بەر لە نزیکەی دوو هەفتە؛ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە ڕەسمی ڕایگەیاند کە بە ئەرکە جەنگییەکەی لە ئێراق هێنا، ئەوەیش دوای حەوت ساڵ لە دەستتێوەردانی سەربازیی لە ڕابەرایەتیکردنی جەنگی دژی داعش. لەکاتێکدا حکومەتی ئێراق بەشی زۆری ژاوەژاوی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای هێناوەتە ئاراوە، کە سوورە لەسەر ئەوەی وەك دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری و سەربەخۆ لێی بڕوانرێت، لێ ڕاستییەکە ئەوەیە کە هێزە ئەمریکییەکان لە ئێراقدا دەمێننەوە و بۆی هەیە ئەو مانەوەیان ببێتە پشکۆی گرژیی لەگەڵ گرووپە میلیشیاکان لە داهاتوویەکی نزیکدا. هاوکات لایەنە نەرێنییەکانی دەستتێوەردانە زۆرەکانی ئەمریکا لەسەر خاکی ئێراق بۆ ماوەی زیاتر لە سێ دەیەیە درێژەیان هەیە، لەکاتێکدا هاووڵاتییانی “ئێراق” وڵاتەکەیان وەك ژێردەستەی حوکمی میلیشیا دەبینن، وڵاتانی دراوسێ دەستتێوەردان لە کاروبارەکانیان دەکەن و ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجام دەدەن، گۆڕەپانی سیاسیی نێوخۆییشیان لە دۆخێکی پەشێوی و ناسەقامگیریی هەمیشەییدایە. لەکاتێکدا شێوازی بەشداریی هێزەکانی “ئەمریکا” لە “ئێراق” گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، بەڵام ئەگەر هەیە ئەمە تەنیا ڕووپۆشکردنێکی ڕوواڵەتی بێت و “واشنتۆن” بیرۆکەی دیکەی لەبارەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغداد و مانەوەی هێزەکانی هەبێت. “دەستتێوەردانی ئەمریکا چارەنووسساز بوو و هاوئاهەنگ بوو لەگەڵ ئێرانی نەیارە هەرێمییەکەی، کە هەردووکیان بەرژەوەندییان لە زیندووهێشتنەوەی دەوڵەتی ئێراق هەبوو”
“دوای زیاتر لە حەوت ساڵ؛ هێزە ئەمریکییەکان کۆتایی بە ئەركی شەڕکردن دێنن”
بەر لە دوو هەفتە واشنتۆن بە فەرمی ئەرکی جەنگیی هێزەکانی لە ئێراق کۆتایی پێ هێنا و ئاڕاستەی هێزەکانی ڕووەو ڕۆڵی مەشق و ڕاهێنان و ڕاوێژکاری دەگۆڕێت، ئەوەیش بە واتەی کۆتایی ئەم بەشەی جەنگ لە “ئێراق” دێت، لەوانەشە واتەی دەسپێکی بەشێکی نوێی جەنگ بدات. لە ڕۆژی 15ـی حوزەیرانی ساڵی 2014ـدا، “باراك ئۆباما”ی سەرۆکی ئەوکاتەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا فەرمانی بە سووپای وڵاتەکەی دا هێرشی ئاسمانیی بەرفراوان لە ئێراق ئەنجام بدەن، ئەوەیش کەمتر لە سێ ساڵ دوای ئەوەی فەرمانی بە هێزە چەکدارەکانی کردبوو لە ئێراق بکشێنەوە، کە دوای ئەوەی جۆرج دەبلیو بۆش لە ساڵی 2003 هێرشی کردبووە سەر ئێراق، لەو وڵاتەدا جێگیر ببوون. لەوکاتەدا، ئامانجەکە گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بوو کە لە ماوەی چەند مانگێکدا سێ لەسەر یەکی خاکی ئێراقی شلۆقی داگیر کرد، بەوەیش هەڕەشەی خستبووە سەر بەغدا و هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان. دەستتێوەردانی ئەمریکا چارەنووسساز بوو و هاوئاهەنگ بوو لەگەڵ ئێرانی نەیارە هەرێمییەکەی، کە هەردووکیان بەرژەوەندییان لە زیندوو هێشتنەوەی دەوڵەتی ئێراق هەبوو. سەرەنجام داعش نەك تەنیا وەستێنرا، بەڵکوو بەرپەرچی درایەوە و سەرەنجام بە گرتنەوەی شاری مووسڵ لە ساڵی 2017 تێکشکێندرا. لەوکاتە بەدواوە، تا دوو هەفتە لەمەوبەر، ئەمریکا بە پاساوی ئەوە هێزەکانی هێشتبووەوە کە دەبێت هێشتا شەڕی شانەکانی داعش بکرێت. مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئێراق، هاوشان لەگەڵ هاتنەسەرکاری “دۆناڵد ترەمپ” و ناکۆکییە جیۆسیاسییە هەرێمییەکانی پەیوەست بە پڕۆگرامی چەکی ئەتۆمیی ئێران، ئێراقی کردە سەنگەری نێوان واشنتۆن و تاران. بە مەبەستی فشارخستنەسەر ئیدارەی ترەمپ بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی کە ساڵی 2018 لێی کشایەوە، ئێران هێزە شیعییە ئێراقییەکانی سەر حەشدی شەعبی بەکار هێنا بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا، دامەزراوە و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی.
ئەم گرژییە لە کۆتایییەکانی ساڵی 2019ـدا بووە هۆی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئێراق، ئەوەیش بەڕادەیەك “دۆناڵد ترەمپ”ی تووڕە کرد کە بڕیاری کووشتنی جەنەراڵ “قاسم سولەیمانی” لەڕێی هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان (درۆن)ـەوە دا. “سولەیمانی” تەنها سەرکردەی هێزەکانی فەیلەقی قودس نەبوو، بەڵکوو ماوەی دوو دەیە بوو پیاوی پاوانخوازییە هەرێمییەکانی ئێران بوو. مردنی ناوبراو نەك تەنیا لەنێو ئێراندا، بەڵکوو بۆ ئەو تۆڕەی میلیشیا شیعانە سیاسەتمەدارانەیش بووە مایەی شۆك کە لەدوای سەردەمی سەدام حسێنەوە گەشەی پێدابوون. ئەگەرچی مردنی “سولەیمانی” گورزێکی کوشندە بوو بۆ ئێران، بەڵام تەنانەت دوای هاتنەسەرکاری جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا و بەڵێنی گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی، نەبووە هۆی وەستاندنی هێرشی میلیشیا شیعەکان بۆ سەر ئامانجە ئەمریکییەکان. چەکدارانی میلیشیا شیعەکان داوایان لە ئەمریکا کردووە تا کۆتایی ئەمساڵ ئێراق چۆڵ بکات، ئەگینا دووچاری جەنگ دێنەوە. لەژێر ڕۆشنایی ئەمە و هەڵکشانی سیاسەتی دوورەپەرێزیی “ئەمریکا” داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسەتی بەرانبەر چین و زەریای هێمن بوو کە لەمساڵدا دیالۆگی ستراتیژیی هاوبەشی (ئەمریکا – ئێراق) ئەنجام درا، کە خشتەیەکی دیکەی “کۆتایی” شیعری کرد بۆ کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا تا 31ـی دیسەمبەر. بەڵام، لەکاتێکدا چالاکییەکانی شەڕکردنە ڕەسمییەکان کۆتاییان پێ هاتووە، بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە ئێراق تەنیا لە چالاکیی جووڵەییەوە بۆ “ڕاوێژپێدان، یارمەتیدان و توانادارکردنی” سوپای ئێراق گۆڕاوە، وەك لەم دواییانەدا لەلایەن “برێت مەکگۆرك”، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا پشتڕاست کرایەوە. ئاشکرایە کە ئەمە لە ئاستی چاوەڕوانیی ئێران و میلیشیاکانیدا نییە و گەر ئەو ڕێککەوتنە ئەتۆمییەش شکست بهێنێت کە لە ئێستادا گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت، ئەگەرێکی زۆر هەیە کە تاران لەڕێی میلیشاکانی سە بەخۆیەوە دەست بە هێرشەکانی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی واشنتۆن بکاتەوە، لەنێویدا ئەو هێزە ئەمریکییانەی لە ئێراقدا دەمێننەوە.” لە ئێراقی هاوچەرخدا، دیموکراسی بۆتە مۆدێلێك بۆ گەندەڵی، خراپ ئیدارەدان و خۆبەدەستەوەدان بە هێزە دەرەکییەکان و خواستەکانیان “
“شکستەکانی سەرکێشییە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ئێراق”
لەکاتێکدا لێکەوتە جیۆ-سیاسییەکانی دەستتێوەردانی ئەمریکا ڕوون و ئاشکران، بەڵام ئەوە لێکەوتە نێوخۆییەکانن کە هەرەس دەهێنن. ئەمەش بە دیاریکراوی کاتێك ڕاستە کە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەخرێنە بەر لێکۆڵینەوە، ئەو پەیوەندییانەی کە نزیکەی دوو دەیەیە سنووربەند کراون و شەڕیان بۆ دەکرێت. لەڕووی نێوخۆییشەوە؛ ئێراق لەدوای هێرشەکەی ساڵی 2003ـەوە سیستەمێکی سیاسیی شلۆقی هەبووە. لە ئێراقی هاوچەرخدا، دیموکراسی بۆتە مۆدێلێك بۆ گەندەڵی، خراپ ئیدارەدان و خۆبەدەستەوەدان بە هێزە دەرەکییەکان و خواستەکانیان. “ئێراق” لەلایەن ڕێکخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتییەوە بەردەوام لە ڕیزبەندیی گەندەڵترین وڵاتانی جیهان ڕیزبەند کراوە. ئەم گەندەڵییە بۆتە هۆی کێشەی بەردەوامی خزمخزمێنە، تەواوی وەزارەتەکان بەهۆی تۆڕەکانی چاودێری، کێشەی بەردەوامی گەیاندنی ئاو و کارەبا کێشەی پارەیان هەیە. دەستتێوەردان لە کاروباری ئێراق تەنیا ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ناگرێتەوە. بۆ نموونە تورکیا، کۆمەڵێك ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە هەرێمی کوردستان ئەنجام داوە بە مەبەستی هێرشکردنەسەر پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە). پێشووتر و لە مانگی نۆڤەمبەردا، تورکیا فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان (درۆن)ـی بەکار هێنا بۆ کوشتنی “مەڕوان بەدەل”، فەرماندەی ئێزیدیی یەکینەکانی بەرگریی شەنگال (یەبەشە)، کە گرووپێکە پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ هەریەك لە (پەکەکە و ئێران)دا هەیە. لە بەرانبەردا و لە تۆڵەی “مەڕوان بەدەل” دوای چەند ڕۆژێك سێ سەربازی تورکیا لەلایەن پەکەکەوە لە هەرێمی کوردستان کوژران. لەکاتێکدا بەغداد ناوە ناوە بەیاننامەی ناڕەزایەتی دژی سنووربەزاندنەکانی “تورکیا” دەردەکات، بەڵام بەهۆی بێدەسەڵاتییەوە هیچ شتێکی دیکەی بۆ ڕێگەگرتن لێیان لەدەست نایەت. بێتوانایی لە نەهێشتن و کۆنتڕۆڵکردنی تووندوتیژی لەنێو سنوورەکانی (کە یەکێکە لە پێناسە بنچینەییەکانی دەوڵەت) بۆتە هۆی ئەوەی هاووڵاتییانی ئێراق متمانەیان بە حکومەتەکەیان نەمێنێت.
بێمتمانەیی بە تواناکانی حکومەت بەهۆی گەندەڵیی بەرفراوان و کێشەکانی سەروەری دەبنە هۆی بێمتمانەیی بەو پڕۆسەیەی کە بەهۆیەوە (هەڵبژاردن) ئەو حکومەتانە دێنە سەر دەسەڵات. گەرچی لەڕووی ئەوەی سەرەنجام دیموکراسی ئازادبوونیان پێدەبەخشیت بەڵێنی زۆر بە هاووڵاتییانی ئێراق دراوە، بەڵام واقیعی ژیانیان لەدوای ساڵی 2003ـەوە بەردەوام لە هەڵکشانی تووندوتیژی، ناسەقامگیری، شکست و ئەو تێڕوانینە بووە کە هێزە دەرەکییەکان بڕیار دەدەن کێ دێتە سەر کورسیی دەسەڵات، بێ گوێدانە ئەوەی گەلی ئێراق دەنگ بە چی دەدەن. هەمان شت دووبارە بووەوە کاتێك “نوری مالیکی”، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئێراق وەك بەربژێرێکی قەبووڵکراوی هاوبەش لەلایەن ئێران و ئەمریکاوە هەڵبژێردرا، دوای ئەویش هەریەك (حەیدەر عەبادی، عادل عەبدولمەهدی و موستەفا کازمیی) سەرۆکوەزیرانی ئێستا، کە سەرجەمیان بەبێ هیچ پڕۆسەیەکی ڕاستەوخۆی هەڵبژێردران هاتنە سەر دەسەڵات.تەنانەت ئێستایش، دوای دوو مانگ لە دوایین هەڵبژاردن کە تەنها 40%ـی دەنگدەران تێیدا بەشدار بوون، حکومەتی نوێ پێك نەهاتووە و خوودی پڕۆسەی هەڵبژاردن لەلایەن لایەنە دۆڕاوەکانەوە گومانی خراوەتە سەر کە ڕێوشوێنی یاسایییان گرتۆتە بەر بۆ ڕاگەیاندنی ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا.
بەهەمان شێوەی “ئەفغانستان”، کە تاقیکردنەوەیەکی دیکەی دیموکراسییە لەلایەن ئەمریکاوە، ئێراقیش لەسەر لێواری گۆڕانێکی لەناکاو و ڕووەو ئاڕاستەی داڕماندایە و، ئەگەر هەیە بچووکترین ناسەقامگیری دۆخەکەی لە دیموکراسییەکی شڵەقاوەوە بگۆڕێت بۆ شەڕێکی نێوخۆیی گشتگیر. گەر واشنتۆن بەتەواوەتی بکشێتەوە، یاخود بڕیاری ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی ئێران بدات، ئەوا ئەو دوو پایە سەرەکییەی کە ئەو پڕۆژەیەیان ڕاگرتووە هەڵدەوەشێنەوە و بۆی هەیە تەواوی پڕۆژەی دیموکراسیی ئێراق هەرەس بهێنێت و، ئاکامەشی تەنیا تووندوتیژییەکی خوێناوی دەبێت.
سەرچاوە: ماڵپەڕی The New Arab
وەرگێڕان: موحەممەد ڕەحمان