کارە تێکدەرانەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل درێژەیان هەیە، یان ئەوەی بە “جەنگی سێبەر” لەنێوان هەردوو وڵاتدا دەناسرێت و، دیارترین بەشی لە ماوەی ڕابردوودا بریتی بوو لە بەئامانجگرتنی دامەزراوەی “نگنـز”، بەناوبانگترین دامەزراوەی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێران لە هێرشێکدا لە مانگی یۆلیۆی ساڵی 2020 و هێرشێکی دیکەی نیسانی ساڵی 2021، جگە لە کوشتنی محسن فەخری زادە، زانای ئەتۆمی لە ناوەڕاستی تاراندا. ئەمە جگە لە بەئامانجگرتنی کەشتییەکانی یەکدی لە کەنداوی عەرەبی و دەریای عومان و دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور لەنێوان هەردوولادا.
“هێرشی سەر کەرەج”
پێگەی بەرهەمهێنانی دەزگای سێنترفیوج (ئامێری پیتاندنی یۆرانیۆم)ـی سەر بە ڕێکخراوی وزەی ناوەکیی ئێران دووچاری هێرشێك هاتەوە لەڕێگەی درۆن (فڕۆکەی بێفڕۆکەوان)ـەوە. دامەزراوەکە بە ناوی “کۆمپانیای تەکنەلۆژیای سێنترفیوجی ئێرانی” یان “تسا” دەناسرێت و یەکێکە لە دامەزراوە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی بەشەکانی ئەو ئەلەمنیۆمەی لە دانانی سێنترفیوجەکاندا بەکار دەهێنرێت، کە لە دامەزراوەکانی فۆردۆ و و “نگنز” لە پڕۆسەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم بەکاردەهێنرێت. ئەو درۆنەی دامەزراوەکەی بەئامانج گرت لە مەودایەکی نزیک لە دامەزراوەکەوە هەڵساوە، دامەزراوەکە دەکەوێتە شاری کەرەج
لە تارانی پایتەختی ئێران و لەبارەی ڕووداوەکەوە ئەم تێبینییانەی خوارەوە هەن:
١. نکۆڵیی ئێران: دەزگا ڕاگەیاندنەکانی ئێران هەوڵەکانیان چڕ کردەوە لەسەر هێرشێك کە دامەزراوەیەکی سەر بە دەزگای وزەی ناوەکیی ئێرانی بەئامانج گرت. دەزگای “نور نیوز”ـی سەر بە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەییی ئێران ڕایگەیاند، دەزگا ئەمنییەکانی ئێران “کردەیەکی تێکدەرانە”ـیان دژی دامەزراوەیەکی سەر بە دەزگای وزەی ناوەکیی ئێرانی لە لێوارەکانی شاری کەرەج تێکشکاندووە. هاوکات بەبێ ئەوەی ناوی دامەزراوەکە ئاشکرا بکات، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد هیچ زیانێك لە هێرشەکە نەکەوتۆتەوە، لەکاتێکدا سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بنکەی بەرگریی ئاسمانیی “خاتم الانبیاو” لە لێدوانێکدا بۆ دەزگای “ئیسینا”ـی حکومی ڕەتی کردەوە هێرشەکە بە فڕۆکەیەکی گەورەی درۆن ئەنجام درابێت.
٢. ئاماژەکانی ئیسرائیل بە ئەنجامدانی هێرشەکە: دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئیسرائیل، لەنێویاندا ڕۆژنامەی “جیروسەلیم (ئۆرشەلیم) پۆست” و کەناڵی تەلەفیزیۆنیی ١٣ـی ئیسرائیلی، دووپاتیان کردەوە زیانی گیانی کەوتۆتەوە لەو دامەزراوەیەی سێنترفیوج بەرهەم دەهێنێت.
هەروەها ڕۆژنامەی ” یدیعوت أحرونوت”ـی ئیسرائیلییش ڕۆژی هەینی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئیسرائیل لەپشت بەئامانجگرتنی دامەزراوەی کەرەجە لە تاران، لەسەر ئەو بنەمایەی بەرژەوەندی و توانای کرداریی هەیە لە ئەنجامدانی کارێکی ئاڵۆزی لەم چەشنە لە ناوەوەی خاکی ئێراندا.
هەروەك نەفتالی بێنیت، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە لە وتاری ئاهەنگی دەرچوونی فڕۆکەوانیی چەکی ئاسمانیی ئیسرائیلی بەڕوونی ئاماژەی دا بە ڕۆڵی وڵاتەکەی لە کۆتا هێرش کاتێك گوتی: “دوژمنەکانمان دەزانن ئێمە مکوڕتر و سوورترین و دوودڵ نابین لە وەڵامدانەوە لە کاتی پێویستدا”، گوتیشی سەرۆکوەزیرەکانی ئیسرائیل هەمیشە بەرپرسیارێتییەکی پیرۆزیان هەیە کە بریتیە لە ڕێگەنەدان بە هەڕەشەی وجودیی بۆ سەر دەوڵەتی ئیسرائیل.
ئاماژەکانی ڕووداوەکە ڕووداوەکەی کەرەج پەردە لەسەر چەند ئاماژەیەك هەڵدەماڵن کە دەکرێ بەم شێوەیەی خوارەوە ڕوون بکرێنەوە:
١. بەئامانجگرتنی پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێران: هێرشەکە، وەك ئەوەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئیسرائیل باسیان لێوە کرد، جەختکردنەوەیەکە لەلایەن حکومەتی نوێی ئیسرائیل بە سەرکردایەتیی نەفتالی بێنیت لەسەربەردەوامیی هەڵوێستە نەگۆڕەکانی حکومەتە یەك بەدوای یەکەکانی ئیسرائیل لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی ئێران و، ڕێگەنەدان بە بەرەوپێشچوونێکی ئەتۆمیی لەلایەن ئێرانەوە کە هەڕەشە بخاتە سەر ئاسایشی نەتەوەییی ئیسرائیل.
ئەوەیشی ئەو بۆچوونە پشتڕاست دەکاتەوە ئەوەیە کە ئەوە یەکەم کردەیە لە سەردەمی بێنیت کە ئینتیمای بۆ ڕاستڕەویی ئیسرائیلی هەیە کە دژی ئێرانە و، دێڤد بەرنیاع، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی مۆساددا، کە ئەوەی دووەمیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی ئێران کراوەتە سەرۆکی گرنگترین دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل، ئەوەیش بەپێی گوتەی بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆکوەزیرانی پێشوو کە لە مەڕاسیمی دەستبەکاربوونیدا ئەوەی ڕاگەیاند.
٢. لاوازیی ئێران لە ڕووبەڕووبوونەوەی کردە تێکدەرانەکان: کردە یەك بەدوای یەکە تێکدەرانەکان دژی ئیسرائیل بەردەوامیی لێکترازانی ناوخۆییی ئێران دەردەخەن و، ئەوەیش شتێکی چەندبارەوەبووە لە ڕووداوەکانی ڕابردوو، وەك هێرشی سەر دامەزراوەی “نگنز” و کوشتنی فەخری زادە لە ناوجەرگەی تاران.
دووایین کردەی تێکدەرانەی کەرەجیش لەم چوارچێوەیە بەدەر نەبوو، چونکە هێرشیکە لەڕێگەی درۆنەوە ئەنجام درا کە لە نزیك شوێنی ڕووداوەکەوە هەڵفڕی، ئەوەیش ئاماژە بۆ لاوازیی دەزگا ئەمنییەکان دەکات، دامودەزگا ئەمنییەکان و گاردی کۆماری، لە دەستنیشانکردنی تۆڕە سیخووڕییەکانی ئیسرائیل لەنێوخۆی وڵاتەکە و هەڵوەشاندنەوەیان.
٣. خاوکردنەوەی بەرنامەی ناوەکیی ئێران: هێرشە یەك بەدوای یەکە پەیوەستەکان بە توانای ئەتۆمیی ئێران، گوزارشتن لە خواستی ئسرائیل بۆ خاوکردنەوەی پەتی خێراییی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، ئەوەیش لە ژێر ڕۆشنایی سووربوونی ئێران لە هەڵنانی هەنگاوێك لە پیتاندنی یۆرانیۆم بە ئاستێکی بەرز کە دەگاتە ٦٠٪، لەڕێی دانانی ئامێری پێشکەوتووی سێنترفیوجی وەك IR-4, IR-2M, IR6 و ئامێری تری سێنترفیوجی بەکارهێنراو لە تاودانی پرۆسەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم لە دامەزراوەکانی (نگنز) و فۆردۆ.
لەم ڕووەوە، چەندان ڕاپۆرت ئاماژەیان بەوە داوە کە دامەزراوەی کەرەج ئامێری سێنترفیوجی جێگرەوەی بەرهەم دەهێنا بۆ ئەو ئامێرانەی دامەزراوەی (نگنز) کە دوای هێرشی نیسانی ڕابردوو بۆ سەر دامەزراوەکە وێران بوون. جگە لەوەیش، دووچاربوونی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، بەتایبەت پرۆسەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم بە کردەی تێکدەرانە، هەوڵەکانی ئێران بۆ بوون بە خاوەنی بۆمبی ئەتۆمی خاو دەکاتەوە.
٤. مەحرومکردنی ئێران لە بەکارهێنانی پیتاندنی یۆرانیۆم وەک کارتێکی فشار: ناکرێت ڕووداوی ئەم دواییانەی کەرەج لە گفتوگۆکانی ڤیەننا جیا بکرێتەوە، بەو پێیەی ئەوە یەکێکە لە کارتەکانی فشاری دەست واشنتۆن لەسەر ئێران بۆ دابەزاندنی ئاستی داواکارییەکانی لەپێناو گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵیدا.
هەروەها وا دەردەکەوێت ڕووداوەکە لەلایەن ئەمریکاوە گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵکرابێت، چونکە دامەزراوەی بەئامانجگیراوی سێنترفیوجی کەرەج لەنێو لیستی ئەو ئامانجانەدا بوو کە ئیسرائیل پێشکەشی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکای کردبوو، ئەوەیش واتە دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل ماوەیەکی زۆرە چاودێریی چالاکییەکانی دامەزراوەی ناوبراو دەکەن.
٥. ناردنی پەیامی هۆشداریی بۆ رەئیسی: هێرشەکەی کەرەج بە پەیامێک دادەنرێت کە ئاڕاستەی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری تووندهەڵوێستی ئێرانی کراوە، پەیامەکەیش بریتیە لەوەی تەلئەبیب لە سیاسەتەکانی خۆی بۆ خاوکردنەوەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران پاشگەز نابێتەوە و، هاتنەسەرکاری رەئیسی و داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەی تووند، نابێتە هۆی ئەوەی ئیسرائیل سڵ لە ئامانجەکانی بکاتەوە.
“پەیڕەوکردنی سیاسەتی پێشوو”
گومان لەوەدا نییە کە هەردوو لایەن، ئێران و ئیسرائیل، سیاسەت و ستراتیژییەتی نەگۆڕیان هەیە کە هەرچەندە ئاڕاستەی دەستەبژێری فەرمانڕەوا تێیاندا بگۆڕێن، دەستیان لێ نادرێت. ئەوەیش لە ژێر ڕۆشنایی ئەوەی هێشتا قسەی کۆتایی لە ئێران لە دەستی ڕێبەری باڵادایە و، بواری ڕێگەدراو بە سەرۆککۆمار دیاریکراوە و بەپێی نزیکی لە ڕێبەر و بازنە گرنگەکانی داڕشتنی بڕیار لە ئێران تەسك دەبێتەوە و فراوان دەبێت.
لە ئیسرائیلیش دۆخەکە زۆر جیاواز نییە، چونکە لەوێش بڕوای چەسپاو هەن لەسەر بنەمای پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و لاوازکردنی نەیارەکان و بەرەنگاربوونەوەی هەر هەڕەشەیەکی وجودی لە ڕوانگەی ئیسرائیلەوە، هەروەك دەستەبژێری ئەمنی و سەربازیی فەرمانڕەواش لە ئیسرائیل گۆڕانکاری زۆری بەسەردا نایەت، جگە لە لەسەرکارلاچوونی ناتانیاهۆ، ئەو نەگۆڕانەش بەردەوامیی بە سیاسەتەکانی ئیسرائیل بەرانبەر بە ئێران دەدات.
بە پشتبەستن بەو شتە نەگۆڕانە، پێشبینیی گرژیی زیاتر لەنێوان ئەو دوو وڵاتە لە داهاتوودا دەکرێت، کاردانەوەی ئێرانیش بەس نییە بۆ هەڕەشەکانی ئیسرائیل. لەوکاتەی ئیسرائیل سیاسەتی چوونەنێو ئێران تەواو دەکات بە ئامانجی وێرانکردنی بەشێك لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی، ئێڕان هەوڵی وەڵامدانەوە دەدات لەڕێی بەهێزکردنی بڵاوبوونەوەی سەربازیی لە نزیك ئیسرائیل و بەردەوامیی پشتیوانیکردنی هێز و میلیشیا نەیارەکانی ئیسرائیل و فراوانکردنی چالاکییەکان بۆ بەئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکە. هاوکات بەرپرسانی ئێران دڵنیایی دەدەن لەوەش کە کەرەج دووچاری هیچ زیانێکی ماددی نەبۆتەوە لە کۆتا هێرشدا و، ئەوەیش کەمێك ئیحراجیی وەڵامدانەوەی هێرشەکە سوك دەکات، ئەگەر بۆ ماوەیەکی کەمیش بێت.
وەرگێڕان: محەمەد ڕەحمان فەیزوڵڵا