“ئێمه بۆ هه‌موو مافی نه‌ته‌وه‌ی خۆمان ده‌جه‌نگین و ئه‌وان بۆ مافه جێنده‌رییه‌کانیان”
“پێشه‌کیی وه‌رگێڕ”
له جیهانی ئه‌مڕۆماندا، که ڕۆژ دوای ڕۆژ ڕۆڵی ژنان له بزووتنه‌وه و چالاکییه کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌کاندا زیاتر زه‌ق ده‌بێته‌وه و، له وڵاتانی جیهانی سێهه‌م و پێشنه‌که‌وتووشدا ئه‌م هێز و هه‌ستانه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ وشیاری و خوێنده‌واریدا ده‌یه‌وێت ئیراده‌گه‌رایانه ده‌ور و، پێگه‌یه‌کی مه‌زن و مێژوویی له ئاڕاسته‌کردنی کۆمه‌ڵگا و حوکمڕانی و، به گشتی پانتا و کایه‌ی مێژوو به‌ده‌ست بێنێت، به‌ڵام هێشتا ڕیگه‌یه‌کی دوورودرێژی ماوه بیبڕێت و ده‌بێت له چه‌ندین له‌مپه‌ر و که‌ندڕ و کۆسپ بپه‌ڕێته‌وه. ئه‌گه‌رچی ڕه‌وتی وشیاریی ژنان و بزووتنه‌وه فیمینیستییه‌کان له دونیادا و به‌تایبه‌تی له وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئه‌ورووپادا قۆناغی دیکه و جیاوازی بڕیوه و ده‌بڕێت، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ماهییه‌ت و چییه‌تی ده‌سه‌ڵات و حوکمڕانی ئه‌و وڵاتانه‌وه که بێگومان هه‌ڵخێزراوی کۆی وشیاری مێژوویی و ئاماده‌بوونی جیاوازی ئه‌وانه له پانتای مێژووی خۆیان و ئێمه‌شدایه، بێگومان ده‌رکه‌وتنی ڕه‌وت و بزاڤ و بزووتنه‌وه فیمینیستییه‌کان چ له ئاستی بیردۆز و تیۆر و چ له ئاستی کردار و پراکتیکدا به‌پێی پارادایمی زاڵ و یاساکان و به‌ها و نه‌ریته‌کانی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه و چییه‌تی و ماهییه‌تی ده‌سه‌ڵات و حوکمڕانییان دیاری ده‌کرێت، شتێک که حاشاهه‌ڵنه‌گره ئه‌وه‌یه که ده‌سه‌ڵات و حوکمڕانییه‌کان له ڕۆژهه‌ڵات به گشتی و، له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌تایبه‌تی دوو تایبه‌تمه‌ندیی سه‌ره‌کییان له‌گه‌ڵ خۆیاندا هه‌ڵگرتووه، که پێش به ده‌رکه‌وتنی خۆری وشیاری و ڕزگاری ده‌گرن.
یه‌که‌م: ئیستیبداد یان خۆپه‌رستی ڕۆژهه‌ڵاتییانه، که بچووکترین پاشه‌کشه و نه‌رمیی نواندن له گه‌ڵ ئه‌ویدییه‌کانیدا ناکات و، به‌داخه‌وه ئه‌مه له هه‌موو جه‌مسه‌ره‌کانی کۆمه‌ڵگا و پێکهاته جیاجیاکانی هه‌م کاریگه‌ری وه‌رگرتووه و هه‌میش له سه‌ریان کاریگه‌ری داناوه و، مێژوو و دیرۆکی زۆری له‌سه‌ر تۆمار کراوه. تایبه‌تمه‌ندیی
دووهه‌م: پێنه‌دانی ڕۆڵی ڕاسته‌قینه و بکه‌رانه‌یه به ژن یان ڕاستتر وایه بڵێین: سه‌رکوتکردنی ژن و ژێرده‌ستخستنی و هێشتنه‌وه‌ی وه‌کوو ئۆبژه و به‌رکار، چون ژن له تێڕوانینی میتافیزیکی ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه‌دا پانتایه‌کی بڤه‌ئامێز و تابۆ بووه و زۆرتر و زیاتر یان له گۆشه‌ی ماڵه‌کان و ناو نوێن و مه‌تبه‌خدا بوون یان له حه‌ره‌می پاشاکان، و ده‌ستی چاوی که‌م که‌س جگه له پاشا پێی ڕاگه‌یشتووه. پاش کرانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگاکان و وشیاربوونه‌وه‌ی ورده ورده‌ی ژنان له سه‌رانسه‌ری جیهان ئه‌م شه‌پۆله ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و، ژنانی کوردستان و ئێرانیشی گرته‌وه و، ده‌توانم بڵێم: نێزیک سێ ده‌یه خه‌باتی مه‌ده‌نی له‌رزۆک و لاوازی ژنان له ژێر سێبه‌ری عه‌بای ده‌سه‌ڵاتدا زه‌مینه‌ی بۆ ده‌رکه‌وتنی ڕادیکاڵی ژنان بۆ به‌دواداچوونی ماف و داواکارییه‌کانیان دروست کرد. ئێسته ژن نه‌ک ته‌نها له ئاستی تیۆره و خوێندنه‌وه بۆ دۆخ و پێگه و چه‌مکه‌کانی پیاوسالاری و سته‌م و ناهاوسانی و جێنده‌ری و… به‌شێک پێشکه‌وتنی به‌خۆوه بینیوه به‌ڵکوو له ئاستی پراکتیک و کرده‌کیشدا ئیراده و قیژه و زایه‌ڵه‌ی بوێرانه‌ی شه‌قامه‌کان ده‌ته‌نێت.
نموونه‌ی ناڕه‌زایه‌تی و خۆپیشاندانه‌کانی ئێران، شایه‌ت و گه‌واهیده‌ری ئه‌م ڕاستییه‌ن که ئیراده‌ی ژنان به‌سته‌ڵه‌کی کوشنده‌ی ساڵانێکی شكاند، که زۆر که‌س ناهومێد بوو بوو له شکانی ئه‌م به‌سته‌ڵه‌که و توانه‌وه‌ی ورده‌ورده‌ی ئه‌م سه‌هۆڵه جه‌هه‌نه‌مییه. ئێسته ژنان له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و له ئێران هه‌م زانکۆکانیان ته‌نیوه و هه‌م شه‌قام، پرچ و که‌زیه‌ی ئه‌وان بووه به هێما و نیشانه‌یه‌ک دژی سته‌م و سه‌رکوتکاری نه‌ک ته‌نها سته‌م دژی ژن، به‌ڵکوو دژی پیاوان و ته‌نانه‌ت دژی هه‌موو ئه‌و جوگرافیایه‌ی که به ناوی ئایدۆلۆژیای سیاسیی پیرۆزه‌وه چۆڕاوگه‌ی خوێنیان لێ به‌ستووه! به‌ڵام ئه‌مه هه‌موو بابه‌ت و دیمه‌نه‌که نییه، له‌م ڕووداوه هه‌ستیار و مێژووساز و گرینگه‌دا ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان هه‌م وه‌کوو کار ئه‌کته‌ری سه‌ره‌کی ڕاپه‌ڕین و ناڕه‌زایه‌تییه‌که (ژینا ئه‌مینی خه‌ڵکی سه‌قز، ته‌مه‌ن 22 ساڵ) هه‌میش وه‌کوو ئاخێزگه و سه‌رچاوه‌ی ڕاپه‌ڕین سه‌رپشکی ئه‌م ڕووداوه گه‌وره‌یه بوو ، پاشان شاره گه‌وره و بچووکه‌کانی ئێران یه‌ک له دوای یه‌ک هاتنه پشتییه‌وه، بێگومان ئێمه زۆر باسی گرینگمان هه‌یه په‌یوه‌ست به‌م باسه بیخه‌ینه ڕوو، به‌ڵام ئه‌م باسه بۆیه به گرینگ ده‌زانم چونکه به‌شێک له کایه‌ی سیاسی و کو‌لتووری و ڕۆشنبیریی ئێرانی، ئه‌گه‌رچی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات و حوکمڕانیی ئێسته‌ی کۆمار‌دا نین، به‌ڵام مه‌رجیش نییه ئه‌و خواست و داواکارییه‌ی که له لایه‌ن کوردانه‌وه( فیمینیسم یان نه‌ته‌وه‌خواز یان…) ده‌خرێته ڕوو، به هه‌ند و ئه‌رێنی وه‌ریگرێت، بۆیه په‌یوه‌ست به‌م ڕووداو و مژاره‌وه فیمینیزمی کوردی ده‌شێت و ده‌توانێت ڕۆڵێکی یه‌کلاکه‌ره‌وه و کاریگه‌ری هه‌بێت و، له هه‌مبه‌ر خواستی سه‌رده‌سته‌بوونی فیمینیزمی ناوه‌ند و ئه‌و ناته‌ندروستییه ئایدۆلۆژی و مێژوویییانه‌ی که بینی گرتووه بوه‌ستێته‌وه و کێشه و پرسگره‌کان به ئاڕاسته‌ی واقیعی کوردی و کۆمه‌ڵگای کوردستاندا تیۆریزه بکات. نابێ ئه‌وه له بیر بکه‌ین که هێشتا گه‌رماوگه‌رمی خوێنڕژانی خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵات بوو، که ناوی “ژینا” له زۆربه‌ی که‌ناڵ و ڕاگه‌یاندن و ماڵپه‌ڕه ناوخۆیی و ده‌ره‌کییه‌کانی فارس‌دا کرا به “مه‌هسا”، ئه‌گه‌رچی مه‌هسا ناوێکی دیکه‌ی ژینا بوو، به‌ڵام ناوی “ژینا” به ته‌واوی که‌وته په‌راوێزه‌وه و ئه‌مه له ڕووی نیشانه‌ناسییه‌وه یه‌کده‌نگیی فارس (حکوومه‌ت و دژبه‌رانی حکوومه‌ت) له هه‌مبه‌ر هه‌ر ئه‌گه‌رێکی داواکاریی و داخوازییه‌کانی ژنانی کورد و کۆمه‌ڵگای کوردستانه.
ئه‌م وتاره که لێره ده‌خرێته به‌رده‌ست زه‌مینه و پێشه‌کییه‌کی گرینگ و ئاوه‌زمه‌ندانه‌یه بۆ دیاریکردنی قووڵایی جیاوازی و سنووری سته‌ملێکراوه‌یی و چه‌وساوه‌یی ژنانی کورد و ژنانی فارسه له یه‌کتر، بۆ پێناسه‌کردنی “ژنێتی” ژنانی کورد له کۆمه‌ڵگای کوردی و له په‌یوه‌ندی له گه‌ڵ کۆمه‌ڵگای فارس و فیمینیزمی ناوه‌ند. لێره‌دا هه‌موو ئه‌و ته‌نگژه و که‌ند و کۆسپ و ئه‌گه‌ره زۆر و زه‌به‌ندانه‌ی سته‌می جێنده‌ری، یاسایی، کو‌لتووری و کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌خرێته ڕوو، که له چه‌ندین ڕه‌هه‌نده‌وه ڕووبه‌ڕووی ژنانی کورد ده‌بێته‌وه و ڕه‌چه‌ڵه‌کناسییه‌کی شیاو و شایسته بۆ ئازار و برین و “جیاوازیی”ه‌کانیان له‌گه‌ڵ فیمینیزمی ناوه‌ند و په‌یوه‌ندی ژنانی کورد به شۆڕش و بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی خراوه‌ته ڕوو.
تێبینی: ده‌ربڕین و ئه‌و وتانه‌ی که له ڕۆژنامه‌ی “کوردستان” ئۆرگانی ڕه‌سمیی کۆماری کوردستان وه‌رگیراوه هێنراوه‌ته سه‌ر ده‌ربڕین و ڕێنووسی کوردیی ئێستا.
“پوخته”
پرسیی سه‌ره‌کیی ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه پرسگری جیاوازییه. پێشمه‌رجی هه‌ر جۆره هاوئاهه‌نگی و یه‌کانگیریی له نێوان ژنان به گشتی و له نێوان پیاوان و ژنانی کورد به تایبه‌تی، ناسینی جیاوازییه‌کان و ڕوونبوونه‌وه‌ی ئه‌م پرسه‌یه، که گرووپه جیاوازه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، خوازیاریی گۆڕانکاریی له چی دان و له چ کڵاوڕۆژنه‌یه‌که‌وه چاو له پرسی عه‌داله‌ت و هاوسانی ده‌که‌ن. هه‌وڵی من بۆ شیکارییه‌کی لێکدراو و تێکهه‌ڵکێش به مه‌وداگرتن له نموونه زیاده‌کان یان نموونه به‌رئه‌نجامییه‌کان بووه. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته له سێ شێوه له لێکدراوێتی له ئه‌ندێشه‌ی کرێشناو(1991)، واته لێکدراوێتی نواندنه‌وانه، پێکهاته‌یی و سیاسی که‌ڵکم وه‌رگرتووه؛ ئه‌گه‌رچی زۆربه‌ی هه‌ڵوه‌سته و پێداگریم له سه‌ر لێکدراوێتی نواندنه‌وانه و سیاسی بووه. بۆ شیکاریش دوو بواری توندوتیژی و ئیش‌کردنی ژنانم هه‌ڵبژاردووه و دوو ده‌سته‌ی جیاوازم له ده‌یتاکان بۆ هه‌ر کامه‌یان هه‌ڵبژاردووه. شیکارییه‌کان له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئیش‌کردنی ژنان به پشتیوانی ده‌یتا و وتووێژانێک ئه‌نجام ده‌درێن، که له لایه‌ن ژنه چالاکانی کورد له‌وانه هه‌م ئاکادیمی و هه‌م غه‌یری ئاکادیمی پێشتر خراوه‌ته به‌رده‌ست. شیکارییه‌کان له‌م بواره‌دا به که‌ڵکوه‌رگرتن له چه‌مکی لێکدراوێتی نواندنه‌وانه‌یه و له‌وێدا ده‌په‌رژێمه سه‌ر شێوه‌ی ڕۆنانی ژنێتی ژنه کورده‌کان له کو‌لتووری زاڵدا. به سه‌رنجدان به به‌ربڵاوی پرسی توندوتیژی، کوشتن له‌سه‌ر شه‌ره‌فم بۆ خستنه‌ڕووی شیکارییه‌کی لێکدراوانه له بواری توندوتیژی دژی ژنانی کورد هه‌ڵبژاردووه. ده‌یتا هه‌ڵبژێردراوه‌کان هه‌ندێکیان له ژماره‌کانی ڕۆژنامه‌ی کوردستانه، که به دامه‌زراندنی کۆماری کوردستان وه‌کوو یه‌که‌مین ده‌سه‌ڵاتی نیوه سه‌ربه‌خۆی کوردی یه‌که‌مین ژماره‌کانی ئه‌م ڕۆژنامه‌یه‌ش چاپ و بڵاو کرایه‌وه. به لێکدانه‌وه‌ی ئه‌م ده‌یتایانه و به که‌ڵکوه‌رگرتن له چه‌مکی لێکدراوێتی سیاسیی پیشانم داوه که هه‌ڵوه‌سته و پێداگریی له‌سه‌ر ڕه‌گه‌ز و توخمی که‌لتوور وه‌کوو یه‌کێک له یاساکانی خه‌بات و ململانێ، به‌شداری پێنه‌دانی ژنانی کورد له دیاریکردنی یاسا نوێکان و چاره‌سه‌ره‌کان، و جێگیرکردنیان له دۆخ و فه‌زایه‌کی هه‌م ده‌ره‌کی و هه‌م ناوه‌کی له هه‌ر دوو بزاڤی شوناسخوازانه‌ی کوردی و بزووتنه‌وه‌ی ژنانی ناوه‌ند، بووه‌ته هۆی چڕتربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنانی کورد. له ئه‌نجامیشدا په‌رژاومه‌ته سه‌ر فیمینیزمی کوردی، پێویستییه‌کان و ستراتیژه‌کانی له دۆخی ئێسته‌دا.
وشه سه‌ره‌کییه‌کان: فیمینیزمی کوردی، ژنێتی، پرسی جیاوازی، مه‌عریفه‌ناسی، کوشتنه‌کان له‌سه‌ر شه‌ره‌ف
“مه‌عریفه‌ناسیی فیمینیستی؛ مه‌عریفه‌ی ڕوانگه‌یی و ژیانی ئه‌زموونکراوی ژنی کورد”
له فیلمی ڕاشومون (1950) به ده‌رهێنه‌ری ئاکیرا کۆرۆساوا؛ ده‌رهێنه‌ری ناوداری ژاپۆنی سێ پیاو (داربڕێک، ڕاهیبێک (ته‌رکه‌دنیا) و پیاوێکی ئاسایی به‌هۆی باوبۆران و لافاو په‌نا ده‌به‌نه که‌لاوه‌کانی ده‌روازه‌ی ڕاشومون. داربڕی هه‌ژار چیرۆکی دادگاییکردنه‌وه‌یه‌ک به گێڕانه‌وه‌ی سێ که‌س له دادگا که خۆی شایه‌تحاڵی بووه، ده‌گێڕێته‌وه. چیرۆکه‌که ئه‌مه‌یه؛ که ژنێک و مێرده بازرگانه‌که‌ی له کاتی تێپه‌ڕین له ناو دارستانێکدا تووشی ڕیگرێک ده‌بن. پیاوی ڕێگر هێرش ده‌کاته سه‌ر ژن و مێرده‌که. ئه‌وه‌ی له میانه‌ی ئه‌م هێرشه‌دا ڕوو ده‌دات له دادگادا به شێوه‌ی جۆراوجۆر ده‌گێڕدرێته‌وه. سێ گێڕانه‌وه‌که بریتین له گێڕانه‌وه‌ی ڕێگره‌که، گێڕانه‌وه‌ی ژنه‌که و گێڕانه‌وه‌ی مێردی ژنه‌که. مێردی ژنه‌که یان مێرده سامۆراییه‌که له میانه‌ی ڕووداوه‌کانی ناو فیلمه‌که ده‌مرێت و گێڕانه‌وه‌که‌ی به شێوه‌ی گه‌ڕانه‌وه و بانگهێشتکردنه‌وه‌ی ڕۆح و له زمانی ڕۆحه‌وه ده‌خرێته ڕوو. گێڕانه‌وه‌ی چواره‌م گێڕانه‌وه‌ی داربڕی هه‌ژاره که ده‌ڵێت شایه‌تحاڵی ڕووداوه‌که بووه. هه‌ر کام له که‌سایه‌تییه‌کانی ناو چیرۆکه‌که به‌سه‌رهاتی مه‌رگی پیاوه سامۆراییه‌که و ڕووداوه‌کانی دیکه به شێوه‌یه‌کی جیاواز ده‌گێڕنه‌وه. له ڕاستیدا هه‌ر که‌سه‌و له شوێنگه‌یه‌ک که وه‌ستاوه و له پێگه‌یه‌ک که دانیشتووه و شایه‌تحاڵی ڕووداوه‌کان بووه، ده‌گێڕێته‌وه. هه‌ر ئه‌م جێگرتنه له گۆشه‌نیگا و شوێنگه‌ی به‌رته‌سک و جیاوازی بینین، ده‌بێت به‌هۆی ئه‌وه‌ی که ئاماده‌بووان ته‌نها به‌شێک له ڕاستیی ڕووداوه‌که ببینن نه‌ک هه‌موو، به‌م شێوه‌یه‌ش ته‌نها گۆشه‌یه‌ک له ڕووداوه‌که پیشانی ئاماده‌بووان ده‌درێت.
به ده‌ربڕینێکی دیکه هه‌ر کام له گێڕه‌ره‌وه‌کان حه‌قیقه‌ت و ڕاستیی خۆی له ڕووداوه‌که ڕۆده‌نێت و دروستی ده‌کات و، ئه‌م ڕۆنان و دروستکردنه‌ی حه‌قیقه‌ت ڕۆحی سامۆرایی مردووش ده‌گرێته خۆ. له ڕاستیدا ڕۆحی بانگهێشتکراوی سامۆراییش ده‌ستی به هه‌موو حه‌قیقه‌ت و کۆی ڕاستیی ڕووداوه‌که ناگات، ئه‌ویش ته‌نها ده‌توانێت به‌شێک له حه‌قیقه‌ت بگێڕێته‌وه. ئه‌و گێڕانه‌وانه‌ی که ده‌خرێنه ڕوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که لێکچوونیان هه‌یه جیاوازیگه‌لێکی بنه‌ماییشیان پێکه‌وه هه‌یه و، به به‌رده‌وامی به‌رده‌نگی فیلمه‌که له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسیاره ڕووبه‌ڕوو ده‌بێته‌وه که له ئه‌نجامدا کامه‌یانن که حه‌قیقه‌ت ده‌ڵێن و حه‌قیقه‌ت و ڕاستیی ڕووداوه‌که چییه؟ کورۆساوا له‌م فیلمه‌دا به باشی پیشانی ده‌دات که ئه‌گه‌رچی ڕاستییه‌ک له ده‌ره‌وه‌دا هه‌یه (له‌م فیلمه‌دا ڕاستیی سه‌ره‌کیی مردنی سامۆرایی و هه‌بوونی په‌یوه‌ندییه‌کی لێڵ و پێڵ له نێوان هاوسه‌ری سامۆرایی و پیاوه ڕێگره‌که‌یه، که له هه‌موو گێڕانه‌وه‌کاندا هاوبه‌شه و وه‌کوو ڕاستییه‌کی زاڵ له لایه‌ن هه‌مووانه‌وه قبووڵ کراوه)، به‌ڵام ئه‌گه‌ر و ئیمکانی گێڕانه‌وه‌ی هه‌ر ئه‌م راستییه لێبڕاو و دڵنیاکه‌ره له سه‌رووی چوارچێوه زه‌ینیی و پێگه جێنده‌ری (په‌یوه‌ست به ژنی بازرگان و ڕۆحی بازرگان و ڕێگر) و چینایه‌تی (له‌باره‌ی ڕۆحی بازرگان و داربڕی هه‌ژار و…)یه‌کان بۆ هیچ کام له که‌سایه‌تییه‌کانی ناو فیلمه‌که ناپۆڕێت. حه‌قیقه‌تێکی گشتی، ڕه‌ها و له ده‌ره‌وه‌ی زه‌ین بوونی نییه، که به‌رده‌نگی فیلمه‌که پشتی پێ ببه‌ستێ و وه‌کوو به‌ڵگه بیهێنێته‌وه، به‌ڵکوو حه‌قیقه‌ت و ڕاستییه پاژ و وردیله، ڕێژه‌یی و زه‌ینییه‌کان هه‌ن که له لایه‌ن هه‌ر کام له که‌سایه‌تییه‌کانی ناو فیلمه‌که‌وه ده‌گێڕدرێنه‌وه (بوونناسیی ئایدیالیستی). ئه‌و حه‌قیقه‌تانه‌ی ئه‌گه‌رچی بچووک و پاژیله‌ن، به‌ڵام به هه‌مان ڕاده‌ش جێگه‌ی متمانه‌ن؛ چون هه‌ر کامه‌یان هه‌ڵگری به‌شێک له واقیعن. حه‌قیقه‌ت له لایه‌ن گێڕه‌ره‌وه‌کانه‌وه دروست ده‌کرێت، چون هه‌ر که‌سه‌و به‌پێی دۆخ و پێگه و به‌رجه‌وه‌نێک که هه‌یه‌تی و ڕووداوه‌کان ده‌بینێت، ده‌توانێت واقیع تێبگات و هه‌ڵیهێنجێت.
هه‌ر بۆیه سووژه‌کان یان بکه‌ره ناسکار و مه‌عریفه‌خوازه‌کان له هه‌ر دۆخێک‌دا بن له چوارچێوه‌ی هه‌مان دۆخی چینایه‌تی، جێنده‌ری، ئیتنیکی و ئایینییه، که هه‌ڵگۆسته و تێگه‌یشتنێکیان له دونیا و دیارده‌کان شکڵ ده‌گرێت و ته‌نها ده‌ستیان به یه‌کێک له گۆشه و پاڵه‌کانی جیهان ده‌گات و لایه‌ن و پاڵه‌کانی دیکه‌ی دونیا له ده‌ره‌وه‌ی ڕوانینی ئه‌واندایه (مه‌عریفه‌ناسیی ڕوانگه‌یی). کوروساوا له‌م فیلمه‌دا حه‌قیقه‌ت به بابه‌تێکی دروستکراو و ڕۆنراو، زه‌ینی و گرێ‌دراو به دۆخ (کو‌لتووری، جێنده‌ری، سیاسی، نه‌ته‌وه‌یی، چینایه‌تی و ئایینی)پیشان ده‌دات و مه‌عریفه‌ناسیی و بوونناسی زاڵ به‌سه‌ر چاخی مۆدێڕن‌دا تووشی گیر و گرفت و کێشه ده‌کات. ئه‌و ئه‌گه‌ری ده‌ستپێڕاگه‌یشتن به حه‌قیقه‌تێکی تاقانه، جیهانگیر و له‌به‌رده‌ست ڕه‌ت ده‌کاته‌وه و بنه‌ما پۆزیتیڤیستییه‌کان که خۆیان له‌ڕێگه‌ی ئامانجه ئۆبژێکتیڤ و به‌رهه‌سته‌کان ده‌ناسێنن و له‌ڕووی به‌هاشه‌وه خۆیان به بێلایه‌ن ده‌ناسێنن، قبووڵ ناکات.
(ئامانجی ئۆبژه‌کتیڤ و به‌رهه‌ستخوازانه له سه‌رده‌می پاش-پۆزه‌تیڤیستیدا، به مانای تێڕوانینێکی بێلایه‌نانه بۆ بابه‌تێکه که له به‌رچاوی هه‌مووانه و به شێوه‌ی سه‌ربه‌خۆ له چاودێران و سووژه و ناسکاره‌کان بوونی هه‌یه و هیچ بانگه‌شه‌یه‌کی ڕه‌خنه‌ئامێز و خه‌سارناسانه‌ی به نیسبه‌تییه‌وه نییه. له‌ڕووی به‌ها و پێگه‌ی زانستییه‌وه بابه‌تی بێلایه‌نبوون ده‌رخه‌ری نه‌بوونی ده‌مارگرژییه تاکوو پێداگری له‌م بابه‌ته بکات، که سووژه‌کان نابێ له بابه‌ت و مژاری ناسیندا به‌رژه‌وه‌ندییه‌کیان هه‌بێت به‌ڵکوو ئه‌وان ته‌نها و ته‌نها له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ به‌ڵگه و نیشانه‌کاندا به‌رپرسیارن) (نه‌سری ئیسفه‌هانی،1387:ص 27).
ئه‌وه‌ی که له مانای ئامانجی ئۆبژه‌کتیڤ ده‌کرێ هه‌ڵیهێنجین ئه‌مه‌یه؛ که بکه‌ری ناسکار ده‌بێ که‌سێک بێت که به مه‌وداوه‌رگرتن له ئۆبژه و به‌رهه‌ستی به‌رمه‌به‌ستی ناسین و هه‌روه‌ها مه‌وداوه‌رگرتن له خۆی و هه‌ست و سۆزه‌کانی له لایه‌کی دیکه‌وه له هه‌رجۆره لایه‌نداری و تێکه‌ڵاوبوونێکی سۆزئامێز یان به‌هاته‌وه‌رانه و سیاسیی له بابه‌ت و مژاری ناسیندا پارێز و دووری بکات. بابه‌تی بێلایه‌نیی به‌هاته‌وه‌رانه له پرۆسێسی ناسیندا که پێشتر له لایه‌ن کورۆساوادا تووشی گیروگرفت کرابوو، له لایه‌ن فیمینیسته‌کانه‌وه له دوو ڕووه‌وه درایه به‌ر ڕه‌خنه. له لایه‌که‌وه مه‌عریفه‌ناسانی فیمینیست؛ باوه‌ڕیان وایه که هیچ مرۆڤێک چ پیاو بێت و چ ژن، ناتوانێت له ده‌ره‌وه‌ی ده‌لاله‌ت و ئه‌خلاقه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و به‌ها سیاسییه‌کان ده‌ستی به مه‌عریفه و ناسینیک بگات. به‌ها سیاسییه‌کان (چینایه‌تی، جێنده‌ری، ئیتنیکی)به‌رده‌وام و پێشوه‌خت له‌سه‌ر مه‌عریفه و ناسینی ئێمه کاریگه‌ر و زاڵن. هه‌روه‌ها ئه‌وان بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان ده‌کرد، که پێبه‌ستبوون و وابه‌سته‌یی به ئاوه‌ها ئامانجێک له مه‌عریفه‌ناسیی ڕۆژئاواییدا دروستبوونی جۆرێک ڕیزبه‌ندیی و په‌یوه‌ندی له سه‌رێ بۆ خوارێی له بواری ناسیندا حه‌تمی کردووه، که ئه‌مه شتێکی نێگه‌تیڤ و نه‌رێنییه. به هۆی ئه‌وه‌ی که به شێوه‌یه‌کی مێژوویی ژنه‌کان به سۆزداری و پیاوه‌کان به ئاوه‌زمه‌ندی ناسێنراون و په‌یوه‌ندییان پێناسه کراوه، پیاوان له‌م ڕیزبه‌ندییه‌ی ناسین(مه‌عریفه)دا ده‌که‌ونه پێگه‌یه‌کی باڵاده‌سته‌وه و ناسین و مه‌عریفه‌ی ئه‌وان هه‌ڵگری متمانه و بڕواپێکراوییه‌کی زیاتره. چون گریمانه ئه‌مه‌یه که ئه‌وان باشتر ده‌توانن هه‌ست و سۆزی خۆیان جڵه‌و بکه‌ن و تووشی ململانێی سۆزدارانه و سیاسیی نابن و ژنان و ئه‌و گرووپانه‌ی که خاوه‌نی پێکهاته‌یه‌کی زه‌ینیی جیاوازن له ڕووی مه‌عریفی و ناسینه‌وه خاوه‌نێ ڕه‌وایی و بڕواپێکراوی نین و له که‌وانه‌یه‌کی وادا له قه‌ڵه‌م ده‌درێن. هه‌ر بۆیه فیمینیسته ڕۆژئاواییه‌کان لێکۆڵینه‌وه‌کانی خۆیان به ڕه‌خنه‌گرتن له مه‌عریفه‌ناسیی ڕۆژئاوایی و ئاشکراکردنی ماهییه‌ت و چییه‌تی جێنده‌رئامێزبوونی ده‌ست پێ‌کرد.
ئه‌وان پرسیارگه‌لی په‌یوه‌ست به ناسین و ماهییه‌تی ناسینیان به گه‌ڵاڵه‌کردنی پرسیارێکی نوێ خسته ئاڕاسته و زه‌مینێکی دیکه‌وه. له ڕاستیدا تا به‌ر له شکڵگریی مه‌عریفه‌ناسیی فیمینیستی، هه‌ڵوێسته و فۆکۆسی زۆرینه له مه‌عریفه‌ناسییه‌کانی ڕۆژئاوادا له‌سه‌ر پرسیار له‌باره‌ی چییه‌تی و ماهییه‌تی ناسین و مه‌عریفه و شێوه‌ی گه‌یشتن به ئه‌نجامه‌که‌ی بوو، به‌ڵام فیمینیسته‌کان به گه‌ڵاڵه‌کردنی پرسیارێکی نوێ هه‌ڵوێسته و فۆکۆسی خۆیان له‌باتی چییه‌تی ناسین و مه‌عریفه خسته سه‌ر بکه‌ره‌کان و هۆکاره‌کانی ناسین و مه‌عریفه‌وه. پرسیار له‌مه‌ی که ناسین و مه‌عریفه‌ی کێ جێگه‌ی سه‌رنجه؟ و بکه‌ری ناسکار واته سووژه کێیه؟(ڕه‌وایی،1390).
ئه‌وان له پرۆسێسی خوێندنه‌وه و بیرکردنه‌وه‌کانی خۆیان گه‌یشتن به‌م ئه‌نجامه گرینگه، که ڕه‌گه‌ز و جێنده‌ری سووژه و بکه‌ری ناسکار له ئه‌کت و کرده‌ی ناسیندا خراوه‌ته پشت گوێ و ناسین و مه‌عریفه‌یه‌ک، که تاکوو ئێستا وه‌کوو مه‌عریفه‌ی کۆی مرۆڤایه‌تی و به شێوه‌یه‌کی نه‌گۆڕ و نه‌جووڵاو ناسێنراوه‌ته‌وه، له ڕاستیدا مه‌عریفه و ناسینێکه که له گۆشه‌نیگا و به‌رجه‌وه‌نێکی پیاوانه‌وه شکڵی گرتووه؛ هه‌ر بۆیه مه‌عریفه‌یه‌کی ڕه‌گه‌زته‌وه‌رانه و جێنده‌رئامێزانه‌یه. هه‌ر بۆیه زانسته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و ته‌نانه‌ت زانسته سرووشتییه‌کان بێبه‌ری نین له لایه‌نداری جێنده‌ریانه و ڕه‌گه‌زیانه. به گه‌شه‌سه‌ندنی مه‌عریفه‌ناسیی فیمینیستی و سه‌رهه‌ڵدانی فیمینیسمی جیهانی سێهه‌م، فیمینیسمی ڕه‌شه‌کان(ڕه‌شپێسته‌کان) و به ڕه‌چه‌ڵه‌ک لاتینه‌کان و فیمینیسمی پاش-کۆلۆنیالیزم، جێنده‌ر وه‌کوو ته‌نها توخمی سه‌ره‌کیی و کاریگه‌ر له‌سه‌ر شکلگیریی مه‌عریفه خرایه ژێر پرسیاره‌وه. مه‌عریفه‌ناسانی ڕوانگه‌یی له ڕێگه‌ی چه‌مکی دۆخمه‌ندی مه‌عریفه (موقعیت یافتگی معرفت) یان ئه‌گه‌ری به‌ده‌ستهێنانی ناسین ته‌نها به پشتبه‌ستن به پێگه مێژووییه‌کان (چینایه‌تی، نه‌ژادی، ئیتنیکی) له‌سه‌ر گرینگیی لایه‌نه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی دیکه وه‌کوو چین، نه‌ژاد، نه‌ته‌وه و ئیتنیک و سیکسوالیه‌ته له شکڵگیریی مه‌عریفه و تێگه‌یشتن و هه‌ڵهێنجانی ژنان و پیاوان له واقیع، داکۆکی‌یان کرد.
له ڕاستیدا پێداگریی ئه‌وان له‌سه‌ر دۆخمه‌ندی مه‌عریفه پێویستی به قبووڵکردنی ئه‌م بابه‌ته بوو، که نه‌ک ته‌نها مه‌عریفه‌ی ژنان له‌گه‌ڵ مه‌عریفه‌ی پیاوان جیاوازه و هه‌ر کامه‌یان له‌خۆگری لایه‌نێکه له واقیع، به‌ڵکوو مه‌عریفه‌ی خودی ژنانیش له‌گه‌ڵ یه‌کتر و مه‌عریفه‌ی پیاوانیش له‌گه‌ڵ یه‌کتری به‌پیی زه‌مینه‌کانی شکڵگیرییان به هه‌مان ئه‌ندازه جیاوازه.(ڕه‌وایی، 1390:98).
له‌ژێر کاریگه‌یی ئه‌م ڕوانینه نوێیه‌دا، له مه‌عریفه‌ناسیی ڕوانگه‌یی، ئه‌زموونه نه‌بینراوه‌کانی ژنانی په‌راوێزخراو، بینراو و به‌رهه‌ست کران. ژنانی چینی کرێکار، ژنانی جیهانی سێهه‌م، که‌مینه ڕه‌گه‌زییه‌کان، ژنانی ڕه‌ش و ڕه‌نگین پێست، ژنانی سه‌ر به که‌مینه نه‌ته‌وه‌یی و ئیتنیکی و گرووپه په‌راوێزخراوه‌کانی دیکه، ئه‌م هه‌ڵه مه‌عریفه‌ییه‌یان بۆ ڕه‌خسا که بانگه‌شه‌ی مه‌عریفه‌یه‌کی جیاواز به‌پێی ئه‌زموونه جیاوازه‌کانی له‌سه‌ر بنه‌مای پێگه جیاوازه چینایه‌تی، ئیتنیکی و نه‌ژادییه‌کان بکه‌ن. سه‌رنجدان به فاکتۆری ده‌سه‌ڵات له بابه‌تی ناسیندا و ڕه‌نگاوڕه‌نگ بوونی بوو به هۆی ئه‌وه‌ی که (فیمینیسمی له په‌راوێز) ڕابگه‌یه‌نێت، که ئه‌گه‌رچی ژنان له چاوه‌ی پیاواندا به‌هۆی توخمی جێنده‌ریی که‌متر ده‌بن به سه‌رچاوه‌یه‌کی مه‌عریفی، به‌ڵام سه‌رچاوه‌بوونی مه‌عریفی ژنانیش له‌گه‌ڵ یه‌کدا هاوسان نییه. ئه‌م نووسراوانه دان ده‌نێت به ڕه‌وابوونی مافی ڕه‌وای ژنانی کورد بۆ هه‌بوونی تێگه‌یشتنێکی جیاوازی خۆیان له دونیادا و به‌رگری لێده‌کات و پیشان ده‌دات، گریمانه گشتییه‌کان له ئه‌زموونی ژنێتی له‌گه‌ڵ ئه‌زموونی ژینکراوی ژنانی کورد، یه‌ک نایه‌ته‌وه. جیاوازیگه‌لێکی بنه‌مایی له نێوان تێگه‌یشتنی ژنانی غه‌یری کورد و ژنانی کورد له ژن‌بوون و له ستمه‌لێکراوی هه‌یه. به ده‌رکه‌وتن و که‌وتنه به‌رچاوی ئه‌زموونه نه‌بینراو و نادیاره‌کانی ژنانی ژێرده‌سته‌ی کورد و لێکدانه‌وه‌ی کێشه‌کانیان، وێناگه‌لیکی واقیعیتر له ژنی کورد و بارودۆخی ژیانی ژنی کورد خه‌ریکه ده‌خرێته ڕوو. له ئه‌نجامی ئه‌م نووسینانه‌دا پرسه‌کانی په‌یوه‌ست به ژنانی کورد زیاتر له پێشوو ڕوون ده‌بنه‌وه و ئه‌وان له ڕێگه‌ی تێگه‌یشتن له پرسه‌کانی خۆیان گه‌یشتوون، به نموونه و سه‌رچه‌شنه جیاوازه‌کانی ده‌سه‌ڵات که له‌سه‌ر ژیانیان کاریگه‌ریی هه‌بووه. هه‌ر بۆیه به ئاڕاسته‌ی باوه‌ڕ به جیاوازییه پێگه‌یی و دۆخی و سیاسییه‌کان تۆوی فیمینیسمی کوردی خه‌ریکه ده‌چینرێت. سه‌ره‌ڕای پێداگری له‌سه‌ر (جیاوازی) وه‌کوو کۆڵه‌که‌یه‌کی سه‌ره‌کی، هێڵ و سنووره‌کانی ئه‌م جیاوازییه تاکوو ئێستا لێڵ و ناڕوون ماوه‌ته‌وه.
لێڵ و پێڵ مانه‌وه‌ی ئه‌م جیاوازییانه بووه‌ته هۆی بێمتمانه‌یی و په‌یوه‌ندیی کێشه‌دار و ڕقئامێز له نێوان ژنانی چالاکی کورد و چالاکانی فارس له لایه‌ک و چالاکانی کورد له لایه‌کی دیکه‌وه. له نه‌بوون و پێواریی ئه‌م جیاوازییانه‌دا، که تاکوو ئێستا نه‌مانتوانیوه له ناسینی هاوبه‌شی، دڵخوازییه‌کان و به‌رژه‌وه‌ندییه هاوبه‌شه‌کاندا سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بهێنین. هه‌ر بۆیه پرسی سه‌ره‌کیی ئه‌م وتاره به‌پرسمه‌ندکردنی جیاوازییه. ڕوون و ئاشکرایه که پێشمه‌رجی هه‌رجۆره یه‌کێتی و یه‌کانگیریی نێوان ژنان به گشتی و له نێوان پیاوان و ژنانی کورد به تایبه‌تی، ناسینی ئه‌م جیاوازییانه و ڕوونبوونه‌وه‌ی ئه‌م پرسه‌یه که گرووپه جیاوازه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ده‌یانه‌وێت گۆڕانکاریی له چ شتێك‌دا بکه‌ن و له چ کڵاوڕۆژنه‌یه‌که‌وه چاو له عه‌داله‌ت و هاوسانیی بکه‌ن.
“میتۆدناسی”
هه‌روه‌ها که باس کرا؛ به پێداگریی له‌سه‌ر جیاوازییه‌کانی دۆخ و پێگه‌ی ژنانی کورد و ئه‌زموونی شێوه جۆراوجۆره‌کانی سته‌می چینایه‌تی، جێنده‌ری، ئیتنیکی (ئایینی) له نووسینی زۆربه‌ی ژنانی چالاکی کورد، چ چالاکانی سه‌ربه‌خۆ و چ ناسه‌ربه‌خۆ، تۆوی فیمینیسمی کوردی له حاڵی چاندن دایه. له‌م نێوانه‌دا هه‌ندێک له‌وان سه‌رێتی و پێشه‌نگی ده‌ده‌ن به ئیتنیک (ئایین) و جێنده‌ر، هه‌ندێک به چین و جێنده‌ر و هه‌ندێکی دیکه به چین، جێنده‌ر و ئیتنیک، هه‌ندێکیش ئیتنیک، چین، جێنده‌ر و سیکسواڵیته، وه‌کوو هۆکارانی سه‌ره‌کیی سته‌م دژی ژنان ده‌بینن. باوه‌ڕ به نموونه و سه‌رچه‌شنه جیاوازه‌کانی ده‌سه‌ڵات له شکڵپێدانی ژیانی ڕۆژانه‌ی ژنانی کورددا به‌م مانایه‌یه که ئیتر ناتوانرێت وه‌کوو ڕابردوو له‌ڕێگه‌ی چوارچێوه تیۆریک و بیرکردنه‌وه تاکڕه‌هه‌ندییه‌کان، ده‌ست بدرێته لێکۆڵینه‌وه و تۆژینه‌وه. هه‌روه‌ها ئه‌م ده‌سته له ستراتیژه سیاسییه‌کان که به شێوه‌یه‌کی تاق و ته‌راکه‌وتوو ده‌په‌رژێنه سه‌ر سیسته‌مه‌کانی زاڵێتی و زاوته و هه‌یمه‌نه به نیسبه‌ت شێوه‌کانی دیکه‌ی زاڵبوون و زاوته‌وه، ناتوانن ستراتیژگه‌لێکی سیاسیی پشتقاییم بۆ چالاکییه سیاسییه‌کانی ژنانی کورد بن. خاڵی گرینگتر ئه‌مه‌یه که سه‌رچه‌شن و نموونه فره‌ڕه‌نگه‌کانی سه‌پاندنی زاڵێتی و زاوته نابێ به شێوه‌یه‌کی ئه‌نجامدارانه و ماتماتیکته‌وه‌رانه بخوێنرێته‌وه و ڕاڤه بکرێت. واته بگوترێت که ژنانی کورد له ژێر سته‌می چینایه‌تی زیاده‌ی سته‌می جێنده‌ری و زیاده‌ی سته‌می ئیتنیکیدا ده‌ناڵێنن یان ژیانی ئه‌وان ئه‌نجامی کۆکردنه‌وه‌ی هه‌موو شێوه‌کانی سته‌مه. له به‌رامبه‌ردا ژنانی کورد له‌گه‌ڵ نموونه و سه‌رچه‌شنگه‌لێک له زاڵێتی و سوڵته‌دا ڕووبه‌ڕوون که تێکته‌نراو و پێکه‌وه‌گرێدراون! تێکته‌نراوی و لێکدان و تێکه‌ڵکێشیی سیسته‌مه‌کانی زاڵبوون و سوڵته، شێواز و شکڵێکی زۆر جیاواز له سته‌م به‌رهه‌م ده‌هێنێت، که فۆرم و کوالێتییه‌کی تایبه‌تی هه‌یه و له‌ڕێگه‌ی زیادکردن و کۆکردنه‌وه‌ی هه‌ر کام له سیسته‌مه‌کانی سوڵته و زاڵبوون له‌گه‌ڵ یه‌ک له بنه‌مادا جیاوازه. له زۆربه‌ی نووسینه‌کانی پێشووتر له‌وانه هه‌م ئاکادیمی و هه‌م غه‌یری ئاکادیمی، هه‌وڵدان بۆ خستنه‌ڕووی شیکاریگه‌لێک که بپه‌رژێته سه‌ر په‌یوه‌ندیی دیالیکتیکیی سیسته‌مه چه‌ند لایه‌نه‌کانی سوڵته و زاڵبوون به‌سه‌ر ژیانی ژنانی کورد، هاتووه‌ته ئاراوه. به‌ڵام له ئه‌نجامدا ئه‌وه‌ی که خراوه‌ته ڕوو به‌شێوه‌ی سه‌رچه‌شن و نموونه‌ی زیادکراوه‌یی و کۆکردنه‌وه‌یی سیسته‌مه‌کانی سوڵته و زاڵبوون له ژیانی ژنانی کورددا خۆی پیشان داوه.
ڕۆژنامه‌ی کوردستان له‌و کاته‌دا ڕۆڵێکی سه‌رووتر و زیاتری له ڕۆژنامه‌یه‌ک هه‌بوو، وه‌کوو ئۆرگانێکی فه‌رمی ده‌جووڵایه‌وه که کۆماری کوردستان له‌ڕێگه‌یه‌وه پرۆگرام و یاسا و ئه‌وگۆڕانکارییه نوێیانه‌ی که ده‌بوو جێبه‌جێ بکرێت، به خه‌ڵکی ڕاده‌گه‌یاند. هه‌ر بۆیه له ڕووی مێژووییه‌وه بۆ شیکاریی ڕووداو و پێشهاته کو‌لتووری-سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان وه‌کوو سه‌رچاوه‌یه‌کی گرینگ ئه‌ژمار ده‌کرێت. لێکۆڵه‌ر په‌رژاوه‌ته سه‌ر شیکاری و لێکدانه‌وه‌ی ژماره‌کانی 1، 35، 50، 5، 30، 4 و 3 وه‌کوو نموونه و ئامانج له لێکدانه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆژنامه‌یه‌ش شیکاری و لێکدانه‌وه‌ی شێوه‌ی ڕۆنان و دروستکرانی چه‌مکی “شه‌ره‌ف” له‌و سه‌رده‌مه‌دا، و هه‌روه‌ها په‌یگریی ئه‌و ده‌سته له یاسا جێنده‌رییه‌کانی په‌یوه‌ست له‌گه‌ڵ سێکسواڵیه‌ته‌یه که له لایه‌ن به‌رپرسان و ڕێبه‌رانی کۆماری کوردستان له‌و قۆناغه مێژووییه‌دا په‌سه‌ند کراوه. له‌ڕێگه‌ی به‌دواداچوون و لێکدانه‌وه‌ی ئه‌م ده‌یتایانه و به که‌ڵکوه‌رگرتن له چه‌مکی لێکدراوێتی و تێکهه‌ڵکێشی سیاسیی، لێکۆڵه‌ر گه‌یشته ئه‌م ئه‌نجامه که سه‌رنجدان و فۆکۆسکردن له‌سه‌ر ڕه‌گه‌زی کو‌لتوور وه‌کوو یه‌کێک له یاسا و ڕێساکانی خه‌بات، به‌شداری پێنه‌دانی ژنانی کورد له دیاریکردنی یاسا نوێکان و چاره‌سه‌رییه‌کان، و هه‌ڵکه‌وتنی ئه‌وان له فه‌زایه‌کی هه‌م ده‌ره‌کی و هه‌م ناوه‌کی له هه‌ر دوو بزووتنه‌وه‌ی بزاڤی شوناس‌خوازیی کوردی و بزاڤی ژنانی ناوه‌ند بووه به‌هۆی توندوتۆڵتربوونی توندوتیژی دژی ژنانی کورد.
“تێکهه‌ڵکێشی نواندنه‌وانه: ئیشی ژنانی کورد و بێبه‌هاکردنی ژنێتی کوردی”
شه‌هریاری (1394) له لێکۆلینه‌وه‌که‌ی خۆیدا و له پرۆسێسی وتووێژ له‌گه‌ڵ ژنانی کورد، ده‌ست ده‌داته هه‌ڵکۆڵینی جیهان-ژینی ژنانی کورد و پیشان ده‌دات، که ئه‌زموونی سته‌مه چه‌ند لایه‌نه جێنده‌ری، چینایه‌تی، ئیتنیکی و ته‌نانه‌ت ئایینیه‌کان بووه به‌هۆی شکڵگیری شێوه‌یه‌کی جیاواز له ژنێتی کوردی که له‌گه‌ڵ ژنێتیی گشگیرکراوی فارسی‌دا به ته‌واوه‌تی جیاوازه. ئه‌و ئه‌م بابه‌ته له‌ڕێگه‌ی حه‌وت وته‌زاوه له پرۆسێسێکی کۆد لێدان و دیاریکردن پیشان ده‌دات. یه‌کێک له وته‌زاکان دروستنه‌بوونی “دوانه‌ی پیاوانه-ژنانه له کو‌لتووری کورده‌کان) دایه که ده‌بێته هۆی ئاندرۆژنی یان دووجێنده‌ربوونی ژنانی کورد. (هاوشێوه‌یی له ئه‌رکه‌کانی ژن و پیاوی کورد، بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی که زۆر له‌یه‌ک بچن و دووانه‌ی پیاوانه-ژنانه به‌و شێوه‌یه‌ی که ده‌بوایه هه‌بایه له کو‌لتووری کوردی‌دا، نه‌هاتووه‌ته ئاراوه. مه‌به‌ستی ئه‌و له وته‌زای دروستنه‌بوونی پیاوانه-ژنانه، ئاماژه‌یه به دابه‌شکردنی ئیش به‌پێی جێنده‌ر که له کو‌لتووری کوردی‌دا به مانایه‌ک که له کو‌لتووری زاڵدا سه‌پێنراوه، بوونی نییه.
هه‌ژاریی سیسته‌ماتیک و سته‌مدیده‌یی جێنده‌ری و ئیتنیکی ده‌بێته هۆی نه‌بوونی دابه‌شکاریی ئیش و کار به پێی جێنده‌ر له کو‌لتووری کوردی‌دا و ئه‌نجامدانی کارانێکی هاوبه‌ش له لایه‌ن ژنان و پیاوانی کورده‌وه. لێکدان و تێکهه‌ڵکێشیی سێ شکڵ و شێوه له سته‌مدیده‌یی واته چینایه‌تی، جێنده‌ری و ئیتنیکی له لایه‌ک ژنانی کورد مه‌جبوور به ئه‌نجامدانی کارانێکی زۆر سه‌خت و دژوار ده‌کات، که له کو‌لتووری زاڵی ئێرانیشدا به دیاریکراوی به پیاوانه هه‌ژمار ده‌کرێت و له لایه‌کی دیکه‌وه له زه‌ینی گشتیدا بێبه‌هاکردنی ژنێتی کوردی به به‌راورد له‌گه‌ڵ ژنێتی باو و زاڵ ئه‌نجامه‌که‌یه‌تی.
ژنێتی له کو‌لتووری زاڵدا به مانای لاوازبوون و ناسک و نارین بوون و عیشوه‌کارییه و هه‌موو شێوه‌کانی ژنێتی به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌م شێوه له ژنێتی هه‌ژموونیک و زاڵته‌وه‌ره‌دا ڕاڤه ده‌کرێت و به‌های بۆ داده‌نرێت. جیاوازی و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ژنێتی کوردی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که بابه‌تی ژنانه‌ی پێوه‌ر و ڕه‌وا له که‌لتووری ئێرانی‌دا له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت، خۆی به مانای که‌متر ژنانه‌بوون یان شێوه‌یه‌ک له ژنێتی خوار و خێچ و نه‌گونجاو ده‌خوێنرێته‌وه. هه‌ر بۆیه له گوتاری جێنده‌ریی کۆلۆنیالیستیی زاڵدا، ژنانی کورد ژنانێکی شه‌قڵ نه‌شکاو و پارێزراون که جوانییه‌کی سرووشتی و ئاسمانییان هه‌یه، به‌ڵام ناوشیار و ناشارستانین به ڕۆحییه‌تێکی پیاوانه و توندئاژۆوه که دوورن له ناسکی و له‌نجه‌ولاری ژنانه‌ی به‌پێوه‌ردانراوی فارسی! تازه‌ترین نموونه له نواندنه‌وه‌ی ژنانی کورد به‌م شێوه‌یه له دوو سیزێن و فه‌سڵی زنجیره‌درامای نون.خ(1398)دا به ده‌رهێنه‌ریی “سه‌عیدی ئاقاخانی” له دوو کارئه‌کته‌ری که‌ژاڵ و ڕووناکدا ده‌رکه‌وت. نووری کارئه‌کته‌ری سه‌ره‌کیی دراماکه چوار کچی هه‌یه که له نێویاندا که‌ژاڵ کچه گه‌وه‌ره‌که‌ی وه‌کوو دیارترین و جیاوازترین که‌سایه‌تیی ژنی فیلمه‌که له چاوه‌ی خوشکه‌کانی و ژنانی دیکه‌ی ئاماده له دراماکه نوێنه‌ری ته‌واو و کامڵی ژنێکی کورده. ئه‌و به هه‌بوونی ڕوخسارێکی تووڕه، هه‌یبه‌تێکی پیاوانه و هه‌ڵسوکه‌وتی دوور له هه‌ر جۆره هه‌ستێکی مرۆیی و ته‌واو نالۆژیکی، به‌رده‌وام هۆکارێکه بۆ دروستکردنی ترس و تۆقین له په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ئه‌وانیدیدا. ئه‌و ژنێکی زبر و بێبه‌رییه له‌هه‌ر جۆره ناسک و نارینییه‌ک یان هه‌ر جۆره تایبه‌تمه‌ندی و ئاوه‌ڵناوێک که به شێوه‌یه‌کی نه‌ریتی ده‌درێته پاڵ ژنان. ڕووناک، خوشکه‌زای نووری له فه‌سڵی دووهه‌می ئه‌م درامایه‌دا له کاتی نه‌بوونی که‌ژاڵدا جێگه‌ی ئه‌و ده‌گرێته‌وه و کتومت ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه له‌ویشدا ده‌نوێنرێته‌وه و دووپات ده‌کرێته‌وه. سه‌با ئیزه‌د په‌نا(1398) ئه‌کته‌ری ڕۆڵی که‌ژاڵ له وتووێژێکدا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که زبر و نه‌پۆڕبوونی ژنانی کورد وه‌کوو به‌شێکی دانه‌بڕاوه له که‌سایه‌تییان ده‌زانێت، هۆکاری سه‌رهه‌ڵدان و ده‌رکه‌وتنی ئه‌و شێوه‌یه له ژنێتیی نه‌پۆڕی کوردی، ده‌گه‌ڕینێته‌وه بۆ پێکهاتی جوگرافیاییه‌ک که ژنانی کورد تێیدا ده‌ژین. (من له زبربوونی ئه‌م مرۆڤانه‌دا زۆر گه‌ڕام. ئه‌مانه له پێکهاتێکی جوگرافیدان که بێگومان له‌سه‌ر که‌سایه‌تییانیش کاریگه‌ری داده‌نێت.
من ژیانی کچانی چه‌ندین به‌ره‌ی پێشووترم که له کوردستان یان کرماشان ده‌ژیان لێک داوه‌ته‌وه و تێگه‌یشتم که ئه‌م پێکهاته‌یه له‌وێ زاڵ بووه. کاتێک من له ڕۆڵی که‌ژاڵ به‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی خۆی قسه‌م ده‌کرد، ناکرێ بڵێین؛ من له خۆمه‌وه ئه‌وه‌م داهێناوه و هاوتا و وێنه‌یه‌کی له ده‌ره‌وه و جیهانی واقیعدا نییه، به‌ڵکوو ئه‌م که‌سایه‌تییه به‌پێی تایبه‌تمه‌ندیگه‌لێک دروست بووه که له جوگرافیای ئه‌و ناوچه‌یه هه‌ڵمگۆستبوو و به‌پێی ئه‌وه دروست بووه. ژنانی ئه‌و ناوچه‌یه ده‌نگێکی زوڵاڵتر و سه‌رتر و به‌رزتریان هه‌یه و تایبه‌تمه‌ندیگه‌لێکی که‌سایه‌تیی وه‌کوو پته‌و و به‌هێز و توانابوون له ژیاندا له ئاوه‌ها فه‌زایه‌کدا ده‌هاته ئاراوه. ئێسته ئێمه ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه نوێ ده‌که‌ینه‌وه و ده‌ڵێین ناقۆڵا و نه‌پۆڕ بوون، له حاڵێکدا ئه‌مه به‌شێک له که‌سایه‌تیی ئه‌و که‌سانه بوو که له‌وێدا ده‌ژیان).
له قسه‌کانی یه‌کێک له ژنانی کورد ده‌کرێت ده‌رکه‌وتنی هه‌ڵسوکه‌وتی جیاواز له گه‌ڵیان له ئه‌نجامی ئه‌م نواندنه‌وانه‌دا ببینرێت. (پیاوانی کورد تا ڕاده‌یه‌کی زۆر له‌گه‌ڵ ژنانی کورد به شێوه‌یه‌کی له سه‌رووی جێنده‌ره‌وه ده‌جووڵێنه‌وه و هه‌ڵسوکه‌وت ده‌که‌ن و، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی که جلوبه‌رگێک که دایکانی ئێمه له‌به‌ری ده‌که‌ن زۆر داپۆشراو و غه‌یری سیکسییه و، هیچ کات پیاوانی ئێمه دایک یان خوشکی خۆیان به جلوبه‌رگی سیکسییه‌وه نه‌بینیوه). ئه‌و ژنێکه که ئاگاداره له‌سه‌ر “که‌متر ژنانه بوون” و بێبه‌هابوونی ژنێتی کوردی؛ ئه‌گه‌رچی له شیکردنه‌وه‌ی کۆتاییدا جۆری جلوبه‌رگی ژنانی کورد به هۆکاری ده‌رکه‌وتنی هه‌ڵسوکه‌وتی ناجێنده‌ری و، جیدینه‌بوونی ژنێتی کورد له ڕوانگه‌ی پیاوانی کورد ده‌زانێت. مه‌به‌ستی ئه‌و له هه‌ڵسوکه‌وتی جێنده‌ری، کۆمه‌ڵه نموونه‌گه‌لێکه له هه‌ڵسوکه‌وتی جێنده‌ری که له کۆمه‌ڵگای زاڵدا سالاره. واته ئه‌و سه‌رچه‌شن و نموونانه‌ی که له کو‌لتووری زاڵدا پروپاگه‌نده‌ی بۆ ده‌کرێت و گه‌شه ده‌سێنێت و داوا له هه‌موو پیاوان ده‌کرێت که له کاتی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ڕه‌گه‌زی ناسک و نارین و عیشوه‌کار پێڕه‌ی لێ بکه‌ن. له هه‌ڵسوکه‌وت و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ژنانی کورد، ئه‌م سه‌رچه‌شن و نموونه جێنده‌رییه ڕه‌فتارییه هه‌ڵده‌په‌سێردرێت؛ چونکه ژنانی کورد به به‌راورد له‌گه‌ڵ ژنێتی زاڵ و هه‌ژموونیک و باو، وه‌کوو ژن هه‌ژمار ناکرێن و له لایه‌ن پیاوانیان وه‌کوو ڕه‌گه‌ز و جێنده‌رێکی جیاواز له پیاوان درک نه‌کراون و لێیان تێنه‌گه‌یشتوون.
ئه‌و سه‌رچه‌شنانه‌ی که ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ گرووپه کۆمه‌ڵایه‌تییه زاڵه‌کان و باردۆخی ژیانیان و سه‌ره‌ڕای ناپه‌یوه‌ستبوون و نه‌پۆڕانی له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا، به سه‌ریاندا ده‌سه‌پێت. ئه‌ودیوی ئه‌م دراوه پیاوێتی کوردی و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ پیاوێتی زاڵ و هه‌ژموونیکی فارسییه. پیاوێتی کورد به‌هۆی پێڕه‌وکردنی ئه‌م ئاڕاسته و سه‌رچه‌شنه سووکایه‌تیی پێ ده‌کرێت و پیاوانی کورد به شێوه‌ی به‌رده‌وام له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتخوازان و سوڵته‌گه‌رانه‌وه وه‌کوو پیاوانێکی به‌ده‌وی و سه‌ره‌تایی وێنا ده‌کرێن، که له‌گه‌ڵ سه‌ره‌تاییترین بنه‌ماکانی ڕه‌فتارکردن و هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵ ژناندا بێگانه‌ن و ناتوانن له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌کانیان وه‌کوو ژن بجووڵێنه‌وه. هه‌ر بۆیه پێویستیان به فێرکاریی و ڕاهێنانی هه‌ڵسوکه‌وتی سوڵته‌گه‌رانه و پاوانخوازانه هه‌یه. گوتارێک که له زه‌ینی ژنان و پیاوانی کورددا جێگیر بووه ئه‌مه‌یه که پیاوانی کورد زۆر زۆر ڕاستگۆن، به‌ڵام له‌ڕووی ده‌ربڕینی هه‌ست و سۆزه‌وه به ڕاده‌ی پیاوانی فارس ڕاستگۆ نین. پیاوی کورد سه‌ر و گوێیه‌کی له‌م چه‌شنه‌ی نییه. (پیاوانی کورد له هه‌مبه‌ر ژنه‌کانیاندا توند و تووڕه‌ن. ئه‌وان ڕێزی ژنه‌کانیان ناگرن، پیاوانی کوردی نه‌وه‌ی نوێ زۆر وشیارتر و باشتر بوون، به‌ڵام هه‌مدیس تڵت و پاشماوه‌یه‌ک له‌م جۆره بیرکردنه‌وه‌یه له زه‌ینیاندا ماوه‌ته‌وه). له‌م گێڕانه‌وه‌یه‌دا، پیاوێتی کورد تووڕه و توندئاژۆ و به بێ توانایی په‌یوه‌ندیگرتنی سه‌رکه‌وتوو له چاوه و به به‌راورد له‌گه‌ڵ پیاوێتی پێوه‌ری ڕۆمانتیک و جێنتێلمه‌نی فارسی، ڕه‌وایی و دره‌وشاوه‌یی خۆی له کیس ده‌دات. ئاوه‌ها ده‌خوێنرێت به گوێی سووژه و بکه‌ره ناسکاره ژێرده‌سته‌کاندا (چ ژن چ پیاو) که ده‌بێ پیاوێتی و ژنێتی فارسیی وه‌کوو پێوه‌ر و پێودانگ له‌به‌رچاو بگیرێت. به ده‌ربڕینێکی دیکه پیاوێتی و ژنێتیی هه‌ژموونیکی فارسی له‌گه‌ڵ پیاوێتی و ژنێتی به شێوه‌ی جیهانگیر به یه‌کێک دانراوه!
سه‌رچه‌شنه جێنده‌رییه‌کان و شێوه‌کانی پیاوێتی و ژنێتی له که‌لتووری زاڵدا به خاڵیکردن و داته‌کاندن له هه‌رجۆره ده‌لاله‌تێکی ئیتنیکی و دانانیان وه‌کوو بابه‌تگه‌لی نامێژووییی سرووشتی و نۆرمدار، خۆیان ده‌چه‌سپێنن.
له وتووێژی لییان بیهه‌قی(1397) له‌گه‌ڵ میکائیل سیدیقی، به‌رپرسی ئه‌نجوومه‌نی کرێکاران و وه‌ستاکارانی مه‌ریوان و سه‌وڵاوا، دیسان ده‌توانین ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌زموونی ژینکراوی ژنی کورد له‌گه‌ڵ ئایدیاله‌کانی ژن‌بوون و ژنێتیی هه‌ژموونیک له بنه‌ماڵه‌ی نه‌ریتی ئێرانی ببینین: له گونده‌کان به شێوه‌ی به‌رده‌وام 80 له سه‌دی کاره‌کان له کشتووکاڵ و ئاژه‌ڵداری و ئاودێرانی زه‌وی له لایه‌ن ژنانه‌وه ئه‌نجام ده‌درێت، به‌ڵام ئێستا به‌هۆی نه‌بوونی ئابووریی سه‌رچاوه و دایک، نه‌بوونی کارگه بۆ ئیش‌کردنی کرێکاران و دروستکردنی هه‌لی کار، نه‌بوونی هه‌لومه‌رجی ئیش و بوونی هه‌ژاری و بێبه‌شی و به سه‌رنجدان به بارودۆخی ئابووری و هه‌ڵاوسان، ژنانیش مه‌جبوور بوون که له پاڵ پیاواندا ده‌ست بده‌نه ئه‌نجامدانی ئیشه سه‌خته‌کانی وه‌کوو کرێکاریی بیناسازیی و کۆڵبه‌ری تاکوو بتوانن بژێوی ژیانیان دابین بکه‌ن.
ئیشه سه‌خته‌کان، وه‌کوو کرێکاری بینا و کۆڵبه‌ری که هه‌م له ڕووی نه‌ریتییه‌وه به ئیش و کاری پیاوانه هه‌ژمار ده‌کرێن و هه‌م توانایی جه‌سته‌یی و فیزیکی زۆریشی ده‌وێت، هه‌م پیشانده‌ری هه‌ژاریی تاقه‌تپڕووکێنی ژنانی کورده و هه‌میش سه‌لمێنه‌ری ئه‌م بابه‌ته‌یه که نۆرمه جێنده‌رییه‌کان له فه‌رهه‌نگی زاڵدا که ده‌عیه و بانگه‌شه‌ی لێبڕاوی و ڕه‌هابوون و جیهانگیر بوونی هه‌یه، له ڕاستیدا له شکڵبه‌ندی و جه‌مسه‌ربه‌ندیی ئیتنیکی و چێنایه‌تی ئه‌واندا هه‌یه و گشتگیر نییه. ئه‌گه‌ر ژن بوون به مانای نه‌رمونیانی و ناسکی و نارینییه و پیاوبوون به واتای هه‌بوونی توانایی جه‌سته‌ییه، ژنانێکی کۆڵبه‌ر که هه‌ندێجار بارگه‌لێک تا چه‌ند قات زیاتر له کێشی خۆیان ده‌گرن به کۆڵه‌وه و تا ناوقه‌د به سه‌ر زه‌ویدا ده‌چه‌مێنه‌وه، ده‌که‌ونه کوێی ئه‌م هاوکێشه‌یه‌ی ژنبوونه‌وه؟ به هه‌مان شێوه‌ی که ئه‌زموونه‌کانیان نۆرمی بنه‌ماڵه‌ی ئێرانی و دووانه‌ی پیاوی نانده‌رهێر/ژنی ماڵه‌وه له کو‌لتووری زاڵی فارس‌دا تووشی گیروگرفت ده‌کات. ئه‌زموونی ئیشی سه‌خت و تاقه‌تپڕووکێن که له لایه‌ن دایکانی کۆڵبه‌ری کورده‌وه ئه‌نجام ده‌درێت و بۆ مانه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌که‌یان پێویسته له دژی ئه‌زموونی دایکێتی پێوه‌ر و جوداکارییه‌کانی نێوان ئیش و بنه‌ماڵه‌دایه. ئه‌گه‌ر ژن‌بوون و دایکبوون به واتای له‌ماڵه‌وه مانه‌وه و دایکایه‌تی کردنه، دایکانێکی کورد که مناڵانی خۆیان بۆ پارووه نانێک جێده‌هێڵن، چۆناوچۆن ده‌توانن وه‌کوو دایک حسێب بکرێن؟ ژنانێک که له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی کار و ئیشی تاقه‌تپڕووکێنی ماڵه‌وه و ده‌ره‌وه‌ش به‌رده‌وام هه‌ر هه‌ژارن و له ڕیزبه‌ندیشدا ده‌که‌ونه خوارترین چینه‌کانی کۆمه‌ڵگاوه.
(فلۆرینس کیندی)
نووسه‌ر: فیرده‌وس حاته‌میی تاهیر
وه‌رگێڕ: سپێده ساڵحی