هەموان پێکەوە کاردەکەن، هەموان جیاوازییەکانیان وەلاناوە، هەولێری پایتەخت گوێی لە ترپەی دڵی سلێمانیە و سلێمانیش پێی دەڵێت: “دەرزییەک بەر جەستەت بکەوێت ڕۆحمان ئازاری پێدەگات”. دهۆکی دەلال دەستلەملانی هەڵەبجەیە و دەڵێت: “ئازارەکانی مێژووت ئازاری ئێمەشە”. هەڵەبجەش چاوی بڕیوەتە هەموان و دەڵێت: “لە ڕۆژە سەختەکانماندا، لە ئازارە لەبنەهاتووەکانماندا، لە ڕۆژە سەختەکانیشدا ئێمە هەر یەک جەستەبووین، ئێستاش کە بەڵایەکی نەگریسی وەک کۆرۆنا ڕووی لەم نیشتیمانە کردووە، هەموان پێکەوەن، هەموان سەرەڕای برینەکانیان، تیماری برینەکانی شارەکانی دیکەش دەکەن”.
ئێمە هەموومان پێکەوە دڵمان لێدەدات، پێکەوە دەتوانین ڕووبەڕووی هەموو نەهامەتییەک ببینەوە، هەولێر دەڵێت: “مێژووم شایەتە، قەڵەم شایەتە، سەرم بۆ هیچ داگیرکەرێک دانەنواندووە”. سلێمانی دەڵێت: “سەیری برینی جەستەی شۆڕەسوارەکانم بکەن ئەوکات تێدەگەن هیچ شتێک چۆکی پێ دانەداوین”. هەڵەبجە دەڵێت: “پێویست ناکات هیچ بڵێم ٥٠٠٠ شەهیدم خۆی دەدوێت، بەڵام هێشتا بەپێوەم”. دهۆک دەڵێت: “هیچ شتێک ڕاینەگرتووین و هەموو بەڵاکان تێدەپەڕێنین، ئەوەتا هەموومان دەستی هاوکاریمان بۆ یەک درێژ کردووە و کۆرۆناش ئێدی لە ئێمە و بەهێزی ئێمە دەترسێت”.
هەرێمی کوردستان جەنگی دژی ترسناکترین پەتای سەدەی ٢١ بەرپاکردووە، ئەمجارە بە ڕابەرایەتی حکومەتێكی بەهێز، وازی لە خۆخۆری و پارچە پارچەیی هێناوە، ئیدی ئێستا کەس بەلایەوە گرنگ نییە چ حزبێکە، بەڵکو هەموان حکومەتێکی بەهێزیان دەوێت، ئاوان پێکڕا ئاوازی ژیان دەڵێنەوە و پێکەوە ڕووبەڕووی مەرگ دەوەستنەوە.
سەرۆکی حکومەت دڵی لە پایتەختە و ڕۆحی لە سلێمانییە، ڕۆژێک سەردانی نەخۆشخانەکانی هەولێر دەکات و ڕۆژێک پەیوەندی بە نەخۆش و پزیشکەکانی هەڵەبجەوە دەکات، ئەو بەڵێنی داوە ئەوەی لە توانای خۆی و حکومەتەکەیدا بێت دەیکات و دڵنیاشە کە لەجەنگی کۆرۆناشدا بە بونی حکومەتێکی بەهێز، بەبونی کوردستانێکی بەهێز، کۆرۆنا چارەنوسی تێکشکانە.