دوای سەپاندنی سزاکانی ئەمەریکا و ئەورووپا بۆ سەرکەرتی بانکی ودارایی و بازرگانی ڕووسیا، مۆسکۆ لەبەرامبەردا بەبیانووی لێچوون و نۆژەنکردنەوە لەبۆری سەرەکی غازی نۆرد ستریم1، هەناردەکردنی غازی بۆ ئەڵمانیا و بەشێک لەوڵاتانی ئەورووپای وەستاندووە، بەم هەنگاوە نرخی غاز بەڕێژەی 30% بەرزبووەتەوە. گرانبوونی نرخی غاز، بۆ بەرهەمهێنان و بەکاربردنی ماڵان لە ئەورووپا، گەورەترین مەترسی ئەم زستانەی وڵاتانی ئەورووپایە. ئەم بابەتە و هەندێ هۆکاری تریش، بەهای یۆرۆی ئەورووپایان بۆ ئاستێکی نزم دابەزاندووە، کەمەترسی ئەوەی هەیە زیاتر داببەزێت بەرامبەر دراوە جیهانییەکان و دۆلاری ئەمەریکی بەتایبەتی، لەئێستادا $1 = 0.99 یۆرۆ.
ئەگەر “ئێران” بگەڕێتەوە ناو بازاڕی نەوتی جیهانییەوە، ئەوا بێگومان نرخی نەوت، ڕاستەوخۆ دادەبەزێت. “ئێران” جگە لە گەمارۆی دەیان ساڵە، لەسەردەمی ئیدارەی ترەمپدا چەندین سزای نوێی بەسەردا سەپێنرا، بەتایبەت سزای قەدەغەکردنی هەناردەکردنی نەوتەکەی، کە پێشتر زیاتر لە ملیۆن بەرمیل-ڕۆژانەی هەناردە دەکرد و لەم ڕێگەیەوە دۆلاری دەستدەکەوت. لەپێش سزاکانی واشنتۆن و ڕۆژئاوا، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە ئێران نزیکەی 3.8 ملیۆن بەرمیل-ڕۆژانە بوو. لەئێستادا دانوستاندنەکانی رۆژئاوا و ئێران، بەمەبەستی گەڕانەوەی تاران بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و ڕێکكەوتن، کۆبوونەوەکانیان چر کراوەتەوە. لەڕاستیدا؛ ئێران چەند پێویستی بەڕێکكەوتن و لابردنی سزاکانە و لەهەمانکاتدا ئەمەریکا و ئەوروپا زیاتر پێویستیان بەڕێکكەوتن هەیە، بەتایبەت بۆ نەوت وغازی سرووشتی، ئەم هەوڵانەی ڕۆژئاوا زیاتر خۆی لە ئامانجە ئابورییەکانەوە دەبینێتەوە. بەتایبەت دوای ئەوەی بەهۆی سزا ئابووری و بازرگانییەکانی ڕۆژئاوا بۆ سەرکەرتی نەوتی ڕووسیا درا، ڕۆژئاوا دەیەوێت لەڕێگای ئێرانەوە قەرەبووی کەمبوونەوەی قەبارەی نەوت بکاتەوە، نرخ داببەزێنێت. بەڵام تا ئێستا لەکۆبوونەوەکان، شتێکی ئەوتۆ بەدەستنەهاتووە.
لە ماوەی ڕابردوودا، ئۆپێک و وڵاتانی کەنداو بەگشتی و سعودیە بەتایبەتی، دژی زیادکردنی قەبارەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن بوون، تەنانەت “شا سەلمان”ی جێنیشینی سعودیە، بەئاشکرا داواکارییەکەی “جۆبایدن”ی سەرۆکی ئەمریکای لەم بوارەوە ڕەتکردەوە. لەدواین کۆبوونەوەی ئۆپیک پڵەسدا بڕیار درا بەکەمکردنەوەی قەبارەی بەرهەمهێنان بەبڕی 100هەزار بەرمیلی ڕۆژانە، بەم هەنگاوە نرخی نەوت بەڕێژەی 3% زیادی کرد. هەڵاوسانی بازاڕ، بۆ سەرجەم کاڵاوشمەکەکان، قەیرانێکی گەورەی جیهانییە، لەم لایەنەوە وڵاتانی هەناردەکاری نەوت، پێیان باشە ئاستی هەناردەکردنی نەوت بەم شێوەیە یان کەمتر بێت، بۆ ئەوەی بەداهاتی بەدەستهاتووی نەوت کە تاڕادەیەکی باش گەنجینەکانییان پڕبووەتەوە، بتوانن پێداویستی وڵاتەکانیان دابین بکەن، بەگشتی خۆراک و خواردەمەنی بەتایبەتی.
هەربۆیە هەر دابەزینێک لەنرخی نەوت، ڕاستەوخۆ دەبێتەهۆی کەمبوونەوە و دابەزینی داهاتی وڵاتانی هەناردەکار، لەم ناوەندەدا (ئێراق و هەرێم)، دەکەونە ژێر مەترسی ئەم کارەساتەوە، چونکە لە ئێراقدا زیاتر لەڕێژەی 90% داهاتەکان، پشت بەداهاتی نەوت دەبەستێت. هەرێمی کوردستانیش، بەپێی داتاکانی حکومەتی هەرێم، ڕۆژانە 420 هەزار بەرمیل هەناردە دەکات، مانگانە بەتێکڕا نزیکەی 550 ملیۆن دۆلار لەداهاتی نەوتەوە دابین دەکرێت بۆ مووچە و خەرجییەکان، بەداخەوە بەهۆی زۆری تێچوونی دەرهێنان و گواستنەوە و بەبازاڕکردن، تەنها ڕێژەی 49% داهاتی نەوت دەگەڕێتەوە بۆ حکومەتی هەرێم. لەئێستادا وڵاتانی ئۆپێک پڵەس، نایانەوێت ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت زیاد بکەن، بۆئەوەی نرخی نەوت بەبەرزی بمێنێتەوە.
ئامانجەکان جیاواز و جۆراوجۆرن، ئامانجی ڕووسیا لێدانە لە ئابووری وڵاتانی بەکارهێنەری نەوت، وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا و ئەمەریکا بەتایبەتی، بێگومان وەک کاردانەوەی سزاکان، بەڵام ئامانجی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت(ئۆپێک) بەدەستهێنانی داهاتی زیاترە بۆ بودجەی وڵاتەکانیان، تابتوانن لەم هەڵاوسانە قورسەدا پارەی پێویست بۆ خەرجیەکانیان دابین بکەن. ئەوەی لەئێستادا مەترسییە لەسەر دابەزینی نرخی نەوت، ڕێکكەوتنی ئێران و وڵاتانی ڕۆژئاوایە، بەگەڕانەوە بۆ دانوستان و ڕێکكەوتن و لابردن و سووککردنی سزاکانی سەر تاران، بەتایبەتی لەهەناردەکردنی نەوتدا ڕاستەوخۆ قەبارەی نەوت زیاد دەکات، بەمەش نرخی نەوت دادەبەزێت، چونکە “ئێران” نەوتێکی عەمبارکراوی زۆری هەیە، کە بەنزیکەی 100 ملیۆن بەرمیل نەوت دەخەمڵێنرێت. هەروەها دەتوانێت زیاتر لە یەک ملیۆن بەرمیل-ڕۆژانە نەوت هەناردە بکات، بەمەش قەبارەی نەوت لەبازاڕەکاندا زیاد دەبێت و خستنەڕوو بەرەو زیاد بوون دەبات و نرخی نەوت دادەبەزێت.
ئەوەمان لەبیر نەچێت بەشێکی زۆری وڵاتان لەپاش گرانبوونی غاز لەئێستادا بۆ بەکارهێنانی پیشەسازی و بەکاربردنی ماڵان ڕوویان لەنەوت کردووە، هەر ئەمەش یەکێک بووە لەهۆکارەکانی بەرزبونەوەی نرخی نەوت. ڕێگاچارەکانی کۆرۆناڤایرۆس لە چین، کە لەدوای ئەمەریکا بەدووەم بەکارهێنەری نەوت دادەنرێت، خواستی نەوتی زیاتر کرد. ئەوەی پەیوەستە بەهەرێمەوە مەترسییەکە گەورەترە، چونکە هەرێم بۆ دابینکردنی خەرجی مووچە و کاروباری حکومەت، بەڕێژەی 88% پشتی بەداهاتی نەوتی فرۆشراو دەبەستێت. ئەگەر خوانەخواستە نرخی نەوت داببەزێت، ڕاستەوخۆ هەرێمی کوردستان تووشی قەیرانێکی گەورەی دارایی دەبێتەوە، ئەمە لەکاتێکدا پەیوەندی (هەولێر و بەغدا) بەدۆخێکی خراپدا گوزهر دەکات، ناردنی 200 ملیارەکەی بەغداد، کێشەی تێدایە و ئەستەمە دوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی، لەسەر دۆسیەی نەوتی هەرێم ئەو گوژمەیە وەک جاران بنێردرێت.
ئەوەی زیاتر بارگرانییەکە لەسەر خێزان و دانیشتوانی هەرێم قورستر دەکات؛ نەبوونی نەوتی سپی-یە بۆ بەکاربردنی ڕۆژانەی ماڵان، دەتوانین بڵێین؛ بۆ ئەم زستانە 90% خێزانەکانی هەرێم نەوتی سپی پێویستیان نییە. نرخی بەرمیلی نەوتی سپی بۆ ماڵان، لەسەروو 250 هەزار دینارەوەیە، کە نرخەکەی بەرزە و هەموو خێزانێک ناتوانێت بەم نرخە، نەوتی پێویست دابین بکات، ڕەوشی کارەبای نیشتیمانیش لەو ئاستەدا نییە کەپشتی پێ ببەسرێت. هەربۆیە پێویستە حکومەتی هەرێم، لەپێش هاتنی وەرزی زستان، بەلایەنی کەمەوە هەموو خێزانێک بەرمیلێک نەوتی کواڵیتی بەرزی بۆ دابین بکات تا بارگرانییەکە سووکتر ببێت. بەکورتی؛ هەر دابەزینێک لەنرخی نەوت، ڕاستەوخۆ بارودۆخی ئابووری و دارایی هەرێم بەرە و دۆخێکی نالەباری گشتگیر دەبات کە مووچەی مووچەخۆران گرنگتریان دەبێت.