کردارەکانی گرووپە کۆمەڵایەتیەکان، ڕێکخراوەکان، نەتەوەکان و چۆنێتی ئاکار و ڕەفتاریان لە ڕابردوو و هەروەها ڕەوتی بزووتن و جووڵە یان داڕمان و نوشستی و هەرەسیان لە پرۆسێس و تێپهڕینی کات دایە.
بهکورتی مێژووێناندن سەرەڕای تۆمارکردنی ڕووداوەکان لەخۆگری شیکردنەوە و هەڵسەنگاندن، کەشفی هۆکرد(علت) و گشتاندنی ئەنجامەکان، بەراورد و ئانالۆگی دۆخەکان و فامی دەور و کردە و پێگەی تاکەکان و گرووپەکان لە پرۆسێسی مادی و غەیری مادی مێژووه بە پشتبهستن به بیردۆزە باوەکانی زانستە مرۆییەکان و زانستە سرووشتییەکان و فەلسەفە.
فەلسەفەی مێژوووێناندن بەپلەی یەکەم باسکردنی لۆژیکی، عەقڵانی و مەعریفەناسانەی نووسراوەی مێژوونووسان و کۆششە بۆ کەشف و دۆزینەوەی مانا و چەمک و ڕەوتی گشتی ڕووداوەکان و هەروەها ماهییەت و چییەتییان.
هەر چەند مێژووێناندن تا ڕادەیەک هەڵگری توخمگەلێک لە مێژوو، زانستی مێژوو و فەلسەفەی مێژووە لە چوارچێوەیەکی دەسنیشانکراوی شوێن-کاتییانەدا، بەڵام دەبێت بزانین کە مێژووێناندنی هەر سەردەمێک زانستێکی سەربەخۆیە و وەکوو مەعریفەیەکی مێژووییە لەچەشنی زانستەکانی کەلام، فەلسەفە، فیقهی شەرع و ئەندێشەی ئاینیی سەردەم.
ئەگەرچی مێژوووێناندنی هەنووکە لە زانکۆکانی ئەورووپادا پێگەیەکی دیار و پێناسەکراوی هەیە و وەکوو زانستێک مێژوویەکی دیاری هەیە و ڕووبەرێکی پان و بەرین لە چالاکی و کارکردن لە هیرۆدۆتەوە تا ڕۆژگاری ئێستە و لە باڵگەلی زانستی جیاجیا وەکوو(مێژووێنادنی مێژوویی، مێژووی مێژووێناندن و…) بۆ خۆی قایلە بەڵام بەم حاڵەشەوە شتێک لە ڕێژەگەرێتی و درزێک لە دەستپێڕانەگەیشتوویی بە کات و شوێن و تێگە وفامی لە شوێن-کات لەو ڕووبەرە بەرینەیدا هەیە کە ئێمە ڕاپێچی تێڕامان و لێکهەڵپێکانی ڕوانگەی مێژوونووسە نوێکانی ئەمریکا و بیردۆزی پێکهاتەشکێنی و پاش پێکهاتەخوازی و باسەکانی دیلۆز و فوکو و بودریار و جیهانی ناکۆتای وێناندن و دالی بەتاڵ و وێناندنی ئاوێنەیی و ناکۆتا و گەیشتن بە هەرێمی ئەدەب و گێڕانەوە دەکات.
پاش پێکهاتەخوازی و مێژووخوازیی نوێ بەر لەوەی هەر جۆرە هەوڵێک بن بۆ تێگەیشتن و بانگهشهی فامکردنی حەقیقەت و واقیعی ڕووداوەکان و مێژوو، هەوڵێکن بۆ گەڕان و خولانەوە و عەوداڵبوون لەناو پیت و وانوێنراوەکان و دژبەرایەتی فەلسەفی لەگەڵ تێڕوانینی تێگەیشتنی تەواو و ڕاستەقینە بۆ ڕووداو و مێژووە، لە .
1- روانینی پاش پێکهاتە خوازەکانەوە دوو واتا بۆ وشەی مێژوو هەیە ئەلف(ڕووداوەکانی ڕابردوو) دەربڕین و گێڕانەوەی چیرۆکانە لەبارەی ڕووداوەکانی ڕابردوو پاش پێکهاتەخوازی ئەم خاڵە ڕوون دەکاتەوە کە مێژوو بەردەوام “دەگێڕدرێتەوە” بۆیە مانای یەکەمی مێژوو پەسەندکراو نییە، ڕابردوو هیچکات ناتوانێت بەشێوەی تەواو لەبەردەستی ئێمەدا بێت، ئەو شتەی دەیخاتە بەردەستی ئێمە وانوێنراو و نوێنراوەکانێتی.
2- لە ڕوانینی ئەمانەوە سەردەمە مێژووییەکان بوونگەلێکی یەکانگیر نین. هیچ مێژوویەکی یەکە جگە لە مێژووە پچڕاو و دژوازەکان بوونی نییە، هیچ گۆشەنیگایەکی ئیلیزابێتی، 3 و چوارچێوەدار بوونی نەبووە، بیرۆکەی هەبوونی کەلتوورێکی یەکانگیر و هاوئاهەنگ و هاوتەریب، ئوستوورە و خورافەیەکە کە لەڕێگەی چینی دەسەڵاتدارەوە بۆ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان بە سەر مێژوودا سەپێنراوە و پروپاگەندەی بۆ کراوە.
3- لەمە بەدواوە مێژوونووسان ناتوانن بانگهشهی ئەوەیان هەبێت کە لێکدانەوەیان لە ڕابردوو بەشێوەیەکی بێلایەنانە و بەرهەستە، ئێمە ناتوانین بەسەر دۆخی مێژوویی و هەل و مەرجی شوێن-کاتییانەی خۆماندا باز بدەین، ڕابردوو شتێک نییە کە وەکوو ئامرازێکی مادی و بەردەست و بەرهەست لەبەردەم ئێمەدا ئامادە بێت، بەڵکوو شتێکە لە ڕێگەی تەفسیر و خوێندنەوەی چەشنەکانی دەقە نووسراوەییەکانی پێشوو بۆ هاوتەریبکردن لەگەڵ تێبینی و تێگە مێژووییە تایبەتەکانی خۆمان، بەدی دەهێنین.
4- پهیوەندیی ئەدەب و مێژوو دەشێت بکەوێتە بەردەم خوێندنەوە وپێداچوونەوەوە. هیچ “مێژوو”یەکی جێگیر و نەگۆڕ بوونی نییە کە وەکوو ناوەندێک چاوی لێبکەین یان وێنای کەین و ئەدەب بکەین بە پاشکۆی. هەموو مێژوو خۆی پاشکۆیە. مێژوو بەردەوام گێڕانەوەی چیرۆکانە لەبارەی ڕابردوو بووە، ئەویش بە کەڵکوەرگرتن لەو دەقانەی کە لە دێڕ بە دێڕی گێڕانەوەکاماندا دەیهێنین.
ئەگەرچی پاش پێکهاتەخوازەکان و مێژووخوازەنوێکان بەشێکی زۆر و چەقی کارەکانیان لە سەر دەسەڵات و ئیدارە و ئەرشیڤ4 و ڕێکخراوەکانی بوو بەڵام رەهەند و لایەنێکی دیکەیان لە تێگەیشتن و فام بۆ مێژوو لە ڕۆچنەی ئەدەبەوە زەق کردەوە و ئەو سنوورە ڕەق و تەقە ڕواڵەتییە زانستییەی کە لە نێوان مێژوو و ئەدەب و باقی فۆرم و فیگۆرەکانی پیتداڕێژی و وتەتەوەرەی بوو ڕووخاندیان و هاوکێشەیەکی نوێیان بۆ فامی پهیوەندی نێوان دەسەڵات و مێژوو و ئەدەب و باقی دهربڕین و فۆرمەکانی قسە و داڕشتن هێنایە ئاراوە.
سهرچاوه و پهراوێزهکان:
1-گۆڤاری زرێبار، ژمارەی 81 و 82،”مقدمەای بە تاریخ نگاری کوردی” نووسینی د.اسماعیل شمس.
2-سەرچاوەی پێشوو.
3-وێنەی ئیلیزابێتیی جیهان (The Elizabethan picture)یەکەمجار لە لایەن و، تیلیاردەوە بۆ گێڕانەوەیەکی مێژوویی تایبەت لە کەلتووری سەردەمی شیکسپییەر بەکار برا، مەبەست سیستەمێک لە تەکووزی و کۆسمۆس و ڕێک و پێکی و یەکانگیرییە. رامان سلدن، پیت ویدسون، راهنمای نڤریە ادبی معاصر، ترجمە عباس مخبر، نڤریەهای پساساختارگرا، تاریخ گرایی جدید.
4-ئەرشیڤ بریتییە لە جۆرە نەزم و یاسا و ڕێسایەک کە له بەستێنێکی کاتیی درێژ و لە ڕێگەی میکانیزمەکانی کۆمەڵگا و دەسەڵات بە سەر تاکی کۆمەڵگا دەسەپێت و فۆرمی چەشنێک لە ناوشیاریی فێرکراو یان ناوشیاری وەرگیراو وەردەگرێت، بۆ زانیاری زیاتر چاو لە کتێبی سرگشتگی نشانەها، بودریار، لیوتار، دلوز، فوکو و بارت…نمونەهایی از نقد پسامدرن، گزینش و ویرایش مانی حقیقی بکەن.