جگە لە سیاسەتی بەندەر، کە لە بەشی یەکەم ئاماژەمان پێکرد، پاڵنەرێکی تری سەرەکی سیاسەتی “ئیمارات” بریتییە؛ لە دژایەتیکردنی ئیسلامی سیاسی و بە تایبەتی ئیخوانەکان، نەک تەنیا لە ناو ئیمارات و لەناوچەکە، بەڵکو لە سەرانسەری جیهان، پێش دروستبوونی “ئیمارات” وەک دەوڵەتێک لە ساڵانی شەستەکان، کۆمەڵێک خوێندکاری میرینشینەکانی “ئیمارات” دوای تەواوکردنی خوێندن لە “میسر” و هەندێ دەوڵەتی تری عەرەبی دەگەڕێنەوە بۆ ئیماراتی ئەو کات، هەروەها لەبەر ململانێی نێوان میسر-ی کاتی “جەمال عەبدولناسر-ی ناسیونالیست” و سعودیە، (سعودیە و کەنداو) بە ئیماراتیشەوە ببووە پەناگەیەک بۆ ئیخوانییەکان کە دژی عەبدولناسر بوون، ئەو کات سعودیە ئیسلامیەکانی بەکاردەهێنا دژ بە ڕەوتی ناسیونالیزم، چونکە ئەو کات “ناسیونالیزم” هەڕەشە بوو بۆ دەسەڵاتی پاشایەتی و خێلەکی سعودیه وکەنداو. ئەو خوێندکارانەی کە بەشێکیان هەڵگری فکری ئیسلامی ئیخوانی بوون، هەر وەها لەگەڵ ئەندامانی ڕاکردووی ئیخوانە میسرییەکان دوای ئەوەی “ئیمارات” بوو بە دەوڵەت لە ١٩٩٧١، ئەوانە ڕێکخراوێکی کولتووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییان دامەزراند لە ١٩٧٤ بە ناوی (جمعیه الإصلاح والتوجیە الاجتماعی) کە بە ڕێکخراوی (الإصلاح) یا بە ریفۆرمخوازەکان ناسراون، ئەو ڕێکخراوە بەشداری حکومەتی کرد، لە ساڵانی حەفتا و هەشتاکان ڕۆڵێکی گەورەیان هەبوو لە “ئیمارات”، بە تایبەت لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی و کولتووری، گەورەترین هەژموونیان لە بواری پەروەردە و سیستەمی خوێندن بوو، لە کۆتایی هەشتاکان و سەرەتای نەوەتەکان ئەو ڕێکخراوەیە و “شێخ زاید”ی سەرۆکی ئەوکاتی “ئیمارات” و باوکی ڕووحی ئیماراتییەکان بەریەکدەکەون. “شێخ زاید” پڕۆژەی نوێگەری هەبوو، هەر لە سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی ئیمارات بە سەرۆکایەتی “شێخ زاید” ئیمارات دەیویست هاوپەیمان و نزیکی رۆژئاوا بێت، بە تایبەت ئەمریکا، ریفۆرمخوازە ئیسلامییەکان پێیانوابوو پڕۆژەکەی “شێخ زاید”، پرۆژەیەکی ڕۆژئاواییە. هەر بۆیە ناکۆکی نێوان شێخ زاید و ریفۆرمخوازە ئیخوانییەکان گەیشتە ئاستێک کە لە ساڵانی سەرەتای نەوەتەکان “شێخ زاید” بەشێک لە کارەکانی ریفۆرمخوازەکانی سانسۆر کرد و بارەگای سەرەکیانی داخست و، هەر وەها گۆڤاری (الإصلاح)یش قەدەغەکرا، کە زمانحاڵی فەرمی ڕێکخراوەکە بوو
ڕووداوەکانی ١١ی سێپتەمبەری ئەمریکا و تێوەگلانی چەند هاووڵاتییەکی ئیماراتی لەو هێرشە، قۆناغی دووەم بوو لە دژایەتی کردنی ڕێکخراوی ریفۆرم و سنووردانان بۆ چالاكییەکانی لە لایەن حکومەتی (ئیمارات و، بنەماڵەی شێخ زاید)، ئەم ڕووداوە هاوکات بوو لەگەڵ دەرکەوتنی “محمد کوڕی زاید” وەک بەهێزترین کەسایەتی ئیمارات، کە شازادەی میرینشینی ئەبو زەبی و جێگری فەرماندەی گشتی هێزی سەربازی ئیماراتە، لە ئێستادا دەسەڵاتداری یەکەمی ئیماراتە لە ڕووی پراکتیکیەوە، محمد زاید کە کوڕی شێخ زایدە، کەسێکی سەربازییە و پەیمانگای سەربازی شاهانەی (Sandhurst)ی بەریتانی تەواوکردووه، باڵوێز و دبلۆماتکاری پێشووی بەریتانیا لە سعودیە و ئێراق و ئیمارات (جۆن جینگز) لە بارەی محمد کوڕی زایدەوە دەڵێت “ڕەنگە کەس لە جیهاندا بە ئەندازەی محمد زاید ڕقی لە ئیخوانەکان نەبێت.” کاتێک محمد بن زاید دەبێتە دەسەڵاتداری یەکەمی فیعلی ئیمارات، سیاسەتی ئیمارات تەواو تووندتر دەبێت بەرامبەر بە ئیسلامی سیاسی، ئیمارات لەبەر ئەوەی دەوڵەتێکی نا-دیموکراتە، مەزاج و فکری کەسی دەسەڵاتدار تیایدا ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت لە سیاسەتدا. هەر بۆیە ئیمارات کە پێشتر لە ناوخۆ زیاتر دژایەتی ئیسلامییەکانی دەکرد، لەسەردەمی “محمد زاید” لە ناوخۆ و لەدەرەوە و لەسەر ئاستی جیهانیش زۆر بە تووندتر دژایەتی ئیسلامی سیاسی دەکات، لە ٢٠١١ دوای سەرهەڵدانی ئەوەی پێیدەڵێن بەهاری عەرەبی، ئیسلامی سیاسی و بە تایبەت ئیخوانەکان دەرەفەتێکی گەورەیان بۆ دروستبوو، کە رۆڵی گەورە ببینن لە (میسر و، تونس) دەسەڵاتیان گرتە دەست، ئیخوانەکانی ناو ئیماراتیش، سەرەڕای ئەوەی سانسۆری گەورەیان لەسەر بوو لە ساڵانی نەوەد و دووهەزارەکان، بەڵام بە دەرەفەتیان زانی دەربکەونەوە و داوایان لە حکومەتی “ئیمارات” کرد کە چاکسازی بکات، محمد زاید بە شێوەیەکی تووند ڕووبەڕوویان بووەوە، زۆربەی ئەندامەکانی ڕێکخراوی (الإصلاح)ی ڕاپێچی دادگا و زیندانکرد، لە ئێستادا ئەندامانی ئەو ڕێکخراوەیە یان لە دەرەوەی ئیماراتن، یان لە زیندانەکانی ئیماراتن، ئەمەش دەتوانرێت بە قۆناغی سێیەمی ڕووبەڕووبوونەوەی حکومەتی ئیمارات دابنرێت بەرامبەر بە ڕیفۆرمخوازە ئیسلامییەکانی ناو ئیمارات کە توندترین قۆناغیشە، لە ئێستادا زیاد لە ٨٠ گروپ و ڕێکخراوی ئیسلامی لە لیستی تیرۆری ئیماراتن، ڕێکخراوی (الإصلاح) وئیخوانەکانیش لەو لیستەن، “محمد زاید” ئیسلامی سیاسی و ئیخوانەکان بە تایبەتی، بە گەورەترین هەڕەشە دەزانێت بۆ سەر سیستەمی سیاسی و ئاسایشی نەتەوەیی ئیمارات، چونکە دەزانێت جگە لە ئیسلامییەکان، هیچ هێزێکی تر نایەوێت ڕژێمی ئیمارات بگۆڕێت، (ئەمریکا و، ڕۆژئاوا و، ئیسرائیل) ئەو ویستەیان نییە و ئیمارات هاوپەیمانییانە، لە ناوخۆی “ئیمارات” لەبەر نەبوونی پارتی سیاسی و پەرلەمان و دەنگدان، هەر وەها لەبەر نەبوونی کولتووری دیموکراسی لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی، هیچ هێزێکی دیموکرات و بەهێز بوونی نییە، کە بیەوێت یا بتوانێت ڕژێمی سیاسی بگۆرێت، جگە لەوەش بەهۆی خۆشگوزەرانی و کەمی دانیشتوان و زۆری داهات گۆمەڵگەی ئیمارات بە گشتی ڕازین لە ڕژێمی سیاسیان، “ئێران” کە نەیار یان دوژمنێکی سەرەکی ئیماراتە، ئەوەش لەبەر چەندین هۆکار، توانا و، ویستی نییە ڕژێمی سیاسی ئیمارات بگۆڕێت، ئەوەی دەمێنێتەوە وەک هەڕەشە بۆ سەر ڕژێمی ئیمارات تەنیا ئیسلامییەکانن، تەنیا ئەوانیشن کە بتوانن لە ڕێگەی درووشمی ئاینییەوە کۆمەڵگەی ئیماراتی هانبدەن دژ بە حوکمی خێڵەکی ئەو دەوڵەتە، هەر بۆیە دەسەڵاتی سیاسی ئیمارات، بە تایبەتی “محمد زاید”، بە هەموو توانایەوە دژی ئیسلامی سیاسی کار دەکات، بۆ ئەو مەبەستە، ئیمارات بە پارە و، سەرباز و، ڕاگەیاندن و، ئامرازی دبلۆماسی، واتە؛ بە هێزی ڕەق و، نەرم و، تیژ ڕووبەڕووی ئیسلامی سیاسی دەبێتەوە، ئەو سیاسەتەی ئیمارات و محمد زاید دژ بە ئیسلامیی سیاسی، دەروازەیەکی گرنگە بۆ تێگەیشتن لە زۆرێک لە جوڵە و لێدوان و سیاسەتەکانی ئیمارات، هۆکارێکی سەرەکی بەشداری “ئیمارات” لە جەنگەکانی (لیبیا و، یەمەن) بۆ ڕێگرتن بوو لە گەیشتنی ئیسلامی سیاسی بە دەسەڵات، بە پێی هەندێ ڕاپۆرت؛ محمد زاید نزیکەی ١٢ ملیار دۆلاری خەرجکردوە بۆ پرۆسەی لابردنی مورسی و هاتنی سیسی لە میسر. ناکۆکییەکانی ئیمارات لەگەڵ تورکیا و قەتەر هۆکارێکی سەرەکی هەر ئیسلامی سیاسییە، کە ئەو دوو دەوڵەتە پاڵپشتی ئیسلامی سیاسی دەکەن، ئیمارات تۆمەتبارە بە پشتگیری لە کودەتاکەی ٢٠١٦ی تورکیا، هەروەها رۆڵی هەیە لە دارووخانی لیرەی تورکی و کێشە ئابوورییەکانی تورکیا بە کشانەوەی بەشێک لە وەبەرهێنانی خۆی لە تورکیا. رۆڵی سەرەکی هەبوو لە گەمارۆدانی قەتەر لە ٢٠١٧.
ترسی “ئیمارات” لە ئیسلامی سیاسی لە سیاسەتی بەرامبەر بە جەنگی “سوریا” بە ڕوونی دەردەکەوێت، ئیماڕات تا پێش ٢٠١٥ لە بەرەی دژ بە “بەشار” بوو، پاڵپشتی بەرەی ئۆپۆزسیۆنی سووری دەکرد، بەڵام ئەو گرووپانەی کە ئیسلامی و ئیخوانی نەبوون، لەو چوارچێوەیەدا ئیمارات پشتگیری کوردانی رۆژئاواشی کردووە. بەڵام لە ٢٠١٥ەوە سیاسەتی ئیمارات بۆ پرسی سووریا دەگۆرێت، هاوکارییەکانی بۆ ئۆپۆزسیۆنی سووری کەم دەکاتەوە و زیاتر پشتگیری ئەسەد دەکات، کونسوڵخانەی خۆی دووبارە لە دیمەشق دەکاتەوە و، محمد زاید پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ بەشار ئەسەد ئەنجامدەدات و، پشتگیری خۆی بۆ سوریا دەردەبڕێت، ئەمە لە کاتێکدایە کە بەشار نزیکە لە ئێرانەوە و، ئێرانیش نەیارێکی سەرەکیی ئیماراتە، بەڵام بۆ “ئیمارات” ئیسلامی سیاسی مەترسیدارترە لە ئێران، ئەو گۆڕانکارییە لە سیاسەتی ئیمارات لە سووریا لە دوای ٢٠١٥ەوە چەند هۆکارێکی سەرەکی هەبوو؛
1-بەهێزبوونی ئیسلامی سیاسی و ئیسلامی تووندڕەو لە ئۆپۆزسیۆنی سوریا، هەروەها پشتگیری تورکیا و قەتەر بۆ ئەو گرووپانە.
2-زیاد بوونی ڕۆڵی تورکیا لە سوریا، تورکیاش دۆستی ئیخوانەکانە.
3-هاتنی ڕووسیا وەک یاریکەری سەرەکی لە هاوکێشەی سوریا، ڕووسیا-ش بەوە ناسراوە دژی ئیسلامییەکانە. “ئیمارات” پێیوایە ڕووسیا هەژموونی سەرەکی هەیە بەسەر سوریایی بەشار، ئەوەش لەوانەیە وا بکات “ئێران” رۆڵی کەمتر بێت لەوێ. هەروەها ئیمارات خوازیاری بەریەککەوتن نییە لەگەڵ ڕووسیا، بۆیە؛ ئیمارات لە نێوان پشتگیری بەرەی ئێران کە بەشارە لەگەڵ ئیسلامییەکان، ئەوا بەشاری پێباشترە وەک لە ئیسلامی سیاسی.
جگە لە هێزی ڕەق کە “ئیمارات” بەکاریدەهێنێت دژ بە ئیسلامی سیاسی، کە نمونەکانی سەرەوە و چەندان نمونەی تریش سەلمێنەری بەکارهێنانی هێزی ڕقی ئیماراتن بەرامبەر بە ئیسلامی سیاسی، لەپاڵ ئەوەش “هێزی نەرم” بەکاردەهێنێت بۆ ڕێگرتن لە تەشەنەکردنی ئیسلامی سیاسی. “ئیمارات” لە سەردەمی “محمد زاید” لە هەوڵی دروستکردنی ئیسلامێکە، کە نە ئیسلامی ئیخوانی بێت کە تورکیا و قەتەر پشتگیری دەکەن، نە ئیسلامی وەهابی بێت کە سعودیە پشتگیری دەکرد تا پێش هاتنی شازادە محمد سەلمان، ئیماڕات لەسەردەمی “محمد زاید” کار بۆ دروستکردن و بڵاوکردنەوەی نمونەیەکی تری ئیسلام دەکات، کە ئەویش ئیسلامی تەسەوف و میانڕەوە. ئیسلامێک مەترسی نەبێت بۆ سەر دەسەڵاتی سیاسی، کراوە بێت بە ئەندازەیەک کە بگونجێت لەگەڵ کەرتی گەشتوگوزار و بازرگانی ئیماڕات و خەونەکانی محمد زاید. ئیسلامێک دژی ئیخوانەکان و، وەهابییەکان و تووندڕوەکان بێت، بە کورتی هەندێ بەو ئیسلامە دەڵێن؛ ئیسلامی ئەمریکی یان ئیسلامی لیبراڵی، کە دوای ڕووداەکانی ١١ی سێپتەمبەر هەندێ دەزگای فکری و لێکۆڵینەوەی ئەمریکی پشتگیری دەکەن، بۆ ئەو مەبەستە “ئیمارات” چەندین دەزگای لێکوڵینەوە و ڕێکخراو و زانای ئاینی داناوە و پشتگیرییان دەکات بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو فۆڕمە لە ئیسلام و ئارگۆمێنت هێنانەوە، بەوەی ئیسلامی ڕاستەقینە ئەو ئیسلامەیە نەک ئیسلامی سیاسی و جیهادی، ڕێکخراو و دەزگاکانی وەک (گابه) و (مجلس حكماو المسلمین) و (منتدی تعزیز السلم) و (مۆمنون بلا حدود) نمونەی ئەو پڕۆژەیەن، “ئیمارات” لە ٢٠١٧ ئەنجومەنی هێزی نەرم (مجلس القوه الناعمه)ی دامەزراند، کە دەزگایەکی حکومییە و کار دەکات بۆ پیشاندانی لایەنە سەرکەوتوو و جوانەکانی ئیمارات بە جیهان، یەکێ لە ئەرکەکانی بریتییە؛ لە پیشاندانی ئەو فۆرمە لە “ئیسلام” کە ئیمارات پشتگیری دەکات، ئەویش وەک ئیسلامێکی لێبوردە و کراوە و، ڕووحانی و دوور لە تەماحی سیاسی وتوندڕەوی. لە ڕاستیدا ئیسلامەکەی ئیمارات تەواو ئیسلامێکی سیاسییە و بە پێی ویست و فکری “محمد زاید” بەڕێوە دەچێت، خودی بانگەشە بۆ ئەم جۆرە لە ئیسلام پلانێکی سیاسی زیرەکانەیە، چونکە “ئیمارات” وڵاتێکی موسوڵمانە و لە ناوچەیەکی موسوڵمانە، ناکرێت دژی هەموو گروپێکی ئیسلامی بێت، بەوە دەبێتە دەوڵەتێکی دژە ئیسلام، ئەمەش کێشەی گەورە بۆ حکومەتەکەی دروستدەکات. هەر بۆیە فۆرمێکی دیاریکراو لە ئیسلامی هەڵبژاردووە کە لەگەڵ ویست و، ئامانجەکانی دەسەڵاتدارانی ئیماراتدا بگونجێت، بەوەش تۆمەتی کافری و دژە ئیسلام لە خۆی دووردەخاتەوە، بە تایبەت لە ناوخۆ، بە پێی ڕاپرسییەکی دەزگای (Brand Finance)ی بەریتانی لە ٢٠٢٠، ئیمارات پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە وەک بەهێزترین دەوڵەت لە هێزی نەرمدا لە نێو دەوڵەتانی عەرەبی و، ناوچەکەدا و، لە پلەی هەژدەیە لەسەر ئاستی جیهان، بە ناوبانگکردنی شاری “دوبەی” و کردنی بە ناوەندێکی بازرگانی و گەشتیاری لە جیهاندا، یەکێکە لە دەرئەنجامەکانی ئەو بایەخەی ئیمارات کە بە هێزی نەرمی دەدات.
لە پاڵ هێزی ڕەق و نەرم، ئیمارات هێزی تیژ بەکاردەهێنێت دژ بە ئیسلامی سیاسی، هێزی تیژ پشت بە چەواشەکاری و پڕوپاگەندە و دروستکردنی تێگەیشتن و هەقیقەتی نا-ڕاست دەبەستێت، هێزی تیژی “ئیمارات” زیاتر خۆی لە بڵاوکردنەوەی دیاردەی ئیسلامۆفۆبیا دەبینێتەوە. لە وتارێکی گۆڤاری (Foreign policy) لە ساڵی ٢٠١٩ و، لە ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی (Byline time) لە ٢٠٢٠ ئاماژە بەوە دەکرێت کە “ئیمارات” بە ملیۆنان دۆلار خەرج دەکات بۆ ناوەندەکانی توێژینەوە و لۆبی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ ناشرین کردن و فشار دروستکردن لەسەر ئیسلامییەکانی ئەوروپا و رۆژئاوا بە گشتی، هەروەها ئاماژە بەوە دەکەن کە ئیمارات چەندین هاوپەیمانێتی نا-فەرمی هەیە لەگەڵ هێز و حیزبە ڕاستڕوەکانی ڕۆژئاوا، بۆ بڵاوکردنەوەی دیاردەی ئیسلامۆفۆبیا. لە ساڵی ٢٠١٧ وەزیری دەرەوەی ئیمارات لە کونفرانسێکدا بە ئاشکرا دەڵێت؛ ئەوروپا هەڵەیەکی گەورە دەکات کە بە پاساوی مافی مرۆڤ شوێنی ئەو هەموو ئیسلامییە تووندڕەوە دەکاتەوە لە ناو ئەوروپا و، باجەکەی قوورس دەبێت بۆ ئەوروپا. هەروەها ئیمارات لە ڕێگەی ماڵپەڕی چاوی ئەوروپا لەسەر تووندڕەوی (European Eye on Radicalization) کە بە زمانەکانی ئینگلیزی و، فەرەنسی و، ئیسپانی و، عەرەبییە، چەندین توێژەری ڕاستڕەو تیایدا کار دەکەن، ئەم ماڵپەڕە بە گشتی بایەخ بە دیاردەی تووندڕەوی دەدات، بەڵام بەشێکی زۆری نووسین و ڕاپۆرتەکانی لە چوارچێوەی ئیسلامۆفۆبیادایە. جگە لەو نمونانە چەندان نمونەی تریش هەن کە ئەو ترس و دژایەتییە تووندەی ئیمارات بۆ ئیسلامی سیاسی دەسەلمێنن. گرتنە دەستی دەسەڵات لە لایەن “محمدی کوڕی سەلمان” لە سعودیە، سەرکەوتنێکی گەورە بوو بۆ ئیمارات. بە درێژایی مێژوو یەکێ لە ترسەکانی ئیمارات لە سعودیە بریتی بووە لە “ئیسلامی وەهابی”، ئەوەش هۆکارێکی سەرەکی بووە بۆ ململانێی (ئیمارات و سعودیە) لە ڕابردوودا. محمد سەلمان-شازادەی سعودیە هەڵگری فکرێکی وەهابی نییە و تاڕادەیەکی زۆریش دژی وەهابیزمە، زیاتر هەڵگری فکری ئیسلامە بەو فۆڕمەی کە “محمد زاید” هەڵگریەتی. هەر بۆیە “محمد زاید” رۆڵی سەرەکی هەبوو لەوەی کە “محمد سەلمان” ببێتە شازادەی سعودیە و لەسەر ئاستی جیهانیش کارێکی زۆری بۆ کرد کە پشتگیری بکرێت، بۆ نمونە “محمد زاید” توانی پەیوەندییەکی باش دروست بکات لە نێوان (ترەمپ و، شازادە گەنجەکەی سعودیە). هەر بۆیە دەوترێت محمد زاید مامۆستا و شێخی شازادەکەی سعودیەیە و، محمد سەلمان وەک خوێندکارێکی محمد زایدە، لەگەڵ هاتنی “محمد سەلمان”، سعودیە تا ڕادەیەکی زۆر کەوتووەتە ژێر هەژموونی ئیمارات، جاران سعودیە برا گەورەی کەنداو بوو، لە ئێستادا؛ لەسەر ئاستی واقیع “ئیمارات” برا گەورەی کەنداوە نەک سعودیە، چونکە بڕیار بەدەستی یەکەمی سعودیە کە محمد سەلمانە، زۆرێک بە موریدی محمد زایدی دادەنێن، بەڵام ئەگەر هەیە لە ئایندەدا پەیوەندی (ئیمارات و، سعودیە) کێشە و قەیرانی تێبکەوێت، لە ئێستاشدا هەندێ ئاماژەی دەرکەوتووە. ئیمارات و سعودیە مێژوویەکی پڕ لە کێشە و قەیران وشەڕیان هەبووە.
وەک ئاماژەی پێدرا؛ ئیمارات هێزی (ڕەق و، نەرم و، تیژ) بەکاردەهێنێت دژ بە ئیسلامی سیاسی، بە پێی بارودۆخ و شوێن و کات ئەو سێ هێزە بەکاردەهێنێت، لەسەرووی ئەو سێ هێزە، هێزی زیرەک هەیە، کە بریتییە؛ لە هونەری بەکارهێنانی ئەو سێ هێزە، واتە؛ لە چ کات و بارودۆخێکدا گونجاوە هێزی ڕەق بەکاربێت و، لە چ بارودۆخێکدا گونجاوە هێزی نەرم یا” تیژ بەکار بهێنرێت. بۆ نمونە لە ناوخۆ، ئیمارات بە یاسا ئیسلامی سیاسی قەدەغە دەکات و ئەندامانیان دەخاتە زیندانەوە، لە ناوچەکەدا هێزی سەربازی و بەکرێگیراو دەنێرێت بۆ شەڕی ئیسلامی سیاسی، وەک لە (لیبیا و یەمەن) ئەنجامیدا، یان لە ڕێگەی ئامرازەکانی هێزی نەرمەوە، فۆرمی ئیسلامێکی تەسەوفی و میانڕەو بڵاودەکاتەوە و فۆرمەکانی تری ئیسلام، بە ئیسلامی لادەر پیشاندەدات لە ڕێگەی ڕێکخراو و ناوەندی توێژینەوە و زانا ئاینییەکانی خۆیەوە، لە ئەوروپا کە ناتوانێت ئیسلامییەکان بخاتە زیندان یان هێزی سەربازییان بەرامبەر بەکاربهێنێت، لەوێ بە هێزی تیژی و بڵاوکردنەوەی دیاردەی ئیسلامۆفۆبیا دژایەتییان دەکات. ئەمەش لێهاتوویی هێزی زیرەکی ئیمارات پێشاندەدات کە خۆی لە “محمد زاید” دەبینێتەوە.
ماویەتی…
لە بەشی داهاتوو ئاماژە بە پاڵنەرێکی تری سیاسەتی “ئیمارات” دەکەم کە ئەویش ترسە لە ئێران.