“تێڕامانێکی ده‌روونناسانه له ده‌رکه‌وتنه‌وه‌ی تارماییه‌کانی سه‌دام حسێن”
له تێڕوانینی ده‌روونناسی کۆمه‌ڵایه‌تیدا سه‌رهه‌ڵدانی دیکتاتۆره‌کان پێوه‌ندییان له‌گه‌ڵ پێکهاتی که‌ونارای بنه‌ماڵه و که‌لتووری خێزانیی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌وه هه‌یه که بێگومان جه‌وهه‌ری ئه‌م پێکهاته‌یه له لایه‌ن ئایین و نه‌ریته‌وه دیاریی ده‌کرێن. ئایین و نه‌ریت دوو له هه‌ره جه‌مسه‌ره به‌هێزه‌کانی تێگه‌یشتن و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مرۆڤ له‌گه‌ڵ دونیا و دیارده و بوونن و مه‌عریفه سه‌ره‌تایی و کۆنه‌کان هه‌م له ڕێگه‌ی ئه‌م دوو جه‌مسه‌ره‌وه خۆیان مانیفێست کردووه و هه‌میش هه‌ر له ڕێگه‌ی ئه‌م دوو جه‌مسه‌ره‌وه پاساویان بۆ بوون و ڕه‌وایی تێگه‌یشتنی خۆیان له دونیا و گه‌ردوون و دیارده‌کانی هێناوه‌ته‌وه.
له زۆر قۆناغی مێژووییشدا به‌هۆی تایبه‌تمه‌ندیی که‌ونارابوونیان، ئه‌م دوو جه‌مسه‌ره توانیویانه پشتگیر و پاڵپشتی یه‌کتر بن و هه‌ندێ جار له کراس و سوخمه‌یه‌کی یه‌کڕه‌نگدا پێکه‌وه ده‌ر‌که‌ون و هه‌ڵاواردنیان به‌م ئاسانییانه نابێت. یه‌کێک له بنه‌ماکانی ئه‌م دوو جه‌مسه‌ره ڕیزلێنانی بێمه‌رج و سێ‌ودوو له پێکهاتی خێزان و بنه‌ماڵه و ملکه‌چبوونی هه‌میشه‌یی و بێمه‌رج له به‌رامبه‌ر (باوک)وه‌ک ڕاگر و پارێزه‌ری پێکهات و بازنه‌ی ئه‌م خوان و خوێنه‌دایه، ئێمه له ڕۆمانی (حه‌سار و سه‌گه‌کانی باوکم)ی شێرزاد حه‌سه‌ندا به ڕوونی و ڕاشکاوی و به ته‌کنیکی به‌هێز و کاریگه‌ر ڕۆڵی باوک له ئاڕاسته‌کردنی کۆمه‌ڵگا و هه‌ڵبه‌ت خه‌ساندن و له‌باربردنی منداڵ و ڕۆڵه و ده‌سکه‌وت و به‌ر و داهاته‌کانیشی ده‌بینین.
ڕه‌نگه ئه‌م ڕۆمانه ئه‌گه‌ر بڵێین ئاوێنه‌یه‌کی باڵانوێنه بۆ پیشاندنی کۆی سایکۆلۆژییه‌تی منداڵکارانه و پێنه‌گه‌یشتوو و به‌ده‌وی و له هه‌مان کاتدا سادۆمازۆخیستی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین و وڵاته ئایینییه پێشنه‌که‌وتووه‌کان، هه‌ڵه‌مان نه‌کردووه، کارئه‌کته‌ری سه‌ره‌کیی ڕۆمانه‌که که بێناویشه، و ده‌کات کو‌ڕی گه‌وره‌ی باوک له گه‌وره‌ترین ژن، به هاندان و فیتی بچووکترین ژن به به‌ڵێنێکی سۆزدارانه و عاشقانه و به چه‌پڵه‌لیدانی هه‌موو خوشکه ڕاسته‌قینه و زڕخوشکه‌کانی، باوکی دیکتاتۆر، باوکی خه‌سێنه‌ر و باوکی دیوار و حه‌سارساز ده‌کوژێت، به‌ڵام کێشه‌ی سه‌ره‌کیی لێره‌دا ته‌نها به باوککوژی و دیکتاتۆرکوژییه‌وه ته‌واو نابێت، به‌ڵکوو میراس و به‌رماوه‌کانی باوک و دیکتاتۆر درێژایی ڕێگاکه و ئاسۆی دۆخه‌که دیاری ده‌که‌ن.
ئه‌وه‌ی مایه‌وه (سه‌گه‌کانی باوک)و خوێنی باوک به ده‌ستی کوڕه بوو، ئه‌گه‌رچی (حه‌سار)ه کانیان به‌جێهێشتبوو و لێی ده‌رباز بووبوون، سه‌گه‌کان باوککوژیان ڕاوده‌نا، له سه‌ر دره‌خت، له سه‌ر دیوار، له ژێرزه‌مین، ته‌نانه‌ت له خه‌ون و مۆته‌که‌شدا وازیان نه‌ده‌هێنا و به‌دوای بۆنی خوێنی خاوه‌نه‌که‌یاندا ده‌چوون، باوککوژ له هیچ کوێ و هیچ شوێنێک نه‌یتوانی تامی ئارامییه‌کی ئاسایی و پشوودانێکی ڕۆژانه‌یی بچێژێت جگه له ژێر سه‌ردابی گۆمه‌زی گۆڕستانێک.
شوێنێکی شووم و دێز له تاپۆ و تارمایی که‌لتوورێکی که‌ونینه‌یی و خوێناوی، زێوانی گۆڕستان به مه‌رجی ئه‌وه‌ی خوشکه پاکیزه‌کانی بداتێ ئیزنی ئه‌م خۆشاردنه‌وه و پشوودان و ڕزگاربوونه نیوه‌چڵه‌ی له ده‌ست سه‌گه‌کانی باوک و خه‌ونی خوێناوی باوک به باوککوژ ده‌دات، ئه‌مه ئاسۆی پرۆسه و کۆی دیمه‌نی دیکتاتۆرکوژی و به‌دواداهاته ده‌روونی و کرده‌کییه‌کانێتی، باوک وه‌ک هێزێکی ڕاگر و پارێزه‌ر و به‌شداری پرۆسه‌ی ئافراندن له ڕێگه‌ی (دایک)ه وه له که‌لتووری ئایینی و میتافیزیکیی ڕۆژهه‌ڵاتی ناویندا ده‌بینرێت و تا شوێنێک ده‌شێت وه‌ک باوکێکی سرووشتی و فیزیکی ببینرێت که کوڕ یان کچ به موڵکی بێ ئه‌ملاولای خۆی نه‌بینێت و نه‌زانێت، به‌ڵام کاتێ که ئه‌مه هاته ئاراوه واته ده‌سه‌ڵاتی به‌ده‌وی و داگیرکارانه و کۆنترۆڵکه‌ر واته خواستی دیکتاتۆرییه‌تی باوک هاته ئاراوه و به‌دیار که‌وت، ئاره‌زووی باوککوژیش دێته کایه‌وه و ئه‌و مێژووه دووردرێژه له باوککوژیمان هه‌ر له دونیان که‌ونارای یۆنانه‌وه تاکوو ئێستا به‌م هۆیه‌وه له به‌رده‌ستدایه.
دیکتاتۆره‌کان ده‌رکه‌وته‌یه‌کی ڕه‌مزیی و میتافۆڕیک و خوازه‌یی باوکن له کۆنه‌ستی مرۆڤی ڕۆژهه‌ڵاتیدا. مرۆڤێک که حه‌ز ده‌کات تا دواچرکه‌سات له ئامێزی باوک(دایک) بمێنێته‌وه و ڕزگاری و ئازادی وه‌ک دوو بژارده له به‌رده‌م ژیان و بوونیدا به ئاسانی قبووڵ ناکات، کاتێک که باوکیشی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته واته هه‌ڵبژاردنی ئازادی و ڕزگاری(با بڵێێن ده‌ربازبوون له حه‌سار و سه‌گه‌کان)کوشت، په‌شیمانی و هه‌ڵاتنێکی قووڵ و دوورودرێژ و په‌نابردن بۆ ڕه‌گوڕیشه و پانتای ئایدیای پیرۆزیی و سه‌روه‌ریی ئه‌به‌دی و بێمه‌رجی باوک، دێته کایه‌وه.
پانتایی پیرۆز واته گۆمه‌ز و میتافیزیک و زێوانێک که په‌رده‌ی کچێنی وه‌ک به‌رتیلی ئه‌م زڕه‌ڕزگارییه وه‌رده‌گرن، هه‌موو ئه‌مانه دیمه‌نێکی گشتیین له ده‌روون و سایکۆلۆژیای به‌شێک له مرۆڤی ئێمه که جیاواز له‌وه‌ی ناوه‌ناوه به‌هۆکاری جیاواز و سه‌یر و سه‌مه‌ره یادێک له سه‌دام حسێن ده‌که‌نه‌وه و هوتافی بۆ ده‌کێشن، و بۆ جوامێری و پاڵه‌وانێتی و مه‌ردایه‌تییه‌که‌ی، ئاخ و ئۆف هه‌ڵده‌کێشن، هێشتاش به هه‌واڵ و دیمه‌نێکی ساخته و دروستکراو (ڤیدیۆ-ده‌نگ)ه‌که‌ی سه‌دام حسێن و تره‌مپ ده‌که‌ونه ناو ئه‌و خه‌یاڵاته وه‌همی و نه‌خۆشانه‌یانه‌وه که گوایه سه‌دام زیندووه و بڕیاره بگه‌ڕێته‌وه! به‌ده‌ر له‌وه‌ی ئه‌وان ڕه‌نگه ئه‌م پرسیاره‌ش له خۆیان نه‌که‌ن که ئه‌گه‌ر سه‌دامیش زیندوو بێت دوای 19 ساڵ غیاب و ته‌مه‌ندرێژبوون و دۆخی کاره‌ساتباری ژیانی چۆنچۆنی ده‌توانێت له ئێراقێکی ئێستادا که هه‌ر لایه‌ن و تایفه‌یه‌ک ده‌عیه‌یه‌کی بۆ داهاتوو و پلانێکی بۆ نه‌وت و بوودجه پێیه، بگه‌ڕێته‌وه ئه‌مه باسی مه‌حاڵ و نه‌کرده‌کانه، گریمانه‌یه‌کی ده‌روونناسانه‌یه بۆ تێگه‌یشتنه له‌و خه‌ون و خه‌یاڵ و شێواوییه، ئاره‌زوو و حه‌زی که‌لتوورێک بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی خوێن‌ڕێژ و ئه‌نفالچی و تاوانبارێکی ئاوه‌ها جگه له نیشانه‌یه‌ک بۆ نه‌خۆشیی و تێکچوونێک به‌ناوی مه‌رگپه‌رستی و دۆشداماویی و باوکپه‌رستی و نه‌بوونی ئیراده‌ی ڕزگاری و ئازادی، هیچی دیکه‌مان پێ ناڵێت، که جه‌وهه‌ری ئه‌م ئاره‌زووه باوه‌ڕمه‌ندی ئه‌م که‌لتووره‌یه به ئوستووره و پێگه‌ی ئوستووره له جیهان و بوونیدا، ئوستوووره‌یه‌ک که پێکهات و تان و پۆی نه‌ریت و ئایینه‌که‌ی ته‌نیوه.
ڕۆحی ئه‌م ئوستووره‌سازی و ئه‌فسانه‌هۆنینه‌وه‌یه له ڕاستیدا له‌م تێگه‌یشتن و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه له گه‌ڵ جیهاندا هه‌ڵده‌خێزێت که هه‌میشه (چاوه‌ڕوان)ه له ڕزگاریکه‌ره‌وه بگره تاکوو بکوژ و جه‌لاد تاکوو یار و نه‌یار، وه‌فیق سامه‌ڕایی له کتێبی (ده‌روازه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی)دا ده‌ڵێت: “له کۆتایی شه‌ڕی نێوان ئێراق و ئێران و له سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کاندا کوڕێکی 12 ساڵه‌یان هێنا بۆ لای سه‌دام و پێیان وت ئه‌م کوڕه ده‌توانێت داهاتوو پێشبینی بکات و فاڵبینه، ئه‌م کوڕه، کو‌ڕی بنه‌ماڵه‌یه‌کی هه‌ژار له عه‌شیره‌تی عوبه‌یده‌یه. له‌و کاته‌دا که‌س نه‌یده‌توانی وێنای ئه‌وه بکات که ئه‌م کوڕه بێگوناهه سه‌دام به‌ره‌و ئاڕاسته‌یه‌ک ده‌بات که ده‌بێته هۆی ڕووخانی ئێراق و ڕووداوه‌کان و شه‌ڕه‌کانی دواتر. که‌س نه‌یتوانی له‌وه‌ی که له نێوان سه‌دام و ئه‌م منداڵه‌دا ڕووی دا ئاگادار بێته‌وه جگه له یه‌کێک له خزمانی نێزیکی کوڕه‌که و توانی هه‌ندێک قسه و باسی ناو دانیشتنه‌کانی سه‌دام و ئه‌م کوڕه‌ی بۆ ده‌رکه‌وێت.
به‌ڕێوه‌به‌رانی قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی به بینینی توانایی ئه‌م کوڕه له بیرکاری‌دا و له ئاستی ڕه‌قه‌مه هه‌ر زۆره‌کان و ئه‌نجامدانی لێدان و د1ابه‌شکاریی به ڕه‌قه‌می زۆره‌وه له ماوه‌یه‌کی زۆر کورت‌دا سه‌ریان سووڕما. له مانگی ئه‌پریلی 1990دا سه‌دام لانیکه‌م مانگێک دووجار ئه‌م کوڕه‌ی ده‌هێنایه لای خۆی و قسه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌کرد. ئه‌م کوڕه به سه‌دامی ده‌وت که له مه‌ودایه‌کی زۆر دوور ده‌نگێکی به‌هێز و گه‌وره دێت و ده‌یبیستێت که پێی ده‌ڵێت: شه‌ڕێکی گه‌وره به‌ڕێوه‌یه، شه‌ڕێکی گه‌وره له ئێراقدا ڕوو ده‌دات که چوار قوڕنه‌ی جیهان پێی ده‌له‌رێته‌وه، ژماره‌یه‌کی زۆر ده‌کوژرێن، له میانه‌ی ئه‌م شه‌ڕه‌دا ناو و ناوبانگی سه‌دام له جیهاندا بڵاو ده‌بێته‌وه و هه‌مووان ده‌یناسن.
ڕێبه‌رانی وڵاتان له‌م شه‌ڕه‌دا هه‌ڵدێن و ئێراق ده‌بێت به ده‌وڵه‌منترین و زه‌نگنیترین وڵاتی دونیا، به شێوه‌یه‌ک که زه‌وینه وشک و برینگه‌کان ده‌بن به ده‌شته سه‌وزه‌کان و کێوه‌کان پڕ ده‌بن له‌و باخانه‌ی که له باخه‌کانی به‌هه‌شت ده‌چن، کۆشکێک بۆ سه‌دام دروست ده‌کرێت که بۆ ماوه‌ی سه‌د ساڵ ده‌بێت به زیاره‌تگه و شوێنی سه‌ردانی خه‌ڵکی دونیا، زانکۆیه‌کی گه‌وره و کاتژمیرێکی مه‌زن داده‌مه‌زرێت که بوونه‌وه‌رانی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ی دیار و نادیار له ده‌وروپشتی پارێزگاریی لێده‌که‌ن)وه‌ک له‌م چیرۆکه‌ی سامه‌ڕاییدا ده‌بینین ڕاسته وه‌ک لۆژیکی هۆکارێتی له چیرۆکه‌که‌دا ده‌شێت منداڵه‌که به هۆکاری له‌ناوچوونی سه‌دام بزانین، به‌ڵام پرسیاری سه‌ره‌کی ئه‌مه‌یه کێ ده‌ڵێت ئه‌م چیرۆکه ڕاسته؟ و ئه‌گه‌ریش ڕاست بێت جگه له به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی که‌لتووری ئوستووره‌په‌رستی له پێکهاتێکی خێڵه‌کی و که‌ونینه‌گرای عه‌ره‌بیدا چی دیکه‌ی تێدایه؟ پێکهاتێکی که‌لتووری و نه‌ریتێکی ئایینی و ڕیچواڵێکی کۆن که سه‌رهه‌ڵدان و داڕمانی هه‌موو دیارده‌کان په‌یوه‌ست ده‌کات به‌هێزێکی ده‌ره‌عه‌قڵ و سه‌رووی ئیراده‌ی مرۆڤه‌وه، ئه‌م تێڕانینه به هه‌مان ئه‌ندازه‌ی که‌لتووری باوکپه‌رستی و ڕزگارنه‌بوون له باوک ڕه‌گه‌زی ئوستووره‌یی تێدایه و له ڕاستیدا ده‌بێت بگوترێت گرینگ نییه باوکپه‌رستی بێت یان باوککوژی، ڕه‌گه‌زی ئوستووریی و غه‌یبانییه‌ت له هه‌ر دوولا هه‌ر ئه‌مه‌یه و لێره‌دا به‌ر له‌وه‌ی به‌رۆکی سه‌دام وه‌کوو بکوژ و جه‌لاد و تاوانبار بگیرێت ده‌بێت ئه‌و که‌لتووره بنه‌ماکه‌ی هه‌ڵته‌کێنرێت که کوشتن و ڕزگاری و بوون و نه‌بوون و شه‌ڕ و ئاشتی به ئه‌فسانه و ئوستووره‌گه‌لێکه‌وه ده‌هۆنێته‌وه که له سه‌رووی ده‌سه‌ڵات و ئیراده و هێزی عه‌قڵی مرۆڤه‌وه‌یه.
ئه‌ویش بۆ سه‌دامێک که به ئیراده‌گه‌رێتییکی ڕادیکاڵه‌وه کووده‌تای کرد و ویستی نیوه‌ی ئێراق له بیابانه‌کان ده‌فن و زینده‌به‌چاڵ بکات تاکوو جگه له ئیراده‌ی خۆی و به‌عس و به‌عسیزم هیچ شت و که‌سێکی تر نه‌توانێت ئیراده‌ی خۆی ده‌رخات بۆیه ده‌شێت بڵێین دیکتاتۆره‌کان سه‌رهه‌ڵناده‌ن به‌ڵکوو دروست ده‌کرێن. دیکتاتۆره‌کان ناگه‌ڕێنه‌وه، به‌ڵکوو زیندوو ده‌کرێنه‌وه، له لایه‌ن ئه‌م که‌لتووره و ئه‌و خه‌ڵکه‌ی که له ناو ئه‌و پێکهاته ئوستووره‌یی و غه‌یبانییه‌دا ته‌سبیح و زیکری خوێن و خه‌ون و مۆته‌که ده‌ڵێنه‌وه.