“کۆتاییەکانی ١٩١٧”
کاتێک لاو بووم، ڕاهاتبووم زوو زوو خۆم لە چاوان ون بکەم؛ بۆ ئەوەی هێزی خۆخستنە نێو جیهانەکانی تر تازە بکەمەوە. هاوڕێکانم بە دوامدا دەگەڕان، دوای ماوەیەک نەمانی هیچ ئاسەوارێکم ڕادەگەیەنرا. دواجار کە دەگەڕامەوە، چێژم لەو ساتە وەردەگرت کە زانایان بە (کاتەکانی خۆشاردنەوە) ناوی دەبەن. لەکاتێکدا من تەنها ئەوەم دەکرد کە پێویستم پێی بوو، هەموو کەسێکیش دەشێت هەمان شت بکات. بەڵام ئەو بوونەوەرە نامۆیانە بە کەسێکی نەشازیان ناودەبردم، هەندێکیشیان وایان دادەنا کە دێو دەستی لێ وەشاندبێتم، ژمارەیەکشیان بە پیاوی هێزە نامۆکان سەیریان دەکردم. ئێستاش بۆ جارێکی تر؛ هەندێک کات خۆم ون دەکەم. (ئێستا) دوای دوو بۆ سێ ساڵ پاش دەستپێکی جەنگ هێزی جادوویی خۆی لە دەست داوە، بۆیە پاشەکشە دەکەم بۆ ئەوەی هەوایەکی جیاواز هەڵمژم، ئەم شێوازەی ژیانم بەجێ هێشت و ڕۆشتم بە شێوازێکی تر بژیم، کاتێکی باشم لە قووڵایی ڕابردوودا بەسەر برد، بە نێو میللەتەکاندا گەڕام، هیچ ئارامییەکم نەدۆزییەوە. تەماشای دیمەنەکانی خاچ و پلانگێڕییەکانم کرد، پاشان جوڵەکانی بەرەوپێشچوون لەسەر زەوی.
کاتێک گەڕامەوە، ساڵی ١٩٢٠ بوو، تووشی بێ ئۆمێدی بووم. گەلان بەردەوام بوون لەو یەکترکوشتنە شێتانەیە. هەندێک سنوور گۆڕابوون، چەند شوێنێکی گرنگی شارستانییەت لێزانانە خاپوور کرابوون. بەشێوەیەکی گشتیش شێوەی زەوی ئەوەندە نەگۆڕا بوو.
بەرەوپێشچوونێکی گەورە لە بواری یەکسانییدا ڕوویدابوو، هیچ نەبێت لە ئەوروپا، وەکو گوێم لێ بوو: وڵاتەکان وەکو یەکیان لێ هاتووە، تەنانەت ئەو وڵاتانەی بەشداری جەنگیان کرد و ئەوانەش کە بێ لایەن بوون، وەکو یەکیان لێ هات. لەگەڵ دەرکەوتنی هاوێشتنی مووشەک بە باڵۆنەکان، کە دەتوانێت لە بەرزی پەنجا بۆ شەست هەزار پێ مووشەکەکانی فەڕێبداتە سەر دانیشتوانە ئاساییەکانی زەوی. سنوورەکان؛ سەرەڕای ئەوەی بە باشی پاسەوانی دەکرێن، لە وەهمێک زیاتر نین. ئەو مووشەکانەش بە شێوەیەکی هەڕەمەکی هەڵدەداران، تەنانەت ئەوانەی لە باڵۆنەکاندا بوون دەترسان شارەکانی خۆشیان بگرێتەوە. ئەو مووشەکانە شوێنی هاوپەیمانان و بێ لایەنەکانیشی بە بێ باکی دەگرتەوە. ئەمە تەنیا بەرەوپێشچوون بوو کە هونەری جەنگ وەدەستی خستبوو. هیچ نەبێت لێرە توانی مۆرکێکی تایبەت بە خۆی بدۆزێتەوە. جیهان بوو بە دوو بەشەوە، ئەمیان هەوڵدەدات ئەوەی تریان لەناوببات، چونکە هەردوو لایان هەمان شتیان دەوێت؛ چەوساوەکان ئازاد بکەن، تووندوتیژی نەهێڵن، ئاشتییەکی بەردەوامیش فەراهەم بکەن. هەر یەکێکیان بە تووندی (ئاشتی کاتیی)یان ڕەتدەکردەوە. ئەگەر ئاشتی هەتاهەتایی وەدەست نەهێنرێت هەردوولا بەردەوامی دەدەن بە جەنگێکی بەردەوام. ئەو بالۆنانەش کە بێ باکانە لەو بەرزاییە زۆرەوە مووشەکەکانی بەسەر ئەو خەڵکەدا فەڕێدەدادا، بێ گوێدانە ئاخۆ ئامانجەکەی ڕاستە یان نە، جەوهەری ڕاستەقینەی ئەم جەنگە دەردەخات.
بینیم خانووهکەم بەهۆی ئەو مووشەکانەوە بۆردومانکرابوو، بەڵام هێشتا دەتوانم تێیدا بژیم، لەکاتێکدا زۆر ساردبوو، زەوییەکەی لەگەڵ دیوارکان لە بارودۆخێکی خراپدابوون! گۆڕانکارییەکی گەورە بەسەر شاردا هاتبوو، هیچ دووکانێکی لێ نەبوو، شەقامەکانیش چۆڵ بوون. پاشان پیاوێک لێم نزیک بوویەوە، ژمارەیەک بە کڵاوەکەیەوە بوو، پرسیاری کردم چی دەکەم لێرە. پێم گووت: پیاسە دەکەم. گووتی: ڕێگەپێدانت پێیە؟ تێنەگەشتم، پاش کەمێک قسەکردن فەرمانی پێ کردم بۆ نزیکترین بنکەی پۆلیس دوای بکەوم. گەیشتینە شەقامێک، هەموو بیناکانی نیشانەی سپی پێوەبوو. ناوی نووسینگەکان و ژمارە و پیتی لەسەر نووسرابوو. دانەیەکیان لەسەری نووسرابوو (هیچ سڤیلێک لێرە نییە، b2487-4)، پاشان چووینە دەزگایەکی حکومی ئاساییەوە، ژوورگەلێک بۆ چاوەڕوانی کردن، ڕێڕەوانێک بۆنی کاغەز و جلی شێدار و بیرۆکراتیان لێ دەهات. دوای هەندێک پرسیار بردیانم بۆ ژووری ژمارە ٧٢، ئینجا لێپرسینەوە دەستی پێ کرد. فەرمانبەرێک لەسەرەوە تا خوارەوە سەیری کردم، پاشان بە دەنگێکی تووندەوە لێی پرسیم: (نازانی چۆن بە ئامادەباشی بوەستی؟) گووتم: “نەخێر” گووتی: “بۆ نا؟” بە ترسێکەوە گووتم: “چونکە هەرگیز فێریان نەکردووم”. گووتی: “هەرچۆنێک بێت، تۆ بە بێ مۆڵەت دەسوڕایتەوە، دان بەوە دەنێیت؟” گووتم: “بەڵێ، وا دیارە ڕاستە، نازانم. لەڕاستیدا، من دەمێکە نەخۆشم”.
بە ئاماژەیەک بێ دەنگی کردم، گووتی: “سزاکەت: سێ ڕۆژ بێ پێڵاو دەبیت، پێڵاوەکانت دانێ”.
پێڵاوەکانم دانا.
فەرمانبەرەکە واقیوڕما، هاواری کرد: “هاوار خوایە، ئەوە پێڵاوە چەرمە، لەکوێت بوو؟ شێت بوویت؟”
“ڕەنگە، نەتوانم بڕیاربدەم. پێش چەند ساڵێک ئەم پێڵاوەم کڕی”
“ئاگات لێ نییە، لە پێکردنی پێڵاوی چەرم قەدەغەکراوە بۆ هاووڵاتییە ئاساییەکان، پێڵاوەکەت لێ دەبرێت. ئێستاش کوا ناسنامە و شتت؟”
ئای خوایە، هیچم پێ نییە!
فەرمانبەرەکە گووتی: “شتی وا چۆن دەبێت؟ ساڵێک زیاترە شتی وام نەبینیوە” پاشان بانگی سەربازێکی کرد و پێی گووت: “ئەم پیاوە بەرە بۆ فەرمانگەی ژمارە ١٩، ژووری ٨”
بە پێی پەتی چەند شەقامێکی پێ بڕیم، پاشان چووینە بینایەکی حکومییەوە، بە ڕاڕەوەکاندا تێپەڕین، بۆنی کاغەز و بێ ئومێدیمان دەکرد، ئینجا خرامە ژوورێکەوە، فەرمانبەرێکی تر دەست کرد بە پرسیار کردن، ئەمەیان جلی فەرمی پۆشیبوو.
“لە شەقام دەستیان بەسەردا گرتیت، هیچ ناسنامەیەکت هەڵنەگرتبوو، دەبێت دوو هەزار گۆڵدن باج بدەیت، ئێستا پسوولەیەکت بۆ ئامادە دەکەم” بە شڵەژاویەوە گووتم: “ببوورە، من ئەم پارە زۆرەم پێ نییە، دەتوانیت بە زیندانی کردن سزام بدەی؟”
“دەتەوێت زیندانت بکەم؟ چ بیرۆکەیەکە برادەر! چاوەڕێی ئەوەش دەکەیت خواردنت بدەینێ؟ … نەخێر، هاوڕێ، گەر ناتوانی ئەم باجە هیچە بدەی، ناچار دەبم سزایەکی قورست بدەم، مۆڵەتی مانەوەت لێت دەکشێنمەوە، ئەرک نەبێت ناسنامەی بوونتم نیشان بدە”.
هیچ کاغەزێکم پێ نەبوو!
فەرمانبەرەکەش هیچی دی نەگووت. دوو هاوپیشەی بانگ کرد، لەگەڵ یەکە کەوتنە ورتە ورت، ئاماژەیان بۆ من دەکرد، بە چاوێکی پڕ لە سەرسامییەوە سەیریان دەکردم. فەرمانی کرد بخرێمە ژووری دەست بەسەرگرتن، تاوەکو دەگەنە ئەنجامێک لە دۆسییەکەم.
چەند کەسێک لەوێ بوون، هەندێکیان وەستابوون، ئەوانی تریش دانیشتبوون، سەربازێکیش پاسەوانی دەرگاکەی دەکرد. سەرنجی ئەوەمدا؛ سەرەڕای ئەوەی پێم ڕووتە، بەڵام سەر و ڕوواڵەتم زۆر لەوانی تر باشتربوو. پیاویک بە شێوەیەکی سەیر لێم نزیک بوویەوە، پاشان چرپاندی بە گوێمدا: شتێکی باشم هەیە بۆ تۆ. لە ماڵەوە یەک دانە چەوەندەری شرینم هەیە، زۆر تازەیە، نزیکەی حەوت پاوەن دەبێت، گەر دەتەوێت، بۆ تۆیە. لە بەرامبەردا چیم دەدەیتێ؟
گوێی لە دەمم نزیک کردەوە، چرپاندم: خۆت بڵێ، چیت دەوێت؟
بە چرپەوە گووتی: با سەد و پەنجا گۆڵدن بڵێین!
بە ئاماژە نەخێرم پێ ڕاگەیاند، پاشان ڕووم وەرگێڕا، خێرا کەوتمە داوی بیرکردنەوەوە.
بۆم دەرکەوت کە خۆونکردنم زۆری خایاندووە، خۆگونجاندن قورس دەبێت.ئامادە بووم زۆرێک ببەخشم لەپێناو وەدەستهێنانی گۆرەوی و پێڵاودا، پێیەکانم سڕببوون، ئەوەندە بەسەر ئەو زەوییە شێدارەدا ڕۆشتبووم. هەرچەندە هەموو ئەوانەی لەو ژوورە بوون، پێیان ڕووت بوو! دوای چەند کاتژمێرێک بانگیان کردم، بردیانم بۆ فەرمانگەی ژمارە ٢٨٥، ژووری ١٩ ف، ئەمجارەیان سەربازەکە لەگەڵمان مایەوە، لەنێوان من و فەرمانبەرێکی پلە بەرزی فەرمی.
دەستپێشخەری کرد: “خۆت خستووەتە دۆخێکی هەستیارەوە، لەم شارە بە بێ مۆڵەتی بوون ژیاوی، ئاگاداری کە قورسترین سزا باجی ئەو تاوانەیە”
کەمێک خۆم چەماندەوە.
گووتم: “تکایە داواکارییەکم هەیە، بۆم دەرکەوت کە ناتوانم لەگەڵ ئەم دۆخە خۆم بگونجێنم، تکایە لەسێدارەم بدە، سوپاسگوزاردەبم”
فەرمانبەرەکە بە وردییەوە سەیری ناوچاوی کردم.
بە نەرمییەوە پێی گووتم: “لێت تێدەگەم، بەڵام هەموو کەسێک ناتوانێت ئەو داوایە بکات، پێویستت بە بەڵگەنامەی مردن دەبێت. دەزانیت ئەوە نرخی چەندە؟ چوار هەزار گۆڵدنە”.
“نەخێر، ئەو پارەیەم نییە، بەڵام هەرچیم هەیە و نییە پێت دەدەم، ئارەزوویەکی زۆرم بۆ مردن هەیە”.
“بڕوات پێ دەکەم، بەڵام خۆت بە تەنها نیت. مردنیش بەو ئاسانییە نییە. تۆ موڵکی دەوڵەتیت، بە ڕۆح و جەستە قەرزاری دەوڵەتیت. دەبێت درک بەوە بکەیت. بەم بۆنەیەوە؛ دەبینم بە ناوی “سنکلیر’ تۆمارکراوی، پێم وایە سنکلیری نووسەر بیت؟”
“وایە، ئەوم”
“ئای، گەلێک خۆشحاڵم. تۆی سەرباز دەتوانیت بڕۆیت”
سەربازەکە ژوورەکەی بەجێهێشت، فەرمانبەرەکە تەوقەی لەگەڵ کردم.
بە تۆنێکی هاوڕێیانەوە گووتی: “بە وردییەوە نووسینەکانتم خوێندووەتەوە، تەواوی هەوڵی خۆم دەدەم بۆ یارمەتیت، بەڵام خوایە، چۆن گەیشتی بەم دۆخە؟”
“لەڕاستیدا، ،ماوەیەکە خۆم ونکردووە، دوو سێ ساڵیک دەبێت ڕووم لە جیهانی بەرین کردووە. بەڕاستی وام دانابوو کە هاتمەوە جەنگ کۆتایی پێ هاتبێت، بەڵام پێم بڵێ: دەتوانیت بەڵگەنامەی مردنم بۆ دابین بکەیت؟ ئەگەر بتوانی زۆر سوپاسگوزار دەبم”.
“ڕەنگە بتوانم، بەڵام لە پێشدا دەبێت مۆڵەتی بوونت هەبێت. ڕوونە کە هیچ شتێک بێ ئەوە ئەنجام نادرێت، نامەیەکت پێدا دەنێرم بۆ فەرمانگەی ١٢٧، لەسەر ڕاسپاردەی من مۆڵەتی بوونت بۆ دەردەکەن، بەڵام ئەوە تەنها مۆڵەتی دوو ڕۆژ دەبێت!”
“ئای، ئەوە زۆر باشە”
“ناوازەیە! کاتێک وەدەستی دەخەیت، بگەڕێوە بۆ ئێرە”
دەستی یەکمان گوشی.
بە نەرمییەوە گووتم: “شتێکی تر هەیە، دەتوانم پرسیارێک بکەم؟ پێویستە ئەوە بزانیت؛ من نازانم چی دەگوزرەێت”
“بپرسە”
“باشە، ئەوەی دەمەوێت بیزانم؛ لەم بارودۆخەدا ژیان چۆن دەتوانێت بەردەوام بێت؟ ئەو خەڵکە چۆن دەتوانن بەرگەی بگرن؟”
“بارودۆخی ئەوان بەو ڕادەیە وێران نییە. تۆ دۆخێکی جیاوازت هەیە؛ هاوڵاتییەکی ئاساییت بە بێ هیچ ناسنامە و بەڵگەیەک. سڤیلێکی کەم لێرە ماون، هەرکەسێک سەرباز نەبێت بە فەرمانبەرێکی ئاسایی هەژماردەکرێت. ئەمیش بۆ زۆرێک لە خەڵک ژیانێکی پەسەندکراوە، بڕێکی باشیشیان دڵخۆشن. تاک وردە وردە بە نەبوونی شتومەکەکان ڕادێت. کاتێک پەتاتە نامێنێت بە تێکوشەی وردە دار ڕازی دەبن، ئەوان ئێستا تامەکەی پەسەند دەکەن، بەڕاستی خۆشە. سەرەتا پێمان وابوو کە زۆر قێزەونە، بەڵام ڕاهاتین، بۆ هەموو شتێک وایە”.
گووتم: “تێگەشتم. سەرسوڕهێنەر نییە. بەڵام هێشتا لە شتێک تێنەگەشتووم، پێم بڵێ: بۆ چی جیهان هەموو هەوڵی بۆ ئەم شتە خستووەتەگەڕ؟ بەرگەی ئەم بارودۆخە قورسە دەگرن، ئەم هەموو یاسایانە و هەزارەها دامودەزگای فەرمی و فەرمانبەری فەرمی لە پای چی؟ پاراستنی ئەم بارودۆخە و بەردەوامی پێدانی بۆچی؟”
ئەو پیاوە بەڕێزە بە سەرسامییەوە لێی ڕوانیم.
هاواری کرد: “چ پرسیارێکە! تۆ دەزانی ئێمە لە جەنگداین. هەموو جیهان لە جەنگدایە. وا دەکەین بۆ ئەوەی بیپارێزین، ئەو یاسایانە دەردەکەین و بەرگەی ئەم بارودۆخە بۆ چی دەگرین؛ بۆ جەنگ! ئەگەر ئەم هەوڵانە نەبووایە لەگەڵ هەموو ئەو وەدەستهێنانە گەورانە، سەربازەکان بەرگەی یەک هەفتەی شەڕیان نەدەگرت. دەمردن لە برسا، ناتوانین ڕێگە بەوە بدەین”
لەسەرخۆ گووتم: “بەڵێ، لەمەیاندا ڕاست دەکەی، بە شێوەیەکی تر؛ جەنگ مەزنە، دەبێت بە هەموو نرخێک پارێزگاری لێ بکەین.بەڵێ، بەڵام؛ دەزانم پرسیارێکی سەیرە، بۆچی وا جەنگ بەرز دەنرخێنی؟ شایەنی ئەوەیە؟ ئایا بەڕاستی جەنگ مەزنە؟”
فەرمانبەرەکە شانی هەڵتەکاند، بە بەزەییەوە تەماشای کردم، پێی وابوو من ناتوانم لێی تێبگەم.
گووتی: “سینکلیری بەرێز، تۆ هیچ پەیوەندییەکت بە جیهانەوە نەماوە. بڕۆ سەر شەقام، لە خەڵکی بپرسە، کەمێک مێشکت هیلاک بکە و پرسیار لە خۆت بکە: چیمان بۆ مایەوە؟ واتای ژیانمان چییە؟ تەنها یەک وەڵامی گونجاو دەدۆزیتەوە؛ هەر جەنگمان بۆ مایەوە. خۆشژیانی، قازانجی تاککەسی، ئامانجی کۆمەڵایەتی، خۆشەویستی، چالاکی ڕۆشنبیری، هەموو ئەوانە بەسەرچوون. هەرشتێکیش لە یاسا یان سیستەم یان ئایدیا مابێتەوە، دەبێت سوپاسی جەنگی لەسەر بکەین. ئێستا تێگەشتیت؟”
بەڵێ، تێگەشتم. لە دڵەوە سوپاسی ئەو بەڕێزەم کرد. جێمهێشت و بە کاوەخۆ ئەو ڕاسپاردەیەیی دەبوو بۆ فەرمانگەی ١٢٧ بیبەم خستمە گیرفانمەوە. نیازم نەبوو بەکاریبهێنم، هیچ ئارەزوویەکم نەبوو ئەو بەڕێزانەی فەرمانگەکان بە خۆمەوە سەرقاڵ بکەم. پێش ئەوەی کەس سەرنجی بوونم بدات و بموەستێنێت، بە دەم خۆمەوە هەندیک نوشتەی کورتم خوێندەوە، وام لە جەستەم کرد لە ژێر درەختە بچووکەکان ئاسەواری نەمێنێت، بەردەوام بووم لە گەشتە گەردوونییەکانم، بڕیاریشمدا چیتر نەگەڕێمەوە بۆ نیشتیمان.
سەرچاوە:
اذا ما استمرت الحرب!/ هرمان هیسه
نووسین: هرمان هیسە
وەرگێڕانی له عهرهبییهوه: ئەژین باجەڵان