“ئاماژه”
دوای هێرشکردنه سه‌ر وڵاتی ئۆکراینا له لایه‌ن ڕووسیاوه و به پێداگری و ده‌رمارگرژییه‌کانی پووتین له دژی ڕحژاوا به‌بیانووی په‌ره‌پێدانی ناتۆ به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵات هێڵی سووری ئه‌و وڵاته‌یه به‌ره‌به‌ره لایه‌ن و ڕه‌هه‌ندی دیکه هۆکاره‌کانی ئه‌م شه‌ڕه‌مان بۆ ڕون ده‌بێته‌وه. حاشا له‌وه ناکرێت که هاوکێشه سیاسی و ئابوورییه‌کان و هه‌روه‌ها لێکدانه‌وه‌ی هه‌ڵه بۆ هاوکێشه‌کان و سه‌ره‌ڕۆییه‌کانی پووتین و کایه‌ی چین و زۆر لایه‌نی دیکه له هاتنه‌ئارای ئه‌م هێرشه‌دا ڕۆڵیان گێڕا و به‌ره‌به‌ره ئه‌مه‌شمان بۆ ده‌رده‌که‌وێت که پووتین و ڕووسییا به دانپێدانانی به‌رپرسانی خۆیان خه‌ریکن له قوڕێک ده‌نیشن که داهاتوو و ئاسۆیه‌کی ڕوونی نییه و په‌رده له‌سه‌ر ده‌سدرێژی و تاوانه‌کانی سوپای ڕووسییاش له شوێنه جیاجیاکانی ئۆکراینا خه‌ریکه هه‌ڵده‌درێته‌وه، به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه به بێ ئه‌وه‌ی سه‌ربورده و مێژوو و سه‌رگوروشته‌ی ئۆکراینا و ڕووسییا و چیرۆک و ئوستووره‌کانیان نه‌زانین تێگه‌یشتنێکی ناته‌واو و ژوڕنالیستییه. له‌م وتووێژه له‌گه‌ڵ ڤیلادیمه‌ر ئیشچینکۆ؛ کۆمه‌ڵناس و بیرمه‌ندی ئۆکراینا دوور له ده‌مارگرژی و به ڕوانینێکی بابه‌تییانه‌وه زه‌مینه مێژوو و دیرۆکی و ئابوورییه‌کانی ململانێی ڕووسه‌کان و ئۆکراینا له ڕۆژگاری کۆنه‌وه تاکوو جیهانی مۆدێڕن شی ده‌کرێته‌وه و به‌رچاوڕوونییه‌کی زیاتر بۆ تێگه‌یشتن له ڕه‌گوڕیشه سه‌ره‌کی و مێژووییه‌کانی ئه‌م شه‌ڕه‌مان پێ ده‌به‌خشێت. پێویست به وتن نییه که هێرشی ڕووسییا بۆ سه‌ر ئۆکراینا ڕووداوێکی مێژووییه که ئه‌گه‌ریش له زووترین کاتدا به شێوه‌یه‌کی ئاشتییانه‌ش کۆتایی پێ بێت و ڕێکه‌وتنێک بێته ئاراوه به‌دواداهات و کاریگه‌ریی خۆی له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی سیاسی و هاوپه‌یمانێتی جیهان و ناوچه‌که ده‌بێت به‌ده‌ر له‌وه‌ی ده‌رخه‌ری ململانی و کێشمه‌کێشێکی قووڵ و ناسکه له ڕووبه‌ری ئابووری سیاسی‌دا. بۆیه خوێندنه‌وه‌ی هه‌مه‌لایه‌نه و فره‌ڕه‌هه‌ندی ئه‌م جه‌نگه سه‌ره‌ڕای لایه‌نه قێزه‌ونه‌کانی که ئێمه دژین، ده‌رخه‌ری وێنه و دیمه‌نێکی گه‌وره‌تر ده‌بێت له کایه‌یه‌ک که زلهێزه‌کانی له ئۆکراینا تێیدا به‌شدارن، لێره‌دا ئه‌م کۆمه‌ڵناسه دوور له په‌ڕگیری و یه‌کلایه‌نبینی هه‌وڵ ده‌دات هه‌م ڕۆڵ و کایه‌ی ڕۆژاوا و ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کان پێناسه بکات و هه‌م ململانێ مێژوویی و ئابووری و سیاسییه‌کانی نێوان ڕووسییا و ئۆکراینا زه‌ق کاته‌وه و به لێکدانی کۆی ئه‌مانه هه‌م به‌رپرسایه‌تی زیاتر بخاته ئه‌ستۆی ڕۆژاوا و هه‌م ئۆکرایناش به به‌رپرس بزانێت، دیاره وه‌کوو ئیشچینکۆ له وتووێژه‌که‌شدا ده‌ڵێت ڕۆڵه سه‌ره‌کییه‌که و پێشه‌نگی شه‌ڕه‌که پووتین بووه و ئه‌و به‌رپرسیاری سه‌ره‌کییه به‌ڵام بۆچی له جیهانێکی ئاڵۆز و پڕ یاسا و هێزدا پووتین ئه‌مه‌ی بۆ جێبه‌جێ کرا و ئه‌وان بێده‌نگ بوون؟ ئۆکراینا ده‌بوو چۆن بجووڵایه‌وه؟ و…هه‌موو ئه‌مانه ئه‌و بابه‌تانه‌ن که له‌م وتووێه‌دا قسه‌یان له‌سه‌ر ده‌کرێت و به‌رچاوی ئێمه به‌نیسبه‌ت کۆی ڕووداو وهاوکێشه‌کان ڕوون ده‌که‌نه‌وه.
ئه‌م ده‌قه‌ی به‌رده‌ستتان وه‌رگێڕانی وتووێژی دیکانستراکتێدی گۆڤاری ئینته‌رسێپته، له‌گه‌ڵ ڤیلادیمه‌ر ئیشچێنکۆ، کۆمه‌ڵناسی ئۆکراینایی که له‌ڕێگه‌ی پۆدکه‌سته‌وه ئه‌نجام دراوه. ڤیلادیمه‌ر ئیشچێنکۆ؛ یاریده‌ده‌ری تۆژینه‌وه‌یی ئه‌نیستیتۆی خوێندنه‌وه سلۆڤییه‌کان له زانکۆی ته‌کنیکی دۆرسۆدێنی ئاڵمانیایه. لێکۆڵینه‌وه‌کانی ئه‌و زیاتر قورسایی خستۆته سه‌ر ناڕه‌زایه‌تی و بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، شۆڕشه‌کان، سیاسه‌ته‌کانی لایه‌نی ڕاست و چه‌پی ڕادیکاڵ، ناسیۆنالیزم و کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی. ئه‌و دانیشتووی کیێڤه و تاکوو ئێسته چه‌ندین وتار و وتووێژی له‌باره‌ی سیاسه‌تی هاوچه‌رخ له ئۆکراینا له گۆڤارگه‌لی جۆراوجۆری وه‌کوو گاردییه‌ن، نیولێفت ریڤیڤ، ژاکووبێن و ئه‌لجه‌زیره بڵاو کردووه‌ته‌وه. ئه‌و ئێستا له‌سه‌ر به‌رهه‌م و پرۆژه‌یه‌ک به‌شێوه‌ی گرووپی له‌ژێر ناوی (ڕاپه‌ڕینی گۆڕه‌پان: یه‌کخستن، ڕادیکاڵیزه‌بوون و شۆڕش له ئۆکراینا 2013-2014) ئیش ده‌کات. ئه‌و پێشتر له دامه‌زرێنه‌ران و ڕێکخه‌رانی چه‌ندین هه‌وڵ و کرده‌ی داهێنه‌رانه‌ی چه‌پخوازانه له ئۆکراینا بوو و یه‌کێک له سه‌رنووسه‌رانی دامه‌زرێنه‌ری گۆڤاری ڕۆشنبیریی(کامۆنێز: بڵاڤۆکی ڕه‌خنه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی)بووه.
ڤیلادیمه‌ر پووتین، سه‌رۆککۆماری ڕووسییا حه‌وته‌ی ڕابردوو ڕایگه‌یاند: ((ئۆکراینا بۆ ئێمه ته‌نها وڵاتێکی دراوسێ نییه. به‌ڵکوو به‌شێکی دانه‌بڕاوه له مێژوو، که‌لتوور و سامانی مه‌عنه‌ویی ئێمه‌یه)). ئه‌م هه‌ڵگۆسته و خوێندنه‌وه‌یه له مێژووی ئۆکراینا، بنه‌مای پاساوهێنانه‌وه‌ی پووتینه بۆ هێرشکردنه سه‌ر وڵاتێک که پێشتر یه‌کێک بووه له کۆماره‌کانی یه‌کێتی سۆڤییه‌ت و له ساڵی 1991 لێی جیا بووه‌ته‌وه و سه‌ربه‌خۆیی وه‌رگرتووه. له پۆدکه‌ستی ئه‌م حه‌وته‌یه‌دا ڕایان گریم له‌گه‌ڵ ڤیلادیمه‌ر ئیشچێنکۆ؛ کۆمه‌ڵناسی ئۆکراینایی، له‌باره‌ی مێژووی وڵاته‌که‌ی له چاخه تاریکه‌کاندا(سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست) تاکوو شه‌ڕی ئێستا قسه‌مان بۆ ده‌کات. ئه‌وان له‌باره‌ی مێژووی سیاسه‌تی ئانارشیستیی له ئۆکراینا، شۆڕشی یورو-گۆڕه‌پانی 2014 که ڤیکتۆر یانۆکۆڤیچ؛ سه‌رۆککۆماری لایه‌نگری مۆسکۆی له ده‌سه‌ڵات هێنایه خواره‌وه و سه‌ره‌ونگوونی کرد و هه‌روه‌ها پرسی زۆر ئاڵۆزی شوناسی مۆدێڕنی ئۆکراینا قسه‌مان بۆ ده‌که‌ن.
“ده‌قی پۆدکه‌ست”
ڕایان گریم: پێش له شه‌ڕئه‌نگێزیی شێتئاسای خۆی واته هێرشکردنه سه‌ر ئۆکراینا، ڤیلادیمه‌ر پووتین له لێدوانێکی گشتگیری دوورودرێژدا، له گۆشه‌نیگای خۆیه‌وه مێژووی ئۆکراینا و ڕووسییا‌ی گێڕایه‌وه؛ مێژوویه‌ک که له ڕوانگه‌ی ئه‌وه‌وه داگیرکردنی دووباره‌ی ئه‌و وڵاته پاساو ده‌داته‌وه.
ده‌نگی ڤیلادیمه‌ر پووتین:- ئۆکراینا بۆ ئێمه ته‌نها وڵاتێکی دراوسێ نییه. به‌ڵکوو به‌شێکی دانه‌بڕاوه له مێژوو، که‌لتوور و سامانی مه‌عنه‌وی ئێمه‌یه.
ڕایان گریم:- شیکارانی پووتین ده‌ڵێن ئه‌و له گۆشه‌گیریی خۆیدا بووه به شتێک هاوشێوه‌ی مێژوونووسێکی تازه‌کار، له قووڵایی ئه‌فسانه‌کانی ئیمپراتۆریای پێش-ڕووسییاییدا نغرۆ بووه و چیرۆکێکی ئوستووره‌یی نه‌ته‌وه‌یی ده‌سکاریکراوی قوت کردۆته‌وه و ئێستا خه‌ریکه ئه‌و چیرۆکه ئوستووره‌ییه له‌گه‌ڵ بچووککردنه‌وه‌ی خۆی له‌هه‌مبه‌ر ئۆکراینا و قاڕه‌ی ئه‌ورووپا له ڕۆژئاوای ئۆکراینادا که قووڵتریش بووه‌ته‌وه، تێکه‌ڵ و ئاوێته ده‌کات و لێکی ده‌دات. ئه‌م مێژووه مێژوویه‌کی پڕکێشه و باسهه‌ڵگره و مێژوویه‌که که هێشتا نه‌گه‌یشتووه‌ته کۆتایی.
بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین له مێژوویه‌کی که‌متر ده‌ستتێوه‌ردراو و به‌لاڕێدابراو له ناوچه‌که تێبگه‌ین له‌گه‌ڵ ڤیلادیمه‌ر ئیشچێنکۆ؛ کۆمه‌ڵناسی ئۆکراینایی و تۆژه‌ری ڕێکخراوی خوێندنه‌وه سلۆڤییه‌کان قسه‌م کرد. ئه‌و له به‌شێکی زۆر له داهێنانه‌کانی ڕه‌وتی چه‌پی نوێ له ئۆکراینا زۆر چالاک بووه و یه‌کێک له سه‌رنووسه‌رانی دامه‌زرێنه‌ری گۆڤاری ڕۆشنبیریی چه‌پگه‌را به ناوی Commons Journal of social Criticism یشه.
چالاکی و پرۆژه‌ی ئه‌و له زانکۆ له‌سه‌ر شۆڕشی گۆڕه‌پانی 2014 له‌نگه‌ری گرتووه، به‌ڵام ئه‌و له‌باره‌ی شکڵگیریی ده‌وڵه‌ت و که‌لتووری ئۆکراینا به‌درێژایی هه‌زار ساڵی ڕابردووش قسه‌ی بۆ ئێمه کرد.
ئێسته به خستنه‌ڕووی پرسیارێک له‌وه‌وه ده‌ست پێ ده‌که‌م که به سه‌رنجدان به ئه‌م هێرشه‌ی ئێستا پرسیارێکی زۆر کڵێشه‌ییه، به‌ڵام بۆچی جێگه‌ی سه‌رسووڕمانه که له ڕۆژئاوادا به ئێمه وتراوه له‌باتی The Ukraine ته‌نها بڵێین Ukraine، و له‌باتی Kyev بڵێین Keev.؟ من وا بیر ده‌که‌مه‌وه که ئه‌مه په‌یوه‌ندییه‌کی له‌گه‌ڵ ناسیۆنالیزمی ئۆکراینایی و سه‌ربورده‌ی دروستبوونی ده‌وڵه‌ت له‌م وڵاته هه‌بێت. و ڤیلادیمه‌ر وتی که ئه‌م هه‌ڵگۆسته و خوێندنه‌وه‌یه تاڕاده‌یه‌ک درووسته، و له ڕاستیدا به‌شێکی بچووک له ده‌مارگرژانی Keev-Kyev هه‌نه که به‌ڕاده‌یه‌کی زۆر بایه‌خ به بێژه‌کردن و ده‌ربڕین ده‌ده‌ن به‌ڵام که‌سانی دیکه هه‌ن که بایه‌خ و گرینگییه‌کی ئه‌وتۆی پێناده‌ن.
ڤیلادیمه‌ر ئیشچێنکۆ:- له کاتی ئێستادا و له ئۆکراینادا کێشه‌گه‌لێکی زۆر جیدی‌تر به نیسبه‌ت ئه‌م پرسیاره‌وه هه‌یه که ده‌بێ چۆن وشه‌ی کیێڤ بێژه بکرێت و ده‌رببڕێت.
ڕایان گریم: ده‌ی بۆ ئه‌وه‌ی که ئاسانکارییه‌ک بکه‌م تاکوو ئه‌م وتووێژه باشتر بچێته پێشه‌وه سه‌ره‌تا پێشه‌کی و پێشزه‌مینه‌یه‌ک ده‌خه‌مه ڕوو:
ئێمه ماوه‌یه‌ک له‌باره‌ی(کییه‌ڤانی ڕووس) قسه‌مان کرد، ده‌سته‌یه‌ک له که‌سانی دیاریکراو که پووتین له‌سه‌ریان بانگه‌شه ده‌کات و به ناو‌کی بانگه‌شه‌کانی هه‌ژمار ده‌کرێت؛ بانگه‌شه و ده‌عیه‌ی ئه‌و ئه‌مه‌یه که ئۆکراینا له ڕاستیدا شتێک نییه جگه له کۆمه‌ڵێک ڕووس که خۆیان (له ڕووسی بوون)ی خۆیان بێ‌ئاگان! (کییه‌ڤانی ڕووس) ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ده‌ی نۆهه‌م و بابه‌تی ململانێ و مقۆمقۆی توندی نێوان ئۆکراینایی و ڕووسییاییه‌کان. ململانێ و مقۆمقۆیه‌ک که هه‌ردووکیان بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌که‌ن و ده‌عیه‌ی ئه‌وه ده‌خه‌نه ڕوو که ئه‌م خه‌ڵکانه سه‌ر به ئه‌وانن! مه‌به‌ستم نییه هه‌موو چیرۆکه‌که لێره‌دا ئاشکرا بکه‌م به‌ڵام ئیشچێنکۆ ده‌ڵێت که به‌پێی نوێترین لێکۆڵینه‌وه مێژووییه‌کان له ڕاستیدا ده‌ڵێن که هه‌ر دوو لایه‌ن به ته‌واوه‌تی له هه‌ڵه‌دان.
ئێمه له‌باره‌ی “نه‌ستوور ماخنۆ” که شۆڕشگێڕێکی ئاناشیستی ئۆکراینایی بوو قسه‌مان کرد. ئه‌و که‌سایه‌تییه‌کی سه‌رنجڕاکێش و باسهه‌ڵگره که ڕۆڵێکی گرینگی له شۆڕشی 1917ی ڕووسییا هه‌بوو. ئه‌و هه‌م دژی ئاڵمانییه‌کان و دواتریش دژی دژبه‌رانی شۆڕش (ناسراو به سپییه‌کان) شه‌ڕی کرد و خه‌باتی نواند. دواتر له‌گه‌ڵ به‌لشویکه‌کانیش به‌شه‌ڕدا هات، چون ئه‌وانی به دیکتاتۆرانێک ده‌زانی که شۆڕ‌شیان دزیوه و تاڵانیان کردووه.
و هه‌ڵبه‌ت شۆڕشی یورۆ-گۆڕه‌پان له‌ساڵی 2014 که پاش ئه‌وه هاته ئاراوه که ڤیکتۆر یانوکۆڤیچ؛ سه‌رۆککۆماری لایه‌نگری ڕووسییا له ڕێکه‌وتنێک بۆ بازرگانیی ئازاد له‌گه‌ڵ ئه‌ورووپادا کشایه‌وه و چووه ده‌ره‌وه؛ شۆڕشێک که دوابه‌دوای ناڕه‌زایه‌تیی به‌ربڵاو و کووده‌تایه‌ک هاته ئاراوه که له ئه‌نجامیدا ده‌وڵه‌تێکی لایه‌نگری ڕۆژئاوا کاروباری گرته ده‌ست. ئه‌مه بوو به‌هۆی لکاندنی له‌ناکاوی نیوه‌دوورگه‌ی که‌ریمه به ڕووسیاوه و شه‌ڕی ئێستا له Donbass، یان ئه‌گه‌ر پێتان باشه با بڵێین Tha Donbass.
هه‌ر له ئێستاوه ڤیلادیمه‌ر ئیشچێنکۆ دێته ژووره‌وه و ده‌ست ده‌که‌ین به قسه‌کردن:
ڕایان گریم:- ڤیلادیمه‌ر! له‌وه‌ی که هاتنه ناو پۆدکه‌ستی((دیکانستراکتێد))ه‌وه زۆر سپاست ده‌که‌م.
ڤیلادیمه‌ر ئیشچێنکۆ:- زۆر سپاس و خۆشحاڵم که له‌م ڕۆژه سه‌خت و ناخۆشانه‌دا له‌م پۆدکه‌سته‌دا ئاماده بووم.
ڕایان گریم:- ئینجا ئه‌گه‌ر بته‌وه‌ی شوێنگه‌ی مێژووی خه‌ڵکی ئۆکراینا یان وڵاتی ئۆکراینا دیاری بکه‌ی ده‌گه‌ڕێیته‌وه بۆ کوێ: سه‌رچاوه‌ی ئه‌م که‌لتووره که به‌ره‌به‌ره بووه به ئۆکراینای ئێستا ده‌گه‌ڕێنیته‌وه بۆ کوێ؟
ڤیلادیمه‌ر ئیشچێنکۆ:- ده‌ی له‌باره‌ی ئۆکرایناوه گێڕانه‌وه‌یه‌کی بنه‌مایی و پێوه‌ر هه‌یه…
ڕایان گریم:- که تا سه‌ن ئه‌ندرۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه دواوه؟
ڤیلادیمه‌ر ئیشچێنکۆ:- به‌ڵێ، به‌ڵێ. ژماره‌یه‌کی زۆر هه‌ن (که ئاوه‌ها تێڕوانینێکیان هه‌یه)، به‌ڵام له ناو بازنه‌کانی زانکۆشدا هه‌ندێک شێت و وێت هه‌ن که مێژووی ئۆکراینا ده‌گه‌ڕێننه‌وه بۆ چه‌ند هه‌زار سال پێش ئێستا و له که‌لتووره‌کانی چاخی نوێ به‌ردیندا که ئێستاکه له ڕووبه‌ری ئۆکراینادا دۆزاروه‌ته‌وه، ده‌ست پێ ده‌که‌ن، و مێژوویه‌کی زاره‌کی و فۆلکلۆریش هه‌یه که به‌پێی ئه‌وه ڕه‌نگه ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی چاخی نوێ به‌ردین باپیرانی ئۆکرایناکانی هاوچه‌رخ بن، به‌ڵام به‌ڕاستی ئه‌م شتانه وه‌کوو زانستێکی شێتانه‌ن.
گێڕانه‌وه‌یه‌کی پێوانه‌یی له کتێبه‌کانی قوتابخانه‌دا هه‌یه که ده‌ڵێت مێژووی ئۆکراینا یان لانیکه‌م خه‌ڵکی ئۆکراینا له سه‌ره‌تاکانی سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست ده‌ست پێ ده‌کات، واته له (کییه‌ڤانی ڕووس)، شتێک له شێوه‌ی ده‌وڵه‌تێکی سه‌رده‌می سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست، که هه‌میشه جێگه‌ی مقۆمقۆ و مشتومڕی نێوان ئۆکراینایی و ڕووسه‌کان بووه.
له مێژووی ئه‌مپریالیستیی ڕووسه‌کاندا، ڕووسه‌کان ته‌نانه‌ت بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌که‌ن که ئۆکرایناییه‌کان له‌گه‌ڵ مێژووی (کییه‌ڤانی رووس) که ئه‌وان ده‌ڵێن ده‌وڵه‌تێکی ڕووسی بووه، هیچ په‌یوه‌ندییه‌کیان نییه و ئۆکرایناییه‌کان دواتر له ڕووبه‌ری ئۆکراینادا ده‌رکه‌وتوون. ئه‌مه گێڕانه‌وه‌ی بنه‌مایی و پێوانه‌یی له ئیمپراتۆریای ڕووسییا له سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌م بوو.
له یه‌کێتی سۆڤییه‌تدا، ئه‌م چیرۆکه وترا که (کییه‌ڤانی ڕووس) ده‌وڵه‌تێک بوو که له نه‌ته‌وه‌یه‌ک پێکهاتبوو که باپیرانی سێ نه‌ته‌وه‌ی برای ئاتێنی بوو: ڕووسه‌کان، ئۆکاریناییه‌کان و بیلاڕووسه‌کان.گێڕانه‌وه‌یه‌ک که ئێستاکه له قوتابخانه‌کانی ئۆکراینییادا ده‌گوترێته‌وه هه‌وڵ ده‌دات میرات و سامانی(کییه‌ڤانی ڕووس) ئۆکراینایی بکرێته‌وه و بگوترێت ئۆکرایناییه هاوچه‌رخه‌کان ڕاسه‌ته‌وخۆ په‌یوه‌ستن به (کییه‌ڤانی ڕووس). به‌ڵام خاڵی گاڵته‌جاڕانه‌ی ئه‌م حه‌کایه‌ته ئه‌مه‌یه که به‌پێی پۆڕاوترین سیناریۆ، (کییه‌ڤانی ڕووس) له ڕاستیدا قه‌ت ده‌وڵه‌تێک نه‌بووه، به‌ڵکوو به وته‌ی مێژوونووسێکی زۆر سه‌رنجڕاکێشی مێژووی کێیڤ؛ ئاله‌کسی ئۆتۆڤیچکۆ، (کییه‌ڤانی ڕووس) شتێک بووه زیاتر هاوشێوه‌ی کۆمپانییه‌کی بازرگانی که له “نورسێما‌نه‌کۆنه‌کان” که له ئه‌ورووپای ڕۆژئاوادا له‌ژێر ناوی ڤایکینگه‌کان ده‌ناسرێن، پێکهاتبوو.
خودی ئه‌و ده‌وڵه‌ته، له ڕاستیدا له‌پله‌ی کۆمپانییه‌کی بازرگانیی سه‌ر به نورسێمانه‌کانی خه‌ڵکی سکاندیناڤیا ده‌رکه‌وت. نورسێمانگه‌لێک که به ئه‌گه‌ری زۆره‌وه نیشتنگه‌کانی کیێڤیان دروست کردووه یان لانیکه‌م وه‌کوو شتێکی هاوشێوه‌ی شار په‌ره‌یان پێدا چونکه وه‌کوو وێستگه‌یه‌کی بازرگانیی پێویستییان پێی هه‌بوو و ئه‌و نورسێمانانه کاڵا و شتومه‌کی جیاواز و جۆراوجۆریان له ڕێگه‌کانی ئه‌ورووپای ڕۆژهه‌ڵاتدا ئاڵوێر ده‌کرد و ده‌یانکڕی و ده‌یانفرۆشت، ئه‌و ڕێگایانه‌ی که باکووری ئه‌ورووپا، ئیمپراتۆریی بیزانس، جیهانی عه‌ره‌ب و وڵاته ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کانی پێکه‌وه ده‌به‌سته‌وه و شتگه‌لێکی جۆراوجۆر له‌وانه کۆیله‌شیان ده‌کڕی و ده‌فرۆشت. هه‌ربۆیه له ڕه‌شبینانه‌ترین گێڕانه‌وه‌دا، ئێره شتێک بووه وه‌کوو ناوه‌ندی بازرگانیی و سه‌وداپێکردنی کۆیله‌کان.
ئه‌مه گێڕانه‌وه‌یه‌کی سه‌رنجڕاکێشه، به‌ڵام بۆ زۆرێک له ئۆکرایناییه‌کان ده‌توانێت ته‌نانه‌ت وه‌کوو بێڕێزی و ئیهانه‌یه‌ک بخوێنرێته‌وه. به‌ڵام به سه‌رنجدان به به‌ڵگه ئارکیۆلۆژییه‌کان وه‌ها دێته به‌رچاو که ئه‌م گێڕانه‌وه‌یه نێزیک‌تر بێت له ڕاستیی ڕووداو و به‌سه‌رهاتی سه‌رهه‌ڵدانی((کییه‌ڤانی ڕووس)) تاکوو ئه‌و هه‌وڵانه‌ی که ده‌یانه‌وێت ئه‌مه وه‌کوو ده‌وڵه‌تێکی ته‌واو و چڕ‌وپڕ بنه‌خشێنن و پیشانی بده‌ن؛ چونکه ئه‌م هه‌وڵانه زۆربه‌ی کات شتێکن بۆ مۆدێڕنیزه‌کردنی شتێک که هه‌زاران ساڵ پێش ئێستا-به دیاریکراوی هه‌زار ساڵ پێش ئێستا- هه‌بووه و هه‌روه‌ها وه‌کوو ئه‌وپه‌ڕهاوێژیی هه‌ڵگۆسته و چه‌مکه هاوچه‌رخه‌کانه له‌باره‌ی چۆنێتی ده‌وڵه‌ت و کۆمه‌ڵگایه بۆ سه‌ر پێکهاته سیاسی-کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی(کۆن).
ئینجا، قۆناغی دواتر له مێژووی ئۆکراینییادا “کازاک”ه‌کانن. ئه‌و جه‌نگاوه‌ر و بازرگانانه‌ی که نیشتنگه‌کانی خۆیان له که‌ناره‌کانی ڕووباری “دێنپیر” نه‌ک به ته‌نها له ئۆکراینا به‌ڵکوو له هه‌ندێک له ناوچه‌کانی ڕووسییا بونیات نا و هه‌روه‌ها خه‌ڵکانێک که له زه‌وی و زاره‌کانیان له هه‌مبه‌ر هێرشه‌کانی ده‌وڵه‌تی ته‌ته‌ری که‌ریمه، ئیمپراتۆریی عوسمانی و هه‌ندێک له کۆچه‌رییه‌کان به‌رگرییان کرد. ئه‌مه گێڕانه‌وه‌یه‌کی پێوه‌ر و بنه‌مایی ئۆکرایناییه‌کانه. ئه‌م قۆناغه وه‌کوو قۆناغێکی دیکه له شکڵ‌گرتنی شوناس و هه‌روه‌ها ده‌وڵه‌تی ئۆکراینا ده‌ناسێندرێت؛ به‌تایبه‌تی ڕاپه‌ڕینێک به سه‌رکردایه‌تی سه‌رۆکی به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ک کازاک؛ بووهدان خوملینسکی دژی ئیمپراتۆریای پۆڵۆنییا.
و قۆناغی دواتر به‌م جۆره ده‌گێڕدرێته‌وه که له درێژه‌ی ئه‌م ڕاپه‌ڕینه‌دا کازاکه‌کان بڕیاریان دا ڕێکه‌وتنێک بۆ هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ قه‌یسه‌ری ڕووس ببه‌ستن و دواتر ڕووسه‌کان هه‌موو بڕگه‌کانیان نایه ژێر پێ و خه‌یانه‌تیان له هاوپه‌یمانێتییه‌که کرد و ورده‌ورده ئۆکراینایان هێنایه ژێر ڕکێفی خۆیان.
قۆناغێکی دیکه، شۆڕشی ئۆکراینایه؛ کاتێک که ئیمپراتۆریای ڕۆمانۆف؛ ئیمپراتۆری ڕووسییا له ماوه‌ی جه‌نگی یه‌که‌می جیهانیدا هه‌ڵوه‌شایه‌وه و شۆڕش ده‌ستی پێ کرد. له‌و کاته‌دا ئۆکراینا توخم و ڕه‌گه‌زی نه‌ته‌وه‌ییشی هه‌بوو. توێژێکی شاز و ناوازه له ئۆکراینیادا هه‌بوون که له سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌مه‌وه وه‌کوو زۆرێک له ناوچه‌کانی دیکه‌ی ئه‌ورووپای ڕۆژهه‌ڵات به‌ره‌به‌ره هۆگری دابونه‌ریت و هه‌روه‌ها که‌لتووری جووتیارانی ئاسایی که له‌و ناوچه‌یه‌دا نیشته‌جێ بوون، بوون و هه‌وڵیان دا زمانی ئه‌و جووتیارانه بخه‌نه چوارچێوه‌یه‌کی فه‌رمییه‌وه. هه‌ر به‌م هۆیه‌وه ئه‌وان ئه‌و بنزاراوانه‌ی که له هه‌رێمه‌کانی ئۆکراینا قسه‌یان پێده‌کرا برده قه‌واره‌یه‌کی فه‌رمییه‌وه و ده‌ستیان کرد به خه‌یاڵکردن و ئه‌فسانه‌هۆنینه‌وه له‌سه‌ر ئۆکراینا. ئه‌وان ده‌ستیان کرد به بونیاتنانی پرۆسه‌ی به‌نه‌ته‌وه‌کردنی ئۆکراینیا. و له قۆناغێکدا واته له کۆتاییه‌کانی سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌مدا ده‌ستیان کرد به بیچمپێدانی ئه‌م بیردۆزه که ئۆکراینا نه‌ته‌وه‌یه‌کی جودایه و ده‌بێ له ئه‌نجامدا ببێت به ده‌وڵه‌ته‌ێکی سه‌ربه‌خۆ.
دواتر ئه‌م ئایدیایه به‌درێژایی ماوه‌ی شۆڕشدا په‌ره‌ی پێ درا و چه‌ندین هه‌وڵ بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی ئۆکراینایی هاته ئاراوه: هه‌ندێک بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی کۆماری، هه‌ندێک زیاتر هه‌وڵیان ده‌دا بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێک هاوشێوه‌ی ده‌وڵه‌ته سه‌ربازییه‌کان؛ هه‌وڵێکی دیکه‌ش خرایه ڕوو بۆ دروستکردنی جۆرێک پێکهاتی پاشایه‌تی له ژێر چه‌تری به‌رگری و پشتگیری ئاڵمانییادا. هه‌موو ئه‌م هه‌وڵانه ته‌مه‌نکورت و کورتماوه بوون و به‌لشویکه‌کان توانییان له شه‌ڕی ناوخۆدا سه‌رکه‌ون.پاش شۆڕشی ڕووسییا، هه‌ندێک له سه‌رکرده‌کانی بزووتنه‌وه‌ی ئۆکراینا له‌و کاته‌دا، سه‌رکه‌وتنی به‌لشویکه‌کانیان به شێوه‌یه‌ک ڕوون ده‌کرده‌وه که..(ڕاده‌مێنیت) له ڕاستیدا جووتیارانی ئۆکراینایی هه‌ستێکی ئه‌وتۆیان بۆ شوناسی ئۆکراینایی نه‌بوو و ته‌نانه‌ت پێویست بوو بۆ جووتیاره ئۆکرایناییه‌کان ڕوون بکرێته‌وه که له‌بنه‌ڕه‌تدا ئه‌وان ئۆکراینایین، چونکه ئه‌وان تێگه‌یشتنێکی ته‌واو جیاوازیان له‌خۆیان هه‌بوو؛ نه‌ک به‌وردی وه‌کوو شوناسێکی ڕووسی به‌ڵام شوناسگه‌لێکی خۆجێی و خۆماڵییان هه‌بوو. ئه‌م جووتیارانه زۆرینه‌یان نه‌خوێنده‌وار بوون.
به‌ڵام به‌لشویکه‌کان توانییان چاکسازیی کۆمه‌ڵایه‌تیی بنه‌مایی تر بخه‌نه ڕوو بۆیان.
ڕایان گریم:- ئاوه‌ها!
ڤیلادیمه‌ر ئیشچێنکۆ:- به‌ڵێ…هه‌روا درێژه‌ی ده‌مێ؟(پێده‌که‌نێت.)
ڕایان گریم:- بوارم بده‌ن لێره‌دا بوه‌ستم. له ڕۆژئاوادا کاتێک مرۆڤ بیر له مێژووی چه‌ند سه‌د ساڵه‌ی ئه‌م دواییه‌ی ئۆکراینا ده‌کاته‌وه، یه‌کێک له‌و شتانه‌ی که به شێوه‌یه‌ک بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی سه‌فه‌رێک به‌ناو مێژوودا ده‌که‌ن زه‌ق و دیاره، ده‌سه‌ڵاتی ئانارشیزمه له ئۆکراینا. نه‌ک ته‌نها “نه‌ستوور ماخنۆ” به درێژایی شۆڕشی ڕووسییا، به‌ڵکوو هه‌روه‌ها ڕێبازگه‌لێک له ئانارشیزم که له ڕابردوودا هه‌بووه؛ یان هه‌ڵبه‌ت ڕه‌نگه ئێمه به جۆره تێگه‌یشتنێکی ئه‌مڕۆییانه‌ی خۆمان له ئانارشیزم، ئایدیا و ئاوه‌ڵناوه ئانارشیستییه‌کان ده‌خه‌ینه پاڵیان. و بۆ من جێگه‌ی پرسیاره که ئایا شتێکی تایبه‌ت له‌باره‌ی دۆخی ئۆکرایناییه‌کان له نه‌خشه‌دا هه‌یه-یان هه‌ر شتێکی دیکه- که بووه به هۆی ئه‌وه‌ی که له‌و سه‌رده‌مه‌دا له هه‌مبه‌ر ئایدیا ئانارشیستییه‌کان نه‌رمونیان و شکاوتر بن. و ڕه‌نگه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که ئێوه خه‌ریکبوون ده‌تانگوت گونجاو بێت؛ که ئه‌گه‌ر خه‌ڵکی ئه‌و ناوچه‌یه جووتیارانێکی نه‌خوێنده‌وار بوون، که‌واته ئه‌گه‌ر به‌وان بگوترابا که سیسته‌مێک وا ئێمه ده‌یخه‌ینه ڕوو ئه‌مه‌یه که ئێوه ده‌توانن له‌سه‌ر بنه‌مای ژیانی خۆتان، مه‌زرا و زه‌وی و زارتان و شاری خۆتان به‌و شێوه‌یه‌ی که خۆتان ده‌تانه‌وێت، به‌ڕێوه ببه‌ن به بێ ئه‌وه‌ی که‌سێک یه‌خه‌تان پێ بگرێت، ڕه‌نگه ئه‌م ئایدیا تا ڕاده‌یه‌ک بۆیان سه‌رنجڕاکێش بهاتبایه‌ته به‌رچاو.
ڤیلادیمه‌ر ئیشچێنکۆ:- له ڕاستیدا من هاوڕام له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕوونکردنه‌وه‌یه‌دا، چونکه بزووتنه‌وه‌ی ئانارشیستی له‌و کاته‌دا زیاتر له لایه‌ن ئه‌و جووتیارانه‌وه سه‌رنجی پێ ده‌درا که ده‌ستڕۆیشتوو نه‌بوون به‌ڵام به ته‌واوه‌تیش هه‌ژار نه‌بوون. هه‌ربۆیه ئه‌وان بڕێک پاره‌یان هه‌بوو، بڕێک زه‌وی و زاریان هه‌بوو به‌ڵام نه‌یانده‌توانی ببن به سه‌رمایه‌داره گوندییه‌کان- ئه‌و سه‌رمایه‌دارانه‌ی که له شۆڕشی ڕووسییادا و له یه‌کێتی سۆڤییه‌تی پێشوودا به “کوولاک”ه‌کان ناسرابوون. هه‌ربۆیه ئه‌م ئایدیایه‌ی ئۆتۆنۆمی، هه‌ڵبه‌ت و بێگومان بۆ ئه‌م به‌شه له جووتیاران له ئۆکراینادا سه‌رنجڕاکێش بوو. و چونکه زه‌وی و زاری ئۆکراینایی- مه‌به‌ستم به دیاریکراوی هه‌مان ئه‌و زه‌وی و زاره‌یه که تێیدا به‌رهه‌مه خۆراکییه‌کان به‌رهه‌م دێت- به‌پیت و پاراوتر له زه‌وی و زاره‌کانی باکووری ئیمپراتۆریای ڕووسییا بوو، جووتیارانی ئۆکراینایی له ڕاستیدا تۆزێک ده‌ستڕۆیشتوو بوون. و ئه‌م بابه‌ته زه‌مینه و هه‌لی بۆ بزووتنه‌وه‌ی ماخنۆڤیستی له‌بار کرد.
به‌ڵام به درێژایی شه‌ڕی ناوخۆ که‌سانێک به ناوی “ئاتامانی” هه‌بوون که ده‌کرێت تا ڕاده‌یه‌کی زۆر وه‌کوو (سه‌رکرده خۆماڵییه‌کان) وه‌ریگێڕین. هه‌ر بۆیه کاتێک ده‌وڵه‌ت هه‌ڵوه‌شایه‌وه، سه‌رکرده‌گه‌لێکی خۆماڵی و خۆجێیی جۆراوجۆر هه‌بوون که هه‌وڵیان ده‌دا ئه‌رته‌ش و سوپای خۆیان دروست که‌ن، جووتیاره‌کان ڕێک خه‌ن و بانگه‌شه‌ی خه‌بات بۆ سه‌ربه‌خۆیی ئه‌و جووتیارانه‌یان ده‌کرد. ئه‌وان به هه‌وڵگه‌لێکی جۆراوجۆر بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت ململانێ‌یان ده‌کرد و ماخنۆ ته‌نها یه‌کێک بوو له‌وان. ئێمه ده‌بێ زه‌مینه گه‌وره‌که‌ش ببینین و بزانین که ئه‌و چه‌نده ده‌یتوانی خه‌ڵک به‌ره‌و خۆی ڕاکێشێت. به‌وپه‌ڕی داخه‌وه بۆ ماخنۆ، ڕاکێشه‌ریی ئه‌و به‌ڕاده‌یه‌ک نه‌بوو که بتوانێت قه‌ڵه‌مڕه‌وگه‌لێکی به‌ربڵاو به‌ده‌ست بهێنێت و بنه‌مای یه‌ک…(قسه‌که‌ی خۆی ده‌بڕێت)، هه‌ڵبه‌ت بۆ ئانارشیسته‌کان کۆی ئایدیای ده‌وڵه‌ت زۆر کێشه‌سازه. به‌ڵام ماخنۆ ئه‌وه‌نده‌ش ساویلکه نه‌بوو. به‌م حاڵه‌شه‌وه، بزووتنه‌وه‌که‌ی ئه‌و هێشتا توانایی دامه‌زراندنی ڕێکخراوێکی سیاسیی جێگیر و پته‌و-له نه‌ریتی ئانارشیستیدا هه‌ر ناوێکی له‌سه‌ر بنێن- نه‌بوو. و ئه‌وان شکستیان خوارد؛ له ئه‌نجامدا له هه‌مبه‌ر به‌لشویکه‌کان شکستیان خوارد.
ڕایان گریم:- ڕاسته. و چه‌نده مه‌ودا هه‌یه له ماخنۆ و بزووتنه‌وه‌که‌ی و شکانی ئه‌و له هه‌مبه‌ر به‌لشویکه‌کان تاکوو دیکتاتۆریی ئیستالینیستی که له قوتابخانه‌دا له‌باره‌یه‌وه فێر بووین؟
ڤیلادیمه‌ر ئیشچێنکۆ:- له ڕاستیدا قۆناغێکی زۆر گرینگ له ده‌یه‌ی 1920دا هه‌یه، که قۆناغێکی زۆر گرینگه بۆ شکڵگریی و دروستبوونی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی ئۆکرایناش؛ قۆناغێکی ناسراو به سیاسه‌ته‌کانی “کۆرێنیزاتسیا”، که به‌م مانایه بوو که به‌لشیوکه‌کان هه‌وڵیان ده‌دا ده‌سه‌ڵاتیان پته‌و و جێگیر بکه‌ن. ئه‌وان له شه‌ڕی ناوخۆدا له‌ڕیگه‌ی زۆره‌وه و هه‌روه‌ها به به‌ڵێنی چاکسازیی بنه‌مایی له به‌رژه‌وه‌ندی جووتیاران و کرێکاران سه‌رکه‌وتن. ئایدیاکه ئه‌مه بوو که به‌شگه‌لێک له یه‌کێتی سۆڤییه‌ت که وه‌کوو ده‌وڵه‌ته نیوه سه‌ربه‌خۆکان جێگیر بووبوون، له‌وانه کۆماری ئۆکراینا له ئه‌ندام و کادره خۆجێی و خۆماڵییه‌کان پیکبێن. هه‌ر به هه‌مان شێوه که کۆماره لێژنه‌ییه‌کانی ئۆکراینیا له لایه‌ن خودی ئۆکرایناییه‌کانه‌وه به‌ڕێوه ده‌برا.
ڕایان گریم:- که پووتین له‌م دواییانه‌دا وه‌کوو هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره ئاماژه‌ی پێدا، وایه؟
ڤیلادیمه‌ر ئیشچێنکۆ: به‌ڵی، ئه‌و وه‌کوو هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره ناوی برد. له ڕوانگه‌ی گێڕانه‌وه‌ی ئه‌مپریالیستیی ڕووسییادا ڕه‌نگه هه‌ڵه بووبێت. له ڕوانگه‌ی به‌لشویکه‌کانه‌وه هه‌ڵه نه‌بوو. له‌م ڕێگه‌یه‌وه ئه‌وان توانییان دۆخه‌که جێگیر بکه‌ن، ده‌سه‌ڵاتی خۆیان جێگیر بکه‌ن و گۆڕانی شۆڕشگێڕانه ده‌ست پێ بکه‌ن. و توانییان له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی خۆجێیدا به زمانێک قسه بکه‌ن که لێی تێده‌گه‌یشتن. له بنه‌ڕه‌تدا به‌لشویکه‌کان به خوێنده‌ارکردنی جووتیاران یارمه‌تییه‌کی زۆریان دا به شکڵگیری و دروستبوونی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی ئۆکرایناکان. پێش شۆڕش، زۆرینه‌ی جووتیاره ئۆکرایناییه‌کان نه‌خوێنده‌وار بوون. ئه‌وان پاش شۆڕش خوێندن و نووسین فێر بوون. ئه‌مانه‌یان له قوتابخانه‌کانی یه‌کێتی سۆڤییه‌ت فێر بوون. و هه‌ڵبه‌ت له‌و قوتابخانانه نه‌ک به ته‌نها خوێندن و نووسین به‌ڵکوو کۆی گێڕانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی فێر بوون- ئه‌مه‌ی که له بنه‌ڕه‌تدا ئۆکرایناییه‌کان کێن؟ په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ڕووسه‌کاندا چییه؟ په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ پۆڵۆنیاییه‌کان چییه؟ و له‌م بابه‌تانه. و ئه‌م ئایدیا جه‌ماوه‌رییه‌ی “برایه‌تی”، ئه‌مه‌ی که خه‌ڵکی ئۆکراینا و خه‌ڵکی ڕووسیا وه‌کوو برا له قه‌ڵه‌م بدرێن، ئه‌و ئایدیا و ئه‌و گێڕانه‌وه نه‌ته‌وه‌ییه له قوتابخانه‌کانی یه‌کێتی سۆڤییه‌تدا فێری جوتیاره ئۆکرایناییه‌کان کرا. ئه‌وان مێژووی خه‌ڵکی ئۆکراینایان به‌م شێوه‌یه فام کرد و لێی تێگه‌یشتن.
ئه‌م ده‌قه وه‌رگێڕانێکه له نوسخه‌ی پۆدکه‌ستی ئینگلیزی که له وێبسایتی بڵاڤۆکی ئه‌نته‌رسێپتدا هاتووه و ئه‌وه‌ش ئه‌درێسه‌که‌یه‌تی... https://theintercept.com/2022/03/05/deconstructed-ukraine-history-identity-russia-invasion/
وه‌رگێڕان: حه‌بیب ساڵحی