زمانی دایک و فێربوونی زمانی دایکی، کاریگەرییەکی پڕ بەرهەم لەسەر کەسێتیی هەر کەس دادەنێت. زمانناسان، ژینگەناسان و دەروونناسان لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئاهەنگ، ڕەنگ و جوانیی دەنگی دایک، تەنانەت کاتێکیش کە منداڵ لە سکی دایکیدایە، بۆ ئەو ڕادەگوێزرێتەوە.
“زمان”
“زمان” لە هێما گەلێک پێکهاتووە؛ کە واتا دەگەیەنێتە مەبەستێک. وێڕای ئەمە، ڕێزمان و چۆنیەتی پێکهاتەی ئەو هێماگەلەش بەو مەبەستە دەگەیەنێت. ئەم ڕێزمانە یارمەتی تاک دەدات تاکو بتوانێت پەیامگەلێکی لەڕادەبەدەر بەرهەم بهێنێت. “ڕاتنێر و گلینسۆن” لەسەر ئەو باوەڕەدان کە سیستەمی زمان خاوەن چوار تایبەتمەندییە؛
یەکەمین تایبەتمەندیی زمان ئەوەیە؛ کە هێمادار و نیشانەدارە؛ خەڵک لە دەنگ و وشە بۆ دەربڕینی مەبەستەکانیان لەبارەی چالاکییەکان، ڕووداوەکان و فیکرەکان کەڵک وەردەگرن. هێماداربوون و عەلامەتیبوونی زمان، بووەتە هۆی بەربڵاوبوونی بابەتگەلێک کە خەڵک لەبارەیانەوە قسە دەکات. لە ڕاستیدا هێماکان ئەو شیانە بە مرۆڤ دەدات کە لەبارەی شتانێکەوە قسە بکەن کە لە شوێنێکی دیکەدان، یان لەبارەی ڕووداوێک قسە بکەن کە لە کات و شوێنێکی تردا ڕوویان داوە. زمان لخیزە، چونکە دەتوانین وشەیەک بۆ گرووپێک لە کەرەستەکان کە جیاوازییەکی ئەوتۆیان پێکەوە نییە، بەکار بهێنین.
دووەمین تایبەتمەندی زمان ئەوەیە؛ کە وێڕای ئەوەی زمان واتادارە، بەڵام زۆرێک لە هێماگەلێک کە بۆ ناو لێنانی شتومەک و دیاردەکان بەکار دەبرێن، بە جۆرێکن کە هیچ جۆرە پەیوەندییەکی لۆژیکی-یان لەگەڵ ئەو شتومەک و دیاردانە نییه. بۆ نمونە وشەی “چاویلکە” لە زمانە جیاوازەکاندا پێکەوە زۆر جیاوازن.
سێیەمین تایبەتمەندیی زمان ئەوەیە؛ کە بەرهەمهێنەرە. واتە دەتوانین بە هەڤدودانینی ڕێژەیەک لە وشەکان و هێماکان بە شێواز گەلێکی جۆراوجۆر، ڕادەیەکی زۆر ڕستە و پەیام بەرهەم بهێنین. ئەگەری هەیە ئێوە ڕۆژانە ڕستەگەلێک بەکار بهێنن کە پێشتر نەتانبیستبێت و بەکارتان نەهێنابێت. یان ڕەنگە ڕۆژانە ڕستەگەلێک ببیستن کە پێشتر نەتانبیستبێت.
چوارەمین تایبەتمەندیی زمان؛ یاسامەندبوونیەتی. ئەگەرچی مرۆڤ دەتوانێت ڕستەگەلێکی زۆر بەرهەم بهێنێت، بەڵام ئەم ڕستانە دەبێ یاسامەند بن و ڕێک خرابێتن. بەم هۆیەوە مرۆڤ، یاساگەلێکی بۆ دروستکردنی ڕستەکان داناوە.
“کارکردەکانی زمان”
مرۆڤ بوونەوەرێکە کە بە کەڵک وەرگرتن لە سیستەمێکی زۆر پێشکەوتووی پەیوەندیگرتن، لە بوونەوەرەکانی تر جیا دەکرێتەوە. ئەم سیستەمە ئەو توانایە بە مرۆڤ دەدات کە بتوانێت زانیارییەکانی دەووروبەر وەربگرێت و بە مەبەستێکی بگەیەنێت.
زمان خاوەنی دوو کارکردی بنەڕەتییە بۆ مرۆڤ؛ یەکەم ئەوەیە کە توانای پێ داوین کە لەگەڵ کەسەکانی تر پەیوەندی پێکبهێنین و بەم شێوەیە زانیاری و ڕوانگە و فیکری خۆمان بە مەبەستێک بگەیەنین یان هەمان شت لە کەسی دووەم وەربگرین، دووەم کارکرد ئەوەیە کە بیرکردنەوەی بۆمان ڕەخساندووە.
“زمان” ئەو تایبەتمەندییەشی بە مرۆڤەکان داوە کە لە سنوورەکانی کامڵبوونی ژینگەیی و جەستەییش تێپەڕێت. کامڵبوونی بایۆلۆژیکی لە ڕێگای “ژێنـ”ـەکانەوە مسۆگەر دەبێت، بەڵام کامڵبوونی فەرهەنگی لە ڕێگای گەیاندنی زانیاری لەلایەن زمانەوە مسۆگەر دەبێت. واتە هەر بەرە لە مرۆڤەکان پێویست نییە کە دووبارە تەواوی بوارەکانی بەرەکانی پێش خۆی لە داهێنان و دۆزینەوە، هونەر و ماف، تەکنۆلۆژی و جووتیاری و… دووپات بکاتەوە، بەڵکو دەتوانێت ئەزموونیان بکات و گەشەیان پێ بدات. فەرهەنگ و زمان ئەو توانایە بە بەرەی نوێ دەدات کە لەسەر شانی بەرەکانی پێشووتر بۆ پێشەوە باز ببات.
دووەمین کارکردی “زمان” ئەوەیە کە یارمەتیی بیر و پرۆسەکانی تری ناسین دەدات. “زمان” ئەو توانایە بە ئێمە دەدات کە ناوێک لەسەر ئەزموونەکانمان دابنێین. زمان ئێمە بە چەمکگەلێک تەیار دەکات کە دەتوانین بە یارمەتیی ئەوان دونیای دەوروبەرمان ڕێک بخەین و زانیارییە پەیوەندیدارەکان بە دونیا بە شێوەیەکی سیستەماتیک وەربگرین. هەروەها زمان یارمەتیمان دەدات کە سەرنج بە ئەزموونەکانی ڕابردوو بدەین و ڕووداوەکانی داهاتوو پێشبینی بکەین.
کارکردی دووەمی زمان، واتە پەیوەندیی نێوان زمان و بیر، بابەتێکە کە باسێکی زۆری لەسەر دەکرێت و بیرمەندان چەندین ڕوانگە و بۆچوونیان لەسەری داوە کە لە درێژەدا ئاماژە بە چەند خاڵیان دەکەین.
“زمان و بیر”
یەکێک لەو بابەتانەی کە لە ڕابردوویەکی دوورەوە خەڵک باوەڕیان پێی هەبووە ئەوەیە کە “بیر” پرۆسەیەکە کە پشتی بە زمان بەستراوە. “ئێشتین بێرگ” لە کتێبی خۆی بە ناوی “دەروونناسیی زمان”، بۆچوون و هزرگەلێکی زانستی کە باوەڕیان وایە بیر پشتی بە زمان بەستووە، دابەشکردووە بەسەر چوار گرووپدا کە بریتین لە:
1-گرووپێک کە لەسەر ئەو باوەڕەدان کە بەرهەمەکانی زمان و هەڵسوکەوتەکانی تر، شتانێکن کە ژێرخانی بیر پێک دێنن.
2- گرووپێک کە باوەڕیان وایە زمان ژێرخانی بنەڕەتیی بیرە.
3- گرووپێک کە باوەڕیان وایە سیستەمی زمانی و ڕێزمانیی هەر تاکێک، شێوەی ڕوانینی ئەو تاکە سەبارەت بە جیهان دەستنیشان دەکات.
4- گرووپێک کە باوەڕیان وایە سیستەمی زمانی و ڕێزمانیی هەر تاکێک، فەرهەنگی ئەو تاکە دەستنیشان دەکات.
ڕوانگەی یەکەم؛ بەرهەمەکانی زمان و هەڵسوکەوتەکانی تر، ژێرخانی بیر پێک دێنن.
لایەنگرانی ئەم گریمانە باوەڕیان وایە کە بیرکردنەوە جۆرێک هەڵسوکەوتە. ئەم گریمانە لەلایەن دەروونناسانێکەوە پێشکەشکراوە باوەڕیان وایە دەتوانرێت هەڵسوکەوتە پێچاوەکان (وەک بیرکردنەوە) ورد بکرێتەوە، واتە پێکهاتەی بیر لەیەک جیا بکرێتەوە، بە شێوەیەک بتوانرێت ئەو پێکهاتەیە ببینرێت و هەڵسەنگێنرێت. لایەنگرانی ئەم گریمانەیە هەرجۆرە پرۆسەیەکی دەروونی کە نەتوانرێت ببینرێت و ببێتە هۆی ڕوودانی هەڵسوکەوتێک کە ببینرێت، ڕەت دەکەنەوە و باوەڕیان پێ نییە. “جان واتسۆن” لەمبارەوە باوەڕی وایە؛ “قسەکردنی ئاشکرا یان قسەکردنی نهێنی (بیرکردنەوە) هەڵسوکەوتگەلێکن کە هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ هەڵسوکەوتەکانی دیکە (وەکوو یاریی واڵیباڵ) نییە”. “بی ئێف ئێسکینێر”یش باوەڕی وایە؛ “باشترین و سادەترین ڕوانگە ئەوەیە کە بڵێین بیرکردنەوە هەڵسوکەوتە. چ بێتە سەر زار یان نە، چ ئاشکرا بێت و چ نهێنی. هیچ جۆرە پرۆسەیەکی زەینی لە پشتی بیرکردنەوەدا نییە”.
ڕوانگەی دووەم؛ زمان ژێرخانی بنەڕەتیی بیرە.
لایەنگرانی ئەم گریمانەیە باوەڕیان وایە؛ گەشەی زمان هاوتەریبی گەشەی بیرە یان تەنانەت گەشەی “زمان” لە پێشترەوەیە. ئەوان باوەڕیان وایە؛ زمان شێوە بە بیر دەدات. هەروەها مرۆڤ بە چەمکسازی دەتوانێت پاڵنەرەکانی دەووروبەر بناسێت و ئۆرگانیزەی بکات. ئەگەر مرۆڤ توانای ئۆرگانیزەکردنی نەبا، ژیانی تووشی بێسەرەوبەرەیی دەبوو، واتە مرۆڤ بەم پێیە سەرنج بە هەندێک لە شتومەک و دیاردەکان دەدات و گرینگی بە هەندێکی دی نادات. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی مرۆڤ ئەوەیە، کە دەتوانێت بە کەڵک وەرگرتن لە وشەکان، چەمک دروستبکات. “ڤیگۆتسکی” لەسەر ئەو باوەڕەیە کە “بیر تەنیا لە ڕێگای زمانەوە دەرنابڕدرێت، بەڵکوو بوونیشی لە زمان سەرچاوە دەگرێت… پەیوەندیی بیر و زمان، پەیوەندییەکی ژیانبەخشە، یانی بیر بە کەڵک وەرگرتن لە وشەکان لەدایک دەبێت”. هەروەها “وۆرف” باوەڕی وایە: “جۆری زمانی هەر کەسێک، چۆنیەتیی بیرکردنەوەی ئەو کەسە دەستنیشان دەکات”.
ڕوانگەی سێیەم؛ سیستەمی زمانی و ڕێزمانیی هەر تاکێک، شێوەی ڕوانینی ئەو تاکە سەبارەت بە سروشت دەستنیشان دەکات.
لایەنگرانی ئەم گریمانە لەسەر ئەو باوەڕەدان کە بازنەی وشەی تاک و زانیاریی زمانی و ڕێزمانیی ئەو، جۆری فام و تێگەیشتنی ئەو تاکە سەبارەت بە جیهان دەخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە. “بێنجامین وۆرف” لەمبارەوە باوەڕی وایە: “چەمکگەلی کات و مادە چەمگەلێکن کە تاکەکان ناتوانن لە ڕێگای ئەزموونی ڕاستەوخۆوە، تێگەیشتنگەلێکی وەک یەکیان هەبێت، بەڵکوو جۆری تێگەیشتنی خەڵک لەم چەمکانە پەیوەندیی بە زمانێکەوە هەیە کە ئەو چەمکانە لە ڕێگای ئەوەوە دەگەیەنرێتە مەبەست. چەمکگەلی نیۆتۆنیی بۆشایی، زمان و مادە چەمکگەلێک نین کە لە ڕێگای فامی ڕاستەوخۆوە بەدەست بێن. بەڵکوو چەمکگەلێکن کە پەیوەندییان بە زمان و فەرهەنگەوە هەیە”.
ڕوانگەی چوارەم؛ سیستەمی زمانی و ڕێزمانیی هەر تاکێک، فەرهەنگی ئەو تاکە دەستنیشان دەکات.
لایەنگرانی ئەم گریمانەیە باوەڕیان وایە؛ ئەگەرچی (زمان و، بیر) پێکەوە جیاوازن، بەڵام فێربوونی زمانێک دەبێتە هۆی شێوەدان بە باوەڕە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانی تاک و شێوەنیگای ئەو تاکە دەخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە. “ویلهێلم ڤۆن هامبۆڵت” باوەڕی وایە؛ “زمان دەربڕی ڕۆح و تایبەتمەندیی نەتەوەیی گەلێکە”. هەروەها “ئێدوارد ساپیر” باوەڕی وایە؛ “زمانی هەر کۆمەڵگایەک، ئامرازێکە بۆ ئاشنابوون لەگەڵ ڕاستییەکانی ئەو کۆمەڵگایە و لە بواری کێشەکان و پرۆسە کۆمەڵایەتییەکان شێوە بە بیرمان دەبەخشێت. مرۆڤ بوونەوەرێکە کە بەردەوام لەژێر کاریگەریی زماندایە و لە ڕێگایەوە لەگەڵ فەرهەنگ و کۆمەڵگای خۆی ئاشنا دەبێت، چونکە زمانی هەر فەرهەنگێک ئامرازێکە بۆ گەیاندنی ئەو فەرهەنگە بە مەبەستێک. ئەم بابەتەی کە تاکێک بتوانێت بێ یارمەتیی زمان، خۆی لەگەڵ فەرهەنگێک بساچێنێت، تەنیا ساوێرێکە و هیچی تر. لە ڕاستیدا زۆرێک لە تایبەتمەندی و گەوشینەکانی فەرهەنگێک، بە شێوەی ناهۆشیار، لە زمانی ئەو فەرهەنگەدایە. ناتوانین دوو زمان بدۆزینەوە کە چەمکی دوو فەرهەنگی تێدا بێت”.
لەبارەی پەیوەندیی بیر و زمان، ڕوانگەگەلێکی زۆر بوونیان هەیە کە هەر کام بۆ خۆیان خاوەن لایەنگری پسپۆڕن و کەسانێکی پسپۆڕی تریش هەن که هەر کام لەو ڕوانگەگەلە و ئەوانەی لێرەدا باسمان لێوەکرد ڕەت دەکەنەوە و ڕەخنەیان لێ هەیە. بەڵام پرسیاری سەرەکیی ئێمە لێرەدا ئەوەیە؛ بەپێی ئەم ڕوانگانە و پەیوەندی بیر و زمان پێکەوە، مرۆڤێک کە زمانی دایکی لەگەڵ زمانی پەروەردەکردنی لە “باخچەی منداڵان، قوتابخانە و…” جیاوازیی هەیە و بە واتایەکی تر ڕووبەڕووی “دوو زمانی” دەبێتەوە، چی بەسەر شێوەی بیرکردنەوەیدا دێت؟
“دژبەرانی دوو زمانەیی”
زۆرێک لە دەروونناسان و کۆمەڵناسان دژی دیاردەی “دوو زمانەییـ”ـن و دوو زمانەیی بە کۆسپێک دەزانن لە بەرامبەر گەشەی ناسیندا و دەڵێن؛ دەبێتە هۆی کێشەگەلێک لە قسەکردندا. ئەم کەسانە لەسەر ئەو باوەڕەدان کە “ئەم بیرە نا-دروستە کە منداڵ بەر لە تەمەنی پێنج ساڵی دەتوانێت زمانە بێگانەکان وەکو زمانی دایکی خۆی فێر ببێت. ئەم بیرە هەڵەیە بووەتە هۆی ئەوەی کە هەندێک لە دایکان و باوکان تێبکۆشن کە هاوکات لەگەڵ زمانی دایکی، زمانێکی بێگانە فێری منداڵەکانیان بکەن. ئەم بابەتە دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەم بیرە لە منداڵدا دروست ببێت کە بابەتێک بە زمانی دایکیی خۆی بە کەسێک بڵێت و هەمان بابەت بە زمانی بێگانە بە کەسێکی تر بڵێت، کە لەڕاستیدا ئەم کردارە دەبێتە هۆی دواکەوتوویی قۆناغی ئاخاوتن لە منداڵدا. جیاوازییە ڕێزمانییەکان لە زمانەکاندا دەبێتە هۆی کێشە و ناڕێکی لە بیرکردنەوەشدا. بە سەرنجدان بەوەی کە ئەم کارە (فێربوونی هاوتەریبی زمانی دایکی و زمانێکی بێگانە) کە تەنانەت بۆ قوتابیانی ئاستی سەرەوە ئەستەمە، دەمانگەیەنێت بەو ئاکامەش کە منداڵێکی کەم تەمەن لە فێربوونی هاوتەریبی زمانی دایکی و زمانێکی بێگانە تووشی چ ئەرکێکی گران دەبێت. بەگشتی منداڵ لە کاتی قسەکردندا دوو زمان لەگەڵ یەکتردا تێکەڵ دەکات و تا ماوەیەکی درێژ ناتوانێت لەیەکیان جیا بکاتەوە”.
دژبەرانی دوو زمانەیی ئاماژە بە لێکۆڵینەوەگەلێکی جۆراوجۆر دەدەن تاکوو بۆچوونی خۆیان دەرببڕن و باوەڕیان وایە؛ “لە دەستپێکی ئاخاوتندا کاریگەریی دوو زمانەیی بەتەواوی بەرچاو نییە، بەڵام بە تێپەڕینی کات وردەوردە کاریگەرییە نەرێنییەکانی دەردەکەوێت… لەلایەکی ترەوە نەبوونی توانا لە دەربڕینی گونجاوی بابەتەکان لەلایەن منداڵی دوو زمانەوە، نیگەرانیی لەلا دروست دەکات؛ بەم هۆیەوە منداڵانی دوو زمانە لە کاتی خوێندندا لەگەڵ کۆسپگەلێکی زۆر بەرەوڕوو دەبنەوە و بەسەختی سەرکەوتوو دەبن”.
کاریگەریی نەرێنیی دوو زمانەیی لەسەر بواری ڕۆحی و کۆمەڵایەتیی منداڵ زۆرترە لە سەرکەوتنی لە قۆناغەکانی خوێندندا. واتە منداڵی دوو زمانە بەهۆی دەربڕینی نەگونجاوی بابەتەکان و وشەکان لە ئاخاوتندا، دەکەوێتە بەر گاڵتەی هاوڕێیانیەوە و ئاکامی ئەم دۆخە، هەستی تووڕەیی و خەمۆکیی لێ دەکەوێتەوە. هەروەها ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەم منداڵانە لە قسەکردن لەگەڵ کەسانی دەووروبەر خۆیان ببوێرن و ئەمە لەسەر کامڵبوونی کەسێتیشیان کاریگەریی نەرێنی دادەنێت. ئەم لێکۆڵینەوانە باس لەوە دەکەن کە ئەگەر منداڵ لە دەستپێکی فێربوونی “زمان” بەرەوڕووی فێرکاریی زمانێکی بێگانە ببێتەوە، لەگەڵ کێشەگەلێکی بنەڕەتی ڕووبەڕوو دەبێتەوە.
“گرینگی زمانی دایک”
زمانی دایک و فێربوونی زمانی دایکی، کاریگەرییەکی پڕ بەرهەم لەسەر کەسێتیی هەر کەس دادەنێت. زمانناسان، ژینگەناسان و دەروونناسان لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئاهەنگ، ڕەنگ و جوانیی دەنگی دایک، تەنانەت کاتێکیش کە منداڵ لە سکی دایکیدایە، بۆ ئەو ڕادەگوێزرێتەوە. واتە؛ بەشێک لە میراتێک کە منداڵێک لەگەڵ خۆیدا دەیهێنێتە دونیاوە، خەزێنەگەلێک لە زمانی دایکیشی لەگەڵە. بەم پێیە کۆرپەکان، بەنیسبەت دەنگی دایکیانەوە زۆرتر لە هەر کەسێکی تر لە خۆیانەوە هەڵوێست پیشان دەدەن.
کاتێک باسی پاراستن، گەشە و بەهێزیی فەرهەنگی کۆمەڵگەیەک دێتە گۆڕێ، ئەوە زمانە کە ڕابردوو و هەنووکەی ئەو کۆمەڵگەیە پێکەوە گرێ دەدات. وەرگرتنی مافی قسەکردن بە زمانی دایکی هەر قەوم و نەتەوەیەک، مەترسییەکی گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت و لەیەکدابڕانێکی هەوسار پچڕاو دروستدەکات و کەلێن لەنێو تاکە جیاوازەکانی نەتەوەکان دروست دەکات.
زمان لە سەرەکیترین فاکتەرەکانی بوون و نەبوونی نەتەوەکانە. زمان هەڵگری بیر و فەرهەنگی هەر نەتەوەیەکە. دروستکردنی کۆسپ و بەربەست لەهەمبەر پێشکەوتنی هەر زمانێک، بە مانای بایکۆتکردنی بیر و هزرە. ئەگەرچی فێربوونی زمانێکی تر وەکو پەنجەرەیەکی نوێیە بۆ سەیرکردن و واتادان بە ژیان، بەڵام زمانی دایکی بۆ خۆی پەنجەرەیەکی جیاوازترە و کلیلی کردنەوەی پەنجەرەکانی دیکەیە.