فەیلەسوف و زانایانی ئابووریناس و ڕووناکبیران (کارل مارکس و، فریدریک ئهنجلز) بوون کە پێشەنگی تیۆر و ئایدۆلۆژیای سۆشیالستی و خاوەنی چەندین کتێب و توێژینەوە بوون لەسەر پرهنسیبەکانی( کۆمۆنیستی و سۆشیالستی) پاشانیش لەسەر دەستی زۆرێک لە هزرەوان و، زانا و، سیاسەتمهدار و، ئابووریناسی دیکەوە گەشەیان پێدرا، دوابەدوای ئەوە تیۆر و ئایدۆلۆژیای”سۆشیالستی” زۆر پەلوپۆ و راو بۆچوونی جیاوازیان لێ جیابۆوە (لەم نووسینەدا زۆر ناچینە ناوەرۆک و چەمکە جیاوازەکانی سۆشیالستی) بەڵام دەکرێت بڵێین؛ سۆشیالستی زانستی وەک چەمکێکی سەرەکی بۆ سۆشیالیزم دەبێتە هەوێن و کرۆکی چەمکەکانی دیکەی سۆشیالستی، کە لەسەر بنەما و پرهنسیبی سێ بەش بونیاد نراوە (مادەی دیالیکتی-ئابووری-سیاسی-ماتریالیزمی مێژوویی)، دواجار سۆشیالستی لە پرهنسیبێکی ئایدۆلۆژی لە قاڵبدراو دا کۆ-دەکرێتەوە لەرووی (دادپەروەری کۆمەڵایەتی و، مرۆڤایەتی ئاستی گوزەران و، بژێوی ئابووری) لە کۆمەڵگادا کە ئامانجەکانی سۆشیالستی تیایدا بەرجەستە دەبنەوە ئەوەش بە نەمان و (نەهێشتنی خاوەندارێتی یا موڵکداری تاکە کەسە) هەروەها رێگری دەکات لە قۆرخکاری خاوەن هۆکارەکانی بەرهەم لەلایەن چینی سەرمایەداری کە دەستیان گرتبوو بەسەرداهات و هۆکانی بەرهەمهێناندا، رێبازی سۆشیالستی رێگری لەو دابەشکردنە نا-دادپەروهرییانەی سەرمایەداران دەکات، هەر لە ڕێبازی سۆشیالستییەوە دەستەبەری ئازادییەکان و سەرجەم پێداویستی تاکەکانی ناو کۆمەڵگا دەکرێت، ئەوە رای هزرەوانانی ئایدۆلۆژیای سۆشیالستی بوون. دەبێت چینی کرێکاریش خۆی خاوەندارێتی هۆکانی بەرهەمهێنانی بە دەستەوە بێت، سۆشیالستی زانستی یا شۆرشگێری کە نۆرینی؛ کارل مارکس و، ئهنجلز و، پاشان لینین-دا لەرێی خەباتی پرۆلیتاریا و شۆرشگێرییەوە پێیان وابوو بە کودەتاو بەرگری تووندوتیژی ڕووبەروی زەبری قۆرخکاری سەرمایەداری دەبنەوە، بەوەش ئامانجی دادپەروەرییە دێتە دی لە بەرامبەردا سۆشیالستی ریفۆرم خوازیش سەریان هەڵدا، زیاتر ئەو رێبازە ئارگۆمنتێکی تری هەبوو، پێشتریش ئاماژەمان پێدان بە ئاراستەیەکی دیکە لە “ئەوروپا” لە ناوەندی سەدەی نۆزدەوە سەریان هەڵدا، سۆشیالستی لە قۆناغە مێژووییەکانیدا بەپێی تایبەتمەندی باری ئابووری و سیاسی دنیای رۆژگارە مێژووییەکان چەمکێکی چەند لایەنەو میتۆدی جیاوازی بە دوای خۆیدا هێنایە ئاراوە، هەر بەم هۆیەشەوە لە ناوچە جیاوازەکانی جیهانیشدا وێنە تیۆرییەکەی گۆڕاو، یا بە پێی قۆناغی گۆرانکارییەکانی کە بەسەر بۆرجوازیەت و سەرمایەداریدا کە پیایدا تێپەریوون، بۆ نمونە؛ لە دوا جەنگی جیهانی یەکەمەوە قوتابخانە و پەیمانگای جیاواز لە رەخنەو توێژینەوە لەسەر چەمکی سۆشیالستی سەریان هەڵدا، لەوانە ؛قوتابخانەی فرانکفۆرت بوو لە ئەڵمانیا، دیارە ئەوەش هۆکاری خۆی هەبوو لەو قۆناغەی ئەڵمانیای دوای جەنگی جیهانی کە پێیدا تێپەری بوو.
لەسەرەتای سەرهەڵدانی ئەو قوتابخانە و سەنتەری توێژینەوە و لێکۆڵینەوانەی سۆشیالستی دا، بە جۆرێک لە جۆرەکان زیاتر ئەرگومێنتێکی کۆمەڵایەتی و رەخنەیی بوون لەسەر چەمکی سۆشیالستی شۆرشگێری و تووندوتیژیەکانی بۆ گەشتن بە دەسەڵاتی سیاسی، ئەوە بە کرۆکی سەرهەڵدانی “سۆشیالستی دیموکراتی” یا روونتر بڵێین؛ چەمکی کۆمەڵایەتی دیموکراتی بوو کە دەرئەنجامێکی گەشەو پێشکەوتنی ئاشتییانەی بە دواخۆیدا هێنا. بە گواستنەوەی قۆناغی سەرمایەداری بەرەو سۆشیالستی بە میکانیزمی ئاشتییانە و دادپەروەرانە لە دابەشکردنی سامان و داهاتی دەوڵەت بە پلانێکی ئابوورییانەی نەخشەکێشراو، واتە؛ دەوڵەت دەبێتە هاوبەشێکی دادپەروەر هاوشانی سەرمایەداری، لە پێناو بەگەرخستنەوەی ژێرخان و سەر خانی ئابووری دەوڵەت و، پاشان دەستەبەرکردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و، خۆشگوزەرانی بۆ کۆمەڵگا، لێرەوە دەکرێت بوترێت سۆشیالستی یا کۆمەڵایەتی دیموکراتی رێچکەیەکی تەندروستی گرتە بەر بۆ جیاکردنەوەی لە “سۆشیالستی شۆرشگێری” وەک چەمکێکی فکری میانرەو خەباتی خۆی برەوپێدا لە ڕووی گەشەی ئابورییەوە، هەروەها سستمی سیاسی و دەوڵەتداریدا کە جیاوازیەکی زۆری لەوانەی پێش خۆیدا هەبوو، سۆشیالستی دیموکراتی زیاتر ئارگومێنتێکی کۆمەڵایەتی و چاكکردنی بارودۆخی ناو کۆمەڵگا بوو، بە پلانداری دەوڵەت (مخطط الدولە ) واتە؛ رێکخستنەوەی تا دەوڵەت هەژمونێکی سنوورداری لە موڵکداری و هۆکانی بەرهەمهێنان هەبێت و، پاشان دابەشکردنەوەی داهات و، سامانی دەوڵەت بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەسەر چین توێژەکانی کۆمەڵگا و، خەڵکدا. کە دەرئەنجام بە سوودی هەردولایان بێت لە پێناوی هێنانەدی خۆشگوزەرانی، یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی، پاشان دەوڵەت بتوانێت لەو رێگەیەوە چاودێری کۆمەڵایەتی بۆ چین و توێژە کەمدەرامەتەکان دەستەبەر بکات، ئەتوانین بە کورتی و لە چەند دێڕێکدا وەڵامی ئەو پرسیارانە چڕ بکەینەوە لە جیاوازی نێوان (سۆشیالستی زانستی و، سۆشیالستی کۆمەڵایەتی) کە دوو رێبازو ئایدۆلۆژیای فکری و فەلسەفەی جیاوازن، ئەگەر چی هەردووکیان بەرهەمی سەرچاوەکەیان تەنها یەک توخمن، بەڵام جەوهەری سۆشیالستی دیموکراتی-دیموکراتی کۆمەڵایەتی لە سێ خاڵدا بەرجەستە دەبێت؛
یەکەم؛ لە روی ئایدۆلۆژیاوە سۆشیالستی دیموکراتی، وەک ئاراستەیەک و چەمکێکی ئایدۆلۆژی بۆرژوازیەتە لە بەرامبەر ئایدۆلۆژیای مارکسیەت.
دووهم؛ لە ڕووی سستمی کۆمەڵایەتییەوە، سۆشیالستی کۆمەڵایەتی ستایلێکی سۆشیالستی زانستی نیە، یا شۆرشگێری نییە، بەڵکو ستایلێکی سەرمایەداری پلانداری دەوڵەتە، واتە نکوڵی ناکات لە بنەمای سستمی سەرمایەداری، بەڵکو دەبێت هەندێک چاکسازی بەسەر سەرمایەداریدا بهێنرێت.
سێیهم؛ لە روانگەی (وەزیفەی) مێژووییەوە، سۆشیالستی دیموکراتی لە وڵاتانی سەرمایەداریدا وەک چارەسەرێک وایە لە درێژە پێدانی تەمەنی سەرمایەداری، سۆشیالستی دیموکراتی وەک پردێکی لێ دێت لە نێوان سەرمایەداری سۆشیالستیدا.
بە شێوەکی گشتی سەرجەم ئەمانە لەوەدا کۆدەکرێنەوە کە لە سۆشیالستی دیموکراتیدا موڵکیەتی تایبەتی رێگە پێدراوە و، دواجار مەترسی نابێت بۆ بەرژەوەندییە گشتییەکان، هەموو ئەم پرهنسیبانە دەمانگەیەنێتە کەناری ئارام بۆ دەستەبەرکردنی خۆشگوزەرانی بۆ کۆمەڵگا، ئەگەر شیتەڵیان بکەینەوە لە یەکەی پێکهاتنی کۆمەڵگا، لە بەها باڵاکانی ناو خێزانەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە شارستانییەتی گشتی، هەروەها هەر لە پرهنسیبەکانی سۆشیالستی دیموکراتی، سستمی دیموکراسییەتە بۆ گەشتن بە دەسەڵاتی حوکمرانی، واتە؛ سستمی سیاسی یا سستمی دەوڵەت، هەروەها بڕوابوونی تەواوی بە یەکسانی نێوان چین توێژ و بیرو باوەڕە جیاوازەکانی ئاین و ئازادییان لە پراکتیزەکردنی باوەڕەکانی (معتقدات)ی خۆیان، کە نابێت هیچ لە مپەر و بەربەستێک لە بەردەم ئازادییەکانی تاک و کۆمەڵدا دابنرێت و ناکرێت دەستیان لێ هەڵبگیرێت، چونکە سۆشیالستی دیموکراتی-دیموکراتی کۆمەڵایەتی ئەو چەمکانە بە بەهایەکی بەرزی ئازادیەکان دەزانێت، ئەوەی گرنگە لە بەرنامەی فکریی سۆشیالستی دیموکراتی یاخود دیموکراتی کۆمەڵایەتی، ئەوەیە بڕوای بە گەشەکردن و بەرەو پێشچوونی تەواوی بە (تدریج) هەیە، ئەوەش ڕەتدەکاتەوە باز بدرێت بەسەر یەکێک لە قۆناغەکانی ئەو گەشەکردن و گۆرانکارییانەی بەسەر کۆمەڵگادا یا سستمی سیاسییدا دێن، بۆیە زۆرجار (دیموکراتی کۆمەڵایەتی) بە شۆرشگێری ریفۆرمخواز هەژماربکرێت، واتە؛ شۆرشی بە شێوازی ریفۆرم بەرجەستە کردووە بە واتا هاوشانی یەکبوون، دواجار دەڵێین؛ سۆشیالستی دیموکراتی دەرهاویشتەی زۆری لێکەوتەوە، لە دەرئەنجامی ئەو ئارگومێنتانە (جدل)ە هەبوون لە گۆرانکاری قۆناغەکانی مێژووی فکرییەوە کە سەریانهەڵدا، هەر لە ساڵانی دوا 1875 واتە؛ لە دوا دروستبوونی پارتی سۆشیالستی دیموکراتی ئەڵمانیا بە بەرنامەی چاکسازییەوە هێرشی تێدا کرابووە سەر “مارکسیەت” لە رووی دیکتاتۆری پرۆلیتاریا-وە کە ڕاو بۆچوونی چاکسازی لە ئایدۆلۆژییەتی مارکسیدا هێنایە ئاراوە، ئەوەش لەسەر دەستی رووناکبیرانی ئەو سەردەمە بە تایبەتی “ئەدوارد برنشتاین” یەکێک بوو لە سەرکردەی دامەزرێنەری پارتی سۆشیالست دیموکراتی-ئەڵمانیا لە ساڵانی (1896 – 1898 ) ، (برنشتاین) چەند زنجیرە وتارێکی بە ناونیشانی ( کێشەکانی سۆشیالزم ) بڵاو کردەوەو پاشان بووە مایەی رەخنەی تووند لە لایەن مارکسییەکانەوە، پێیان وابوو حزبی سۆشیالستی دیموکراتی لایداوە لە ڕێباز و ئایدۆلۆژیای مارکسیەت، ئەکرێت ئەوە بکرێتە سەرەتای ئەو بەرنامە چاکسازییانە و کردنەوەی گرێ کوێرەکانی (جۆری کێشە کۆمەڵایەتی و چینایەتییەکان ) لەسەر مارکسییەت و روونتر بڵێین سۆشیالستیدا، هەروەها لە سەرەتاکانی جەنگی جیهانی یەکەمەوە زیاتر ئەو کێشەو ململانێانەی نێوان ریفۆرمخوازەکانی سۆشیالستی و کۆمۆنیستەکان یا سۆشیالستی شۆرشگێری هاتە ئاراوە، زیاتریش لە دوا سەرکەوتنی شۆرشی بەلشەفی شۆرشی ئۆکتۆبەر لە رووسیا بە سەرکردایەتی (فلادیمیر لینین) مشتومڕ و جەدەلی زۆر لە نێوان باڵەکانی سۆشیالستیدا پەیدابوون، لەوانەبێت بیرو راو بۆچوونەکانی (رۆزا لۆکسمبورگ) چەخماخەی جیاوازییە فکرییەکانی سۆشیالستی بوبێتن، چی لە پێش شۆرشی ئۆکتۆبەر و دوای شۆرش، هەر ئەوەش بوو کاردانەوەی لە سەر فکری زۆرێک لە رووناکبیرانی سۆڤییەتی هەبوو لەو رووناکبیرانەی لە ناوخۆی سۆڤیەتدا دەنگی رەخنە و نارەزایی هەبوو، دەرکەوتوبوون “لیون تروتسکی” کە رەخنەی لە جۆری شۆرشی 1917 ی روسی گرت بە تایبەت “لینین” شێوازێکی تووندی لە شۆرشدا گرتە بەر، لە پێناو سەرخستنی شۆرشدا، تا دروستکردنی “یەکێتی سۆڤییەت” لێرەوە رەخنەی توندی (ترۆتسکییەکان) تا دەچوو قوڵتر دەبۆوە زیاتر دەبوو، لە شۆرشی ئوکتۆبەرەوە بەرجەستە بوونی (سۆشیالستی شۆرشگێر) وەک بروسکەی چەخماخەی ئەو رێبازە بوو،
پاش شۆرشی ئۆکتۆبەر لە رووسیا و دروستبوونی یەکێتی سۆڤییەت و، جارێکی دیکە لە ئەوروپا بە تایبەتی ئەڵمانیا، لە دوا جەنگی جیهانی یەکەم شکستی هێنابوو، بە جۆرێک لە جۆرەکان رۆشنبیران و هزرەوانانی مارکسی و رێبازی سۆشیالستی دووچاری داڕمان و بێ هیوایەک بوون، لای ئەمان واتە؛ رووناکبیران و فەیلەسوفە ئەڵمانەکان دەستیانکرد بە دروستکردنی پەیمانگا و قوتابخانەی فکری و فەلسەفەو زانستە کۆمەڵایەتیەکان و توێژینەوەکان، هەروەک لە بەشی یەکمیشدا ئاماژەم پێدا؛ پەیمانگای فرانکفۆرت بۆ توێژینەوەکان و پاشان بووە قوتابخانەی رەخنەیی و بەرجەستە بوونی رەوتی کۆمەڵایەتی لە قوتابخانەی فرانکفۆرت لەسەر دەستی چەند زانا و رووناکبیرانی وەک (ماکس هۆکهایمر، تیودۆر ئەدۆرنۆ، یورگن هابرماس، کارل ئتوئپل). قوتابخانەی فرانکفورت ئاراستەیەکی نوێی گرنگی لە رەوتی فکری ئەوروپای هاوچەرخ هێنایە ئاراوە، پاشان کاریگەرییەکی گەورەی هەبوو لە داڕشتنەوەی تیۆری رەخنەگری لە پاڵ سۆسیولۆژی کۆمەڵایەتی ئەقڵی تاک و، فەلسەفە و، سیاسەتدا، وەک رەهەندێکی تێکەڵکرا و بەیەکدا چوو لە ناو رێبازی سۆشیالستیدا، هەر لە ناو ئەم قوتابخانەیەدا گەلە پرسیارێک بەرجەستە بوونەوە لە رووە جیاوازەکانی مەعریفییەوە کە پێیان وابوو پێداچونەوەیەکی ریشەیی پێویستە بکرێت لە رووی فەلسەفی و، کۆمەڵایەتی و، هزرو ئەقڵی تاک و، کۆمەڵگاو نامۆبوون بە شت بوون (الشیو) کە ئەمانە کرۆکی ئارگومێنتەکانی قوتابخانەی فرانکفۆرتی بوون لەو بارودۆخە نالەبارانەی ئەوکات باڵی کێشا بوو بەسەر ئەقڵی تاک و، ئایدۆلۆژیا جیاوازەکان لە هزری تاکی ناو کۆمەڵگا، بەوەشەوە نەوەستان، بەڵکو رەخنەی زۆریان لەسەرکۆمەڵگاو دامودەزگاکانییەوە هەبوو تا گەشتنە ئەو رادەیەی رەخنەیان لە بنەماکانی فکری سیاسی ناو ئەو کۆمەڵگایە دەگرت. ئەم ئاراستەو رەوتە فکری و فەلسەفییەی قوتابخانەی فرانکفۆرتی رەنگدانەوە و کاری گەری زۆری لە سەر رووناکبیرانی ئەوکاتی ئەوروپا هەبوو، سەرەنجی لاوانی رۆشنبیر و خوێندکارانێکی زۆری بەلای خۆیدا راکێشابوو لە شەستەکانی سەدەی بیستەمدا، هەر ئەوەش بوو بزاڤی چاکسازی و ئەقڵی نوێگەرایی نامۆ بوونی تاک و کۆمەڵگا بە دوا خۆیدا هێنا، لێرەدا کە باس لە قوتابخانەی فرانکفورت دەکەم زیاتر وەک وەڵامێکی کورت و سەرپێی مەبەستمە لەسەر دەرکەوتنی ئاراستەی کۆمەڵایەتی، لە رەوتی سستمی سیاسی و دەوڵەتدا بەرەو سۆشیالستی دیموکراتی بخەمە روو، پاشان رەنگدانەوەی و کاریگەری لەسەر پەیدا بوون و دامەزراندنی حزبی سیاسی کۆمەڵایەتی لە ئەوروپا و گوێزانەوەی بەرەو کشوەرەکانی دیکەدا و رەنگدانەوەی لە خەبات و بزاڤی رزگاری خوازی میللەتان کە سەریان هەڵدا.