ئەگەرچی ئەم سەدانەی(قرن) دوایی بە سەدەی زانست و پێشکەوتن دادەنرێت و مرۆڤایەتی لەڕووی زانست و تەکنۆلۆژیا و سەلامەتی تەندرووستیەوە هەنگاوی گەورەی هاویشتوەو پێشکەوتنی مەزنی بەدەست هێناوە، بەشێوەیەک ئێستا مرۆڤ لەهەوڵی ئەوە دایە کە لە پێناو پاراستنی (نەسلی)خۆی لە کارتێکەرە سروشتی و گەردونیەکان ژیان بۆ ناو هەسارەیەکی تر بگوازێتەوەو هەسارەیەکی تر وەک پەناگەی ئارام بۆ خۆی بەکار بهێنێ، لەلایەکی تریشەوە بەهۆی ئەو پێشکەوتنە گەورەیەی کە لە بواری زانستی پزیشکیدا بەدەست هاتوە توانراوە چارەسەر بۆ زۆرێک لە پەتاو نەخۆشییە کوشندەکان بدۆزرێتەوەو بەڕێژەێکی بەرچاو ڕێژەی مردن کەمبکرێتەوە.
هەر بۆیە ژمارەی دانیشتوانی سەر ڕووی زەوی بەردەوام ڕوو لە هەڵکشانەو بەخێراییەکی چاوەڕوان نەکراو زیاد دەکات، بەشێوەیەک تا ساڵی 1800 ی زاینی ژمارەی دانیشتوانی سەر ڕووی زەوی تەنها یەک ملیار کەس بوە، کەچی ئەم ژمارەیە بۆ ساڵی 1970 بوەتە سێ ملیار و حەوت سەد ملێون کەس، لە پەنجا ساڵی دوایشدا واتا لە (1970-2020) ژمارەکە نزیکەی دوو هێندە زیادی کردوەو بوەتە حەوت ملیار و حەوت سەد ملیۆن کەس، لە کۆتایەکانی ساڵی (2022) مژدانەی ئەوە درا بە گوێی مرۆڤایەتیدا کە گوایە ژمارەکە گەیشتۆتە هەشت ملیاری تەواو، بەڵام لەگەڵ ئەم هەموو پێشکەوتن و دەسکەوتە زانستیە گەورانەدا کە مرۆڤ بەدەستی هێناوە نەتوانراوە سەر ڕووی زەوی بکرێتە لانکەیەکی ئارام بۆ ژیانکردن و مرۆڤەکان بەئاسوودەی تێیدا بحەسێنەوە، یان هیچ نەبێت گیرو گرفتەکانیان سنوردار بکرێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە لە ئێستادا مرۆڤایەتی لە هەموو کات زیاتر لەبەردەم کۆمەڵێ قەیرانی گەورەدایە، هەرلە شەڕو شۆڕ و یەکتر سڕینەوە هەتا نەبوونی و هەژاری، بگرە زۆرجاریش هەڕەشەی لەناوچوونی یەکجارەکی.
کێبڕکێ و ململانێ بۆ دەسەڵات و هەوڵدان بۆ دەست بەسەراگرتنی ئابوری جیهان لە لایەن کەپیتالیزمی جیهانیەوەو دەمارگیری ئایدۆلۆژی و توند ئاژۆی و یەکتر قبوڵنەکردنی ووڵاتە دواکەوتوەکان، بڕستیان لەمرۆڤایەتی بڕیوەو گۆشەیەکیان لەم دونیا پان و بەرینەدا نەهێشتۆتەوە بەئاسوودەیی و بەبێ کێشە ژیانی تێدا بکرێت، لەلایەکی تریشەوە دەستیان لەژینگە نەپاراستوەو لەدەرەنجامی بەکارهێنانی چەکوتەقەمەنی و مادە زیانبەخشەکان بەبێ گوێ دانە ڕێنماییە ژینگەییەکان جیهانیان تا لێواری مەرگ بردوە.
بۆ ئەوەی ئەم پێشکەوتن و دەسکەوتە زانستیە گەورانەی کە بەدەست هاتوون بخرێنە خزمەتی مرۆڤ و بکرێنە هۆکارێک بۆ حەسانەوەو خۆشبەختی مرۆڤایەتی، پێویستە مرۆڤ دەست هەڵگرێت لە چاوچنۆکی و خۆسەپاندن و تەجاوز کردنە سەر حەقی ئەوانی تر، وە بگەڕێتەوە بۆ گیانی لێبوردەی و هاوکاری و پێکەوە بوون و ڕەچاوی بەها باڵاکان بکات و هەموو کایەنی ژیان بە تونێلی ئەخلاقدا ببات و ئەخلاق بکاتە سەنتەری کارەکانی، بەپێچەوانەوە کێشەو ئاریشەکان هەر بەردەوام دەبن و بەخێرایی زیاد دەکەن، سەرەنجام مرۆڤایەتی بەرەو هەڵدێران دەبەن.
All reactions:
136136