“ئەردۆگان” سەرۆکەکەی “تورکیا” وتی “ئیسرائیل دەوڵەتێکی ڕەگەزپەرستە و خوێنی فەلەستینیەکان ئەڕێژێت”
ساڵی (۲۰۰۸) تورکیا درێژەیدا بە بڵاوکردنەوەی فلیمی گریانی بەرد (Cry stone) کە تیایدا باس لە فڕاندنی مناڵە عەرەبەکانی “فەلەستین” ئەکات لە لایەن کۆماندۆی ئیسرائیلییەوە، ئەمە ئیسرائیلی بێزارکرد، بەرپرسانی ئاکەپە بەردەوام پێشوازییان لە “خالید مەشعەل” ی سەرۆکی حەمماس ئەکرد، پێشوازییان لە “عومەر بەشیر” ئەکرد کە لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە ئینتەرپول بەدوایدا ئەگەڕا، هاوڕێیەتی گەرموگوڕی (ئەردۆگان و بەشار ئەسەد) لە لایەک و خێزانەکانیان لە ناو مۆڵەکانی ئیستانبوڵ، ئیسرائیلی توڕەتر ئەکرد، ئیتر پێداگیرییان ئەکرد لە بە تەنگەوەچوونی خەڵکی غەززە، ئەردۆگان لە داڤۆس کاغەزی بە ڕووی “شیمۆن پیرێز” ی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلدا فڕێ ئەداو کۆنفڕانسەکەی بەجێ ئەهێشت. لە زانکۆی ئیستانبوڵ سیمیناریان بۆ باڵوێزی ئیسرائیل ڕێکئەخست کەچی لە بەر دەرگا خوێندکارە تورکە ڕەگەزپەرستەکانیان تێ بەرئەداو، ئینجا ئەردۆگان ئەیوت “تاپۆی خاکی ئیسرائیل لە ئەرشیفی ئێمەدایەو موڵکی عوسمانییەکانە” هەموو ئەمانە لە نێوان ساڵی (۲۰۰۸ بۆ ۲۰۱۰) بوو.
شەش ساڵ بەسەر پچڕانی پەیوەندییە سیاسیەکانی تورکیادا تێپەڕی (پەیوەندییە ئابوورییەکان هەر بەردەوام بوو، بەڵام هەڵکشان و داکشانی ئەکرد) لە (شوباتی ۲۰۱٦) ەدا تورکیا و ئیسرائیل پەیوەندییەکانیان ئاسایی کردەوە، لەسەر چەند خاڵێک ڕێککەوتن، سەرەکیترینیان غازی سرووشتی و پرسی کورد بوو، بە جۆرێک ئیسرائیل غازی سرووشتی بە تورکیا بفرۆشێ، وە دەست وەرنەداتە کێشەکانی تورکیا.
“ئیسرائیل ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست ئەپارێزێت”
دەریای ناوەڕاست (Mediterranean) یانی ڕۆحی دونیا، لە ڕووی جوگرافییەوە خاڵی بەریەککەوتنی سێ کیشوەری (ئاسیا و، ئەفریکا و، ئەوروپا)یە، لە ڕووی مێژووییەوە شوێنی سەرهەڵدانی مرۆڤایەتی و دەرپەڕینیەتی بۆ ناوچەکانی تری دونیا، بەشە هەرە ستراتیجیەکەی دەریای ناوەڕاست بریتی یە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، یانی (میسر، قوبرس، ئیسرائیل، سوریا، لوبنان، تورکیا) بەگشتی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی باشووری ئەوروپا کە ئەکەونە سەر دەریای ناوەڕاست (یۆنان، ئیتاڵیا، ماڵتا، فەڕەنسا، ئیسپانیا) تەماسیان هەیە.
لە ساڵی (۲۰۱٤) ەوە بە فەرمی (قوبرس و ئیسرائیل) ئەڵێن غازی سرووشتی و نەوت-مان لە کەنار دەریا دۆزیووەتەوە، دەستیان داوەتە بەرهەمهێنان، بۆڕییەکیان بەرەو ئەوروپا لێداوە، تورکیاش هەر لەخۆیەوە و بە پێشێلکردنی یاسای دەریایی نێودەوڵەتی کەشتییەکی گەورەی بەناوی باربارۆس ڕەوانەکرد (باربارۆس ناوی وەزیری دەریاوانی سەردەمی عوسمانییەکانە کە لەو سەردەمانە ملی بەهەرشوێنێکەوە ناوە فەتحی کردووەو داگیری کردووە).
دەرکەوت؛ ئیسرائیل پێویستی بە هاوپەیمانێتیەکە بە بێ “تورکیا” زۆر کار هەیە بۆی ناچێتەسەر، هەردولایان پێویستیان بە یەکتر بوو، بەڵام دەریش کەوت ڕێککەوتنی نێوان (تورکیا و ئیسرائیل) لەسەردەمی “ئەردۆگان” دا ئەنجامێکی نابێت، لە سەرەتای (۲۰۱۸)ەوە بەیارمەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئیسرائیل گەیشتۆتە ئەم دەرئەنجام و پانتاییە سیاسیانەی لای خوارەوە؛
یەکەم؛ هاوپەیمانێتیەکی گەورەی ئەمنی و ئابووریی لە نێوان (قوبرس-ئیسرائیل- یۆنان) دروست بوو، لەسەر ئاستی لوتکە درێژەی پێ ئەدەن بۆ هەناردەکردنی نەوت و غازی سرووشتی لە دەریای ناوەڕاستەوە بۆ ئەوروپا، لە واقیعدا دۆزینەوەی (۲۰۰۰) ملیار مەتر سێجا غازی سرووشتی و بڕێکی زۆر لە نەوت لە کەنارەکانی (قوبرس و ئیسرائیل) کە تەنها (۳۰) کیلۆمەتریان نێوانە، ئەمە شۆڕشێکە لە بواری ووزەدا، لە بواری ئەمنیشدا دوو سەرەیە، یەکێکیان؛ سەرلەنوێ وێناکردنەوەی سنوورە ئاوییەکانە، ئەویتریش؛ پاراستنی ئاسایشی ئەوروپایە لە پرسی کۆچبەران و قاچاخچی و ماددە قەدەغەکراوەکان و هەتا دوایی.
دووەم؛ ئەگەرچی پەیوەندی بازرگانی و ئابووریی بەردەوامە لە نێوان (تورکیا و ئیسرائیل) دا (ساڵی ۲۰۱۷ هێڵی ئاسمانی تورکش ئێرلاین ۱ یەک ملیۆن گەشتیاری لە نێوان ئەم دوو وڵاتەدا گواستۆتەوە) بەڵام ئیتر ئیسرائیل تاقەتی لە تورکیایەک چووە کە “ئەردۆگان” تیا فەرمانڕەوا بێت، بەڕای پڕۆفیسۆر ئیفرایم ئینبار -Efram Inbar بەڕێوەبەری پێشوی سەنتەری “بیغن-سادات” و بەرپرسی ئێستای جێرۆزەلیم پۆست، ئەمە بابەتێکە لەساڵی (۲۰۱۰) ەوە بڕاوەتەوە، ئەوکاتەی (ئەردۆگان و داودئۆغلۆ) تەحەدایان کرد و کەشتیە بارهەڵگرەکانیان ڕەوانەی غەززە کرد و، کۆماندۆی ئیسرائیلیش (۱۰) دە سەرنشینی لێ کوشتن و دەستی گرت بەسەر کەشتیەکانیشدا، هەربۆیە لە (۱٥ی ئایاری ۲۰۱۸)ـــەوە تورکیا و ئیسرائیل باڵوێز و نوێنەری یەکتریان دەرکرد لە وڵاتەکانیان. پێدەچێت ئەمە ترسێکی ئەردۆگان بێت لە دەستوەردانی ئیسرائیل لەکاروباری هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە (حوزەیرانی ۲۰۱۸) ەدا.
“کلیلی داخکردنی ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵات بە کێ دراوە؟”
“دۆناڵد ترامپ” سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەیەوە بەڵێنی داوە سزای “ئێران” بدات و ڕێککەوتنە ئەتۆمیەکەی ئێران و وڵاتانی ٥+۱ هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵێنیشیدا باڵوێزخانەی “ئەمریکا” لە تەلئەبیبەوە بگوازێتەوە بۆ (قودس/ئۆرشەلیم). لە نیوەی یەکەمی (۲۰۱۸) هەردوو بەڵێنەکەی بەجێهێنا، ئێستا کاتی ئەوەیە لێکەوتەکانی ئەم کارە ببینین؟. “دۆناڵد ترامپ” لێکەوتەکانی ئەم بڕیارەی پێشوەخت تێست کردووە، سەرەتا ڕایگەیاند کە باڵوێزخانەی وڵاتەکەی ئەگوێزێتەوە، کۆشکی سپی گوتیان ڕەنگە دوو ساڵێک بخایەنێت، بەڵام کە بینییان لە جیهانی عەرەبیدا هیچ کاردانەوەیەک نەبوو، وە مەبەستی سەرەکی “ترامپ” لە بنەڕەتدا ئەوە بوو؛ تێست-ی سعودیە و تورکیا بکات، ئاخۆ کامیان بۆ هاوڕێیەتی ئیسرائیل باشن و، لە ناکاو تێکی نادەن، دەرکەوت سعودییە هاوڕێیەکی باشە بۆ ئیسرائیل، زۆریش باشە بۆ ئەوەی پێکەوە ئەم دووانە بکرێنە دوو ڕێبەری هەرێمی تا بەر بە هەژموونی ئێران بگرن.
“ئەردۆگان بە ئیسرائیل ئەڵێت ڕەگەزپەرست!”
تورکەکان زیاتر لە ملیۆنێک “ئەرمەنی” یان جینۆساید کرد، لەکاتێکدا بە “ئیسرائیل” ئەڵێن مناڵی فەلەستینی ئەڕفێنن، دووەم گەورەترین فڕۆکەخانەی ئیستانبوڵ بە ناوی “سەبیحە گۆگجەن -Sabiha Gokçan” ئەم کچە لەبنەڕەتدا ئەرمەنی بووە، فڕاندویانە و گەورەیان کردووە و کردویانە بە تورک و، لە تەمەنی (۲۳) ساڵی دا بووە بە فڕۆکەونێکی سەرکەوتوو. ئەردۆگان لە کاتێکدا لەگەرمەی جنێودان بوو بە ئیسرائیل و بۆ فەلەستینیەکان ئەگریا خۆی مناڵی کوردی لە ڕۆبۆسکی و زارگەلی لە شیرینی خەودا ئەکوشت، جارێکیان پێشوازی لە “خالید مەشعەلی” سەرۆکی حەمماس کرد، “ڕەعنان غیتسن” وتەبێژەکەی حکومەتی ئیسرائیل وتی “ڕات چۆنە ئێمەش پێشوازی لە ئۆجەلان بکەین.”
بەنیسبەت کورد-ەوە، ئەتوانین بڵێین؛ هەرکاتێک (تورکیا و ئیسرائیل) پەیوەندییەکانیان بەهێز بێت ئەوا لە زیانی کوردی باکوور و قازانجی کوردی باشوورە. لە نەوەتەکان پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی ئەم دوو ووڵاتە لە بەرزترین و تووندترین ئاستدا بوو، مۆسادی ئیسرائیل بەشداری لە گرتنی ڕێبەری کورد و پارتی کرێکاران “عەبدوڵا ئۆجەلان” کرد و ڕادەستی تورکیایان کردەوە.
“دەرئەنجامەکان؛ ئایندە چۆن ئەبێت؟”
“ئەردۆگان”، پیاوە شەڕفرۆشەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆتە سەرچاوەی کێشە بۆ ئەوروپا، بۆ ئۆراسیا، بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەو ماوەیە بە بێ ئەوەی شوێنی بۆنەکان هی ئەوە بێت لە خۆ-وە دەست ئەکات بە وتنی چەند ئاماژەیەکی مەترسیدار، ئەڵێت “پەیماننامەی لۆزان کۆتایی هات!” دونیا ئەیەوێ لەو بەشەی قوبرس بڕواتە دەرەوە کە داگیریان کردووە، کەچی (٤۰۰۰۰) چل هەزار سەربازی هێناوەتە قوبرس و ئەڵێت ” جگە لە قوبرس ۱۸ هەژدە دورگەی یۆنان هی تورکیایە !”. ئەمەش وایکردووە (یۆنان و تورکیا) هێز بەرانبەر یەک بوەستێنن و دۆخەکە بگاتە ئاستی شەڕ، تورکیا وا تێگەیشتووە یۆنان-یش سوریا یە بۆی بچێتە سەر.
خاڵێکی تری ناکۆکی نێوان ئەم دوو وڵاتە؛ غازی سرووشتییە لە قوبرس دۆزراوەتەوە، تورکیا تینووە بە نەوت و غازی سرووشتی، ساڵانە نزیک بە (٦۰) شەست ملیار غاز ئەکڕێت، بەڵام یۆنان و قوبرس زەمینەیەکی جوگرافی و فەرهەنگی و کولتوورین هاوبەشی تورکیا ناکەن، هەروەها کاتی کودەتاکەی (۱٥ی تەمموزی ۲۰۱٦) چەند ئەفسەرێکی تورکیا بە هەلیکۆپتەرێک گەیشتنە یۆنان، “یۆنان” ئەڵێ ئەم کەیسە لە دادگایە، ئینجا چەند ئەفسەرێکی یۆنانی چەند مەترێک چوونە ناوخاکی تورکیاوە، تورکیا دەستگیری کردوون، یۆنان داوایان ئەکاتەوە، تورکیاش لاسایی یۆنان ئەکاتەوە ئەڵێ “ئەوە لە دادگایە”!
ئەوە یەکلابووەتەوە کە ئیسرائیل تورکیا-ی بەلاوە گرنگە، بەڵام بە بێ ئەردۆگان، ئیمڕۆکە جیهان بە گشتی چاوەڕێی تورکیایەکی بێ ئەردۆگان ئەکات. کۆتا دەرهاویشتە بریتییە؛ لە هاوپەیمانی بەهێزی (سعودییە-ئیسرائیل) بە پاڵپشتی ڕاستەوخۆی ئیدارەی ئەمریکا، ئیسرائیل لە سوریا دژی ئێران ئەجەنگێت تا نەگاتە دەریای ناوەڕاست، سعودییەش بەو زووانە لە کەنداو مانۆڕەکانی بۆ بە گژاچونەوەی ئێران دەست پێدەکات، لە ئێراقیش لەمیانەی سەرپێکەوتنی پرۆسەی سیاسی دوای هەڵبژاردنی (۱۲ی ئایاری ۲۰۱۸) لە چەندین ئاست دا کار بۆ کۆکردنەوەی کوتلە جیاوازەکان و جموجوڵی ئەمنی و ئابووریی و سیاسیی ئەکات.
هەروەک ئەمریکا لە (۱٥ی ئایاری ۲۰۱۸) گەمارۆی خستە سەر سەرۆکی بانکی ناوەندی ئێران و “ئاراس حەبیب” سەرۆکی بانکی بیلادی ئیسلامی و سەرۆکی کۆنگرەی نیشتیمانی “ئێراق” کە پێیان وایە پارەکانی سوپای قودس لێرەوە تێ پەڕئەبێت بۆ حیزبوڵڵاو ناوچەکانی تر.
– ئینستیوتی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی -MIRS” –