(به بۆنه‌ی ڕێزلێنان له هونه‌رمه‌ند شهرام نازاری)
یه‌کسانسازیی كلتووریی یان (Assimilation) پرۆسێسێکه که تێیدا گرووپێک یان پێکهاتێکی که‌لتووریی که‌مینه وه‌ک گرووپ یان پێکهاتی زاڵ و سه‌رده‌ستیان لێدێت یان به‌ها و ڕه‌وشت و باوه‌ڕه‌کانی ئه‌و گرووپه وه‌رده‌گرن و په‌سندی ده‌که‌ن.
یه‌کسانسازیی كلتووریی وه‌ک ڕه‌گو ڕه‌چه‌ڵه‌کی وشه به‌مانای پرۆسه‌ی هاوڕه‌نگکردنه و له زانسته مرۆییه‌کاندا پرۆسه‌یه‌که که ده‌بێته هۆی گۆڕانی ئه‌و که‌س و گرووپانه‌ی که سه‌ر به نه‌ته‌وه‌ی جیاوازن به‌ڵام له ژێر هه‌یمه‌نه و تاپۆی کلتووری زاڵی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌دا ئه‌م گۆڕانه‌یان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێت.
یه‌کسانسازی له ڕاستیدا توند و تۆڵترین حه‌ڵه‌تی قبووڵکردنی کلتووری ئه‌ویدییه و وه‌رگرتن و په‌سه‌ندکردنی تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی کلتووریی زاڵ تا ئاستێک قووڵ ده‌کاته‌وه که هه‌ڵاواردن و هاوێرکردنی (خود) و (ئه‌ویدی) سه‌خت و ئه‌سته‌م ده‌کاته‌وه،ئه‌گه‌رچی ئه‌م یه‌کسان و یه‌کده‌ستکردنه‌وه‌یه ڕه‌نگه به تۆپزی و زۆره‌ملێ بێت به‌ڵام به‌ده‌گمه‌ن ده‌توانێت شوێنپی و ئاسه‌واری نه‌ته‌وه و زمان و کلتووری که‌مینه کاڵ و بنه‌بڕ بکاته‌وه، به‌و که‌سه‌ی که که‌وتووه‌ته ژێر ئه‌م شه‌پۆل و کاریگه‌رییه‌ی کلتووری زاڵ و سه‌رده‌ست ده‌ڵێن ئاسیمیله‌کراو یان یه‌کسانکراو یان به ده‌ربڕینێکی دیکه توێنراو.
له پرۆسه‌ی گۆڕانکاری و سه‌پاندنی گۆڕان به سه‌ر پێکهاتێکی کلتووری یان نه‌ته‌وه‌یه‌کدا، گۆڕانی ئامانجدار و مه‌به‌ستدار که پلان و ستراتیژێکی بنه‌مایی و بنه‌ڕه‌تییه له پرۆسه‌که‌دا، کاتێک دێته ئاراوه که گرووپێک له ڕێگه‌ی هێرشی سه‌ربازی یان کۆنترۆڵ و ده‌سبه‌سه‌رداگرتنی سیاسی به سه‌ر کلتوور و نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیکه‌دا زاڵ ده‌بێت. ئه‌و پرۆسانه‌ی که له ژێر کاریگه‌ریی گۆڕانێکی مه‌به‌ستداردا دێنه ئاراوه بریتین له ئاسیمیلاسیۆن یان یه‌ک ده‌ستکردنه‌وه‌ی زۆره‌ملییانه، واته جێگیرکردن و سه‌پاندنی ته‌واوه‌تیی کلتوورێک له لایه‌ن ئه‌ویدییه‌وه و هاوکات هاتنه‌ئارای ئه‌کت و کرده‌وه‌ی به‌رگری و به‌رخۆدان له هه‌مبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی زاڵ،ئه‌م ئاسته له (ئاسیمیلاسیۆن) و یه‌کده‌ستکردنه‌وه به‌هۆی ئه‌وه‌ی که به شێوه‌ی مه‌به‌ستدار ئاڕاسته‌که‌ی ده‌جووڵێت و به‌سه‌ر ئه‌ندامانی کلتوورێکدا سه‌پاوه،که‌متر ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌مه که کاریگه‌رییه‌کانی بمێننه‌وه.
ئه‌و شته‌ی که ڕه‌نگه به نیسبه‌ت ئێمه‌ی کورده‌وه که‌متر ئاوڕی لێ درابێته‌وه (ئاسیمیلاسیۆن)ی نه‌رم یان یه‌ک ده‌ستکردنه‌وه‌ی که‌لتوورییه، لانیکه‌م ئه‌م پرۆژه‌یه له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ساڵانێکه به دیاری و زه‌قی له‌گه‌ڕدا بووه، جیاواز له‌وه‌ی تا سه‌رده‌مێک پاش شۆڕشی گه‌لانی ئێران ئه‌م پرۆسه‌یه هه‌م به شێوه‌ی ڕه‌ق و سه‌ربازی و ئه‌منی و هه‌م به شێوه‌ی نه‌رم و هێواشی کلتووریش پاش ساڵانی دوای سه‌رهه‌ڵدانی خاته‌می(1997ز) یان ده‌وڵه‌تی چاکسازیی کۆماری ئیسلامی به‌رده‌وام بوو، خاڵێکی زۆر گرنگ و جێگه‌ی سه‌رنج له ئێران که سنووره‌کانی که‌شف و ناسینی ئه‌م (ئاسیمیله)و یه‌کسانکردن و وه‌کیه‌ککردنه ئه‌سته‌م و سه‌خت ده‌کاته‌وه له‌یه‌کچوونی کلتووری فارس و کورده له هه‌ندێ ئاستی گشتیدا وه‌ک مۆسیقا و زمان،جیاواز له‌وه‌ی که ئه‌م لێکچوونه چه‌ندی به هۆی ئه‌و هاوکێشه‌ی (سه‌رده‌ست،ژێرده‌ست)بوونه‌وه بێت به‌شێکی ڕاستییه‌کی مێژوویی جوگرافییاییه که دراوسێتی و ئاڵووێر و دانوستانی کلتووری و بازرگانی و سیاسی و شه‌ڕ و شۆڕ له‌مێژینه له نێوان ئه‌م دوو نه‌ته‌وه‌یه‌دا دروستی کردووه و ئه‌وه‌ش که وه‌ک ڕاستییه‌کی تاڵی مێژوویی هه‌یه زاڵبوونی کلتووری و سیاسی ئه‌وان بووه له قۆناغانێکی زۆری مێژوویی‌دا به‌ڵام خاڵی گرنگ و دره‌وشاوه‌یی کوردبوون به‌رخۆدان و به‌رگری له هه‌مبه‌ر ئه‌م یه‌کسانسازییه‌دا بووه، له هه‌ر کوێ ته‌قه‌یه‌ک کرابێت کورد چه‌ندین ته‌قه‌ی کردووه!
ئه‌مه‌ش جه‌وهه‌ری گوتاری به‌رگری و مانه‌وه‌یه، ئه‌مه خاڵێک بووه که به‌رده‌وام کورد وه‌ک(وشیاریی)یه‌ک له هه‌مبه‌ر ئه‌ویدیدا خۆی پێ مانیفێست کردووه، پێویست به ئاماژه ناکات که زمانی فارسی به‌هۆی ده‌سه‌ڵاتی فارسه‌وه هه‌ر له سه‌رده‌می به‌رمه‌کییه‌کان له ناو خه‌لافه‌تی عه‌باسییه‌کاندا له ساڵانی 170ی هه‌تاوی تاکوو ئێستا هه‌یمه‌نه و زاڵبوونێکی بۆ خۆی تۆمار کردووه و هه‌ر ئه‌مه‌ش وایکردووه هه‌م مێژوو وه‌کوو ده‌سه‌ڵات و حاکم بنووسێته‌وه و ده‌ستی تێوه‌ربدات و هه‌م پرۆسه‌ی یه‌کده‌ستکردنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌کانی دیکه بخاته بواری جێبه‌جێکردنه‌وه به‌تایبه‌تی ئه‌مه له به‌ڵگه‌کانی سه‌رده‌می په‌هله‌وی یه‌که‌م و دووهه‌مدا ده‌بینرێت و له سه‌رده‌می ئێستای ده‌سه‌ڵاتی کۆماریشدا پرۆسه‌که وه‌ها تێکه‌ڵی باری ئه‌منی وڵاتی ئێران بووه که تاکوو ئێستا به‌ڵگه‌یه‌کی ئه‌وتۆ له‌به‌رده‌ستدا نییه، به‌هۆی ئه‌م هه‌ژموونی و هه‌یمه‌نه مێژووداره‌وه ئێمه نووسه‌ران و وه‌رگێڕانێکی مه‌زنی وه‌کوو محه‌مه‌د قازی، ئیبراهیم یونسی و عه‌لی ئه‌شره‌ف ده‌رویشیان و…مان هه‌بووه که ئه‌گه‌رچی به ڕه‌چه‌ڵه‌ک و زمان کورد بوون به‌ڵام به زمانی ئه‌وان واته فارسی ده‌یاننوسی، ئه‌گه‌رچی لانیکه‌م له به‌رهه‌مه‌کانی یونسی‌دا کێشه و پرسگری کورد به زه‌قی و به‌رجه‌سته‌یی دیار بوو و ته‌نانه‌ت وشه‌ی کوردیشی ده‌چپانده نێو زمانی فارسییه‌وه، به‌ڵام ده‌رویشیان به‌هۆی بیرکردنه‌وه و تێڕوانینی چه‌پ و مارکسیستییانه‌ی زیاتر په‌رژاوه‌ته سه‌ر هه‌ژاری و ڕه‌نجده‌ری و ژیانی چینی خواره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا، به‌تایبه‌ت له ناوچه‌ی کرماشان و ده‌وروبه‌ری.
ئه‌م نووسه‌رانه وه‌ک فۆڕم واته زمان و ده‌ربڕین له خزمه‌ت ئه‌ویدیدا بوون به‌ڵام وه‌ک ناوه‌ڕۆک لانیکه‌م که‌سێکی وه‌ک یونسی دیسکۆرس و گوتارێکی خسته ڕوو که نواندنه‌وه‌ی جیهان و دونیا و جیهانبینی و ئیستاتیکای و کلتووری کورد بوو، نموونه‌ی یونسی گوتاری به‌رگری و ئه‌ده‌بی که‌مینه‌یه که له‌ناو هاوکێشه‌ی کلتووریی سه‌رده‌ستدا ده‌جه‌نگێ و خه‌بات ده‌کات و زۆر نێزیک له ئه‌زموونی کافکای جووله‌که که‌به‌زمانی ئاڵمانی ده‌ینووسی به‌ڵام بۆ به‌رگری له نه‌فره‌تلێکراوان و ژێرده‌ستانی نه‌ته‌وه‌که‌ی و سه‌رده‌مه‌که‌ی، نموونه‌یه‌کی ئاوه‌ها له ناو کورددا له ڕاستیدا ده‌کرێت له ژێر ناوی ئه‌زموونی شه‌قکراو و له‌تکراوی فۆڕم و ناوه‌ڕۆک پێناسه بکرێت واته یونسی به فۆڕم و ده‌ربڕین له ناو زمان و خانه‌ی ده‌ربڕین و ستراتیژیی ڕسته‌سازیی ئه‌واندا بوو به‌ڵام دونیای کوردی ده‌گێڕایه‌وه، ئه‌گه‌ر بمه‌وێ وێنه‌یه‌کی ڕوون له‌م شه‌قبوون و له‌تبوونه بده‌م به ده‌سته‌وه ده‌توانم بڵێم که‌سێک بهێنینه پێش چاوی خۆتان هۆره یان سیاچه‌مانه یان حه‌یران به زمانی فارسی یان هه‌ر زمانێکی دیکه جگه له کوردی بڵێت، ڕه‌نگه ئه‌م وێنه‌یه بڕێکیش تۆخ و ڕادیکاڵ بێت به‌ڵام ئه‌گه‌ر زیاتر ڕوونی که‌مه‌وه ده‌ڵێم له‌و فۆرمه‌دا ئێمه کوردبوون مانیفێست ده‌که‌ین به‌ڵام له پۆشاک و جلوبه‌رگی ئه‌ویدیدا و ئه‌گه‌ری ئه‌مه زۆر ده‌چێته سه‌ره‌وه که ڕه‌گ و ڕه‌چه‌ڵه‌ک و ڕه‌سه‌نایه‌تیمان له ڕووی فۆرمه‌وه ورده‌ورده بکه‌وێته ژێر مه‌ترسی گه‌وره و داڕمانی قه‌ره‌بووهه‌ڵنه‌گری مێژووییه‌وه، هه‌ر بۆیه له ڕووی نه‌ته‌وه‌ناسییه‌وه ته‌کوزیی و هاوسه‌نگیی نێوان فۆڕم و ناوه‌ڕۆک له مانیفێستکردنی به‌ها و دیسیپلینه‌کانی نه‌ته‌وه‌یه‌کدا گرینگییه‌کی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری هه‌یه و بابه‌تێکی جه‌وهه‌رییه، ئه‌م حاڵه‌ته بۆ مۆسیقا و ئاواز ڕوویه‌کی ئاڵۆزتر و ناسک‌تر په‌یدا ده‌کات، زۆر ئاواز و گۆرانی کوردی له لایه‌ن که‌سانی وه‌ک حه‌مه‌ڕه‌زا شه‌جه‌ریان یان ئیره‌جی به‌ستامی یان له‌یلا فروهه‌ر و …به فارسی وتراون و به ده‌گمه‌ن ئاماژه بۆ سه‌رچاوه کوردییه‌که‌ی کراوه ئه‌مه پیشانده‌ری ئه‌و پرۆسه له‌گه‌ڕه چالاکه‌ی ئاسیمیلاسیۆن و یه‌کده‌سکردنه‌وه‌یه که لێره‌دا به شێوه‌ی نه‌رم و ناوشیار خه‌ریکه ئیش ده‌کات، مۆسیقای کوردی به وته‌ی زۆرێک له شاره‌زایانی بواری مۆسیقا سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کی و ده‌وڵه‌مه‌نی مۆسیقای ئێرانییه به‌ڵام ئه‌م ده‌ربڕینه‌یان به واتای ئه‌وه نایه‌ت که مۆسیقای کوردی مۆسیقایه‌کی سه‌ربه‌خۆیه به‌ڵکوو وه‌کوو به‌شێکی سه‌ره‌کی له‌ناو خشته‌ی مۆسیقای ئێرانی‌دا دایده‌نێن که ئه‌مه هه‌مان ئایدۆلۆژیای ئێران شاری یان ئێران په‌رستییه که نه‌ته‌وه و ئه‌ویدییه‌کانی دیکه ئاوه‌ها پێناسه ده‌کات.
ئه‌زموونی چه‌ندین ساڵ چالاکیی هونه‌ریی شهرام نازری ئه‌زموونێکی تایبه‌ت و دانسقه‌یه که ده‌شێت لێکۆڵینه‌وه‌ی فره‌ڕه‌هه‌ندی جیاوازی له بواری نه‌ته‌وه‌ناسی و هونه‌ری که‌مینه‌وه له‌سه‌ر بکرێت، ئه‌و خاوه‌نی 50 کۆمه‌ڵه گۆرانییه و له ئاستی جیهاندا وه‌ک هونه‌رمه‌ندی گه‌وره ناسراوه و زۆربه‌ی گۆرانییه‌کانی به زمانی فارسی وتووه و به‌شێکیشیان به کوردی، ئه‌گه‌رچی خۆی ده‌ڵێت که کاره فارسییه‌کانیشم له ژێر کاریگه‌ری کوردییه‌کاندان به‌ڵام ئه‌م ڕاستییه ناشاردرێته‌وه که شهرام هونه‌رمه‌ندێکی جیهانیی کورده که زۆربه‌ی کاره‌کانی به فارسی پێشکه‌ش کردووه، خاڵی جێی سه‌رنج که لێره‌دا ده‌شێت هه‌ڵوێسته‌ی له‌سه‌ر بکه‌ین یه‌که‌م سیاسه‌تی کلتووریی هه‌رێمی کوردستانه که وه‌ک تاقه جه‌مسه‌ری بووژاندنه‌وه‌ی کلتووری کوردی که ده‌سه‌ڵاتێکی کوردی پاڵپشتی ده‌کات ده‌بێت پێناسه بکرێت و به‌م ڕێوڕه‌سمه و ڕێوڕه‌سمانی هاوشێوه لایه‌نێکی ستراتیژیی خۆی به‌م شێوه‌یه چالاک کردووه به‌و مه‌رجه‌ی هه‌ر وا به‌رده‌وام بێت، یه‌کێک له لایه‌نه سیاسییه‌کانی کلتوور هه‌ژموون و هه‌یمه‌نه‌ی که‌لتوورییه، ئه‌گه‌ر ئه‌م سیاسه‌ته‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی به شێوه‌ی ڕه‌سه‌ن و نیشتیمانیانه له لایه‌ن وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوان یان هه‌ر ڕێکخراو و وه‌زاره‌تێکی دیکه‌ی په‌یوه‌ندیداره‌وه به‌رده‌وام و به‌پێی پلانێکی تۆکمه په‌یڕه‌و بکرێت بێگومان له ڕووی سیاسیی و هاوکێشه‌ی هه‌یمه‌نه‌یی سیاسیشه‌وه بۆ باشووری کوردستان و حکوومه‌تی هه‌رێم به‌ده‌سکه‌وت و دره‌وشاوه ده‌بێت، ئه‌گه‌رچی به‌دیهاتنی ئه‌م ده‌سکه‌وتانه له درێژماوه‌دا بێت، خاڵی دیکه که ده‌بێ سه‌رنجی بدرێت دوو بابه‌ت بوو له قسه‌کانی شهرام نازریدا که گرینگیی ئه‌م خاڵه‌ی سه‌ره‌وه‌مان زیاتر بۆ ڕوون ده‌که‌نه‌وه، ئه‌ویش ئاماژه‌ی بۆ دوو بابه‌ت بوو یه‌که‌م ئه‌وه‌ی که ئه‌و خه‌ڵاتگه‌لێکی زۆری وه‌کوو شوالییه‌ی ئاوازی فه‌ره‌نسا و خه‌ڵاتی ئافیسێر به مانای خاوه‌ن پله و پایه‌ی هونه‌ر و ئه‌ده‌بیات و…پێ به‌خشراوه که خه‌ڵاتی گرینگن له ئاستی جیهانیدا به‌ڵام ئه‌م خه‌ڵاته چونکه هی وڵات و خاك و نیشتیمانی کوردستان و نیستیمانی خۆمه له هه‌موویان به‌رزتره و بابه‌تی دووهه‌میش که نازری وه‌ک ڕه‌خنه ده‌ریبڕی ئه‌وه بوو که له میدیا و سیاسه‌تی بڵاوکردنه‌وه‌ی کوردی‌دا زیاتر گۆرانی و هونه‌ری نزم و نه‌وی بره‌وی پێ ده‌درێت و ئه‌گه‌ر به‌م شێوه‌یه به‌رده‌وامبێت داهاتوو و ئاسۆیه‌کی باش بۆ هونه‌ری کوردی و کورد به‌دی ناکرێت.
به نیسبه‌ت بابه‌تی یه‌که‌مه‌وه ئه‌وه‌ی که بۆ ئێمه ئاشکرایه ئه‌مه‌یه که شهرام نازاری به‌شێک له ئیش و کاره هونه‌رییه‌کانی بۆ کلتوور و دیسکۆرسی فارس کردووه به‌ڵام ئه‌م هه‌ڵوێست و قسه‌یه‌ی له ڕووی سیاسی و که‌لتوورییه‌وه به قازانجی دیسکۆرس و گوتاری کوردییه و نیشانه‌ی به‌رخۆدان و خۆڕاگرییه‌که که هێشتا که‌لتووری فارس یه‌کده‌ستی نه‌کردووه و ده‌کرێ بڵێین بۆ نه‌وه‌ی داهاتوو و ئێسته‌ش ڕابوون و ڕاسانێکه، بانگهێشت و داوه‌تکردنی هونه‌رمه‌ندانێکی وه‌کوو شهرام نازاری و هه‌ڵوێستی ئاوه‌ها کوردانه‌ی ده‌نگدانه‌وه و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی زۆری ده‌بێت به تایبه‌ت که دوور له هه‌ر جۆره ده‌ربڕینێکی ئێرانته‌وه‌رانه بوو. دووه‌م بابه‌تی جێی سه‌رنجی قسه‌کانی ئه‌م هونه‌رمه‌نده ئه‌و ڕه‌خنه‌یه‌یه که به‌ڕاستی ڕه‌خنه‌یه‌کی به‌جێ و دروسته و ئێمه وه‌ک کورد ئه‌گه‌ر ئاستی به‌رز و ڕه‌سه‌نی مۆسیقای که‌وردی که به وته‌ی نازری له ڕه‌سه‌نترین مۆسیقاکانی دونیایه نه‌پارێزین ئه‌و هه‌یمه‌نه که‌لتووریه‌ش که هاوشانی سیاسه‌ت و خه‌باتی چه‌کداری خزمه‌تی به دۆزی ڕه‌وای ئێمه کردووه له ده‌ست ده‌چێت.
له کۆتاییدا نابێت ڕه‌ش و سپی چاو له بابه‌ته‌کان بکه‌ین شهرام نازاری له جوگرافیای کوردستان و له شاری کرماشان له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له ژێر ده‌سه‌ڵاتی حکوومه‌ته یه‌ک له دوای یه‌که فارسییه‌کاندا له دایک بووه و له ناو کایه‌ی ئه‌واندا ئیشی کردووه و له ناو کایه و چالاکییه هونه‌ر و مۆسیقاییه کوردییه‌که‌شدا جێگه ده‌ست و هه‌ڵوێستی دیاره و ئێسته‌ش ئه‌م ڕێزلێنانه‌ی ڕۆژی دووشه‌ممه 16/ئایار/2022 ده‌توانین بکه‌ینه سه‌ره‌تایه‌ک بۆ ڕزگاربوونی ئه‌و به‌شه‌ی شهرام نازاری که له هه‌ولێر دێته گۆ و قسه ده‌کات، به‌شێکی ڕه‌سه‌ن و بنه‌مایی و ڕه‌چه‌ڵه‌کدار که ده‌شێت سه‌ره‌تای هه‌یمه‌نه‌یه‌ک بۆ ئێسته و داهاتوو بێت وه‌ک ده‌ڵێن زه‌ره‌ر له نیوه‌ش بگه‌ڕێته‌وه قازانجه به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی پلان و ستراتیژ و به‌رنامه‌ی تۆکمه و نیشتیمانی هه‌بێت.