لە ڕۆژی زمانی دایک; لە سایەی خۆ-بەکەمزانیی دەسەڵاتداران دۆخی زمانی کوردی لەهەر کات و سەردەمێک شلۆق ترە
سەروبەندی رۆژی جیهانی زمانی دایکە، زمانی کوردیش لە لیستی ئەو دەیان زمانەیە، کە لە کەمتر لە 100 ساڵی داهاتوو لەناودەچێت، هۆکارەکانی لەناوچوونی زمانەکانیش لە هەر کۆمەلگەیەک تایبەت و جیاوازن لە کۆمەڵگەی ئێمەدا هۆکاری لاوازبوونی زمانی دایک بۆ هەندێک هۆکاری وەکو نەبوونی ستراتیژی نەتەوەیی و نیشتیمانی، لاوازی و نەبوونی ناسنامەی خۆجێیی و ڕاستەقینە، بێ ئاگایی حکومەت و دامەزراوە حکومییەکان، نابەرپرسیی بەرپرس و باڵادەستەکان، کەمتەرخەمیی وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا و رۆشنبیری، بێ باکی و لاوازی ئاستی رۆشنبیری سەرمایەدار و پارەدارانی خۆجێیی و چەند هۆکارێکی دیکەن، کە لە خوارەوە بە وردی تیشک دەخەمە سەر چەند هۆکارێک.
هۆکاری یەکەم لاوازیی پەیڕەو و سیستەمی خوێندنی وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵایە لە ناوەندە زانستییەکان رۆلی زمانی کوردی بە زمانی بیانی پڕ دەکرێتەوە، ئەمە بێجگە لەو ڕاستییەی کەمخوێندنەوە هۆکارێکی تێکهەڵکێشی هۆکاری یەکەمە تا ئێستاش، بە دەگمەن نەبێت، زانکۆ و پەیمانگەکان و قوتابخانە/خوێندنگەکان هاندەر نین بۆ خوێندنەوە، مامۆستاکان وێنەی هاوشێوەی خۆیان لەو ناوەندانە دروست دەکەن، کە وێنەیەکی لەبەرگیراوەی لاوازترە لە مامۆستاکە، کە خۆی بەرهەمی لەبەرکردن و شتی ترە ئەوەش وا دەکات قوتابی نە ماندوو بکرێت بە خوێندنەوە و نووسین و نە پاڵنەرێکیش هەبێت بۆ خوێندنەوە.
هۆکارێکی تری لاوازی زمانی دایک خوێندنگە و زانکۆ بەناو تایبەتە بازرگانییەکانن، ئەو زانکۆیانەشی بەبێ خوێندنەوە و گونجاندن وێنەو کۆپی پەیڕەوی خوێندنی زانکۆ بیانییەکانن ئەوەش هۆکارێکی تری تێکهەڵکێشی لە دواوەیە، کە گرنگی پێنەدانی خوێندنی کەرتی گشتییە، کە لە خراپترین دۆخ دایە. کاتێک زمانێک یان چەند زمانێکی بیانی دەبنە باڵادەست لە دەستخستنی کار، بوار بۆ پێشڤەچوونی زمانی دایک نامێنێتەوە.
هۆکارێکی تری لاوازی زمانی دایک، زمانی کوردی، خۆبەکەمزانین و هۆکاری تری پۆستکۆلۆنیالییە کۆمەڵگەی کوردی هاوشێوەی کۆمەڵگە داگیرکراوەکانی وەک ئەمریکایی لاتینی، کاریبیا، ئەمریکای باشور و ئەفریقا و باشوری رۆژهەڵاتی ئاسیا (تایبەت هیندستان و پاکستان)، رۆژگارێک لە لایەن بەریتانیاوە داگیرکرابوو، لە چوارچێوەی وڵاتی بەناو ئێراق. دواتریش لە ئێراقی دوای کۆلۆنیالیزمی بەریتانی، عەرەبی وەکو زمانی یەکەم سەپێندرا، ئەوەش کاریگەری خراپی لەسەر زمانی کوردی دروست کرد، بە جۆرێک کاریگەری لەسەر ناسنامەی کورد و پێکهاتە ژمارەکەمەکانی دیکەش دروست کرد، بە ڕادەیەک خەڵکەکە لە نەوەی دووەم و سێیەمیش زانینی زمانی دووەم یان زمانی باڵادەست و سەردەستەکان بە جۆرێک لە لەخۆباییبوون و ئیرەیی فەرهەنگی بزانن و بە نائاگایی لە. کاتی بینینی بیانییەکان قسەی پێدەکەن.
هۆکارێکی تریش هۆکاری بەجیهانیبوونی زمانی وڵات و نەتەوە باڵادەستەکانە. لە بنچینەدا ئەو هۆکارە بە هۆکاری سیاسیش لەقەڵەم دەدرێت. لە ڕاستیدا ئەمە بە رۆژئاوایی کردنە نەک بە جیهانی کردن، چونکە بەجیهانی کردن فرە-فەرهەنگیی دروست دەکات، نەک سەپاندنی کەلتورێکی تایبەت. ئەوە لە چوارچێوەی کۆڵۆنیالیزمی نوێ و ئیمپریالیزمی دێتە هەژمار، واتا ناکرێت گلۆبالیزم/جیهانگەرایی تەنیا لە هونەر و مۆسیقا و میدیا و سیاسەت تەسک بکرێتەوە، ئەوە خواردن و خواردنەوەش دەگرێتەوە.
دەکرێت هۆکارێکی ترهۆکار یان پاساوی زانستی بێت. واتا بە پاساوی پەرەدان و گرنگیدان بە زانست گرنگی بە زمانی دایک نادرێت. ئەم دیاردەیە لە کۆمەڵگە هێواشەکان زەقتر و روونترە، چونکە لە کۆمەڵگەی هۆشیار ئەو پاساوەش بە گرنگیدان بە زانستی وەرگێڕان ناهێڵدرێت. واتا ئەو کۆمەڵگە هۆشیارانە هەم هەلی کاری زیاتر دروست دەکەن و هەمیش زمانی خۆجێی بە وەرگێڕان دەوڵەمەند دەکەن، کۆمەڵگەی کوردیش لە کۆمەڵگە هەرە هێواشەکانە، چونکە نە سیاسەتی نەتەوەیی و نیشتیمانی هەیە و نە کەسی خەمخۆریش بەو شێوەیە هەیە. هاوکات، ناکرێت ئەمە بە لاوازیی هزری نەتەوەیی و نیشتمانی نەبەسترێتەوە کە بێ پلانی حکومەت و ئەوانەی بە ناوی وەزارەتی رۆشنبیری نانی پێ دەخۆن.
وەکو وەرگێڕێکیش، ئەوەی زیاتر لە ماوەی 12 ساڵی رابردوو خەمم لێ خواردووە، وێڕای وەرگرتنی پارەیەکی باش، وەرگێڕان بووە بۆ بەرپرسە کوردەکان کە لە کۆنفرانسێکی ناوەخۆ کە تیایدا 98%ی ئامادەبووان کورد بوون، بە ئینگلیزی قسەیان کردووە و ئێمەمانان بە کوردیمان کردووە. ئەمە لاوازی ستراتیژ و ڕوانگە و نەبوونی ئاگایی خۆجێیی و نەتەوەییە. لەو بارودۆخە دەکرا من (یان هەر کەسێکی دیکە) وتار و گفتوگۆی بەرپرس و ئەکادیمییەکانمان بۆ ئەو چوار پێنج میوانە بیانییە بکردایەتە ئینگلیزی. ئەمەی جێی سەرنجە ئەوەیە، بەشێک لە بیانییەکان کە روودەکەنە کوردستان بە زمانی کوردی قسە دەکەن و خۆیان فێری زمانەکە دەکەن، کەچی هەر بەرپرس و ئەکادیمییەکان یان پەروەردەکراوەکانیان گاڵتەیان پێدەکەن، وەکو نمونەی هۆنراوە خوێندنەوەکەی نوێنەرانی کۆریای باشوور و ژاپۆن. وەکو ڕوونە ئەوەش دیسان دەرخەری نەبوونی فەرهەنگێکی بەئاگا و رەگ داکوتاوە، یان بوونی جۆرە نوێنەرایەتییەکی زۆر خراپە لە لایەن باڵادەستە سیاسیی و ئەکادیمییەکانی کوردستان.
بە کوردی و کورتی، ئێستا باس لەوە دەکرێت و مێژوونووسانیش لە توێژینەوە هەنووکەییەکانیان پێیان وایە زمانی کوردی میراتگری راستەوخۆی زمانی میدیی و سۆمەرییەکانە. زمانی سۆمەریش کە زۆرێک لە مێژوونووسانی خۆجێی و بیانی پێیان وابوو لەناوچووە، نزیکییەکی زۆر سەرسوڕهێنی لەگەڵ کوردی ئێستای خۆمانە هەیە. جێی داخە، کە وێڕای بوونی دەسەڵاتی خۆجێی دوای 5000-6000 ساڵ، خۆمان زمانی خۆمان لەناو دەبەین یان دەستەوەستان بووین. ئەم دەستەوەستان بوونەی ئێستا شەرمەزارییە بەراورد بە نەوەکانی رابردوو، کە خۆیان و بە زمانەکەشیان بەرگەی داگیرکاریی و کۆڵۆنیالیزمی ڕۆژهەڵاتی و رۆژئاواییان گرتووە. زمانی کوردی ئێستا ئەوەندە پشتگوێ خراوە، بەشەکانی زمانی کوردی هیچ قوتابیان رووتێناکات؛ ئەمە شکستێکی ستراتیژی تری زانکۆکان، نەبوونی پلان و سیاسەتی نەتەوەییە. کاتی ئەوە هاتووە بە هەڵە بڵێین هەڵەو لە پێناو داهاتوویێکی فرە-کەلتور و فرەڕەنگ گرنگی زیاتر بە زمانی دایک بدرێت و هیچ نەبێت زیاتر قسەی پێبکەین.